چاوپێکەووتنی ناوەندیی میدیایی سولی ئۆن لەگەڵ دەرهێنەری شانۆیی ''هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە''

سولی ئۆن

شانۆیی ”هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە”نوێترین کاری هونەریی (گرووپی شانۆیی تاڤ)ە، لە ئێستادا لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانیی، شەوانە کاتژمێر ٩ نمایش دەکرێت، هەروەها ڕۆژی دووشەممە کۆتاڕۆژی نمایش دەبێت. دەقی شانۆکە لە نووسینی ودی ئالنە و دێرین حامید دەقەکەی وەرگێڕاوە و کاری دراماتۆرگی و دەرهێنانیشی بۆ کردووە، ڕاهۆز کامەرانیش یاریدەدەری دەرهێنەرە و، چەندین هونەرمەندی بەتوانا و دیار بەشداریان لەم کارەدا کردووە، هەروەک؛ میران ئازاد، شێنێ حەیدەر، زەریا سامی، ڕزگار باهیر، شیلان عەبدووڵڵا، کارۆ سەوز و پروشە محەمەد. جێی ئاماژە پێدانە، وەک ناوەندی میدیایی سولی ئۆن، بەوپێیەی سەرنجی سەرەکیی ئێمە تەرخانکراوە بۆ هونەر و کولتوور، چاوپێکەوتنێکی ورد و گرنگمان لەمەڕ شانۆ، کاری دەرهێنان، شانۆیی ”هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە” لەگەڵ دەرهێنەر دێرین حامید ئەنجام دا. بێگومان ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە بەردەوام دەبن و، هەوڵ دەدەین شێوەیەکی نوێ لەبواری میدیایی هونەریی و کولتووریی بونیاد بنێین.

سولی ئۆن: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ مامۆستا دێرین حامید بۆ بەخشینی کاتەکەت بە ئێمە، دەمانەوێت سەرەتا لە پرسیارێکی تایبەتە دەستپێبکەین، وەک دێرین حامید، لەنێو هەموو ئەو دەقە هەمەچەشن و بەردەستانەی بواری شانۆ، بۆچی ئەم دەقەی ودی ئالنتان هەڵبژاردووە و، کاری دەرهێنان و وەرگێڕانیشتان بۆ کردووە؟

دێرین حامید: وەک کەسێکی شانۆکار و دەرهێنەرێکیش، هەمیشە توێژینەوەکان دەخوێننمەوە، دەگەڕێم بەدوایاندا و بەدەستیان دەخەم، هەر بۆیە کارکردنی من لەنێو شانۆدا لە سێ هۆکاریی سەرەکییدا دەردەکەوێت؛ یەکهەم، پرسی چێژبینینە، چێژبینین لە شانۆ، خوێندنەوەی شانۆنامەکان، بینینی شانۆیە، ئەو چێژەی شانۆ بە منی دەبەخشێت، ناتوانم لە هیچ پنتێکی تری نێو هونەر و ئەدەبدا بیدۆزمەوە، هەر بۆیە هەردەم دەمەوێت ئەو چێژە لە ڕێی شانۆە بەدەستبهێنم، دووهەم، هەمیشە دەمەوێت لە بواری تیۆر و نەریتیی شانۆدا لە خوێندنەوەدا بم، بەردەوام لەو بوارەدا دەخوێنمەوە. دەخوێنمەوە تا پەی بەوە بەرم، نووسەرە باشەکان کێن، دەقە باشەکان کامانەن، دەمەوێت ئاگاداریی گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی نێو دونیای شانۆی جیهانیی بم، بزانم لەمڕۆدا چی دەگوزەرێت، مەبەستیشم لەوەی دەمەوێت بزانم لەمڕۆدا چی دەگوزەرێت ئەوە نییە بزانم لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا یان لە ئێستا چی دەگوزەرێت یان چی گوزارەوە، بەڵکوو دەکرێت مەبەستم چەند سەد ساڵێکیش لەمەوبەر بێت، بەوپێیەی شانۆ بەپێچەوانەی هونەرەکانی ترەوە ناتوانین بیخەینە نێو چوارچێوەی مۆدێلەوە، بۆ نموونە موزیک، سینەما، تەنانەت هونەری شێوەکاریش بەجۆرێک لە جۆرەکان مۆدێلێکیان هەیە، لەبەرئەوەی گەلەریی یان کۆمپانییایەکی گەورەی بەرهەمهێنان لەپشتیانەوە بوونی هەیە کە کار لەسەر مۆدێل دەکەن، بەڵام زیندووێتیی شانۆ ئەوەیە کە هەمیشە نوێگەریی تێدا دەبینین. زۆر جار باس لەوە دەکرێت کە لەنێو هونەرەکانی تردا، بۆچی شانۆ هەر ماوەتەوە گەر مانەوەیەکی کزیش بێت کە من پێم وایە بەپێچەوانەوە شانۆ بە بەهێزیی ماوەتەوە، لەبەر ئەوەیە کە شانۆ ئەو هونەرەیە دەتوانێت هەر بەخۆی، خۆی پەروەردە بکات و خۆشی بژیەنێت لە دەرەوەی کۆمپانیا و پرۆدەکشنەکانەوە، هەڵبەت شانۆش هەیە کە کۆمپانیای بەرهەمێنانی لەپشتەوە هەیە. ئەم جۆرە لە سەربەخۆیی بوونە وادەکات شانۆ هەمیشە نوێ بێت، گوزارشت بێ لە هەموو دۆخ و سەردەمەکان.

ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگە ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە؛ هەمیشە من توێژینەوە دەکەم و دەگەڕێم تا بزانم، ئەو تێکستانە کامانەن کە لە ئێستادا کاریان لەسەر دەکرێت، نووسەرەکانیان کێن؟ چۆن ئەم دەقەیان نووسیوە؟ زۆر جار ئەمە ڕوویداوە کاتێک سەرقاڵی خوێندنەوەی شانۆنامەیەک بووم ڕاستەوخۆ بڕیارم داوە کاری لەسەر بکەم، بۆ نموونە دەقگەلێکی وەک؛ پاشا لەسەرە مەرگدای یوژن یونسکۆ، لەنیوەی خوێندنەوەیدا بووم کە بڕیارم دا کاری لەسەر بکەم، هەروەها بۆ زەریا سامیم نارد کە ئەکتەر بوو لە نمایشەکەدا بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە و، سەرنجەکانی لەو بارەیەوە بزانم، هەندێک لەو دەقانە هەر لە سەرەتای خوێندنەوەیاندا، وەک دەرهێنەرێک ئەوەم بەسەردا دەسەپێنن کە دەبێت کاریان لەسەر بکەم، ئەمەش پێوەندیی هەیە بە فۆرمی دەقەکەوە، بە ناوەڕۆک و بابەتی سەرەکیی دەقەکەوە، خاڵێکی یەکجار گرنگیش ئەوەیە کە ئەو دەقە پێوەندیی بە دراماکردن هەیە لە کارێکی شانۆییدا کە ئایا چەندێک ئەم دەقە شانۆیییانەیە و منیش وەک دەرهێنەرێک ئەتوانم تا چ ڕادەیەک شانۆیییانە کاری تێدا بکەم. لەنێو هەموو ئەو دەقانەشدا لەو بڕوایەدا بووم، من وەک دەرهێنەرێک دەبێت پانتایییەکی فراوانتر لە نووسەری دەقەکە داگیر بکەم، من لەو دەرهێنەرانەم کە ناچمە نێو دونیای نووسەرەوە بەڵکوو بەتەواوەتیی تێکست دەهێنمە نێو دونیای خۆمەوە و، بەو جۆرەی لێ دەکەم کە خۆم دەمەوێت و هەر بەو شێوەیەش ئاڕاستەی دەکەم.

خاڵێکی تری بەپێز و گرنگ لێرەدا کە دەبێت ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە کە ئایا چی گرنگە بۆ ئێمە تا کاری لەسەر بکەین؟ بۆ ئەوەی زێدەتر ئەمە ڕوون بێت، من پرۆژەی وەرگێڕانی ٥ تێکستم هەیە، یەکێک لەوانە لە ئێستا پرۆڤەی لەسەر دەکەین و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان نمایش دەکرێت، ئەم کارە بینەر و کۆمەڵگەی کوردیی دەکرێت دوای دە ساڵی تر پەسەندی بکات و پێیان قبووڵ بێت، هەروەها ئەم دەقە بۆ نێو پانتایی هونەر و ڕۆشنبیریی ئێمە، بۆ شانۆکار و خوێندکاران و مامۆستایانی شانۆ، دەقێکی یەکجار گرنگ و بایەخدارە، بەو پێیەی باس لە دەرهێنەرێکی وەک مایرهۆڵد دەکات و لەوێوە ئەمە کراوەتە تێکستێک و، کاری لەسەر دەکرێت. دەبێت ئەوەش بڵێم هەندێک کات بەر چەشنێک لە تێکست دەکەویت لە ڕاستەوخۆ وات لێ دەکات بڵێیت ئەم کارە بۆ کۆمەڵگەکەی من زۆر پێویستە. بۆ نموونە، پێش ئەم کارەم، دوو پرۆژەی ترم لە خەیاڵمدا گەڵاڵە کردبوو، یەک ساڵ بە بەردەوامیی بیرم لەوە دەکردەوە کە کامیان جێبەجێ بکەم، تەنانەت یەکێکیان تیمی شانۆکەشم ئامادە کرد بوو، بەڵام بە سەرنجدا لەو دابڕانەی کە کۆرۆنا لەنێوان بینەر و شانۆ دروستی کردبوو، دابڕانێک بوو کە زۆر کاری دەیوست تا بینەر جارێکی تر ڕووبکاتەوە نێو هۆڵەکانی شانۆ، نابێت ئەوەشم لەبیر بچێت؛ بۆ من و هاوڕێیانم لە تاڤ، بینەر هەرە گرنگترینە، کە کارێک دەکەین بیر لە کۆی گشتیی بینەر دەکەینەوە نەوەک نوخبەیەکی دیاریکراوی ڕۆشنبیریی و هونەریی، هەر بۆیە پێم وابوو دەقی شانۆیی ”هیچ نهێنییەک لە ئارادا نییە” زۆر پێویست بێت بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، دەبێت ئەوەش بڵێم، هەمیشە تێڕوانینێکی کۆمەڵناسیییانەم بۆ شانۆ هەیە، هەر لەوێشەوە تەماشای شانۆ دەکەم، بەو مانایەی ئەم کۆمەڵگەیە پێویستیی بە چی هەیە و، ئەو ئاریشە هەڵاوێردانە چین کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە. هەروەها دونیای ئەم تێکستە و دونیای ودی ئالینیش بۆ من گەلێک سەرنجڕاکێشە، زێدەتر لەمەش ئەم تێکستە بە تەواوەتیی ئەرستۆیییانە نووسراوە، سەرەتا تا کۆتایی ئەڕوات، هەوڵم دا تێڕوانینی ودی ئالن لەنێو سینەما و تێڕوانینی برێشت لەنێو شانۆدا هەردوو ئەمە بهێنمە ناو نمایشەکە و ئەو لەو درامیییە ئەرستۆیییە دەریبهێنم و، بیکەمە شانۆیەک کە زیاتر داستانییە و تێیدا جۆرێک لە تەکنیکی بەنامۆبوون هەیە کە کارم لەسەر کردووە.

سولی ئۆن: ڕاستیییەکەی لەسەرەتاوە یەکێک لە پرسیارانەی کە دەمانویست ئاڕاستەی ئێوەی بکەین ئەوە بوو کە ئایا گرنگیی ئەم دەقە و هەروەها نمایشەکەش بۆ بەستێن و کاتی ئێمە لە ئێستادا چی گرنگیییەکی هەیە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە پێم وایە لەڕێی قسەکانتانەوە وەڵامەکەمان دەست کەوت.

دێرن حامید: زۆر سوپاس بۆ ئێوە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە خاڵێکی تر بدەم؛ لە دوایین دوو کارمدا، ملوانکەی پچڕاو و، ئەم نمایشەی ئێستاش، دەستم بۆ بابەتێک بردووە کە پێم وایە بابەتێکی دژوارە. ئەو کاتەی دەستمان بە ملوانکەی پچڕاو کرد چوار ساڵ لەمەوبەر، کە کارکردن بوو لەسەر بابەتی ماددەی هۆشبەر، خەڵک پێی وا بوو کە ئەم بابەتە چ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە؟ ئایا تا چ ڕادەیەک پێویستە باسی بابەتێکی وەک ئەمە بکرێت کە بۆتە هۆکاری تێکچوونی خێزان و کۆمەڵگە؟ بەڵام لەبەر ئەوەی چەندین توێژینەوەی گرنگم لەسەر ئەم دیاردەیە بە ئەنجام گەیاند بوو، دەمزانی چەند مەترسیییەکی گەورە بەرەو ڕووی ئەم کۆمەڵگەیە بەڕێگاوەیە، بەداخەوە، بەوپێیەی کۆمەڵگەی ئێمە، کۆمەڵگەیەکی سونەتیییە، لەبری دۆزینەوەی چارەسەریییەکی یاسایی، کۆمەڵایەتیی یان تەنانەت ئایینیش، هەوڵی چەپاندن و شاردنەوەی ئەم دیارەدەیە دەدەین و ناتوانین باسی لێوە بکەین، وەلێ من بەپێچەوانەوە هەمیشە ویستوومە باسی ئەم بابەتانە بکەین و بەسەرماندا تێنەپەڕێت، ئەگەر ئەمە ئاگرێکی کەم بێت، من ئەمەوێت بیکەمە کڵپەیەک و هەمووان بیبینن، بۆیە پێم وایە یەکێک لە ئەرکەکانی شانۆ هەر ئەمەیە.

لەم کارەی ئێستاشماندا قسە لەسەر بابەتێکی کۆمەڵایەتیی دەکەین کە ئەمڕۆ نەوەکوو هەر تەنها لەنێو کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵکە لە تەواوی جیهان کێشەیە، لە نیویۆرک بەهەمان شێوەیە و ودی ئالینیش ئەمەی لە مانهاتن نووسیوە. ئێمە ئەمان هێناوە لێرە کاری لەسەر دەکەین و خۆشم کاری دراماتۆرگیم بۆ کردووە، بەو شێوەیەی کە ڕێک چۆن ئەمە گوزارشت لە کۆمەڵگەی ئێمە بکات، لێرەدا قسە لەسەر دیاردەیەک دەکەین کە لەنیو کۆمەڵگەکەماندا هەیە و خۆمان لەوە لادەدەین باسی بکەین، دەبێت ئەوەش بلێم ئەم کارەی ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر لە ناواخنی خۆیدا جۆرێک لە مەترسیی هەڵدەگرێت. هەمیشە بە ئەکتەرەکانم وتووە کە دەکرێت ئەمە زیانیشمان پێ بگەیەنێت، بەوپێیەی لە نمایشەکانی تردا، خەڵکیی دەیانوت ئەم کارە باس لە من دەکات، باس لە خێزانەکەم دەکات، بەڵام بۆ ئەم نمایشە جیاوازە و کەس ناتوانێت وا بڵێت، هەروەها لە ئاستی بینەریشدا، هەرچەندە لەم چەند ڕۆژەدا بینەری باشمان هەبووە، بەڵام کەسانێک هەبوون وتیانە ئێمە ناتوانین لەگەڵ خێزانەکانمان بێین بۆ تەماشاکردنی ئەم نمایشە، ناتوانم ژنەکەم، کچەکەم یان خوشکەکەم بێنم لەبەر ئەوەی بەڕاستی شتێکی زۆر سەختتان هێناوە. هەروەها لە نێو نمایشیشدا بەر ئەمە کەوتم، کەسانێک وتویانە ئێوە بە چ مافێک ئەم شتانە دەڵین، لەکاتێکدا زۆر هونەرییانە و گەر بشتوانم ئەو دەستەواژەیە بەکاربێنم زۆر زانستییانە کارمان لەسەر تێما سەرەکییەکان کردووە و لە فۆرمێکی هونەرییدا باسمان لە دەردێکی کوشندەی نێو ئەم کۆمەڵگەیە کردووە

 

 

سولی ئۆن: وەک دەرهێنەرێک پێشتر کارتان لە چەندین ژانری جیاوازدا کردووە، دەکرێت بپرسین بۆچی ئەمجارە کۆمیدیا؟

دێرین حامید: وەک دەرهێنەرێک کە کارم کردووە هەرگیز بیرم نەکردۆتەوە کە ئەمە کۆمیدیایە یان تراژیدییە. زۆربەی کاتیش لە هەندێک لە نمایشەکانی پێشتووتردا کاتێک لە شوێنێکدا بینەر پێکەنیوە، لام پرسیار بووە کە بۆچی بینەر لەو شوێنەدا پێدەکەنێت، بەوپێیەی لەوێدا ئێمە ئامانجمان پێکەنین نەبووە، بەڵام لە دەرئەنجامی کارەکانی پێشتووتریشەوە گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە نابێت ئەو خۆهەزەلییکردنەی لە شانۆی کوردییدا هەیە ببێتە هۆکاری سەرەکیی بۆ پێکەنینی بینەر کە وای لێ هاتووە ئێستا هاتۆتە ناو دراما و فیلمەکانیشەوە و جۆرێک لە هەزەلیاتی بازاڕیی پێشەکەش دەکرێت کە پێمان وایە ئەبێت خۆت هەزەلیی بکەیت تا خەڵک پێبکەنێت، ئێمە لەناو ئەم کارەش هیچ شتێکمان نەکردووە تا خەڵک پێبکەنێت، ئێمە هەڵوێستێکی ئینسانیی دێنینە ناو نمایشەوە، هەر ئەم هەڵوێستەشە کە وا دەکات پێکەنین دروست بێت، بەڵام ئەوەش هەبووە کە لەنمایشدا شەو هەبووە لە دیمەنێکدا بینەر زۆر پێکەنیوە کەچی شەوی دواتر لەو دیمەنەدا کەس پێنەکەنیوە ئەمەش لەبەرئەوەی ئێمە هیچ شتێکمان نەهێناوە شایەنی پێکەنین بێت. هەندێک کاتیش بینەر دوای تەواوبوونی نمایشەکە لە دەرەوەی هۆڵ پێیان وتین ئێمە لەوێدا پێکەنیوین بەڵام ئێستا ئێمە بیر دەکەینەوە کە بەڕاست ئێمە بۆ پێدەکەنین، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ڕاستە ئەم کارە کۆمیدییە و کۆمیدیای ڕەشە، تەنانەت جۆرێک لە پووچگەراییش لەنێو دەقەکەدا هەیە بەڵام ئێمە نەهاتووین بە واتا باوەکە کۆمیدیا بەرهەم بهێنینەوە، بەڵکە هاتووین ژیانی خێزانێکمان خستۆتە سەر شانۆ، کە ئەم دۆخە وا دەکات هەندێک شەو لە نمایشدا پێکەنین درووست بێت و هەندێک شەوی تر بە پێچەوانەوە، تەنانەت ئەوکاتەی کە دەقەکەم وەردەگێڕا بڕوا ناکەیت کە چەندە پێکەنیوم، ئەمەش لەبەر ئەوەی لەڕووی دراماتۆرگیی و ڕەهەندەکانی ترەوە ئاگادار بووم و دەمزانی ئەمە چۆن کار دەکات، بەڵام لە کاتی نمایشدا بینەر هیچ بەمانە پێنەکەنیوە، یاخوود لەو دیمەنانەی کە بینەر پێدەکەنێت هەرگیز منی نەخستۆتە پێکەنین. بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم هەرگیز کۆمیدیاییبوونی دەقەکە پاڵنەری سەرەکیی نەبووە بۆ هەڵبژاردنی، تەنانەت ڕوانگەی ودی ئالینیش بەو جۆرەیە کە ئێمە ناتوانین بڵێین ئەمە کۆمیدیایە، بۆ نموونە داریفۆ یان مۆلەر دەخوێنیتەوە یان نووسەرە گەورەکانی تر تێدەگەیت دەکرێت شتی سەیروسەمەرە و زیاد لە پێویست بکەیت بۆ ئەوەی بینەر پێبکەنێت، بەڵام ودی ئالن بە پێچەوانەوە، هیچ ناکات و تۆش پێئەکەنیت، ڕێک سەختیی کارەکەش هەر لێرەدایە.

سولی ئۆن: لەکۆتاییدا ئەگەر بکرێت پێمان بڵێیت، ئامانج و مەبەستی سەرەکیی ئێوە لە نمایشکردنی ئەم کارکردنە هونەرییە، خۆی لە چیدا دەبینێتەوە؟

دێرین حامید: من و هاوڕێکانم لە تاڤ، هەمیشە پێمان وابووە شانۆ پێویستیییەکی کۆمەڵایەتیی گرنگە بۆ هەر مرۆڤێک، هەروەک چۆن سینەما و دراما ئەڕواتە نێو هەموو ماڵێکەوە، ئاواش هەموو ماڵێک بێن بۆ شانۆ، هەر بەم تێڕوانینەوە کارمان کردووە. هەموو کات بڕوامان بەوە هەبووە کارە مەزنەکان وا نمایش بکەین هەروەک چۆن هونەرمەندێک دەتوانێت بە ئاستی هونەرییەوە لێی تێبگات، ئاواش بینەرێکی ئاسایی بە تێگەیشتنی خۆیەوە، بەر کارەکە بکەوێت و هەمان تێگەیشتنی هەبێت، دووبارەی دەکەمەوە کە ئامانجی ئەم کارەی ئێمە ئەوەیە چۆن سینەما و دراما دەچنە هەموو ماڵێکەوە، ئاواش هەموو ماڵێک بێن بۆ شانۆ و چێژی لێ ببینن. جێی ئاماژە پێدانە کە ڕاستە لە دەرەوەی ئێمەش کەسانێک بەو ئاڕاستەیە کار دەکەن بەڵام بەخۆشحاڵییەوە بەتایبەت لە سلێمانیی لەم چوارساڵەی دامەزراندنی تاڤدا توانیومانە دۆخێک دروست بکەین کە بینەر چێژ لە شانۆ وەربگرن و ڕوو لە هۆڵەکانی شانۆ بکەن.

سولی ئۆن: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت و بەهیوای بەردەوامیی.

 

 

Leave a comment