دانا ڕەئووف
دەستپێک
تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر شانۆ کراون و ئەو گفتوگۆیانەی بە درێژایی مێژوو باسیان لە شانۆ کردووە، ڕەوتێکی ئەدەبی لەخۆ گرتووە. لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ فەلسەفییەکان سەبارەت بە شانۆ، بۆ نموونە لای (ئەریستۆ، گۆتە، لسینگ، دیدرۆ)… هتد تایبەت بووە بە تەکنیک و هونەری دراما، کارەکتەر، ڕووداو و ستراکتوری پێوەدانگە درامییەکان و دراماتۆرگی. ئەم تێڕوانینە بۆ شانۆ و ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەم کولتوورە دەوڵەمەندەی شانۆی ئەوروپی، تا ئێستایش لە چەقی ناوەندگییری و تێڕوانینی شانۆکاران و شانۆ و ڕێپۆرتواری ساڵانەی شانۆکاندایە. بەڵام، ئەم ستراکتورە بەهێزەی شانۆ، لە سەرەتای شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، دووچاری تەوژمێکی تری شانۆ، پۆست دراما و شانۆی پۆست مۆدێرنیزم بۆتەوە، بەمەیش فۆرم و شێوازێکی تریان بە شانۆ بەخشیووە.
لەگەڵ ئەوەیشدا شانۆی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنیزم، ڕەگ و ریشەیەکی دێرینی هەیە و بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕەگ و ریشەیە، ناکرێت لە ستراکتور و بنەما هونەری، هزری و ئێستاتیکییەکانی بگەیت. هەموو سەدە و سەردەمێکیش لە ڕووی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، هونەری، ئاکاری، سیاسی و سیکۆلۆژییەوە، کاریگەرییان لەسەر فۆرمەلەکردنی چەمکەکانی مۆدێرنیزم و پۆست مۆدێرنیزم هەبووە. هەر بۆ نموونە له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كانه‌وه لەژێر کاریگەرێتی ئەم گۆرانکاریانەوە، ته‌وژمێكی جیاوازی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بڵاو دەبێتەوە.
جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی له‌ڕووی بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بازرگانی، هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه، بواره‌كانی زانیاری و ته‌كنیكه‌وه بەرپا کرد، ئەم گۆڕانکارییانەیش هەل و مەرجەکانی دونیایان بە تەواوی گۆڕی. دیارە ئه‌ده‌ب و هونەریش بەدەر نەبوون لەم گۆڕانكاریانە و چەندان دەرگایان بە ڕوودا کراوەتەوە، هەروەها بوارەکانی زانستە مرۆییەکانیش هەنگاوی گەورەیان ناوە. نابێت ئەویشمان لەبیر بچێت، کە کاریگەرێتی لێكۆڵینه‌وه ده‌روونیه‌كانی پزیشكی ده‌روونی سیگمۆن فرۆید ١٨٥٦-١٩٣٩ له بواره‌كانی نەست و به‌هاكانی خه‌وندا به‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ره‌وه، بە تایبەتیش لەم قۆناخەدا زۆر گرینگ بوون.
سرووشت و سەرچاوەکانی ئەدەب
به‌ر له‌م قۆناغه و له‌كاتی گه‌شه‌كردنی رۆمانتیكیه‌تدا سرووشت بۆ نووسەر و هونەرمەندان و دۆزینەوەی ئامڕازی نوێ و ڕێگا کردنەوە بۆ دیاردەیەکی تازە لە ئەدەب و هونەردا، ببووە سەرچاوەی سرووش – ئیلهام-. لەم ڕەوشەیشدا رۆمانتیکییەکان ئەوەیان دووپات ده‌كرده‌وه، كه ژیانی رۆژانه‌مان له خه‌ونه‌كانماندا جوانتر ده‌رده‌كه‌ون وه‌ک له‌ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا، ئەمەیش لە بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندەکانی سەر بەم ڕێبازەدا بە ڕوونی دەردەکەون. ئه‌م دیده هونەری و لە هەمان کاتدا فه‌لسه‌فییه‌ی رۆمانتیکییەکان بووه بنه‌مایه‌كی فیكری گه‌وره بۆ بیروبۆچوونه‌كانی کەسێکی دەروونناسی وەک (فرۆید)، هه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌شه‌وه سیمبۆلیزم و سوریالیه‌كان هێدی هێدی له‌فه‌ره‌نسا ده‌ركه‌وتن، بێگومان ته‌وژمی هونه‌رمه‌نده‌كانی سه‌ر به ڕێبازی دەربڕینخوازی (ئێكسپرێشیونیزم)یش دەرکەوتەیەکی گرینگی
تری ئه‌م قۆناغەیە.
سەرهەڵدانی درامایەکی مۆدێرن
هەر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٠٠)ه‌كاندا درامایه‌كی مۆدێرن سه‌رهەڵ دەدات؛ له ناتورالیزمه‌وه بۆ ڕیالیزم و دواتریش سیمبۆلیزم. رێبازی ریالیزم و سیمبۆلیزم له‌شانۆنامه‌كانی (هێنریک ئیپسن) ١٨٢٨-١٩٠٦ و (ئاگۆست ستریندبێرگ) ١٨٤٩-١٩١٢ دا گرینگ‌ترین دیارده‌كانی ئه‌و ته‌وژمه مۆدێرنه‌یه. ئه‌م دوو شانۆنامه‌نووسه هه‌ردووكیان له‌باكوری ئه‌وروپاوه، نه‌رویژ و سوێد، ده‌ركه‌وتن و كاریگه‌رییان به‌سه‌ر تێكڕای درامایه‌كی مۆدێرنی ئه‌وروپیه‌وه دەبێت. به‌ڵام ته‌وژمه سیمبۆلیزمه‌كه و ڕێبازی سیمبۆلیزم له‌ناوجه‌رگه‌ی ئه‌وروپاوه، لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٨٠ وە تا سەرەتا و ناوەڕاستی دەیەی ١٨٩٠، لە پاریس ده‌ركه‌وت. نووسه‌ری گه‌وره‌ی به‌لچیكی مۆریس مەتەرلینگ ١٨٢٩-١٩٤٩ بە هێماگەل و وێنە و ئاماژە و بێدەنگی، دەقەکانی ڕۆدەنێت و دەبێت بە گرینگ‌ترین دەنگ و ناوی دراما و دەستپێکی شانۆیه‌كی سیمبۆلی. بەرهەمەکانی ئه‌م نووسه‌ره له‌فه‌ره‌نساوه، وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی گرینگی رۆشنبیری ئەودەمە، زۆر به‌خێرایی بڵاو بووه و كاریگه‌رییه‌كانیشی بووه سه‌ره‌تایه‌كی پتەوی شانۆیه‌كی سیمبۆلیزم له‌ئه‌وروپادا. شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە، بۆ نموونە (کوێرەکان) و (پێلیس و مێلاندە)… هتد دەبنە کەرەسەیەکی دەوڵەمەندی تەوژمە سیمبۆلیزمەکانی فەرەنسا و دواتریش شانۆکارانی وەک ستانێسلاڤسکی و مایرهۆڵد لە ڕووسیا. مەتەرلینگ تەکنیک و شانۆی بووکەڵە زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت، لەم شانۆیەدا هێما ڕۆڵ دەبینێت و لە تەوژمەکانی واقیعیەت و سرووشتگەرایی دوورە و هەر لە فۆرمەکانی شانۆی بووکەڵەوە چەمکە سیمبۆلیزمەکانی خۆی دەدۆزێتەوە. شانۆی سیمبۆلیزم توانی یەکەم هەوڵە ئەزموونگەر و ناتەباکانی کولتوورێکی نوێی شانۆیی لە ئەوروپادا دا دابمەزرێنێت، شانۆکارە سیمبۆلیزمەکان دەیانوویست، سەرلەنوێ شانۆ لە فۆرمێکی تردا دروست بکەنەوە و لە هەمان کاتدا بە ئاڕاستەیەکی تر و جیاوازیشدا بیبەن. سیمبۆلیزمەکان خوازیار بوون بنەما سەرەتاییەکانی شانۆی نەریتگەرای ئەوروپی، بە تایبەتیش لە ڕووی هونەری نواندن، ستراکتوری شانۆ و بنەماکانی دیالۆگی شانۆنامەکانەوە، بگۆڕن.
شانۆی ڕووسی و سەرەتاکانی مۆدێرنیزمە
شانۆی ڕووسی لە هەردوو ڕووی دراما و دید و تەکنیک و بنەماکانی هونەری شانۆوە، ڕۆڵێکی گرینگ‌یان لە بەرەوپێشەوەچوونی چەمک و فەلسەفەی مۆدێرنیزمە و پۆست مۆدێرنیزم‌دا دیووە، بۆ نموونە ڤلادیمیر مایکۆڤسکی١٨٩٣-١٩٣٠ بە دەقە ئەڤانگارد و بۆچوونە ڕادیکاڵەکانی، یاریدەدەرێکی گەورەی مایرهۆڵد دەبێت و ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت. یه‌كێك له‌ده‌نگه هه‌ره گرینگه‌كانی تری مۆدێرنیزم له‌شانۆ و درامای ڕووسیدا، ئه‌نتوان چێخەف ١٨٦٠-١٩٠٤ە. هەرچەندە دەقەکانی چێخەف بەدواچوونێکی قووڵ و ڕیالیزمیانە بۆ ژیانی مرۆڤ دەکات، بەڵام سیمایەکی سیمبۆلیزمیان پێوە دیارە و هەروەک مەتەرلینگ بە قووڵی لە ئەنجامەکانی هێماگەل دەگات و لەنێو ستراکتورە ڕیالیزمەکەیدا بەرجەستەیان دەکات. مایرهۆڵد ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ڕۆژئاوا لە چێخەف-ەوە فێری دراما نووسین دەبن. چێخەف به‌وپه‌ڕی رێز و ستایشتەوە ده‌یڕوانییه ئیپسن؛ شانۆنامه‌ی (نەورەس)یش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان كاریگه‌ری چەمکە سیمبۆلیزمەکانی ئیپسنی پێوه دیاره، به‌تایبه‌تیش له‌به‌كارهێنانی سمبۆلی (باڵنده)دا. باڵندە، له شانۆنامه‌ی (مراوی كێوی) ئیپسن-دا، وەکوو سیمبۆلێكی گرینگ دەردەکەوێت؛ چ کارەکتەرێکی شانۆنامەکە هێمای مراوییەکی کێوییە و مراوی کێوی دەبێتە چ هێماگەلێکی شانۆنامەکە؟ ئەمە و کۆمەڵێک پرسیاری تر، کە ئیپسن وەڵامیان ناداتەوە و بۆ بینەرانیان بەجێ دەهێڵێت.
شانۆی رووسی له‌م قۆناغه‌دا گۆڕانكاری گرینگ و هه‌نگاوی بەرچاوی، له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاسته‌كه، دراما و هونه‌ری شانۆ، زۆر به‌خێرایی ده‌نا. چێخەف به دەقەکانی و ناوه‌ندێكی گرینگیش بۆ نوێكردنه‌وه‌ی شانۆ، له‌شانۆی هونه‌ری مۆسكۆدا خۆی بینییەوە. بێگومان هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی وه‌ك كۆنستانتین ستانیسلاڤسكی ١٨٦٣-١٩٣٨ رۆڵێكی گەورە و فراوانی له‌م بواره‌دا هه‌بوو، ستانیسلاڤسكی هه‌موو رێگاكان تاقی ده‌كاته‌وه: سه‌ره‌تا ناتورالیزم، ریالیزم و دوای ئه‌وه‌یش له‌ده‌روازه‌ی شانۆنامهكانی ئیپسن و مەتەرلینگ-ەوە رووده‌كاته شانۆیه‌كی سیمبۆلیزم. ستانیسلاڤسكی دواتر زیاتر له‌ڕوانگه‌ی شانۆنامهكانی چێخەف-ەوە بره‌و به سیستێم و ڕێبازه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، به‌ڵام ستانیسلاڤسکی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به سیستێمەکەی، سەبارەت بە (پێگه‌یاندنی ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندن) ناسرا، وه‌ک له ئه‌كته‌ر و ریژیسۆر. ستانیسلاڤسکی تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە شانۆی هونەریی مۆسکۆ برەو بە کار و پرۆژەکانی دەدات و هاوکارییەکی زۆری مایرهۆڵدیش لە شانۆی-ستۆدیۆ دەکات.
شانۆی ئێکسپرێشونیزم
سەرهەڵدانی شانۆیه‌كی دەربڕینخوازی (ئێكسپرێشیونیزم) له‌شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا، ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی گرینگی چەمک و شێوازەکانی مۆدێرنیزم لە شانۆ دا. ستریندبێرگ به‌شانۆنامه ئێكسپرێشیونیزمەکانی، وەکوو (خەونەنمایشێک) و (به‌ره‌و دیمه‌شق) هاوکات شانۆنامهكانی (ژوورەنمایش) بە تایبەتیش (کەڵک و سۆناتای تارمایی) قۆناغێكی گرینگی ئه‌م بواره ده‌برێت و دەروازەیەکی بەرین بە ڕووی ڕەووتی شانۆی ئەوروپیدا دەکاتەوە. ئه‌م ته‌وژمه‌یش هه‌وڵیدا له ڕوانگه‌ی دراماوه گوزارشت لەسەر هەموو ئاستەکان، بەتایبەتیش له لایه‌نه شاراوە و قووڵه‌كانی ژیانی مرۆڤەوە بكات. ئه‌مه‌یش له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌وژمێكی ڕاسته‌وخۆی بەهێزی دژ به ڕێبازی سرووشتگەرایی و ناتورالیزم بوو، هەروەها سەرەتایەکی گرینگیش بوو بۆ شانۆیەکی مۆدێرن و جیاواز.
بە پێچەوانەوە ناتورالیزم یان سرووشتگەرایی، کە له ته‌قه‌لای خستنه‌ڕووی رووكاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ژیاندا بوو، به‌ڵام ئێكسپرێشیونیزم (ده‌ربڕینخوازی) له‌ته‌قه‌لای به‌رجه‌سته‌كردنی لایه‌نه نادیاره‌كانی ژیان و نەستی مرۆڤدا بوو. هه‌ر له‌م رووه‌وه، بۆ نموونه هونه‌ری سینۆگرافیا و رۆڵی ریژیسۆر و داڕشتە و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی وێنه‌یی بووه چه‌مكه‌كانی ئه‌م شانۆیه و له هه‌مان کاتدا دابڕانێكی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ سرووشتگەرایی و ریالیزمدا دروست كرد. شانۆی ئێکسپرێشیونیزم زۆر به‌خێرایی به هه‌موو جیهاندا بڵاوبووه‌وه، جگه له ستریندبێرگ، نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكی ئۆژین ئۆنێل ١٨٨٨-١٩٥٣ لەم بوارەدا رۆڵێکی گرینگ و له بەرچاویان هه‌بووە، بۆ نموونە شانۆنامەی (غۆرێلا، یان مەیموونە تووکنەکە) و (ئیمپراتۆر جۆنز)یش نموونەیەکی بەرزی شانۆیەکی ئێکسپرێشیونیزمی ئۆنێل و شانۆی ئەمەریکیشە. ئۆنێل بەم دەقانەیی و هەندێک لە دەقە شانۆییەکانی تری، وەک (پرسە شایەنی ئێلێکترایە) و (لەودیو ئاسۆوە) توانی لە ڕیالیزم و ڕیالیزمی سیمبۆلیزمەوە بپەڕێتەوە بۆ شانۆیەکی بەرزی پڕ لە هێما و ئێکسپرێشیونیزمێکی باڵا بخوڵقێنێت. هەرچەندە ئۆنێل کەوتبووە ژێر کاریگەرییەکی بەهێزی ستریندبێرگ-ەوە، بەڵام توانی هەروەک ستریندبێرگ ببێتە شانۆنامەنووسێکی گەورە، کە چ لە بواری ڕێبازی ڕیالیزم و چ لە بواری شانۆیەکی ئێکسپرێشونیزمدا جێگای خۆی لە سەر نەخشەی شانۆی جیهانیدا بکاتەوە.
ئەنجامەکانی جەنگی جیهانی دووەم
شۆڕشی ئێكسپرێشیونیزم له‌شانۆدا، سه‌ره‌تایه‌كی پته‌و بوو بۆ تەوژمه ئه‌زموونگه‌ری و دواتریش ئەدەبی ئه‌پسوردیزمی په‌نجاكانی سەدەی رابردوو. دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م رێبازی ئه‌پسۆردیزم له‌هه‌موو ته‌وژمه‌كانی تر زیاتر ده‌ركه‌وت؛ كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌ساڵی ١٩٥٣دا شانۆنامه‌ی (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) نەمایش کرا، زایه‌ڵه‌ی زه‌نگی رێبازێكی نوێ، شێوازێكی جیاواز و فۆرم و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تری مۆدێرنیزم ده‌نگی دایه‌وه. بێگومان نووسه‌ری ئێرله‌ندی (سامۆیل بێكێت) ١٩٠٦-١٩٨٩ پێشڕه‌وی ئه‌و قۆناغه نوێیه‌ی دراما و شانۆیه‌كی مۆدێرنی جیهانی بوو. بێكێت ڕێگای بۆ كۆمه‌ڵێک شانۆنامه‌نووسی تری نه‌وه‌كه‌ی خۆی، له‌وانه‌یش (یوژین یونێسكۆ) ١٩٠٩-١٩٩٤خۆشکرد، یونێسكۆ به‌شانۆنامه‌ی (كورسیه‌كان) كه له‌ساڵی ١٩٥٦دا بۆ یه‌كه‌مجار نەمایش کرا، مه‌ودایه‌كی گه‌وره‌تر و به‌ره‌وامییه‌كی پته‌وی به بزووتنه‌وه‌ی شانۆی ئه‌بسۆرد به‌خشی. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه چ له‌لای بێکێت له (به‌ده‌م چاوه‌ڕوانی گۆدۆوه) و چ له‌لای یۆنێسكۆ له (كورسیه‌كان)دا، بێگومان دەقەکانی تریشیان، زمان به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه و ئه‌و زمانه لۆژیكییه‌ی شانۆی ریالیزم کاری لەسەر دەکرد، به ته‌واوی تێك ده‌شكێنرێت. له‌بری ئه‌وه زمانێكی جیاواز: وشه‌ی پچڕ پچڕ، ڕسته‌ی ناته‌واو، ده‌سته‌واژه‌ی كورت، بێدەنگی، دووبارەبوونەوە … هتد ده‌بێته به‌شێك له تەکنیک و بنەما هزرییەکانی ئه‌م نووسه‌رانه. بێجگە لە یونێسکۆ، ژان ژینییە ١٩١٠-١٩٨٦ و ئارتور ئەدامۆڤ ١٩٠٨- ١٩٧٠ دوو نووسەری تری گرینگی ئەم بوارەن. دابڕانی مرۆڤ، ته‌نهایی، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ و بێ هیوایی، نامۆبوون لە خۆ و له خێزان و كۆمه‌ڵگە، ده‌بن بە بەشێک لە بنه‌ما هزری و فه‌لسه‌فیه‌كانی ئه‌م نووسه‌رانه.
مایرهۆڵد وێستگەیەکی گرینگی مۆدێزنیزم
هه‌ر له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كاندا بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆی مۆدێرن، به‌تایبه‌تی دوای ته‌قه‌لا زۆر ناتورالیزمیه‌كانی شانۆی سه‌ربه‌ست و ئه‌ندریه ئه‌نتوان له پاریس، ده‌ركه‌وت. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌یش گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وامیه‌كی ڕاسته‌وخۆی شانۆی هونه‌ری مۆسكۆ بوو. هه‌ر له بیسته‌كاندا ریژیسۆرێكی گه‌وره‌ی وه‌ك (ڤیسیڤۆڵد مایرهۆڵد) ١٨٧٤-١٩٤٢ ده‌ركه‌وت، ئه‌م هونه‌رمه‌نده تەکنیکی بیۆمیكانیکی بۆ مەشق و ڕاهێنانی ئەکتەر داهێنا و هه‌وڵیدا بگه‌ڕێته‌وه بۆ سەر بنه‌ما گەوهەری و سه‌ره‌تاییه‌كانی شانۆی گرێکی کۆن، شانۆی رۆژهه‌ڵاتی بە تایبەتیش شانۆی چین و ژاپۆن، هونەری پانتۆمایم، کۆمێدیای دیلارتی، شانۆی منداڵان… هتد. هەر لەم ڕووەوە بنه‌ما ئێستاتیكیه‌كان، بۆ خوڵقاندنی شانۆیەکی نوێ و جیاواز، تووخمێكی گرینگی مێتودی كاره‌كانی مایرهۆڵد بوو. مایرهۆڵد ئەوەی بە تیۆر و پراکتیک دووپات دەکردەوە، کە سرووشتگەراییەکان و ڕێبازە ڕیالیزمییەکەی شانۆی هونەریی مۆسکۆ بنەما گەوهەریی و سەرەکییەکانی شانۆیان لەبار بردووە و شانۆیان لە ڕووی تەکنیکی ریژی و نواندنەوە بەرەو ڕێگایەکی داخراو بردوە. ئه‌م فۆرم و شێوازی كاركردنه‌ی مایرهۆڵد، کە بێگومان ناچێتە چوارچێوەی ڕیالیزمی سۆشیالیزمەوە، نابێته جێگای سه‌رنجی رووسیای ستالین، بۆیه ده‌گیرێت و زۆر به‌ئاسانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه دورده‌خرێته‌وه و دواتریش تیرۆر ده‌كرێت.
مۆدێرنیزمی ئەڵمانی
له ئه‌ڵمانیا (ماکس ڕاینهارت) ١٨٧٣-١٩٤٣ و (ئێرڤین بیسكاتۆر) ١٨٩٣-١٩٦٦ درێژه‌یان به ڕێبازه‌كه‌ی مایرهۆڵددا، به‌ڵام شانۆكه‌ی بیسكاتۆر دواتر رێچكه‌یه‌كی تری وه‌رگرت و بووه شانۆیه‌كی ڕامیاری و مه‌به‌ستی بوو، كه له‌ڕێگای چەمک و فۆرمەکانی شانۆی دۆکیومێنتاریی و تۆمارییه‌وه هانی چینی پرۆلیتاریا بدات تا شۆڕش هه‌ڵگیرسێنن. بیسکاتۆر تەکنیکی سینەمای هێنایە ناو شانۆوە و هەوڵی ئەوەی دەدا، سەر تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران پێکەوە ببەستێتەوە و ڕۆڵێکی تر ببەخشێت بە شانۆ. بیسكاتۆر له‌سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی (١٩٣٠)دا و له‌ڕێگای سویسراوه ئه‌ڵمانیا به‌جێ ده‌هێڵێت و دواجار له تاراوگەی ئه‌مریكا ده‌گیرسێته‌وه. ڕاینهارت-یش ڕۆڵێکی گەورەی لە داهێنان و گەشەکردنی تەکنیک و ئامڕازە شانۆیی و کردەییەکانی هونەری شانۆ و تەکنیکی تەختەی شانۆدا گێڕاوە، بۆ نموونە داهێنانی تەختەیەکی شانۆی بزۆز، کە لە کاتی پێویستدا و بۆ گۆڕینی دیمەنەکان خولاوەتەوە. له‌م زنجیره گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تیانه‌ی شانۆی هاوچه‌رخدا یان مۆدێرندا، (برتۆڵد برێشت) ١٨٩٨-١٩٥٦ ده‌بێته به‌شێكی زۆر گرینگ و کاریگەر؛ برێشت توانی له‌ڕێگای شانۆ داستانی و فێرگه‌ییه‌كه‌یه‌وه هه‌ناسه‌یه‌كی نوێ ببه‌خشێته هونەری شانۆ. هه‌رچه‌نده ڕه‌گ و ڕیشه‌ی شانۆی داستان یان ته‌كنیک و فه‌لسه‌فه شانۆییه‌كه‌ی برێشت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مایرهۆڵد و دوای ئه‌وه به‌رده‌وامیه‌كی ڕاسته‌وخۆی بیسكاتۆر. به‌ڵام برێشت داهێنه‌ری یه‌كێك له گرینگ‌ترین تەکنیک و چه‌مكه‌كانی شانۆی هاوچه‌رخه، کە بە (نامۆبوون) ئاماژەی بۆ دەکرێت و شانۆی داستانی برێشتی لە چەمک و بنەماکانی شانۆی ئەریستۆ جیا دەکاتەوە، ئه‌م چه‌مكه ئێستێتیکیەیش تێگه‌یشتنی هاوكێشه و پرۆسه شانۆییه‌كانی به ته‌واوی گۆڕی. برێشت بۆ پراکتیزەکردنی رێبازه شانۆییه‌كه‌ی خۆی كۆمه‌ڵێک دەق و شانۆنامه‌ی ناوازە و زۆر گرینگیش دەنووسێت، له‌وانه: ئۆپێرای دوانزە قو‌رشی، دایكه ئازا و منداڵه‌كانی، بنه‌ما و ده‌ره‌كی، مرۆڤی پاک، پۆنتێلا و ماتی، بازنەی تەباشیری قەوقاز، ژیانی گالیلای… هتد. پیته‌ر بروک له‌كتێبی (پانتایی بۆش)دا گرینگییه‌كی زۆری به برێشت داوە و به كلیلی شانۆی هاوچه‌رخی داده‌نێت. هه‌روه‌ها بروك ئاماژه بۆ ئەوەیش ده‌كات، كه زۆر گرانه بۆ هه‌ر یه‌كێک به‌ڕاستی له بواری شانۆدا كارده‌كات، ئاوڕ له برێشت نه‌داته‌وه. بروک دەیەوێت کلیلی مۆدێرنیزمەی شانۆی هاوچەرخی جیهانی ببەخشێت بە برێشت و لە تەکنیکی نامۆبوونەوە چەمکی شانۆیەکی مۆدێرن بۆ شانۆی جیهانی دەستەبەر بکات.
کۆمەڵگەیەکی گلوبالیزم و شانۆیەکی پۆست مۆدێرنیزم
ئه‌مڕۆ واقعیی مرۆڤی هاوچه‌رخ یان مرۆڤی ئه‌م سەردەمە پۆست مۆدێرنیزمە، شان به‌شانی گلوبالیزم و گۆڕانكارییه خێراكانی تری جیهان، رووبه‌ڕووی جۆرێكی جیاوازی هونه‌ر و شانۆ بۆته‌وه. شانۆیش له گێژاوی ئه‌م گۆڕانكاریە خێرایانه‌دا، به‌هه‌مان شێوه هه‌نگاوی خێرای ناوه؛ له(ئهڤانتگهرتهوه) بۆ (پۆست مۆدانیزم) و له‌وێشه‌وه بۆ فۆرم و شێوازەکانی (پێرڤۆرمێنس).
مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌بێ هیچ گیروگرفتێک له‌نێوان ئاكار و ترادیشونه ته‌قلیدییەکان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئاكارانه‌دا هاتووچۆ ده‌كات. ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردنیشه ئه‌وه‌یه، كه له‌م پرۆسه‌یه‌دا دید و ناوه‌رۆكی شته‌كان، یاخود ده‌قه‌كان، ئاستی نەمایشه‌كان دیاری ناكات، به‌ڵكو خودی نەمایشه‌كان گه‌مه‌ی پرۆسه‌كه ده‌خاته‌گه‌ڕ. شانۆی پۆست مۆدێرنیزم یەکێک لە بنەما گرینگەکانی داب و نەریتە قووڵ و دێرینەکەی شانۆی ڕۆژئاوای تێک شکاندووە؛ بۆ نموونە، کە لە ڕێگای وەهمەوە ڕاستییەکانمان سەبارەت بە واقیع و ڕەوشی مرۆڤ و کۆمەڵگە بۆ بەرجەستە دەکرا، بە تەواوی بوونی نەماوە. دەقە شانۆییه‌كان له پرۆسه پۆست مۆدێرنیزمەکاندا هه‌ڵده‌وه‌شێنرێن و سه‌رله‌نوێ له بوونیادی نەمایشه‌كاندا، بە شێوەیەکی تر ڕۆ ده‌نرێته‌وه و گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه زه‌مه‌نێكی خه‌ونه‌ئامێز له‌خۆ ده‌گرێت. هاوکات ئەو پەیوەندییە بەهێز و قووڵەی لەنێوان دەق/ئەکتەر/کارەکتەر دا هەیە و بنەمایەکی گرینگی پرۆسەی نەمایش و کاری شانۆیە، لای شانۆیەکی پۆست مۆدێرنیزم، ئەو بەها بەرجەستەکارییەی نامێنێت. چی تر کاری ئەکتەر بەرجەستەکردنی ڕۆڵ و کارەکتەرەکەی نییە، بەڵکو لە بری ئەوە ئەکتەر/ڕۆڵ/کارەکتەر دەبێتە بەشێک لەو دیدە هەمە لایەن و وێنە جیاواز و خوێندنەوەیەی دەق، کە لەم ڕەوشەدا تێک شکێنراوە و بوون بە بەشێکی بچووک لە وێنە گشتگرە گەورەکە. دەق ڕێگا لۆژیکییەکەی خۆی لە خوێندنەوە و بەرجەستە کردندا ناگرێت، بەڵکو دەبێت بە بەشێکی، هەندێک جار مینیاتری لە میکانیزمی نەمایشەکەدا. زۆر جار پێناسەی ئەکتەر لە شانۆی پۆست مۆدێرنیزم دا، بەوە دەکرێت، کە لە پاڵ ڕۆڵەکەی دا، خۆیشی وەک ئەکتەر/مرۆڤ ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە. ئەکتەر مامەڵە لەگەڵ ڕۆڵەکەی (کارەکتەر) بە هەمان شێوەی شانۆی نەریتگەرا ناکات و هەمیشە بوارێک لەنێوان خۆیی و ڕۆڵەکەیدا هەیە. بەم شێوەیە ڕۆڵەکە بەردەوام بە تەنیشت ئەکتەرەکەوەیە، ئەکتەر و کارەکتەرەکە لە هێڵێکی تەریبی و لە دیدی ریژیسۆر و بنەما ئێستاتیکییەکەی نەمایشەکەدا، درێژ دەبێتەوە. خاڵێکی تری گرینگ، کە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە کە نەستی تاک و کۆ، لە نەمایشە شانۆییە پۆست مۆدێرنیزمەکان دا، دەچێتە نێو پانتاییەکانی هەستەوە، بەمەیش خۆمان دەبینە وێنەیەک، یان بەشێک لە فیگور و کارەکتەرەکان. بێگومان زمانی جەستە لە شانۆی پۆست مۆدێرنیزم دا زاڵە، ئەم زمانە جەستەییە گوزارشت لە هیچ شتێکی شاراوە، یان نەستی ناوەوەمان ناکات، بەڵکو بەشێکە لە زمانە شانۆییە بینراوەکەی، لەو ساتەدا لەسەر شانۆ و لە پرۆسە هونەرییەکەدا پیشان دەدرێت. تەکنیکە باڵاکانی شانۆی هاوچەرخ و مۆدێرنیش، جۆرە مەودا و جیاوازییەک لەنێوان ڕواڵەت و قووڵیدا دروست دەکات.
ئه‌وه‌ی پۆست مۆدانیزمه‌كان لە شانۆدا باسی ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تاكه‌ی به‌شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دید و بیروبۆچوونه تیۆرییەكانی (ئەنتۆنان ئارتۆ) ١٨٩٦-١٩٤٨ و دواتریش (گرۆتۆڤسكی) ١٩٢٢-١٩٩٩ ئه‌و دیده جیاوازه شانۆییانه، ئه‌مڕۆ له پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زه‌مه‌ندا گه‌یشتونەتە قۆناغه‌كانی پۆست مۆدێرنیزم.
هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ناوه‌نده گرینگه‌كانی شانۆیه‌كی پۆست مۆدێرنیزم شكاندنی هه‌موو به‌ربه‌سته ته‌قلیدییه‌كان و گهمهكردنه به‌و سنوره داڕێژراوه‌ی، كه له‌نێوان بینه‌ر و ته‌خته شانۆدایه. جووڵانه‌وه‌ی پۆست مۆدێرنیزم له حه‌فتاكاندا سه‌ری هه‌ڵداوه و ئه‌مڕۆیش گه‌یشتۆته ئاستێكی به‌رز، ریژیسۆری ئینگلیزی (رۆبێرت ویلسون) و (رۆبێرت لێباش)ی كه‌نه‌دی دوو ده‌نگی گرنیگی شانۆیه‌كی پۆست مۆدێرنیزمن. ئه‌م دوو ریژیسۆره به‌رده‌وام له‌سه‌ر زۆربه‌ی شانۆی وڵاته ئه‌وروپیه‌كان كارده‌كه‌ن و پلاتفۆرمێکی پۆست مۆدێرنیزمیان بۆ شانۆی ئەوروپی خوڵقاندووە و کاریگەریەکانیشیان بەسەر شانۆکارانی دونیا و ڕەوتی شانۆی جیهانییەوە بە ڕوونی دیارە.
له شانۆی پۆست مۆدێرنیزم‌دا ئاستێكی گرینگی جیاوازتر له پرۆسه شانۆییه‌كاندا ده‌به‌خشرێته پێگە و به‌های بینه‌ران و له دووتوێی كۆمه‌ڵه رووداوێكی ناته‌با، نالۆژیكی و كۆلاشئاسادا، بینه‌ر و شانۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه ته‌قلیدیه‌كانی خۆیان له‌ده‌ست دەدەن. كاره‌كته‌ره‌كان، هه‌ریه‌كه وه‌ك خودی سه‌ربه‌خۆ و دوور له یه‌كتری و له دەرەوەی بازنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه، بەوپەری سەربەستییەوە ده‌جوڵێنەوه.
ستراكتۆره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌م شانۆیه، وێنه‌ییه و کردەی (بینین) رۆڵێكی گرینگتری هه‌یه وه‌ك له کردەی (گوێگرتن). هەر لەم بنەمایانەیشەوە دەتوانین بڵێن، کە شانۆی پۆست مۆدێرنیزم گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ما ریتواڵی و داستان و ئه‌فسانه‌كان، بەڵام بە ئاڕاستەیەکی تر و پێچەوانەدا.
جگه له‌و دوو ریژیسۆره‌ی له‌لای سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ كرد، كۆمه‌ڵێک گروپی تری گرینگیش له وڵاته‌كانی ئه‌وروپادا هه‌ن، بۆ نموونه گروپی Tg Stan کە گروپێکی به‌لچیكییە، له‌م بواره مۆدێرنه‌ی شانۆدا هه‌نگاوی گه‌وره و فراوانیان ناوه. ئەم گروپە به هه‌ناسه‌یه‌كی پۆست مۆدێرنیزمی درێژخایەن كارده‌كه‌ن، یه‌كێک له نەمایشه گرینگه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییان شانۆنامه‌ی (Poguelin) بوو، کە لە هه‌شت شانۆنامه‌ی جۆراوجۆری (مۆلییر)ه‌وه ئاماده‌یان کردووە. ئەم گروپە لەم نەمایشەدا لەسەر تێکشکاندنێکی تەواوی زمانی دەقەکان کاریان کردووە و زمانێکی مەجازی تەکنیکی و فۆرمێکی نزیک لە پێرڤۆرمێنسیان بە کارهێناوە.
ڕه‌خنه‌گره‌كان له شڕۆڤەی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا ئه‌وه‌یان دووپات کردۆتەوە، كه به‌كارهێنانی زمان و بەو شێوەیە، بووبووه یه‌كه‌یه‌كی گرینگی نمایشه‌كه: وشه‌ی پچڕ پچڕ، به‌كارهێنانی ڕیتواڵ، مۆسیقا، ده‌نگی جیاواز، پانتۆمیم، سەما و زمانی جەستە، ریتم، ته‌رتیله‌ی دینی و فۆلكلۆری و دابه‌شكردنی ده‌یالۆگەکان… هتد. ئه‌مه ته‌نها نموونه‌یه‌كه له‌نێوان هه‌زاره‌ها نموونەی پرۆژه پۆست مۆدێرنیزمەکاندا و مه‌سه‌له‌ی پۆست مۆدێرنیزمیش گه‌یشتۆته كۆتایی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه گه‌وره‌كان. ئه‌وه‌ی گرینگه له‌م نه‌خشه نوێیه‌دا ئاماژه‌ی بۆ بكرێت، ئەوەیە کە په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌موو جۆره ئایدۆلۆژیه‌تێكیش به‌هاكانی خۆی به ته‌واوی له‌ده‌ست داوه.
ئه‌كته‌ر و هونه‌ری نواندنیش له‌م پرۆسه پۆست مۆدێرنیزمه‌دا جێگای سه‌رنج و بایه‌خ پێدانه؛ ئه‌كته‌ره‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆڵی یان كاره‌كته‌ری ترادیشۆنی و نەریتگەرا نابینن، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه زۆر به‌ڕوونی و ئاشكرا به بێلایه‌نی و دووره‌په‌رێزی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیان ده‌كه‌ن. هه‌ندێک له ڕه‌خنه‌گره ئه‌وروپیه‌كان، به‌زمانێكی گاڵته‌ئامێزه‌وه ده‌ڵێن (پۆست برێشتیزم)، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌كنیكی نامۆبوون و دوور وه‌ستانی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ رۆڵه‌كانیاندا، هەروەک له شانۆ داستانییەکەی برێشت دا پەیڕەوی دەکرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌یاد نه‌چێت، کە ئه‌م پۆست برێشته نوێیه، مەبەستم (پۆست مۆدێرنیزم)، به پێچه‌وانه‌ی برێشت-ه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك پەیڕەوی بنەما سیاسییەکان، نە چەپ و نە ڕاست و نە لیبرالیزم، ناکات و هیچ جۆره ئایدۆلۆژییه‌تێک له‌خۆ ناگرێت.