[چیرۆکەکانی با]

 

(چیرۆکەکانی با) کتێبێکی نوێی نووسەر و شانۆکار دانا ڕەئووفە کە لە لایەن ناوەندی کەپرەوە بڵاو کراوەتەوە و ئێستا لە کتێبفرۆشیيەکاندا بەردەستە.

 

دانا ڕەئووف ناوێکی دیار، ئەزموونێکی به‌رچاو و شانۆکارێکی جددی و خەمخۆری کوردە. پایەیەکی نووسین و وەرگێڕانی نێو مێژووی شانۆی ئێمەیە و ساڵانە بە کارە تیۆری و هەوڵە جددییە شانۆییەکانی کار دەکات و لە هەوڵی نوێکردنەوە و فراوانکردنی شانۆی کوردیدایە. ساڵی ١٩٦٢ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لە دایک بووە و پاش چەند ساڵ کارکردن لە بواری شانۆدا ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە.

 

دەربارەی ئەم دەقانە و ئەم ئەزموونە نوێیەی نووسین، دانا ڕەئووف دەنووسێت:

 

 

لەبری پێشەکی

چەند ڕازێکی کورت سەبارەت بەم دەقانە

 

سەرەتا کە (من و تۆ لەگەڵ بادا)م نووسی، بە بەشی دووەمی ئەو دەقە (دەتدەمە دەست با) دەستم پێ کرد و هیچ پلانێکم بۆ دوو بەشەکەی تری نەبوو. دواتر گفتوگۆی نێوان من و هەندێک لە برادەرەکانم سەبارەت بەو ئەزموونە بچووکە، بیرۆکەی نووسینی دوو بەشەکەی تری لا درووست کردم. کە تەواویشم کرد، هەستم دەکرد هێشتا تەواو نەبووە و لەم بیرکردنەوەیەدا، بە تایبەتی لە ژیانی ئەو دوو کارەکتەر (ژن و پیاو)ه‌دا، ئافرەتەکەم بە تەنها لە ژوورەکە و لە بەرپەنجەرەکەدا بینی، بەم شێوەیە بەشی کۆتاییی ئەو دەقە (بە تەنیا لەگەڵ بادا،) کە تەنها لاپەڕەیەکی بچووکە، لە دایک بوو.

دوای چەندان مانگ، دوو دەقی ترم نووسی: (ئەو خۆشەویستییە هەرڕۆژەی پارچەیەکم دەبات) و (ژنی سەر جۆلانەکە،) کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشێکی تری ژیانی ئەو دوو کارەکتەرەیە، بەڵام لە دەرەوەی زەمەنی ئەو چل ساڵەی لە (من و تۆ لەگەڵ بادا)یە. بەم شێوەیە من و تۆ لەگەڵ بادا بوو بە سێیينەیەک و ئێستا به‌ ناوی (بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات)دا کۆ بوونەتەوە. دوای ئەوە سێیينەی (وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت) و دواتریش (چیرۆکەکانی با)م نووسی.

ئەم دەقانە لە ڕووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و ڕۆنانی درامییەوە بە شانۆی کوردی نامۆن و دەتوانم بڵێم بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن. دەقەکان بە زمانێکی شیعری و شانۆیی نووسراون و هەرچەندە بە ڕواڵەت واقیعین، بەڵام بە دیوه‌که‌ی تریدا ئەبسێردن و لە دنیای واقیع و ژیانی ڕۆژانە دوور کەوتوونەتەوە. ئەم دەقانە شیعری شانۆیین، نەک شیعر بن لە شانۆدا؛ شیعرى بینراون، نەک شیعرێک گوێی لێ بگریت. کارەکتەرەکان بە پلەی یەکەم وەک مرۆڤ لە دەرەوەی هەموو جۆرە جوگرافیا و کات و نەتەوە و شوناسێکی دیاریکراوەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، دەکرێت هەرمرۆڤێک لە هەرشوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت، خۆی لەم دەقانەدا بدۆزێتەوە. ئەوە گرنگ نییە ئەم دوو کارەکتەرە چی دەڵێن، بەڵکوو چۆن دەیڵێن گرنگه‌.

ئەم دەقانە گەڕانەوەیەکه‌ بۆ ناوەوە و پێداگرییەکه‌ لەوەی ڕاستییەکان لە قووڵایییەکاندان. من لەم دەقانەدا بێ ترس دەست بۆ شتە ساکار و ئاسانەکان دەبەم. ڕواڵەتێکی تەنک، هاوکات هەست بە هێزی ڕاکێشانی شتە قووڵەکانیش ده‌کرێ، کە بەرەو قووڵاییی خۆيان ڕاماندەکێشن. بێ گومان بێ چینەکانی سەرەوە قووڵایییه‌کانیش هیچ مانایەک نابەخشن، هیچ قووڵایییەکیش بێ چینی سەرەوە نییە و لە سەرەوە بەرەو قووڵایییەکان دەڕۆین. زۆر جار من لەسەرەوە دەمێنمەوە تا ئەو ڕێگه‌یە بۆ ئێوە بکەمەوە تا بە قووڵایییەکاندا ڕۆ بچنە خوارەوە، بە ناوەوەدا بڕۆن تا دواتر بتوانن بە شتەکانی قووڵایییەوە بێنەوە سەرەوە. ئەوەی لە قووڵاییەکاندا دۆزیوتانەتەوە، ڕەنگە جیاوازتر بێت لەوەی من بیرم لێ کردووه‌تەوە.

هەریەکێک لەم دەقانە چیرۆکێکی تایبەت ده‌گێڕێته‌وه‌، بەڵام هەندێ جار لەوانەیە ئەم چیرۆکانە دیار نەبن و پێویستیان بەوە بێت بدۆزرێنەوە؛ لەوانەیە لە سەرەتاوە هەست -بۆ نموونە- بە ڕووداو، شوێن و ڕۆنانە درامییەکە نەکەین، بەڵام هەموو ئەو شتانە لە دەقەکاندا هەن و ڕێچکە و فۆرم و شێوازێکی تریان وەرگرتووە و لە تەکنیکێکی نوێدا داڕێژراون. ئەم دەقانە بۆ جەستە و دەنگی ئەکتەر نووسراون، هاوکات بۆ خوێندنەوە و تێڕامان و چوونەنێودنیای-کارەکتەرەکانەوە. بە بڕوای من شتگەلێکی زۆر لەم دەقانەدا ڕوو دەدەن کە لەوانەیە بە یەک خوێندنەوە هەموو ئەو ڕووداوانە نەبینین و زمانەکەیش وەک جەستەی ئەکتەر لە جووڵەدایە و ڕووداوەکان و کارەکتەرەکانیش دەجووڵێنێت.

 

 

دانا ڕەئووف

٣٠/٤/٢٠٢٠

ستۆکهۆڵم

 

ئەم کتێبە کە لە کۆمەڵێک دەق پێک هاتووە، ئێستا لە کتێبفرۆشییەکاندا دەست دەکەوێت.

Leave a comment