[بۆچی پێویستە منداڵان بینەری شانۆ بن]

بۆچی پێویستە منداڵان بینەری شانۆ بن

دانیکا تایلۆر

وەرگێڕانی شادیار شۆڕش

 

کاتێک لە خەیاڵی خۆتدا وێنای ئەوە دەکەیت ئێوارەیەک لە هۆڵێکی شانۆ بەسەر بەریت، دەشێت بیر لەوە بکەیتەوە کە ئێوارەیەکی ئارام بەسەر دەبەیت و تەماشای چیرۆکێک دەکەیت، کە بۆت نمایش دەکرێت. بیر لەوە دەکەیتەوە ئەو شانۆییە بۆ چەند کاتژمێرێک لەو کەتوارەی[1] تێیدا دەژییت دوورت دەخاتەوە. ئەوەی کە دەکرێت پێی نەزانیت ئەوەیە، شانۆ زیاترە لەوەی کە تەنها بۆ کەیف و خۆشیی بێت. شانۆ، هەتا بڵێی ناوازە وبێهاوتایە، ئاوێتەبوونە بە ئەزموونێکی فێرکاریی بۆ هەر کەسێک لە هەر تەمەنێک، کە دەبێتە بینەری.

لەمڕۆدا، زۆرێک لە کۆمەڵگەکان تێدەگەن لەوەی کە شانۆ چەندە گرنگە، بۆ ئەوەی منداڵاکانیان بەرەوپێش ببەن. لە ئەمریکا، ڕێژەی دروستکردنی شانۆی تایبەت بە گەنجان لە بەرزبوونەوەدایە. بردنی خێزانەکەت بۆ ئەوەی نمایشێکی شانۆیی ببینن، بێگومان کارێکی چێژبەخش و ئەزموونێکی لە بیر نەکراوە، بەڵام ئاوێزانبوون بە هونەر، لە چەندین ڕەهەندی جوداوە سوود بە تۆ دەگەیەنێت.

ئێمە لیستێکمان ئامادەکردووە و لە چەند خاڵێکدا ئەوە ڕوون دەکەینەوە، کە بۆچی زۆر گرنگە منداڵەکەت بۆ پێرفۆرمانسێکی هونەریی ببەیت.

توێژینەوەیەکی پزیشک “جەیمس کاتێڕەڵ” ئەوە پێشان دەدات، کە ئەو خوێندکارانەی ئاوێزان دەبن و سەرقاڵی کاری هونەریی دەبن، زیاتر بەشدار دەبن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و کەمتر حەزیان دەبێت بۆ وازهێنان لە قوتابخانە. چەند توێژینەوەک لەلایەن پسپۆڕانی بواری دەمار ئەوە دەخەنەڕوو، کە هەردوو نیوە بەشی ڕاست و چەپی مێشكی مرۆڤ، دەبێت بە شتێک تەواو هان بدرێن، هەتاکوو بتوانن تواناکانی مێشک وەگەڕبخەن. ئەمە ئەوە دەردەخات کە زۆر گرنگە منداڵان پەیوەست بکرێن بە چالاکییە داهێنەرەکانەوە، کە ڕاهێنان بە بەشی ڕاستی مێشكی مرۆڤ دەکات. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو منداڵانە لە چالاکییە زانستیی و شیکارییەکاندا بەشداربن، بۆ ئەوەی بەشی چەپی مێشکی منداڵاکە کارا ببێت. ئەگەر منداڵان لە چالاکیی تری هونەریی بەشداربن، ئەوا بەڕاستی بەرەو پڕۆسەی بیرکردنەوەیەکی کاریگەر هەنگاو دەنێن.

نمایشی هونەریی فێری منداڵان دەکات، کە لەڕێی خەیاڵەکانیانەوە بەرەو بیرکردنەوەی داهێنەرانە بڕۆن. “ڕۆبێرت ئیگەر” بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “واڵت دیزنی،” ئاماژەی بەوە داوە کە: “دڵ و ڕۆحی کۆمپانییاکە، نوێگەری و بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە. بەبێ بیرکردنەوەی داهێنەرانە هیچ شتێک بوونی نییە، بۆ ئەوەی دامەزراوەیەک بکاتە دامەزراوەیەکی سەرکەوتوو. تواناکانی داهێنان لە گرنگترین تواناکانن، بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت لەو پیشەسازییەدا سەرکەووتو بێت.”

لەڕێگەی شانۆوە، بینەران ئاشنای کۆمەڵە کارەکتەرێکی جیاواز دەبن. نمایشی شانۆیی منداڵان فێر دەکات کە چۆن پێزانینیان هەبێت بۆ هەموو جۆرە کەسانێک و ڕێز لە تێڕوانینی ئەوانی دی بگرن. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، چەندین چیرۆکی ناوازە بە تێروانینی جیاواز دروست دەکەن. چیرۆکەکانیان پڕە لە کارەکتەری جیهانیی لە کولتوورە جیاوازەکان یان سەماکارانی بالییە، پشیلە چاو شینەکان، خزم، خوێندکارە نوێکان و کورتەباڵاکان. هەروەها دروستکردنی کارەکتەرە مێژووییەکان هەلێک بە بینەران دەبەخشن، کە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕابردوو شتانێک بزانن. شانۆ تەنها گرنگ نییە بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئادەمیزاد و شێوە جیاوازەکانی ژیان شتێک فێر ببین، بەڵکووو پێمان پێشان دەدات کە دەتوانین خۆمان بکەینە شوێنی ئاوانی دی و وەک ئەوان بیربکەینەوە و هەڵسوکەوت بکەین.

هێنانی منداڵەکەت بۆ یەکەم جار لە ژیانییدا بۆ هۆڵێکی شانۆیی، دەشێت ئەزموونێکی سەخت بێت. لەوانەیە منداڵان پێ نەزانن کە دانیشتن بە دیار نمایشێکی شانۆییەوە تەواو جیاوازە لەو کاتەی ئەوان تەماشای تی ڤی دەکەن،  یان لەڕێی شاشەی مۆبایلەکانیانەوە بینەری فیلمێک دەبن. تەماشاکردنی تیڤییەکان بە مەبەستی بەدەسهێنانی خۆشی و شادیی لەلایەن منداڵانەوە، لە ئێستادا بەڕێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە. لەبەر ئەم زۆر بەکارهێنانەی تی ڤییەکان، منداڵان ناتوانن بۆ کاتژمێر و نیوێکیش سەرنجی خۆیان لە بابەتێکدا وردبکەنەوە.

شانۆ وا دەکات منداڵان و گەنجان ئاشنا ببن بە چەندین شێوەی پەیوەندی کردن لەگەڵ ئەوانی تردا، لەڕێی هونەرەکانی سەما کردن، نواندن و موزیکەوە، منداڵان فێردەبن لە چەندین شێوەی ناوازەدا پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی دییدا ببەستن.

منداڵان پێویستییان بە خەیاڵ و ئەندێشە هەیە، بۆ ئەوەی گەورە ببن و بیر بکەنەوە و گەمە بکەن. شانۆ ئەو شوێنە بەنرخەیە کە منداڵان دەتوانن لە ڕێگەیەوە لە ئەگەرە ناکۆتاکانی خەیاڵ و تواناکانیان بۆ کردنی شتەکان، تێبگەن.

بەبێ بوونی شانۆ، منداڵان تەنها بێبەش نابن لە ئەزموونێکی ناوازەی هونەریی، لە هەمان کاتیشدا بێبەش دەبن لەو ئەزموونە فێرکارییە ناکۆتایانەی، کە لەڕێی شانۆوە بە دەستی دەخەن. تێگەیشتن لە گرنگیی شانۆ تەنها ئاستی قوتابخانەکان بەرزناکەتەوە، بەڵکوو هانی تاکەکان دەدات بەرەو بیرکردنەوەی داهێنەرانە، کولتوور، پەیوەندی بەستن لەگەڵ ئەوانی تر، ئارامی، ئاکار و خەیاڵکردن، هەنگاو بنێنن. بێگومان هەرگیز ناتوانیت ئێوارەیەک لە هۆڵێکی شانۆیی لە بیر بکەیت.

[1] Reality

Leave a comment