ن: ژیار ف. نەسڕەدین
ئایا بارستایی خۆر چەندە؟ چ جۆرە دەرمانێک چارەسەری قژ ڕووتانەوە دەکات؟ ئایا شێوازی ڕەفتاری کەسێک دەگۆڕێت کاتێک لە دۆخی تەنهابوونەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێو جەماوەرێکی گردبووەوە؟ ئایا چ جۆرە پلانە خەرجییەکی تاکەکەسی کەمترین زەرەری لێدەکەوێتەوە لە دۆخی کەمی پارە سووڕانەوە لە ناوچەیەکدا؟ ئایا ڕێژەی دەنگدەرانی لایەنێکی دیاریکراو لە هەڵبژاردنەکاندا لە چ ڕێژەیەکدا خۆیان دەبیننەوە؟ هەر بەپێی ئەم بنەمایە دەبێت چەندە پارە بۆ بانگەشە تەرخان بکرێت؟ ئەمانە هەموو کۆمەڵە پرسیارێکن کە ئێمە پشت بە زانستەکان دەبەستین لە وەڵامدانەوەیاندا. بەڵام کۆمەڵێک پرسیاری بنچینەییتر هەن کە ئێمە پێویست دەکات ئاگاداریان بین لەپێناو ئەوەی ئاگادارییمان هەبێت لە چییەتی بابەتەکە و بتوانین پرس و وەڵامە نازانستییەکان (واتا ئەوانەی ناخرێنە قاڵبی زانستەوە و سەر بە کایەیەکی دیکەن) و ساختەزانستییەکان (ئەو کایانەی کە وەک زانست خۆیان نیشان دەدەن بەڵام زانست نیین) لە پرس و وەڵامە زانستییەکان جیا بکەینەوە. هەوڵ دەدەم لەم نووسینەدا کەمێک لەم پرسیارانە بخەمە ڕوو تاوەکوو خوێنەر زیاتر ئاشنا ببێت لەگەڵ بنچینەکانی زانست و شێوازە جیاجیاکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
زانست چییە؟
ئەم پرسیارە یەکێکە لە بنچینەترین پرسیارەکانی کۆتاییەکانی سەدەی نوزدەهەم و سەدەی بیستەم، ئەمەش لە پاش ئەو شۆڕشە گەورەیەیەی کە لە سەردەمی کۆپەرنیکۆس بەدواوە (کە بە شۆڕشی زانستی ناو دەبرێت) هاتە کایەوە. بەڵام پێچەوانەی هەموو ئەو تێگەیشتنانەی کە هەمانە لەبارەی شۆڕش وەک شتێک لە پەڕدا ڕوودەدات و لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجام و لێکەوتەکانی دەدات بەدەستەوە، شۆڕشی زانستی شۆڕشێکی درێژخایەن بوو کە چەندەها ساڵی خایاند و بگرە پێی خستە نێو سەدەکانەوە. ئەو گۆڕانکارییەی کە لەم سەردەمەدا ڕوویاندا کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی بچووک و فرەلایەن بوون کە بوونە هۆی ئەوەی کەڵەکە ببن و ئەنجامەکانیان دوای سەدەکان ببینرێت، نەک شتێکی لەپڕ و خێرا بن. یەکێکی دیکەش لە سیفەتە جیاکەرەوەکانی ئەم شۆڕشە بریتییە لەوەی کە “ئاڕاستەدار” نییە، ئەمە واتای چییە؟ ئەوەی شۆڕشێکی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی جیادەکاتەوە لە شۆڕشی زانستی ئەوەیە کە لایەنێک، گروپێک، چینێک، گەلێک، یاخود کەسایەتییەک ئاڕاستەی ئەم شۆڕشە دەکەن بەرەو ئامانج و مەرامەکانیان، ئیدی ئاخۆ لەپێناو بەدیهێنانی مەرامی زۆرینەیەک بێت یاخود کەمینەیەک شۆڕشەکان ئاڕاستە و ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە و کۆمەڵێک بەڕێوەی دەبەن بەرەو ئەو ئامانجە. بەڵام لە شۆڕشی زانستیدا دەبینیت چەندەها کەسایەتی تاک لە ناوچە جوداکانەوە لەسەر کۆمەڵە بابەتێکی جودا کاردەکەن وئامانجی ئەو لێکۆڵینەوانەیان دەدەن بەدەستەوە، ئیدی ئەوە ئەو ئەنجامانەیە کە دەیانگەیەنێت بەوەی کە بۆچوونێکیان بۆ دروست بێت نەوەک ئەوەی کە ئەنجامێکیان هەبێت و لێکۆڵینەوەکە بەرەو ئەو ئاڕاستەیە بەرن. و لە کۆتاییشدا ئەم ئەنجامە جیاوازانە کۆ دەکرێنەوە و دەخرێنە بەردەم گفتوگۆوە، لەپێناو زانینی ئەوەی ئاخۆ هیچکام لەمانە دژیەکی یاخود نایەکانگیری تێدا بەدی دەکرێت یاخود پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە. بۆیە دەبینیت لێرەدا زانست بەرئەنجامی گفتوگۆی بەردەوامە و بە پێچەوانەی شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئامانج لێیان سەپاندنی بەهاکانە بەسەر جیهانی دەرەوەدا، ئامانجی زانست لێکۆڵینەوەیە لە جیهانی دەرەوە و دووبارە داڕشتنەوەی ژیان لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی ئەم جیهانە بە ئامانجی بەردەوامیدان بە مرۆڤایەتی لە بەرامبەر مەترسییەکان و زانینی شێوازی مامەڵەکردنی سروشت لەپێناو دروست مامەڵەکردنەوە لەگەڵیدا.
لە پرسی پێناسەکردنی زانستدا کۆمەڵێک بۆچوونی زۆر هەیە کە لەپێناو درێژنەکردنەوەی نووسینەکەدا ئاماژەیان پێنادەم، چونکە ئەم گرفتە گفتوگۆیەکی زۆری لەبارەوە هەیە لە کایەی زانست و فەلسەفەی زانستدا، بەڵام لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی دەمەوێت کۆمەڵێک سیفاتی گشتگیر باسبکەم لەسەر ئەوەی کە پێی دەوترێت زانست. کایە زانستییەکان، کە لەمڕۆدا زۆرکات بەرکەوتەیان دەبین بە مامەڵە ئەزموونییەکانیان لەگەڵ جیهاندا جیادەکرێنەوە لە کایەکانی دیکە، ئەمەش بەو واتایەی کە ئەوەی کە بڕیاردەرە لەسەر ئەنجامی بابەتە زانستییەکان بریتییە لەو داتا و زانیارییانەی کە تۆ لە جیهانی دەرەوە کۆیان دەکەیتەوە و دەبنە بنەما بۆ ئەنجامەکانی کە لێوەیان هەڵدەهێنجێنیت. لە زانستەکاندا بە شێوەیەکی گشتی هەر سێ جۆرەکە لە شێوازەکانی بەڵگەسازی بەکاردەهێنرێت؛ کە بریتین لە: ئیندەکشن و ئەبدەکشن و دیدەکشن. بەڵام لەسەر ئاستی جیاوازدا. بنچینەییترین پەیوەندیی نێوان زانست و جیهانی دەرەوە لە ئیندەکشنەوە دەست پێدەکات؛ کە تیایدا زاناکە بەدوای کۆکردنەوەی کۆمەڵێک بەڵگەدا دەگەڕێت لەپێناو گشتاندنی وتراوێکدا. بە نموونە؛ کاتێک زانایەک دەپرسێت “ئایا کانزا کارەبا دەگەیەنێت؟” سەرەتا دەبێت کانزایەکی دیاریکراو تاقی بکاتەوە و پاشانیش چەند نموونەیەکی دیکە لەم کانزایە و دواتریش چەند نموونەیەکی دیکە لە کانزای دی. بێگومان هیچ مرۆڤێک ناتوانێت هەموو کانزاکانی جیهان لە سەرەتای کاتەوە بۆ کۆتای تاقی بکاتەوە، بەڵام ئەم چەند تاقیکردنەوەیە، لە کاتی نەبوونی هیچ کانزایەک کە کارەبا نەگەیەنەربێت لەم نموونانەدا کە تاقیکردنەوەکەیان بەسەردا ئەنجامدراوە، بەسن لەپێناو پاڵپشتیکردن لە وتراوی “کانزاکان کارەبا دەگەیەنن” وە ئەم پرۆسەی نموونە دۆزینەوە و گشتاندنە، هەنگاوی یەکەمی زانستە. هەنگاوی پاش ئەو بریتییە لە پرۆسەی ئەبدەکشن، کە تیایدا زانا بەدوای باشترین لێکدانەوە دەگەڕێت بۆ ئەم دیاردەیەی کە لەبەردەستیدایە، وە باشترین لێکدانەوە کە بتوانێت بە بەراورد بەوانی دیکە دیاردەکە لێکبداتەوە و ببێت بە بنەما بۆ پێشبینی داهاتوو دەبێت بە لێکدانەوە پەسەندراوەکە. بە نموونە؛ تۆ لە ماڵەکەتدا دەبینیت کە پەنیرەکەی بەیانی لەسەر مێزەکە نەماوە. ئەم دیاردەیە (دیارنەمانی پەنیرەکە) دەکرێت بەهۆی ئەوەوە بێت کە ماڵەوەتان هەڵیان گرتبێت، یاخود مشکێک خواردبێتی، یاخود دزێک لە ماڵەکەدا بردبێتی. ئەمانە هەر یەکێکیان دەتوانن هەموویان ببنە لێکدانەوە لە بارەی پرسی ئەوەی کە بۆچی ئەم پەنیرە دیار نەماوە و بە تەواوی وەڵامت پێدەدەن، بەڵام تۆ نازانی ئاخۆ کامیانن. تۆ دەبینیت کە خێزانت پێش تۆ ڕۆشتووە و هێشتا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە، بۆیە کەمتر ڕێی تێدەچێت کە لەو ماوەیەدا هاتبێتەوە ماڵەوە و پەنیرەکەی بردبێت. لە هەمان کاتیشدا، ئەگەری کەمە کە دزێک لە ماڵەکەدا بووبێت و هیچی نەدزیبێت تەنها پارچەیەک پەنیر نەبێت و هیچ پاشماوەیەکی بەجێ نەهێشتبێت. بۆیە لەم دۆخەدا باشترین لێکدانەوە لەنێوان ئەمانەدا ئەوەی مشکەکەیە، بەتایبەتی کاتێک کە تۆ گوێت لە خرمە خرمە لە نێو تاقمی مەتبەخەکەدا. ئەوەی هۆکاری پەسەندکردنی ئەم لێکدانەوەیەیە بەسەر ئەوانی دیکەدا ئەوەیە کە ئەم لێکدانەوەیە گونجاوترینە لەگەڵ بەڵگەکاندا بە بەراورد بەوانی دی و توانای ئەوەی هەیە پێشبینی لەسەر بوونیان بنێی بۆ پشکنینی ڕاستیبوونی، بە نموونە بڵێین ئەگەر سبەی پارچەیەک نان دابنێیت بەهەمان شێوە دیار نامێنێت. لە زانستیشدا هەمان شت ڕاستە، کاتێک زانایەک بۆی دەردەکەوێت “هەموو کانزاکان کارەبا دەگەیەنن” هەنگاوی پاش ئەو بریتییە لەوەی کە ئاخۆ ئەم دیاردەیە بۆ چ بابەتێک دەگەڕێتەوە؟ لێرەشدا دەکرێت کۆمەڵێک پێشنیاری جۆراوجۆر هەبێت لەم بارەیەوە، هەروەها گرنگترین سیفەتی ئەم پێشنیارانە ئەوەیە بتوانرێن تاقی بکرێنەوە لەپێناو پشکنینی ڕاستیبوونیان و کۆمەڵێک قسەی بەدەر لە تاقیکردنەوە نەبن. بە نموونە، لێکدانەوەیەکی پەسەند دەکرێت بریتی بێت لە “هۆکارەکەی بۆ شێوازی ڕیزبوونی گەردیلەکان دەگەڕێتەوە”، چونکە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر ماددەیەکی دیت هەبوو بە ڕیزبوونێکی جیاواز ئەوا ئەویان کارەبا ناگەیەنێت. ئەمە دەتوانرێت تاقی بکەینەوە تا وەک بزانین ڕاستە یاخود هەڵەیە. بەڵام لێکدانەوەیەکی ناپەسەند برتییە لە بابەتێکی وەک “هێزە سەرووسایکۆلۆژییەکانی کە مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت دەستی پێیان بگات و بیانزانێت ئەم کارە ئەنجام دەدەن”، چونکە لە ڕاستیدا ئەم قسەیە ناتوانرێت بخرێتە ژێر تاقیکردنەوەوە بەهۆی ئەوەی لە سەرەتاوە بانگەشەی ئەوەی تێدایە کە مرۆڤ ناتوانێت ئەم بابەتانە بزانێت، و بە هەمان شێوە ئەو قسەیە خۆی دەکەوێتەوە ژێر پرسیار، بەوەی کە ئاخۆ چۆن ئەو کەسە کە مرۆڤە ئەو شتەی زانیوە لە کاتێکدا خۆشی توانای نییە بیانزانێت. بۆیە لێرەدا سیفەتی توانای تاقیکردنەوە و پشکنینی ئەو بانگەشانە زۆر گرنگن. و هەرکامێک لەو کۆمەڵە بانگەشە پەسەندکراوانەی کە دەخرێنە پێش لەپێناو لێکدانەوەی دیاردەیەک توانیان لەژێر زۆرترین تاقیکردنەوەدا سەرکەوتووبن زۆرترین ئەگەریان هەیە کە ئەو هۆکارەی ئەوان باسی دەکەن بریتی بێت لە هۆکارە ڕاستەقینەکەی کە دەبێتە هاتنەئارای ئەو جۆرە دیاردەیە. جۆری سێهەمی بەڵگەسازیش بریتییە لە دیدەکشن، کە ئەویش ڕوانینە لەوەی ئاخۆ لێکەوتەکانی ئەم لێکدانەوە پەسەندکراوە و تاقیکراوەیە چیین و دەمانگەیەننە کوێ؟ بە واتایەکی دی ئەگەر ئێمە دوای تاقیکردنەوە لێکدانەوەی ڕیزبەنی گەردیلەکانمان پەسەند کرد وەک لێکدانەوەیەکی دروست لەبارەی گەیاندنی کارەبا، دەکرێت لێکەوتێکی ئەم وتەیە ئەوەبێت کە ڕیزبەندییە جیاوازەکان دەکرێت لە ئاستی چووستی گەیاندنی کارەبادا گۆڕانکاری دروست بکەن. ئەمەش پرۆسەی دیدەکشنە کە تۆ دێیت لە ڕاستییەکانەوە یاخود لەو شتانەوە کە بە ڕاستی وەریان دەگریت بڕۆیت لێکەوتەکانیان بدۆزیتەوە و لەڕێی ئەوە دووبارە پڕۆسەی زانستی لەسەر ئاستێکی بچووکتردا دەست پێبکەیتەوە. بەگشتی زۆربەی زانستەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا بە هەنگاوەکانی ئیندەکشن پاشان ئەبدەکشن پاشان دیدەکشندا تێپەڕ دەبن و ئەم سووڕە دووبارە دەبێتەوە، و دووبارەبوونەوەی ئەم سووڕەش ئاماژەیە بە دروستبوونی پرسێکی نوێ بۆ لێکۆڵینەوە.
کایەکانی زانست
زانستەکان بەپێی کات بە شێوازی جیاواز دابەشکارییان بۆ کراوە و لە سەردەمی جیاوازدا کایەی جیاواز بە زانست هەژمار کراوە. ئەوەی کە لە ئێستادا باوە ئەوەیە کە زانستەکان، کە مێتۆدە ئەزموونییەکەیان خەسڵەتی جیاکەرەوەیانە، بە شێوەیەکی گشتی بەسەر دوو لقدا دابەش دەکرێن، کە ئەوانیش: زانستە سروشتییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکانن. لە نێو ئەم دوو لقەشدا زانستەکان دوو لقی دیکەیان لێدەبێتەوە، کە ئەوانیش: زانستە تیۆرییەکان و زانستە کردارییەکانن. زانستە سروشتییەکان خەسڵەتە تایبەتییەکەیان ئەوەیە کە مامەڵە لەگەڵ ناسینی جیهانی دەرەوە و سروشتدا دەکەن، ئەمانەش زانستەکانی وەک زیندەزانی، کیمیا، فیزیا…هتد لەسەر ئاستی تیۆری و زانستەکانی وەک ئەندازەکاری، کشتوکاڵ، پزیشکی…هتد لەسەر ئاستی کرداری دەگرێتەوە. زانستە کۆمەڵایەتییەکانیش بە شێوەیەکی دیاریکراو کار لەسەر شێوازی مامەڵەی مرۆیی دەکەن، و لەسەر ئاستی تیۆری زانستەکانی وەک دەروونزانی، کۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەکان، ئابووری…هتد و لەسەر ئاستی کرداری زانستەکانی وەک یاساناسیی، پەروەردەناسیی، کار بەرێوەبردن…هتد لەخۆدەگرێت. هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵێک لەم زانستانە بە تیۆری و کۆمەڵێکی دی بە کرداری ناودەبرێن ئەوەیە کە زانستە تیۆرەکان وەک بنچینەیەک بۆ زانستە کردارییەکان دەبینرێن. بە واتایەکی دی، هەر پێشکەوتنێک کە لە زانستە کردارییەکاندا ڕوودەدات لە ڕاستیدا بەرهەمی پێشکەوتنێکی دیاریکراوە لە زانستە تیۆرییەکاندا. بە نموونە، زانستی پزیشکی، کە زانستێکی کردارییە، پەیوەستە بە پێشکەوتنەکانی نێو کایەکانی زیندەزانی و فیزیا و کیمیاوە، پێشکەوتنەکانی نێو ئەم کایانە دەبنە هۆی ڕەخساندنی شێوازە مامەڵەکردنێکی نوێ لە زانستە پزیشکییەکاندا. بە نموونە، ئەو بەرەوپێشچوونانەی کە لە سەدەی بیستەمدا لە زانستی نیمچەگەیەنەرەکاندا ئەنجامدرا، کە بەشە بوارێکی زانستی فیزیایە، بووە هۆی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە زانستی کۆمپیوتەردا، لە ئەنجامی ئەم پێشکەوتنەش دەبینین کە لە ئێستادا زۆرکات بە ئامێری پێشکەوتوو نەشتەرگەریی ئەنجام دەدرێت، یاخود هەر خودی ڕۆبۆتێک ئەنجامی دەدات. یاخود بە هەمان شێوەش لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە دەبینین کایەیەکی وەک دەروونناسی مۆدێلی وردتر لەبارەی شێوازە ڕەفتاری دەروونی مرۆیی دەخاتەڕوو، ئەم مۆدێلانە دەبنە بنەما بۆ زانستە ڕامیارییەکان لەپێناو پێشبینیکردن و دروست مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەفتارە مرۆییەکاندا، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک زانستی کرداری وەک یاساناسیی لەسەر بنەمای ئەمانە دەتوانێت کۆمەڵێک یاسای تایبەت بهێنێتە ئاراوە کە گونجاوبێت بۆ ئەم دۆخە مرۆییانە و بتوانرێت بە دروستی لەگەڵیاندا مامەڵە بکرێت. نموونەی ئەمەش بریتییە لەوەی کاتێک زانستی دەروونزانی دۆخێکی دیاریکراو وەک حاڵەتێکی دەروونی تۆمار دەکات، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە مامەڵەیەکی دروستتر لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا بڕەخسێت و لەو ئازار و مەترسییانە بپارێزرێن کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا دووچاریان دەبێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو لێکەوتانەی کە ئەم دەستنیشانکردنە هەیەتی لە لایەنە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان.
جۆرێکی دی لە زانست کە ناچێتە نێو قاڵبی زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بریتییە لە زانستە فەرمییەکان، کە ئەم زانستانە بریتین لە زانستەکانی لۆژیک و ماتماتیک و هاوشێوەکانیان. ئەوەی ئەم جۆرە زانستە جیادەکاتەوە لە دوو جۆرەکەی پێشوو پابەندنەبوونیانە بە گەڕانەوە بۆ مێتۆدە ئەزموونییەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەسەر بنەمای سەلماندنی بنەماکان لەسەر بنەمای بەڵگەنەویستەکان کاردەکەن. ئەم پرۆسەی سەلماندنەی کە زانستەکانی وەک بیرکاری و ئەندازە بەکاریدەهێنن پرۆسەیەکی بەڵگەسازی دابڕاوە لە پشتبەستن بە جیهانی دەرەوە و زیاتر بنچینەی لەسەر دیدەکشنە، ئەوەی کە لە لێکەوتەی کۆمەڵێک بەڵگەنەویستەوە کۆمەڵێکی دی لە ڕاستی ئاشکرا بکەیت. گفتوگۆیەکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا زانستە فەرمەییەکان وەک زانست هەژمار بکرێن یاخود وەک ئامراز و زمانی زانست، و ئەم گفتوگۆیە درێژە دەکێشێتە سەدەی بیستەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە زانستەکەدا دێنە ئاراوە بەهۆی تیۆرەکانی وەک ئەندازەی سەر ڕووە نا-تەختەکان و تیۆری ناتەواویی ئەکسیۆمی گۆدێلەوە، کە ئەمەش بووە ئەوەی هەوڵ هەبێت لەپێناو دۆزینەوەی کۆمەڵێک بنەمای تر لەپێناو سەلماندنی زانستە فەرمییەکان، وەک بنەمای ئەزموونی. بەڵام لەپێناو درێژنەبوونەوەی بابەتەکە ئەم باسە بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرین.
زانست، نازانست، ساختەزانست
زانست لە پاش شۆڕشی زانستییەوە ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات بە بەراورد بە ئەلتێرناتیڤەکانی دیکە کە لەپێناو چارەسەرکردن لەئارادابوون. بەشێکی زۆری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرکەوتنەی زانست بەدەستی هێنا لە کایەکانی وەک زیندەزانی و کیمیا لە چارەسەرکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی کوشندە و کایەکانی وەک فیزیا و ماتماتیک لە بەهێزی توانای پێشبینیکردنیان لەبارەی پرۆسەکانی جوڵە و گەرمی و ڕەخساندنی توانای بەرهەمهێنانی کار. ناوەڕاستەکانی سەدەی هەژدەهەم بە ساتە سەرەتاییەکانی دەستپێکی شۆڕشی پیشەسازی هەژمار دەکرێت، کە تیایدا ئیدی زانست وەک بنەمایەک بۆ کایە سەرەکییەکانی ژیان دەبینرا و توانی بەهۆی سەرکەوتنییەوە ببێتە مایەی ڕوانین لێی وەک سەرچاوەیەکی هێز و سەرمایە. ئەم پێگەیەی زانست لەنێو زەینی کۆمەڵگەی سوودمەندبوو لە سەرکەوتنەکانی و ئەو متمانەیەی لە پاش ئەو سەرکەوتنانە بەخشرا بە زانست بووە هۆی ئەوەی کە زانست وەک سەرچاوەیەکی دروست لەپێناو ڕاستی ببینرێت و لە زۆرێک لە کایەکانی ژیاندا بە بانگەشەکردن بە “زانستیبوون”ـی بابەتێک ببێتە هۆی ئەوەی کە ئەو شتەش سوودمەندبێت لە پێگەی زانست. ئەم سەردەمەش بە دەستپێکی کایە ساختەزانستییەکان هەژمار دەکرێت. ئایا ئەم کایانە چین و بە چ شتێکدا دەناسرێنەوە و بۆچی بانگەشەی زانستیبوون دەکەن؟
ئایا تۆ گوێبیستی بانگەشەکانی فاڵگرەوەکان بوویت کە پێشبینی داهاتوو و سایکۆلۆژیا دەکەن و ناوی دەنێن “زانست”؟ ئایا تۆ هەرگیز باجێکی یەخەت کڕیوە لەپێناوی ئەوەی کە بتپارێزێت لە نەخۆشییەک کە لەڕێی سییەکانەوە بڵاو دەبێتەوە بە بیانووی ئەوەی کە لەڕووی “زانستییەوە” ئەتپارێزێت؟ ئایا کەسانێکت بینیوە کە بانگەشەی “زانستیبوونی” بابەتەکانیان دەکەن، ئاخۆ شمەک بێت یاخود وانە یاخود بڵاوکراوە…هتد، دەکەن؟ ئەم بانگەشانە زۆرکات تەنها بریتین لە بەکارهێنانی پێگەی زانست، کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی متمانەی هەیە، لەپێناو ساغکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە دەیانەوێت بیخەنە نێو بازاڕ. هەر جۆرێک لە کردە کە بانگەشەی “زانستیبوون” بکات بەڵام لە ڕاستیدا زانستی نەبێت پێیدەوترێت “ساختە زانست”. بەڵام ئایا ئێمە چۆن بتوانین بزانین ئەم بانگەشانەی کە دەکرێن ئاخۆ لە ڕاستیدا زانستین یاخود زانستی نین و خۆیان وەک زانست نیشان دەدەن؟ لەپێناو ئەم کارە پێویست دەکات کورتەیەک بزانین لەبارەی زانست و نازانست و ساختەزانست.
ئێمە ئاگاداری زانست بووین لە پاراگرافەکانی پێشوودا، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە باسی نازانست بکەین. ئایا چی نازانستە؟ بە شێوەیەکی گشتی کۆمەڵێک کایە هەن کە لێکۆڵینەوە و کار ئەنجام دەدەن بەبێ گەڕانەوە و بانگەشەکردن بە زانستیبوونیان و شێوازی کار و لێکۆڵینەوەیان جیاوازە لە زانست و بە کایەی جودا لە لێکۆڵینەوە هەژمار دەکرێن. ئەم کایانەش وەک کایەکانی هونەرەکان، مێژوو، ئایین…هتد. لەم کایانەدا کۆمەڵێک مێتۆدی جیاواز لە مێتۆدی زانستی بەکادەهێنرێن کە تایبەتن بە کایەکە خۆیەوە و شێوازە تایبەتییەکانی خۆیان بەکاردەهێنرێت. ئەوەی ئەم کایانە جیادەکاتەوە لە ساختەزانست ئەوەیە کە ئەم کایانە بانگەشەی زانستیبوونیان ناکەن، بەڵکو وەک کۆمەڵێک کایەی سەربەخۆ لە زانست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
کایە ساختەزانسییەکان، بە پێچەوانەی کایە نازانستییەکانەوە، بانگەشەی زانستیبوونیان دەکەن سەرەڕای ئەوەی کە مێتۆد و مامەڵەکردنە زانستییەکە بەکارناهێنن. بەشێکی ئەم کایانە بریتین لە کایەکانی وەک فاڵگرتنەوەی هەسارەیی، پزیشکیی ئەلتێرناتیڤ، کریەشینیزم…هتد. ئەم کایە ساختە زانستییانە مەرج نییە بە تەواوی دابڕاوبن لە مێتۆدە زانستییەکان، بە واتایەکی دیکە دەکرێت بەشێک لە مێتۆدە زانستییەکان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بانگەشەی “زانستیبوونیان” بەشێوەیەکی باوەڕپێکراوتر بە جەماوەریان بفرۆشنەوە، بەڵام زۆرێک لە سیفەتە سەرەکییەکانی دی کە لە زانستەکاندا هەن پشتگوێ دەخەن. بە نموونە؛ بەشێکی زۆری ساختەزانستەکان پێشبینییەکانیان ناڕوونە یاخود لێڵە، و ئەمەش سیفەتێکی نەخوازراوە لە زانستدا. مەبەست لەمە ئەوەیە؛ ئەو پێشبینییەی کە ساختەزانستەکان دەیکەن دەکرێت خوێندنەوەی جیاوازی بۆ ئەنجام بدرێت و یەکێک لە خوێندنەوەکان بە هەر جۆرێک بێت ڕاست دەرچێت، وە ئەوانیش لە پاشاندا ئەو خوێندنەوەیە بە خوێندنەوە دروستەکە دابنێن. نموونەیەک بۆ ئەمە ئەوەیە ئەگەر ساختەزانستکارێک بڵێت “لە داهاتوودا گوزەران خراپ دەبێت”، ئەم وشەی داهاتووە لێرەدا دەکرێت بەیانی بگەیەنێت و دەکرێت سەدەیەکی دی بگەیەنێت، و دۆخی گوزەران خراپبوون پرۆسەیەکی ئاساییە کە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ڕووبدات بێ ئەوەی ئەم کەسە پێشبینی بکات یان نا، بەڵام لێرەدا بەهۆی لێڵی ئەم بانگەشەیە و هەبوونی زیاد لە خوێندنەوەیەک بۆی ناکرێت بە هیچ جۆرێک وەک پێشبینی ببینرێت. یەکێکی دیکە لە سیفەتەکانی ساختەزانست نەبوونی پەیوەندییە لەنێوان ئەو پێشبینییە و ئەو تیۆرەی کە پێشبینییەکەی لێوە هاتووە، یاخود بەخشینی ڕوونکردنەوەیەکی دابڕاوە. بە نموونە، کاتێک کەسێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە جووڵەی ئەستێرەیەک کاریگەری لەسەر ژیانی کەسێک هەیە، پێویست دەکات زانیاری هۆکارگەریی تەواو بخاتە بەردەست کە چۆن ئەم کارە ڕاستە، وەگەرنا ئەم قسەیە لەڕووی لێکۆڵینەوە هیچ ئەرزشێکی نییە تەنانەت گەر پێشبینییەکە بێتە دیش، چونکە دەکرێت هەر هۆیەکی دی بێت کە ئەم شتەی هێنابێتە ئاراوە. بابەتی جیاوازی نێوان ئەم کایانە لە کایەی فەلسەفەی زانستدا کارێکی بێشووماری لەسەر ئەنجامدراوە و من تەنها لێرەدا کورتەیەکی زۆر بچووکم لەسەر بابەتەکە خستووەتە ڕوو. بەڵام هیوادارم ئەم بابەتە ببێتە دەستپێکێکی باش لەپێناو وردبوونەوەی خوێنەران بەسەر کایە و بوارە زانستییەکاندا.