[ پەردە لابردن لەسەر شێوازی نوێی کارکردنی وەرگێڕی گووگڵ [Google Translate] لەگەڵ زمانی کوردیدا ]

ژیار ف. نەسڕەدین

لە ڕێکەوتی یازدەی ئایاری ساڵی ٢٠٢٢، کۆمپانیای گووگڵ بڕیاریدا کۆمەڵێک زمان زیاد بکاتە نێو بەشی وەرگێڕی گووگڵ تا وەک شێوەیەکی فەرمی بکەوێتە بەردەست بەکارهێنەران. ئەو ڕاگەیاندنەی گووگڵ لیستی ٢٤ زمان و دیالێکتی نوێ لەخۆ دەگرێت، لەنێویشیاندا کوردی- ناوەڕاستە. شایەنی باسە کە زمانی کوردی- ناوەڕاست لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە لە سایتی گووگڵدا کاری لەسەر دەکرێت لەپێناو ئەوەی وەک یەکێک لە بەشەکانی وەرگێڕی گووگڵدا بڵاو بکرێتەوە و لەو وادەیەوە چەند جارێک بۆ تاقیکردنەوە لەژێر ناوی جیاوازدا ئامادەیی هەبووە. جگە لە کوردی- ناوەڕاست، وەرگێڕی گووگڵ بەشێکی تایبەتی بە کوردی- ژوروو هەیە، کە ئەویان لە ساڵی ٢٠١٦ ـەوە بەردەستی بەکارهێنەرانە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ زمانی کوردی و هەموو زمانەکانی دیکە کە زیادکراون، بەڵام لەوەش سەرنجڕاکێشتر بریتییە لە چۆنییەتی زیادکردنی ئەم زمانانە بۆ سەر پلاتفۆڕمی وەرگێڕی گووگڵ و چۆنییەتی کارکردن لەسەریان لەلایەن گووگڵەوە. ئەوەی ئەم چیرۆکەی سەرنجڕاکێش کردووە ئەوەیە کە گووگڵ هەستاوە بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک شێوازی فێربوونی ئامێر [Machine Learning]ـی نوێ کە بە تایبەت بۆ ئەم زمانانە دیزاین کراون و ئەم شێوازە نوێیە کۆمەڵێک بابەتی سەرنج ڕاکێش لەخۆ دەگرێت وەک شێوازی مامەڵەکردنی مۆدێڵی ژیرییە دەستکردەکە لەگەڵ وشە و ڕێنووسەکانی زمانەکەدا. ئێمەش هەوڵ دەدەین کە لەم نووسینەدا کورتەیەک لەسەر شێوازی کارکردنی ئەم مۆدێڵە تایبەتکراوەی گووگڵ بەم زمانانە بخەینەڕوو. 

لە سەرەتای دەستپێکیدا، وەرگێڕی گووگڵ وەک زۆرێک لە فەرهەنگەکانی بەردەست بە مودێڵێکی کۆنی ژیری دەستکرد کاری دەکرد، ئەم جۆرە کۆنە کە ناودەبرێت بە ژیری دەستکردی بونیاد لەسەر بڕگە [phrase-based AI] جۆرێکە لە جۆرەکانی ژیری دەستکردی بونیاد لەسەر یاسا [rule-based AI] کە تیایدا ژیرییەکە کۆمەڵێک وشە یاخود بڕگەی وەرگێڕدراوی لەبەردەستدایە و پێکەوەیان دەلکێنێتەوە. ئەم جۆرە لە ژیری دەستکرد لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ئەلگۆریتم و داتای پێشوەختە پێدراو کاردەکات و بەپێی یاساکانی “ئەگەر س پاشان ص [if-then]” کاردەکات. نموونەیەکیش لەسەر ئەمە بەشێکی زۆری سیستەمە فەرهەنگییەکانە کە تیایاندا هەموو وشە یاخود بڕگەکان و وەرگێڕانەکانیان داخڵکراوە و پاشان کاتێک تۆ وشە یا بڕگەیەک دادەنێیتەوە ئەو وەرگێڕانەکەیت بۆ دەهێنێت کاردەکات. ئەمە جۆرێکی کۆنە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ژیریی دەستکرد، چونکە تیایدا مۆدێلەکە فێرنابێت و تەنها ئەو یاسایانە پەیڕەو دەکات کە پێیدراوە و تاکە جۆری فێربوون تیایدا کاتێکە کە وشە یاخود بڕگەی نوێی بۆ زیاد بکرێت یاخود بەشێوەیەکی دەستکرد دەستکاری یاساکان بکرێت. ئەم جۆرە لە مۆدێلکردنی وەرگێڕان لە ساڵەکانی ٢٠١٦ بەرەو جۆرێکی نوێی مۆدێل گۆڕا کە ناودەبرێت بە فێربوونی ئامێر. جیاواز لە جۆرەکەی پێشوو، ئەم جۆرە نوێیە لە مۆدێل تەنها و تەنها داتای پێدەبەخشرێت و سیستەمی ژیری دەستکردەکە خۆی بەدوای پەیوەندیدا دەگەڕێت لەنێوان ئەو داتایانەی پێی بەخشراوە. لێرەدا ئەم پەیوەندییانە لە دوو جۆردا خۆیان دەبیننەوە: پەیوەندی وشەکانی زمانێک لەگەڵ زمانەکە خۆیدا (لەپێناو دۆزینەوەی ڕێنووس و ڕێزمانی دروستی ئەو زمانە) و پاشانیش پەیوەندی ئەم زمانە بە زمانێکی دیکەوە (لەپێناو کاری وەرگێڕان). لەم جۆرە مۆدێلانەدا، کەمترین یاخود هیچ جۆرە یاسایەک نابەخشرێت بە مۆدێلەکە، لەجیات ئەوە داتای زۆر دەبەخشرێت بە مۆدێلەکە و مۆدێلەکە خۆی لەڕێی ئەم داتایانەوە پەیوەندی دەدۆزێتەوە و ئەم پەیوەندییانە بەکاردەهێنێتەوە لەپێناو کاری وەرگێڕانەکەی. بە نموونە؛ لە مۆدێلە کۆنەکەدا  ئێمە بە ژیرییە دەستکردەکە دەڵێین “وشەی سێو = apple” و ئەمە لە سیستەمەکەدا دەچەسپێنرێت و تا خۆمان دەستکاری نەکەین ئەم شتە ناگۆڕێت، بەڵام لە سیستەمە نوێیەکەدا ئێمە کۆمەڵێکی زۆری ڕستە و وەرگێڕان دەبەخشین بە مۆدێلەکە و ئەم مۆدێلە خۆی لەڕێی ئەم ڕستانەوە دەبینێت کە لە %٩٣ ی ئەو ڕستانەی لە زمانی کوردیدا وشەی “سێو”یان تێدا هاتووە وشەی “apple” لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەیاندا بەدی دەکرێت، کەواتە بە ئەگەری زۆرەوە وشەی سێو = apple. ئەوەی ئەم دوو سیستەمە جیا دەکاتەوە لە یەکدی بریتییە لە توانای فێربوون، سیستەمی کۆن ناتوانێت فێربێت، تەنها دەبێت دەستکاری بکرێت، بەڵام سیستەمی نوێ لەڕێی بڕی ئەو داتایانەی کە پێی بەخشراوە و ئەو پەیوەندیانەی کە دۆزیویەتییەوە ڕێژەیەکی ئەگەری دەبەخشێت بە واتای وشەکە و لەڕێی ئەمەوە بڕیار دەدات. واتا ئەگەر ئێمە ١٠ ڕستە ببەخشین بە مۆدێلەکە و لە نۆیاندا سێو بە apple وەرگرێڕدرابێت و لە یەکیاندا بە orange، ئەوسا ڕێژەی %٩٠ بۆ apple تۆمار دەکرێت و %١٠ بۆ orange وەک وەرگێڕان بۆ وشەی “سێو”. بە واتایەکی دی، ئەم جۆرە سیستەمە لەڕێی داتاوە فێردەبێت و ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستکاری بکرێت، تەنها لەڕێی ڕووبەڕووکردنەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک داتای دی دەتوانرێت دەستکاری بکرێت.

بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە ڕیشەییەوە کە لە مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی تایبەت بە وەرگێڕی گووگڵدا ڕوویدا، توانا و چووستی وەرگێڕانی مۆدێلەکە بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆوە دی بە ڕاددەیەک کە زۆرکەس هەستیان کرد بەوەی توانای وەرگێڕانی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، تەنانەت پرۆفیسۆر جون رێکیمیتۆی زانکۆی تۆکیۆ وەرگێڕانەکەی وەرگێڕی گووگڵی بە وەرگێڕانی کۆمەڵە وەرگێڕێک لە زمانی یابانی بۆ ئینگلیزی و پێچەوانەکەی بەراوردکرد و بینی کە لە ڕاستیدا ئەنجامەکانی وەرگێڕانەکەی وەرگێڕی گووگڵ بەڕادەیەکی بێشومار نزیکە لە وەرگێڕی ئەو کتێبە ئەدەبییانە. ئەمەش دەرخەری ئەو گۆڕانکارییە مەزنەیە کە بەسەر وەرگێڕی گووگڵدا هات لەپاش هەنگاونان بەرەو پرۆسەی فێربوونی ئامێر.

ئەمجارە با بێینە سەر وەرگێڕی گووگڵ و زمانی کوردی. زمانی کوردی و ئەو چەند زمانەی دی لە سیستەمی وەرگێڕی گووگڵدا بە زمانە سەرچاوە نزمەکان under-resourced languages لەسەر وێب ناودەبرێن. هۆکاری ناوبردنی ئەم زمانانە بەو شێوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم زمانانە لەسەر وێب سەرچاوەیان کەمتر پێ نووسراوە بەهۆی ئەوەی کە بڕێکی کەم خەڵکی بەکاری دەهێنن، یاخود بەهۆی ئەوەی کە بەشێکی بەکارهێنەران و سەرچاوەکان بە پیتی تەختە کلیلی جیاواز لە تەختە کلیلە سەرەکییەکەی زمانەکە (بۆ نموونە تەختە کلیلی عەرەبی یان لاتینی بۆ نووسینی کوردی- ناوەڕاست) بەکاردەهێنن. ئەم هۆکارەی دووەم یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی کە بەهۆیەوە مۆدێلەکە ناتوانێت ئەو سەرچاوانە بناسێتەوە، یاخود ناسینەوەیان دەبێتە هۆی بەخشینی داتای هەڵە. بۆ دروستکردنی مۆدێلێک بۆ ئەم چەند زمانە، ماڵپەڕی وەرگێڕی گووگڵ ئاماژەی بە دوو ئاستەنگی سەرەکی داوە، کە بوونەتە بەربەست لەبەردەم ڕەخساندنی ئەم زمانانە بۆ وەرگێڕان: یەکەم، کەمی ئەو داتا دیجیتاڵییانەی کە بە زمانەکە نووسراون و نادروستی کوالیتی بەشێک لەوەی کە لەبەردەستدایە. دووەم، کەمی تێکستی وەرگێڕدراوی هاوتەریبی ئەم زمانانە لەگەڵ زمانەکانی دیکە. بەهۆی ئەم دوو ئاستەنگە سەرەکییەوە، بەرپرسانی وەرگێڕی گووگڵ بڕیاریان دا کە بە شێوازێکی نوێ ئەم دوو جۆرە لە کێشەیە چارەسەر بکەن کە پێشتر ئەنجامیان نەداوە و تازەگەرییەکی نوێیە لەبارەی مۆدێلە ژیرییە دەستکردەکانی تایبەت بە وەرگێڕان.

لەبارەی کێشەی یەکەم، کە دەتوانین بە کەمی و ناباشی داتای بەردەست ناوی ببەین، وەرگێڕی گووگڵ هەستاوە بە وەرگرتنی کۆمەڵێک داتای تێکستی زۆر بۆ نێو سیستەمەکەیان کە تایبەتە تەنها بە زمانەکە خۆیەوە (بەبێ وەرگێڕانەکەیان) و لەڕێی ئەلگۆریتمێکەوە بە ناوی MAsked Sequence-to-Sequence (MASS) ـەوە هەستاون بە چارەسەرکردن و ڕێککردنەوەی ئەو هەڵە و ناڕێکییانەی کە لەنێو تێکستەکاندا هەبوون. ئەم مۆدێڵی MASS ـە چۆن هەڵدەستێت بەم کارە؟ سەرەتا ئەم مۆدێڵە کۆمەڵێک تێکستی زمانەکەی پێدەبەخشرێت کە لەڕێیەوە بۆ هەر یەکەیەک یاخود وشەیەک کۆدێک دیاری دەکات و دوا بەدوایەکدا هاتنی ئەم وشانە و شوێنیان لە ڕستەدا لەبەر دەکات. پاشان ئەم زانیارییانە دووبارە دیکۆد دەکاتەوە و ئەم یەکانە یاخود وشانەی ڕستەکەی پێدەدرێت و دەبێت خۆی بەپێی ئەو وشانەی کە پێی دراوە شوێنی ڕاستەقینەی وشەکە لە ڕستەکەدا پێشبینی بکات. ئەگەر دەرکەوت کە ئەو پێشبینییەی ئەو ڕاست بووە و هاوشێوەی ڕستەکەیە، ئەوا فێردەبێت لەم زانیارییە و ئەگەر بە هەڵەیی پێشبینی کرد، ئەوا فێردەبێت کە دووبارەی نەکاتەوە. نموونەیەک لەسەر ئەمە ئەوەیە کە ئەلگۆریتمەکە کۆمەڵێک وشەی ڕستەیەکی بە شێوەی پچڕ پچڕ دەدرێتێ، وەک “ڕۆیشت، بازار، ئەو، بەرەو” و دەبێت خۆی پێشبینی بکات کە ڕێکخستنی ئەم ڕستەیە چۆنە. ئەگەر پێشبینییەکەی بریتی بوو لە “بازاڕ ئەو بەرەو ڕۆیشت” ئەوا ئاماژەدەدرێت کە ئەمە هەڵەیە و لێیەوە فێردەبێت، و ئەگەر پێشبینییەکەی “ئەو بەرەو بازاڕ ڕۆیشت” بوو، ئەوا پێی دەگوترێت کە ڕاستە و لێیەوە شوێنی وشەکان و ئەرکەکانیان فێردەبێت. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە ئەم کارە هەمووی دوو ئەلگۆریتم ئەنجامی دەدەن، یەکێکیان پێشبینیکارە کە فێردەبێت و یەکێکی دیان ئەلگۆریتمی هەڵسەنگێنە کە لەڕێی داتای تێکستەکانەوە ئەم هەڵسەنگاندنە ئەنجام دەدات. بە واتایەکی دی؛ ئەم مۆدێڵە خۆی بە خۆی فێری ڕێکخستنی زمانەکە دەبێت تەنها لەڕێی بەخشینی داتاوە. پاش ئەوەی کە ڕێکخستنی زمانەکە فێردەبێت، ئەم مۆدێڵە دەتوانێت  خۆی ڕستەیەکی ناڕێک ڕاست بکاتەوە بەهۆی ئەو زانیارییانەی پێشتر وەری گرتووە، یاخود ئەگەر وشەی هەڵە نووسراوی بینی (وەک گوڵ- گووڵ) خۆی پێشبینی وشە ڕاستییەکە بکات و بەو پێیە چاکی بکاتەوە. لەم ڕێیەوە زۆرێک لە داتاکان پاراو دەکرێنەوە و بەکاردەهێنرێنەوە لەپێناو بەرەوپێشبردنی مۆدێلەکە.

سەبارەت بە بەشی دووەمی کێشەکە، کە دەتوانین بە کێشەی کەمیی تێکستی وەرگێڕاوی هاوتەریب ناوی ببەین، ڕێکخەرانی گووگڵ هاتن بە جۆرێکی دی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم کێشەیەدا کرد. ئەوان هاتن دووبارە هەموو زمانەکانیان لەڕێی ئەو پڕۆسەیەی پێشوو دووبارە پاراو کردەوە، واتا لەڕێی MASS. ئەمەش لەپێناو پاراستنی پاراوییەکی زمانی تایبەت. پاشان هاتن هاوتەریبییان لەنێوان ئەم زمانانەدا ئەنجامدا. ئەمە واتای چی دەگەیەنێت بۆ پڕۆسەی وەرگێڕانی نوێ لە وەرگێڕی گووگڵدا؟ ئەمە واتا کاتێک کە تۆ ڕستەیەک بە زمانێکی دیاریکراو لەنێو وەرگێڕی گووگڵدا دەنووسیت، وەرگێڕی گووگڵ پێش ئەوەی کە هاوتەریبەکەی لە زمانەکەی دیدا بدۆزێتەوە دێت دووبارە داڕشتنەوەی ڕێزمانی بۆ دەکات بەپێی ئەو پڕۆسەیەی پێشوو تاوەک بزانێت کە ئەم ڕستەیە لەگەڵ شێوازی داڕشتنەوەی زمانەکەی خۆیدا دەگونجێت یاخود نا. پاش ئەوەی کە ئەمە دەگونجێنێت، دەچێت لە زمانەکەی دیدا بە هەمان شێوە ئەم شتە دادەڕێژێتەوە لەڕێی هەمان پڕۆسە، پاشان ئەنجامەکە دەدات بەدەستەوە. واتا پڕۆسەی وەرگێڕان تەنها بریتی نییە لە هاوتەریبی کۆمەڵێک وشە و تەواو، بەڵکوو بریتییە لە پرۆسەی نووسینی ڕستەکە لەلایەن بەکارهێنەرەوە و دووبارە داڕشتنەوەی لەلایەن مۆدێلەکەوە و گەڕان بەدوای هاوتەریبەکانی لەڕێی زانیاریی داڕشتنەکەیەوە و دووبارە جارێکی دی داڕشتنەوەی بۆ سەر ئەو زمانەی کە وەردەگێڕێتە سەری. بەم جۆرە کاری وەرگێڕانەکە ئەنجام دەدرێت. 

ئەم پرۆسەیەی گووگڵ ئەنجامی دەدات پێشکەوتنێکی زۆر نوێیە لە جیهانی ئەلگۆریتمەکانی تایبەت بە زمان و وەرگێڕان. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بەرەوپێشچوونە بەرەوپێشچوونێکی گەورەیە لەپێناو خزمەتکردنی زمانی کوردی، بەڵام لێکەوتەی سەرنجڕاکێشتری دیکەی زۆریشی هەیە. یەکێک لەو لێکەوتانە بریتییە لە توانای پێشبینیکردنی مانای زمانە مردووەکان. بەهۆی ئەوەی کە ئەم جۆرانە لە مۆدێڵ بە شێوەیەکی زۆر سەرەکی مامەڵە لەگەڵ دەقی تاک-زمانی دەکەن monolingual text، کە ئەمانە وەک گوتمان ئەو زمانانەن کە وەرگێڕانیان لەسەر کەمە یان نییە، ئەوا دەکرێت ببێتە کلیلێک بۆ تێگەیشتن و وەرگێڕانی ئەو زمانانەی کە دەمێکە بەکارناهێنرێن و مردوون، ئەمەش لەڕێی ناسینەوەی ڕێزمان و شێوازەکانیان و دووبارە داڕشتنەوە و فێربوونیان. ڕاستە ئەم پرۆسەیە دەکرێت بە دوور ببینرێت، بەڵام پرۆسەی فێربوونی ئامێر، بە تایبەتی فێربوونی قووڵDeep Learning ئەم ئەستەمانەی کرد بە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر کاتێک مودێڵێکی یاری گۆ Go توانی لە شارەزاترین یاریکەری یارییەکە بباتەوە بە ١٠ ساڵ پێش ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا ئەم شتە ڕووبات. بۆیە ئەم کارەش کارێکی ئەستەم نییە و دەکرێت لەڕێی ئامادەیی ئەم مۆدێلانەوە خزمەتێکی زۆر بە خەونێکی گەورەی مرۆڤ بکرێت، کە بریتییە لە تێگەیشتنێکی دروستی ئەو نهێنییانەی کە لەو زمانانەدا خۆیان حەشارداوە.

سەرچاوەکان:

  • Isaac Caswell and Ankur Bapna, Unlocking Zero-Resource Machine Translation to Support New Languages in Google Translate, Wednesday, May 11, 2022

Link: https://ai.googleblog.com/2022/05/24-new-languages-google-translate.html

  • Gideon Lewis-Kraus, The Great A.I. Awakening, December 14, 2016

Link: https://www.nytimes.com/2016/12/14/magazine/the-great-ai-awakening.html

  • Andre Ye, Breaking Down the Innovative Deep Learning Behind Google Translate, August 15, 2020

Link: https://medium.com/analytics-vidhya/breaking-down-the-innovative-deep-learning-behind-google-translate-355889e104f1

Leave a comment