[چیرۆکی گۆرانی "زەمانە گوڵێکی دامێ و لێی ستاندم"]

ئامادەکردنی: شەهرام جەسیم

موزیسیان

چیرۆکی تێکست و گۆرانی “زەمانە” بۆ کێ وتراوە و چ پەیوەندییەکی بە قازی محەمەدەوە هەیە؟

چیرۆکی گۆرانی “زەمانە گوڵێکی دامێ لێی ستاندم” یەکێکە لە گۆرانییە جوان و دیارەکانی هونەرمەندی شاری مهاباد محەمەدی ماملێ. چیرۆکی ئەم گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو کە بەسەر خانەوادەی قازی محەمەددا دێت. تێکستەکە لە نووسینی دکتۆر شیرازییە کە خەڵکی شاری مهابادە بەڵام نازناوی شیرازی لەسەر ئەوە پێدراوە، کە لە شیراز خوێندنی تەواوکردووە. هەڵبەت لەو کاتەدا خوێندن و خوێندەواری و بڕوانامە بە شێوەیەکی کەم و دەگمەن لەناو میللەتی کورددا بوونی هەبووە. دکتۆر شیرازی کچی پێشەوا قازی محەمەد دەخوازێت، لە شەوی گواستنەوەی بووک و چوونە نێو ماڵی خۆیان، حکومەتی ئێرانی دێت دکتۆر شیرازی پەلبەست دەکات و بۆ ماوەی چوار مانگ لە زینداندا دەیهێڵێتەوە. لەم ماوەیەدا هەندێک کەس هەڵدەستن بە دروستکردنی کۆمەڵێک قسەو قسەڵۆک و بابەتی دوور لە ڕاستی بۆ کچی پێشەوا قازی محەمەد. کچەکەی قازیش کە ناوی “عیسمەت خانم”ە لەژێر فشارێکی دەروونی سەختدا دەبێت، چونکە لەو کاتەدا هەرکەسێک بگیرایە، چاوەڕوانی گەڕانەوەی لەزیندانەوە نەدەکرا، هەر بۆیە پاش دروست بوونی بارێکی دەروونی ناجێگیر و زەختێکی زۆر لەسەر دکتۆر شیرازیی دەستگیرانی ، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و خۆی دەسوتێنێت و گیانی دەسپێرێت. پاش چوار مانگ دکتۆر شیرازی بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی هەبێت لەسەر دەستگیرانەکەی، لەزیندان ئازاد دەبێت و پاشان هەواڵەکە دەبیستێت. پاش ماوەیەک دەست دەکاتەوە بە خەباتی سیاسی، دکتۆر شیرازی دووبارە دەستگیردەکرێت و زیندانی دەکرێت. شیرازی لە زیندان تێکستی ئەو گۆرانییە دەنووسێت و ڕاستەوخۆ بۆ محەمەدی ماملێی دەنێرێت، ماملێش ئاوازێکی ناوازەی بۆ دادەنێت و زۆر بەزوویی بەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە.

هەندێک بیروڕا هەیە کە گوایە ماملێ ئەم گۆرانییەی بۆ کوڕە شەهیدەکەی (شەھید نەجات) وتووە، بەڵام لەڕاستیدا چیرۆکی ئەم گۆرانییە دەگەڕێتەوە بۆ کارەساتێکی چاوەڕواننەکراو کە بەسەر خانەوادەی قازی محەمەددا هاتووە.

Related Posts

Leave a comment