[سەما فۆلکلۆرییەکانی ڕۆمانیا]

ڕاماڵ ئامانج

 

ئەم کارە یەکێکە لە شاکارەکانی موزیسیانی هەنگاری (بێلا بارتوک)، کە لە ساڵی ١٩١٥دا ئەم کارەی نووسیوە و پێکهاتووە لە شەش سەمای فۆلکلۆری ڕۆمانیا. بارتوک بە داڕشتەیەکی نوێی هارمۆنیئامێزەوە کاری لەسەر نووسینی سەماکان کردووە. سەرەتا بارتوک ئەم کارەی بۆ ئامێری پیانۆ نووسیوە، دوای دوو ساڵ کارەکەی بۆ ئۆرکێسترای ژێدار داڕشتۆتەوە. کارەکە شەش سەمای کورتخایەنە کە بە گشتی کۆی هەموو سەماکان نزیکەی پێنج خولەک یاخود کەمێک زیاتر دەخایەنێت.

پەیژەی کارەکە لە سەمایەکەوە بۆ سەمایەکی تر دەگۆڕێت، زۆربەی ئەم پەیژانە تایبەتمەندن بە موزیکی میللی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە. لە کۆندا میلۆدییە سەرەکیەکان بە گشتی بە ئامێرێک ژەنراون کە نزیکە لە ئامێری شمشاڵەوە، دواتر کە دابەشکردنەوەی بۆ کراوە بۆ ئۆرکێسترای ژێدار زۆربەی میلۆدییەکان بە ڤایۆلین دەبیستین. بە هیچ جۆرێک بارتوک گۆڕانکاری لە میلۆدییە سەرەکیەکاندا نەکردووە، بەڵام توانیوویەتی بە شێوەیەکی جیاواز لە داڕشتەی ئاوازە سەرەکییەکە هاوشان بۆ ئەم سەمایانە بنوسێتەوە. بارتوک لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی کارەکانی تەوناڵ نین بەڵام ئەم کارەی بە تەواوەتی هەستی تەوناڵمان پێ دەبەخشێت. بێلا بارتوک لەم کارەدا هەندێک پێشەکی و پاشەکی بۆ کارەکان داناوە کە بە تەواوەتی هاڕمۆنیەکەی تایبەتە بە خودی خۆیەوە.

Bot tánc / Jocul cu bâtă سەمای یەکەم

ئەم سەمایە بە خێرایی (Allegro moderato)  دەژەنرێت و ماوەی سەماکەش بە گشتی ٥٧ چرکەیە، پەیژەی کارەکەش (ئایۆلیان و دۆریان)ە، بێلا بارتوک وەک پەیژەی (لا)ی بچووک هاوشانی ئاوازە سەرەکییەکەی نووسیوە و فۆڕمی ئەم سەمایە  باینەرییە.

    Brâul سەمای دووەم 

ئەم سەمایە بە خێرایی (Allegro)  دەژەنرێت و ماوەی سەماکەش بە گشتی ٢٥ چرکەیە، بەڵام پەیژەی کارەکە دۆریانە و لەسەر پلە دەنگی (ڕێ)، فۆڕمی کارەکە باینەرییە، بە شێوەیەکی گشتی ئەم سەمایە کورتترین سەمای کارەکەیە.

 

    Topogó / Pe loc سەمای سێیەم

ئەم سەمایە لەسەر پەیژەی (نەکریز) دانراوە و بەخێرایی (Andante) دەژەنرێت، بە گشتیش ئەم پەیژەیە تایبەتمەندە بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  فۆڕمی سەماکە باینەرییە و ٤٥ چرکە دەخایەنێت.

Bucsumí tánc / Buciumeana سەمای چوارەم 

 ئەم سەمایە لەسەر پەیژەی (میکسۆلیدیان) دانراوە و بە خێرایی(moderato) دەژەنرێت.

ماوەی ئەم سەمایە ٣٥ چرکەیە و فۆڕمی باینەرییە.

Román polka / Poarga Românească سەمای پێنجەم

ئەم سەمایە بە خێرایی (Allegro)  دەژەنرێت و ماوەی سەماکەش بە گشتی ٣١ چرکەیە، پەیژەکەی لیدیانە و لەسەر پلە دەنگی (ڕێ)یە. فۆڕمی سەماکە باینەرییە.

Aprózó / Mărunțel سەمای شەشەم

ئەم سەمایە کە کۆتا سەمایە بە خێرایی (Allegro)  دەژەنرێت و ماوەی سەماکەش بە گشتی لە نێوان ١٣ بۆ ٣٦  چرکەدایە. پەیژەی سەماکە تێکەڵەیەکە لە پەیژەی لیدیان، میکسۆلیدیان و دۆریان. فۆڕمی سەماکە باینەرییە.

جێگەی باسە ئەم کارە چەندین جار بۆ سۆڵۆ و ئامێرە جیاجیاکان دابەش کراوەتەوە. بە هەموو قەبارە و پێکهاتەی ئۆرکێستراکان دابەشکردنەوەی بۆ ئەنجام دراوە، نزیکەی سەدەیەکە بە بەردەوامی ئەم کارە بە سەدان جۆر دەژەنرێت، بە شێوەیەک لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئاشنای موزیکی میللی ڕۆمانیا دەبین، هەر بۆیە ئەم کارە بە یەکێک لە شاکارەکانی موزیک و بێلا بارتوک دادەنرێت.

:سەرچاوەکان                                                    

www.imslp.com

www.musopen.org

www.universaledition.com

Related Posts

Leave a comment