[بیرەوەرییەکانی پێدرۆ ئەلمۆدۆڤار لە کەرەنتینەدا (بەشی ٢)]

بیرەوەرییەکانی پێدرۆ ئەلمۆدۆڤار لە ڕۆژانى کەرەنتینەدا (بەشی2)

من لەگەڵ مادۆنا و وارێن بییەتی

لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

 

لە بەشی دووهەمی یادەوەرییەکانی لە ڕۆژانی کەرەنتینەدا، دەرهێنەرە ئیسپانییەکە سەبارەت بە ڕزگاربوون و دەرچوونی لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوای ١٧ ڕۆژ و لە هەمان کاتدا بیرەوەرییەکانی لەگەڵ مادۆنا و وارێن بییەتی و خەڵاتی ئۆسکاردا دەگێڕێتەوە.

لە شەوی دووشەممەدا لەو کاتەوه‌ی کردە دڵڕەقانەکە (کەرەنتینکردن) ڕاگەیەنرا، بۆ یەکەمين جار هەستم بە نیشانه‌کانی تووشبون بە کلاوسترۆفۆبیا[1] کرد. بۆ ماوەیەک بە هۆی کلاوسترۆفۆبیا و ئاگۆرافۆبیاوە[2] ئازارم چەشت. دەزانم ئەم دوانە دوو جۆر نەخۆشيی لێک جودان، بەڵام جەستەی من جەستەیەکی دژیەکە، ئەمەش جۆرێکە لە تایبەتمەندییەکانی جەستەم و هەمیشەش هەر وابووە.

ئەو شەوەی کە دەمزانی بۆ ڕۆژی دواتر پلانم هەیە بۆ ئەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونەکەم بچمە دەرەوە، وا هەستم دەکرد کە خەریکم تاوانێک دەکەم، لەو تاوانانەی کە پێشوەختە کڵێشەکەی داده‌ڕێژيت. لەو چرکەساتە دەچوو کە بە هۆی کردنی كارێکی قەدەغەکراوەوە شادی و چێژێک بە دەست دەهێنیت و ناتوانیت ڕێ لە خۆت بگریت. ئەم بارودۆخەش ڕێک لە cheap [3]pulp literature دەچێت و هەر بە ڕاستيیش وابوو، بەڵام من لۆمەی کاریگەرییه‌کانی بەندبوونم لە ژوورەوە دەکەم، چونکە کاریگەریی ئەو بەندکردنە بوو کە وای لە من کرد هەست بەمە بکەم. پلانێکی بچووکم داڕشت: كڕێنى خواردن، چوونه‌بازاڕێكى باش و پێويست، لەبەر ئەوەى بە تەنیا بووم و دەبوایە پشتم بە خۆم ببەستایە، بۆیە بەیانيی ڕۆژی سێشەممە جلەکانمم لە بەر کرد بۆ ئەوەی بچمە دەرەوە و لەو کاتەدا هەستم بەوە کرد کە بە ڕاستی كارێكی نائاسایی ده‌كه‌م (خۆگۆڕین.) دوايين جار كه‌ خۆم گۆڕیبوو ١٧ ڕۆژ بەر لەو ساتە بوو، هەمیشە پۆشینی پۆشاک شتێکی قووڵ و تایبەت بووە. لێرەدا ئاماژە بە چەند بۆنەیەکی تایبەت دەدەم، کە به‌ وردى سەرنجميان خستووه‌تە سەر پۆشاکەکانم.

لە ساڵی ١٩٨٠دا و لەکاتی بڵاوبوونەوەی فیلمی Pepi, Luci, Bom[4]، هەرچەندە بۆنەی بڵابوونەوەی فیلمەکە لە سینەمادا بوو، بەڵام بۆ من لەوە دەچوو لە شانۆی کۆداک لە لۆس ئەنجلۆس بم و تەماشای فیلمەکەم بکەم. ئەمە یەکەمين جاره‌ کە بینەران لە سینەمادا و لە فێستیڤاڵی فیلم و هۆڵێکی پڕ لە خەڵکیدا بینەری کارێکی من بن، کارێک كه‌ من و هاوڕێکانم بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک سەرقاڵی درووستکردنی بووین. ئەوانەی سینەماکەیان بە جێ نەهێشت، زۆر پێکەنین. بیرمە چاکەتێکی سوور لە قوماشی ساتینم پۆشیبوو کە لە مارکێتی پۆرتۆبەیلۆ لە لەندەن کڕیبووم.

له‌گه‌ڵ ماریا بارانکۆ، کارمێن ماورا و ئەنتۆنیۆ باندێراس لەWomen on the Verge of a Nervous Breakdown (١٩٨٩) لە شەوی بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمەدا ئاهەنگێکمان ساز كرد و چەندان وێنەی جۆربەجۆرمان چرکاند. شتە گرنگەكه‌ لێرەوە ڕوو دەدات و بەیانيی دوای ئاهەنگەکە لەو ئۆتێلەی لێی دەمامەوە، پێیان ڕاگەیاندم کەسێک لە ڕێی تەلەفۆنەوە دەیەوێت قسەم لەگەڵدا بکات. دەنگی خانمێک بوو، پێی وتم دڵنیانيیە کە خۆی کاریگەريی لەسەرم دەبێت، یان نا، بەڵام دڵنیایە کە دەنگی کارم لێ ده‌كات.

(سڵاو!) ئەمە مادۆنایە. (لە ئێستادا سەرقاڵی تۆمارکردنی فیلمی Dick Tracyـم و دەمەوێت شوێنی وێنەگرتنەکەت پێشان بدەم. ئەمڕۆ فیلم تۆمار ناکەین و دەمەوێت ڕۆژەکەم بۆ تۆ تەرخان بکەم.)

لەوانەیە مادۆنا نەبێت. لەوانەیە نەخۆشێکی دەروونی بێت و بیەوێت من بۆ چەندان پارچە تێک بشکنێت و لەو زەوییە لەدەستچووەی جەیمس ئیڵڕۆی لە ڕۆمانەکەیدا باسی دەکات، فڕێم بدات. ئەگەر ئێوە The Black Dahlia بخوێننەوە، تێدەگەن باسی چی دەکەم. دایکی جەیمس ئیڵڕۆی لە یەکێک لەو خاکە لەدەستچووانەدا زۆر دڵی دەشکێنرێت. لە هەمان کاتدا دەتوانن بینەری فیلمەکە بن، كه‌ لە کتێبەکەوە وەرگیراوە و ئازیزی من Brian De Palma بە هاوبەشی لەگەڵ Scarlett Johansson و Hilary Swank بەرهەمی هێناوە. ڕاستییه‌كه‌ى فیلمێکی زۆر نایاب نییە، بەڵام بۆ ڕۆژانی کەرەنتین خراپ نییە. ئێستا دەمەوێت چەندان فیلمی نایابی ترى Brian De Palmaتان بۆ پێشنیار بکەم لەوانە: Sister، Phantom of the Paradise، Carlito’s Way، Body Double -لەگەڵ مێلانی گریفتیس و Scarface- لەگەڵ ئاڵپاچێنۆدا. بێزار مەبن کاتێک باسی The Black Dahliaـم کرد و خۆتان ئامادە بکەن و تەماشای ئەو فیلمانە بکەن کە باسم کردن و دواتر سوپاسم دەکەن. ئەمانە فیلمی ئاسان و چێژبەخشن و لە کۆتاییدا لیستێک لە پێشنیاری فیلمتان بۆ دادەنێم.

با بگەڕێینەوە بۆ لای مادۆنا

دەکرا هەمیشە ئەوە کەسێک بووبێت کە گاڵتەم پێ بكات، بەڵام لە خۆڕازیبوونم، سەرەڕای نەبردنەوەی ئۆسکار، بەس بوو کە هیچ گومانێکم نەبێت ئەوە تەلەفۆنێکی ڕاستەقینەیە. دواتر لە دەنگی مادۆناوە ناونیشانی شوێنی وێنەگرتنەکەم زانی و گەیشتمە ئەوێ و لەڕادەبەدەر دڵخۆش بووم.

پێکەوە لەگەڵ مادۆنادا شوێنی وێنەگرتنەکەمان تەی کرد و کەسێکم بینی کە لەڕادەبەدەر ڕێزى دەگرم: Milena Canonero، کە یەکێک بوو لە دیزاینەرە بەناوبانگەکانی ئەو کاتە و تا ئەو ساتە خاوەنی سێ ئۆسکار بوو بۆ هەریەک لە فیلمەکانی Chariots of Fire Barry Lyndon،  The Cotton Club، هەرسێکیان بۆ ڕۆژانی کەرەنتین پێشنیار دەکەم و دڵخوازترینی منBarry Lyndonی کوبریکە. لەم سەردانەدا بەشداریم لە وۆرکشۆپێکی Milena Canoneroدا کرد و زۆرترین کاریگەریی به‌سەرمه‌وه‌ بە جێ هێشت. هەر ئەم جۆرە شتانە بوون وایان لێ کردبووم کارکردن لە هۆڵیووددا شتێکی دڵخواز بێت له‌ لام. (خولیای کەسەکان بۆ وردەکاری.)

لەو ڕۆژەی کە مادۆنا لە مەدرید بەسەری دەبرد، من یاوەریم کرد. ئاهەنگێکی گەورەی فلامینگۆم بۆ ڕێک خست و چەندان کەسایەتيی جیاوازم بانگێشت کردبوو، وەلێ ئەو تەنها سەرسام بوو بە بینینی کەسێک: Antonio Banderas. بەڵێنم بە مادۆنا دا كه‌ بانگێشتى دەکەم، بەڵام ئەوەم پێ نەوت کە بەبێ بانگێشتکردنی هاوسەرەکەی، بینینی ئەنتۆنیۆ شتێکی زەحمەت دەبێت.

مادۆنا بڕیاری دەدا کە ئێمە چۆن لەسەر کورسییەکان دابنیشین. مادۆنا لەسەر مێزی سەرەکی دانیشت و من و ئەنتۆنیۆش لە لای ڕاست و چەپييه‌وه‌ و ئانا لیزای هاوسەری ئەنتۆنیۆی ناردە مێزێکی زۆر دوورتر لە ئێمە لەو ساڵۆنە گەورەیەی دانیشتندا. مادۆنا بێجگە لە من و ئەنتۆنیۆ و کەمێکیش سەمای فلامینگۆکە، ئیتر سەرنجی هیچی ديكه‌ی نەدەدا. دەبوایە بەشێک لەو پرسیارانەی کە پەیوەندييان بە ئەنتۆنیۆوە هەیە و مادۆنا بە تێگەیشتنيان زۆر سەرسام بوو، وەربگێڕم تا لێیان تێبگات. ئەنتۆنیۆ لە ساتی بەناوبانگبوون و دەرکەوتندا بوو، فیلمی Tie Me Up! Tie Me Down تازە لە ئەمه‌ریکا نمایش کرابوو و ڕەخنەگران و هۆڵیوود و مادۆناش لەگەڵ ئەودا کەوتبوونە خۆشەویستییەوە. بەڵام لەو شەوەدا واتا لە ساڵی ١٩٩٠دا ئەو تەنانەت وشەیەکیشی بە زمانی ئینگلیزی نەوت. لە کۆتایيی ئێوارەخوانەکەدا ئانای هاوسەری ئەنتۆنیۆ وێرای لە مێزەکەمان نزیک ببێتەوە و بە مادۆنا بڵێت: (دەبینم تۆ مێردەکەمت بەدڵە، ئەمە شۆکم ناکات، هەموو ژنان حەز لەو دەکەن، بەڵام من هیچ گرنگی بەمانە نادەم، چونکە من کەسێکی مۆدێرنم.) مادۆناش وەڵامی دایەوە و وتی: (لێرە ون بە!)

هەر لەو ئێوارەخوانەدا مادۆنا پێی وتم کە لە ئەنتۆنیۆ بپرسم ئایا ئەو حەز دەکات لە ژنان بدات؟ (سوێند دەخۆم ڕێک وای وت.) بۆ ئەنتۆنیۆم وەرگێڕا. هیچی نەوت. تۆزێک منگەمنگی کرد، بە ڕووخساریدا وا دیار بوو بڵێت من پیاوێکی ئیسپانیم و ژنێک هەرچیم لێ داوا بکات، بێ گومان دەیکەم.

لە یانزدەی جێنیوەريی ئەمساڵدا دەبوایە لە یەک ڕۆژدا بەشداریم لە دوو بۆنەی جیاواز لە لۆس ئەنجلۆس بکردایە. یەکێک لە بۆنەکان تایبەت کرابوو بە ڕێزلێنان لە خەڵکانی سەروو ٥٠ ساڵه‌وه‌. هەر لەمساڵدا Annette Bening لە پای هەموو ئەو خزمەتانەی لە بواری سینەمادا کردوونی، خەڵاتێکی وەرگرت و The Irishman خەڵاتی باشترین فیلمی بە دەست هێنا و چەندان خەڵاتی تر دابەش کران.

بە هەمان قاتی پێشوو، بە هەمان خواستی پێشووم بۆ شادی و چێژبینین لە بۆنەکە، گەیشتمە ئەو ئوتێلەی تایبەت کرابوو به‌ دابەشکردنی خەڵاتەکان. لەوێ ڕەخنەگرەکان بە هۆی دابەشکردنی خەڵاتە بەشکۆ و بەهادارەکانیانه‌وه‌ ئاهەنگیان دەگێڕا و وانەیەکیان سەبارەت بەوەی کە ئەمساڵ چی ڕووی داوە، بۆ هەموان دەگێڕایەوە. خەڵاتی باشترین فیلم بۆ: Parasite، باشترین ئەکتەر: Antonio Banderas، باشترین فیلمی نێودەوڵەتی: Pain and Glory

با بگەڕێمەوە بۆ خاڵە سەرەکییەکە، دوای ١٧ ڕۆژ خۆبەندکردن لە ژوورەوە دواجار دەرەوەم بینی. نەمدەویست ئەو ئەزموونە هەستەکییەی هه‌مبوو، لە دەستی بدەم و هۆکاری ئەمەش شتێکی گرنگ و سەرەکی بوو. کڕينی هەندێک خواردەمەنی لە یەکێک لە گۆشه‌کانی نزیک ماڵەکەم هەستێکی سەیر و نامۆ بوو، بەڵام بە ڕاستی کەشێکی تەواو ئارام و بێدەنگ و چۆڵییەکی شادیبەخش بوو. لەو کاتەدا بیرم لەوە نەدەکردەوە کە ئێستا ڤایرۆسەکەم بۆ دەگوازرێتەوە و تووش دەبم، هەستم کرد ئامادەییم لە وێنەیەکی زۆر ناوازەی مەدرید و دۆخێکی زۆر جواندا هەیە کە تا ئێستاش نازانم چۆن وێنای بکەم.

ئەمە ڕاست نییە کە من بیر لە قوربانییان ناکەمەوە. بە باشترین توانى خۆمەوە هاوکاریی هەموان دەکەم. ئێمە دەزانین کە ئەم بارودۆخە چەند ترسناک و خراپە، بۆیە ئەم بیرەوەرییانەش دەنووسم هەتا ئەم بارودۆخەم بیر بچێتەوە. ئەم جۆرە لە نووسین هەنگاوێکە بۆ پێشەوە هەتا خۆمان ڕزگار بکەین. ئەگەر له‌ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ى واقيع بوه‌ستم، دەمرم. منیش ئەمەم ناوێت.، stersەم لەوانەیەیابی ش زۆر باشلە کتەو کارەکانۆتە سەر پۆوایە پ

[1] Claustrophobia جۆرێكى فۆبیایە کە بە هۆی مانەوە لە شوێنی داخراودا تووشی مرۆڤ دەبێت.

[2] Agoraphobia  جۆرێکى فۆبیایە کە بە هۆی مانەوە لە شوێنی گشتیدا درووست دەبێت.

[3]ئەم تێرمە لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لە ئەمه‌ریکا بۆ ئەو بابه‌تانه‌ى کە لە بواری ئاکشندا لە گۆڤارە هەرزانەکاندا بڵاو دەکرانەوە، بە کار هات. مەبەستی ئەلمۆدۆڤار ئەوەیە کە چیرۆکی هاتنەدەرەوەکەی وەکوو ئەو چیرۆکە ئاکشنانە بووە.

[4] یەکێکە لە فیلمەکانی ئەلمۆدۆڤار.

Leave a comment