لە ئینگلیزییەوە: ساوێن عەلی
جیهانی ئێمە شوێنێكی جوانە و هەرشتێك كە چەند ملیۆن ساڵێك تێيدا ژیابێت، بەردەواميی پێ داوە. ئهگەرچی هەبوونی ئێمە زیانی زۆری لێ داوە، بهڵام هێشتا هەلێكمان هەیە بۆ ئەوەی بیگۆڕین. ئەو شتە ناوازەیەی كە ڕوو دەدات، ئەوەیە خەڵكى لەبارهى پێویستییەكانی پاراستنى ژینگە و دهوروبهريانهوه زیاتر هۆشيار دهبنهوه و ئاماژهكانى هەوڵدان پێشان دەدەن بۆ ئەوەی بیگۆڕن. ئێمە كاتێك باسی ژینگە دەكەین، مهبهستمان هەموو ئەو شتانەيه كە لە چواردەورماندان، نەك بە تەنها كەشوهەوا، واتا هەموو ئاژەڵەكان و ڕووەكەكان و مرۆڤەكانى كە لەسەر ئەم زەوییە دەژین، دەگرێتەوە.
ئەمانەش چەند ڕاستییەكی ژینگەیيی سەرسووڕێنەرن كە پێویستە بیانزانين:
* زیادبوونی بەكارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەكانی زەوی لە لایەن مرۆڤەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ٢٠١٥دا سێ هێنده زیادی كرد.
* سوودوهرگرتنى ئێمە لە سەرچاوە سرووشتييهكان چاوەڕێ دەكرێت لە ساڵى ٢٠١٥وه زیاتر پهره بستێنێت، به جۆرێك لهوانهيه تا ساڵى 2050 دوو هێنده زیاد بكات.
* بە پێى ڕاپۆرتى ناسا ئەگەر ڕێژەی ئەم وێرانكارییە بەردەوام بێت، ئهوا دارستانی باراناويی جیهانی لە ٢١٠٠دا لە ناو دەچێت.
* ئهگەر بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بين، تا ساڵی ٢٠٥٠ هەموو زەریاكانی دنیامان له خواردنە زەریاییەكان خاڵی كردووهتەوە.
* بەكاربەرانی كۆمەڵگه تینوون، زۆر تینوون. پڕۆفیسۆر بێنجامین سۆڤەكۆلی زانكۆی ئۆرەهۆس لە دانیمارك دەڵێت: (ئەگەر لەسەر ئەم ههڵسوكهوتهى ئێستامان لهگهڵ ژينگهدا بەردەوام بین، تا ساڵى ٢٠٤٠ هیچ ئاوێك نامێنێت.)
*دانیشتوانی جیهان، بەراورد بە سەردەمانی پێشوو، بە ڕێژەی ٢١٥ هەزار جار، لە ئێستادا زیادی کردووە.
* ئەگەر هەموو شتهكانى سەر زەوی بكەینە سەر تەرازوویەك، مرۆڤهكان تەنيا له هەزاردا يهكى كۆی گشتيی كێشی ئهم شتانه پێك دههێنن.
* تا ٢١٠٠ شارنشینهكان سێ ئهوهندهى ئێستا پاشماوە و پاشهڕۆيان دهبێت.
* ئەلەمنیۆم دەتوانرێت بە بەردەوامی بە كار بهێنرێتەوە، وەك هەتاهەتایی. ڕیسایکل کردنی تەنها یەک پارچە ئەلەمنیۆم، دەتوانێت ئهوهنده وزە بدات كه تەلەفزیۆنەكانمان بە لای كەمەوە سێ سهعات كار بكهن.
* ساڵانە ٨٠ تریلیۆن قوتوو لە لایەن دانشتوانى سهر زهوييهوه بە كار دەهێنرێت.
* بە تەنها كۆمپانیا ئەمهریكاییەكان ئەوەندە كاغەز بە كار دەهێنن كە دەتوانیت سێ جار دەورانی زەوی پێ بكەیت. (ئەوە شتێكی باشە كە بازرگانی بەرەو بەكارنەهێنانی كاغەز دەڕوات.)
* كاتێك كیسێكی پلاستیكی (عەلاگەیەك) یان هەركەرەستەیەكی پلاستیكی فڕێ دەدەیتە زەریاكانەوە، ساڵانە ١ ملیۆن بوونەوەری زەریایی دەكوژێت.
* بتڵێكی شووشە زیاتر لە ٤،٠٠٠ ساڵی پێ دەچێت تا شی دەبێتەوە.
* تەنها لە سەدا یەكی ئاوی هەسارەی ئێمە دەتوانرێت بە كار بهێنرێت. لە ئیستادا لە سەدا ٩٧ـى ئاوی زەریایە و لە سەدا ٢يشی لە جەمسەرهكاندا بەستوویەتی.
* هەسارەكەمان ههرساڵه ٧٧ ملیۆن كهس لە دانیشتوانى زیاد دەكات.
* ساڵانە، ٥٠،٠٠٠ گیانەوەری جیاواز دەبنە بەشێک لە ئاوەدانکردنەوەی دارستانە خولگەییەکانی جیهان و ناهێڵن ئەم دارستانانە، لەناوبچن. کە ڕێژەی ١٣٧ گیانەوەر دەکات بۆ هەر ڕۆژێک.
* دارستانە باراناوییەكان بە خێرایيی ١٠٠ هێکتار دەبڕرێنەوە[1].
* تەمەنی کۆنترین درەختەکانی جیهان، ٤،٦٠٠ساڵە
* لە سەدا ٣٥ـی زبڵخانەكان لە كەرەستەی پاكەت و قوتوو پێك هاتوون.
* ماددەی كیمیایيی دەستكرد بە ڕاستی لەگەڵ جەستەی مرۆڤدا ئاژاوە دەنێتەوە.
* ساڵانە زیاتر لە ٢٥٠ بیلیۆن تۆن كیمیایی بەرهەم دەهێنرێت. بە گوێرەی دەرخستنەكانی OECD-(organization for economic co-operation and development)، بەرهەمهێنانی جیهانيی ماددەی كیمیایيی دەستكرد لە نێوان ساڵەكانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٥٠دا شەش هينده بەرز دەبێتەوە.
* پیسبوون بە ئێندۆكراینە خراپبووەكانى وەك polychlorinated biphenyl) PCB) (گرووپێكی درووستكراوی كیمیایيی دەستی مرۆڤە) و dichlorodiphenyltrichloroethane (DDT) (ئاوێتەیەكی كیمیایيی بێڕەنگ و بێتام و بێبۆنە) ڕێژەی جنسییە تازە-لەدایكبووەكانی شێواندووە. كە ٢/٣ی مناڵە تازە-لەدایكبووەكان لە زۆربەی ناوچە پیسەكاندا كچن.
چەند ڕاستییەكی سەرسووڕێنەری تر:
* نیوەی هەموو خواردنە بەرهەمهاتووەكان ون دەبن یان فڕێ دەدرێن پێش یان پاش ئەوەی دەگهنە بەكارهێنەرەكان.
* دەشێت هەتا ساڵی ٢٠٧٠، تەواوی کۆمەڵەی مەرجانییەکانی جیهان لەناوبچێت؛ نزیكەی لە سەدا ٨٠ی ڕووبهرى ڕاوگەی جیهانيی ماسى بە تەواوی قۆرغ دەكرێن و نامێنن یان لە نەمان نزيك دەبنهوه؛ لە سەدا ٩٠ی ماسيی دڕندە وەك قرش و ماسيی توونە لەسەر ئاستی جیهان لە ناو دەچن.
* هەرخولەكێك پڕى یەك لۆری پاشماوهى پلاستیكى فڕێ دەدرێتە نێو زەریاكەمانەوە. ئهم ڕێژهيه تا ٢٠٣٠ دەبێتە دوو لۆری لە هەرخولەكێكدا و تا ٢٠٥٠ دەبێتە چوار.
* به ئەگەری زۆرەوه تا ٢٠٥٠ پلاستیك لە زەریاكاندا لە چاو ماسی زیاتر دهبێت.
* تا ٢٠٥٠ لە ههر ده كهس له دانيشتوانى سهر زهوى چواريان لهو ناوچانەدا دەژین كە پەستانی قورسی ئاویان لێ درووست دەبێت.
* خێرایيی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی لە نێوان ساڵانی ١٩٦٩ بۆ ٢٠٠٠دا دوو هێنده زیادی كردووه.
* بەرهەمهێنانی لۆكە پێویستی بە ڕێژهيهكى ئاوی زۆرە كە هەموو زەریاكەی بەتاڵ كردەوە (زەریای ئێڕڵ لە ئوزبەكستان،) كه بە خراپترین كارەساتی ژینگەیی لە مێژوودا تۆمار كراوە.
* ئێمە ساڵانە ٥ تریلیۆن كیسی پلاستیكی (عەلاگە) بە كار دەهێنین كه ئەوە دەكاتە ١٦٠،٠٠٠ عەلاگە لە چركەیەكدا.
* بە گوێرەی بابەتێكی ساڵى ٢٠١٨ى ڕۆژنامەی سرووشت،Great Pacific Plastic Garbage Patch (گێژەڵووكهكه لە خۆڵ و خاشاکی زەریایی لە ناوەڕاستی باکووری زەریای هێمن)ـدا ١.٦ ملیۆن كم٢ فراوان دەبێت. ئەوە هێندهى جوگرافياى وڵاتى ئێران یان زياتر له وڵاتى تێكساسە.
* كانزاكاری لە ژەهراويكردندا بە پلەی یەكەم دێت. بەرهەمهێنانی پۆڵا بۆ نموونە؛ بەرهەمهێنانی ههرتۆنێك پۆڵا دەبێتە هۆى ژەهراويبوون و بەفیڕۆچوونى ٨٠ تۆن ئاو.
[1] (پێوانەیەكە (٤٣٦٥٠)م٢)