[کۆنسێپتێکی دیکە بۆ هونەر (هونەری نێو فەزای گشتی) ]

پڕۆژەی مێیينە

هێرۆ خوسرەوی

لەم ماوەیەی پێشوودا کارێکی هونەری شۆکێك و جووڵانەوەیەکی بەرەنگارییانەی به‌ ڕێ خست، ئەویش ئه‌وه‌ بوو كه‌ خاتوونێک بە ناوی (تارا عەبدوڵڵا) کارێکی هونەریی هاوچەرخی لەنێو فەزای گشتیدا نمایش کرد. پڕۆژەی مێيینە کە ڕێككه‌وتى ٢٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ نمایش کرا و ناسێنرا، پێک ھاتبوو لە کارێکی ئینستەڵەیشنی دوور و درێژى ٤٨٠٠ مەترى. سەرەتاکەی لە باخچەی نالییەوە دەستی پێ کردبوو و بە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکیی سالمدا درێژ ده‌بووه‌وه‌ و له‌ بەردەم دادگه‌ی گشتیى سلێمانیدا کۆتاييى پێ ده‌هات. كه‌ره‌سته‌كانى ئەم کارە هونەرییە لە پارچه‌ى‌ جلوبه‌رگى ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرانبەر کراوە، پێك هاتبوو، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی تارا عەبدوڵڵا (٩٩.٦٧٨) پارچە بوون و هەموویان پێکەوە هێڵێکی نەپچڕاویان بە لێواری جاددەکاندا درووست کردبوو. هەر ئەمەش هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بینینی زیاتری ئەم پڕۆژە هونەرییە. ئەم کارە هونەرییە هەر لە سەرەتای نمایشەکەدا بووه‌ جێی دیدی زۆرێک لە دانیشتوانی شاری سلێمانی و لە ڕێگەی هەواڵ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشە بە شێوەیەکی بەرچاو پەخش بوو، لە هەمان کاتیشدا لە لایەن کەسانێکی زۆرەوە پێشوازيی لێ کرا و بووە جێی تێڕامان و دەستخۆشیکردن و هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە ئەم کارە هونەرییە وەک هەڕەشەیەک و ئەکتێکی توندوتیژی لێکدانەوەی بۆ کرا و کەسانێکی زۆر هەم ناڕەزایەتییان دەربڕی و هه‌م کاردانەوەی زۆر نەشیاويشیان بەرانبەر بەم کارە هونەرییە هەبوو، وەک سووتاندنی بەشێکی ئەو کارە هونەرییە و بڕیاری کۆکردنەوە و هەڵگرتنی (ڕاگرتنی) ئەم کارە هونەرییە لە لایەن سیاسییەکان و بەڕێوبەرایەتییەکانەوە.

وێڕای دەستخۆشی و پاڵپشتیکردنم بۆ ئەم پڕۆژەیە، پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم و هەڵوەستەيان لەسەر بکەم. بە دڵنیاییەوە ئەم کارە ناکرێت بڵێین تاکە پڕۆژەیەکی لەم چەشنەیە، کە هونەر لەنێو چوارچێوەکانی گالێری و مۆزەخانەکان دەهێنێتە دەرەوە و فۆڕمێکی دیکەی پێ دەبەخشێت -ئەکتی هونەر بۆ هونەر یاخود هونەری جوان بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە و هونەرێکی دیکە دەخوڵقێنێت یان بە دەربڕینێکی دیکە بەسیاسییکردنی هونەر و گەڕاندنەوەی هونەر بۆ جەماوەر، نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە لە پێگەیەکی ئابووری و کولتووریی باشتردان و توانی کڕینی هونەر و سەردانکردنی پێشانگا هونەرییەکانیان هەیە- چونکە بەر لە هونەرمەند تارا عەبدوڵا چەند هونەرمەندێكى دیکەش هەبوون کاری زۆر گرنگی پێرفۆرمانس و لەم چەشنەیان لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا کردووە. بێ گومان دەکرێت ته‌نانه‌ت ئەم کارە وەک کارێکی كرچوکاڵ هەڵبسەنگێنرێت و تەنانەت لە هەندێک لایەنیشەوە ببێتە جێگەی ڕەخنە، لەبەر ئەوەی شێوەکارێکی هونەری لە ئێستادا بۆ کوردستان زۆر تازەیە و دەکرێت لە داهاتووشدا لە ڕێگەی ئەزموون و بەشداریی زێدەتری هونەرمەندانه‌وه‌ لەم بوار و چەشنە هونەرەدا کاری زۆر گرنگتر لەمە بکرێت و هەروەها هیچ بەرهەمێکیش بۆ ئەوە نییە ڕەخنە نەکرێت. هەر خودی بەرهەم لە پێناوی ڕەخنەدا بەرهەم دەهێنرێت. هەر ئەمەش ئومێدی منە، بەڵام نەک سووتاندن و داگرتنی، لەبەر ئەوەی کەسانێک پێیان وابێت کە ئەم کارە سیمای شاری ناشیرین کردووە یاخۆ سووکایەتیی بە توندوتیژیکەران کردووە. ئەم کارە ئیتر تەنیا پێدانی دەنگ نییە بە قوربانییەکانی توندوتیژی، بەڵکوو دووبارە نمایشکردنەوەی ئەکتەکانی توندوتیژیکەرانە، کە لەم کۆنسێپتە هونەرییەدا زیاتر جەخت کراوەتە سەر توندوتیژیی کۆمەڵگه‌ی باوکسالاری (نێرسالاری) بەرانبەر بە ژنان. لایەنێکی دیکەش کە زۆر بە تامەزرۆییه‌وه‌ چاوەڕێى‌ بووم لەم کارەدا نمایش بکرێت، هەڵبژاردنی هەموو شێوەكانى پۆشاکى‌ ژنانه‌ بوو، ڕوونتر بڵێم، مەبەستم لە هێنانى پۆشاکەکانی ژێرەوەی ژنانه‌ بەبێ هيچ ئەکتێکی شەرمنانە، کە بە خۆشیاڵییەوە بەشێک بوو لە پێکهاتەی ئەم کارە هونەرییە.

هونەر و هونەرمەند

هونەر بە گشتی کۆمەڵێک بەها دەگرێتە خۆی و هونەر یانی دواندن، دەربڕین، دەرککردن و داڕشتنی کۆنسێپتی نوێ. لە ڕێگەی هونەریشەوە هونەرمەندان دەتوانن پەیامێکی دیکە بگەیەنن و کەسانی بەرانبەر و ئاڕاستەکراو بدوێنن، بۆیە هونەر ڕۆڵیکی بەرچاو لە بەریەککەوتنی پڕۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و دژیەکەکانیشدا دەبینێت. بە دەربڕینێکی دیکە هونەر واتا هەرئەکتێکی مرۆیی کە لە هزر، ڕاهێنان، وێناکردن و وێناوەرگرتنەوە سەرچاوەی گرتبێت، هونەر کاردانەوەیەکە و بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیە لە بونیادی سیاسەت و کۆمەڵگه‌یەکی تەندرووستدا، هونەر ئاوێتەبوون و ڕەنگدانەوەیەکە لەگەڵ سیاسەت و واقیع و کۆمەڵگه‌دا. هەرکارێکی هونەری دنیابینی و دەرککرنی هونەرمەندەکە خۆيه‌تى. بە دڵنیایشەوە حەقیقەتی ئەو هونەرمەندەشی لە خۆیدا حەشار داوە. ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە کە پانتاییەک بۆ تێفکرین و تێڕامان بخوڵقێنێت، ئیتر پەسەندبوون و ناپەسەندبوون بە جوانبینی و ڕقلێبوونەوە یان هەبوونی کارکرد و بێباکی دەکەوێتەوە سەر کەسی ئاڕاستەکراو و سەلیقە و توانی تێگەیشتنی. هەر ئەمەش ئەو دیلەمایەیە کە خۆمانی تێدا دەبینینەوە، ئەگەر بڕاونینە مێژووی هونەری، دەبینین بۆ هەرسەردەمێک پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ هونەر هەبووە و بەرهەمە هونەرییەکانیش سەلمێنەری ئەوەن. بۆ نموونە بەرهەمە هونەرییەکانی ڤان كۆگ بۆ ئەو سەردەمەی خۆی بایەخێکی ئەوتۆیان نەبوو، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا پێوەرەکانی هونەر و دنیابینيی هونەری لەژێر کاریگەرییەکانی لۆرد و بنەماڵە دەوڵەمەندەکاندا بوو و خواستی ئەوان هونەرێکی دەقاودەق و ئایدیاڵە سرووشتییەکان بوو. ڤان كۆگ بە پێچەوانەوە به‌ دنیابینیيه‌كى دیکەوه‌ لە نێوجەرگەی دڵی کەسانی زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەوە هاتبووە دەرەوە، مەینەتی و سەختییەکانی ژیانی خۆی و خەڵکانی چینی هەژاری وێنا دەکردەوە، کە خودی ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی لە سەردەم و شوێنی خۆیدا پێشوازيی لێ نەکرێت. سەدەیەک لەمەوپێش چەمکێکی دیکە لەنێو هونەردا درووست بوو، ئەویش چەمکی (ئەبستراکت) بوو، کە وەک دژەلایەنێکی ئەم ئایدیاڵە سرووشتی و دەقاودەقانە خۆی پێناسە کرد، وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ بینینی حەقیقەت و پێچەوانەی تەنیا وێنەکێشانەوە. دەکرێت ئەم دەقاودەقییە تا پێش هاتنی فۆتۆگرافی گرنگییەکی خۆی هەبێت لە مێژووی هونەریدا، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی فۆتۆگرافی و سینەمادا هونەری وێنەکێشانەوە ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەما، مەگەر ئەوەی هونەرمەند بیەوێت لەو ڕێگەیەوە پەیامێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەر بە واقیع بگەیەنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەش ئیتر پێویست ناکات هونەر هەمیشە چێژبەخش و ئێستاتیکی بێت، بەڵکوو پێویستە هه‌ژێنه‌ر (بزوێنەر) و  تووڕە بێت، بە شێوەیەک ئازارمان بدات و چاو لە چاوەکانمان ببڕێت، پێویستە هەراسانمان بکات و نەتوانین لە بەرانبەریدا خۆمان ڕابگرین. هونەری هاوچەرخ چاوێکی دیکەی بە هونەرمەند بەخشیوە، کە ئیتر ئەرکی دووبارە-کێشانەوە و هەمانبینەوەی نەبێت وەک هونەرمەندانی پێشتر و خەڵکی ئاسایی، بەڵکوو بتوانێت بە چاوێکی دیکەوە لێکدانەوە بۆ دیاردە و کێشەکانی دەوروبەری بکات. هەروەها خۆی تەرخان بکات بۆ کارێک کە نۆرم و کۆتوبەندەکانی کۆمەڵگه‌ تێک بشکێنێت. هونەر و هونەرمەند بەرهەڵستکارن.

گواستنەوەی هونەر بۆ نێو فەزای گشتی

 

هونەر لەنێو فەزای گشتیدا پێچەوانەی نەریت و پێوەرە کلاسیکەکان -کە ئۆبێکتەکان لەنێو ڕووبەرێکی دیاریکراو بۆ هونەر و هونەرمەندان و ئارەزوومەندانی هونەر دەخرێنە نمایشەوە و دەناسێنرێن- هونەرێکە بۆ  دووبارەکارکردنەوە لەسەر کاریگەری و کاردانەوەی کارکردن (لێرەدا مەبەستم لەو هونەرەیە کە لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە جووڵەیەک لە فەزای گشتیدا درووست دەکات، هەر ئەمەش زەمینە بۆ دووبارەکارکردنەوە و بۆ بەگەڕخستنەوە خۆش دەکات.) فەزای گشتی بۆ هونەرمەند وەک تاقیگەیەکە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت، چونکە هونەرمەند لەنێو ئەو واقیعەی کە تێیدا نغرۆ بووە هەوڵ دەدات لەو حەقیقەتەی کە ئێمە دەیبینین ڕابکات و لە هونەردا بە قەڵغانی هونەرەکەیەوە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نێو فەزای گشتی. ئەو هونەرمەندانەی کارە هونەرییەکانیان لەنێو هۆڵ و گالێری و مۆزەخانەکاندا نمایش دەکەن، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە قەتیسکردنی هونەر لەنێو چوارچێوەیەکی پەنگخواردوودا، کە سووڕێکی دووبارە لە دەرککردن و گفتوگۆی نێوان چەند توێژێکی نیمچەجیاواز بەرهەم دەهێنێت، کە بێجگە خۆسەرقاڵکردنیان بە خشڵ و زەخرەفە و چوارچێوە زێڕینەکانی نێو گالێری و مۆزەخانەکانه‌وه‌ بەر شتێکی دیکە بۆ دەرککردن ناکەون، بۆیە هونەرمەندانی نێو گالێرییەکان هیچ کات ناتوانن بەو واقیعە بگەن.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش پێناسەکردنی فەزای گشتی لەم ساتەدا هێندە ئاسان نییە. وەک ئاشکرایە بە هۆی کاریگەرییە دیارەکانی بەتایبەتیکردنى (شوێنە گشتییەکانی شار، بوار و کەرتە گشتییەکان، ڕاگەیاندنەکان، دەستگاکانی کۆنتڕۆڵ و چاودێری) ناتوانرێت فەزایەکی گشتيیش ببینرێتەوە. فەزای گشتی بە بڕوای من فەزایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە، کە تێیدا تەنیا مەبەست لە شوێن و جادەوبان و سێکتەرە حوکوومییەکان نییە، بەڵکوو هەموو ئەو شتانەی کە بە شێوەیەکی کۆلێکتیڤی دەکرێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بە دڵنیايیشەوە دەکرێت لەنێو فەزای مەجازيیشدا ڕوو بدات. فەزای گشتی شوێنێکە کە هی هەموان بێت، هەواکەی، ڕووناکییەکەی، دارەکانی، شوێنەکەی بۆ مانەوە و… هتد هى هه‌موان بێت. بە هۆی گۆڕانی بارودۆخ و ئه‌و سیستەمە سیاسییانەی کە لە ئێستادا باڵادەستن و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ وەک مۆنستەرێک قەبارەیان زیاد دەکات، دۆخێکی کۆمەڵایەتیی وا درووست بووە کە کۆمەڵگه‌کان بەرەو تاکگەراییەکی ڕووت هەنگاو دەنێن، لە ئێستاشدا فۆکۆسێکی ڕاستەوخۆ خراوەتە سەر ژیانی تاکگەرایی و پێوەر و بنەما خۆپەرستییەکان، هەر ئەمەش شوێن و پانتایيی بۆ بەتایبەتیکردن و بێبەهاکردنی ژیانی هاوبەش ڕێک خستووە، بۆیە فەزای گشتیيش وەک فەزایەک کە هی هەموانە وەرناگيررێت، بەڵکوو وەک شوێنێک کە هی هیچ کەس نییە. بە دیاریکراویش لەم سەردەم و ساتەی ئێستادا کە نیولیبڕالیزم و بەتایبەتیکردنی هەموو فەزا گشتییەکان لە گەشەیەکی خێرادایە کارێکی هونەریی لەم شێوەیە دەکرێت وەک ئەکتێکی سیاسيی دژ بە بەتایبەتیکردن و قەتیسکردن لێکدانەوەی بۆ بکرێت. دووبارە گەڕاندنەوەی هێز و دەسەڵاتی چینی ژێردەستە و ستەمدیدە و خۆپێناسەکردنەوەیان لەنێو فەزای گشتیدا. دەبێت دووبارە جەخت لەسەر ئەوەش بکەینەوە کە مەسەلەی ژنیش بەشێکە لەم پڕۆسەیە و بایەخپێدان و ورووژاندنی پرسەکانی ژن بەشێکی دانەبڕاو و سەرەکيی ئەم ئەکتە سیاسییەیە.

فەزای گشتی کە بە شێوەیەکی کراوە بۆ هەموان بەردەستە، بە تایبەت ئەو کاتەی کە هونەرمەند خۆی بە بەشێک لەو  فەزایە دەبینێت، ئیتر ئەو فەزایە دەبێته‌ شوێنێک بۆ بەکارهێنان و پێناسەکردنی ئایدیاکانی. ئەوەی کە ئەم کارە هونەرییەی تارا عەبدوڵڵا دەنگدانەوەیەکی خێرای هەبوو، دەرخەری ئەوەیە کە هونەر دەبێت بەشێک بێت لە تێڕوانین و هەستپێکردنی ڕاستەقینەی هونەرمەندەکە بۆ ئەو شتەی کە دەیەوێت پێشانی بدات، بە تایبەتی کاتێک دەبینین ئەم کارە هونەرییە نەک تەنیا فۆڕمێکی فێمێنیستانەی بە خۆیەوە گرتووە، بەڵکوو هەوڵی داوە لە ڕێگەی هەستکردن بە ئازار و سەختیی ژنه‌وه‌ ئەم ئازارە بگوازێتەوە بۆ نێو شەقام و پیشانمان بداتەوە. تارا دەیەوێت هونەر لێرەدا لەنێو دۆخێکی تەواو پاسیڤی نێو دنیا بازرگانییەکان و کێبه‌رکێ و گەندەڵیدا بە خەبەر بهێنێتەوە و وەک تەکانێکی توند هونەر چالاک بکاتەوە. ئەم هونەرەی نێو فەزای گشتی زیندووە و بەرهەڵستکارە و هەوڵ دەدات لەبارەی ژیانی ڕاستەقینەوە بزانێت ئەویش بەو دەرفەتەی بۆ گفتوگۆ و قسەکردن لەنێو خەڵکدا بە شێوەیەکی شپۆنتانیتی دەیڕەخسێنێت.

کاردانەوەکان

وەک بینیمان هەر خێرا کاردانەوەی زۆر بەرانبەر بەم پڕۆژە هونەرییە درووست بوو، لەوپەڕی کۆنزەرڤاتیڤ و کۆنەپارێزەکانەوە (نەریتپارێزەکان، دیندارەکان، سیاسەتمەدارانی سەر بە حيزبە باڵادەستەکان) تا دەگاتە (بە ناو) بەرەی خوێندەواران، ڕۆشنبیران و نووسەران. هەموویان بە بیانووی جۆراوجۆر دژی ئەم بەرهەمە وەستانەوە، هەندێک بە ناوی بەرگریکردن لە بەها باو و ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگه‌، هەندێک بە ناوی پاراستنی سیمای شار، هەندێکی دیکە بە ناوی ئەوەی کە هونەر بەهای کتێبی نییە و ژنان ناخوێننەوە. لەناو ڕێژەی هەرەزۆری کاردانەوەکاندا پیاوانن، ئەمەش تەنها خاڵێکمان بۆ زەق دەکاتەوە: هەموویان وێنەی توندوتیژانەی خۆیان لەناو ئەم بەرهەمەدا دەبیننەوە، ڕوونتر، واتا هەموویان نایانەوێت ئازارەکانی ژنان ببینن، چونکە خۆیان بە جۆرێك له‌ جۆره‌كان تێیدا بەشدارن. لە کوشتن بە ناوی شەرەفەوە لە لایەن کۆنەپارێزان و ئیسلامیست و شەرەفپارێزانەوە تا بەرەی ڕۆشنبیران کە بە جۆری خۆیان لە سەرکوتكردنى ژناندا بەشدارن؛ هەم لە داگیرکردنی کۆی بوارەکانی نووسین، هونەر و ئەدەب بۆ پیاوان و هەم بەپاشکۆکردن و بەشتکردنی ژن وەک جەستەیەکی سێکسیی بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووی نووسەران و ڕۆشنبیران. کەم نین ئەو ژنانەی چەندە قوربانیی دەستی مەلا و سیاسی و کۆنەپارێزەکانن، هێندەش قوربانیی دەستی بە ناو نووسەران و ڕۆشنبیرانن. بەرهەمەکەی تارا عەبدوڵڵا ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەردوو بەرەکە لە هەڵدانەوەی لاپەڕە ڕەشەکانیان دەترسن، ئەم پڕۆژەیە ئاوێنەیەک بوو هەموویان خۆیان تێدا بینییەوە. هەروەها بیانووی ناشرینکردنی سیمای شار، یەکێکی دیکەیە لەو بیانووە زۆر مەترسیدارە باوکسالارانەيه‌. شار ڕۆژانە پڕ ده‌بێت لە زبڵ، شەقامەکانی بە خوێنی ژنان سوور بوون، لە شه‌قامى مەولەوییەوە تا دووڕێیانی سەرچنار پڕیەتی لە پەیکەری ناشيرینی پیاوان، هەمان ئەو بەرانە بەرگريیان لەو پەیکەرە پیاوانەيه‌ کردووە.

بیانووی ئەوەی هونەر بەهای نووسینی نییە، بیانوویەکی مەترسیداری سەرجەمی بە ناو نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردە. نووسەری کورد تا ئەم ساتە لە هونەر تێنەگەیشتووە، بە عەینەکە کۆنەپارێز و جیهانبینییە سنووردارەکەی خۆی لە هونەری ڕوانیوە، کڵێشەیەکی داتاشیوە کە بەو پێیە هونەر بپێوێت. هونەرمەند ناچار نییە فەیلەسووف بێت، هەموو مێژووی دنیای لەبەر بێت، لە کاتێکدا ئەو نووسەرانەش خۆیان ئەو جیهانبینییەیان نییە. هونەرمەند بۆ ئەوەی بەرهەمێکی هونەری بخوڵقێنێت، پێویست ناکات زانا و مێژوونووس بێت، چونکە لەو حاڵەتەدا هەم کۆسپ لە بەردەم ئازادییەکانیدا دادەنێت و هەمیش ئیتر کە وابوو پێویست ناکات هونەرمەند بێت، بەڵکوو با وەکوو ئەوان ببێتە نووسەر. هونەرمەند زۆر جار کوێرە، بە هۆی ئەوەی نایەوێت وەک ئێمە ببینێت، بەرهەمێک دەخوڵقێنێت، کە هەموان سەرسام دەکات و ئەو شتە ڤیژوەڵایز و بە وێنەیی دەکات، کە ئێمە نەماندەتوانی بیری لێ بکەینەوە. ئەکتی هونەری هەم ئێستاتیکییە و هەم سیاسی. ئێوە ئەگەر لە هونەر تێناگەن، لێگەڕێن با هونەرمەند کاری خۆی بکات!

Leave a comment