سهبارهت بە پڕۆژە هونەرییەکەی تارا عەبدوڵڵا
شادیار شۆڕش
سهعات نۆى سەرلەبەیانییە و وەک هەمیشە بە خۆم و جانتاکەمەوە کە لاپتۆپهكهمى -ئەم جارە ئاهەنگی ماڵئاواییەکەی میلان کۆندێراش- تێدایە لە ماڵ دێمە دەرەوە. دەرگهی ئۆتۆمبێلەکەم دەکەمەوە و دەست بە لێخوڕین دەکەم. گۆرانییەکی زیرەک یان هایدە پێ دەکەم و بیر لە پلانی ئەو ڕۆژەم دەکەمەوە. دەڕۆم و دەڕۆم تا دەگەمە نزیک دادگهی سلێمانی. هەمیشە بەیانیان لهبهر ئهوهى وزهم زۆره، بە باشی لە شتەکان ڕادەمێنم.- دیوارەکان، کەسەکان، ئۆتۆمبێلەکان و زۆر شتی تریش… ئەو بەیانییە هەستم بە شتێکی نامۆ و نوێ کرد، (جلوبەرگ بە دارتێلهکانی شارەوە!)
لهناكاو هەستم کرد شتێک بە ڕێوەيه، بەڵام نەمدەزانی چییە. کات دهڕوات و ئێوارە لە کار دەگەڕێمەوە و بە هەمان شەقامدا، دیسان هەمان شت و هێشتا نازانم چی دەگوزەرێت! بە وردی سەیری ئەو کاره دەکهم. كهسانى تر کە لە ترافیکەکاندا بە تەنیشتمەوە دەوەستن، هەر ئاگایان لەوه نييه کە دارتێلهكانى شار چييان پێوەیە و چی دەگوزەرێت! هەندێکیان سەرقاڵی مۆبایلەکانیان و هەندێکی تريان تەماشای جەستەی ژنان دەکهن و هەندێكیشيان گۆرانییەكى ناخۆش و بێتاميان گرتووه… بە هەرحاڵ دەگەمە ماڵەوە و یەکسەر دەست بۆ مۆبایلەکەم دەبەم، دەبینم وەک هەمیشە ڕووداوێکی نوێ ڕوو دەدات. فەیسبووک پڕ بووه لە ستاتووس و پۆست سەبارەت بە ڕووداوی ئەو ڕۆژە: (خانمێکی شاری سلێمانی پڕۆژەیەکی نوێی ڕاگەیاند.) دەبینم پڕۆژەکە بریتییە لە کۆکردنەوەی جلوبەرگی ئەو خانمانەی کە دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر. دنیایەک نووسین و شتی جۆراوجۆرم خوێندەوە. هەندێکیان مووی پیاوەتییان هەڵسابوو و بە ڕاستوچەپا قسەیان بهم پڕۆژهيه دهوت، هەندێکی تریش به شێوهيهكى جيددى ڕەخنەیان لێ دهگرت. منیش لە ئێوارەیەکدا بڕیارم دا چەند شتێک بڵێم.
شار و شەقام وەک پانتاییەک بۆ شۆڕش
سەرەتا پێویستە بڵێم من تەواو بەم کارەی تارا سەرسامم. پڕۆژەیەک لە دڵ و دەروونی تاریکی چەندان کەسی خێڵەکی و تاریکپەرستهوه. لە هەمووی گرنگتر، تارا نەهات لەنێو چوارچێوەی هۆڵێكی داخراودا پێشانگهیەک بکاتەوە و چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن کە بەرپرسن لە بەشێكی زۆری نەهامەتییەکانی ئەم وڵاتە بانگهێشت بکات و ڕاپۆرتە بێماناکانیان بکەن و ئیتر تەواو و بیر بچیتەوە. نەخێر، تارا هات لە دڵی شاردا لەنێو شهقامدا کە گرنگترین پانتاییە بۆ شۆڕش، پڕۆژەکەی خۆيى ڕاگهياند، کە واتە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کردە گرنگەکەی مۆدێرنە: یاخیبوون لەنێو شەقامدا؛ پێكگەیاندنی تیۆرى و پراکتیک. شۆڕش لێرەوە دەست پێ دەکات. من لێرەدا لەسەر بەهای هونەری قسە ناکەم، (ئەوە کاری ئەوانەیە کە پسپۆڕییان لە من زیاترە -هەرچەندە کارەکەی تارا لای من کردەیەکی تەواو هونەری، مۆدێرن، ڕادیکاڵە و جێگەی ڕێزە-) بەڵکوو دەمەوێت بە گشتی خوێندنەوەیەک بۆ بابەتەکە بکەم و چەند ڕەهەندێکی فیکریی پڕۆژەکە کە من هەستم پێ کردووە، باس بکەم. دەگەڕێمەوە بۆ بنەڕەتيترین خاڵی ئەم ئیشە.- تێگەیشتنی تارا له شوێن، شوێن یاخۆ پانتایيی کارکردن لەم پڕۆژەیەدا تەواو نوێ و گرنگ و جێی بایەخە. هونەرمەند لەم کارەیدا شوێنێکی هەڵبژاردووە کە شوێنی هەموانە و شۆڕشگێڕانە ئەم بڕیارەی داوە، بە پێچەوانەی ئەو بیرە سەرمایەدارییەوه کە هونەر بۆ چینێک تەرخان دەکات بە بلیتکڕین و کۆمەڵێک ڕێكاری تری بێمانا دەیانەوێت هونەر بۆ نوخبەیەک تەرخان بکەن. تارا دەزانێت پێویستە لە دڵی شار بدرێت تا بزانن ههتا ئێستا چ نەهامەتییەکیان بۆ ژن درووست کردووە! لێرەوە تێدەگەین کە هونەر ئیدی دەبێت بێتەوە ناو خەڵک و لەنێو هەموو چین و توێژە جیاوازەکانەوە خۆی مانیفێست بکاتهوه. تارا بەم کارەی زەنگی دروستبوونی کولتوورێکی نوێی ڕادیکاڵی بە گوێی هەمواندا دا. دووبارە ئەوەی سەلماندەوە کە هونەر لە ژیان و کردەی ڕۆژانەی ژیانمان دانەبڕاوە. بێ گومان کولتووری ڕادیکاڵیش لە مارکسیزمەوە سەری هەڵدا و مارکسیزمیش بە ڕوون و ئاشكرایی منداڵی ڕۆشنگەری بوو، بەڵام منداڵە ڕادیکاڵ، شۆڕشگێڕ و نوسخە خۆڕەخنەییەکهی ڕۆشنگەری بوو.[1] لێرەدا پێویستە ئەوە ڕوون بکەمەوە کە هیچ ئیرادەیەک لەم نووسینەدا نییە کە بیەوێت کارەکەی تارا بخاتە قاڵبێکی ئایدۆلۆژییەوە، تەنها دەمەوێت باس لەوە بکەم کە هەڵبژاردنی شوێن لەم پڕۆژەیەدا تەواو کردەیەکی سیاسی-شۆڕشگێڕییە و بە هەموان دهڵێت ئیتر دەبێت شەڕەکە لە تیۆرييەوە بۆ پراکتیک، لە سووچ و چوارچێوەی ماڵەکانەوە بۆ شەقام و لە پشتی مۆبایلەکانەوە بۆ واقيع بگوازینەوە.
ئەگەر تەماشایەکی مێژووی مۆدێرنە بکەین، چەندان بزاڤى سیاسی، جەماوەری، هونەری و ئەدەبی دەبینین کە چۆن کۆی گشتيی ئەمانە دژایەتییەکی تەواوی پیرۆزی و دۆخی باویان کردووە! خوێندکارانی ٦٨مان لە بیرە، کوڕان و کچان شانبەشانی یەکتری دژی چەند ڕێکارێکی حوکوومی کە پێیان وابوو مافەکانی ئەوانیان زەوت کردووە، ڕژانە سەر شەقامەکان و دواتر بزاڤهكهيان هێندە گەورە بوو کە چەندان فەیلەسووفیان لەگەڵ خۆیاندا هێنایە نێو شەقامەکانهوه. لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک لەسەر ئهو دێڕهى كه دهڵێت: (خەیاڵ خەریکە دەسەڵات دەگرێتە دەست) بكهين. خوێندکارانی ٦٨ پێیان وتین خەیاڵی ئەوان وا خەریکە دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەی با تێڕامێنین و بزانين دۆخی باو یان خەیاڵی زۆرینە کە لە کۆمەڵگهی کوردیدا وا دەسەڵات دەگرێتە دەست، چ جۆرێک لە خەیاڵە؟ بێ گومان ئەو خەیاڵەیە کە تارا لە کارەکەیدا پێمان دەڵێت.- (ژنکوژ، ڕەیپست، خێڵەکی، دۆگماتیست) و چەندان نموونەی تر. ئەی کاری هونەريی ڕادیکاڵ چییە؟ (درووستکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.) لەم سۆنگەیەوە کارەکەی تارا تەواو ڕەخنەیی و عەقڵانی بوو، کارێک کە تاکەکانی کۆمەڵگه بەرگەی نمایشکردنیان نەگرت و هێرشیان کردە سەر. کارێک بە پانتۆڵ و ستیان و جلی ژێرەوەی ژنان بووە دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ و کاریگەر. پێی وتین کە چەندە شەرم لە جەستەی خۆمان دەکەین و هەمیشە هەوڵی شاردنەوەی دەدەین. تارا دووبارە بە هەموانی وت ئەوەی پێویستە ئەوەیه ڕەخنەیيانە بیر بکەینەوە، بگەڕێينەوە بۆ لای نەریتە ڕەسەن و ڕەخنەییەکەی مۆدێرنە و هەوڵ بۆ کاری جيددی و پراکتیکی بدەین.
ئهگهر بێینە سەر باسی کاردانەوەکانی دوای ئەم کارە هونەرییە و ئەمە دوايين باسی ئەم نووسینە کورتە بێت. کارە هونەریییەکەی تارا جگە لەوەی بۆ هەموان وریاکەرەوە بوو، بە تایبەت بۆ ئەوانەی کە چەندان ساڵە دەیانەوێت لەژێر هەرناوێکدا بێت، ڕەوایەتیی بە هەموو ئەو توندوتیژییانەی دژی ژنان دهكرێن بدەن، لە هەمان کاتیشدا لە مەترسيی مێنتاڵێتی و شێوازی بیرکردنەوە و بونیادی سایکۆلۆژيی تاکی کورد ئاگاداری کردینەوە. ئاگاداری کردینەوە لەوەی چەندە ژینگەی ئێمە ژینگەیەکی دژەژن و نامرۆڤانەیە! زۆربەی زۆری ئەوانەی دژایەتيی ئەم پڕۆژەيهیان دەکرد، هیچ ئارگومێنت و قسەیەکی هونەرییان پێ نەبوو. هەر ئەوانە بوون کە ژن بە ئینسانی پلەدوو دادەنێن و لەژێر ناوی شەرەف و لەپێناو ناوگەڵیاندا ژن دەکوژن. لە ڕێگەی ئەم کارەوە زانیمان چەندە لە کۆمەڵگهیەکی ترسناکی دۆگماى پڕ لە مرۆڤی گرگن، مەلای توندڕەو، باوکی نەزان، مامۆستای نەخوێندەوار، فەرمانبەری گەندەڵ و دەیان نموونەی تردا دەژيین.
لە کۆتاییدا دهگهڕێمهوه سهر چیرۆکەکەی سەرەتا.- کات وا دەبێت بە دوانزەی شەو و بە توێى تیشێرت و شۆرتێکەوە -کە ئێستا ئهگهر یەک لە پیاوسالارەکان بمبینێت، دەڵێت توخوا تۆ پیاویت؟ ئاخر ئهم جلانه چین لە بەرتا!- دانیشتووم و سەبارەت بە پڕۆژەیەکی هونەری خوێندنەوەیەک دەنووسم. وا دەگەمە دێڕەکانی کۆتایی و دەمەوێت سوپاسی تارا عەبدوڵڵا، خاوهنى پڕۆژهكه بکەم؛ ئەو کەسەی هێندەی هەموو قوماشەکان خۆشم دەوێت. دواتر کۆتایی بە نووسینەکە دەهێنم و بە نۆشکردنی پێکێک شەراب و پێکردنی گۆرانییە بەناوبانگەکەی نینا سایمۆن؛ Ain’t Got No, I Got Life، کە تەواو بۆ مافەکانی ژنان وتراوە و بەرگرییە لەو ڕەگەزە جوانیهێنەی مرۆڤ کە بە ژن ناسراوە، کۆتایی بەم نووسینە و شەوەکەم دێنم و سبەی هەر بە یادی پڕۆژەکەی تاراوە بتەکانی کۆمەڵگە بە نەفرەت دەکەم و تێکیان دەشکێنم.
[1] پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم