[بەکارهێنانی کامێرا لە سینەمای یاسیجرۆ ئۆزودا]

کارزان کاردۆزی

لە فیلمە سەرەتایيەکانیدا نەبێت، لە فیلمەکانی ئۆزودا هەمان ستایەڵ و فۆرمى یەکگرتوو دووبارە دەبێتەوە. دەتوانرێت بوترێ لە زۆربەی فیلمەکانی تری ئۆزودا، بە تایبەتی لە گشت فیلمە دەنگیيەکانیدا هەمان ستایەڵ و فۆرم پێڕەو دەکرێت، ستایەڵ و فۆرمێکی یەکگرتوو کە هەست دەکرێت سادەیە، بەڵام قوڵاییەکی زۆری هەیە و سەلماندنی ئەزموونی ساڵانێکی زۆری کارکردنی ئۆزوە و بە بوونی بە مامۆستایەکی مەزن لە تێگەیشتنی لە سرووشتی سینەما و هەوڵدانی بۆ سادەکردنەوەی ستایەڵ و فۆرم. کە دەوترێت ئۆزو ستایەڵی فیلمەکانی (سادە) یان (یەکگرتوون،) لێرەدا ئاماژە دەکرێت بۆ ئەوەی کە فۆرم و ستایەڵێکی یەکگرتووی سادە بوونی هەیە کە لەناو فیلمێکدا دووبارە دەبێتەوە و هەروەها لە فیلم لەدوای فیلمه‌وه‌ زیاتر هەوڵی سادەکردنەوەی دەدرێت و دووبارە دەبێتەوە، بە تایبەتی له‌فیلمەکانى ساڵانی دوای جەنگی دووەمی جیهانيدا. بۆ نموونە، زۆربەی دیمەنەکان بە کامێرایەکی گۆشە نزم وێنەیان گیراوە، بە وردی بابەت و جووڵەی کارەکتەرەکان لەناو کۆمپۆزشندا ڕێک خراون و بە ئەستەم جووڵەی کامێرا یان گۆشەی ئاڵۆز لە فیلمێکی ئۆزودا دەبینرێت. لێدوانی کارەکتەرەکان مۆنتۆنەوە و هەمان ڕیتمی دووبارەیان هەیە، چەندە کارەکتەرەکان جیاواز بن، کاتێک کە دەدوێن، هەست دەکرێت هەمان ڕیتمی دایەلۆگیان هەیە، بە هەمان شێوە دادەنیشن، هەمان پێگەیان لە کۆمپۆزشن و تەنانەت لە هەمان گۆشەوە وێنەیان گیراوە، هەیە. بە زەقی نمایشی ئاڵۆزیی سایکۆلۆجیيان نەکراوە، زۆر کات هەمان جووڵە دەکەن، هەڵدەستن، دادەنیشن، دێن و دەڕۆن بە هەمان ڕیتم. گرتەکان بە گشتی هەمان درێژیيان هەیە، هەمان ستایەڵی بڕین و ئاڵوگۆڕی گرتە بە کار هاتووە و ڕیتمێکی جێگیر لە سەرەتاوە بۆ کۆتایيی فیلمێك هەیە.

کە دەوترێت ئۆزو لە فیلمێکه‌وه‌ بۆ فیلمێکی تری هەوڵی داوە ستایەڵ و فۆرم سادە بکاتەوە، مەبەست لەوەیە کە لە فیلمەکانی کۆتایييدا ساده‌ييى بەکارهێنانی تەکنیک دەبینرێت بەراورد بە فیلمە سەرەتایيەکانی، یان ئەو تەکنیکانە بە کار ناهێنێت کە بوون بە بەشێکی گرنگ لە زمانی سینەما. خۆی بە دوور دەگرێت لە بەکارهێنانی زووم، لە جووڵەی زۆری کامێرای وەکوو تراکین و دۆلی، لە مۆنتاژی خێرا، لە ئیفێکتەکانی گواستنەوەی وەکوو: (دیسۆلڤ) و (فەید-ئاوت) و (فەید-ئین) و (سوپەرئیمپۆزیشن،) لە (فلاشباک) بۆ ڕابوردوو یان (فلاشفۆوارد) بۆ داهاتوو، لە بەکارهێنانێکی زەقی ڕووناکی و سێبەر و… هتد. چەندان جۆر تەکنیک و ئیفێکتی تر کە بوون بە بەشێک لە زمانی هەم سینەمای هونەری و هەم بازاڕی، ئۆزو ئەم تەکنیکانە هەر بە کار ناهێنێت، یان لە فیلم لەدوای فیلمه‌وه‌ بەکارهێنانیان فەرامۆش دەکات. بۆ نموونە لە فیلمە سەرەتایيەکانيدا لە کۆتایيی ساڵانی بیست و سەرەتای سیيەکاندا ئیفێکتەکانی دیسلۆڤ و فەید-ئین و فەید-ئاوت دەبینرێت یان جووڵەی کامێرا هەیە، بەڵام لە فیلمەکانی کۆتایيدا لە سەرەتای ساڵانی شەستدا هیچ یەکێک لەم تەکنیکانە نابینرێن.

بە بڕوای ئۆزو، بەکارهێنانی ئیفێکت، تەنانەت ئیفێکتێكی وەکوو دیسۆڵڤ بۆ بەستنەوەی دوو گرتە بەیەکەوە کردارێکە وەکوو (گزیکردن) یان (قۆپیکردن،) کە هەوڵی شاردنەوەی لاوازییەک دەدرێت و ئەم تەکنیکانە لە کواڵەتيی وێنەکان کەم دەکەنەوە، چونکە گۆڕانکاریيەک لە کۆتایيی کۆمپۆزشنی گرتەیەک و سەرەتای کۆمپۆزشنی گرتەیەکی تردا ڕوو دەدات. بۆ نموونە کاتێک ئیفکێتکی دیسۆڵڤ بە کار دێت، کۆتایيی دێمەنێک تاریک دەبێت و سەرەتای دیمەنی دواتر ڕووناک دەبێتەوە و بۆ چەند چرکەیەک گۆڕانکاریيەک لە گرتەکاندا ڕوو دەدات. ئۆزو سەیری هەرگرتەیەکی فیلمەکانی دەکات، وەکوو بوونێکی سەربەخۆ، وەکوو تابلۆیەک کە کۆمپۆزشنێکی تایبەتی هەیە و تێکدانی لە ڕێگەی زیادکردنی ئەم جۆرە ئیفێکتانەوه‌ بە کۆتایى یان سەرەتای گرتەکان شیاو نیيە. گەرچی لە فیلمە سەرەتایيەکانیدا و لەژێر کاریگەريی دەرهێنەرانی هۆڵیووددا ئۆزو ئیفێکتی زۆر بە کار دەهێنێت، لە ناویاندا ئیفێکتەکانی دیسۆڵڤ و فەید-ئاوت، بەڵام لە فیلمی (لە دایکبووم، بەڵام…) بە دواوە لە ساڵی ١٩٣٢دا ئۆزو خۆی لە بەکارهێنانی دیسلۆڤ بە دوور دەگرێت، چونکە سەیری دیسلۆڤ دەکات وەکوو تەکنیکێکی ناو کامێرا، تەنانەت بە تەکنیکێكی مۆنتاژی نازانێت. هەمان شتيش بۆ ئیفێکتی فەید-ئاوت ڕاستە. لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا یان بە تەواوەتی خۆی بە دوور دەگرێت لە بەکارهێنانی فەید-ئاوت، یان تەنها بۆ ساتی زۆر گرنگ بە کاری دەهێنێت. لە فیلمی (کۆرەسی تۆکیۆ) لە ساڵی ١٩٣١دا یەک جار فەید-ئاوت بە کار هاتووە لە دیمەنێکدا کە دایکێک بە چاوی فرمێسکاوييه‌وه‌ سەیری مێردەکەی و منداڵەکانی دەکات، پێشتر دایکەکە لە مێردەکەی تووڕەیە، بەڵام لەم ساتەدا لێبوردەييی دەبێت و لە مێردەکەی خۆش دەبێت، ئەمە ساتێکی دراماتیکیيە و فەید-ئاوتێک دەکرێت لە کۆتایيی دیمەنەکه‌دا وەکوو ئاماژەکردنێک بۆ تێپەڕبوونی کات. هەمان شت لە فیلمی (کوڕی تاقانە) لە ساڵی ١٩٣٦دا ڕوو دەدات، یەکەم فیلمی دەنگی ئۆزو، لە چەند دیمەنێکدا فەید-ئاوت بە کار هاتووە، وەکوو ئاماژەکردن بۆ تێپەڕبوونی زۆری کات. لە دیمەنێکدا دایکێک بە گریانەوە ڕازی دەبێت کوڕەکەی بنێرێت بۆ شار بۆ خوێندن، فەید-ئاوتێک دەکرێت و لە دیمەنی دواتردا دەر دەکەوێت کە کوڕەکە گەورە بووە، ساڵانێک تێپەڕ بووە، زانکۆی تەواو کردووە و لە تۆکیۆ وەکوو مامۆستایەک کار دەکات. لە فیلمەکانی ساڵانی دوای جەنگدا بە ئەستەم ئیفێکتەکانی دیسۆڵڤ و فەید-ئاوت دەبینرێت و گواستنەوەی نێوان گرتەکان بە بڕینێکی سادە دەکرێت، کاتێک لەم فیلمانەدا ئاماژە بۆ ڕۆيشتنی کات دەکرێت یان گۆڕانکاری لە لۆکەیشندا، لەجیاتی ئیفێکتی (فەید-ئین) و (فەیدئاوت،) گرتەی سەرینی بە کار دێت بۆ بەستنەوەی دیمەنەکان پێکەوە.

لەگەڵ ڕۆيشتنی کات و ساڵ لەدوای ساڵدا بەم جۆرە ئۆزو ستایەڵ و فۆرمی فیلمەکانی لە ڕێگەی سادەکردنەوەی تەکنیک یان خۆبەدوورگرتن لە بەکارهێنانی زەقی تەکنیکه‌وه‌ سادە دەکاتەوە. لە فیلمە دەنگييەکانیدا واز لە جووڵەی پانی کامێرا بە لای ڕاست یان چەپدا دەهێنێت، زۆر کەم کامێرا دەجووڵێنێت، یان ئەو کاتانەی کە کامێرا دەجووڵێت، لەسەر دۆلی دەبێت و بە جووڵەیەکی تراک وێنەی دیمەنێک دەگرێت. بە گشتی جووڵه‌ی کامێراکەی بچووک دەکاتەوە بۆ دوو جۆر: جووڵه‌یەکی تراک لەگەڵ ڕۆيشتنی کارەکتەرەکاندا زۆر کات بە دوایاندا دەڕوات، یان جووڵه‌یەکی تراک پارارێل و هاوشان بە بۆشاییەکی دیمەنێک بۆ ئەوەی نمایشی زیاتری کۆمپۆزشنی دیمەنەکە بکرێت کە ناتوانرێت بە کامێرایەکی جێگیر نیشان بدرێت، بۆیە کامێراکە بە جووڵه‌یەکی پارارێل بە ئاڕاستەیەکدا دەڕوات بۆ نیشاندانی زیاتری کۆمپۆزشنە، بۆ نموونە بە ناو ڕاڕەو و هۆڵێکی ماڵەوە و شوێنی کارکردن یان بەناو هۆڵی نمایشکردنی شانۆیەکی نۆ و کابووکیدا وەکوو لە فیلمەکانی کۆتایيی بەهار (١٩٥٠) و سەرەتای هاوین (١٩٥١)دا. هەندێک کات زۆر بە کەمی جووڵه‌ی دۆلی بە کار دێت بۆ نمایشکردنی فراوانی بۆشایيەک و ئەم جۆرە جووڵه‌یە لە فیلمی سەرەتای هاویندا دەبینرێت، لە دیمەنێکدا نۆریکۆ و براژنی بە کەنارێکی لماویدا دەڕۆن و کامێراکە بە جووڵه‌یەکی دۆلی بە خاوی بەرز دەبێتەوە بۆ نیشاندانی ڕۆيشتنیان و فراوانيی کەنارەکە و بەرزيی تەپۆڵکەی لم. لەبەر ئەوەی وێنەگرتن بە جووڵه‌ی تراک ئاسان نابێت لە ناوچەیەکی کەنار دەریادا کە تەپۆڵکە و لمی زۆرە، بۆیە بۆ وێنەگرتنی ئەم دیمەنە ئۆزو کرەین بە کار دەهێنێت، بە ئەستەم لە فیلمێکی تریدا جووڵه‌ی لەم جۆرەی کامێرا بە کرەین دەبینرێت. بە گشتی ئەم گرتانە تەنها چەند چرکەیەکن و جووڵه‌ی کامێرا کورتە. لە فیلمە سەرەتايیەکانیدا هەندێک کات کامێراکەی بە تەنها چەند سه‌نتیمەترێک بە لای ڕاست یان چەپدا دەجووڵێت بە جووڵه‌ی پان، یان جووڵه‌یەکی بەرز و نزم بە تیڵت، گەرچی گۆڕانکاری لە کۆمپۆزشن تەنها چەند سانتیمەترێک دەبێت، بەڵام ئەم جیاوازیيە بە ڕادەیەک بۆ ئۆزو گرنگ دەبێت، بە شیاوی دەزانێت کە جووڵه‌ی کامێرا بە کار بهێنێت. لە چەندان فیلمی تریدا کامێراکە دەبەسترێتەوە بە ئامێرێکی گواستنەوە یان لەناو ئەم ئامێرەدا جێگیر دەکرێت کە کارەکتەرەکان تێیدا گەشت دەکەن، ئۆتۆمبێل، پاس، شەمەندەفەر یان بەلەم. لە دەرەوە بە لێواری ئۆتۆمبێلێک یان شەمەندەفەرێکه‌وه‌ کامێراکە بەستراتەوە و لەگەڵ جووڵه‌ی ئەم ئامێرانەدا کامێراکە دەجووڵێت و نمایشی ئەو شوێنانە دەکرێت کە کارەکتەرەکان گەشتی پێدا دەکەن، وەکوو لە فیلمی سەرەتای بەهاردا. یان لە ناوەوەی شەمەندەفەر و پاس و ئۆتۆمبێل کامێراکە جێگیر کراوە و لە پەنجەرەی پێشەوە یان لای چەپ و ڕاسته‌وه‌ دەرەوە پێشان دەدرێت، وەکوو ئه‌وه‌يه‌ کارەکتەرەکانى سەیری ئەم شوێنانە بکەن، ئەم جۆرە ستایەڵی وێنەگرتنە بە تایبەتی لە فیلمی چیرۆک تۆکیۆ (١٩٥٣)دا دەبینرێت، لە کۆدیمەنێکدا کە تێیدا دایکوباوکێک لەگەڵ نۆریکۆی بووکیاندا بە پاسێک بە شاری تۆکیۆدا گەشت دەکەن، یان لە سەرەتای فیلمی چا و برنج (١٩٥٢)دا گەشتی کیژێک و براژنی بە ئۆتۆمبێل بە ناوجەرگەی تۆکیۆدا، لە هەردوو ساتدا کامێراکە لە ناوەوەی پاسەکە/ئۆتۆمبێلەکە جێگیر کراوە و لە پەنجەرەکانیانەوە وێنەی شەقام و تەلارەکانی تۆکیۆ دەگرێت، لەبەر ئەوەی پاسەکە/ئۆتۆمبێلەکە دەجووڵێت، هەست دەکرێت کامێراکەش دەجووڵێت.

زۆر کات دەرهێنەران جووڵه‌ی کامێرا، بە تایبەتی جووڵه‌ی تراک و دۆلی بە کار دەهێنن بۆ ئەوەی دیمەنێک زیاتر دراماتیک بکەن، یان زانیاريی گرنگ بە بینەر بدەن، یان سەرنجی بینەر ڕابکێشن بۆ کارەکتەر یان بابەتێک، یان بۆ ورووژاندنی هەستی بینەر بە نمایشکردنی خێرایيی ڕاکردنی کارەکتەرێک یان ڕۆيشتنی خێرای ئۆتۆمبێل و… هتد. تەنها لە چەند فیلمێکی سەرەتایدا نەبێت، بە تایبەتی فیلمە چەتەیيە بێدەنگەکانى، هیچ کاتێک ئۆزو بەم جۆرە جووڵه‌ی تراک و دۆلی بە كار ناهێنێت، به‌ڵكوو زیاتر جووڵه‌ی کامێرا بە کار دەهێنیت بۆ درووستکردنی کەشێک یان وەکوو کەرەستەیەکی گواستنەوەی نێوان دوو دیمەن، یان بۆ نیشاندانی بۆشاییەکی گەورەتری دەرەوەی کۆمپۆزشن. لە فیلمە سەرەتایيەکانیدا هەندێک کات جووڵه‌ی تراک بە کار هاتووە، وەکوو کەرەستەیەکی کۆمیدی، بۆ نموونە لە فیلمی لە دایکبووم، بەڵام… (١٩٣٢)دا لە سەرەتای دیمەنێکدا بە جووڵه‌یەکی دۆلی کۆمەڵێک قوتابيی منداڵ نیشان دەدرێن کە بێزار بوون لە دانیشتنیان لەسەر کورسی و مێزی قوتابخانە و کۆششی ڕۆژانەیان لە پۆلدا، لەم کاته‌دا بڕینێک دەکرێت بۆ هەمان جووڵه‌یەکی دۆلی بە هەمان ئاڕاستەدا بۆ نیشاندانی باوکی یەکێک لە منداڵەکان کە لەگەڵ چەند فەرمانبەرێک لە فەرمانگەیەکدا کار دەکات، كه‌ئەوانیش وەکوو منداڵەکان لە کۆششکردن و کارکردن بێزار بوون. دواهەمین جار کە لە فیلمێکی ئۆزودا جووڵه‌ی کامێرا دەبینرێت، لە فیلمی سەرەتای بەهار لە ساڵی ١٩٥٦دايه‌. لە چەند دیمەنێکدا جووڵه‌ی کامێرا بە کار هاتووە، لەناو بۆشایيی هۆڵ و ڕاڕەوی شوێنی کارکردنی فەرمانبەران لە کۆمپانیایەکدا. لەم ساتە بە دواوە لە فیلمێکی تری ئۆزودا جووڵه‌ی کامێرا نابینرێت.

بە گشتی یەکەم گرنگیدانی ئۆزو لە ستایەڵی وێنەگرتندا پێوەنديی بە کۆمپۆزشنه‌وه‌ دەبێت، وەکوو وێنەکێشێک بیر دەکاتەوە و ده‌يه‌وێت بە وردی بابەتەکانی ناو کۆمپۆزشن ڕێک بخات، هەر بۆیە خۆی بە دوور دەگرێت لە جووڵه‌ی کامێرا. ئەو کاتانەشی کە جووڵه‌ی کامێرا بە کار دەهێنێت، هەوڵ دەدات هەر یەکسانیيەکی کۆمپۆزشن بپارێزێت. وەکوو کۆدیمەنی تابلۆیيی لوولی قوتابخانەی کاکێژیکو، یەکێک لە قوتابخانە کولتووريیەکانی هونەری وێنەکێشانی ژاپۆنی، کۆمپۆزشن جێگیر بێت لە ڕووی ئاسۆیی، هەر چۆن کەسێک کۆدیمەنی تابلۆیەکی لوولەیی دەکاتەوە بە لای ڕاست یان چەپەدا بە ئاڕاستەیەکی ئاسۆیی سەیری دیمەنەکانی دەکات و چاوی لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی بۆ بەشێکی ئەم تابلۆیە دەڕوات، بەهەمان شێوە ئۆزو جووڵه‌ی کامێرا سەرنجی بینەر ڕادەکێشێت بۆ بەشی جیاوازی کۆمپۆزشنی کۆدیمەنێک، بۆیە ئەگەر لە فیلمەکانی ساڵانی دوای جەنگى ئۆزودا سەیری جووڵه‌ی کامێرا  بکرێت، دەبینریت بە گشتی جووڵه‌ی کامێرا ئاسۆییە و بە لاری دەجووڵێت بە تراک یان بە قووڵى بۆ بۆشایى، لە پشتەوەی کۆمپۆزشن گۆڕانکاریيەک ڕوو نادات، کارەکتەرێک دەڕوات بە شەقامێکدا و کامێراکە بەدوایدا دەڕوات و لای ڕاست و چەپ و دواوەی شەقامەکە هەمان قەبارەی کۆمپۆزشنیان هەیە، یان کامێراکە بەناو هۆڵێكدا دەڕوات و دوای هۆڵەکە هەر هەمان قەبارەی کۆمپۆزشنی هەیە. لەگەڵ جووڵه‌ی پاسکیلدا کامێرا دەجووڵێت و پاسکيلەکە هەمان پێگه‌و دووريی لە کۆمپۆزشندا هەیە، یان لە لێواری دەریاچەیەکدا نمایشی جووڵه‌ی شەپۆلی دەریا دەکرێت، یان جووڵه‌ی گەنم لە کێڵگەیەکدا، یان بە ڕاست و چەپدا دەڕوات بۆ نمایشکردنی دیمەنێکی ژینگەیەک و بابەتەکانی ناو کۆمپۆزشن، كه‌هەمان پێگە، یان هەمان قەبارەيان هه‌يه‌. ئەم گرنگيدانەی ئۆزو بە جێگیرکردنی کۆمپۆزشن هۆکارێکە کە لە فیلمە ڕەنگیيەکانیدا واز لە جووڵه‌ی کامێرا دەهێنێت، چونکە ئەو ستۆکە فیلمە خاوە ڕەنگەکانی بە کاریان دەهێنێت، بۆ وێنەگرتن هەستیاريی زۆریان دەبێت و بە گۆڕانکاريیەکی بچووک لە ڕووناکیدا، گۆڕانکاری لە ڕەنگەکاندا ڕوو دەدات و یەکسانی کۆمپۆزشن دەشێوێت. ئۆزو ئەم گۆڕانکاريیە بچووکە لە کۆمپۆزشن بە شیاو نازانێت، هەر بۆیە خۆی بە دوور دەگرێت لە جووڵه‌ی کامێرا لە فیلمە ڕەنگييەکانیدا.

هۆکارێکی تری خۆبەدوورگرتنی ئۆزو لە جووڵه‌ی کامێرا، بە تایبەتی لە فیلمە دەنگييەکانیدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دیمەنەکانی وێنە دەگرێت بە گۆشەی نزم، بە بەرزی تەنها چەند پێیەک لە زەوييه‌وه‌. وێنەگرتن بە جووڵه‌ی کامێرا بە گۆشەیەکی نزم و نزیک لە زەوييه‌وه‌ زۆر گونجاو نابێت. هەروەها کاتێک ئۆزو دەست بە وێنەگرتنی یەکەم فیلمی دەنگی لە ساڵی ١٩٣٦دا دەکات، ئەو کەرەستە و ئامێرانە بوونیان نابێت بۆ جووڵاندنی کامێرا بە گۆشەیەکی نزم، چونکە کاتێک کامێرا ده‌جووڵێت، دەبێت کامێرامانێک بە بەردەوامی ئاگاداری کۆمپۆزشنی گرتەکە و جووڵه‌ی بێت و چاوی لەسەر ڕوانگەدۆزيی کامێراکە بێت. کەرەستەی دۆلی و تراک بوونی نابێت. لەم ساڵانەدا کە کامێرامانێک بتوانێت لەسەری دانیشێت، یان پاڵ بکەوێت و چاوی بنێت بە ڕوانگەی کامێراکەوه‌ کە بە گۆشەیەکی زۆر نزمه‌وه‌ وێنەی دیمەنێک دەگرێت. ئۆزو بەمە دەزانێت، هەر بۆیە لە نێوان گۆشەی نزم یان جووڵه‌ی کامێرادا بۆ وێنەگرتن، بڕیار دەدات گۆشەی نزم هەڵبژێرێت:

(گۆشەی کامێراکەم زۆر نزمە، هەروەها ئەو جۆرە کامێرايانە نين کە بتوانرێت بە گۆشەیەکی نزم و بە جووڵه‌وە وێنەی دیمەنێک بگرین.)

بەڵام زیاتر لە بوونی کەرەستە و ئامێر یان سنورداربوونی تەکنیک، هۆکارێکی سەرەکی کە وا دەکات لە ئۆزو خۆی بە دوور بگرێت لە جووڵه‌ی کامێرا، دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی جوانگەری بۆ هونەر و هەوڵدانی بۆ سادەکردنەوەی ستایەڵ و فۆرم. بۆ نموونە زۆربەی ڕووداوەکانی فیلمەکانی ئۆزو لە بۆشایيی ناوەوەی ماڵێکی ژاپۆنيدا ڕوو دەدات کە بە ستایەڵێکی تەلارسازيی ژاپۆنی درووست کراوە، لە یەک کاتدا ئۆزو خواستی دەبێت نمایشی زەوی بکات، بە تایبەتی فەرشی حەسیری (تاتامی) و بنمیچی ژورەکە، دیوارەکانی ژوورەکان و ڕاڕوەکان و هەروەها دەرگاکانیان، چونکە کارەکتەرەکانی ئۆزو هەمیشە لە نێوان ژوور و ڕاڕەوەکاندا دێن و دەڕۆن، هەڵدەستن و دادەنیشن. بە وێنەگرتنی بە گۆشەیەکی نزم و کامێرایەکی جێگیر، ئۆزو دەتوانێت یەکسانیيەکی کۆمپۆزشن درووست بکات هەم لە ڕووی هێڵکاريی ستوونی و هەم ئاسۆييه‌وه‌. هەروەها جووڵه‌ی کامێرا لە بۆشاییەکی بچووکی ناوەوەی ژوورێکی ژاپۆنيدا نەشیاو و نەگونجاو دەبێت و ئۆزو نايه‌وێت تەنها لەبەر جووڵه‌ی کامێرا، دوو لە ڕیەلیزم سێتێكی گەورە درووست بکات وەکوو بۆشایيی ناوەوەی خانوویەکی ژاپۆنی، تەنها بۆ ئەوەی تراک و دۆلی لەناو ئەم سێتەدا جێگیر بکرێت و وێنەی دیمەنێک بە جووڵه‌ی کامێرا بگیرێت:

(لەبەر ئەوەی ژوورێکی ژاپۆنی زۆر دەرگای هەیە، کە دەکرێنەوە بە خشاندن بە ئاڕاستەیەکی ئاسۆیی، هەر بۆیە ئەگەر بە گۆشەیەکی بەرز وێنەی کەسێک لەناو ژوورێکی ژاپۆنیدا بگریت، هێڵی ستوونيی کۆمپۆزشن نزم دەبێتەوە و دەشێوێنرێت. ئەگەر کۆمپۆزشنی گرتەکە بەم جۆرە بێت، بەشی سەرەوەی کۆمپۆزشن قورسایيی نابێت و هەست بە نایەکسانی و ناجێگیری کۆمپۆزشن دەکرێت.)

گەرچی ناوەوەی خانوویەکی ژاپۆنی بچکۆلەترە بەراورد بە خانووەیەک کە بە دیزاینی ڕۆژئاوا درووست کراوە، بەڵام لەناو خانوویەکی ژاپۆنیدا بۆشایيی زۆر هەیە، لە ژوورێکدا چەند لێوارێک هەیە کە دەکرێنەوە و داده‌خرێن و وەکوو دەرگایەک وان، کاتێک کە ئەم دەرگایانە دەکرێنه‌وه‌ و بۆشایيەکی تر دەر دەکەوێت و دوو ژوور دەبن بە یەک ژوور، یان ژوورێک دەبەسترێتەوە بە ڕارەوەکەوه‌ و بۆشایيەکە گەورەتر دەبێت، ئەگەر سەیری فیلمەکانی ئۆزو بکرێت جووڵه‌یەکی زۆری کارەکتەرەکان دەبینرێت کە بە بەردەوامی لە نێوان ئەم بۆشایيانەدا دێن و دەڕۆن، دەجووڵێن، دادەنیشن و دەدوێن و هەمیشە چاوی بینەر لەسەر ئەوان دەبێت و بۆ درووستکردنی یەکسانیيەکی کۆمپۆزشن هەمیشە گۆشەیەکی نزمی کامێرا بە کار هاتووە کە ڕاستەوخۆ ڕووی لە پشتەوەی ژوورەکانە، ڕاستە کامێرا ناجووڵێت، بەڵام جووڵه‌ی کارەکتەرەکان سەرنجی چاوی بینەر بۆ جووڵه‌یان ڕادەکێشێت، هەروەها کرانەوە و داخرانی دەرگا و ڕاڕەوەکان گۆڕانکاريی درووست دەکەن لە بۆشایيی کۆمپۆزشن بەبێ ئەوەی کامێرا بجووڵێت. بە گشتی کاتێک کە ئۆزو بۆ یەکەم جار نمایشی بۆشایيی ناوەوەی ماڵێکی ژاپۆنی دەکات، لەجیاتی کارەکتەر، گرنگی دراوە بە نمایشکردنی بۆشايی و جیۆگرافيی ماڵەکە، یەکەم جار بینەران ئاشنا بەم بۆشایيانە دەکات، پاشان کارەکتەرەکان بە بینەر دەناسێنێت لە ڕێگەی لێدوانیان لەگەڵ یەکتردا. بۆ نموونە لە سەرەتای فیلمی چیرۆکی تۆکیۆدا یەکەم جار کە نمایشی ماڵی کوڕە گەورەی خێزانەکە لە شاری تۆکیۆ دەکرێت، نمایشی گشت ژوور و ڕاڕەوەکان دەکرێت لە چوارچێوەی کارکردنی بووکی خێزانەکە کە بەم ژوور و ڕاڕەوانەدا دێت و دەڕوات، خەریکی پاکكردنەوەی ئەم شوێنانەیە. دوای ناسناندی گشت بۆشایی و ڕاڕەو و ژوورەکانی ئەم خانووە، ئەو کاتە ئەندامەکانی خێزانەکە بە بینەر دەناسێنرێت. هەر چۆن لەم دیمەنە سەرەتایيانەدا وێنەی ژوور و بۆشایيەکان کراوە بە گۆشەیەکی نزم، بە هەمان شێوە بە درێژاييی فیلمەکە بە هەمان گۆشە و هەمان بۆشایيی وێنەی دەگیرێت و بینەر هەمیشە دەزانێت کە کارەکتەرەکان لە کوێی بۆشایيی ژوورەکاندان، لەجیاتی ئەوەی سەرنجی بڕوات بۆ ئەم شوێنانە، سەرنجی یەکەمی بۆ کارەکتەرەکان و جووڵه‌یان دەبێت.

زیاتر لە جووڵه‌ی کامێرا، کۆی کۆمپۆزشن و گۆشەی کامێرا بۆ ئۆزو گرنگتر دەبێت، ئەمە هۆکارێک دەبێت کە لەگەڵ ڕۆيشتنی کاتدا خۆی بە دوور دەگرێت لە بەکارهێنانی جووڵه‌ی کامێرا و هەروەها ستایەڵێکی تایبەتی وێنەگری جێگیر دەکات بە وێنەگرتنی دیمەنەکان بە گۆشەی نزم کە بە بڕوای ئەو شیاو دەبێت بۆ وێنەگرتنی بۆشایيی ناوەوەی خانوویەکی ژاپۆنی. بە تەواوەتی نازانرێت کە لە چ کاتێکدا ئۆزو بڕیاری داوە گۆشەی کامێراکەی نزم بکاتەوە و جووڵه‌ی کامێراکەی کەمتر، بەڵام ئەگەر سەیری فیلمەکانی بکرێت، دەبینرێت کە لە سەرەتای ساڵانی سی بە دواوە لە فیلم لەدوای فیلمه‌وه‌ گۆشەی کامێراکەی نزمتر دەبێتەوە و جووڵه‌ی کامێرا کەمتر. لە فیلمە دەنگييەکانیدا لە ناوەڕاستی ساڵانى سی بە دواوە ئەم ستایەڵە وێنەگریيە بە تەواوەتی جێگیر دەبێت.

ئەگەر یەک ستایەڵی وێنەگرتن ئاماژەی بۆ بکرێت، وەکوو ستایەڵێک کە هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو کۆتایيی فیلمەکانی ئۆزو پەیڕەوی دەکات، ئەوا دەتوانرێت بوترێت کە ستایەلی وێنەگرتنە بە گۆشەیەکی نزم بە کامێرایەك کە سێ بۆ پێنج پێ لە زەوييه‌وه‌ بەرزە و ڕاستەوخۆ بابەتەکان وێنە دەگرێت، وەکوو وا بێت کەسێک لەسەر زەوی دانیشتبێت و ڕوو بە ڕوو سەیری بابەتەکان بکات. زۆر تێڕوانینی جیاواز هەیە کە بۆچی ئۆزو بەم جۆرە بە گۆشەیەکی نزم وێنەی فیلمەکان دەگرێت؟ لە سەرەتاييترین لێدوانیدا لەبارەی ئەم ستایەلە وێنەگریيەوه‌، ئۆزو ئاماژە دەکات بۆ ئەوەی کە بیرۆکەی وێنەگرتنی دیمەن بە گۆشەی نزم گەشەی کردووە بە چانس، کاتێک کە خەریکی وێنەگرتنی فیلمی کۆرەسی تۆکیۆ بوو لە هاوینی ١٩٣١دا، گوایە ڕۆژێکیان لەکاتی وێنەگرتنی دیمەنێکدا لەسەر سێتێکی تایبەتی ستۆدیۆی شۆچیکو کە وەکوو ناوەوەی خانوویەکی خێزانێکی هەژاری ژاپۆنی درووست کراوە، بڕیار دەبێت لە دیمەنەکەدا دوو منداڵی بچکۆلەی خێزانەکە بێنە ناو ژورێکی خانووەکەوه‌ بۆ لای دایکوباوكیان، لە بەر ئەوەی چەندان وایەر له‌وێدا دەبێت کە کارەبا بە گڵۆپەکان دەگەیەنن و هەروەها گڵۆپەکان بە بنمیچی سێتەکەوه‌ دەبن، وێنەگرتنی دیمەنەکە بە گۆشەیەکی بەرز شیاو نابێت، چونکە وایەرەکان دەر دەکەون، بۆیە ئۆزو کامێراکە بە گۆشەیەکی نزم جێگیر دەکات و کاتێک کە منداڵەکان دێنە ژووره‌وه‌، هەموو جەستەیان دەبینرێت، بەڵام تەنها نیوەی خوارەوەی جەستەی دایکوباوکیان دەبینرێت. لەبەر ئەوەی لەم دیمەنەدا ئۆزو گرنگی بە منداڵەکان دەدات و گرفتێکی نابێت کە دایکوباوکەکان تەنها ناوقەدیان بە دەرەوە دەبێت. هەم وێنەگرتنی ئەم دیمەنە ئاسان دەبێت و کاتێکی کەمی دەوێت و پێویست ناکات وایەرەکان لەسەر سێتەکە لا ببرێن، یان گۆڕانکاری لە پێگەی گڵۆپەکاندا بکرێت، هەم ئۆزو کۆمپۆزشنی دیمەنەکەی بە دڵ دەبێت و بڕیار دەدات کە زۆربەی دیمەنەکانی دواتر بە هەمان شێوە بە گۆشەیەکی نزم وێنە بگرێت و لەگەڵ ڕۆشتنی کاتدا ئەمە دەبێت بە ستایەڵێکی وێنەگری تایبەت بە خۆی. لە سەرەتادا بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆی شۆچیکو، بە تایبەتی بەڕێوەبەری بەرهەمێنانی فیلم، شیرۆ کیدۆ، دژی ئەم جۆرە ستایەڵە وێنەگریيە دەبێت، چونکە لەگەڵ جار لە دوای جاردا داخوازیيەکانی ئۆزو لە ئەکتەر و ستافەکانی زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی کارکردنیان لەگەڵ ئەم ستایەڵە وێنەگریيەدا بگونجێنرێت، بۆ نموونە داوا دەکات کە دەبێت سێتەکانی بە چوارگۆشەیی درووست بکرێن و سەقفیان هەبێت، چونکە لە کۆمپۆزشنی دیمەنەکاندا دەر دەکەون و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بودجەی فیلمەکان زۆرتر بن.

یەکێک لە هۆکارەکانی تر لە پشتەوەی خواستی ئۆزو بۆ وێنەگرتنی دیمەنەکان بە گۆشەی نزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نایەوێت نمایشێکی ئاڵۆزی جیۆمەتری و دایمێنشن و قەبارە بکات، زیاتر ده‌يه‌وێت نمایشێکی دوو دایمێنشن بکات، تێڕوانینێک کە سەرچاوە دەگرێت لە خۆشەویستی بۆ هونەری کولتووری وێنەکێشانی ژاپۆنی و تێڕوانینێکی جوانگەرایی بۆ سادەکردنەوەی فۆرم. ئەگەر سەیری دیمەنی فیلمەکانی ئۆزو بکرێت هەست دەکرێت وەکوو تابلۆیەک وان، چاوی بینەر ڕاستەوخۆ سەیری بابەتەکان دەکات کە لەپەنا یەکتریدا ڕێک خراون و زۆر کات لە ناوەڕاستی کۆمپۆزشن و کامێراکە ڕاستەوخۆ وێنەی ئەم بابەتانە ڕوو بە ڕوو دەگرێت. ئۆزو گرنگی تایبەتی بە کارەکتەرەکانی دەدات، بۆیە زۆر کات کە کارەکتەرێکی ئۆزو دەدوێت، لە ناوەڕاستی کۆمپۆزشنە و چاوی بینەر ڕاستەوخۆ بۆی دەڕوات و کامێراکە ڕوو بە ڕوو وێنەی دەگرێت، هەست دەکرێت ئەم کارەکتەرە ڕووی لە کامێرایە و لەگەڵ بینەردا دەدوێت. ئەو کاتانەی کە کارەکتەرەکانی ئۆزو لەگەڵ یەکتریدا دەدوێن، بە پێی شوێنی ڕووداوەکان پێگەی ئەم کارەکتەرانە ڕێک دەخرێن و یەکەم ئامانج درووستکردنی یەکسانیيەکی کۆمپۆزشن دەبێت. ئەگەر ڕووداوەکان لە ژوورێکی ماڵەوەدا ڕوو بده‌ن، بە گشتی کارەکتەرەکان لەسەر حەسیری تاتامی ڕوو بە ڕووی یەکتری دانیشتوون قسه‌ده‌كه‌ن و کامێراکە لە ناوەڕاستیاندا دانراوە، هەرکارەکتەرێک سەیرێکی ئەوی تر دەکات، وەکوو ئه‌وه‌وايه‌ سەیری کامێرا بکات و لە ناوەڕاستی کۆمپۆزشندان. ئەگەر ڕووداوەکان لە ناو باڕێک یان چێشتخانەیەکی بچکۆلەدا بێت، کارەکتەرەکان لەسەر کورسی و لە پەنا یەکترييه‌وه‌ بە ڕیز لە بەردەم مێزێکی درێژدا دانیشتوون، کاتێک لەگەڵ یەکتريدا دەدوێن، ئاوڕێک دەدەنەوە بۆ ئەوەی سەیری یەکتری بکەن. ئەگەر لە چێشتخانەیەکی گەورەدا بێت، کارەکتەرەکان بەرانبە بە یەکتری دانیشتوون و مێزێک لە نێوانیاندا هەیە، ڕوو بە ڕوو دەدوێن، وێنەی هەریەکێکیان لە ناوەڕاستی کۆمپۆزشندا گیراوە. لە شوێنی کارکردنیاندا کە زۆر جار نووسینگەی کۆمپانیایەکە، هەرکارەکتەرێک لەسەر کورسیيەک دانیشتووە و مێزێک لە بەردەمیدایە، کە کارەکتەرێکی تر دێتە ژوورەوە و دەدوێن، ئەم کارەکتەرە یان بە پێوە دەوەستێت یان لەسەر کورسیيەکی بەردەمیدا دادەنیشت و لێرەشدا هەردوویان ڕوو بە ڕووی یەکترن و لە ناوەڕاستی کۆمپۆزشندان.

هەرچۆن دیزاینی ناوەوەی خانوویەکی ژاپۆنی دەبێت، يه‌كێك لەو هۆکارانەی کە وا لە ئۆزو دەکات خۆی لە جووڵه‌ی کامێرا بە دوور بگرێت، وەکوو دەبینرێت هەمان شت هۆکارێک دەبێت لە خواستی ئۆزو بۆ نزمکردنەوەی گۆشەی کامێراکەی. لەگەڵ ڕۆيشتنی کاتدا بە ڕادەیەک ئۆزو گۆشەی کامێراکەی نزم دەکاتەوە، لە زۆر دیمەندا حەسیرە تاتامیيەکان و زەويی ناوەوەی ماڵەکان دەبینرێن، هەر بۆیە هەندێک کات ئاماژە دەکرێت بۆ ئەو گرتانەی کە بە گۆشەی نزم لە فیلمەکانی ئۆزودا وێنەیان گیراوە وەکوو گرتەی (تاتامی،) ئاماژەکردنێک بۆ تاتامیيەکی حەسیر کە لە ناوەوەی ماڵێکی ژاپۆنیدا ڕادەخرێت.

ئەم وتارە لە ناو کتێبی سەد ساڵ سینەما سەد دەرهێنەردا هەیە

Leave a comment