[کەسایەتییە دابڕاوەکان، ئەوانەی کەس لێیان تێناگات]

 

ژیر دانا

 

نهێنیەکانی سروشت زۆرن. هەوڵی ئێمەی مرۆڤیش بۆ ئاشكراکردنی ئەو نهێنیانە، بەتایبەت ئەوانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بەسەر ژیانمانەوە هەیە، هەوڵێکی بەردەوامە کە لە سەرەتای پەرەسەندنمانەوە دروستبووە. ئەو هەوڵە هەندێکجار بە شێوەی پێویستی خۆی دەرخستووە، پێویستی مانەوە، گەشەکردن و بەردەوامبوون. هەندێکجاریش لە بری پێویستی، جۆرێک بووە لە فزوڵی. لە ئێستادا و لە بەشی زۆری مێژووی شارستانیەتدا، ئەو هەوڵە لە بەرزترین ئەو ئاستانەدا خۆی دەبینێتەوە، کە مرۆڤ کاریان تیادادەکات. بۆ نموونەی لەناو کایەکانی زانست و فکردا. بەڵام هێشتا، لە ئاستە نزمەکانیشەوە، لە ئاستی تاک، من و تۆ و ئەو، بەردەوام هەوڵێک هەیە تا لە نهێنیەکانی سروشت تێبگەین. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە ژیانی ئێمە لەناو ئەم سروشتەدا گیری خواردووە. ناتوانێت لێی دەربچێت و ناچارە خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت. بۆیە بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەین کە تێبگەین لەوەی سروشت بۆچی بەم جۆرەیە و ژیانی خۆیشمان، چۆن دەتوانێت لەناو ئەم سروشتەدا بەباشترین شێوە بەردەوامبیت.

هەندێکجار ئێمە سروشت لەبیردەکەین. ناسەرەوە و تایبەتمەندییەکانیمان بیردەچێتەوە. ئەوەیش وادەکات کە وەکو تاکێک، کێشەی گەورەمان بۆ دروستبێت. زۆرجار ئەو بیرچوونەوەیە خۆویستانە نییە. بەڵکو پەیوەندی بە چۆنیەتی بوونی مرۆڤ خۆیەوە هەیە. بۆ نموونە ئەوە ئاشکرایە کە مرۆڤەکان هەرچەندە فزوڵن و بەردەوام دەیانەوێت سنوورەکان ببەزێنن، بەڵام لەهەمان کاتیشدا حەزی مانەوە لە دۆخێکدا حەزێکە کە بەردەوام لەناو مرۆڤەکاندا هەیە. کاری جێگیر، کۆمەڵێک چالاکی جێگیر، دروستکردنی خێزانێک، کە لە دۆخێکی جێگیردا بێت و چەندین نموونەی دیکەیش. هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن کە مرۆڤەکان هەندێکجار پێیان وایە، بەختەوەری لە مانەوەیاندایە لە دۆخێکی جێگیردا. ئەگەر ئێستا سەیری دەوروبەر بکەین، ئەوا بە ئاسانی دەتوانین نەگۆڕانی دۆخ ببینین لە ژیانی زۆرینەی کەسەکاندا. بەڵام ئایا ئەمە تا چەند لەگەڵ سروشت و گونجاندنی ژیانی ئێمە لەناو سروشتدا یەکدەگرێتەوە؟ بەوپێیەی کە سروشت بەردەوام لە ڕۆیشتندایە بەرەوپێش، مانەوەی مرۆڤ لە دۆخێکی جێگیردا تا چەند تەندروستە؟ ئەمە ئەو بابەتەیە کە دەمەوێت باسی بکەم و لە زۆرینەی فیلمەکانی ئۆزودا، زیاتر لە هەموو بابەتەکان ئەم بابەتە سەرنجی ڕاکێشاوم. بابەتی ئەوەی کە دۆخی جێگیری مرۆڤەکان و هەوڵەکانیان بۆ مانەوەیان لە هەمان دۆخدا، دابڕان دروستدەکات. دابڕانێکی سادەیش نا. بەڵکو دابڕانێک کە دووریانبخاتەوە لەوانی تر و تەنیایان بکات.

لە زۆرینەی فیلمەکانی ئۆزودا، ئێمە بەر ئەو ساتە دەکەوین کە مرۆڤێک هەست بە دابڕانی خۆی دەکات لەگەڵ ئەوانی تر. کوڕێکی بچووک، لەگەڵ هاوتەمەنەکانی. منداڵێک لەگەڵ دایک و باوکی. دایک باوکێک، لەگەڵ منداڵەکانیان. ئەم نموونانە، لە تەواوی فیلمەکاندا دووبارەدەبنەوە. هەمیشە لە سەرەتادا ژیانێکی ئاسایی هەیە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە کەسێک یان کەسانێکی ئەم ژیانە دابڕاون لەوانی تر. ئەو دابڕاویە وادەکات کە تێنەگەیشتن دروستببێت و ڕیتمی ژیان بەرەوتێکچوون بچێت. هەندێکجار تێکچوونەکان بچووک و سادەن. لە فیلمی لەدایکبووم… بەڵام، دوو براکە تێناگەن لەوەی کە بۆچی باوکیان دەبێت کار بۆ کەسێکی دیکە بکات و خۆی خاوەنکار نییە. ئەوان هەمیشە وایانزانیوە کە باوکیان باشترین پیاوی شارەکەیە. بەڵام لەناکاو بۆیان دەردەکەوێت کە نەک باشترین نییە، بەڵکو کەسێکە کە دایمە ماستاو بۆ بەڕێوبەرەکەی دەکات. ئەمە منداڵەکان تووڕەدەکات لە باوکیان. تووڕەبوونێک کە دابڕاوی ئەوان دەردەخات لە جیهانی گەورەکان. بەڵام ئەو تووڕەبوونە، دواجار تووڕەبوونێکی منداڵانەیە و زوو نامێنێت. بابەتەکە تا بڵێیت سادەیە. کەچی سەرەڕای ئەو سادەییە، ئۆزو فیلمێکی درێژی لەسەر دروستکردووە. منداڵەکان دواجار گەورەدەبن و ئاشنای جیهانی گەورەکان دەبن. بەڵام لە هەندێک فیلمی دیکەیدا، بابەتەکە ئاڵۆزتر و لە هەمان کاتیشدا، خەمناکترە. بۆ نموونە لە چیرۆکی تۆکیۆدا، دابڕانەکە لەنێوان جیلێکە لەگەڵ جیلێکی تر. جیلی پیرەکان لەگەڵ جیلی گەنجەکان. ئەمجارە کۆتایی فیلمەکە بەرەو شوێنێک ناچێت کە دابڕانەکەی تیادا نەمێنێت، هەروەک چۆن لەدایکبووم… بەڵام، بەرەو گەورەبوونی منداڵەکان دەچوو. بەڵکو لە چیرۆکی تۆکیۆدا، فیلمەکە بەرەو مەرگی جیلە پیرەکە دەچێت. وە لەکاتی سەیرکردنی فیلمەکەیشدا، بینەر ناتوانێت نەمانی دابڕانەکە ببینێت و لەجێی ئەوە، کەسەکان دەبینێت کە چۆن تا دوای کۆتاییهاتنی ژیانیشیان، لەناو جۆرێک لە دابڕاویدا دەمێننەوە. هەرچەندە کۆتایی چیرۆکی تۆکیۆ زۆر خەمناکترە لە کۆتایی لەدایکبووم… بەڵام، کەچی هێشتا هەردووکیان هەمان باسن و زۆریش لەیەکەوە نزیکن. جیاوازییەکەیان تەنها ئەوەیە کە باس لە دوو قۆناغی جیاوازی ژیانی مرۆڤ دەکەن. قۆناغێکیان بەرەو گەورەبوونی مرۆڤ و زیاتر تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەوانی تر باسدەکات، قۆناغێکیشیان مەرگی مرۆڤ و دابڕانی یەکجارەکی باسدەکات.

 

لەو دوو فیلمەدا و لە بەشێکی تری فیلمەکانی تری ئۆزودا، قۆناغی منداڵی و پیری پیشاندەدرێت. بەڵام ئەوەی کە زۆر لای من سەرنجڕاکێشە، قۆناغی گەنجیە. دووان لە فیلمەکانی ئۆزو کە باس لەم قۆناغە دەکەن، کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوینە. لەم قۆناغەدا لەجێی ئەوەی قۆناغێک پیشانبدرێت کە وەک ئامادەکاری وایە بۆ نەمانی دابڕان و یەکبوون لەگەڵ ئەوانی تر، یاخود قۆناغێک کە کۆتاییهاتنی ژیان پیشانبدات بە بەردەوامبوونی دابڕانەکەوە، قۆناغێک پیشان دەدرێت کە مرۆڤ لەناوڕاستی ژیانیدایە و هیچ سەرەتا و کۆتاییەک دەرفەتی ئەوەی نادات کە خۆی لە دابڕانەکە بدزێتەوە. لێرەدا دابڕانەکە زۆر شەخسی دەبێتەوە بۆ ئاستی تاکەکە. بۆ نموونە کێشەی منداڵەکانی لەدایکبووم… بەڵام، کێشەی زۆربەی منداڵەکانی جیهانە. یاخود کێشەی دایک و باوکەکەی چیرۆکی تۆکیۆ، کێشەی زۆربەی دایک و باوکە پیرەکانە. بەڵام ئەو کێشانەی کە لە کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا دەردەکەون، بەڕێژەیەکی کەمتر گشتین و تایبەتن بە تاکەکە خۆی. بەتایبەت لە کۆتایی بەهار، کەسایەتیەکە لەناکاو ڕاستیەکی بۆ دەردەکەوێت، کە هیچ کەسێک بەهۆی ئەو ڕاستیەوە لە بەرەی ئەودا نامێنێت و هەمووان دەچنە بەرامبەری. ناشتوانێت خۆی هاوتای هیچ کەسی دیکە بکات و تەنیا دەمێنێتەوە. لەم کاتەدا ناچاردەبێت کە تەنانەت پشت بە ڕاست و هەڵەیی دنیابینی خۆی نەبەستێت و ملکەچبکات بۆ دنیابینی ئەوانی تر. ئەمە ڕێک هەمان ملکەچکردنە بۆ سروشت و ئەو تایبەتمەندیەی سروشت کە بەردەوام دەیجووڵێنێت و ناهێڵێت لە دۆخێکی جێگیردا بمێنێتەوە. هەربۆیە ئەم کەسایەتیە بەناچاری کۆتایی بە وەرزی بەهاری تەمەنی دەهێنێت و بەرەو وەرزێکی دیکە دەچێت. بەپێچەوانەی سەرەتای هاوین کە کەسایەتییەکە دەستدەکات بە وەرزێکی نوێی ژیانی.

سەرەتای هاوین فیلمێکی جیاوازە و چەند ساڵێکیشی لەنێوانە لەگەڵ کۆتایی بەهار. بەڵام باسکردنە لە هەمان بابەت، لە هەمان قۆناغدا و بەجۆرێکیش، بەسەر هەمان کەسدا. کەسایەتیەکەی ئەم فیلمە، هەر هەمان خانمە ئەکتەر ڕۆڵی دەبینێت کە لە کۆتایی بەهار ڕۆڵی دەبینی. تەنانەت ناوی یەکەمیشی نۆریکۆیە، ئەم ناوە هەمان ناوی کەسایەتییەکەی کۆتایی بەهارە و تەنها ناوی دووەمی گۆڕاوە. هەردوو فیلمەکەیش بابەتە سەرەکیەکەیان شووکردنی کچێکە، کە تەمەنی خەریکە لە تەمەنی شووکردن تێدەپەڕێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، جیاوازییەکیش بوونی هەیە کە وایکردووە دوو فیلمەکە ببن بە دوو فیلمی جیاواز.

لێکچوون و دووبارەبوونەوە، بەردەوام هەستیان پێدەکرێت لەکاتی سەیرکردنی سینەمای ئۆزودا. بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێک ئەوە ناگەیەنێت کە فیلمێکی، بە تەواوەتی هەمان ناوەڕۆکی فیلمێکی تری هەبێت، سەرەڕای ئەو لێکچوونە زۆرەیش. بەڵکو ئەو بەم کارە هاوکاریمان دەکات تا سەرنجی بچووکترین جیاوازییەکان بدەین. ئەو جیاوازیە بچووکانەی کە  فیلمەکانی ئۆزو لەیەکتری جیادەکەنەوە، ڕۆڵی مرۆڤەکانمان پیشاندەدات لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیاندا. ئەو ڕۆڵەی کە ناچارن وەریبگرن لەو کاتەی کە دابڕانیان لەوانی تر ئاشكرا دەبێت. بۆ نموونە کەسایەتی نۆریکۆ لەناو کۆتایی بەهار، بەهەمان شێوەی نۆریکۆ لە سەرەتای هاوین، بەردەوام داوای لێدەکرێت کە شووبکات. بەتایبەت لەلایەن خێزانەکانی خۆیانەوە. بەڵام جیاوازی نۆریکۆی کۆتایی بەهار ئەوەیە، کە شووکردنەکەی ئەو زیاتر بەستراوەتەوە بە ئێستا و ڕابردوویەوە. بۆیە هەرکات باسی شووکردن دێتە پێشێ، ئەو دەڵێت کە من بەختەوەرم، پێویستم پێی نییە، نامەوێت لەم قۆناغەی ئێستام دەربچم. بەڵام نۆریکۆی ناو سەرەتای هاوین، بیر لەوە دەکاتەوە کە شوو بەکێ بکات، لەگەڵ کێدا دڵخۆش دەبێت و کێشەکانی چی دەبن. واتە دەتوانین بڵێین کە کۆتایی بەهار کۆتاییهێنانە بە قۆناغێک. بەڵام سەرەتای هاوین، چوونە بەرەو قۆناغێکی نوێ.

 

کێشەی کەسایەتییەکانی ئۆزو، کێشەی باوی خەڵکن و هەر لەبەر ئەوەیشە کە لێکچوون و دووبارەبوونەوەی زۆر دەبینین لە فیلمەکانیدا. بەڵام بە دروستکردنی هەندێک گۆڕانکاری، بۆ نموونە ئەو جیاوازیایەی لە بەینی کەسایەتییەکەی کۆتایی بەهار و سەرەتای هاویندا هەیە، وادەکەن کە لە شوێنێکی فیلمەکەوە ئێمە مرۆڤی سەربەخۆ ببینین. ئەو مرۆڤانە هەستیان بەو دابڕانە کردووە کە هەیانە لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا. هەربۆیە دوای ئەم هەستکردنە، پێویستە بەجۆرێک کاردانەوەیان هەبێت. کاردانەوەکان زۆرجار بۆ نەهێشتنی دابڕانەکەیە. بۆ نەهێشتنی ئەو تێنەگەیشتنەیە، کە خەڵک بەرامبەر بەم کەسایەتیانە هەیانە. یاخود خۆیان بەرامبەر بە دەرەوەی خۆیان هەیانە. مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تێنەگەیشتنانە، بۆ هەر کەسایەتییەک پێویستە مامەڵە و کاردانەوەیەکی جیاوازبێت. ئەم قۆناغی کاردانەوە و مامەڵەکردنە بۆ من، پڕچێژترین بەشی فیلمەکانی ئۆزون. زۆرجار ئەم قۆناغە، لە نیوەی فیلمەکەوە دەستپێدەکات و تا کۆتایی بەردەوام دەبێت. هەندێکجار کەسایەتییەکە دنیابینی و تێگەیشتنی دەگۆڕێت و لەوانی تر نزیک دەبێتەوە. هەندێکجاری کەمیش، کەسایەتیەکە بەجۆرێک ئەوانی تر لەخۆی نزیک دەکاتەوە. دواجار ئێمە لە هەر فیلمێکدا، مرۆڤێک دەبینین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کێشەی دواکەوتنی خۆی دەکات لەوانی تر، دواکەوتنی لە جووڵە بەردەوامەکەی سرووشت و ژیان. ئەو دواکەوتنەی کە کەسایەتیەکەی دابڕاندووە، کە تێنەگەیشتنێکی لەنێوان ئەو و ئەوانی ترد دروستکردووە و مرۆڤەکەی بە تەنیایی هێشتووەتەوە و وایکردووە کە کەس لێیان تێنەگات.

 

ئێمە ناچارین بەردەوام بەرەوپیش بچین. بگۆڕێین و خۆمان لەگەڵ دەرەوەی خۆماندا بگونجێنین. بێگومان دەرەوەیش بە هەمان شێوەی ئێمە لە گۆڕانی بەردەوامدایە. بۆیە زۆر بەئاسانی دەکرێت لەم گۆڕان و بەرەوپێشچوونە دوابکەوین و داببڕێین لەگەڵ دەرەوەی خۆماندا. تەنیا بمێنینەوە و کەس لێمان تێنەگات، وە لە شوێنێکی ژیانمداندا، نەزانین کە دەبێت چیبکەین. فیلمەکانی ئۆزو بەردەوام ئەو پرسیارە دەڵێنەوە کە مرۆڤە دابراوەکان پێویستە چیبکەن و چۆن خۆیان بگونجێنن. وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەر فیلمێکدا، وەڵامێکی جیاوازە. لە هەندێک فیلمیدا ئەسڵەن وەڵامی نییە و کەسایەتییەکان نزیک دەبنەوە لەوەی کە بە تەواوەتی شکستی خۆیان ڕابگەینن. چیرۆکی گیا سەرئاوکەوتووەکان بەم جۆرەیە. لەم فیلمەدا باوک و کوڕەکە سەرەڕای قسەکردنیان لەگەڵ یەکتری، هێشتا ناتوانن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە بیست ساڵە لە نێوانیاندا هەیە و دواجار، بە دابڕاوی دەمێننەوە. لەکۆتایی فیلمەکەدا هەریەکەیان دەچێتەوە دۆخی سەرەتای فیلمەکە و ژیانیان بەهەمان جۆر و بەبێ یەکتری بەردەوامدەکەن. هەرچەندە ئەم فیلمە یەکێکە لە فیلمە بێدەنگەکانی ئۆزو، بەڵام ‌هێشتا قسەکان، ئەو قسانەی کە بە شێوەی نووسین لەسەر شاشەکە دەردەکەون، ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە دەرخستنی کاردانەوەی مرۆڤ بەرامبەر بەو سروشت و ژیانەی کە لەناویدا دابڕاون. دایکەکە بەردەوام بە قسەکانی ڕوونکردنەوە دەدات، باوکەکە باوکایەتی خۆی دەسەلمێنێت، کوڕەکەیش تەنها پرسیار دەکات. دابڕانەکە بەجۆرێکە کە ئەم کەسایەتیانە سەرەڕای ئەوەیشی کە پێکەوەن و لە یەک شوێندا پێکەوە قسە دەکەن، هێشتا هەریەکەیان لەناو دنیای خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوی تر دەکات و کەسیان ناتوانن نزیک بنەوە لەوەی تریان.

 

خەمناکترین فیلمی ئۆزو لەلای من، کوڕی تاقانەیە. ئۆزو لەو فیلمەدا تەنها دابڕانی کەسێک پیشان نادات لەگەڵ کەسانێکی تر. بەڵکو دابران پیشان دەدات لەگەڵ کات و شوێن و سەردەمدا. بەهەڵداچوونێک پیشان دەدات کە بەشێکی زۆری تەمەنی کارەکتەرەکانی بۆ دەبێت بە قوربانی. ئەوەیشی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم بەهەڵداچوون و دابڕانە لە سەرەتادا لەسەر بنەمای تێگەیشتنێک دروستدەبن. تێگەیشتنی مرۆڤێک بۆ ئەو سەردەمە، بۆ ئەو کات و شوێنەی کە تیادا دەژی. لەم فیلمەدا کەسایەتییە پیرەکە کە دایکێکە، بە ئاشکرا ترسی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو سەردەمەی کە هەیە. بەڵام زۆر زوو واز لە ترسەکەی دەهێنێت و خۆی دەداتە دەست کەسایەتییە گەنجەکە کە کوڕە تاقانەکەیەتی. ئەو کوڕەی وەکو گەنجێک زۆر بوێرانە لە سەردەمەکەی دەڕوانێت و بڕیارەکانی خێرا و ڕاستەوخۆن. لە سەرەتادا بینەر وادەزانێت کە فیلمەکە تەنها پیشاندانی ئەم دوو تەمەنە جیاوازەیە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتری دەکەن لەسەر بابەتێک، کە ژیانە لەناو سەردەمەکەیاندا. بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە فیلمەکە زیاتر بەرەو شوێنێک دەچێت کە تیایدا مرۆڤەکان بەرامبەر یەکتری نین، بەڵکو بەرامبەر بە خوودی سەردەمەکەن. بەرامبەر بە سروشتی ژیانن لەو سەردەمەدا. لە شوێنێکدا کەسایەتییە گەنجەکە شکستی یەکجارەکی خۆی ڕادەگەیەنێت بەرامبەر بە سەردەمەکەی. لە بەردەم دایکە پیرەکەیدا، ئەو دایکەی کە دەترسێت لە سەردەم و بڕیارەکانی بە گومانەوە دەدات، شکستی خۆی ڕادەگەیەنێت و دان بە هەڵەیەکی گەورەدا دەنێت کە گوایە پێشتر لە سەردەمەکە تێگەیشتووە و توانیویەتی بەرەو ژیانێکی شاییستە بڕوات. وەڵامی دایکەکە، پێشنیاری بەردەوامبوون لە ژیان و قبوڵکردنی شکستەکان دەبێت.

 

کۆتایی کوڕی تاقانە، لەگەڵ کۆتایی زۆرینەی فیلمەکانی ئۆزو، وەڵامی ئەو پرسیارەیە کە دەڵێت “چی بکەین دوای ئەوەی کە زانیمان دابڕاوین، تەنیاین، کەس لێمان تێناگات….؟”.هەرچەندە هەر کەسایەتییەک وەڵامێکی جیاوازی هەیە و لەکۆتایی فیلمەکەدا بەجۆرێک دەریدەخات، بەڵام لەناو هەموو کۆتاییەکاندا هاوبەشییەک هەیە. ئەویش ئەوەیە کە ئۆزو دەیەوێت مرۆڤەکان بژین. بەردەوامبن و هیچ شكست و سەرکەوتنێک نەکەن بە خاڵێک تا بەهۆیەوە بوەستن. ژیانی ناو فیلمەکانی ئۆزو، ژیانێکە کە پێویستی بە بەردەوامبوونە. وەک چۆن سروشت هەمیشە دەڕوات و هەرگیز ناوەستێت، مرۆڤیش نابێت هیچ شتێک هەبێت کە بیوەستێنێت و ڕایبگرێت لەوەی کە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی ژیانی خۆی بکات. دابڕان و تەنیابوون و تێنەگەیشتن، تەنها پەیوەستن بە قۆناغەوە. ئەگەر تەواوی تەمەنیشت هەر لەو قۆناغەدا بمێنیتەوە، هێشتا مانای ئەوە نییە کە لە ژیان بوەستیت. قۆناغی نوێ بەردەوام لە دروستبووندایە و چیرۆکەکانی ژیان، هەرگیز تەواونابن. ئەەر ئەو وەڵامەنەیشی کە لە کۆتایی فیلمەکاندا دەستمان دەکەون وەڵامێک نەبن کە بابەتەکە دابخات و کۆتایی پێبهێنێت، هێشتا هانمان دەدەن کە نەوەستین و بەردەوامبین، لە دۆزینەوەی وەڵامی دیکە، لە ژیانکردن.

 

 

Leave a comment