[چاوپێکەوتن لەگەڵ تیۆ ئەنجیلۆپۆلۆس]

چاوپێکەوتن لەگەڵ تیۆ ئەنجیلۆپۆلۆس.

لە ئینگلیزییەوە: هەنگوین 

فیلمەکانی تیۆ ئەنجیلۆپۆلۆس، دەرهێنەری براوەی خەلاتی “چڵە دارخورمای زێڕین” جوانیەکی تایبەتییان هەیە. یەک گرتە  زنجیرەییەکانی و خواستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مێژووی سیاسیی شێواوی یۆنان؛ فیلمەکانی دەکەن بە وردبوونەوەیەکی فراوان و شاعیرانە لە دۆخی یۆنان. ئەو کاتەی لە ئامادەکاریدا بوو بۆ چواردەیەمین فیلمی، چانسی ئەوەم هەبوو چەند پرسیارێک لە گەورەترین فیلمسازی زیندوو بکەم؛ لەبارەی کارەکانیەوە.

تۆ بۆ ماوەیەک لە دژی ئەوە بوویت فیلمەکانت بە ڤیدیۆ و دی ڤی دی بڵاوبکرێنەوە؛ خواستی ئەوەت هەبوو فیلمەکان لەسەر شاشە گەورەکە ئەزموون بکرێن، لەوێدا کاریگەری سکەیڵی فیلمەکە باشتر دەنرخێندرێت. چی وای کرد بۆچوونت بگۆڕیت؟

زەمەن دەگۆڕێت و دەبێت ئەو ڕاستیە قبوڵ بکرێت، کە بڵاوبوونەوەی فیلم لەمڕۆدا سنووردار نییە بە هۆڵی سینەماوە، هەندێک نەوە هەیە لە رێگەی ئینتەرنێت و دی ڤی دیەوە فیلم دەدۆزنەوە.

پێشتر باسی خۆشەویستیت کردووە بۆ سینەمای ژانری ئەمریکی، دەتوانیت کەمێک لەبارەی ئەوەوە بدوێیت کە چۆن کاریگەری لەسەر کارەکانت دروست کردووە؟  

لە ساڵانی سەرەتای دوای جەنگ، جگە لە فیلمەکانی سەردەمی “میلۆدرامای یۆنان” تاکە سینەما کە هەبوو، ئەو فیلمە ئەمریکیانە بوو کە لەگەڵ پلانی مارشاڵدا هاتبوون. زۆربەیان هیچ شتێکی تایبەتیان تێدا نەبوو، بەڵام هەندێکیان کاریگەریيان بەسەر چەندین نەوەی فیلمی یەک لە دوای یەک بەجێهێشت، بەرکەوتنی پاریسیش بە سینەمای ئەمریکی و فیلمە زۆر گرنگەکانی، مێژوویەکی زانراوە.

لەبارەی کاریگەربوونەوە، هەندێک جۆری کاریگەربوون جۆرە دیارەکەیەتی، هەندێکی تریان بە داپۆشراوی و وەکو ئیلهامێکی تاریک کاردەکەن، با بڵێین منیش ئەوەم بەسەرهات.

چۆن چیرۆکەکانت دەنووسی؟ بە بیرۆکەی گرتەیەک دەست پێدەکەیت یان زنجیرەیەک، یاخود دایەلۆگ؟ ئایا لە سەرەتاوە دەقی گرتەی ئاڵۆزن؟

خاڵی پەیدابوونی بیرۆکە لەوانەیە وێنەیەک، دیدەنێک، گوزەرێک، یان چیرۆکێکی کۆن بێت، کە دەردەکەوێت و دەخوازێت ببێت بە وێنە. دیمەنی هاوسەرگیریەک  لە فیلمی ”هەنگاوی ڕاگیراوی لەقلەق” کە لە نێوان سنووری دوو وڵاتدا ڕوو دەدات و بە ڕووبارێک لێک جیابوونەتەوە، زاوا لە لایەکی ڕووبارەکەیە و بووکیش لە لایەکەی بەرانبەری، لە دیمەنێکەوە درووستبوو کە لە “هارلیم- نیۆرک” بینیبووم؛ دوو کوڕی ڕەشپێستی گەنج، لەسەر جادەیەکی چۆڵ مەشقیان دەکرد.

وێنە لە گەشتدا لەدایک دەبێت، پێویستم بەوە نییە ڕەچاوی تێبینی بکەم. وێنەکان لەگەڵ دێڕەکانیان، ڕەنگەکانیان و ستایڵەکانیان لە دایک دەبن. بە سەدان لە فۆتۆگرافەرەکان وەکو یادەوەری کار دەکەن، بەڵام هیچ شتێک لە پێش وێنەگرتنەوە تەواو نابێت. لە کاتی وێنەگرتندا هەموو شتێک لەسەر بنەمای ڕاستیەکی نوێ دروست دەکرێنەوە. ئاکتەرەکان، شتە پێشبینیى نەکراوەکان، بیرۆکە لە ناکاوەکان. لەگەڵ ئەمانەشدا سەرەتایەک هەیە کە پێشیان دەکەوێت. لە پێش هەموو شتێکەوە؛ ئەو کاتەی بیرۆکەی فیلمێک لە دایک دەبێت، لە هیچەوە لە دایک دەبێت؟ بەڵێ و نەخێریش.

چۆن پلانی گرتە زنجیرەییە ناوازەکانت دادەنێیت؟ چۆن بڕیارت دا کە ئەم تەکنیکە دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی ستایڵی تۆ، وەک فیلمسازێک؟

ئەگەر مەبەستمان کارکردنە بە گرتەی درێژ، ئەوا دەبێت بڵێم کە ئەوە بڕیارێکی لۆجیکی نەبوو، بەڵکو هەڵبژاردنێکی سروشتی بوو. پێویستیەک بوو تاوەکو کاتی سروشتی لەگەڵ بۆشاییدا یەکبگرێتەوە، وەک ئەوەی بوونێکی یەکگرتووی بۆشایی و کات هەبێت. پێویستیەک بوو بۆ ئەوەی ئەو کاتە وەستاوەی نێوان ئاکشن و ڕابینین، کە زۆر جار لە کاتی ئیدیتدا لادەبرێت، وەک وەستانێکی موزیکی کار بکات.

پەیبردنە بە گرتەکە وەکو خانەیەکی زیندوو کە هەناسە هەلدەکێشێت، وشەکان دەگەیەنێت و هەناسە دەداتەوە. ئەمە هەڵبژاردنێکی ناوازە و ترسناک بوو کە تا ئەمڕۆش بوونی هەیە.

بەکارهێنان و ئيدیتکردنی دەنگ و موزیک؛ کارێکە لە پێش وێنەگرتنەوە پلانی بۆ دادەنێیت، یان لە قۆناغی دوای بەرهەمهێنانەوە سەرنجی دەخەیتە سەر؟

دەنگ و موزیک لە پێش وێنەگرتنەوە پلانی بۆ دادەنرێت، بەڵام لە دوای وێنەگرتن و لە کاتی ئیدیتکردندا؛ کارکردن تێیدا تەواو دەبێت.

بارودۆخی سیاسی ساڵانی حەفتاکان، چ کاریگەریيەکیان هەبوو بەسەر ناوەڕۆک و بەرهەمهێنانی فیلمەکانت لەو ماوەیەدا؟ چەندێک لەو سروشتە شاراوەیەی فیلمەکانت کە ڕاستەوخۆ لەسەر شاشە دەرناکەوێت، ئەنجامی سانسۆری سیاسی ئەو کاتە بوون؟

 تا چەند لە بینەران چاوەڕوان دەکەیت، کە ئەم بۆشاییانە پڕ بکەنەوە؟

زۆربەی ئەوانەی ئەو شەرەفەیان پێ بەخشیووم سەرقاڵی کارەکانم بن، وا بیر دەکەنەوە کە شێوازی نووسینم ئەنجامێکی سیاسیيە. تا ڕادەیەکیش بەو جۆرەیە. کاتێک کە فیلمی ڕۆژانی “36”م دروست کرد؛ فیلمێک لە بارەی دیکتاتۆریيەوە لە سەردەمێکی دیکتاتۆریيدا، کە مەحاڵ بوو زمانێکی ڕاستەوخۆ بەکارببرێت؛ زمانێکی نهێنیم بەکارهێنا.

ناوبردنی ناڕاستەوخۆی مێژوو، کپکردن، دووان بە شاراوەیی وەک جوانکاریەک، هەموو شتە گرنگەکان لە پشت کامێراوە شاردرابوونەوە. لەبارەی بینەرانەوە، دەبێت دیمەنێک باس بکرێت؛ فیلمەکە تەواو دەبێت و بینەر هەیە و لە پشت بینەریشەوە پۆلیس هەیە بە جلی فەرمییەوە.

یەکێک لە بینەران: لەو دیمەنەدا تۆ مەبەستت هەمان ئەو شتە بوو کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە؟

وەڵام: بەڵێ.

چەپڵەلێدان…

هەمان شت دووبارە دەبووەوە لە کاتی نمایشی فیلمەکەدا، پرسیاری ئەبستراکت و وەڵامی ئەبستراکت. بینەر دەبێت وەکو ئەنجامی ئەو سەردەمە و کێشەکانی، کە هەر ئەو سەردەمە دروستی کردوون؛ ببیندرێن.

دەتوانیت کەمێک لە بارەی پەیوەندی نێوان سینەماو ڕیالیزم و شانۆ بدوێیت لە “کۆچی ژەنیارەکان و ڕاوچیەکان؟”

پێچەوانەکردنەوەی ڕۆڵەکان لە دیمەنی دەریاکەدا، لە “کۆچی ژەنیارەکان” بۆ نموونە، یان بەکارهێنانی ستەیج لە هەردوو فیلمەکەدا…

بەکارهێنانی گرتەی درێژ، زۆربەی کات بە شانۆیی دادەندرێت. ئەوەی لە زمانی فەڕەنسیدا پێی دەوترێت: “plans-séquence” ) گرتەی زنجیرەیی)، لەم گرتانەدا کاتێک لە شوێنێکی داخراودا بێت، شوێنەکە کارەکتەرکان بۆ خۆی بەکاردەهێنێت و ئاکتەرەکان بە ئازادی دەجوڵێنەوە، وەک ئەوەی لە سەر تەختی شانۆ بن. ئەم تایبەتمەنديیانە وا لە بینەران دەکەن وەک کارێکی شانۆیی بیبینن، بەڵام ئەمە پێناسە نییە بۆ شانۆییبوون.

ئەگەر بمەوێت پێناسەی بکەم، دەتوانم بڵێم پلەیەکی زیادەڕۆییە؛ لە ڕووی دووان و جوڵەوە. لە لایەکی تریشەوە ستەیجی شانۆ بەربەستە، هیچ هەڵسەنگاندنێک و هەڵبژردنێکت لەبەردەمدا نییە. وتار لە پێشدا دێت، ئینجا ئەو ئاکتەرەی نواندن دەکات. دەتوانم بڵێم، ئەوەی بینەر لەم نێوەندا نائاگاییانە دەیکات، سەرنج خستنە سەر ئاکتەر یان هەرشتێکی سەر ستەیجە کە سەرنجی ڕادەکێشێت، وە دروستکردنی گرتەیە لەو توخمانە لە مێشکی خۆیاندا.

لە سینەمادا ئەمە لە ڕێگەی چەندین گرتەوە و لەلایەن دەرهێنەرەوە دەکرێت، نەک بینەر. بەڵام کارەکە یەک شتە؛ گەشتێکی تێڕامانە بە ناو شوێنێکی خەیاڵیدا.

ئەم فیلمانە کارەکتەرەکان وەک تاک پیشان نادات، بەڵکو زیاتر سەرنج لەسەر کاریگەریى ڕابردووە بەسەر ئاگایی و یادەوەرييەکانەوە، نەک کارکردنێکی سایکۆلۆژیى تایبەت. دەتوانیت بە ڕاشکاوی لەسەر بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە “برێکتی”یە قسە بکەیت، لە فیلمە سەرەتاییەکانتدا؟

تەکنیکی برێکتی بێگومان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەردەمە زۆر کاریگەر بوو بەوەی کە پێی دەوترێت بێگانەبوونی برێکتی، نەک تەنها کارەکانی من، بەڵکو چەندەها نەوەی دەرهێنەری پێش من و سەردەمی منیش. بێگومان ناتوانین باسی میتۆدێکی سینەمایی بکەین ،تەنها نزیکبوونەوەیەکە لەوەی پێی دەوترێت بێگانەبوون، لێرەشدا سایکۆلۆجی تاک نییە.

لە فیلمەکانی تۆدا “ئەفسانە” چ کارێک دەکات ؟

لەپشت یەکگرتنی لەناو چوارچێوەی فیلمەکاندا، وەکو توخمێکی سەرەتایی کە چەندین دیاردە و بوونە دێرینەکانی لەخۆگرتووە؛ هەبوونی ئەفسانە لە ناو فیلمەکانمدا پێکهێنەری بنەمای پەیوەندیە ماتریالیستیەکانە لەگەڵ دابونەریتدا. کلیلی ئەم پەیوەندیيە بەرهەمهێنانەوەیەکی میکانیکی ئەفسانە و خستنە ناو بەرگێکی چیرۆکی مۆدێرن نییە تاوەکو سروشتی ئەبەدی و نەگۆڕی بسەلمێنم. بە پێچەوانەوە بابەتەکە بۆ من ڕەخنەگرانەیە و لەناوبردن ئەفسانەیە بە گەمارۆدانی لەناو چیرۆکێکی خەیاڵاوی و بێ نیشاندانی وەکو پێویستیەکی بنچینەیی.

ئێمە لە ناو کلتوورێکدا دەژین کە ئەم ئەفسانانەی بۆ ماوەتەوە، پێویستە لەسەرمان بە هەر نرخێک بێت لەناویان بەرین و ڕەهەندێکی مرۆڤانەیان پێ ببەخشین. من قەدەر و چارەنووس قبوڵ ناکەم. ئەگەر بچینە ناو ڕاستی مێژووییەوە، ئەفسانە دەبێتە چیرۆکێکی ڕاستەقینە؛ بە ڕەهەندێکی جیاوازەوە. ئەوە لێکدانەوە نییە، من ڕەهەندێکی مرۆڤانەی دەدەمێ، لەبەرئەوەی مرۆڤ مێژوو دروست دەکات، نەک ئەفسانە.

هەست دەکەیت ڕادەیەکی دژیەکی هەیە، لە نێوان جوانی و ئەو وێنانەی کە دروستیان دەکەیت، لەگەڵ ئەو پەیامەی کە دەتەوێت ئەم وێنانە بیگەیەنن؟

ئەوەندەی ئاگاداربم؛ بە ڕادەیەکی زۆر. هەر کاتێکیش دژیەکی هەبێت، من یەکەمیان هەڵدەبژێرم، وەک هاندەرێکی لێ دێت و خۆی دەسەپێنێت. بێگومان مەترسی جوانی و زیانگەیاندنی بە دەربڕین، هەمیشە هەیە.
فیلمەکانی سەرەتات ناوەڕۆکی قوڵی سیاسیان هەیە، قەت بە خەمی ئەوەوە بوویت، کە ئەو سروشتە تاکەی زمانی سینەماییت ڕێگر بێت لە گەیاندنی ئەوەی دەتەوێت بیڵێیت؛ بە ڕێژەیەکی زیاتری بینەر؟

ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، لەبەر ئەوەی قەت بە خەمی ئەوەوە نەبووم…

بارودۆخی دروستکردنی فیلم لە ماوەی ساڵەکاندا چۆن گۆڕاوە؟

زۆر گۆڕاوە. بەڵام بە زۆری بۆ ئەو نەوەیەی بەرێوەن و ئەوانەی داواکاریان زۆرە، بۆ ئەوان هیچ هەڵبژاردنێکی ئاسان بوونی نییە. کاتێک من بۆ یەکەمجار چوومە دنیای سینەماوە؛ دنیایەکی ئەفسووناوی بوو. لە ئێستادا بارودۆخ زۆر دەگۆرێت، هەلومەرجی ئابووریش هۆکارێکە بۆ ئەم گۆڕانە.

هیچ ئارەزووت لە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵ هەیە؟

بەو ڕادەیەی کە چەند پڕلە داهێنانە، بەڵێ. لەگەڵ ئەوەش ئەوە ڕوونە، کە ڕێگاکان چارەنووسسازانە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕۆن.

تێڕوانینت چییە لەبارەی ئەو فیلمانەی بەرپرسیارن لە دەنگدانەوە و گرنگی سینەمای یۆنان لە ئێستادا، لە جۆرەکانی “یۆرگۆس لانتیمۆس و ئاتینا تسانگاری…

زۆر سەرنجڕاکێش بوون لام، وە نەوەکانی تری ئەم دەرهێنەرانەش بە هەمان شێوە. هیوادارم ئەم جیلە نوێیە ڕێنوێنی شەپۆلێکی نوێی ڕاستەقینە بکەن.

پێدەچێت بەم زووانە فیلمێکی نوێی “ئەنجیلۆپۆلۆس” ببینین ؟

من لە قۆناغی پێش بەرهەمهێنانی بەشی سێەمی ئەو زنجیرەیەم کە بە “مێرگی گریان” دەستم پێکرد و بە “غوباری زەمەن” بەردەوامیم پێدا. ناونیشانەکەی، بە ئەگەرەوە “دەریاکەی تر” دەبێت.

Leave a comment