بیرۆکەی قوتابخانەی فێمینیستی
چاوپێکەوتنی سولی ئۆن لەگەڵ هۆزان مەحمود
ماوەیەکی زۆر بوو دەمویست لە سەردانێکمدا بۆ کوردستان زنجیرە سیمینارێک ڕێکبخەم سەبارەت بە هزری فێمینیزم. بەڵام بەداخەوە ئاسان نەبوو ئەم کارە، بەهۆکاری ئەوەی کە من هیچ لایەن و کەس و دام و دەزگایەکم لە پشت نیە. دواتر کۆرۆنا هات و ساڵێک زیاترە بەشێکی زۆر لە خەڵک لە ماڵەوە کاردەکەن. بۆیەش من سەرەڕای ئەوەی لە ماڵەوە کاردەکەم، کاتی زۆرترم بۆ دەمێنێتەوە و بیرم لەوەکردەوە کە لە ڕێگەی پڕۆگرامی ئینتەرنێتی زوومەوە زنجیرە سیمینارێک ڕێکبخەم سەبارەت بە فێمینیزم. هەستمکرد بە ئۆنلاین باشتریش بێت، چونکە ژنان لە هەر شوێنێک بن دەتوانن بەشداری بکەن.
دواتر بیرم لەوە کردەوە و پێم باشبوو بیکەمە قوتابخانەیەک و بەردوامی هەبێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە من ساڵانێکی زۆرە هەستم بە کەلێنێکی گەورەی هزری کردووە لە کار و چالاکی و دونیابینی ژنان و کچانی چالاک لەبوارە جیاوازەکاندا. دەشمزانی ئەم کەلێنە بە ڕێکخراوی ژنان پڕناکرێتەوە.
دواتر لە مانگی یازدەدا لەگەڵ هاوڕێم خاتوو لەنجە عەبدوڵا سەبارەت بەم بیرۆکەیە قسەمکرد و پێم باشبوو بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای وارڤین و لەنجە خاندا ئەم کارە بکەین. ئەویش زۆر پێشوازی لەم بیرۆکەیە کرد و لەڕاستیشدا ئێمە زۆر دەمێکە بیروڕا دەگۆڕینەوە لەسەر ئەوەی چی بکەین سەبارەت بەم کەلێنە فیکریە. تەنانەت ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٩ ویستمان پڕۆژەیەکی هاوبەشی لەم شێوەیە دانێین، بەڵام پشتیوانیمان بۆ پەیدا نەبوو.
ئێستا ئێمە وەکو پڕۆژەی کولتور و ئەوانیش وەک دەزگای وارڤین، کەوتینە پەیوەندی کردن بەو خانمانەی کە دەیانناسین بۆ ئەوەی بزانین بۆ وەها قوتابخانەیەک ئامادە دەبن. من و لەنجە خان باسی ئەوەمان کردبوو کە ڕیکلامی بۆ نەکەین و بۆ ئەوەی ئەمە وەکو یەکەم ئەزموونمان بە ژمارەیەکی کەمەوە دەستپێبکەین و بە شێوەی داخراویش نەک وانە وتنەوەی لایڤ و کراوە. ئەوەی بەلامانەوە گرنگ بوو بەشداری خانمانەکان بوو، هەروەها بۆ ئەوەی بەو پەڕی ئازادیەوە موناقەشەکان بکرێن.
سترەکتوری وانەکان:
من سەعاتی یەکەم بۆ ماوەی چل و پێنج دەقیقە وانەیەک دەلێمەوە کە پێشتر ئامادەم کردووە، دواتر پانزە دەقیقەش بۆ پرسیار و وەڵام سەبارەت بە وانەکە. بەشی دووهەمیش کە سەعاتێکە دەیکەینە دیبەتکردن و بیروڕاگۆڕینەوەی ژنان لەژێر ڕووناکی ئەوەی لە وانەکەدا باسکراوە، بەڵام لە کۆنتێکستی کوردستاندا باسەکە دەکەین. خاتوو لەنجە بەڕێوەبردنی سیمینار\وانەکان دەکات و بەشداری کارای هەیە لە باس و دیبەیتەکانیشدا. سەرەتا نزیکەی پەنجا ژن خواستی ئەوەیان نیشان دا کە دەیانەوێت بەشداربن، دواتر هەندێکیان کاتە بۆیان گونجاو نەبوو، یان نەیاندەتوانی بەشداربن. بەڵام ئێمە تا ئێستاش نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ ژن لە وانەکان بەشدار دەبن هەموو جارێک.
وانەکان سەبارەت بە چین:
تا ئێستا چوار وانەمان پێشکەش کردووە، هەوڵم داوە لەم چوار وانەیەدا باسی شەپۆلە جیاوازەکانی فێمینیزم، بنەما هزریەکانیان، دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی کە کاریگەری هەبووە لەسەر دروست بوونی هەر شەپۆلێک. هەروەها باسکردنی هزری کۆمەڵێک ژن بە نمونە و نیشاندانی وێنە و کارو چالاکیەکانی ژنانی سەربەم شەپۆلانە. هەروەها باسی قوتابخانە جیاوازەکانی هزری فێمنیستیم کردووە لە وانەکاندا، جیاوازی و لەیەک چوونەکان و گرنگی ئەزموون و هزری ئەوان بۆ ئێمەی ژنی کورد چییە؟ بۆ وانەکانی تریش دێینە سەر باسکردنی هەمەلایەنەی جێندەر و هەڵە تێگەیشتنەکان لە کوردستان سەبارەت بەم تێرمە.
بۆ ئایندە:
بێگومان ئەم قوتابخانەیە بەردەوام دەبێت، هەوڵ دەدەم لە فیدباکی بەشداربوانی ئەم خولەوە سوود وەرگرین بۆ ئامادەکارییەکی باشتر بۆ خولەکانی داهاتوو.