چەند سەرنجێک لەسەر بۆچوونەکانی شۆپنھاوەر دەربارەی ژن

نووسینی: ئەحمەد مەعروف

 

ئارسەر شۆپنھاوەر فەیلەسوفی ئەڵمانی سەدەی ھەژدە و خاوەنی فەلسەفەی پێسیمیزم، یەکێکە لە کاریگەرترین و گەورەترین فەیلەسوفانی مێژوو. شۆپنھاوەر لە ساڵی ١٧٨٨ لە خێزانێکی خانەدان و دەوڵەمەند ھاتۆتە دنیاوە، باوکی سەوداگەر و دایکی ھونەرمەند و نووسەر بووە. لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەچێتە بەشی پزیشکی بەڵام ھەرزوو ڕووی ژیانی بەرەو فەلسەفە ھەڵدەکات و توانای خۆی لەو بوارەدا بەرەوپێش دەبات. لە ماوەیەکی کەمدا فەلسەفەی ئەفلاتوون و کانت بە تەواوی موتاڵا دەکات کە دواتر کاریگەریی لەسەر فەلسەفەکەی جێدەھێڵێت. شۆپنھاوەر لە ماوەی ژیانیدا زۆربەی شارەکانی ئەورووپا گەڕابوو بەمەش ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ زۆربەی کولتوور و زمانە جیاوازەکاندا ھەبووە، هەروەها ئاگاداری مەینەتی و ئازارەکانی خەڵکی سەردەمەکەی خۆی بووە. ئەو وەک مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەرەوەیەکی فەلسەفی ژیانی بەڕێکرد، کۆتاییەکانی ژیانیشی بە ئارامی لەگەڵ ئاتمان(سەگەکەی) بەڕێکرد تا لە ساڵی ١٨٦٠ ماڵئاوایی لە ژیانی تەنھایی و مەینەتباری کرد. ئەوەی گرنگە خوێنەر ئاشنای بێت ئەوەیە کە فەلسەفەی شۆپنھاوەر دیوە ھەرە تاریک و ڕەشەکەی ژیان و بوونمان بۆ بەیان دەکات لەگەڵ ئەوەشدا کە ژیانی مرۆیی بێئاکامە و دەرەنجامەکەشی مەرگەساتە. ئەو وەک فەیلەسوفێکی ڕەشبینی سەدەکەی خۆی، دژی ھەموو ئەو بیرکردنەوانە وەستا کە جەختیان لەسەر پاکبوونەوە و دروستکردنی بەهەشتێکی زەمینی. کتێبی “جیھان وەک ویست و وێنا” یەکێکە لە شاکارە مەزنەکانی شۆپنھاوەر تیایدا بە ووردی باس لە ژیانی مرۆیی و کردە ئەخلاقی و نائەخلاقییەکان دەکات، موتاڵای ھەموو ئەو پاڵنەر و کارتێکەرانە دەکات لە چوار بەشی جیادا.

شۆپنھاوەر هەر لە زووەوە بەرانبەر ژن لە پەیوەندییەکی باشدا نەبووە، بەھۆی ئەمەشەوە ئایدیاکانی دەربارەی ژن کەمێک ڕقاویی و توندن، لە زۆر شوێنیشدا بە ھەڵەدا چووە. ھۆکار بۆ ئەمەش؛ لەلایەک شۆپنھاوەر کە بۆ ماوەی٢٤ ساڵ لەگەڵ دایکیدا پەیوەندی دەپچڕێت، بەھۆی ھەندێک ئاکاری دایکی کە لەو سەردەمەدا شیاو نەبووە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ھەست و سۆزی شۆپنھاوەر جێهێشتووە و هەر لەو تەمەنەشدا لە ئەوینی دایکایەتی بێبەش بووە. لە لایەکی تریشەوە ھەرگیز ژیانی هاوسەرگیریی پێک نەھێناوە و خێزان و منداڵی نەبووە، چونکە پێی وابووە تەنھا خۆی دەبێت پرەنسیپ و بەھاکانی خۆی دیاری بکات. ئەمانە ھەردووک کاریگەریی تەواو لەسەر ئایدیاکانی شۆپنھاوەر سەبارەت بە ژنان جێهێشتووە.

ئەگەرچی شۆپنھاوەر وتارەکانی سەبارەت بە ژن ڕاست و ھەڵە لە خۆ دەگرێت کە دواتر کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەسەر تیۆرەکانی زیگمۆند فرۆید( گەورە زانا و باوکی دەروونناسی) دادەنێت؛ لەگەڵ ئەوەی کە فرۆید نکوڵی لەوە دەکات شۆپنھاوەری خوێندبێتەوە تا کۆتاییەکانی ژیانی، بەڵام بۆ ئێمە وەک خوێنەری هەردووکیان لێکچوونێکی زۆر بەرچاو بەدی دەکەین لە تیۆرییەکانی فرۆید و ئایدیاکانی شۆپنھاوەردا. زۆربەی ئایدیاکانیش لە کتێبی “جیھان وەک ویست و وێنا” دەخرێنە بەرباس، بۆ نموونە کاتێک شۆپنھاوەر باسی ویست دەکات وەکوو پاڵنەری ھەمیشەیی مرۆڤ، لە تیۆرییەکانی فرۆیددا دەبێتە چەمکەکانی نائاگایی و ئید.(id) لە جێیەکی تردا کاتێک شۆپنھاوەر لەسەر شێتگیری و ھۆکارەکانی قسەدەکات، پێیوایە لە ناوماندا دڕندەیی و شێتگیری ھەن، بە ھەمان شێوە فرۆید لە تیۆرەکەیدا ھۆکاری دەماری و گرێی دەروونی و چەپاندنی ئارەزووەکانمان دەکاتە پێوەر بۆ شێتگیری و ڕووخانە دەروونیەکان. گرنترین خاڵی لێکچوونیش کە شۆپنھاوەر باسی لێوەدەکات ئارەزووە سێکسییەکانە کە پێگەیەکی ھەرە گرنگی ھەیە لای فرۆید وەک یەکێک لە گەورەترین پاڵنەر و کارتێکەرەکانی مرۆڤ پەیوەست بە ئاکار و ئەخلاقی تاک.

بەڵام لێرەدا پێم خۆشبوو سەرنج بخەمە سەر ئەو خاڵانەی کە شۆپنھاوەر سەبارەت بە ژن نووسیویەتی و لە ھەڵەدایە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە فەلسەفەی شۆپنھاوەر ھی سەدەی نۆزدەیە و تایبەتە بە چەمکی ژن لەو سەردەمەدا. لە جێیەکدا شۆپنھاوەر دەنووسێت “لاوازی توانای درککردنی ژنان بۆمان دەردەخات کە ئەوان زۆرتر لە پیاوان بۆ ئازار و نەھامەتی کەسانی مەینەتبار دڵ دەسووتێنن و بە بەزەیی و دڵسۆزییەکی زۆرتر ھەڵسوکەوت دەکەن، ھەر بەم ھۆیەوە لە بابەتی عەدالەت و دادوەریدا ڕای پیاوان لەبەرترە و ڕای ژنان ناشایستەیە و جێی متمانە نییە” لێرەدا شۆپنھاوەر دەکەوێتە ھەمان ھەڵەی ئەو عورف و خو و نەریتە کۆنانەی کە پێشتر پێیان وابووە و ئێستاش ھەندێکیان بڕوایان وایە مادام ژن ھەستی ھاوسۆزی و ھاوخەمی ھەیە نابێت ڕێگەی بدرێت لەسەر کەسێک یاخود شتێک داوەری بکات، ئەمە لە کاتێکدایە بۆ سەردەمی ئێستامان بڕیاردان و داوەری کردن لەسەر دەستوورێکی نووسراو دەڕوات کە پەیوەندی نییە بە ژن یاخود پیاو. شۆپنھاوەر لەگەڵ ئەوەشدا کە بیروڕای ژن بە جێگەی متمانە نازانێت دەشنووسێت “پرسوڕا بە ژنان کاتی سەرھەڵدانی قەیران و کێشە بە ھیچ جۆرێک کارێکی خراپ نییە، چونکە ژنان کورتترین و ڕاستەوخۆترین ڕێگە ھەڵدەبژێرن و شێوازی تێڕوانینی ژنان بە تەواوی جیاوازە لە ڕوانگەی ئێمەی پیاوان”.

شۆپنھاوەر بە گشتی خاسیەتەکانی ژن بە مەکروناز و فروفێڵ و لە خۆبایی و خۆپەرست و بیرکەرەوەی مەودا کورت دیاری دەکات، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا ئەمانە وەک کەموکورتی سەبارەت بە ژن دەبینرێن و بە جنسی دووەم ناودەبرێت، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کەسایەتی ژن و پیاو لەڕووی بایۆلۆجی و سایکۆلۆجییەوە جیاوازە، بۆیە نەبوونی تایبەتمەندییەک لە یەکێکیاندا نابێتە بەڵگە لەسەر پەسەند بوونی ئەویتریان. بۆ نموونە ھەبوونی لەشێکی بەھێز بە گشتی لە پیاواندا نابێتە ھۆی پەسەندکردنیان بەھۆکاری ئەوەی لە ژناندا نییە، یاخود بەوەی ژنان بەگشتی زۆرتر بەسۆزن نابێتە بەڵگەی پەسەندکردنیان بەسەر پیاواندا. بێئاگا بوون لەوەی ھەندێک سروشت و تایبەتمەندی کەسایەتی نێرینە و مێینە ھاوبەشن و ھەندێکیان جیاواز یان ھەندێکیان لەمیاندا ھەیە و لەوی تریاندا نییە، ھەڵە تێگەشتنە لە خودی ڕەگەزی مرۆڤ و ڕەگەزی بەرانبەر، چونکە بنەماکانی ژیان لە ئێستادا لەسەر بنەمای ڕەگەز نین، بەڵکوو لەسەر بنەمای سرووشتی مرۆڤن. ھەروەک چۆن ئەفلاتوون لە کۆمارەکەیدا کاتێک ئەرکەکانی کۆمارەکەی دابەش دەکات لەسەر بنەمای سرووشت سەیری تاکەکانی کۆمەڵگەکەی دەکات، نەک ڕەگەز. خۆشی دەڵێت “ھیچ پیشەیەک لە ناو کۆمەڵگەدا نییە تایبەت بێ بە ژن وەک ئەوەی کە ژنە،  یاخود پیاو وەک ئەوەی کە پیاوە. توانا سرووشتییەکان بە یەکسانی بەسەر ھەردوو ڕەگەزدا دابەش کراوە، بۆیە زۆر سرووشتییە ژنان و پیاوان لە ھەر پیشە و پلە و پایەیەکدا بەشداری بکەن ھەڵبەتە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ژن بە گشتی لاوازترە لە پیاو”. ڕەگەز شتێکە گەردوون پێی داوین و لە ھەڵبژاردنی خۆماندا نییە، بەڵام سرووشت شتێکە خۆمان ھەڵیدەبژێرین بە پێی ئەو سرووشتەی ھەڵیدەبژێرین ئەرکمان دەبێت، ھەندێک ژن دەبن بە سەربازی لێھاتوو و ھەندێک پیاو دەبن بە چێشتلێنەری بەتوانا.

لە شوێنێکی تردا شۆپنھاوەر دەڵێت: “بە پێی بڕوای چەند ھاوسەریی، ھەموو ژنەکان پشتوپەنایان دەبێت، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای یەک ھاوسەریی ژمارەی ژنانی شووکردوو کەم بووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ژنان بێ پشتوپەنا ماونەتەوە و و لەنێو چینە باڵاکانی کۆمەڵگەدا دەبن بە قەیرەکچ و لەنێو چینە خوارەکانی کۆمەڵگەدا خۆیان دەدەنە دەست کاروباری بێبایەخ و نالەبار و لێوانلێو لە مەینەت دەبن”. ئەم خاڵەی شۆپنھاوەر لێرەدا ئاماژەی پێداوە لەسەر بنچینەی ڕێککردنەوەی بابەتی ھاوسەرێتی بە ھۆکاری ئەوەی ڕێژەی ژن زۆرترە، بۆ ئەوەی ھیچ ژنێک بێ ھاوسەر نەبێت و نەبێتە قەیرە، ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ڕێگەدان بە فرەژنی. لە ساڵی ٢٠٢١ بەپێی ئاماری دانیشتوانی جیھان لە سایتی(UN) ڕێژەی پیاو ٪‏٥٠.٤٢ی دانیشتوانی زەوی پێکدێنێت و ژنانیش ٪‏٤٩.٥٨ی کە ڕێژەی پیاو ٦٥.٥ ملیۆن زیاترە. ئەگەر لە ڕووە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەشییەوە سەیری بکەین لە ئێستادا ژنی ھۆشمەند پێویستی بە خاوەن یان سەرپەرشت نییە، چونکە سیستەمی ژیان وا ناخوازێت خاوەندارێتی کەس بکەیت.

لەسەر بابەتی ماڵ و سامان و میراتی، شۆپنھاوەر پێی وایە کە بەتەواوی ھەڵەیە ماڵ و سامان بخرێتە ژێر دەستی ژن وە میراتیش بە یەکسانی دابەش بکرێت بەسەر پیاو و ژندا، چونکە ئەوە پیاوانن پارە و دارایی کۆدەکەنەوە. هەروەها پێشی وایە ژنان شایستەی ئەوە نین بە یەکسانی ماڵ و سامان و میراتی وەربگرن و کەسانێکی شیاویش نین بۆ چاودێریکردن. لێرەدا شۆپنھاوەر لە ھەڵەیەکی خولاوەدایە، چونکە ژن هەرجۆرە ژیانێک بژی یاخود لێی داوادەکرێت بەتەواوی شایستەی ئەو سامان و میراتییەیە بە یەکسانی. بۆ نموونە لە ژیانێکدا کە وەک شۆپنھاوەر داوای ئەکات “ژن دەبێت ماڵداریکەر و کەیبانوو بێت” و “ژنان دەبێت لەبیری ماڵ و منداڵدا بن” بژین، مادام ژن ئەرکەکەی بۆ دیاری کراوە و ئەرکی سەرشانی خۆی بەجێ ئەگەیەنێت و پیاوەکەش ھەر ئەرکێکی ھەبێت جێبەجێی دەکات ھەردووکیان وەک یەک ئەرک و مافیان ھەیە چونکە ھیچ کامیان ئەرکی ئەوی تر جێبەجێناکات. یاخود ئەگەر بێتو لە شێوازە ژیانە مۆدێرنەکەدا کە ھەردووکیان ئەرکەکانیان بە یەکسانی و بێ جیاوازی جێبەجێ دەکەن واتا ئەرکەکان جیانەکراونەتەوە و تایبەت کرابن، وەک (پەروەردەی منداڵ، خواردن، پاککردنەوە، ئیشی دەرەوە…) بە گشتی ئەرکەکانی ماڵەوە و دەرەوە لەسەر شانی ھەردووکیان بێت، لێرەشدا بابەتی سامان و میراتی بە یەکسانی دەچێت بۆ ھەردوولا. کەواتائایدیاکەی شۆپنھاوەر لە ھیچ خاڵێکی بازنەکدا ڕاست وەرناگەڕێت.

لە کۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە بە گرنگ زانین و ڕێزگرتنی ھەڵەکانی ڕابردووە و ناسینی ھەڵەیە، تاکوو بتوانین لەمڕۆماندا بەلاڕێدا نەبرێین، هەروەها بە شێوازێکی ڕاست لە بابەت و دیاردەکان تێبگەین و ھەڵەکان بناسین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە ڕاگرێک و بنەمایەکی بیرکردنەوەی ئەقڵانی ھەیە کە ژیانمان کۆمەک دەکات بەرەو ئایندەیەکی ئاسودەتر.

سەرچاوە:

ـ ئارسەر شۆپنهاوەر، فەلسەفە و ئازارەکانی ژیان، و. عەبدوڵڵا ئەمینی، چاپخانەی پەنجەرە،تاران، ٢٠١٦،لا١٤٥.

Leave a comment