فۆتۆگرافی وەک فۆڕمێکی هونەر
نووسینی: ئیراکلی شانیدزێ
لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح
لەو ساتەوەی کە فۆتۆگرافی داهێندرا؛ لە ساڵی “١٨٣٩” هەتاکوو ناوەڕاستی سەدەی بیست، مشتومڕێکی گەرموگوڕ هاتبووە کایەوە. کە ئایا فۆتۆگرافی شێوازێکی هونەرە، یاخود تەنها خستنەڕووی جیهانی هەستپێکراوە؛ لە ڕێگای ئامێرێکی تازە داهێنراوەوە کە پێی دەوترێت “کامێرا.”
لە ئێستادا بە دڵنیاییەوە دەزانین کە فۆتۆگرافی فۆڕمێکی هونەرە. لەگەڵ ئەوەشدا خەسڵەتە بێهاوتاکانی وای لێ کردووە جیای بکاتەوە لە هونەری وێنەکێشان، کە فۆڕمێکە تا ڕادەیەک نزیکایەتییەکی هەیە لەگەڵ فۆتۆگرافیدا.
چ شتێک فۆتۆگرافی دەکات بە هونەر؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، سەرەتا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پێناسەی خودی هونەر و بزانین هونەر چییە. هەرچەندە فەرهەنگی Merriam_Webster”” بە شێوەیەکی ڕوون و سانا پێناسەی هونەر دەکات و وەکوو ”شتێکە کە بەهۆی ئەندێشە و کارامەییەوە وەبەرهەم دێت، وە شتێکە جوان خۆی دەردەخات و گوزارشت لە کۆمەڵێک بیرۆکە و هەستی گرنگ دەکات” ناوزەدی دەکات. کۆمەڵە شتانێک کە سادە و ئاسان نین.
نووسەر و ئەدیبی ناوداری ڕووسی “لیۆ تۆڵستۆی،” کتێبێکی نووسی بە ناونیشانی ”هونەر چییە؟”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕوانی ئەوە مەبە لەو کتێبەوە وەڵامەکان وەدەست بهێنیت. ئەگەر بشگەڕێینەوە بۆ پێناسە کلاسیکییەکەی هونەر، دەتوانین لەوە تێبگەین کە فۆتۆگرافی خاوەنی هەموو تایبەتمەندییەکە، بۆ ئەوەی وەک شێوازێکی نموونەیی بۆ دەربڕینی بیرۆکەی داهێنەرانە بناسرێتەوە. بەڵام چەند ڕێگایەکیش هەیە بۆ ئەوەی فۆتۆگرافی بۆ کۆمەڵە مەبەستێکی سوودمەند بەکار بهێندرێت، دەشتوانرێت بگوترێت کە ئەمە لەخۆیدا ئامانجی سەرەکی فۆتۆگرافییە، کە سوودبەخش و بەکەڵک بێت.
فۆتۆگرافی زمانێکە، کە کۆمەڵێک وردەکاری تایبەت بە بینین بەکاردێنێت لە بری وشەکان، بەم شێوەیەش وەک هەر یەکێک لە زمانەکانی دیکە، دەکرێت فۆتۆگرافی بۆ کۆمەڵێک مەبەستی هونەری بەکار بهێندرێت. چەشنی زمانی ئینگلیزی، کە زۆر بە باشی گونجاوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتننامەیەکی لە نێوان دوو کەسدا پێ بنووسرێت و لەلایەکی دیکەیشەوە زۆر چاکە بۆ نووسینی جوانترین شیعر و کاری ئەدەبی. بە هەمان شێوەش فۆتۆگرافی خزمەتی مەبەستە دوو لایەنییەکەی خۆی دەکات بەبێ بوونی هیچ ناکۆکی و لێک دژییەک.
ئەوەی کە هونەرمەندێکی ڕاستەقینە جیادەکاتەوە لەوانی تر؛ ئەو پەیامە گرنگەیە کە لە ناخیدایە و نیازییەتی دەری ببڕێت. وە ئەو هەوڵ و تەقەلا جيددیانەیەتی، کە لەپێناو گەیاندنی ئەم پەیامەدا ئەنجامی دەدات. لێکدانەوەی هەر پارچە زانیارییەک (جا ئەو زانیارییە نووسینەکی بێت یاخود بینراو بێت چەشنی وێنەکان) بە چەندین ڕێگا و شێوازی جیاواز لە توانای مرۆڤدایە، وە ئەمەیش لە خۆیدا سەربەستییەکی باش دەدات بە هونەرمەند، تاکوو وابەستەی هیچ شتێک نەبێت و ئازادانە کاری خۆی ئەنجام بدات.
فۆتۆگرافەرە زۆر باشەکان، بە چاکی کارەکانیان دەکەن و تەنها وابەستەی مانایەکی دیاریکراو نین. ئەمەش وای کردووە کە وێنەکانیان قابیلی لێکدانەوە و شیکردنەوەی هەمەجۆر بێت.
دەتواندرێت بگوترێت کە وێنەکانیان ئەوەندەی پرسیار دەوروژێنن؛ وەڵام نادەن بەدەستەوە.
وەک هەر فۆڕمێکی هونەری بیندراو، فۆتۆگرافی خاڵە لاوازەکانی هەستی پێزانین و درکپێکردنی مرۆڤ دەقۆزێتەوە. لە ڕێگای نیشاندانی خۆیەوە وەهامان لێ دەکات ئەزموونی کۆمەڵێک هەستی جیاواز بکەین و ناچارمان دەکات کۆمەڵە شتانێک بکەین، کە پێشتر بە بیریشماندا نەدەهات. بێگومان زنجیرە وێنەکانی فۆتۆگرافەر “Jessica Lange،” کە گوزارشتیان لە چەند دۆخێکی نامرۆیی و بێبەزەیی دەکرد لە کارگەکانی ئەمەریکادا، بوونە هۆی ئەوەی یاسایەکی نوێ دەربکرێت، لە پێناو ڕێگریکردن لە کارکردنی منداڵی بچووک و هەرزەکارەکان. هەروەها وێنەکانی فۆتۆگرافەر “Carleton Watkins” کۆمەڵێک وێنەی سروشت بوون، هۆکاری ئەوە بوون کە “Abraham Lincoln”ی سەرۆک بۆ یەکەم جار بڕیارێک دەر بکات لە پێناو پاراستنی بەشێکی سروشت لەبەر بەرژەوەندی گشتی. وە ئێستا ئەو بەشە لە کالیفۆرنیا پێی دەوترێت “Yosemite National Park.”
بۆچی فۆتۆگرافی لە توانایدایە کاریگەری لەسەر خەڵکی جێ بهێڵێت؟ بە پێچەوانەی هونەری وێنەکێشانەوە، فۆتۆگرافی پێویستی بەوەیە شتێکی فیزیکی و بەرهەستی ڕاستەقینە هەبێت بۆ ئەوەی وێنەی بگرێت. ئەم ڕاستییە هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە درک بە هەر فۆتۆیەک دەکەین و چەشنی شتێکی ڕاستەقینە دەیبینین، بە بەراورد لەگەڵ هەر شێوازێکی دیکەی گوزارشتکردن لە جیهان، بۆ نموونە وەک وێنەکێشان. ئەمە سیفەتێکی بێهاوتای فۆتۆگرافییە، وە ئەو هونەرمەندانەی فۆتۆگرافییان وەک ڕێگای خۆیان هەڵبژارد بۆ دەربڕینی بیرۆکەکانیان بە شێوازێکی داهێنەرانە، پێویستییان بە کات هەبوو، تاکوو لەم سیفەتە بێهاوتا و سەرنجڕاکێشەی فۆتۆگرافی تێ بگەن.
“پیکتۆڕیالیستەکان” (جۆرێک لە فۆتۆگرافەرن کە گرنگی بە لایەنی هونەری کاری فۆتۆگرافی دەدەن و پێیان وایە پێویستە لاسایی وێنەکێشان بکەنەوە)، کە یەکەمین گرووپی فۆتۆگرافەر بوون؛ خۆیان وەک هونەرمەندی بەهرەدار و داهێنەر بناسێنن. بە زۆری ئەم پیکتۆڕیالیستانە سەرەتا کۆمەڵێک وێنەکێش بوون کە ڕاهێنانیان پێ کرابوو. هەروەها ئەوانەیشی کە سەرەتا وێنەکێش نەبوون و وەکوو پیکتۆڕیالیست خۆیان دەناساند، کاریگەری نەریت و تەکنیکەکانی هونەری وێنەکێشانیان لەسەر بوو. لەبەر ئەمەش لە تایبەتمەندێتییە بێهاوتا و تایبەتییەکانی فۆتۆگرافی تێنەگەیشتن و کارەکانیان بە تەنها وەکو فۆتۆیەکی هاوشێوەی وێنەیەکی کێشراو دەبینی. سەرەڕای ئەوەی فۆتۆیەکانی پیکتۆڕیالیستەکان، کارتێکەر و جوان بوون و سەرباری تەکنیکە زۆرەکانی کە گەشەیان پێدا، بۆ ئەوەی خۆیان جیا بکەنەوە لە هونەرمەندە پیشەییە سادەکان. لەگەڵ ئەوەشدا هونەری پیکتۆڕیالیستەکان تازەگەرییەکی تێدا نەبوو. سەرهەڵدانی ڕێبازی هونەری پیکتۆڕیاڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دروستبوونی فۆتۆگرافی و ئەم ڕێبازە لە کۆتاییەکانی سەدەی “١٩”دا چالاک بوو؛ کاتێک فۆتۆگرافەرەکان هێشتا کارەکانیان سنوردار بوو بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە فۆتۆی خەڵک لەلایەک و شت و تەنە جێگیرەکان لەلایەکی تر.
سنوورداربوونی کەرەستەکانی فۆتۆگرافی، لەخۆیدا هۆکارێک بوو بۆ ئەو تێگەیشتنە پەرش و بڵاوەی پیکتۆڕیالیستەکان، لەمەڕ ئەوەی فۆتۆگرافی چی لە توانادا هەیە.
دەبێ سوپاسی “Oscar Barnak” بکەین، کە بەسەرکەوتوویی یەکەمین کامێرای ”35mm” بەرهەم هێنا و پەرەیدا بە تەکنەلۆجیای فیلم دروستکردن، بەمەش فۆتۆگرافی سەربەستییەکی باشی بەدەستهێنا. فۆتۆگرافەری فەڕەنسی “Henri Cartier-Bresson” کامێرایەکی بچووک و سادەی بەکارهێنا بە ناوی “Leica.” ئەم کامێرایە بە شێوەیەکی بنەڕەتی دروستکراوە بۆ ئەوەی فۆتۆی شێوازی فۆتۆگرافی “Candid” بە شێوەیەکی تەواو و بێ کەموکورتی پێ بگیرێت. ئەم کامێرایە بۆ کاری “”Photojournalismیش(شێوازێکی فۆتۆگرافییە کە بریتییە لە گێڕانەوەی چیرۆکێک یاخود گەیاندنی هەواڵێک لە ڕێگەی فۆتۆوە) دەبێت و زۆر بە باشی فۆتۆی ئەم شێوازەیشی پێ دەگیرێت. فۆتۆگرافەر “Cartier-Bresson” زاراوەیەکی بەناوبانگی داهێنا لە بواری فۆتۆگرافیدا، بریتییە لە ”ساتی یەکلاییکەرەوە.” ئەمەیش بوو بە نیشانەی سەرەکی لە کارەکانی خۆیدا و فۆتۆگرافەرە شوێنکەوتووەکان و لاساییکەرەوەکانیشی لە فۆتۆکانیاندا زۆر بەکاریان دەهێنا. بەهۆی ئەوەی بە جیددی کاری فۆتۆگرافی “Candid”ی ئەنجام دەدات.
“Cartier-Bresson” درکی بە ڕێگایەک کرد، کە بەهۆیەوە دەتوانێت لێهاتووانە فۆتۆی چرکەساتە چاوەڕواننەکراوەکان بچرکێنێت. ئەو ڕێگایەیش کارکردنی “خۆیی یاخود خۆڕسکانە” بوو.
ئەم ستایڵە توانی هونەری فۆتۆگرافی دەوڵەمەند بکات، لە ڕێگای کردنی ئەم هونەرە بە کارێکی زیاتر باوەڕپێکراو.
ئەگەر بگەڕێیت بە نێو سەد بەناوبانگترین فۆتۆیەکانی ساڵانی ڕابردوودا، دەتوانی بە ئاسانی تێبینی ئەوە بکەیت کە هەر یەکێک لەم فۆتۆیانە، کەم تا زۆر مۆرکی خۆڕسکی و سەرپێیى بوونیان پێوە دیارە. بێگومان ئەم شێوازی خۆڕسکییەیە یارمەتی فۆتۆگرافەر دەدات، تاکوو کارەکانی بە شێوەیەک دەر بخات کە بەئاسانی بەرهەمهێندراون و ماندووبوونی زۆریان پێویست نەبووە.
هەروەها ئەم شێوازەیە کە وا دەکات فۆتۆگرافی لەگەڵ جازدا چوونیەک بێت، جیاواز لە هونەری وێنەکێشان؛ سیفەتێکی جێگیری هەیە و لە میوزیکی کلاسیک دەچێت.
لەلایەکەوە فۆتۆگرافی گوزارشت لە واقیع دەکات و ناتوانێت بەبێ واقیع بوونی هەبێت. لەلایەکی تریشەوە لە توانایدایە ڕاستی بشێوێنێت و بەهۆی چەند وردەکارییەکی جیاوازەوە، واقیع وەک خۆی نیشان نەدات. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە بوو، کە سوریالیستەکان(سوریالیزم ڕێبازێکی نوێی هونەر و ئەدەبیات بوو لە سەدەی ٢٠دا پەیدا بوو) بە پەرۆشییەوە هونەری فۆتۆگرافییان قبووڵ کرد. بەهۆی بەکارهێنانی ڕێگا تەکنیکییەکان، وەک: (پیشاندانی دووانی، واتە کۆکردنەوەی ٢ وێنەی جیاواز لە یەک وێنەدا، مۆنتاژ، تێڕوانینی خەڵەتێنەر، دەستکاریکردنی تۆنی فۆتۆکە و هتد..) و شێوازی واتایی وەک: (مانای هەمەجۆر، هێما و ئاماژەکان، دەستکاریکردنی دۆخ)، توانییان فۆتۆی هەمەجۆر و تایبەت دروست بکەن، کە وا لە هەر بینەرێکی فۆتۆیەکە بکات بە گوێرەی تێڕوانینی کەسی خۆی لێکدانەوە بۆ مانای فۆتۆیەکە بکات و لە ئاستێکی تەواو تایبەتیدا شیکردنەوەی بۆ ئەنجام بدات. بێگومان بواری نمایشی جلوبەرگ و ڕيکلامکردن زوو دەستیان کرد بە بەکارهێنانی فۆتۆگرافی سوریاڵی و بە خێرایی تیایدا کارامە بوون.
یەکێک لە جیاوازییە دیارەکانی نێوان فۆتۆگرافی و وێنەکێشان ئەوەیە، کە تەکنیکی فۆتۆگرافی ڕۆشن و ئاشکرایە. ئەمە مانای ئەوەیە بەهۆی ئەوەی توانا تەکنیکییەکانی وێنەکێشێک گران و ئاڵۆزن بۆ فێربوون؛ هەر بۆیە ئەم تەکنیکانە بە بەشێکی گرنگی دانەبڕاو لە لێهاتوویی و شارەزایی هونەری وێنەکەشەکە دادەندرێت. فۆتۆگرافی بەو شێوەیە نییە. لە ئێستادا بەرەوپێشچوونەکان لە بواری تەکنەلۆجیادا کارئاسانی کردووە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت فۆتۆیەکی تەکنیکی دروست بگرێت، یاخود تەنانەت فۆتۆیەک بگرێت کە دواتر بە شاکار ناو ببردرێت. لەبەر ئەوە کاتێک فۆتۆیەک بە شێوەیەکی تەواو و تەکنیکی نایاب چرکێندراوە، کاتێک بینەر دەیبینێت زۆر باسی لێوە ناکات و سەرنجێکی ئەوتۆی ناخاتە سەر، بەڵام کاتێک فۆتەیەک کێشەیەکی تێدایە؛ ڕاستەوخۆ بینەر تێبینی هەڵەیەک لە فۆکەسی فۆتۆکەدا، یاخود ڕووناکییەکەیدا دەکات. تەنانەت تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی ڕووناکی لە فۆتۆدا، کەس ناکات بە هونەرمەند. زۆر بە سادەیی ئەگەر لە شوێنێکی گونجاو و لە کاتێکی گونجاودا فۆتۆیەک بچرکێنیت، دەکرێت ئەو فۆتۆیە ئيستاتیکییانە ڕازیکەر بێت، تەنانەت ئەگەر لە کاتی چرکاندنی ئەم فۆتۆیەدا ئاگاداری ڕەوشی ڕووناکیش نەبوو بیت.
ڕۆشنی و ئاشکرایی تەکنیکە فۆتۆگرافییەکانە وا لە فۆتۆگرافەرەکان دەکات، بە دوای ئەو شتانەدا بگەڕێن کە فۆتۆگرافی وەکوو هونەرێک دەناسێنێت. لەبەر ئەم هۆکارەیە کە هونەرمەندەکان فۆتۆگرافی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی داهێنەرانە بیرۆکەکانیان دەرببڕن و جیهانیش بە شێوەیەکی جیاوازتر دەبینن، وە ڕوانینێکی نوێ و سەیرمان لەسەر واقیع نیشان دەدەن و بە چەند شێوەیەکی جیاواز کار لەسەر هەستەکانمان دەکەن، بە جۆرێک هەست بە کۆمەڵە شتانێک بکەین و تەنانەت کۆمەڵە شتانێک ببینین، کە لەڕاستیدا بەرهەست نین و ئاشکرایانە نابیندرێن.