مارک ویگڵوێرس
لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح
بەهۆی ناوبانگی سەمفۆنیای حەوتەمی شۆستاکۆڤیچەوە بوو، کە دەزگایەکی ڕادیۆیی ئەمەریکی پێشنیاری کڕینەوەی مافی پەخشکردنی کارەکەی بۆ حکومەتی سۆڤیەت؛ بە بەهای ١٠,000$ کرد. بەڵام کاردانەوەی خەڵکانی دونیا لە بارەی سەمفۆنیای لینینگراد (سەمفۆنیای حەوتەم)ی، ستایشکردن و سوپاسکردنی شۆستاکۆڤیچ بوو لەلایەن هەوادارانەوە. لەلایەکەوە ئەو ناوبانگەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیبوو، یارمەتیدەر بوو تاوەکوو لە ڕێگایەوە خۆی بپارێزێت لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەی لە ڕووسیا ڕووبەڕووی دەبووەوە. بەڵام لە لایەکی تریشەوە ئەو دۆخە هەلێکی بۆ هاوکار و هاوپیشە ئێرەییبەرەکانی ڕەخساند، تاوەکوو دەنگۆیەک لەبارەی شۆستاکۆڤیچەوە بڵاوبکەنەوە. کە گوایە دژە-سۆڤیەتە و بەها ئاکارییەکانی بەرەو پوکانەوە دەچن. هەرچییەک بێت، سەمفۆنیای هەشتەمی لە ساتێکی چارەنووسسازی جەنگی جیهانی دووەمدا نووسرا. بەو هۆیەوە ئەو کارە گەشبینانە لەقەڵەم دەدرا و خەڵکی بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی بوون. لە ٢ی مانگی فێبریوەری ١٩٤٣دا، سوپای ئەڵمان لەلایەن سوپای سۆڤیەتەوە، لە جەنگی ستالینگراد دووچاری شکست هاتن. هەرچەندە سوپای سوور(سۆڤیەتییەکان) زیانی زۆریان بەرکەوتبوو لە جەنگەکەدا، بەڵام هەست بە سەرکەوتنێکی گەورە دەکرا، بەهۆی ئەوەی ستالین نازییەکانی تێکشکاندبوو. لەم بارەدا کێشەی شۆستاکۆڤیچ ئەوەبوو، ئەمە هۆکارێکی پێویست نەبوو بۆ ئاهەنگگێڕان. ئەو ترسی لەوە هەبوو کە ئەو سەرکەوتنە بە تەنها خزمەت بە ستالین خۆی دەکات، کە ئەو پلەوپایەیەی لەو دواییانەدا لە وڵاتانی خۆرئاوادا بەدەستی هێنابوو، یارمەتی دەدەن زیاتر هێز و دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت.
ساڵانی جەنگ تا ڕادەیەک ئازادییەکی بۆ سۆڤیەتیەکان فەراهەم کردبوو کە تیایدا توانیان داهێنانی باش ئەنجام بدەن. وەسفکردنی خەم و پەژارە و داڕووخانەکان قبووڵکرابوو و بەرپرسیارێتییەکەیشی خرابووە ئەستۆی ئەڵمانەکان. دوای بەرقەراربوونی ئاشتی، گەشبینییەکی باش بۆ هونەرمەندەکان هاتبووە بوون، وە لەو دۆخانەدا میوزیکی شۆستاکۆڤیچ دووچاری ڕەخنەی توند دەبووەوە. لە چەندین ڕووەوە، جەنگ شۆستاکۆڤیچی ڕزگارکردبوو. وەک بەڵگەهێنانەوەیەک بۆ ئەم باسە لە دەفتەری یادەوەرییەکانیدا نووسیبووی: ”جەنگ بەرپابوو و پەژارە وەک شتێکی باو تەشەنەی سەند. قسەمان لەبارەوە دەکرد، زۆر بە کراوەیی دەگریاین، دەگریاین بۆ ئەوانەی بەهۆی جەنگەوە لەدەستمان دابوون. خەڵکی چیدی ترسیان لە ڕشتنی فرمێسکەکانیان نەبوو. بەر لە بەرپابوونی جەنگ خێزانەکان بە مردنی سرووشتی کەسوکاریان لەدەست دەدا، وە گریانیان بە نهێنی و دوور لە چاوی خەڵک دەبوو. لە کاتی جەنگدا هەمووان لە یەکتری دەترسان، وە خەم و پەژارەش دەیچەوساندینەوە و هەناسەی لێ بڕیبووین، تەنانەت منیشی ناڕەحەت کردبوو. دەبوو شتێک لەبارەیەوە بنووسم. پێویست بوو کە میوزیکێک بنووسم بۆ لاواندنەوەی ئەوانەی مردبوون، ئەوانەیشی ئازاریان چەشتبوو. پێویست بوو لەسەرم باسی ئەو ئامێری لەناوبردنە خراپە بکەم و لە دژی بووەستمەوە. سەمفۆنیای حەوتەم و هەشتەم میوزیکی لاواندنەوەی منن.”
لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٩، یەک میلیۆن و نیو لە خەڵکی ڕووسیا کوژران. خەڵکییان ناچاردەکرد تاوەکوو سیخوڕی بەسەر یەکدییەوە بکەن و لە ناوچەیەکدا ڕێژەیەکیان دیاریکرد کە هەر کەسێک پێویستە لەسەری سیخوڕی لەسەر ٥ کەسی جیاواز بکات. ئەگەر یەکێک تەنها ٤ کەسی دیاری بکردایە بۆ ئەوەی سیخوڕییان بەسەرەوە بکات، ئەوا دەبوو پێنجەم کەس خۆی بێت. سەرەڕای ئەمانەش، سیاسەتی کوشتوکاڵی دەستەجەمعی ستالین؛ هەژاری و قاتوقڕییەکی وەهای بەرپاکرد، کە دەگوترا لە هەندێك شوێن دایبابەکان منداڵەکانیان دەخۆن. هەموو ئەمەش لە کاتێکدا کە سەرۆکەکەیان بە تەن دانەوێڵەی هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرد. هەندێک خەڵکیش گریمانەی ئەوەیان دەکرد کە ستالین ئاگاداری ئەو دۆخە نەبووە. بە هەزارەها خەڵک نامەیان بۆ دەنارد و تیایدا باسی ئەو دۆخە قورس و نالەبارەیان بۆ دەکرد کە خەڵکی دووچاری بوونەتەوە.
شۆستاکۆڤیچ سەمفۆنیای هەشتەمی وەک هۆنراوەیەکی ئازارچەشتن ناوزەد دەکات. بە ئاشکرا دەیگوت کە ئەم کارە “هەوڵدانێکە بۆ ئەوەی تیایدا باس لە تراژیدیای کارەساتباری جەنگ بکات،” جەنگێک کە ٢٧ ملیۆن لە خەڵکی سۆڤیەت تیایدا بوونە قوربانی. لە درێژەی ئەم باسەدا شۆستاکۆڤیچ خۆی دەڵێت: ”هەست بە ئازارێکی زۆر دەکەم بۆ ئەو کەسانەی لەلایەن هیتلەرەوە کوژران، وە هەست بە ئازاریش دەکەم بۆ ئەوانەی بەهۆی فەرمانەکانی ستالینەوە بوونە قوربانی. ئازار دەچێژم بۆ ئەو کەسانەی ئەشکەنجەدران، تەقەیان لێ کرا و لە برسێتیدا گیانیان سپارد. چەندین ملیۆن کەس دووچاری ئەو ناڕەحەتی و ئازارانە دەبوونەوە. بەر لەوەی جەنگ لەگەڵ سوپای هیتلەردا دەست پێ بکات. لەگەڵ دەستپێکی جەنگدا خەم و پەژارەی زیاتر و وێرانکاری دیکە پەیدابوون، بەڵام ئەو ساڵە نالەبار و ناڕەحەتانەی بەر لە جەنگیشم لەبیر ناچێتەوە. سەمفۆنیاکانم لەبارەی ئەم کارەساتانەوەن، بەتایبەت سەمفۆنیای هەشتەم.
شۆستاکۆڤیچ سەمفۆنیای هەشتەمی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا؛ لە هاوینی ساڵی ١٩٤٣دا نووسی. لە ١ی مانگی٧دا دەستی پێ کرد. لە ٤ی مانگی٩ دا لە نووسینی سەمفۆنیاکە بوویەوە. هەرچەندە بەر لەوەی نۆتەکان بخاتە سەر کاغەز، پارچەکانی سەمفۆنیاکە لە مێشکی شۆستاکۆڤیچدا ئامادەییان هەبووە. بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین کە شۆستاکۆڤیچ ئاوازی دانەناوە، بەڵکوو ئەوەی خستووەتە سەر کاغەز کە لە مێشکی خۆیدا گوێبیستی بووە. تەواوکردنی نووسینی سەمفۆنیاکە بەو خێراییە شتێکی سەرنجڕاکێشە، بەتایبەتی کە لەو کاتەدا شۆستاکۆڤیچ بەهۆی نەخۆشی گرانەتاوە دەیناڵاند. لە٤ی نۆڤەمبەردا بۆ یەکەمین جار سەمفۆنیاکە نمایش کرا و “Evgeny Mravinsky” وەکوو کەندەکتەر دیاریکرا، کە شۆستاکۆڤیچ سەمفۆنیاکەیشی پێشکەشی ئەو کردبوو. سەرەڕای ئەوەی پێشوازییەکی باشی لێکرا و کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو لەلایەن ئامادەبووانەوە، بەڵام دەسەڵاتداران هێرشی توندیان ئاڕاستەی سەمفۆنیاکە کرد و ئیدانەی کارەکەیان دەکرد، بەوەی کە لەخۆیدا شۆڕشە و دژە-سۆڤییەتە. لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگدا، سەمفۆنیاکە چیدی نەژەندرا و لە ساڵی ١٩٤٨ سانسۆری خرایە سەر، بەهۆی ئەوەی کارەکە تاریک و خەمۆکییانە بوو، وە وەزیری کولتوور و ڕۆشنبیری “”Andrei Zhdanov ڕەخنەی توندی ئاڕاستە کرد و ڕایگەیاند کە ئەو سەمفۆنیایە بە هیچ جۆرێک کارێکی میوزیکی نییە و هەر کەسێک ئەم قسەیە ڕەتبکاتەوە، ئەوا پشتگیری وڵاتانی خۆرئاوا دەکات. هەروەها دەیگوت کە ئەم کارە بێزراوە و تاکخوازە. میوزیکەکەی ئەم کارە وەکوو ئامێری کونکردنی دکتۆرێکی ددان وایە، وە چەشنی ژوورێکە کە تیایدا بە گاز کەسەکان بخنکێندرێن، چەشنی ئەوەی کە “گێستاپۆ”ی ئەفسەری نازییەکان بەکاری هێنا.
کاغەزی نۆتەکان ڕیسایکل کرانەوە، تاوەکوو کاغەزەکان بەفیڕۆ نەدرێن و هەروەها هەموو ڕیکۆردەکانی نمایشەکان لەناوبران. تەنانەت گەیشتە ئەو ڕادەیەی خودی شۆستاکۆڤیچ خۆیشی دوودڵ بێت لەوەی کە سەمفۆنیاکە نمایش بکرێت یاخود نا. وەک ئەوەی خۆیشی دەڵێت: ”هەر هەواڵێک کە پێم دەگەیشتەوە و بە کارێکی سەرکەوتوو لە قەڵەمیان دەدا، ناڕەحەتی دەکردم. سەرکەوتنێکی نوێ وەکوو بزمارێکی دیکەی تابووت وابوو بۆم.”
لە ڕاستیدا لەم چەند ساڵەی دواییەدایە، کە سەمفۆنیاکە پەسەندکراوە و بەرزنرخێندراوە لە تەواوی جیهاندا.
جێگای پێکەنینە کە لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە سەمفۆنیاکە نمایش نەدەکرا، بەهۆی ئەوەی وادەزاندرا کارەکە لەبارەی جەنگەوەیە، وە لە هەمان کاتدا دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت ڕێگرییان کرد لەوەی لە ڕووسیادا نمایش بکرێت، بەهۆی ئەوەی لەبارەی جەنگەوە نەبوو.
جۆرە بیرکردنەوەیەک هەیە کە ئاماژە دەدات بەوەی ئەم سەمفۆنیایە خاڵییە لە داهێنان، بە بەراورد لەگەڵ سەمفۆنیاکانی پێشووتریدا. پرسیار دەکرێت لەبارەی ئەوەی کە بۆچی دەستپێکی سەمفۆنیای هەشتەم زۆر لە دەستپێکی سەمفۆنیای پێنجەمی دەچێت. بەڵام ئەمە لەخۆیدا هەڵەتێگەیشتنە لە مەبەستی سەرەکی میوزیکی شۆستاکۆڤیچ. شۆستاکۆڤیچ هەمیشە “مانا”ی بەسەر “لۆجیک”دا، و “ڕاستی” بەسەر “جوانی”دا هەڵبژاردووە.
ئەگەر چەند بەشێک هەبێت لە کارەکانیدا کە هاوشێوەیەی ئەوانەی پێشووتری بن، ئەوە بەهۆی ئەوەوەیە کە شۆستاکۆڤیچ پێی وابوو دۆخی ژیان بەو شێوەیەیە. بۆ نموونە ئەگەر بەشێکی میوزیکەکەی ناشرین بێتە بەر گوێ، لەبەرئەوەیە کە جیهانی ڕاستەقینە ناشرین بووە. یاخود ئەگەر بەشێک لە میوزیکێکیدا بەرگەنەگیراو بێت، ئەوە بەهۆی ئەوەیە کە شۆستاکۆڤیچ خۆیشی هەستێکی وەهای هەبووە. لە میوزیکەکەیدا چەند بەشێکی بچووکی تیادایە کە بێمانا دێتە بەر گوێ، بێگومان ئەمەيش لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا یەک دەگرێتەوە کە ڕۆژانێک هەبوون بە نیسبەت خەڵکی ڕووسیاوە بێمانا بوون. ئەم پارچەیە (سەمفۆنیای هەشتەم) لە هەندێک ساتیدا دنیایی و ئاژاوەییانە و فەوزایە. بەڵام شۆستاکۆڤیچ بە مەبەست ئەمەی ئاوها داناوە. لەبەرئەوەی ڕوانینی شۆستاکۆڤیچ بۆ جیهان بەم شێوەیە بووە.
جووڵانەوە میوزیکییە مەزنەکەی دەستپێکی سەمفۆنیاکە، لە ڕووی پێکهاتنەوە بەزۆری دەچێتەوە سەر جووڵەی سەرەتای سەمفۆنیای پێنجەمی. بەڵام لە سەمفۆنیای پێنجەمدا هەست و سۆزێکی زیاتر بە دی دەکرێت، بەتایبەت خەم و پەژارەی زۆرتر. سەرەڕای ئەوە، لە سەمفۆنیای هەشتەمدا ئازارەکە بوونی نەماوە، بەڵکوو تەنها جۆرێک لە هاوار و گریانی بەتاڵە لەبری ئەوەی دڵشکان و ئازارچەشتن بێت. دەنگە بەرزە پڕ ئازارەکان کە لووتکەی جووڵەکە پێکدێنن، زیاتر لە هاوارکردنێکی تەنهای ناو بیابان دەچێت، وەک لەوەی لاڵانەوە و داوای یارمەتیکردن بێت. هەرچەندە ئەم جووڵەیەی سەمفۆنیای هەشتەم بەراورد کراوە لەگەڵ جووڵەی یەکەمی سەمفۆنیای دەیەمی “گوستاڤ ماهلەر” کە لە لوتکەی ئەو جووڵەیەيشدا بەرزبوونەوەیەکی تیادایە و شارەزایان پێیان وایە لەگەڵ لوتکەی جووڵەی سەرەتای سەمفۆنیاکەی شۆستاکۆڤیچدا لەیەکچوونێکیان هەیە. بەڵام تا ڕادەیەک دەکرێت بگوترێت کە جووڵەی سەمفۆنیاکەی شۆستاکۆڤیچ، جۆرێک لە کەمکردنەوەی بەهای مرۆیی تیایە. )دەکرێت ئەمەش وەک ئاماژەیەک بێت بۆ کوشتار و خراپەکاریەکانی جەنگ و ئەو ئاکامە نامرۆییانەی لە جەنگ دەکەونەوە (.
قورس دەبوو کە جووڵەی سەرەتای سەمفۆنیاکە جیاواز دەربکەوێت، وە سەیر نەبوو کە شۆستاکۆڤیچ هەستی بەوە کردبوو پێویست دەکات ٢ شێرزۆ(پارچە میوزیکێکی خێرا و شادیهێنە) بەکار بهێنێت. تا ڕادەیەکی کەم دەتواندرێت ئەو دوو شێرزۆ’یە وەکوو هێورکردنەوە و حەسانەوەیەک دابندرێت لە سەمفۆنیاکەدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، قسەیەکی گاڵتەبازییانەش هەیە کە گوایە یەکەم شێرزۆ بەردەوامی بەو هەستی داخ و خەفەتەی “Adagio”کەی سەرەتا دەدات، وە لە لایەکی تریشەوە وا دەردەکەوێت کە شێرزۆی دووەم بە گشتی گوزارشت لە تێکشکانی تەواوەتی تاکە کەسێک بکات. ئەو دڵڕەقییەی لە نۆتە ئۆستیناتۆکانەوە(ئۆستیناتۆ کۆمەڵە نۆتەیەکی میوزیکییە کە بە بەردەوامی دووبارە دەبێتەوە لە پارچەیەکی میوزیکی دوور و درێژدا) هەستی پێدەکرێت، هیچ بەزەییەک نیشان نادات بەرامبەر بەو هاوار و قیژەیانەی لە مرۆڤەکانەوە بەرزدەبنەوە؛ هاواری کەسێک بەر لەوەی کۆتا فیشەک بتەقێت، یاخود ئامێری لەسێدارەدانی سەردەمی کۆن، بەر لەوەی کەسەکە لە سێدارە بدات. دواتر کە جووڵەی “فۆرتیسیمۆ” دەست پێدەکات، ئەم جووڵەیە ٣٩ کرێشاندۆ(لەسەرخۆ بەرزبوونەوەی دەنگە لە میوزیکدا) لەخۆی دەگرێت.
وە تەنها دوو دانە دیمینیوێندۆ’ی(نزمبوونەوەی دەنگە لە میوزیکدا) تیادایە.
جووڵەی چوارەمی ئەم سەمفۆنیایە، لەوانەیە بەسامترین میوزیک بێت کە شۆستاکۆڤیچ خوڵقاندبێتی. جۆرێک لە کواڵیتی هەیە کە تایبەتە بە ڕوانینێکی ناوەکییانە و ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ترسە دەروونییەکان زۆر خراپترن لە ترسە فیزیکییەکان. تەنهاییە بێماناکەی تاکەکەسێکی لاواز و بێتوانا زۆر تۆقێنەرترە لەو دەنگە بەرز و توڕەیيانەی کە لە جووڵەی یەکەمدا دەرکەوتن. دەنگە زل و گەورە کەلەڕەقەکانی ئەم بەشە زۆر بەتەواوی گوزارشت لە جاڕزی و بێزاری ژیان دەکەن، وە ڕێک لە پاساکالیا هاوچەشنەکەی “بنیامین بریتن”دا لە کاری “Peter Grimes”دا، سۆڵۆیەکی تیادایە کە هەوڵە شکستخواردووەکانی تاکەکەسێک بۆ ئەوەی تەنگ و چەڵەمەکانی تێ بپەڕێنێت، دەردەخات.
لە سەمفۆنیای هەشتەمدا و بەتایبەت لەو جووڵەیەدا، لە هەر دووبارەبوونەوەیەکی ئاوازەکەدا کەسێک کە گوێگری بێت ئارەزووی گەیشتن بە گۆڕانکاری کۆتایی لە ئاوازەکەدا دەکات، بەڵام هەر جارێک کە دەنگە بەرزەکان شکست دەهێنن لەوەی بگەن بە چارەسەرێکی ئەرێنی لە میوزیکەکەدا و بەردەوام خۆی دووبارەدەکاتەوە، بەمەش ئازاری تەنیایی و گۆشەگیریی چەندبارە دەکاتەوە. نزیکەی دە خولەک لە ئێش و ئازار دەخایەنێت، بەرلەوەی وەک ئەوەی پیاوێکی نابینا بە شپرزەییەوە دەست بە شتەکانی چواردەورییەوە بگرێت، جووڵە میوزیکییەکە ڕێگاکەی خۆی بەرەو “C Major” بدۆزێتەوە، کە چەنێکە لە هەڵوەدای گەیشتن بەم ساتەدا بووە.
کەمانژەنێک لە ئۆرکێسترای “لێنینگراد” بەناوی “Yakov Milkis” دەیگێڕێتەوە، کە بە شۆستاکۆڤیچی گوتووە: “ئەم گواستنەوە میوزیکییە بەرەو بەشی کۆتاییەکەی زۆر سەرنجڕاکێشە.” شۆستاکۆڤیچ لە وەڵامدا پێی گوتووە: ”هاوڕێی ئازیزم، ئەگەر دەتزانی چەنێک پێوەی ماندوو بووم و چەند قوربانیم لە پێناویدا داوە تاوەکوو بگەم بەو’C Major’ە.” دواتر شۆستاکۆڤیچ بێدەنگ بووە و کەمانژەنەکەش هەستی بەوە کردووە کە نهێنییەکی گرنگ و تایبەتی شۆستاکۆڤیچی درککردووە.
پێشتریش جۆرە نەریتێک هەبووە کە ئەو سەمفۆنیانەی لەسەر پێوەری C Minor”” بوون، لە کۆتاییەکانیدا چووەتە “Major”ەوە لە پێناوی ئەوەی کۆتاییەکی گەشبینانەی هەبێت. سەمفۆنیای پێنجەمی “بیتهۆڤن” سەمفۆنیای هەشتەمی “Bruckner” و سەمفۆنیای دووەمی “Mahler” هەموو ئەمانە پەیڕەوی نموونەی ئەو شێوازە دەکەن کە لە تراژیدیاوە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێن. سەرەڕای ئەوەی سەمفۆنیای هەشتەمی شۆستاکۆڤیچیش چۆنییەتی ئاوازەکەیشی هەمان شێوازە، بەڵام گومان هەیە لەوەی بتواندرێت ئەم سەمفۆنیایەی شۆستاکۆڤیچیش بە هەمان جۆر پۆلێن بکرێت. بە دڵنیاییەوە ئەم سەمفۆنیایە گەشتێکە لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی، بەڵام مەبەستی گەشتەکە زیاتر خواستی گەیشتنە بە ئاشتی، وەک لەوەی ویستی بەدەستهێنانی سەرکەوتن بێت. هەروەها کۆتاییەکەی ئەم سەمفۆنیایە نزیکە لە کۆتاییەکەی “Das Lied von der Erde” کە کارێکی میوزیکی ئاوازدانەر ماهلەرە.
لە کاتێکدا ئەم کارەی ماهلەر نیشاندانی هەتاهەتایی ژیان بوو، بەڵام سەمفۆنیای هەشتەمی شۆستاکۆڤیچ زیاتر گوزارشتکردن بوو لە “هەتاهەتایی هیچێتی.” ماهلەر هەستی کرد کە جیهان هەموو کات لەتوانایدایە خۆی لە کارەساتەکان ڕزگار بکات و بەردەوامی بە خۆی بدات. بەڵام شۆستاکۆڤیچ بەئاگابوو لەوەی کە جیهان ناتوانێت خۆی ڕزگار بکات. شۆستاکۆڤیچ بە توانجێکی ئاشکراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٣ لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێکەی “Isaak Glikman” نووسی بوو: ”ساڵی ١٩٤٤ دەبێت بە ساڵێکی پڕ لە خۆشی، بەختەوەری و سەرکەوتن.
خەڵکانی ئازادیخواز لە دەست ڕژێمە سەرکەوتکەرەکەی هیتلەر ڕزگاریان دەبێت و ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا حوکم دەکات لە ژێر تیشکی درەوشاوەی دەستووری ستالیندا. من قەناعەتم بەمە هێناوە و لەبەر ئەمە ئەزموونی گەورەترین شادی و خۆشی دەکەم.”
دەگوترێت کە شۆستاکۆڤیچ بەشی کۆتایی سەمفۆنیای هەشتەمی ناو ناوە “زەوی لە نێو بۆشایی گەردوونیدا بەرەو فەوتانی خۆی دەجوڵێت” وە ئەمەيش لەخۆیدا دەگونجێت بەهۆی ئەوەی چەند بەشێک لە جووڵەی کۆتایی سەمفۆنیاکەدا هەن، کە پێ دەچێت وەسفی لەناوچوونی جیهان لە ماوەیەکی نزیکدا بکەن.
لە ڕاستیدا، ئەو بێماناییەی لە میوزیکی ئەم بەشەدا هەیە، بەتایبەتی لە پارچەی “Fugue”کە دا، ئاماژە دەکات بەوەی کە لەوانەیە ئەم پڕۆسەی لەناوچوون و فەوتانەی جیهان وەدی هاتبێت. سەرەڕای ئەوەش شۆستاکۆڤیچ گوتویەتی کە “سوڕی مێژوو مسۆگەرانە شەڕ و ستەمکاری بەرەو ڕووخان دەبات، وە دوابەدوای ئەوەش سەرکەوتنی ئازادی و مرۆڤایەتی دێتە ئاراوە” وە بە تایبەتی لەبارەی ئەم سەمفۆنیای هەشتەمەوە گوتویەتی: “بەگشتی کارێکی میوزیکی گەشبینانەیە و ژیان دووپاتدەکاتەوە. بیرۆکە فەلسەفییەکانی نێو ئەم کارە دەکرێت لە دوو وشەدا کورتبکرێنەوە: ژیان جوانە. هەموو خراپە و تاریکییەکان لەناو دەچن و جوانی سەردەکەوێت.”
قوورسە بەوە قایل بیت کە کۆتایی ئەم کارە میوزیکییە گوزارشت لە سەرکەوتن دەکات، بەڵام سۆڵۆی فلوتەکەی لە کۆتاییدا دەژەندرێت، ئاماژە دەدات بەوەی کە پاڵەوانە تەنیاکە ڕزگاری بووە، ئەگەر سەرکەوتووش نەبوو بێت. وە لەوانەیە لەو ڕۆژانەی ئەو وڵاتەدا ڕزگاربوون شتێکی بایەخدار بووبێت و شایەنی ئاهەنگگێڕان بووبێت.