[کەسێتی شۆستاکۆڤیچ]

شکار وەفا

هەمیشە وێنەی شۆستاکۆڤیچ بەشێوەیەک چووەتە زیهنەوە کە کەسێکە لەناو بیرکردنەوەی خۆیدا گیری خواردووە و ونبووە. میوزیکەکەشی ڕەنگدانەوەی خۆیەتی، کە هەمیشە هەست بە قووڵییەکی شاراوە لە میوزیکەکەیدا دەکەین، کە ئەم قووڵییە شاراوەیە سەرەکیترین میتۆدی شۆستاکۆڤیچ بێت تا پەیوەندی ببەستێت. هەستەکانی شۆستاکۆڤیچ تەنانەت لە سات و دۆخە نادڵنیاکانیشدا ڕوون و ئاشکرا بوونە و دەکرا ئاسان هەستی پێ بکرێت.
شۆستاکۆڤیچ خولیای ڕوونی بوو، ئەویست ئاڵۆزییەکانی هزری بە ڕوونی بگەیەنێت، پیاوێکی زۆر ڕاڕا و بەگومان و دوودڵ و پڕ دڵەڕاوکێ بوو و زۆرکات لەکاتی دڵەڕاوکێی تونددا ددانی جیڕدەکردەوە، پیاوێکی زۆر شەرمن بوو، بوێری وتنی “نەخێر”ی نەبوو.
شۆستاکۆڤیچ لەڕووی کەسێتییەوە زۆر جیاواز بوو لە میوزیکەکانی، میوزیکەکانی هەستار و توندوتیژن، لەکاتێکدا شۆستاکۆڤیچ پیاوێکی بێدەنگ بوو، کاتێک حەزی بە چارەی کەسێک نەبووایە دەرینەدەبڕی، بەڵکو بێدەنگ دەبوو، بێدەنگییەکانی شۆستاکۆڤیچ پڕ مانابوون و ئەبوو کەسی بەرامبەر لەو بێدەنگییە تێبگات شۆستاکۆڤیچ مەبەستی چییە. لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت کە ڕقی لە تۆسکانینی بووە و ڕقی لە ئەدای ڕابەرێتییەکەی بووە و خراپ بووە، بەڵام هەرگیز ئەوەی دەرنەبڕیووە. هەروەها سێرگێی پڕۆکۆفیێڤیشی بەدڵ نەبوو، بەڵام تەنها ئەو کاتانە دەریدەبڕی کە زۆر پەست بووایە.
بەداخەوە کە شۆستاکۆڤیچ لە زۆربەی کاتەکانی ژیانیدا لە خەمۆکییەکی قوڵدا دەژیا، دەگوترێت لەکاتی دانانی سترینگ کوارتێتی هەشتەمدا تووشی خەمۆکییەکی زۆر قووڵ بووە و گوتویەتی پاش تەواوبوونی خۆی دەکوژێت، خۆشبەختانە ئەو ڕووینەدا، بەڵام گاڵتەی بە مەرگ دەهات و لێی نەدەترسا.
ستراڤینسکی دەگێڕێتەوە کە سەرەتا کاتێک لە فەڕەنسا بۆ یەکەمجار چاوی بە شۆستاکۆڤیچ کەوتووە زۆر سەرسام بووە بە کەسێتییەکەی و شێوازی هەڵسوکەوتی، وتوویەتی شۆستاکۆڤیچ ڕاڕاترین و پڕدڵەڕاکێترین کەسە بینیبێتی.

Leave a comment