(پێچ و سروشت) (ڕاست و شارستانیەت)  

(پێچ و سروشت) (ڕاست و شارستانیەت)

نوسینی: هەڵگورد ئەحمەد

لەڕێی یەکێک لە کارە هونەرییەکانی خانمە هونەرمەندی کورد (ڕۆژگار مستەفا)، لەژێر ناونیشانی چۆنی مام-پیاو (Hi Gentleman)، پێ دەنێینە ناو بابەتەکەمانەوە (بڕوانە وێنەی ژمارە ١). ئەم کارە یەکێکە لە زینجیرەی ئەو کارانەی لە ساڵی ٢٠١٣، بۆ کارنامەی ماستەرەکەی لە کۆلێجی چێڵسی بۆ هونەر و دیزاین (Chelsea College of Art and Design)، بەرهەمی هێناوە. هونەرمەند لەم کارەدا گەڕاوەتەوە بۆ بیرەوەرییەکی منداڵی خۆی. ئەو کات منداڵ و بێ هیچ گرفتێک لەگەڵ کچۆڵە و گوڕیژگەکانی گەڕەک وازی خۆی کردووە، بەڵام لەناکاو دەرکەوتن و زەقبوونەوەی هەندێک نیشانە لەسەر جەستەی وەک بەرزبوونەوەی سینگی و شنینەوەی قژە درێژەکەی جوڵە و پێچ دەخنە باڵا ستونی و ڕێک و تەختەکەی،  هەر ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە لەمپەر بۆ سەر ڕێی یاریکردنی. خزم و کەسوکار هەرکە تێبینی ئەم گۆڕانکارییانە دەکەن، ناوبەناو دەدەن بەگوێیدا، ئیدی ئەو کچێکی پێگەیشتووە و نابێت وەک جاران بڕواتە دەر و تێکەڵی کوڕان بێت. کاتێک ئەمیش لە هۆکاری ڕێگریکردنەکە تێدەگات هەم ناهێڵێت جارێکی دی قژی درێژ بێتەوە، هەمیش بەدزییەوە دەستدەکات بە درونی سووخمەی تایبەت و بەکارهێنانی، بەم شێوەیە دووسێ ساڵێکی تر سینگی بەتەختی دەهێڵێتەوە و قژی لە شەپۆلدان دەخات و لەگەڵ کوڕانی گەڕەک درێژە بە یاریکردنی خۆی دەدات. کوڕگەلی گەڕەکیش دوای ئەوەی لە خواستی ئەم تێدەگەن، لەناو خۆیاندا بە ‘مام پیاو’ بانگی دەکەن، ناونیشانی کارەکەش لەم سڵاوە توێکڵدارەی کوڕانی گەڕەکەوە سەرچاوەی گرتووە. هونەرمەند بەگەڕانەوە بۆ ئەم بیرەوەرییە و بەرهەمهێنانی کارێکی هونەری پەیوەندیدار دەیەوێت ڕاڤەی ئەم بەرکەوتنە بکات، کە خۆی دەبینێتەوە لەو هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینیانەی بوار ناکەنەوە بۆ ژن بەو سروشتەی خۆی هەیەتی دەرکەوێت. لەڕێی ئەم کارەوە هونەرمەند دەیەوێت بپرسێت، بۆچی دەبێت لەرینەوەی ئۆرگانێک، شنەی زوڵفی کچۆڵەیەک مەترسیبێت بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی. کەواتە ئەو بابەتەی ئێمە دەمانەوێت شەنوکەوی بکەین، پەیوەندی هەندێک نیشانەی سروشتی سەر جەستەی بەتایبەتی ژنە بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینەوە.

(وێنەی ژمارە ١)، ڕۆژگار مستەفا، چۆنی مام پیاو، ٢٠١٣، هونەری هاوچەرخ، کۆلێکشنی هونەرمەند، سلێمانی.

 

گەلێک پاڵنەر، بەم بیرەوەرییەی ڕۆژگاریشەوە، وامان لێدەکات ئەم بابەتە بەتەواوەتی ببەستینەوە بە پرسی ژنەوە، یاخود بە ڕەگەزی (مێ)یەوە، بەڵام لەڕاستیدا ڕەگەزی (نێر)یش، بە هۆکاری خۆی ناوبەناو دەگلێتە هەمان پرسەوە. زۆر نیە یەکدوو کوڕە مەیکئەپ ئارتیستی هاوزوبان لە سوچی زیندان توندکران لەبەر ڕەنگدانەوەی هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوتی، وەک دەڵێن، ژنانە لە کەسایەتیاندا، لە زەقترینیان ڕۆیشتنیانبوو بە لەنجەولار. خانمە فیمینیستی ئەمەریکی جودیس باتلەر (Judith Butler)، باسەرهاتی لاوێکی ئەمەریکیمان بۆ دەگێڕێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژنانە ڕێی کردووە، بە دەربڕینە کوردیانە، بایداوە. ئەم لاوە بەبەردەوام لەلایەن کوڕگەلی ئەو شارۆچەکەی تێیدا ژیاوە هەراسان کراوە، تا کار گەیشتوەتە ئەوەی ڕۆژێک یەکدوانێک ڕێیان پێگرتووە و شلکوتیان کردووە، دواتر لەسەر پردێکەوە توڕییان داوەتە خوارەوە و مردووە. باتلەر دەپرسێت، بۆچی کەسێک بکوژرێت لەبەری شێوازی ڕۆیشتنەکەی؟ لێرەوە تێدەگەین ئەم باسە تەنها پەیوەندی بە ژنەوە نیە، بەڵکو بەهۆکاری خۆی پیاوانیش تێوەدەگلێن. هۆکاری ئەم تێوەگرلانەش دەرکەوتنی هەندێک هێما و نیشانە و ئاماژەن لەسەر جەستە، کە لەگەڵ مێنتاڵیەتی سیستمەکاندا نایەنەوە. لەو هێما و نیشان و ئاماژانەش بریتین لە گۆیی، چەماوەیی، کەوانەیی، پێچ، بادان، لەرە، جوڵە، لارولەنجە، لەنگاندن، نەرمونیانی هتد… ئەگەرچی ئەم جێسچا (gesture)نەی، ڕیزکراون لە ڕواڵەتدا سادەن و هەر فیمینیستێک، یاخود هەر هاوڵاتیەکی ئازادیخواز بە کردە (act)ی، یان جوڵەی ئاسایی دەیانبینن، بەڵام لەڕاستیدا هەموو ئەمانە نیشانەی پرسێکی هێجگار قوڵە و ڕەگ و ڕیشەی  ئەم پرسەش لەوسەری مێژووەوە تا ئەمسەری دێت.

لە هەموو قۆناغەکانی گەشەی مرۆڤایەتیدا ئاسەوارەکانی گوزارشتکردن لەم بابەتە بەڕوونی دیارە، وەک دەردەکەوێت ئەو سانسۆرەی ئەمڕۆ سیستمەکان لەسەر ئەم بابەتە دایانناوە، لەو مێژووە دوورودرێژەدا نەبووبێت. بۆ نموونە، لە هونەری پێش-مێژوودا یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی هەژماریان بۆ کردووە بریتیبووە لە جوڵە، لەویش گرنگتر زیادەڕەویکردنبووە لە دەرخستنی ئۆرگان و ئەندامەکانی سەر جەستەی ژن (بڕوانە وێنەی ژمارە ٢). تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەم پەیکەریچکانە لە شوێنە جیاجیاکانی کیشوەری ئەوروپا دۆزراونەتەوە. بەم بوكەڵانە دەڵێن، ڤینۆسەکانی پێش-مێژوو. مێژووی کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ سی و پێنج هەزار ساڵ پێش زایین (٣٥٠٠ پ. ز.). هەرکە بەرچاوت دەکەون تێدەگەیت ئەم زیادەڕەویکردنە لە سینگ و سمتدا بەمەبەستە. ئیدی دەرخستنی جوڵە و قۆقز و پێچ و دەور لە هونەری هەموو شارستانیەتەکان تا دەگاتە هونەری ئەمڕۆ درێژەی هەیە. لە نیگار و دیواربەندەکانی میسری کۆندا بەئەنقسەت سمت لەسەر لا وێنە کراوە، سینگ بەرەوڕوو دەرخراوە، فیگەری مرۆڤیان باداوە تا زۆرترین هێڵی چەماوە لەخۆ بگرێت. ئەکرێت بڵێین، لە هونەری تەواوی شارستانیەتە دێرینەکان ئاسەوارەکانی ئەم هەوڵە هەیە. لە هونەری گریک و ڕۆماندا دەگاتە ئەوجی خۆی. لە پەیکەرەکانی یۆنان و ڕۆمدا هێڵە ڕاستەکەی جەستەی مرۆڤ چ لە فیگەری پیاو و چ لە فیگەری ژندا نەماوە، بەڵکو بەمەبەست بەملاولادا چەمێنراونەتەوە. پەیکەری پەپکە هەڵدەر (Discus Thrower)، نموونەیەکی زەقی ئەم هەوڵەیە. پەیکەری خودا ژنەکانیش بەهەمان شێوە بادراون بۆئەوەی هەلی بەکارهێنانی زۆرترین هێڵی چەماوە بڕەخسێنن (بڕوانە وێنەی ژمارە ٣).

زەقکردنەوی ئەم جۆرە جێسچانە لەسەر جەستە، بەتایبەتی جەستەی ژن بەدرێژایی ئەو مێژووە ڕێکەوت نیە، بەڵکو ئاماژەن بۆ پرسێکی ئاڵۆز. لای زۆربەی زۆری ئەو توێژەر و کەونینەناسانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر هونەری پێش-مێژوو کردووە، بەتایبەت لەسەر ڤینۆسە بوکەڵەییەکانی پێش-مێژوو، کۆکن لەسەرئەوەی بەرجەستەکردنی بەتایبەتی فیگەری ژن بەم شێوەی لە وێنەکەدا دیارە لە پێناوی گوزارشتکردنبووە لە هەبوونی “هێزێکی بەرزە-سروشت’ لەو جەستانەدا. ئەم هێزە دەتوانێت گۆڕانکاری بەسەر پێشهاتەکاندا بهێنێت. لای میسریەکان ئەم وێنانە وێنەی تاکەکانی خانەوادەگەلێکی باڵابوون، لەڕاستیدا خۆیان بە خودا دەزانی و پێیانوابوو جڵەوی زەوی لەژێر هەژموونی ئەماندایە. گریکیەکان بڕوایان وابووە ‘خودا، یان خوداژنەکان شێوەی خۆیان لەسەر شێوەی مرۆڤ داڕشتووە،’ هەربۆیە ئەم شێوە بزۆکەی بەهۆی هێڵە چەماوەکانەوە دراوە بە لاشەی مرۆڤ لە هونەری گریکدا لە پێناو ئەوەبووە زۆرترین جوانی و وزەی سروشتی تێدا کۆبێتەوە، چونکە لەڕاستیدا ئەم جەستە جەستەی مرۆڤ نیە، بەڵکو جەستەی خودایە. جەستەیەک لەیەک کاتتدا جوان و بەرز و پیرۆزە. ئیدی چیرۆکی هەبوونی هێزێکی بەرزە-سروشت لەنێو جۆرێک لە فیگەری بادراو و هەڵتۆقیو و پڕ هێڵێ چەماوە لە هونەری ڤیژوەڵی زۆربەی شارستانیەتە کۆنەکان درێژەی هەیە، کە لێرەدا لەبەر ڕێگریکردن لە درێژبڕی ئاماژەیان بۆ ناکەم. ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە شارستانیەتە نوێکانیش ئەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ جەستە هەر بەردەوامی هەیە تا دەگاتە شێوێنێک بەئەستەم ئاسەوارەکانی مێژوویان تێدا دەدۆزینەوە.

 

لە سەروبەرندی ڕێنیسانسیشدا پشتبەست بە میراتی گریگ، درێژە بە وێناکردنی ژن بەهەمان شێوە دراوە. نموونەی سەدان تابلۆی وەک ڤینۆسەکەی سندرۆ بۆتۆچیلی (Sandro Botticelli)، دەستڕەستە. ئەم مێژووە بەهەمان نەفەس بەردەوامە، کاتێک دەگاتە تابلۆی ئازادی (Liberty)، دێلاکروا (Delacroix)، دەمودەست شتێک لەبارەی ئەو مانایەی ئەمڕۆ دەخوازرێت لەڕێی جۆرێک لە جوڵەی ژنەوە بگەیەنرێت، دەچپێنێت بەگوێماندا. ئەم ژنە (بڕوانە وێنەی ژمارە ٤)، گوزارشت لە کەسایەتیەکی دیاریکراو و ناسراو ناکات، بەڵکو کۆنسێپتی ‘ڕزگاری’یە و لە فیگەری ژنێکی سینگ و مەمک ڕووتدا بەرجەستە کراوە. بڕیارە ئەم تابلۆیە وێنای شۆڕشی ١٨٣٠ی فەرەنسا بکات، بەڵام لەڕاستیدا سینگێکی ڕووتی ژنێکی بەڕواڵەت گریکی، کۆنسێپتێکی ئەبەدی لە دەرەوەی ڕوداوە کورتخایەن مێژووییەکان دەداتە پاڵ تابلۆکە. هونەرمەند سودی لە فیگەرە بێپۆشاکەکانی گریک و ڕووم وەرگرتووە بۆ داڕشتنی ئەم فیگەرە وەک دوو شارستانیەتی پێشەنگ لە وروژاندنی بیری ئازادییەکی ڕەها لای مرۆڤ و شوێنکەوتنی. ئیدی دەرخستنی جەستەی ژن لە دەستپێکی هونەری مۆدێرنەوە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. ئەو جۆرەی ئەمڕۆ کیژۆڵەیە بۆ گرتنی وێنەیەک، یاخود سێڵفیەک تا بۆی بکرێت پێچ دەخاتە جەستەی خۆی و تا بتوانێت سنگ و سمتی قوت دەکاتەوە تا هەرچی زیاتر هێڵی چەماوە لەسەر جەستەی زیادبکات، ڕیشەکەی بەستراوەتەوە بەم مێژووەوە. هونەرمەند ئەمالیا ئولمان (Amalia Ulman)، کە گەلەری تەیت مۆدێرن وەک هونەر سێڵفیەکانی نمایشت کرد، نومایندەی ئەم نەوەی ئەمڕۆ دەکات لە درێژەدان بەم میراتە (بڕوانە وێنەی ٥). ئەرێ بەڕاست، کاتێک ئەمڕۆ دەبینین کیژۆڵەکانمان بۆ گرتنی سێڵفیەک تۆپۆگرافیایەکی پڕ پێچ و بەرزونزمی دەدەن بە جەستەیان دیاردەیەکی بێمانایە، یاخود نا درێژکراوەی ئەم میراتە مێژووییەیە و لە ئێستادا لەم فۆرمەدا خۆی نومایندە دەکات؟

 

لێرەدا دەمەوێت بڵێم، ئەم بابەتە ئەوەندەی پێیوەندی بە مانای ئەو جوڵە و وزەوە هەیە کە لە پێچ و هێڵە چەماوەکانی بەتایبەتی ژندا خۆی مەڵاسداوە، ئەوەندە پەیوەندی بە مانای ڕووتێتیەوە نیە. زۆر جار ئەم بابەتە تەنانەت لای توێژە ڕۆشنفکرەکانیش لەگەڵ ڕوتێتیەکی ئیرۆتیکی تێکەڵ دەکرێت. ئەو بەرکەوتنەی لەنێوان فەرهاد پیرباڵ و د. موسەنا لە بەرنامەیەکی تەلەفیزۆنیدا ڕوویدا، بەهۆی ئەم تێکەڵکردنەوە بوو، تەنانەت لە گەلێک کتێبی هونەری و ئیستاتیکیدا بەرچاو دەکەوێت دیاردەی ڕووتێتی فیگەری ژن دەبەستنەوە بە چەمکێکی فرۆید و شەهوەتەوە. گروپی گۆرێلا گێڵس (Guerrilla Girls)، کە گروپێکی فیمینیستی نهێنین، دەیانەوێت لەڕێی چالاکیە هونەرییەکانیانەوە بڵێن، جەستەی ڕووتی ژن خوانێکە لەبەردەم چاوە برسییەکانی پیاوانی سپی پێست. سەرێکی هۆشیار بەم لاشەوە نیە تا وەک پیاوان مومارەسەی عەقڵ و هونەر بکەن لەنێو ناوەندە هونەرییەکاندا. لە یەکێک لە ئاکتە هونەرییە توانجئامێزەکانیاندا، ڕەخنە لە ناوەندە هونەرییەکانی ئەمڕۆ دەگرن کەوەک هەموو ناوەندەکانی تری سیستمەکانی ئەمڕۆ، لەژێر ڕکێفی پیاواندان و بەئەستەم ڕێگە بە ژن دەدەن بێتە ناوەوە. لە یەکێک لەو پۆستەرانەی لێرەو لەوێی ناو شاری نیو ۆرک (New York)، هەڵیاندەواسی، بە ئاڕاستەکردنی پرسیارێک ڕەخنە لە مۆزەخانەیەکی هونەریی ئەمەریکا دەگرن، ‘ئایا هەر دەبێت ژن ڕووت بێت ئینجا (مێت. میوزیەم)، وەریدەگرێت؟’ لەژێر ئەم دێڕەدا نوسرابوو، ‘هونەرمەندی ژن لەسەدا پێنجی هونەرمەندانی هونەری مۆدێرن پێکدەهێنن، بەڵام لەسەدا هەشتا و پێنجی ئەو نیگارانەی فیگەری بێپۆشاکیان لەخۆگرتووە، فیگەری ژنن.’ لەڕاستیدا ئەم خوێندنەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە سیستمی کاپیتالیست و کەللتوری پۆپ دروستە کە هەموو شتێک بە مرۆڤیشەوە تێیدا دەبێت بە کاڵا و شمەکی فرۆتەنی، بەڵام پێوەرێکی بەجێ نیە بۆ خوێندنەوەی ڕووتێتی لە مێژووی هونەر و هەندێک ئاکتی مێژوویی تر.  ئەوەی ئێمە مەبەستمانە بریتیە لە وزەیەکی شارەوەی پەنگخواردوو، لە هەر جەستەیەکدابێت و مەوجی پێدەدات، لارولەنجەی پێدەکات، دەیلەنگێنێت، ئۆقرەی لەبەر هەڵدەگرێت هتد… ئیدی گرنگ نیە ئەو جەستە چیە، کاری بە ڕەگەزەوە نیە، تەنانەت بە ڕووتێتیشەوە، بەڵام لە ڕووتێتیدا، بەتایبەت ڕووتێتی ژندا باشتر خۆی پەخشان و تەخشان دەکات و باشتر دەتوانێت گێچەڵ بکات. ئالێرەوە گرنگە بابەتەکەمان لە پەنهانی ڕزگار بکەین و ڕوونتر باسی ئەو وزە بکەین کە لەنێو پێچدا خۆی ماڵاسداوە و بووەتە سەرئێشە بۆ سیستەمەکانی ئەمڕۆ. ئەگەرچی وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا ناوبەناو پیاوانیش دەگلێنە ناو هەمان باسەوە، بەڵام بۆچی ژن بووەتە سەرمەشقی ئەم باسە و بەدرێژایی ئەو مێژووەی باسمانکرد زۆر زیاتر لە پیاو ئامادەگی هەیە؟ بەڕاست، ژن بەو هەموو نەرمنیانیەوە چۆن دەتوانێت گێچەڵ بەو سیستمە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینیە تۆکمانەی ئەمڕۆوە بکات؟ بۆ نموونە، بۆچی دەرکەوتنی چەند تاڵێک لە زوڵفی (ژینا)، کارەساتێکی گەورەی بەسەر کۆماری ئێراندا هێنا؟ ئیتر کاتیەتی هەندێک بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارە بکەوین.

بۆ ناسینەوەی ئەو وزەی لە پێچدا هەیە، هاوشان تێوەگلانی ژن بە پلەی یەک بەم باسەوە، پشت بە ڕاڤەیەکی بیرمەندی بەریتانی ئالان واتس (Alan Watts)، دەبەستین. ئەم بیرمەندە پشتبەست بە تیۆرییە زانستیەکان دەڵێت، ‘بەهۆی ڕەفتاری ئەلکترۆنەوە، هەموو بوون (Being)، لە لەرەدایە. بوون لە هەڵبوون و کوژانەوەیەکی بەردەوامدایە، بەهەموو یەکەکانی ناوییەوە، جا ئەگەر کێوێکە یان درەختێک.’ هۆکاری تێبینی نەکردنی، یاخود نەبینینی ماوەی نێوان ئەم هەڵبوون و کوژانەوەیە، تەنها خێراییەکەیەتی. ئەم تایبەتمەندیەی ئەلکترۆنیش بەهاوکاری هێزی کێشکردنی زەوی، شێوەیەکی ناهاوبەرامبەر (asymmetrical)، دەدات بە یەکەکانی بوون. بۆ نموونە، هەور. هەور فۆرمێکی ئۆرگانی شڵۆقەو هەمیشە لەئانی گۆڕاندایە. بڕوانە چۆنێتی ڕیزبوونی زینجیرە شاخەکان و گرد و دۆڵ و تەپۆلکەکان، بڕوانە چۆنێتی ڕێکردنی بەنازومەکرەکەی ئاو بەنێو پێدەشت و شاخ و دۆڵەکاندا. کەواتە سروشت ئەندازەیی ڕەفتار ناکات، بەڵکو لە لارولەنجەدایە، تەخت و ڕێک و ڕاست ناڕوات، ئەملاولا دەکات. هەموو ئەمانەی ڕوودەدەن لە داڕێژگە ناهاوبەرامبەرەکەی ئاودا (water asymmetrical pattern)، خۆی نومایندە دەکات. ئەگەرچی بەڕواڵەت هەندێک فۆرمی یەکەکانی ناو سروشت هاوبەرامبەر (symmetrical)ن، لەنێویاندا فۆرمی درەخت، مرۆڤ، وەک بڵێیت لەناوەڕاستەوە قەد کراون و ڕەگەزەکانیان وەکیەک بەملاولادا ڕیزبوون، بەڵام لە نێو هەر یەک لەم فۆرمانەدا داڕێژگەی ناهاوبەرامبەری ئاو دیسانەوە بوونی هەیە. دەمارەکان چ لەجەستەی مرۆڤدا، چ لە بونیادی درەختێکدا ئاو دەهێنن و دەبەن و داڕێژگەکە دروستدەکەنەوە. کەواتە هێزی کێشکردن بریتیە لە وزە، نومایندەکەری ئەم وزەش بریتیە لە ئاو.

لێرەدا گرنگە وتەیەکی لاو تزو / لاودزی (Lao Tzu-Laozi)، (کە بیرمەندێکی سینیە لە سەدەی شەشی پێش زاین ژیاوە)، وەرگرین. ئەو دەڵێت، ‘چۆنێتی پرۆسە و جوڵانی سروشت وەک چۆنێتی پرۆسە و جوڵانی ئاو وایە، ئەگەرچی تا ئەوپەڕی نەرمونیانە، بەڵام دەتوانێت مل بەوپەڕی ڕەقیدا دانەوێنێت. لە لاوازی و بێهێزییەکەی ئاودا ئەوپەڕی زەبروزەنگ و هێز هەیە. هەمیشە لە نزمترین ئاستدا کاری خۆی دەکات.’ مایەی سەرسوڕمان نیە، کاتێک چینیەکان پێش سەدان ساڵ بیریان لە ئەشکەنجەدان کردووەتەوە بە ئاو، بەشێوەیەک لەڕێی ئامرازێکەوە دڵۆپ دڵۆپ ئاو لە بەرزییەکی دیاریکراوەوە تکێنراوەتە سەر تەپڵەسەری تاوەنبار، تاوەکو وردە وردە کەللەسەری کوندەکات و بەوپەڕی ئازارەوە دەیکوژێت. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەو جوانیەی ئەم هاوکێشە سروشتیەی لەئاودا دەینەخشێنێت جوانیەکی لۆمەنەکراوە، چونکە هەمیشە بەلارولەنجە ئازادانە دێت و دەڕوات، هاوکات هەڵگری هێزێکی پەنهانە، ئەگەر بەری پێبگیرێت لە نۆبەی خۆیدا هەموو شت ڕادەماڵێت و لەگەڵ خۆیدا لولی دەدات.

لێرەدا دەمانەوێت بڵێین، ئەو پێچانەی وزەی )سروشت(، دەیخاتە جەستەی ئاوەوە (water body)، هەر ئەو پێچانەیە لە کایەی هونەردا بەدرێژایی ئەو مێژووە خزێنراونەتە ناو بەتایبەتی جەستەی ژنەوە. ژن نومایندەکەری وزەی (ئاو)وە، باشترە بڵێین، وزەی (سروشت)ە. بەدەربڕێنێکی تر، ژن بریکار (agent)ی، ئەو وزە ئازادەیە کە لە سروشتدا هەیە و ئەم بە وەکالەت دەیهێنێتە ناو کۆمەڵگە یەک لەدوا یەکەکان. ئەوەنیە کاتێک پێناسەی سروشت یان دایکە سروشت (Mother Nature) دەکەین، دەڵێین ‘دایکە سروشت بریتیە لەو سروشتەی دەچێتەوە سەر ژن، سەرچاوە و هێزە بۆ ئەفراندن.’ وەک چۆن ڕێژگەی ئاو بەبەردەوام لە جوڵەدایە و نەرم نەرم زەوییە ڕەقهەڵهاتووەکان دادەبڕێت و هەرچی زیاتر پەلی لێدەبێتەوە و دەبێت هۆکاری ئاوەدانی و سەوزایی و جوانی، ئەگەر لێگەڕێین، ئاوهاش هەموو بوونی ژن ئازادانە دەکەوێتە شەپۆل و لەرە و مەوجدان، لەوەش گرنگتر منداڵ لەدوای منداڵ لێیدەبێتەوە و زەوی ئاوەدان و ئاوەدانتر دەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر بڕیارە ژن بریکار، یان نێردەی سروشت بێت، ئەدی ئەم بەرکەوتنە بۆ، کێ هەیە خۆشی بە سروشت نەیەت؟

لەو نارەتیڤە مێژوویەی لەسەرەوە چنیمان، پێنەدەچوو لە شارستانیەتە کۆنەکاندا بەرکەوتن هەبووبێت، ئەسڵەن لەهەندێکیاندا ژن پێگەیەکی بەهێزی هەبووە و تەنانەت ماقامی خوداشی پێدراوە. هۆکاری ئەو تەباییە، نزیکی مرۆڤەکانی ئەوکات بووە لە سروشت. نەک هەر نزیکی، بەڵکو مرۆڤ و سروشت دوانەیەکی لێکدانەبڕاو بوون. مانای مرۆڤ لەنێو بەستێنی سروشتدا دروست دەبوو. وەک ئالان واتس دەڵێت، ‘هەر لە سەرەتاوە مەیلی هونەرمەند بۆ کێشانی دیمەنی سروشتی (landscape)، لەم ڕاستیەوە سەرچاوەی گرتووە، سروشت جوانیەکی لۆمەنەکراوی هەیە، بەو پێیەی ئەو وزەی تێیدایە وایلێدەکات ئازادانە هەمیشە لە ئانی جوڵاندا بێت و شێوەی نوێ بدات بەخۆی.’ کاتێکیش پێش چەند دەیەیەک پێش زایین، سینیەکان وێنەی دیمەنی سروشتی دەکێشن، لەبەر ڕەنگدانەوەی ئەم جوانی و وزەیە. هەرکە فیگەری مرۆڤیش دەهێننە ناو ئەم دیمەنە سروشتیانەوە، هەیمەنەی وەرنەگرتووە، بەڵکو لە کۆنتێکستی سروشتدا نیگارکراون. وە هەرکاتێکیش بیر لە وەچەرخانی هونەری گەورە کرابێتەوە لەسەر ئاستی نیگارکێشی، ڕاستەخۆ پەیوەندی بە دۆزی سرشتەوە هەبووە، جا ئەگەر بەسروشتکردنی باکگراوەندی شاکارەکانی ڕێنیسانسە، یاخود تابلۆکەی ئیدوارد مانێ، نیوەڕۆ خوانێک لەسەر سەوزەگیا (Luncheon on the Grass)یە، یان هەوڵەکانی جاکسن پۆلۆکە کە سود لە هێزی کێشکردنی زەوی وەرگیراوە بۆ دەماندنی ڕەنگەکانی بەناو تۆپۆگرافیای کانڤەسەکانیدا.

ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕۆژگارێک بووینەتەوە هیچ کەیفمان بە سروشت نایەت، وردە وردە شار و شارستانیەتەکانمان وشکتر و ڕەقتر دەبن، چونکە پشتمان کردووەتە سروشت، هەربۆیە وەکیلی سروشتیش (ژن)، هەست بە نامۆیی و چەپاندن دەکات. سروشتمان شاربەدەرکردووە و دیوارێکی-لە-کۆنکریت-دروستکراویشمان بەڕوویدا دروستکردووە. دیارە مێنتاڵیەتی مرۆڤ لە شارستانیەتی ئەمڕۆدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بە گەلێک بەڵگە دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین شارستانیەتی ئەمڕۆ دروستکراوی دەستی پیاوە. ڕەخنەی فیمینیستەکان بەسە بۆئەوەی وێنای ئەم شارستانیەتە پیاوسالارانەی ئەمڕۆ بکەین. ئەگەر ئەمە بەشێک لەڕاستیشی تێدابێت بەسە بۆئەوەی لەسەر چینینی نارەتیڤەکە بەردەوامبین. لە بونیادنانی شارستانیەتی ئەمڕۆدا خاڵێکی زۆر گرنگ و پەیوەندیدار بە باسەکەی ئێمەوە هەیە. ئەویش  بونیادنانی شار و شارستانیەتدا بەرمەبنای ڕەگەزە ئەندازەییەکان، ڕێک بە پێچەوانەی سروشتەوە کە ئۆرگانیانە پەل دەهاوێت، هەر ئەمە بەهانەیەکی زۆر گەورەیە بەدەست شار و شارستانیەتچیەکانەوە بۆ وەستان دژی سروشت. ئالان واتس دەڵێت، ‘کاتێک جادەکانمان بەنێو سروشتدا ڕادەکێشین، ناچارین بەپێی پێچاوپێچی پێدەشتی کەنار شاخ و دامێنی گردەکان بڕۆین، ئەگەر دۆڵ، یان ئاو بێتە ڕێمان، ناچارین ئاڕاستەی جادەکانمان بگۆڕین، بەڵام کاتێک جادەکانمان دەگەنە ناوشار، ڕێک و ڕاست دەبنەوە، هەموو شتێک لەگەڵیدا ڕێک و ڕاست دەبنەوە، هەموو شتێک بە لاکێشە و چوارگۆشە دەکرێت، هەموو شتێک تەخت دەکرێت.” کەواتە لەنێو شاردا خولیایەک هەیە بۆ تەختکردنەوە، یان ڕێککردنەوە، یاخود پانکردنەوەی شتەکان. پێچ مەترسیدارە بۆ مێنتاڵیەتی مرۆڤ لە شاردا، لە ڕاستیشدا هەر وایە، تۆ لەکاتی شۆفێریدا ڕێک و ڕاست بێ هیچ کێشەیەک لەهەوای خۆتتدا درێژە بە شۆفێری خۆت دەدەیت، بەڵام لەناکاو چاوت دەچێتە سەر هێمایەکی هاتووچۆ، نوسراوە “وریابە، پێچی مەترسیدار لەپێشەوە هەیە.” وەک واتس دەڵێت، ‘ئێ ڕاستیشە، پێچ مەترسیدارە، ژن پێچی مەترسیداری هەیە، هەربۆیە جێی سەرنجن.’ هەر لەم تێگەیشتنەشەوەیە پێویستبووە هونەرمەند ڕۆژگار لەسەروبەندی هەرزەکاریدا سنگی تەخت بکاتەوە و قژی لەبنەوە ببڕێت و لە جوڵەی بخات، تا لەگەڵ تەخت و ڕێکی شەقامەکانی کۆڵان، یاخود بونیادە ئەندازەییەکەی شاردا لەنگ نەیەنەوە. هەر لەم تێگەیشتنەوەیە، دەبوو کوڕە مەیکئەم ئارتێستە کوردەکانمان لە سوچی زیندان توند بکرێن، یان ئەو جوانخاسەی باتلەر باسی دەکات دەبوو بکوژرێت و جەستەی لە لارولەنجە بخرێت، چونکە ئەمانە هێجگار مەترسیدارن!

ئایا بەڕاست ئەمە زیادەڕەویکردن نیە؟ چۆن ئەم ئاکتە بچووکانە بەو ڕادە زۆرە جێگەی مەترسین؟ دوو هۆکار وادەکات لەو مەسیجە گەورە بگەین لە پشت ئەم ئاکتە بچووکانەوە. یەکەم: بە هەمان عەقڵیەتی بونیادنانی شار بە هەموو شتەکانیەوە، لەوانە کۆشک و تەلار و خانووبەرە و شەقامەکان هتد… بە دروشمی، ‘ڕێک ڕاوەستن و  پاڵ بدەن بەیەکەوە،’ سیستمەکانیشمان داڕشتووە. وەک سیستمی تەلارسازیمان، سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینیش بلۆک لەپاڵ بلۆک ڕیزکراون و هیچ کەلێنێک، کەلەبەرێک لە سیستمەکانماندا ناهێڵراوەتەوە تا بەشەر هەناسەیەکی تێدا هەڵکێشێت، تا بای باڵەکانی تێدا دەرکات. هەموومان پێکەوە دەجوڵێنن وەک بڵێیت سوپایەکین لە ئانی نیمایشتی سەربازیدا، نابێت بەئەستەمیش بێت جوڵەیەک بکەین لە جوڵەی ئەوانی تر نەچێت. زیگفرید کراکاوە (Siegfried Kracauer)، لە پەرتوکی نەخشاندنی بەلێشاو (The Mass Ornament)دا، باسی ئەو دیمەنانە دەکات کە لە کەللتورەکانی ئەمڕۆدا بەدیدەکرێن، لە نموونەیان، دەستە کیژۆڵەی سەماکەرانی تیڵە (Tiller Girls)، کە لە ١٨٩٠تەکان، لە شاری ماجێستەر دامەزراون. ئەم کیژۆڵانە تەعریبەن لە باڵا و کێش و تەمەندا وەک یەک هەڵدەبژێردرێن، هەمووشیان پێکەوە دەبێت ئەو جوڵانە بکەن کە بۆ سەماکە پێویستە. ئەم بیرمەندە دەیەوێت لەڕێی ئەم نموونە و چەندین نموونەی ترەوە پێمان بڵێت کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ خوێندنەوەی جوادا هەڵدەگرن. لەو ئەنیمەیشنەی بۆ نەوارێکی باندی پینک فلۆید (Pink Floyd)، لەژێر ناونیشانی دیوار (The Wall)، بەرهەمهێنراوە، یاخود فیلمی سەردەمە مۆدێرن (Modern Times)ەکانی، چارلی چاپل (Charlie Chaplin)، و چەندین بەرهەمی تر بۆمان ڕووندەبێتەوە سیستمەکانی ئەمڕۆ خەریکی چین. هەموو مامەڵەکانمان لەسەر بنەمای داڕشتەیەکی ئەندازەیی (geometric configuration)، بونیاد ناوە. هەرکەس ئەگەرچی بەئەستەمیش بێت دەقاودەق وەک ئەوانی تر مامەڵە نەکات، دەموودەست دەبێت بە لەکەیەک بەسەر داڕشتە ئەندازەییەکەوە و تێکی دەدات. بۆیە لەم بارەدا ئەم ئاکتانە ئەگەر چی بچوکیشن، بەڵام تەواوی وێنەکە تێکدەدات و باجەکەشی قورس دەبێت. دووەم: بەو پێیەی داڕشتەکە ئەندازەییە وەک بڵێیت وەک پولی دۆمینە یەک لەدوای ئەوی تر ڕیزکراوە، ڕەنگە بەپێی تیۆریای کاریگەری دۆمینەیی (Domino Effect)، جوڵانی یەکێک جوڵانی هەموو ئەوانی تر، بەدوی خۆیدا بهێنێت. یان بەپێی تیۆریای شنەبای باڵی پەپولە (Butterfly Effect)، ئەو تۆزقاڵە هەوایەی لە لەرەی مەمکێکەوە دروستدەبێت ببێتە هۆی دروستبوونی تۆفانێکی سامناک. پشتبەست بەم دوو هۆکارە دەتوانین بڵێین ئەم ئاکتانە وەک دەردەکەون هێندە بچووک نین، تا سیستمەکانی ئەمڕۆ چاوپۆشیان لێبکات. ئەدی هەر چۆڵنەکردنی ئەو کورسیەکەی ڕۆزا (Rosa Parke)، نەبوو چۆکی بەسیستمی ئەمەریکیە سپی پێستەکان دانەدا، دوو تاڵ لە زوڵفی ژینا نەبوو کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەراسان نەکرد. ئەمانە و گەلێک نموونەی تریش دەرخەری ئەم ڕاستیەن. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەندی بتوانین بچینەوە ناو مێژوو ئەم پێکداهەڵپرژانە بوونی هەیە، لە داهاتووشدا هەر دەبێت.

بیرمەندی ئەمەریکی تێرنس مکێننا (Terence Mckenna)، دەڵێت، ‘کەللتور بەرمەبنای دوو هێزی بەرپێنەگیراو (two unpluggable forces)، دروست دەبێت. یەکەمیان نەریت (habit)ە، کە بریتیە لەو مامەڵانەی زۆربەی زۆری مرۆڤ دەقی پێوە دەگرن و بەبەردەوام دووبارە و سێ بارەی دەکەنەوە. دووەمیان نوێگەری (novelty)یە، کە بریتیە لە تێکشکانی دەقەکانی نەریت.’ بۆ وێناکردنی ئەم بابەتە پەرشوبڵاوەم سود لە یەکێک لە دیزاینەکانی خانمە تەلارسازی عێراقی زەها حەدید (Zaha Hadid)، وەردەگرین. کۆی دیزاینەکانی ئەم خاتوونە بەشێوەیەکن پێبەپێی سروشت دەڕۆن، ئەمیش بەو مانایەی هیچ هەژمارێک بۆ ڕەقێتی و زبری شار ناکەن، بەڵکو گێچەڵیشی پێدەکەن. لەو دیزاینەی بۆ ناوەندێکی کەللتوریی شاری شییان(Xi’an)ی، کردووە، ڕێک وێنای ئەو میتافۆرەمان بۆ دەکات کە من ویستوومە بە تێکست بینەخشێنم. بۆ دیزاینکردنی بینای ناوەندی کەللتوری شییان (Xi’an Cultural Centre)، سودی لە جەستەی ڕووبار، یاخود تەوژمی ڕووبار وەرگرتووە (بڕوانە وێنەی ژمارە ٦). دەمەوێت بڵێم، ئەم ڕووبارە ئەو تاکە کێچەڵکەرەیە، یاخود لەم کەیسەی ئێمەدا، ئەو ژنە سەرمەشقەیە کە ئازادی خۆی لە سروشت وەرگرتووە و گەڕ بە شار دەکات.

 

(وێنەی ژمارە ٦)، دیزاینی ناوەندی کەللتوری شییان، زەها حەدید.

 

نەمپەرژا بەدوی کۆنسێپتی ئەم دیزاینەدا بگەڕێم، بەڵام زۆر نزیکە بۆ داڕشتنی ئەم دیزاینە ئیلهامی لەو ڕووبارە وەرگرتبێت کە بەلای شارەکەدا تێدەپەڕێت. ئەوەی ئاو لای ئەم دیزاینەرە چ مانایەکی هەیە، نازانم. بەڵام ڕوونە لەم بەستێنەی ئێمەدا ئەم باڵەخانە بەشێوەیەک ڕەفتار دەکات وەک بڵێیت هیچ هەژمار بۆ هێڵە ڕاستەکانی شار ناکات، بەڵکو بەلارولەنجە دەڕژێتە ناو شەقامەکانی شار و ڕێی خۆی دەکات. ئەو شارە ڕەقوتەقە کەندڕ دەکات. کاتێک تێرنس مکێننا دەڵێت، ‘سروشت تاکی ئازاد دروستدەکات و کەللتوریش تاکی دەستەمۆ.’ لە حەقیقەتی سروشتەوە (بەڵکو ئاوەوە) گەیشتووەتە ئەم بانگەشە.  ئەگەر چی مامەڵەیەکی میتافۆریمان لەگەڵ ئەم بابەتە کردووە، بەڵام بەرمەبنای ئەو ڕاستیەیە کە هەرگیز ناتوانین بەشێوەیەکی تا هەتایی بەر بە ئاو بگرین، چونکە کارێکی مەترسیدارە و لە نۆبەی خۆیدا گورزی کوشندەی خۆی دەوەشێنێت. ئەوەی لە ئێستا و ڕابردوودا لە شاری هەولێر بینیمان، وێنەیەکی بچووکی ئەم بابەتەیە. شارچیەکانی هەولێر وەک هەر شارچیەکی تر، ئەم مامەڵەیان لەگەڵ ڕێڕەوە پێچاوپێچەکانی ئاودا کردووە، هەربۆیە ناوبەناو ئاو پەیامێکی بچووکی خۆی دەچپێنێت بەگوێیاندا، کاردانەوەی بەرپرسانی شاریش ئەوەیە، تا دێت هێڵی ئاوەکان ڕاستر و ڕاستر و قوڵتر و قوڵتر دەکەنەوە. ئیدی ئەم ململانێیە تا ئەبەد درێژە دەکێشێت، بەڵام دەبێت لایەنی براوە کێ بێت.

لە کۆتاییدا، لەو نارەتیڤە مێژووییەی چینیمان دەرکەوت لەمێژە هێزێک لەنێو پێچ و گۆ و هێڵە چەماوەکانی لەشی ئافرەتدایە. ئەو هێزە پەیوەستکرابوو بە هێزێکی “بەرزە-سروشت”ەوە. لەم سەروبەندەدا وادەردەکەوت ئەم هێزە تەبابێت لەگەڵ سیستەمەکاندا. لە قۆناغێکی تری مێژوویدا بۆمان دەرکەوت ئەو هێزە هێزێکی بەرزە-سروشت نیە، بەڵکو هەوێنی چەمکی ئازادی ڕەهایە و مرۆڤ لە خودی سروشتەوە فێری بووە و دەیەوێت مومارەسەی بکات. گوتمان ئاو ڕەمزە بۆ ئەم هێزە، یاخود ئەم چەمکە و پێچەکانی ئاو هەمان ئەو پێچانەن کە لەنێو تۆپۆگرافیای سەر جەستەی ژندا خۆی تەخشان دەکاتەوە، بەڵام لەناکاو بەرکەوتن لەنێوان ئەم هێزە و شارستانیەتەکان دروستدەبێت، بەتایبەت شارستانیەتە نوێیەکان. هۆکاری ئەم بەرکەوتنەش پەیوەندی بە داڕشتە ئەندازەییەکەی شارەوە هەبوو کە هیچ سازشێک لەگەڵ سروشت چ وەک خۆی چ وەک ڕەمزی ئازادی ناکات، بەڵکو دەیەوێت هەموو شێک وەک خودی خۆی بەئەندازەیی بکات. ئێمە ئەم بەئەندازەییەکردنەمان لە مێنتاڵێتی پیاوەوە هێنا، وەک خاوەن شارستانیەتەکانی ئەمڕۆ و هەموو سیستمەکانی ناوی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی هتد… ئەوەی هونەرمەند ڕۆژگار مستەفا لە قۆناغێکی ژیانیدا ناچاربووە هێڵە چەماوەکانی سەر سینگی ڕاستبکاتەوە بەخاتری یاریکردن لەگەڵ کوڕانی گەڕەک، گوزارشتبووە لەوەی ئەمڕۆ ڕودەدات. ئەم هونەرمەندە هاتووە جارێکی تر لە ئێستادا لە چوارچێوەی کارێکی هونەری تەشەرئامێزدا (ironical)، سینگی شەتەکداوەتەوە. دەپرسێت تۆ ئەگەر ئەهلی نەریتیت، وەک عەوام هێڵە چەماوەکانی لەشت بکوژە و خۆت هەڵدە ناو ڕێکخستنە ئەندازەییەکی نەریت. ئەوەی هێڵێکی چەماوە، یاخود لەرەیەک چۆن دەتوانێت ببێتە سەرئێشە بۆ نەریت، پەیوەندی بەم ڕێکخستنە، یان داڕێژگە ئەندازەییەی سیستمەکانەوە هەبوو کە هێندە دەقیقە، بچووکترین جوڵەی ناباو دەبێتە لەکە و تەواوی داڕێژگەکە پەرێشان دەکات. ئیدی ئەوەی ئێستا ڕوودەدات شەڕێکی نەبڕاوەیە لەنێوان (نەریت) و (نوێگەری)، بەڵام وەک بیرمەند تێرنس مکێننا دەڵێت، ‘هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، نوێگەری لەم شەڕەدا هەمیشە لایەنی براوە دەبێت.’

Leave a comment