[ TITمنداڵ کێیە؟LE ]

نووسینی: ئەفسانە مستەفا

هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەرت، جا هەرچۆن بن و هەرچۆن بیربکەنەوە، بەچەند قۆناغێکی گەشەی ئەقڵی و جەستەییدا تێپەڕیون یان تێدەپەڕن. یەکێک لەو قۆناغانە، قۆناغی منداڵییە. کە لە لەدایکبوونەوە دەست پێ دەکات تا تەمەنی ١١ـ١٢ ساڵی بەردەوام دەبێت.
ڕەنگە هەڵە نەبین، گەر بڵێین؛ سەدان کەس لە پسپۆڕییە جیاوازەکان، بە گرنگییەوە لە منداڵیان کۆڵیوەتەوە، هەر بۆیە دەیان تیۆری و پێناسە و بۆچوونی جیاجیایان لەبارەی ئەم تەمەنەی مرۆڤەوە هەبووە و هەیە. هەروەک سکینەر لە تیۆری فێربوون پێی وایە: منداڵ شت_ئامانج (ئۆبێکت) و گەورەش بکەرە (سوبێکت). پیاژێ-ش دەڵێت: منداڵ و گەورە (ژینگە)، هەردووکیان سوبێکتن و کار لە یەکتر دەکەن وەک دوو بوونەوەری چالاک. هەڵبەت پیاژێ وەک دەروونناسێک لە ڕۆژئاوا بایەخێکی زۆری پێدراوە، تیۆرییەکانی گەورەترین کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی پەروەردەوە هەبووە. بۆیە ناکرێت باس لە پەروەردە بکەین بەبێ باسکردنی تیۆرییەکانی ئەم دەروونناسە.

لەم پێناسانەوە دەردەکەوێت، منداڵان سەربە جیهانێکی جیاوازن و خاوەن بیرکردنەوەی تایبەتن و سەرەکیترین مافیشیان ئەوەیە پەیڕەوی ئازادییەکانی خۆیان بکەن. هەروەها توانای گفتوگۆیان هەیە و ئەو بوونەوەرە گوێڕایەڵە نیین کە تەنها کاریان جێبەجێکردن بێت، بەڵکوو توانای ڕەتکردنەوەیان هەیە. هەروەها لێرەوە ئەو بیرۆکەیە شکست دێنێت کە پێی وایە منداڵ پلێتێکی سادە، یاخوود پەڕەیەکی سپییە و گەورەکان چۆنیان بوێت و چییان بوێت لەسەر ئەو پەڕەیە دەینووسن، ئەم بیرۆکەیە منداڵ دەکاتە بوونەوەرێکی ناچالاک.

منداڵ کار لەسەر هەموو ئەو کەرەستانە دەکات کە دێنە بەردەستی، هەوڵ دەدات لێیان تێبگات و بەشێوازی خۆی شرۆڤەیان بکات. ئەو بابەتەی بۆ پیاژێ جێی بایەخ پێدان بووە “ئیگۆسەنتەریزم_ خوودبینی” بووە لە قۆناغی منداڵیدا. بەپێی ئەم ڕەهەندە منداڵ تەنها بیر لە بۆچوونەکانی خۆی دەکاتەوە و ناتوانێت لە دیدگای ئەوانی دیکەوە بڕوانێتە بابەتەکان، خۆی دەبێتە چەقی بیرکردنەوەکانی خۆی. ئەمەش جیاوازە لە بابەتی “نارسیستی_خوودئەڤینی” ئەمەیان جۆرێک لە خۆبەزلزانییە کە کەسی خوودئەڤین بیر لە بەرژەوەندی کەسی دیکە جگە لە خۆی، ناکاتەوە. لە قۆناغەکانی دواتر و گەشەی دەروونی و عەقڵی منداڵدا لە “خوودسەنتەرییەوە” تێپەڕدەبێت و دەچێتە قۆناغێکی دیکە و لە ڕەهەندی “دێسەنتراڵەوە” تێگەشتنی دەبێت. واتە دوای ئەو قۆناغە، منداڵ ئیدی ئەو توانایەی دەبێت لە دیدگای ئەوانی دیکەوە بابەتەکان هەڵبسەنگێنێت. کەواتە پەروەردە دەبێت لەڕووی مەعریفییەوە هاوکاری منداڵ بێت بۆئەوەی بە گەشەی سرووشتی خۆیدا تێپەڕێت، نەوەک ڕۆبۆت ئاسا مامەڵە لەتەک منداڵدا بکات.

پرسیارکردن لە شتەکان، گرنگترین تایبەتمەندیی منداڵە. پرسیارکردن ئەوە دەردەخات کە منداڵ ئازادترە لە هەر مرۆڤێکی دیکە و خاوەنی بیرکردنەوەیەکی فراوانە. کاتێک یارییەک دەخەینە بەردەستی منداڵێک، بۆ ئێمە تەنها یارییەکی سادەیە، بەڵام بۆ منداڵ نهێنییەکی گەورەیە و دەیەوێت پەیجۆری ئەو نهێنییە بکات. کەواتە منداڵ نەزانێکی گەورە نییە، بەڵکوو زانایەکی بچکۆلەیە.
پێناسەیەکی تر و کۆتایی بابەتەکە… جان واڵتەر کە فەیلەسوفێکی بەناوبانگی فەرەنسییە، بایەخێکی زۆری داوە بە پەروەردەی مرۆڤ و منداڵ و دەڵێت: بۆ ئازادی مرۆڤ هیچ شتێک ناگاتە ڕادەی پەروەردەی دروست، چونکە ئەو هۆشیارییە دەدات بە منداڵ کە کۆیلەی خورافاتی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نەبێت.

 

بۆ ئاشنابوون بە بیرۆکەکانی پیاژێ، پێشنیازی ئەم کتێبە دەکەین..

 

Leave a comment