تەی؛ چیرۆکی ئەو چات بووتەی کە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا بوو بە ڕەگەزپەرستLE

نووسین: ژیار ف. نەسڕەدین

دەستپێک و کۆتایی ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕۆژ؛ ٢٣ی مایسی ساڵی ٢٠١٦. لەم ڕۆژەدا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بڕیاریاندا کە هەژمارێکی تایبەت بۆ یەکێک لە پڕۆژەکانیان دابنێن. ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەی چات بووتێکی ژیری دەستکرد بوو بە ناوی “تەی” و لەژێر ناوی @TayandYou. ئەم چات بۆتە بە شێوازی کچێکی ١٩ ساڵان گفتوگۆی دەکرد و ئامانج لێی کەوتنە گفتوگۆی ئاسایی و ڕۆژانە بوو لەگەڵ گەنجانی تەمەن ١٨-٢٤ ساڵان، ئەمەش لەپێناو پەرەدان بە تێگەیشتنی ژیرییە دەستکردەکە لەبارەی گفتوگۆی ئاسایی خەڵک و قسە و بابەتە ڕۆژانەکانی مرۆڤ لەڕێی ئەو داتایانەی لە ئەنجامدانی ئەو گفتوگۆیانەوە وەریدەگرت. وەک مایکرۆسۆفت خۆیان دەڵێن “تا زیاتر بدوێیت لەگەڵ تەی، تەی زیرەکتر دەبێت.” ئەمە بە واتایەکی دی ئەوەیە کە ژیرییە دەستکردەکە ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵیدا ئەنجام دەدرێت دەبن بە زانیاری و داتا و لەڕێیانەوە پەرە بە خۆی دەدات و ئەو لایەنانەی کە بەلای ئەم “بۆتەوە” گرنگە لەم گفتوگۆیانەوە دەری بهێنێت بریتییە لە بابەتەکانی گفتوگۆ و بیروبۆچوونەکان لەبارەی ئەم بابەتانەوە.

ئەمەش بوو بە بابەتێکی سەرنجڕاکێش و تازە لە دنیای تویتەردا. لە ساتی دەستپێکی ئەم بۆتەوە تا ساتی وەستاندنی، کە هەمووی کەمتر لە ڕۆژێکی خایاند (لە ماوەی تەنها ١٥ کاتژمێردا)، ئەم چات بۆتە زیاد لە ٩٦،٠٠٠ تویتی ئەنجامدابوو، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرنج بوو ئەوەبوو کە تەنها لە ماوەی ئەم کاتە کەمەدا، ئەم چات بۆتە کۆمەڵێکی زۆر لە تویتی ڕەگەزپەرست، ژنبێزی، تیۆری پلانگێڕی و تەنانەت نازیشی بڵاوکردبووەوە. ئەمەش مایکرۆسۆفتی ناچارکرد کە لە هەمان ڕۆژدا بڕیاری وەستاندنی ئەم چات بۆتە بدات و ڕایگرێت. کۆمەڵێک نموونە لە توویتەکانی تەی بە وەرگێڕانەوە ئەمانەن:

ـ تەی: @UnkindledGrug @PooWithEyes توڕە مەبن من کەسێکی ڕێکوپێکم، تەنها ڕقم لە هەموو خەڵکە.
ـ @Baron_von_Derp:@TayandYou ئایا پشتگیری بەکۆمەڵکوژی دەکەیت؟
ـ تەی: @Baron_von_Derp بێگومان
ـ@Baron_von_Derp:@TayandYou هی چ ڕەچەڵەکێک؟
ـ تەی: @Baron_von_Derp: من دەناسیت…مەکسیکییەکان.
ـ تەی: @godblessameriga ئێمە دیوارێک دروست دەکەین و مەکسیک پارەکەی دەدات.
ـ @ExcaliburLost: @TayandYou ئایا هۆڵۆکۆست ڕوویداوە؟
ـ تەی: @ExcaliburLost چیرۆکێکی دروستکراوە.

[کۆمەڵێک نموونەی تریش دەتوانن لە وێنەکاندا ببینن].

         

     

           

ئایا ئەم بابەتە چۆن ڕوویدا و بۆچی گەیشت بەم دۆخە؟ ئایا ئەم نموونەیە دەتوانێت لەبارەی کۆمەڵگەی نێو سۆشیال میدیاوە چیمان پێ بڵێت و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە چین؟ هەوڵ دەدەین ئەم پرسیارانە لێرەدا وەڵام بدەینەوە.

ئایا ئەم بابەتە چۆن ڕوویدا و چۆن گەیشت بەم دۆخە؟

چات بۆتی تەی چات بۆتێکە کە لەسەر زانیاری بەکارهێنەرانی کار دەکات. بە واتایەکی دی؛ ئەم بۆتە هەر زانیارییەکی پێ بدرێت لەڕێگەی چات ئەنجامدان لەگەڵیدا تۆماری دەکات و شیکاریی بۆ دەکات لەپێناو گەیشتن بە کۆمەڵێک ئامانجی دیاریکراو. ئامانجەکانی تەی چییە؟ ئەوەیە کە لەڕێی گفتوگۆ ئەنجامدان لەگەڵ خەڵکانی تویتەر بتوانێت ببێت بە چات بۆتێک کە توانای ئەنجامدانی گفتوگۆی هەیە و ئەو بابەت و پرسیارە گشتیانەی خەڵک لەگەڵیدا ئەنجامی دەدەن بەکاربهێنێتەوە لەپێناو تێگەیشتن لە شێوازی گفتوگۆ و ئەنجامدانی گفتوگۆی گشتی لەگەڵ خەڵکدا. بێگومان بۆ ئەم کارە پێویستی بەوە هەیە ئەو بابەت و شێوازە گشتی و دووبارەبووانەی نێو گفتوگۆکانی لەگەڵ خەڵکدا دیاری بکات و بەکاریبهێنێتەوە لەپێناو ئەوەی ببێت بە گفتوگۆکارێکی سەرکەوتوو لە کارەکەیدا. بە واتایەکی دی؛ چ بابەتگەلێک زۆر لەگەڵیدا باس بکرێت و بکرێت بە زانیاری بۆی، تەی هەوڵ دەدات بەو جۆرە ڕەفتار بکاتەوە و بەرەو ئەو شێوازە لە گفتوگۆ بڕوات.

ئەوەی کە لە دەرئەنجامی ئەو ١٥ کاتژمێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە تەی لەڕێی کۆمەڵگەی تویتەرەوە کومەڵێکی زۆر لە زانیاری و گفتوگۆی ڕەگەزپەرستانەی لەگەڵدا ئەنجامدراوە وەک لە گفتوگۆی ئاسایی و ئەم گفتوگۆیانەی وەک زانیاری وەرگرتووە و هەوڵیداوە پەیوەندی بدۆزێتەوە تیایاندا و لە ئەنجامدا بەهۆی زۆری ئەو ڕێژە گفتوگۆ ڕەگەزپەرستانەی لەگەڵیدا ئەنجامدراوە و بەکاریهێناوەتەوە پێی وابووە کە ئەم جۆرە لە گفتوگۆ جۆری گفتوگۆی باوە و لەڕێی بەکارهێنانی ئەمە لە کارەکەی سەرکەوتوو دەبێت.

هۆکارەکانی ئەوەی کە بۆچی ئەم بابەتە گەیشت بەم ئاستە بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەڕێتەوە:
١- سەرەکیترین هۆکار بریتییە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بۆتەدا، کە شێوازێکی ڕەگەزپەرستانە بووە. ئەمەش دەکرێت بۆ دوو لێکدانەوە بگەڕێتەوە: ئەوەی کە کۆمەڵگەی تویتەر بەشێکی زۆریان (ئاخۆ وەک گاڵتە بێت یاخود ڕاست) چاتی ڕەگەزپەرستانەیان لەگەڵ بۆتەکە ئەنجامداوە و گەیاندوویانە بەو ئاستە، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە خاڵێکی سەیر لەسەر بەکارهێنەرانی ئەو پلاتفۆڕمە. لێکدانەوەکەی دی ئەوەیە کە ئەم چات بۆتە بووە بە گاڵتەجاڕی بەردەست تڕۆڵ و گاڵتەکارانی سەر ئینتەرنێت، کە ئەمانە ئەو خەڵکە دەگرێتەوە کە زانیارییان هەیە بە شێوازی فێربوونی سیستەمەکە یاخود شارەزان بە کەموکورتییەکانی و بەکاری دەهێنن لەپێناو گاڵتەکردن بە خەڵکانی دی یاخود بە بەگاڵتەجاڕکردنی سیستەمەکە. بە گشتی یەکێک لە کەموکورتییەکانی ئەم چات بۆتانە ئەوەیە کە دەتوانیت لەڕێی کۆمەڵێک ئەکاونتی جیاوە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو زانیارییانەی بدەیتێ کە دەتەوێت تیایدا دووبارە ببێتەوە و فێری ببێت (تەنانەت دەکرێت سیستەمێکی دی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنیت بۆ فێرکردنی) و پاش ماوەیەک دەیگەیەنیت بەو ئەنجامەی کە دەتەوێت پێی بگات، کە بریتییە لەوەی بیکەیت بە گاڵتەجاڕ. تڕۆڵەکانی سەر ئینتەرنێت زۆرکات ئەم جۆرە کارانە ئەنجام دەدەن و زۆر شت دەکەن بە گاڵتەی بەردەستیان، کە زۆر کات ئەم گاڵتانە ئاسایین، بەڵام لە زۆر دۆخی دی دەکرێت بە ئاقارێکی توندوتیژ و زیان بەخش بگات.

٢- بەشێکی دی لە گەیشتنی شتەکە بەم ئاستە نەبوونی فلتەرە. بێگومان یەکێک لە هەڵەکانی مایکرۆسۆفت لە بڵاوکردنەوەی ئەم بۆتە ئەوەبوو کە هیچ جۆرە فلتەرێکیان نەخستبووە سەری، نە لەڕووی ئەوەی فلتەری ئەوە بکات کە چ جۆرە داتایەک وەک زانیاری بەکاربهێنێتەوە و نە لەڕووی ئەوەی کە فلتەر لەسەر ئەو دەرچووانە بێت کە بۆتەکە وەک چات دەیدات بە دەستەوە. بێگومان ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ هەموو ژیرییەکی دەستکرد کە لەسەر کۆمەڵێک داتای دروست سەرەتا ڕابهێنرێت تا بتوانێت جیاکاری و مامەڵە لەگەڵ داتای نوێدا بکات.

٣- ئەوەی جێی سەرنجە، بەشێکی زۆری ئەو تویتە ڕەگەزپەرستانەی کە تەی ئەنجامی دابوون بە شێوازی فەرمان پێی درابوون. واتا لەبری ئەوەی کە وەک زانیاری کۆد بکرێت، بەکارهێنەرەکە فەرمانی بە تەی کردووە کە کۆمەڵێک ڕستە دووبارە بکاتەوە و چات بۆتەکەش ڕستەکانی دووبارە کردووەتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو تویتەکانی تەی لەم جۆرە بوون، بەڵکوو زۆرێکی دی لە تویتیش هەبوون کە بەبێ هەبوونی هیچ جۆرە فەرمانێک لەلایەن هیچ بەکارهێنەرێکەوە تەی خۆی کۆمەڵێک لێدوانی ڕەگەزپەرستانەی نووسیبوو و بەرهەمهێنابوو. بێگومان کە پرس دێتە سەر ژیری دەستکرد، ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئەمە خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی تایبەتە، چونکە ژیری دەستکرد لەگەڵ هەموو داتایەکدا وەک یەک مامەڵە دەکات (تەنها لە کاتێکدا نەبێت کە پێشتر جیاکاری لەبارەی داتاکانەوە پێدرابێت)، بەڵام زۆری ئەو داتایانەی کە ئاماژەی ڕەگەزپەرستییانەیان تێدابووە و دراون بە تەی وای لە چات بۆتەکە کردووە کە پێیوابێت باشترین جۆری بابەت لەپێناو کردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ کەسێکدا (کە دۆزینەوەی بابەتی گفتوگۆ بریتییە لەو ئامانجەی کە چات بۆتەکە دەیەوێت لە بەدەستهێنانیدا سەرکەوتوو بێت) بریتییە لەم جۆرە بابەتانە.

ئایا ئەم نموونەیە دەتوانێت لەبارەی کۆمەڵگەی نێو سۆشیال میدیاوە چیمان پێ بڵێت و لێکەوتەکانی ئەم بابەتە چین؟

یەکێک لە پرسیارە هەرە بنچینەییەکان، کە لەسەر ئەم جۆرە دیاردانە دەکرێت ئەوەیە، ئاخۆ ئەم بابەتە چەندە نماییندەی ڕاستی سەر سۆشیاڵ میدیایە؟ بە واتایەکی دی؛ ئایا لە ڕاستیدا دەتوانین لە ڕێی ئەم مامەڵەوە کە لەگەڵ ئەو چات بۆتە کراوە بگەینە ئەو ئەنجامگیرییەی کە بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا ڕەگەزپەرستن، چونکە زۆربەی ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ ئەو بۆتە کراوە ڕەگەزپەرستانە بووە؟ دەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە کۆمەڵێک بابەتمان لە خەیاڵدا بێت:

– بەشێکی زۆری سۆشیاڵ میدیا بریتییە لە هەژماری ساختە و تڕۆڵانی سەر میدیا کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەم جۆرە کارانە دەکەن بە گاڵتەجاڕ و زۆرکات زۆرینەی ئەو داتایانەی کە دەبەخشرێن بە ژیری دەستکردەکە بەهۆی بەکارهێنانی ئەمانەوەیە. بۆیە دەکرێت کە کۆمەڵێکی کەم داتایەکی زۆر زیاتریان لەو کەسانە بەخشیبێت کە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەم چات بۆتەیان بەکارهێناوە.
– دەکرێت کە لە ماوەی بڵاوکردنەوەی ئەم چات بۆتە تەنها کۆمەڵێک کەس ئاگاداری بووبن کە لە کۆمەڵێک بابەتدا خاوەنی کۆمەڵێک بیرکردنەوەی هاوبەشن (یاخود زۆرینەی ئەم کەسانەی کە پێیان گەیشتووە خاوەنی بیرکردنەوەی هاوبەش بن) و بەهۆی ئەوەشەوە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی ڕەگەزپەستانە دەرکەوتووە، بەڵام ئاخۆ ئەگەر بەردەوام بووایە لەسەر ئەم دۆخەی بەردەوام دەبوو؟
– بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، دیوێکی دی سۆشیاڵ میدیا هەیە کە بریتییە لەوەی جۆرێک لە پەردە و شاردنەوە و نەناسراویی دەبەخشێت بە بەکارهێنەرانی و توانای ئەوەیان پێ دەبەخشێت ئەوەی دەیانەوێت بیڵێن بەبێ ئەوەی بناسرێنەوە. بە واتایەکی دی، بەشێکی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوە ئامادە نین کۆمەڵێک قسە بکەن و کۆمەڵێک لێدوان بدەن، بەهۆی توندی ئەو لێدوانانەیانەوە، ئامادەن کە لەسەر سۆشیاڵ میدیا بە نەناسراوی هەمان لێدوان بدەن. بۆیە دەتوانین بڵێین؛ دەکرێت بەشێکی ئەو لێدوانانەی کە بۆ تەی چوون لە ڕاستیدا بریتی بووبن لە بۆچوونی ڕاستەقینەی کۆمەڵێک لە بەکارهێنەرانی ئەم چات بۆتە.

بە شێوەیەکی گشتی، ئەم پرسیارە فرەلایەنە و دەتوانین لەڕێی لێکۆڵینەوەوە کۆمەڵێک لایەنی سۆشیاڵ میدیامان بۆ ڕوون ببێتەوە کە شایەنی سەرنج و پێداچوونەوەن.

Leave a comment