تەسلیمە نەسرین

تەسلیمە نەسرین (شیعر و ژیاننامە)

منداڵی
لەو کاتەوەی کە لەدایک بووە
لە سوچێکی ماڵەکەیدا فەرامۆش کراوە
وردەوردە بە ژیان ڕادێت

 

کچە خەمبارەکە
کچە خەمبارەکە، خەمەکانت لەبیر بکە.
تۆ تەنها شازدە ساڵی عومرتە
ژیان هەمووی لەبەردەمتا پاڵکەوتووە.
بۆچی ئێستا باوەشت بە خەمەکانتا کردووە
وە دواتر تۆ چی دەکەی
دوایی چی لە فرمێسکەکانت دەکەی؟
کچە خەمبارەکە، خەمەکانت فەرامۆش کە.
لەبەردەم پەنجەرە کراوەکاندا
سەما بکە چۆن پێت خۆشە لەبەردەم با و
ڕووناکیدا.
کچە خەمبارەکە، بژی!

 

 

تەسلیمە نەسرین لە٢٥ی ئابی ١٩٦٢ لە خێزانێکی موسڵمانی بەنگالی لەدایک بووە. نووسەرێکی بەنگلادیشی- سویدییە. پزیشک و فێمینیست و چالاکوانێکی مرۆڤدۆستی عەلمانییە. بە نووسینەکانی لەسەر زوڵم و ستەمی ژنان و ڕەخنەگرتن لە ئایین ناسراوە. هەندێک لە کتێبەکانی لە بەنگلادیش قەدەغە کراون. تەسلیمە، لە بەنگلادیش و هەرێمی بەنگال لە ڕۆژئاوای هیندستان دوورخراوەتە و ئاماژەی پێکراوە لە بلاک لیست. لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٠ بە وتار و ڕۆمان و تێڕوانینە فێمینستییەکانی، هەروەها ڕەخنەکانی سەبارەت بەو دژایەتییەی ئایینەکان بەرانبەر ئافرەت دەیکەن، سەرنجی جیهانی ڕاکێشا. لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە ڕوودەکاتە تاراوگە، دوای زیاتر لە دە ساڵ لە ئەوروپا و ئەمریکا، لە ساڵی٢٠٠٤ چوو بۆ هیندستان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧ لەو وڵاتە دوورخرایەوە.

دوای خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٧٦ و خوێندنی ناوەندیی باڵا لە کۆلێژی (HSC) لە ساڵی ١٩٧٨، لە کۆلێژی پزیشکی میمینسینگ سەر بە زانکۆی داکا لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی (MBBS)ی بە دەست هێناوە. لە کۆلێج گۆڤارێکی شیعریی بە ناوی “شێنجۆتی” نووسیوە و بژاری کردووە. دوای دەرچوونی، لە کلینیکی پلاندانانی خێزانی لە میمنسینگ کاری کردووە، پاشان لە بەشی ئافرەتانی نەخۆشخانەی میتفۆرد و لە بەشی بێهۆشی نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکی داکا ڕاهێنانی کردووە. لە کاتی خوێندن و کارکردنیدا ئەو کچانەی دەبینی کە دەستدرێژی سێکسییان کرابووە سەر، هەروەها گوێی لە گریانی ئەو ئافرەتانە دەبوو کە منداڵی کچیان دەبوو. ئەمانەش کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەوەی، ئەگەرچی تەسلیمە لە خێزانێکی موسڵمان بوو، بەڵام ئەو کاتەی دەستی کرد بە نووسین، ڕێبازێکی فێمینیستیی گرتەبەر و بۆ هەمیشە بوو بە بێ باوەڕ.
نەسرین لە سەرەتای کاری ئەدەبییدا بە شێوەیەکی سەرەکی شیعری نووسیوە و نیو دەرزەنێک کۆکراوەی شیعری لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ و ١٩٩٣ بڵاوکردووەتەوە، کە زۆرجار بە ستەمی مێینەوە وەک ثیمێک و زۆرجاریش زمانی زۆر گرافیکیی تێدایە. لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ـکاندا سێ کۆکراوەی وتار و چوار ڕۆمانی بڵاوکردەوە. دواتر ڕۆمانە دۆکیومێنتییەکەی “لاجا”ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا خێزانێکی هیندی لەلایەن موسڵمانە دەمارگیرەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و بڕیار دەدەن وڵات بەجێ بهێڵن.
بە هۆی ئەو وردبینییە ڕەخنەییەی لە ئیسلام و داواکەی بۆ یەکسانی ژنان، تووشی کۆمەڵێک هێرشی جەستەیی و دەروونیی بووەوە. زۆرێک لە نەیارانی ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای لەسێدارەدانیان دەکرد. لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ـدا گروپێکی ڕادیکاڵی بنەڕەتی بەناوی “ئەنجوومەنی سەربازیی ئیسلامی” ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ کوشتنی تەسلیمە.
لە مانگی ئایاری ١٩٩٤ لە لایەن چاپی کۆلکاتەی دەوڵەتییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، بە گوتەی خۆی داوای پێداچوونەوەی قورئانی دەکرد، ئەو دەڵێت؛ تەنیا داوای هەڵوەشاندنەوەی شەریعەتی ئایینی ئیسلامی کردووە. لە مانگی ئابی ١٩٩٤ بە تۆمەتی “دروستکردنی لێدوانی هەڵئاوسان” ناوی دەهێنرا. لەگەڵ ئەوەشدا تەسلیمە ڕووبەڕووی ڕەخنەی فەندەمێنتالیستە ئیسلامییەکان بووەوە. چەند سەد هەزار خۆپیشاندەرێک بە “نێردراوێک لەلایەن هێزە ئیمپریالییەکانەوە بۆ شەرمەزارکردنی ئیسلام” بانگیان دەکرد. چەند ئەندامێکی تاقمێکی چەکدار هەڕەشەیان دەکرد کە هەزاران ماری ژەهراوی لە پایتەخت دابنێن ئەگەر لە سێدارە نەدرێت. دوای ئەوەی دوو مانگی لە خۆشاردنەوەدا بەسەر برد، لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٤ـدا بەرەو سوید هەڵهات و بەو هۆیەوە ڕاهێنانی پزیشکیی خۆی کەم کردەوە و بوو بە نووسەر و چالاکوان.
ئەمانە و چەندین ڕووداوی تر…
تا ئێستا ٣٠ کتێب زیادتری نووسیوە، کە پێک دێن لە شیعر و وتار و ڕۆمان و کورتە چیرۆک و بیرەوەری و بۆ ٢٠ زمانی جیاواز وەرگێڕدراون. بەگشتی نووسینەکانی لە دوو توخمی سەرەکی دیاری کراوە: تێکۆشان لە دژی کولتووری ئیسلام و فەلسەفەی فێمینیستی.
تەسلیمە هەمیشە داکۆکی لە کۆدێکی مەدەنیی یەکپۆشی هیندی کردووە و دەڵێت: ڕەخنە لە ئیسلام تاکە ڕێگایە بۆ دامەزراندنی عەلمانییەت لە وڵاتانی ئیسلامیدا.

”My Girlhood–کچێتیم”، بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی، لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن حکومەتی بەنگلادیشەوە بە هۆی سەرنج و ڕەخنەکانی لە دژی ئیسلام و محەمەدی پێغەمبەر قەدەغە کرا. بەڵام دووەم خەڵاتی ئاناندا پوراشکارـ ی وەرگرت. ”Wild Wind-بای کێوی” بەشی دووەمی بیرەوەرییەکانی، لە ساڵی٢٠٠٢ لەلایەن حکومەتی بەنگلادیشەوە قەدەغە کرا. بەڵام بەزمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە. “speak up-قسە بکە” بەشی سێیەمی بیرەوەرییەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن دادگای باڵای بەنگلادیش قەدەغە کر ”those dark- ڕۆژە تاریکەکان” بەشی چوارەمی بیرەوەرییەکانی لەلایەن حکومەتی بەنگلادیشەوە قەدەغەکرا. بەم شێوەیە تا ساڵی٢٠٠٤ هەر حەوت بەشی بیرەوەرییەکانی لە لایەن ”People’s Book Community- کۆمەڵگەی کتێبی گەل” بڵاوکرایەوە.

 

 

 

شیعرەکەی تەسلیمە نەسرین، وەرگیراوە لە کتێبی: ژن، دەق، فەتوا، بە وەرگێڕانی عەزیز ڕەئووف، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،سلێمانی،٢٠٠٨،لا٥٧ و ٦١.

Leave a comment