شه‌ش ‌سه‌رنج، له‌باره‌ی چیرۆكه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كانی 25 مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی گه‌لاوێژ

ئارام محه‌مه‌د

زه‌رده‌شت نوره‌دین

د. محه‌مه‌د ڕه‌حیمیان

هه‌ڵبژاردنی چه‌ند چیرۆكێك له‌ناو كۆمه‌ڵێك چیرۆكدا پێویستی به‌ ڕوانگه‌یه‌ك و چوارچێوه‌یه‌كه‌، ڕوانگەی ئێمە بۆ هه‌ڵبژاردنی چیرۆکەکان فۆڕم-تەوەر بووە. بەر لە هەموو شت سەرنجی بینای فۆڕمی چیرۆکەکە دراوە، تا چەندێک فۆڕمەکەی شکڵی گرتووە و بە چ ئەندازەیەک گێڕانەوەکە بووە بە چیرۆک. ئایا چیرۆکنووس تا چ ئاستێک فۆڕمی چیرۆک دەناسێت و لە فۆڕمە گێڕانەوەییە پێش-چیرۆکییەکانی وەکوو حەکایەت، بەسەرهات و پاڵەواننامە، جیای دەکاتەوە و ڕەگەزەکانی چیرۆک دەناسێت. داخۆ بە خودئاگایی نووسینی چیرۆکى وەک فۆڕمێکی مۆدێرنی نووسین وه‌رگرتووه‌ و دەستی بە چیرۆکنووسین کردووە یان پاش خوێندنەوەی چەند چیرۆکێک یان سەفەرێک یان ڕووداوێک، یان بیرەوەرییەک دەستی بە چیرۆک نووسین کردووە؟ هیچ کام لەمانە لە نووسینی چیرۆکدا ناشاردرێنەوە و بە ئاسانی کێماسییەکان له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكه‌كه‌ دەرده‌كه‌ون.

زمان ئەگەر هەموو فۆڕم پێکنەهێنێت، ئەوا بەشی هەرە زۆری فۆڕمی چیرۆک داگیر دەکات. چیرۆکنووس تا چ ئاستێ ئاگایی به‌كارهێنانی زمانی هه‌یه‌؟ چۆن زمان ئه‌ندازه‌ییانه‌ ده‌خاته‌ خزمه‌تی ئێستاتیكای گێڕانه‌وه‌؟ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پڵۆت، گێڕانەوە، کاراکتەر، ڕیتم، فەزا، دیالۆگ، دیمەنسازی، کات، ڕووداو و کۆتاسازی ده‌كات‌؟  ئه‌گه‌ر چیرۆكنووسێك به‌ ئاگاییه‌وه‌، بایه‌خی به‌م ڕه‌گه‌زانه‌ دابێت، بێگومان له‌ فۆڕم و ڕۆنان و شکڵگرتنی چیرۆکەی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌. له‌ به‌رانبه‌ردا، کێماسی لە هەرکام لەوانەدا، به‌گشتی دەڵەمەیی فۆڕمی لێ دەکەوێتەوە.

لە هه‌ڵبژاردنی چیرۆکەکاندا، پتر لە هەرشت لە مانە وردبووینەتەوە و لە ڕێگەی ڕۆنانیانەوە، بڕیاڕ لەسه‌ر هه‌لبژاردنی چیرۆکەکە دراوە.

میوانی هەڵەمووت

چیرۆکێکە هێزی خۆی لە ئەفسانە و وەهم و ئایین وەرگرتووە. مردووشۆرێک و پتەڵاڵێ و ژنەی مردووشۆر، مجێور، ڕۆڵ ده‌گێڕن. شوێن دەگۆڕێت، بەڵام زیاتر گێڕانەوە و وەسفی ژووری مردووشۆرە. وەک مانا، ئاماژەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ هەن، ڕاستەوخۆکان ئەو پەرەگرافانەن کە دەقاودەق چیرۆکە ئایینیه‌کان دەگێڕێتەوە. ناڕاستەوخۆ، ئەو پەرەگرافانەن کە جۆرێک لە جادوو، جۆرێک فەنتازیا به‌ تێكه‌ڵی وینەکان دەگەنە خوێنەر. پرسی شاراوەی باوکەجەستە ژنانیەکەی سه‌عدوون، لە کاتی شۆردنیدا دوای مەرگی، جێی گومان و پرسیارە. پێوەندی ژنی سەعدوون و پتەڵال، پێوەندی ژنی سەعدوون و مجێور، ئەو فەزایە بە وردەکارییەکی زۆرەوە دروست كراوه‌. لە داڕشتندا، لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا، ڕووداوەکە لە هەندێ شوێن نەرم و خاو دەچێتە پێشەوە و لە هەندێ شوێن خێرا… هەوڵدراوە،  زمان و وەسف، فۆڕمێکی ئایینی و ئه‌فسانەیی وەربگرێت. فۆڕم لە زۆر شوێن تێکەڵەیەکە لە وەهم و ئایین. لەم ڕوانگەوە زمان کاری گەورەی پێ کراوە. پوخت هەوڵ دراوە فەزایەکی بۆرخیسیانە بخوڵقێ، ( هەر لەسەرەتای چیرۆکەکەش بە قسەیەکی بۆرخێس دەست پێ دەکات، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ گومان و دڕدۆنگی نووسه‌ر بێت، كه‌ بیه‌وێت به‌ خوێنه‌ر بڵێت بۆرخێست له‌بیر بێت.) زۆرتر لە ڕێگەی زمان و پرسوباسی مردووشۆرێک، به‌ به‌كارهێنانی فلاشباک و پارادۆکس فەزایەک دروست كراوه‌، کە لە هەندێ شوێن هەست دەکەین ئەمە ئەفسانەیەکی کۆنە و نووسەر دایڕشتووەتەوە.

ئاخر جار لەگەڵ باوکم چووم بۆ سەفەر

زمان لەم چیرۆکەدا، پڕی ڕوونبێژییە، ڕووت و لە ڕووە. ئەوەی زۆر گرنگە، چەند پرسوباسێکی سوواوی وەک نەهامەتییەکانی دوای جەنگ، دوای توندوتیژی، لێک هەڵوەشانەوەی خێزان، دەربەدەربوونی ژنان و دواتر بوونیان بە لەشفرۆش، لەشکڕ و مامەڵە و بیرکردنەوەی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، بە چیرۆک کراون. بە مێتافۆڕکردن و تێکەڵکردنی ئەم پرس و باسانە بە ئاگایی و بەشێوەیەکی زۆر هونەریانە و ورد ئیشی تێدا کراوە، هەر بەم هۆیەشەوە ئێستاتیکای گێڕانەوە دەگاتە لووتکە. بۆ نموونە لەو کاتەی وێنای بوودا لەسەر جەستەی (ئەمیرە) دەبینرێت و لەکاتی ئاوێزانبوون، گێڕەرەوە وا وێنای ئه‌و دیمه‌نه‌ دەکات، کە بۆ جاری دووەمه‌ بوودا وردوخاش دەبێت. ئەگەرچی ڕزگارکردنی پەیکەری بوودا، ڕزگارکردنێکی مەعنەوییە لەدەستی توندڕەوەکانی تاڵیبان، بەڵام دیسان لە کاتی لەشفرۆشیدا ئەو پیرۆزییە مەعنەوییە تێک دەشکێت.

کۆی چیرۆکەکە بە تەکنیکێکی سادە نووسراوە، گێڕانەوە و فلاشباک، گێڕانەوەکە پاش و پێشی تێ دەکەوێت، وەک تەکنیک کۆتا ڕستە بەستراوەتەوە بە ناونیشانی چیرۆکەکە. زمان بێپه‌رده‌یه‌، له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان و دیالۆگه‌كان هاڕمۆنیای دروست كردووه‌. تێكشكاندنی شوێن، یان بازبازێنی شوێن هه‌یه‌، له‌ نێوان ئێران و میسڕ و ئه‌فغانستان، به‌م جۆره‌ له‌م سێ وڵاته‌ به‌ سه‌فه‌ری كوڕ و باوكێك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌سترێن، كاره‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری و به‌ هۆشیارییه‌وه‌ كراوه‌. تێكه‌ڵكردنی ئه‌و پرسوباسانه‌، كارێكی ئاسان نییه‌.

بارانی جێنیوەری

چیرۆکەکە دۆخی خێزانێکە، تەکنیکی گێڕانەوەکە ئاستێکی بەرزی هەیە، هەم لە پاشەوپێشی ڕووداوەکان، هەم ڕستەسازی و زمان. ڕووداوەکان زۆر بەباشی تێکەڵکێیش کراون. زمانێکی هونەری و ئیستاتیکی بەکار هاتووە. لە کۆتا ڕستەدا، تێدەگەین کۆی گێڕانەوەکە گەڕانەوەیە بۆ خەیاڵ، بەهۆی شۆکێکی هاوشێوە. لەیدی کە لەدایک دەبێت دایکی بەسەریەوە دەمرێت. منداڵە کلێنسفرۆشەکە، دەیخاتە ناو یادەوەری چەند ڕۆژێک پێش لەدایکبوونی لەیدی…

بەگشتی ئەوەی لەم چیرۆکەدا جێی وردبوونەوەیە، وردەکاری تێکشکاندی زەمەن و شوێنە بە پاڵپشتی فیکشن… چیرۆکەکە باس و بابەتێکی گەورە ناگێڕێتەوە. هەر چەند ڕووداو و کاردانەوەیەک باس دەکرێن، زۆرتر ورده‌كارین، پێوه‌ندی و ناوه‌ڕۆكی چه‌ند ڕۆژێكی ژیانی خێزانێكه‌. گرفت و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی گێڕانه‌وه‌كه‌، هیی خێزانێكی هاوچه‌رخه‌، خێزانێك كه‌ بۆ ئێمه‌ نامۆ نییه‌. ده‌كرێ بڵێن، به‌ به‌راورد به‌ بابه‌ت، زۆرتر فۆکەسی نووسەر لەسەر زمان و وردەکاری گێڕانەوەیە.

نوقتەیەکی ڕەش لەودیو پەنجەرە بچووکەکە

ئەم چیرۆکە ڕیتمێکی خاوی هەیە، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وام جووڵه‌ هه‌یه‌. گێڕانەوەکە بە شێوەیەکی تەکنیکی دەچێتە پێشەوە. دوو چیرۆک دەگێڕدرێنەوە، لە چیرۆکەکان هیچ ڕوونادات، جگە لە جووڵە و وەسفی شوێن. بۆڵدکردن و لارکردن(ئیتالیك) بەکار هاتووە بۆ لێکجیاکردنەوەی چیرۆکەکان.

لە ڕێگەی زمانەوە، بە نەرێ کردن و هەڵگێڕانەوە، چەندان پارادۆکس و مێتافۆر هەست پێ دەکەین. ئه‌مه‌ خاڵێكی گه‌شه‌ كه به‌هۆیه‌وه‌‌ تێكه‌ڵ به‌ كه‌شی چیرۆكه‌كه‌ ده‌بین.

تەلیسمی گێڕانەوەکە زیاتر وەک گرێیەکی نەکراوە، وەک کۆدێک کەسێک دوای کەسێک دەکەوێت. لەو ڕێگەوە هەوڵدراوە خوێنه‌ر چاوه‌ڕوانی ڕوودانی شتێك بێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا هیچ ڕوو نادات، ته‌نیا لە ڕێگەی پێشاندانەوە، هەندێ شت ڕوون ده‌بێتەوە. لە چیرۆکەکەدا کارەکتەر زۆر کەمە و هیچ ناوێکیش بەکار نەهاتووە. خاڵی گەشی ئەم چیرۆکە ئەوەیە، کە چیرۆکەکان باش تێکەڵ کراون و ڕووداوی گەورە ڕوونادات، زۆرتر ئیشکردنە لەسەر دیوی مانایی چیرۆکەکە، وەک ئەوەی هەریەکێک لە ئێمە بەدوای نوقتەیەکی ڕەشدا دەگەڕێین، نوقتەیەک کە بوونی ئێمەیە و لێمان ونە.

ئێوارەی ژنانە

ئەم چیرۆکە هەر لەڕستەی یەکەمەوە، بێ هیچ پێشەکییەک خوێنەر دەخاتە ناو گێڕانەوە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی یەک ڕیتمە،  ژن لە ماڵێک کۆبوونەتەوە. قسە دەکەن، لەم باس باز دەدەن بۆ ئەم باس، کۆی قسەکانیان پرسوباسی کۆمەڵایەتین. ئاماژەکان دەرخەری ئەوەن کە ژنان دەگەن بەیەکتر، بە کۆد و زمانێکی تایبەت قسە دەکەن، هەر خۆیان لەم کەین و بەینە تێدەگەن، هەر خۆیان دەزانن دڵ چ دەخوازێ، خەسڵەتەکانی مێردی باش، یادەوەریی ژنانە، جگەرەکێشانی ژنانە، جگەرەی بەباکردنی خەم و خەفەت نییە، جگەرەی هەست بەخۆکردنە، پیاو لەمەشدا ناهاوسەنگە. کاتێ فاتمە خانم لەترسی مێردەکەی دەسکێ نەعنا لە دەمی دەئاخنێ، تا بۆنی جگەرەی لێ نەیەت. دیمەنێکی تەواو سەرنجبەر و سینەماییە.

بەگشتی لەم چیرۆکە هەوڵ دراوە، دنیایەکی ژنانە وێنا بکات، دنیایەک کە تایبەتە بە پرس و باسی ژنان، دەنگی ژنان…

چاوەڕێم کەسێک تەلەفۆنم بۆ بکات

چیرۆکنووس لە ڕێگەی کارەکتەرێکەوە، چیرۆکی خێزانێک دەگێڕێتەوە، لەپاڵ گێڕانەوەکەدا بە حیکایەتی ئەوانی دیکە ئاشنا دەبین. زمان و گێڕانە و بابەت بە شێوەیەکی هونەری و بەرز تێکەڵکراون. نووسەر باس لە دۆخێک دەکات کە سەردەمی کەرەنتینە، جۆرێک لە تەنیایی هەیە، کە لەو قۆناغەدا مرۆڤ چاوەڕێیە زۆر شت ڕووبدات، بەڵام هیچ ڕوونادات، دواجار چاوەڕێیە کەسێک تەلەفۆنی بۆ بکات. کارەکتەری سەرەکی لە کارەکاندا جۆرێک لە دواڵیزمی بە کردەوەکانەوە دیارە، ڕاوی باڵندە دەکات، کەچی هونەرمەندانە بیر دەکاتەوە و وێنە دەکێشێت. لەنیوان دوو کەسیەتیدا مرۆڤێک هەیە، کە وا وێنا کراوە، هەردوو خەسڵەتەکە ڕەسەن و تایبەت بن. لەپاڵ ئەوەدا ئاماژەی ڕوون هەن لەبارەی جۆرێک لە نەخۆشی دەروونی، نەخۆشییەک کە پەنجەی چەماوەتەوە و بۆی ڕاست ناکرێتەوە. پێوەندی کارەکتەری سەرەکی بە خوشک و برا و دایکی، پێوەندییەکە کە تەنیا بۆ تێپەڕاندی دۆخی تەنیاییە. چەند پرسوباسێکی زۆر هاوچەرخ باس دەکات.

دەکرێ بڵێین زۆر ورد ئیش لەناو دیوێکی ژیان کراوە کە مرۆڤ تێدا هەست بە بێزارییەکی سەیر دەکات و نازانێت بۆ، پێوەندییەکان دەبنە سووکنایی و دژە ئازار بۆ تێپەڕاندنی دۆخێک. لەناو گێڕانەوەکەدا هەم گێڕانەوەی واقیعی هەیە، هەم فەنتازی، نووسەر کارێکی وردی لەگەڵ تێکەڵکردنی واقیع و خەیاڵ کردووە. وەک تەکنیک، گیڕانەوەکە بە شێوەیەکی زۆر هاوچەرخانە داڕێژراوە. چیرۆک لەناو چیرۆک، وێنەی ئێستاتیکی، لە هەندێکی شوێن هەست بە ڕیاڵیزمی جادووی دەکەین. پرس و باسی پەراوێز، دۆخی ئۆنتۆلۆژی تاک بە چڕی بەسەر کۆی چیرۆکەکەدا پەرت بووە. زمان لەم چیرۆکەدا زۆر ئێستاتیکیانەیە، ڕیتمێکی یەکجار بەرزی هونەری هەیە. هیچ وشەیەک بە خەسار نەچووە.

Leave a comment