[ پەروەردەی سەر و خوار و ناوەڕاست ]

نووسینی: شاهید محەمەد

لەوانەیە گرنگترین سیمای جیهانی نوێ ئەمەبێت: “دروستکردن و دروستکردنەوەی بەردەوام”

بەهۆی ئەوەی مرۆڤ مەیلی بەلای ئەوەدایە کە ئەوانیتر دانیپێدابنێن، بەردەوام لە هەوڵی ڕوونکردنەوەدایە، بەڵام بۆ ئەوەی پێویست نەکات ئەویتر قایل بکەیت؛ تاکە ڕێگە ئەوەیە کە خۆت “ئەویتر دروست بکەیت، چونکە بەوجۆرە دروستی دەکەیت کە خۆت دەتەوێت. ئاواش وادەکەیت کە بۆ تۆ و ڕێگە و بەرژەوەندییەکانت یارمەتیدەر بێت.
بۆنموونە: دروستکردنی تاکی لیبڕاڵ، چەپ، ئیسلامی، خێڵەکی، سەربازی… هتد

وەک چۆن لە پلاستیک و دار و بەرد و ئاسن دەڕوانرێت وەک مادەیەک بۆ دروستکردنی شتێک، بە هەمان شیوە مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنەدا وەک هەر مادەیەکیتر مادەیە و دروستکەرەکان لێی دەڕوانن تا بزانن ئەم مرۆڤە، ئەم گروپە، ئەم گەل و هۆزە… هتد بەکەڵکی چ شتێک دێن؟ چونکە تۆ ناتوانیت لە هەموو مادەیەک ئەوە دروست بکەیت کە دەتەوێت، گەر لە وەرەقە کورسییەک دروست بکەیت ئەوە کورسییە بە شێوە، بەڵام بە ڕاستەقینەیی کورسی نییە، چونکە کاری کورسی بریتییە لە دانیشتن لەسەری. واتە؛ ڕەنگە بتوانیت شێوەیەک بدەیتە شتێک، بەڵام ناتوانیت گەوهەرەکەی(جەوهەر) دەستکاری بکەیت.

ئێمە چۆن دەتوانین مرۆڤ دروست بکەین؟
هەرچییەک لە جیهانەدا هەیە؛ پەیامی پێیە بۆ تۆ، هەروەها ئاراستەت دەکات. کانی، چیا، شەڕ، خوێندنەوە، فیلم، ئایدۆلۆژیاکان، زمانەکان(کاتێک فارسێک لەناو دادگادا کوردێک ناچار دەکات بە فارسی قسەبکات، لە خوێندنگە بە فارسی بخوێنێت، ئەوە تەنها بریتینییە لە خوێندنی زانستەکان بە زمانێک، بەڵکوو پەیامی زۆریشی هەیە؛ تۆ بۆ ئەوەی زانست فێربیت پێویستە لەناو زمانەکەی مندا بۆی بگەڕێیت، ئەگەر دەتەوێت کارت دەستبکەوێت و بخوێنیت و بێیتە ناو جیهانەوە؛ ئەوە دەبێت لەڕێی زمانەکەی منەوە بێیت، پێتدەڵێ من زاڵ و تۆ بەزیویت. ئەمانە هەموویان و یەک دنیا پەیامی تر کە هەموویان تۆ پەروەردە دەکەن؛ لە کردەیەکی ساکاری وەک “قسەکردن بە زمانی فەرمی”ـدا هەن، ئەی چەند شت لەناو وەشاندنی شەقی پۆلیسێکدا هەیە؟).

کاتێک باسی دەوڵەت دەکرێت یەکسەر دەڵێن: “دەبینە دەوڵەت” بەڵام لە سەردەمی مۆدێرنە کەس نەبووەتە دەوڵەت، بەڵکوو دەوڵەتیان دروستکردووە. پڕۆسەی “بوون” و پرۆسەی “دروستکردن” جیاوازییان ئەوەیە کە لە بووندا تۆ ئاستی ئاگایی و هۆشیارییت دەگاتە ئاستی دەوڵەت، هەروەها “گیانی نەتەوە” دەگاتە ئەو ئاستەی کە دەوڵەت بێتە ئاراوە بە بێ ئەوەی کەس پلانی بۆدانێت، بەڵکوو هەرکەسە لەلای خۆیە بە بێ ئەوەی لەگەڵ ئەویتر ڕێککەوتبێت؛ لەسەر ئەوە کۆکن کە دەوڵەت چییە و هەریەکەیان ڕاستەوخۆ وەک ئۆکێسترایەک ئەرکی جیاوازی خۆیان و ئەرکی بوونیان وەردەگرن. ئەمە پەروەردە و پەیامە لە ناوەڕاستدا.
پەیامە لەناوەوەی مرۆڤ خۆی دێتە دەرەوە و پەخش دەبێت و بەر ئەوانیتر دەکەوێت. زۆرەملێ و ناچاری و هێزی تێدا بەکارنایەت، بەڵکوو لەناو ئازادیدا وەدیدێت.

“ئاریستۆ” دەبێژێت: لە هەموو دروستکردنێکدا چوار شت پێویستە:
1. دروستکەر.
2. ماددەیەک کە شتەکەی لێ دروست دەکەیت.
3. وێنەیەک کە لە ئەندێشەی دروستکەرەکەدایە و دەیەوێت لە مادەکە ئەو شێوەیەی لێ دروست بکات.
4. ئامانجێک کە دروستکەرەکە هەیەتی لە دروستکردنەکەدا.
ئەمە پەروەردەیەکە لە سەرەوەیەوە. وە بەرەو خوار خلۆر دەبێتەوە.
کەلتوور و پاشخانێک هەیە کە خەیاڵێکی هەیە بۆ “مرۆڤ” تا بیکاتە ئەوشتەی خۆی دەیەوێت. ئیتر لەڕێگەی پەروەردەیەکەوە بەردەوام پەیامی دەداتێ و پەروەردەی دەکات تا بەو نەریتە بژی کە پەروەردەکەرەکە دەیەوێت.
ئەمە هەموو پەروەردەکەرێک هەیەتی، بەڵام بۆیە دەڵێم “پەروەردەی سەر” چونکە لەناو دەوڵەتدا ئەمە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەنجام دەدرێت بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی خەڵکی ناو دەوڵەتەکە تا هەموویان خاوەن یەک نەریت و خەیاڵ و دنیابینی بن. ئەگەر نا پەروەردەی خێزان، خێڵ، قوتابخانە، سەربازی… هتد هەمووی هەر پەروەردەیە لە سەرەوە(خاوەن هێز) بۆ ئەوان خوارەوە(بێهێز).
ئەوەی ناوم ناوە “پەروەردەی خوارەوە” ئەو پەروەردەیەیە کە هێزی نییە و دەوڵەت دژی دەوەستێتەوە. (پەروەردەی جومگەکانی کۆمەڵگە، گوند و کۆمەڵگەیە بەگشتی.)
واتە ئەوەی وادەکات کەسێک ببێتە پەروەردەکار هەر بەتەنها بیرۆکەیەک نییە، بەڵکوو پێویستی بەهێزیشە.
باوکێک هەڕەشەی لەماڵدەرکردن و نانپێنەدان و لەژووردا بەندکردن دەکات لە منداڵەکەی ئەگەر بەگوێی نەکات(پەروەردەکەی وەرنەگرێت). کاربەدەستێکی دەوڵەت هەڕەشەی دەرکردن و مووچەبڕین و بەندینخانە لە فەرمانبەرەکان دەکات ئەگەر لە پەیڕەو لابدەن(پەروەردەکە وەرنەگرن). باوک و دایک پۆلیسی خێڵ و نەریتێکی کۆمەڵایەتین کە یاسا و ڕێسایان دیاریکردووە و دەبێت ئەندامانی خێڵ بەو ڕێسایانە بژین و ڕێز لەو یاسایانە بگرن. کاربەدەستەکانیش پۆلیسی خێڵ و نەریتێکی مۆدێرنن کە دەوڵەت و یاسا و ڕێسان. ئیتر جەنگی ئەم دووانە دەست پێ دەکات، چونکە هەردووکیان پەروەردەی هەمان تاک دەکەن.
نەریتێکی کۆمەڵایەتی پەروەردەمان دەکات و دەیەوێت بەوجۆرە بژین کە ئەو دەیەوێت، ئەمە لە خواری خوارەوەی کۆمەڵگەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو سەری سەرەوەی دەوڵەت دەڕوات. ئیتر فێرمان دەکەن چۆن مامەڵە لەگەڵ پیاوی ئایینی، پیر، منداڵ و گەنج، نێر و مێ، پارە، خواردن، زەوی… هتد بکەین. لەولاشەوە دەوڵەت ڕێس(دەستوور)ی داناوە تا تاکەکان وابژین و ئەو ڕێوڕەسمانە جێبەجێبکەن، هەروەها یاسای داناوە تا سنوورەکانمان دیاری بکات. ئەمیش فێرمان دەکات لە دەزگاکان چۆن مامەڵە بکەین، لەگەڵ خەڵکی چۆن مامەڵە بکەین و بژین.

لەلایەکەوە لە ماڵەوە و کۆڵان و کۆمەڵگەدا فێری نەریتی کۆمەڵایەتی دەکرێین و کەلتوورەکە وەردەگرین. لەولاشەوە لە قوتابخانە پەروەردەیەکی ترمان دەدەنێ کە پەروەردەی دەوڵەتە، یاسا و ڕێسای تایبەتی هەیە. لە دیوەخان و شەقام و کۆڵانەکاندا جۆرێک مامەڵە و یاسا و ڕێسا هەیە. لە دەزگاکانی دەوڵەتیشدا جۆرێکی تر هەیە.
ژنێکی نەریتی کە تەنها نەریتە کۆمەڵایەتییەکەی وەرگرتووە نازانێت دادگا و پۆلیس و دادوەر چین. لەولاشەوە پۆلیسێک نازانێت دایکی جەرگسووتاو و کوڕی کوژراوی تاقانە و ژنی پیر و بێهێزی جەستە چییە.
ئەمانە هەریەکەیان نوێنەری کەلتوورێکن و لەجیاتی کەلتوورەکان شەڕ دەکەن، کەلتوورەکان لەناو ئەماندا شێوە دەگرن و پێک هەڵدەشاخێن.

تاکەکانی کورد لەنێوان ئەم دووانەدا لەت دەبن، لەولاوە دەبێت لەلای مەلایەک مارەبکرێن، لەملاشەوە لای دادوەر. (جا دادوەر سوێندیان دەدات کە پێش دادگا لەلای مەلا مارەبڕینیان نەکردبێت!)
تەنانەت سەرۆک جارێک بە چاکەت و پانتۆڵ لە کۆبوونەوەکانە، جارێک بە جلی کوردی لەگەڵ خەڵکە. جارێک بەجیهان دەڵێت: “من سەرۆکم.” جارێک بە خەڵک دەڵێت: “من پێشمەرگەم.” چونکە جیهان مامەڵە لەگەڵ سەرۆک دەکات، بەڵام دنیابینیی کورد سەرۆک ناناسێت، بەڵکوو جەنگاوەری خۆش دەوێت. ئەم لەتبوونەمان لە هەموو ژیانماندا ڕەنگیداوەتەوە.

ئەگەرچی هەزاران ساڵە ئێمە ئەم شەڕەمان هەیە لەگەڵ کەلتوور و نەریتەکانی دەرەوەی کورددا، بەڵام 100 ساڵە لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرن بەقووڵی هەمانە.

ئەو وڵاتانەی زۆر ئارامن، ئەوە لایەنێکیان بەتەواوی خۆیداوە بەدەستەوە. ئەوانەشی وەک ئێمە لەکێشەدان ئەوە هێشتا لایەنێک ماوە کە جەنگ دەکات، خۆینادا بەدەستەوە، دەست لە کەلتوور و نەریت و زمانەکەی بەرنادات.

Leave a comment