چەند سەرنجێک لەبارەی یەکتربڕەکانی فەلسەفەی ژیری دەستکرد و ئاگایی
نووسینی: ژیار ف. نەسڕەدین
یەکێک لەو بابەتانەی کە لەم ماوەیەی پێشوودا جیهانی سۆشیاڵ میدیا و بەشێکی جیهانی زانیاری لەبارەی ژیری دەستکردەوەی داگیرکردبوو بریتی بوو لە پرسی ئەوەی ئاخۆ ژیری دەستکرد دەکرێت هەستیار بێت یاخود نا. هۆکاری هاتنەباسی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی لامدا LaMDA. لامدا، کە کورتکراوەی مۆدێلی زمانییە لەپێناو ئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆ [Language Model for Dialogue Applications]، بریتییە لە یەکێک لەو مۆدێلە زمانییانەی کە لەلایەن تیمی گووگڵەوە دروستکراوە و هاوشێوەی مۆدێلەکانی وەک GPT-3 و BERT ـە. بەڵام ئەوەی کە ئەم مۆدێلە لەو دووانەی دی جیادەکاتەوە بریتییە لەوەی کە لامدا لەسەر جۆرێک لە تۆڕە دەمار Neural Network بوونیادنراوە کە ناوی ترانسفۆرمەرە Transformer. ئەم تۆڕە دەمارە کە گووگڵ لە ساڵی ٢٠٠١ـەوە دایانمەزراندووە مۆدێلێکی زمانەوانی دەهێنێتە کایەوە کە کۆمەڵێک وشە دەخوێنێتەوە لەنێو ڕستەیەکدا و سەرنجی هاوپەیوەندییەتی ئەم وشانە دەدات و هەوڵ دەدات لەڕێی ئەم هاوپەیوەندییانەوە، کە ڕادەهێنرێت لەسەری لەڕێی بەخشینی داتاوە، پێشبینی وشەی گونجاوی داهاتوو بکات لە ڕستەکەدا. لە سەرەتاکانی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دا، یەکێک لە ئەندازیارانی پرۆگرامسازی بە ناوی بلەیک لێمۆین، کە یەکێک بوو لەوانەی کاریان لەسەر لامدا دەکرد، ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ماوەیەکی درێژ دووردەکەوێتەوە لە کارکردن لەسەر ئەم مۆدێلە و پشوو وەردەگرێت، هۆکاری ئەم پشووە لەناکاوەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە بەهۆی چاتەکانی کە ئەنجامیداوە لەگەڵ لامدا بە ڕاددەیەکی بێئەنداز زۆر ئەم مۆدێلە قاییلی کردووە کە خاوەن هەستە و هەستیارە بە دەورووبەری. لە گفتوگۆیەکی درێژ کە لەنێوان لێمۆین و لامدادا کە لەم بەستەرەدا لێمۆین بڵاوی کردووەتەوە کۆمەڵێک دەرکەوتەی هەستەوەریی دەبینرێت لە کاتی گفتوگۆکەدا.
بەڵام ئایا ئەم جۆرە ڕەفتارەی کە لامدا دەری دەبڕێت بەسە بۆ ئەوەی وەک خاوەن هەست لێی بڕوانرێت؟ لە ڕاستیدا پرسی لامدا و پرسی هەستیار بوون کۆمەڵێکی زۆر لە پرسەکانی نێو فەلسەفەی ژیری دەستکرد و هۆشمەندی دەوروژێنێتەوە کە بەبێ زانینی ئەو پرسانە ناتوانین بە شێوەیەکی دروست وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکەمان بدەینەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئەم پرسیارانە بخەینە ڕوو و لێکەوتەکانی لەسەر پرسی هەستیاربوونی لامدا نیشان بدەین.
ئایا هۆشمەندی چییە؟
یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکان کە دێتە بەردەممان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری “ئایا لامدا هۆشمەندە؟ یاخود هەستیارە؟” بریتییە لەوەی کە ئایا هۆشمەندی خۆی لە خۆیدا چییە؟ ئەم پرسە خۆی یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی زانست و فەلسەفە کە تا ئێستا ناتوانین وەڵامێکی وردی بدەینەوە، و بەهۆی ئەوەی کە ئەم وەڵامە هێشتا ونە، پرۆسەی وەڵامدانەوەی خاوەندارییەتی هەست ئاڵۆزتر دەبێت. دوو ئاڕاستەی سەرەکی هەیە لە فەلسەفەی هۆشمەندیدا لەسەر ئەم پرسە، یەکەمیان بریتییە لە دوالیزم؛ کە پێی وایە هۆشمەندی شتێکی سەربەخۆیە لە جەستە و شتێکی دی ئامادەیی هەیە لە مرۆڤدا کە لە دەرەوەی لایەنە فیزیکییەکانە (ئاخۆ ئەمە ڕۆحە یا هێزێکی میتافیکییە یا هەر شتێکە) کە بریتییە لە سەرچاوەی هۆشمەندییەکەی. ئەگەر ئێمە سەر بەم بۆچوونە بین ئەوا پرسی هۆشمەندی لامدا دەبێت بە کارێکی زۆر ئەستەم، چونکە لە ڕاستیدا گەڕاندنەوەی هۆش بۆ میتافیزیک دەیخاتە دەرەوەی تواناکانی ئێمە لە تاقیکردنەوە و دەستنیشانکردنی سەرچاوەی هۆشمەندییەکە. ئەمە نەک تەنها بۆ ژیری دەستکرد ڕاستە، بەڵکو بۆ مرۆڤیش ڕاستە، چونکە بەشێکی زۆری ئەم ئاڕاستەیە بریتییە لە بەکارهێنانی بابەتێک بۆ لێکدانەوەی پرۆسەیەکی ئاڵۆز بەبێ ئەوەی ڕێگای لێکۆڵینەوە و توانای هەڵسەنگاندنی بابەتەکەت بداتێ تا وەک بزانیت ڕاستە یاخود نا. ئاڕاستەی دووەم بریتییە لە فیزیکالیزم؛ کە پێی وایە ئەوەی کە ئێمە ناوی دەنێین هۆشمەندی هیچ نییە جگە لە بەرئەنجامی پرۆسە فیزیکییەکانمان کە لە جەستەدا هەیە. ئەوەی کە لەم ئاڕاستەیەوە دەتوانین هەڵیهێنجێنین لەسەر هۆشمەندبوونی لامدا بریتییە لەوەی کە لامدا هیچ نییە جگە لە بەرئەنجامی ئەو فیزیکەی کە تێیدایەتی، بە واتایەکی دی هیچی دی نییە بۆ لامدا جگە لەو ئالگۆریتم و تۆڕە دەروونی و هاردوەیرانەی کە پێکی هێناوە.
تاقیکردنەوەی ژووری چینی؟
یەکێک لە هەرە تاقیکردنەوە زەینییە بەناوبانگەکانی نێو فەلسەفەی ژیری دەستکرد بریتییە لە تاقیکردنەوەی زەینی ژووری چینی کە دەکرێت کلیل بێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسە. ئەم تاقیکردنەوەیە لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن جۆن سێرلەوە خراوەتە ڕوو و بەم شێوەیەیە: گریمانەی ئەوە بکە لە ژوورێکدا مرۆڤێک دادەنێیت کە هیچ زانیارییەکی لەسەر زمانی چینی نییە، بەڵام ئەم ژوورە کۆمەڵێک فەرهەنگی چینی تێدایە. پارچە وەرەقەیەک کە نووسینی چینی لەسەرە دەخرێتە ژوورەکەوە و ئەم کەسە کە چینی نازانێت ئەرکە لەسەری کە وەری بگێڕێت. تاقیکردنەوەکەی سێرل ئەوە نیشان دەدات کە ڕاستە ئەم کەسە چینی نازانێت، بەڵام دەتوانێت بە بەکارهێنانی فەرهەنگەکانی بەردەستی وەرگێڕان بۆ نووسینە چینییەکەی بەردەمی بکات، بگرە دەتوانێت وەڵامیشی بداتەوە لەڕێی بەکارهێنانی فەرهەنگەکانەوە و بەبێ ئەوەی پیتێک چینی بزانێت. بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ژوورەکەن وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسەی نێو ژوورەکە چینی دەزانێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی نێو ژوورەکە تەنها یاری بە فەرهەنگەکان دەکات و لاسایی پیتەکان دەکاتەوە.
ئەمەش شێوازی کارکردنی ژیری دەستکردە، کە بریتییە لەوەی لەڕێی ئەو داتا زۆرانەی کە پێی بەخشراوە و لەڕێی یاسا ئامارییەکانەوە کۆمەڵێک هاوپەیوەندی بدۆزێتەوە و هەوڵ بدات لاساییان بکاتەوە. ئەم پرۆسەیەش لەڕێی پێداچوونەوە و فیدباک زۆر وردتر دەبێت کاتێک کەسێک ئاڕاستەی ژیرییە دەستکردەکە بکات لەوەی کە ئاخۆ کام لەو هاوپەیوەندییانەی دروستی کردوون و نیشانیان دەداتەوە لە ئەنجامەکاندا شایەنی ئەوەن بهێڵرێنەوە. ئایا ژوورێکی چینی دەکرێت بە هۆشمەندی دابنرێت؟
سندووقی ڕەشی ژیری دەستکرد
ژیری دەستکرد بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنچینەی کۆمەڵێک تۆڕی دەماریی بونیاد نراوە و کاردەکات کە پەرەپێدەرانی پێی دەبەخشن. بەڵام ئەم شێوازە نوێیە شێوە سیمبۆلییەکە نییە کە تەنها کۆمەڵێک ئەرکی هەبێت لەڕێی ئەو ئەلگۆریتمانەی پێی بەخشراوە و لەوانە تێپەڕ نەکات. بەڵکو شێوازی نوێی ژیری دەستکرد بریتییە لەوەی کە بەشێوازێک دروستکراوە کە خۆی هەوڵ بدات پەیوەندیی ئاماریی لەنێوان ئەو داتایانەدا بدۆزێتەوە کە پێی بەخشراوە. بەڵام ئەمە لێرەدا کارەکە ئاڵۆز دەکات، چونکە لە ڕاستیدا ئێمە ناتوانین بزانین ئەم ژیری دەستکردە لەنێوان چی و چیدا هاوپەیوەندی دروست کردووە، بەڵکو تەنها ئەنجامەکان دەدات بەدەستەوە. ئەمە هاوشێوەی ئەوە وەهایە کە تۆ کۆمەڵێک داتا بخەیتە نێو سندووقێکەوە و دای بخەیت و بیکەوە و ئەنجامەکانت بداتێ، بەبێ ئەوەی بزانیت چۆن گەیشتووە بەم ئەنجامانە. بەهۆی ئەوەی کە ئەم بەشەی ژیری دەستکرد لە ئێمە شاراوەیە و توانای دەستگەیشتنمان بۆی نییە، ئێمە ناتوانین بزانین کە ئەم سیستەمە چۆن گەیشتووە بە ئەنجامەکان و لەڕێی ئەوەوە بتوانین بڕیارێکی دروست بدەین لەبارەی هۆشمەندی مۆدێلەکەوە. ڕاستە کە ئێمە دەزانین ئەو ئەنجامەی کە پێی گەیشتووە لەڕێی دۆزینەوەی هاوپەیوەندی ئاماریی بووە لەنێو داتاکاندا، بەڵام نازانین لەنێوان کام داتایانە یاخود چۆن. ئەمە وەک ئەوە وایە کە من کەرەستەکانی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلە شکاوەکەم لەبەردەست بێت و بزانم چی پێویستە، بەڵام نەزانم بە چ شێوازێک بەکاردەهێنرێن بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکە. بە هەمان شێوە، ئێمە دەتوانین بزانین پرۆسەی گەیشتنی لامدا بەم ئەنجامانە لەڕێی چ کەرەستەیەکەوەیە، بەڵام نازانین ئەم کەرەستانە چۆن بەکاردەهێنێت تا وەک بتوانین بە دروستی وەڵاممان لەبارەیەوە دەست بکەوێت. بۆیە ئەو ئەنجامانەی کە ژیری دەستکرد دەیدەن بە دەستەوە زۆرکات ناچارمان دەکات کە لەڕێی لێکدانەوە بۆیانەوە هەوڵ بدەین بزانین کام هاوپەیوەندییانەیە کە ژیری دەستکردەکە لەسەری بڕیار دەدات. ئەمەش تا ئێستا لە قەبڵاندن بەولاوە هیچ زیاتر نامانبات، چونکە تا ئەم ساتە دەستمان ناگاتە نێو سندووقە ڕەشەکە تا وەک بەراوردی بکەین بە قەبڵاندنەکانمان.
لێکدانەوە لەڕێی باشترین لێکدانەوە
ڕاستە کە ئێمە ناتوانین دەستمان بگات بە سندووقی ڕەشی ژیری دەستکرد، بەڵام دەتوانین لێکدانەوە بۆ دیاردەکە بکەین، و ئەم لێکدانەوانەش هەموو ڕێژەیی نین، بەڵکو دووری و نزیکییان لە ڕاستییەوە دەکرێت بپێورێت، ئەمەش لەڕێی ئەنجامەکانەوە. لەبیرتان دێت کە لە نووسینی پێشوودا باسمان لەوە کرد کە چۆن زانست لەڕێی گەڕانەوە بۆ باشترین لێکدانەوەوە بەپێی دراوەکانی بەردەستمان هەوڵ دەدات شیکاری بۆ دیاردەکانی دەورووبەری بکات؟ دەتوانین هەمان پرۆسە بەکار بهێنین لەپێناو لێکدانەوەی مامەڵەی هۆشمەندیی لامدا. لە ڕاستیدا ئێمە ئەوەی کە دەیزانین لەسەر لامدا بریتییە لە کۆمەڵێک شت، یەکەمیان شێوازی کارکردنیەتی، کە بریتییە لە دۆزینەوەی هاوپەیوەندی لەنێوان داتا بەخشراوەکان. بۆیە لەسەروو ئەم سیستەمەوە پێویستمان بەوە نییە کە هیچ لێکدانەوەیەکی زیاتر بهێنینە ئاراوە بۆ شیکردنەوەی ڕەفتاری لامدا، چونکە هیچ زانیارییەکی دی بەردەست نییە لەبارەی هەبوونی هیچ سیستەمێکی دی لە ژیرییە دەستکردەکەدا. دووەم بابەت کە لەبارەوەی دەیزانین بریتییە لە داتا پێبەخشراوەکانی. ئێمە دەزانین کە لامدا چاتبۆتێکە کە داتا بەخشراوەکان پێی بریتییە لە مامەڵە و گفتوگۆی ڕۆژانە و ئاسایی مرۆڤەکان. بەڵام ئەم گفتوگۆیانە کە ڕوودەدەن ئەبستراکت نین، بەڵکو پڕن لە چەندەها زانیاریی و چوارچێوەی جیاواز، وەک مێژوویی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، هەستەوەریی…هتد. بەهۆی ئەوەی کە ئەم داتایە پڕە لە ئەم جۆرە زانیارییانە، ئەوا کارێکی ئەستەم نییە بۆ ژیرییەکی دەستکرد کە بێت و ئەم جۆرە ڕەفتارە دووپات بکاتەوە، تەنانەت بۆ بۆتێکی ئاڵۆزی وەک لامدا کە ئەو توانایەی گووگڵی لەبەردەستدایە ئەم کارە ئاسانترە. بۆیە زۆر ئاسانە کە لامدا ئەم جۆرە ڕەفتارانە دووپات بکاتەوە بەهۆی زۆرینەی ئەو داتا پڕ زانیارییە جۆراوجۆرەی لە بەردەستیدایەتی. بەهۆی ئەوەی کە ئێمە ئەم زانیارییانە دەزانین لەبارەی لامداوە، ئەمانە بەسن لەپێناو لێکدانەوەی ڕەفتاری لامدا، بۆیە لەڕووی زانستییەوە گریمانەکردنی شتێک لە سەروو ئەم پرۆسانەوە کارێکی ناپێویستە، بگرە لێکدانەوەیەکە کە تێدەپەڕێت لەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان. بگرە بەشێک لە شارەزایانی بوارەکە پێیان وایە کە لامدا “هێندەی ترافیک لایتێک هۆشمەندیی هەیە”.
ڕاستە کە زۆرێک لە دراوەکان بەو ئاڕاستەیە دەمانبەن کە پێویست ناکات لێکدانەوەیەکی سەیر و سەمەرە بکەین بۆ ڕەفتاری لامدا، بەڵام پرسیارەکەش هێشتا بە تەواوی وەڵامدراوە نییە کە ئایا لامدا هۆشیارە بۆیە ئەم ڕەفتارانە دەکات یاخود ئەمە تەنها بریتییە لە لاساییکردنەوەیەکی شارەزایانە؟ بەڵام ئەوەی لە ئێستادا دەیزانین ئەوەیە کە بەهۆی ئەو زانیارییانەمانەوە لەبارەی مۆدێلەکە، پێویستمان بەوە نییە کە لێکدانەوەیەکی سەروو پێویستی بۆ بکەین لەپێناو شیکردنەوەی ڕەفتارەکەی.
سەرچاوەکان
–https://blog.google/technology/ai/lamda/
–https://cajundiscordian.medium.com/is-lamda-sentient-an-interview-ea64d916d917
–https://theconversation.com/is-googles-lamda-conscious-a-philosophers-view-184987
–https://cosmosmagazine.com/technology/google-ai-lamda-sentient/
https://cajundiscordian.medium.com/is-lamda-sentient-an-interview-ea64d916d917
https://www.theguardian.com/commentisfree/2022/jun/14/labelling-googles-lamda-chatbot-as-sentient-is-fanciful-but-its-very-human-to-be-taken-in-by-machines