[ ئەو ئاژەڵانەی کتێب ناخوێننەوە ]

نووسینی: شاڵاو حەبیبە

یەک: تەقریبەن هەرگیز نەبینراوە زەڕڕافە کتێب بخوێنێتەوە، هەرچەندە تۆرەمەی زەڕڕافییات بیست ملیۆن ساڵیشە لەسەر زەوی دەژین. زەڕڕافە خۆی هۆکارەکە بۆ فەقەرات دەگەڕێنێتەوە. ئەم فەقەراتەیش وشەیەکی عەنتیکەیە، کەسێک دەتوانێت بڵێت تووشی فەقەرات بووم، بەبێ ئەوەی وشەی نەخۆشی بەکار بهێنێت. ئێمە کاتێک تووشی سەر دەبین، ئێشەیەکی پێ زیاد دەکەین بەڵکوو گوێگر مەبەستی لا ڕوون بێت، بەڵام فەقەرات چونکە خۆی زۆر دوورودرێژە هەوڵی داوە لانیکەم لە وشەکاریدا کورتبڕی پەیڕەو بکات.

جا لە شانسی زەڕڕافە پەرەسەندنەکەی وای کردووە ماوە دوای ماوە بە جۆرێک پەرەزا ببێت ملی دوورودرێژ هەڵبچێت. پێش داروین دەیانگوت بە هۆی گۆڕانی ژینگەیی لە ناوچەی زەڕڕافەدا خۆراک بە دارە بەرزەکانەوە بووە و ئەویش نەوە دوای نەوە هەوڵی داوە ملی درێژ بکات تا بە خۆراکەکە بگات و ئاخری وای لێ هاتووە ئەمڕۆ ئەو ملدرێژە دەرچووە، تەقریبەن وەک ئەوەی بڵێیت کشاوە، بەڵام داروین سەلماندی هەر لە بنەڕەتەوە سیستمەکە هەڵەیە؛ کاتێک لە ناوچەیەک خۆراک بە دارە بەرزەکانەوەیە، ئەوا مانەوە بۆ ئەو زەڕڕافانەیە کە لەگەڵ ئەم ژینگە تازەیەدا خۆیان سازگار دەکەن. سازگاری یەکێکە لە بنەڕەتەکانی پەرەسەندن. ئەو زەڕڕافانەی بە ڕێکەوتێک ملیان لەوانی تر درێژترە، ئاسانتر خۆراکیان دەست دەکەوێت لە چاو ملکورتەکاندا. ئنجا بۆ بابەتی جووتگرتنیش کولتوورێک درووست دەبێت کە ئەو زەڕڕافانەی ملیان درێژترە سەرنجڕاکێشتر دەبن لە چاو ملکورتەکاندا، چونکە دەستەی دووەم خۆراکیان کەمتر دەست دەکەوێت و کەمتر دەژین و کەمتر پشتیان پێ دەبەسترێت. بەم جۆرە کۆمەڵگەی زەڕڕافە لە لایەن ئەوانەوە پەرەزا دەکرێن کە ملیان لەوانی تر درێژترە و ئەمڕۆ ملی زەڕڕافە وای لێ هاتووە تەنانەت دوو مەتریش تێدەپەڕێنێت.

زەڕڕافە ملی بۆ شەڕەملانێش بەکار دەهێنێت، کە نزیکەی نیو سەعات دەخایەنێت. دوو نێر دەتوانن شەڕێکی دوورودرێژ بکەن و کەچی دوای شەڕەکە هەمان مل بۆ لاواندنەوەی یەکتر بەکار دەهێنن. بەم جۆرە زەڕڕافە لە سەرووی لیستەکەوەیە بۆ ئەو گیاندارانەی ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازییان تێدا دەبینرێت. لەناو مرۆڤیشدا لێدانێک ببێتە هۆی ورووژانی سێکسی، وەک دەزانن بەربڵاوە.

بێگومان چاوەڕێی کتێبخوێندنەوە لە زەڕڕافەیەک ناکرێت کە نیو سەعات شەڕەملی کردبێت و ڕمبەڕمب لەوی تری سرەواندبێت. توومەز هۆکاری فەقەراتەکەی ئەمە بوو. لە من وایە تەمەنێک سەری هەر لەسەر کتێب بووە و ئەمە پێشنیاری دوختۆرەکەی بووە کە ماوەیەک مل بەرز ڕابگرێت بەشکوو چا ببێتەوە.

دوو: لە هیچ شوێنێک تۆمار نەکراوە کەسێک هەبووبێت وێرابێتی پێشنیار بۆ شێر بکات کتێب بخوێنێتەوە یان لانیکەم لێی بپرسێت ئاخۆ هەرگیز لە ژیانیدا خوێندوویەتییەوە یان نا. هیچ ڕۆژنامەنووسێک ژیانی خۆی لێ چەل نییە. شێر لە کۆمەڵگەیەکدا گەورە بووە، کتێب بخوێنێتەوە یان نەیخوێنێتەوە، هەر ڕێزی لێ گیراوە و هەر ڕێزیشی لێ دەگیرێت. شێر کە بە پێچەوانەی ڕای پەرەسەندنەوە، پێی وایە مانەوە بەس بۆ بەهێزەکانە و مەسەلەی سازگاری و مازگارییش خورافاتی داروینیزمین، هەتا ئەمڕۆ نەک لە هیچ کتێبفرۆشییەک نەبینراوە، بگرە ئەگەر بشبینرێت ئەوا ئەوەی ناوی مرۆڤ بێت لە کتێبفرۆشییەکە نابینیرێت تا تۆماری بکات. بۆیە ئەو کەیسە بە یەکجاری داخراوە و ئەگەر کەسێکیش سەرکێشی هەڵی گرتبێت و پرسیارێکی ئاوهای ئاراستەی شێر کردبێت، بێشک ئێستا لە شوێنێکی تر بەسەر دەبات. بەڵام ئاوهایش ڕۆژنامەنووسی خەیاڵپڵاو هەندێک ڕاپۆرتیان- وەک دەڵێن هیی بن بەتانی- هەر نووسیوە، کە زیاتر لە ئەفسانەوە نزیکەوە تا ڕاپۆرتی پیشەیی، وەک ئەوەی گوایە شێر گوتوویەتی من کتێب بخوێنمەوە تا ببم بە چی! هەڵبەت لەناو شێران ئەو گوتەیە باوە کە دەڵێن شێر بە و ڕێزی کتێبیش بگرە، بەڵام دەرکەوتووە کە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە کتێبخوێندنەوەی شێرەکانەوە نییە. بەڵکوو زیاتر مەبەست لێی ئەوەیە، لەگەڵ شێربوونەکەتدا ڕێزی بەرامبەرەکەیشت بگرە، ئەگەر ئەویشە شێر بوو.

سێ: جا کە باسی شێر کرا یەکسەر ئاسکیش دێ بە شوێنیا، یان بە پێشیا، هەر لە سەرەتاوە ڕوونە کە ئاسک هۆکاری کتێبنەخوێندنەوەکەی خۆی بۆ ئەو ماراتۆنە دەگەڕێنێتەوە کە ژیانی پشتی پێ دەبەستێت. ئەم کابرایە هەر کە ڕۆژ بووەوە بەم یاڵەویاڵ و ئەو جەنگەڵاوجەنگەڵەدا ئەمە هەر بازبازێن و غارغارێنێتی. جا کاتی کتێبخوێندنەوەی کوا حەوسەڵەی کوا. بە قەولی خۆی وەک سەگی پێسووتاوی لێ هاتووە. مەگەر بووە ڕۆژێک دوو سەعات لە شوێنێک پاڵ کەفێت تا بتوانێت دوو پەڕە هەڵباتەوە؟ هەر ڕۆژنامەنووسێکیش وادەی لەگەڵ دانابێت بەشکوو شتێکی لێ هەڵکڕێنێت تا گەیشتووەتە شوێنی مەبەست؛ ئاسکە پانزە شوێنی مەبەستی تری کردووە/یان شوێنی تری مەبەستی کردووە، هەندێک کەس دەڵێن بگرە شانزە. بۆیە لە لۆژیکی ناچێت پێشنیاری کتێبخوێندنەوە بۆ کابرایەک بکەیت کە چرکەیەک لە عەرزا چرکەیەک بە حەواوە بێت. ئاسک پەندێکی جوانیان هەیە دەڵێت، سەرەتا بیر بکەرەوە ئنجا باز بە، ئەگەر بازت یا و هیچ بیرت لێ نەکردبووەوە، کەواتە قبووڵی کە هەر شتێک ڕووی دا. خۆی پەندەکە لە ئەسڵا ئاوایە: ئەو بازە بازە کە بۆ دەربازە.

ئەوەی شێر پەرەسەندنی ڕەت کردووەتەوە، ئاسک قبووڵی کردووە. ئاسکەکان پشتی ئەو زانراوە دەگرن کە دەڵێت، لە نێوان شێرەکانیشدا ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازانە هەیە. هەرچەند بۆچوونەکەی ئاسک غەرەزمەندانەیە بەڵام درووستیشە، هەڵبەت ئاسک هەر نووساوە بە شێرەوە دەنا هەزاروپێنجسەد ئاژەڵ هەن کە لە لیستی ڕەفتار-هاوڕەگەزخوازانەدان و پێنجسەدیان بە تەواوی تۆمار کراون. مێچکەی شێر خۆی دەخزێنێتە بن مێچکەیەکی تر و بەم جۆرە بانگهێشتی دەکات بۆ سێکس. لە کاتی سێکسی دوو مێچکەشێردا، یەکیان ڕەفتاری نێرانە لە خۆی نیشان دەدات و بە قەپ ملی ئەوی تر دەگرێت. وە نەبێت ئەمە لەناو نێرەکانیشیاندا نەبینرابێت، ڕەفتاری هاوڕەگەزخوازانەی نێرەکان زیاتر وەکوو نمایش و بەخێرهێنانی هاوڕێشێرێکی تازەیە. شێرە نێرەکان سەرویاڵیان لە یەک دەخشێنن و بە چووکی ڕەپەوە خۆ لە زەوی دەگەوزێنن. ئەم ڕەفتارە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی جووتبوون لە نێوان دوو نێردا بە نۆبە، یان بە شێوەی گرووپین. ئنجا زەلامم دەوێت لەم کاتەیا بوێرێت بچێت بڵێت جەنابی شێر پێشنیاری کتێبخوێندنەوەتان بۆ دەکەم. وەکوو لەناو شێرەکاندا باوە دەڵێن هەر شتێک و شوێنکاتی خۆی./ یان شێرکاتی خۆی.

چوار: لە مەسەلەی کتێبخوێندنەوەدا مەڕ نائومێدترین حەیوانە. گریمان ڕۆژی سەت لاپەڕەیشی خوێندەوە، بە چی دەچێت؟ مەڕ ئەگەر مەڕلەسووفیشیان تێدا هەڵبکەوێت لەبەر ناوبانگەکەیان، کە بە مەڕەگێژە ناسراون، قەت دەرفەتی ئەوەیان بۆ هەڵناکەوێت سەر دەربێنن و مشوورێک لە پێگەیان بخۆن. هەڵبەت ئەمە پڕوپاگەندای ئینسانە، دەنا مەڕ هۆشیار و خۆشمەشرەب و ئەهل یارین و هەر وەکوو مرۆڤیش کۆمەڵایەتین. مەڕێک لە ماوەی یەک ساڵ زیاتردا، دەتوانێت نزیکەی پەنجا ڕووخسار بناسێتەوە. ڕێژەشیان لە جیهاندا دوو ملیاردێک دەبێت و ئەگەر هەر کەسێک گوتی لە مەترسیی ڕەگەزفەوتاندان ئەوا لە یەکەوە هەتا دە نازانێت بژمێرێت.

جا بە پێچەوانەی زەڕڕافەوە ئەمانە ساڵ دوانزەمانگە هەر سەرشۆڕن و کەسیش نازانێت خۆ خەریکی چین. بۆیە دەستیان لەوە شۆردووە کە مێشکیان پەرە پێ بدەن و ڕوویان کردووەتە پەرەپێدانی دووگیان، کە تەرەفدارێکی زۆریشی هەیە. ڕەحمەتی باپیرم دووگخۆرێکی عەججایب بوو. بۆیە لەناو مەڕەکانیشدا باوە کە دەڵێن هەرکەسە و دووگی خۆی/ یان دووگی خۆت بۆ خۆت، دووگی خۆم بۆ خۆم. ئەوان زیاتر وا بیر دەکەنەوە کە کتێب کاتێک بیخوێنیتەوە باشە سوودێکی بۆ مێشکت هەبێت نەک بۆ دووگت. جا ئەوەندە بەدبەختن ئەگەر یەکێکیان وەکوو کابرای زنجیرپسێنی ناو ئەشکەوتەکەی ئەفڵاتوون خۆی بکات بە کتێبفرۆشییەکدا یەکسەر مامۆستا دەڵێت ئا بڕۆن بیکەنە دەرێ، ئەو گێژە دیسان هاتەوە.

پێنج: دەڵێن کیسەڵ نزیکەی دووسەد ساڵ دەژی و هەر ئەو کتێبە دەخوێنێتەوە کە یەکەمجار دەستی داوەتێ. خوا نەکات ئەمە ڕۆژنامەنووسێک بەدواداچوونێکی مەیدانیی بۆ کردبێت و سەلماندبێتی، بەڵکوو عادەتەن وەک لەناو کورددا باوە، ئەمە هەر قسەی کیسەڵەکە خۆیەتی. وەک چۆن ئێمە ئەگەر بمانەوێت بزانین لە شەڕی ناوخۆدا پارتی چیی کردووە، دەبێت ئەو کتێبانە بخوێنینەوە کە یەکێتی نووسیونی، ئەگەر بمانەوێت بزانین یەکێتی چی کردووە، دەبێت ئەوانەی پارتی بخوێنینەوە. بە کورتی سەرچاوەیەکی سەربەخۆ لەم ڕووەوە دەگمەنە. نەک هەر سەرچاوەکە بگرە تێگەیشتن لە بابەتەکەیش دەگمەنە، کە نابێت قسەی کیسەڵەکە لە خۆی وەربگرین سەبارەت بە ژیانی خۆی کە بەس خۆی شاهیدەکەیەتی، بەڵام تۆ چی لە کابرایەک دەکەیت کە نزیکەی دووسەد ساڵ هەوڵی قەناعەتپێکردنی خەڵک بدات، بێشک ئاخری دەتوانێت هەندێک شوێنکەوتە بۆ خۆی دەستەبەر بکات.

ڕەنگە کەسێک وا بیر بکاتەوە ئەم قسەیەی کیسەڵ نیوەی دژی خۆیەتی، کە هەموو تەمەنی خەریکی خوێندنەوەی تاقەکتێوێک بێت، توومەز کەسەکە ئاگای لەوە نییە ئەمە کیسەڵ دەیەوێت مەغزی موتەفەککیری خۆی هەڵفیشێنێت بە ڕووماندا، چونکوو عادەتەن لەناو ئاژەڵاندا کیسەڵ بە سوقراتی زەمانە ناسراوە، کە بەس دانیشتووە و دووسەد ساڵ بیر لە یەک شت دەکاتەوە، ئەو شتەیش ڕەنگە ئەوە بێت چۆن خۆم بگەیەنمە ئەو تەنکاوە و ئەو بەردەی بەردەمم پێچ پێ بکەمەوە و بەشکا تاخیر نەبم. خۆ ئەگەر پێشی بڵێیت بۆ لانیکەم کتێبەکە ناکەیت بە دوو؛ سەدساڵ سەدساڵ یەکیان بخوێنیتەوە؛ ئەوا هۆکارەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە من خۆ بۆ نەگبەتی ناڵێم ددانم نییە و هەر کاکیلەم هەیە شتی پێ بهاڕم. دیارە حەیوانات چونکە خۆیان لەناو وەسەتەکەیا دەژین، واتا لەناو جەرگەی پەرەسەندندان، چاک دەزانن چۆن بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بەکاری بێنن.

یەکێک لە ڕازەکانی کیسەڵ تا ئەم ئاخرانەیش قەپێلکەکەی بوو، کە بە زانستێکی ورد نیشان درا بۆ ژینگەی توندوتیژی بن لمەکان کە شوێنژیانی کیسەڵە، سوودبەخشە و قۆناغ دوای قۆناغ درووست بووە. پێشتر زیاتر وەک سیستمی بەرگریی دەناسرا، کە هەڵبەت ئەو سوودەیشی هەر هەیە. بەڵام من هێشتا وای دەبینم کیسەڵ پەیڕەوی لەو تیۆرییە دەکات “تا نهێنیدارتر و شاراوەتر بیت، هۆشیاتر و زاناتر دەردەکەویت. لەوان وایە شتێکت پێیە دەری ناخەیت.” وەک لەنێو خۆیشیاندا باوە، ئەوی خۆ لەنێو قەپێلکی باوێ، حیکمەتی داوێ.

شەش: هەندێک کەس پێیان وایە لە-مار-ترسان ژێنەتیکییە. من وەک خۆم لە نهۆمی چل بژیم هێشتا ترسی ئەوەم هەیە لە پڕ مارێک بۆم بێت. دڵم بەوە خۆشە لە نهۆمی چل لەسەر تەختەخەوەکە بم، بەشکوو ئەو کە بە چل قاتدا هەڵگەڕاوە، نەتوانێت بە سیسەمەکەمدا هەڵگەڕێت. وەک دەڵێن شاعیر و فەنتازیا دوو ڕووی کەبابێکن.

شایەنی باسە ترس لە مار ناکاتە ئەوەی بوختان بۆ کابرا بکەیت کە کتێب ناخو‌ێنێتەوە و خۆشی پێ مارە. ڕاستییەکەیشی هەر ئەوەیە کە کتێب ناخوێنێتەوە. بەڵام عادەتەن کۆمەڵناسان لەم کاتانەدا دەڵێن ئەوە گرنگ نییە کە بۆ کتێب ناخوێنێتەوە، بەڵکوو گرنگ ئەوەیە لەو هۆیەلە بکۆڵینەوە کە بووەتە هۆی کتێبنەخوێندنەوە.

جا گوتیان مارە ئەتوو چت دەوێ؟ گۆتی دەلیلێک شەرحی حارم بکات؛ قوربان مار لەو باریکانەیە کە خۆی زۆر بەشمەینەت نیشان دەدات. فەقیرحاڵی دەنوێنێت. مەزڵوومبازی دەرەکات. ئەگەر ڕێ بکەوێت بوێریت باسی کتێبی لەگەڵدا بکەیتەوە، ئەو دەست دەکات بە شینکوهوڕ کە ئەو قوڕی بۆ گیراوەتەوە و غەدری لێ کراوە و ناحەقی لە حاست کراوە. دیارە مەبەستی ئەوەیە گوایە کاتی خۆی چوار پەلی هەبووە و پەرەسەندن، یان بە قەولی ماران خۆیان پەرەمردن، ئەم پەلانەی لێ سەندوونەتەوە و ئاوا سافولووس و باریکەلەباریکەلە هەڵی چنیون.

مار لە سەرەتادا جۆرێک مارمێلکەی پەلدار بووە. بە دوو دەست و دوو قاچەوە لەسەر زەوی وەک فیشەکەشێتە دەرچووە- دیارە پێش زانست ئەفسانەکانیش لەمە دوابوون- بەڵام کاتێک ژینگەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت ڕوو دەکاتە کونوکەلەبەرەکانی زەوی و لەوێ بە دوای خۆراک و ژیاندا عەبداڵ دەبێت، چونکە پەلەکانی مارمێلکە لەناو درزەکانی زەویدا گرفتی هاتوچۆیان بۆ درووست کردووە، نەوە دوای نەوە بەم جۆرە پەرەی سەندووە ژیان بۆ ئەوانە بێت کە باشتر خۆیان لەگەڵ ئەم ژینگە تازەیەدا سازگار دەکەن، ئەوانەیش مارمێلکەگەلێک بوون بە پەلی کورتەوە، نەوە دوای نەوە پەرەسەندن مارمێلکەگەلێکی هەڵبژارد کە ئەسڵەن پەلیان نەبوو. لە قۆناغێکی تری ژینگەییدا مارمێلکە، کە ئێستا پەلەکانیان قەڵاچۆ کرابوون، ڕوویان کردەوە سەر زەوی. “پەلدار داچوو بێپەل هەڵچوو،” پەندێکی مارییە. ئنجا تۆ هەر پێی بڵێیت کتێب ئەو یەکسەر دەڵێت کاکە ئاگات لە چییە، ڕەنگە باوەڕ نەکەیت، من هەتا دوێنێش چوارپێ بووم. ئەمە بەبێ ئەوەی ئاگای لەوە بێت لەناو ئێمەدا چوارپێ پەیڤێکی چەند شیرینە.

حەوت: ئێمە هەر لە خۆمانەوە بە ڕاستوچەپدا دەست ناپارێزین پێشنیاری کتێبخوێندنەوە بۆ ئەموئەو دەکەین، بەبێ ئەوەی لە خۆمان بپرسین ئەم کابرایە لە ژیانیدا بە دوای چی کەوتووە و خەیاڵەکانی چۆنن. مەسەلەن پاندا، ئەوەندەی بەخەبەرە تەقریبەن هەمووی خەریکی لەوەڕە. ئەو تۆزەی کە خەریکی نانخواردن نییە، دەبێت بە نانکردن یان ئیسراحەتەوە بیگوزەرێنێت. بەڵام ئەم هەموو نانە بۆ دەخوات؟ چونکە ئەو لە یەکەمجاردا ورچ بوو، ئێستایش سیستمی گەدەی هەر هیی ورچە. کاتێک ژینگەکەی گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەویش گۆشتخۆرە، سەیر دەکات مەتعەم جیهان بەس یەک جۆر خواردنی گیاکەڵەی تێدا ماوە، ئەویش توێکڵی سەختی بامبووە. بۆیە ژیان بۆ ئەوانەیە کە خۆیان لەگەڵ خواردنی ئەم توێکڵە سەختەدا ڕابێنن. ئەوانەی کە کاکیلەوماکیلەیان لاوازە یەکسەر دەبن بەو کەسانەی کە بڕوبیانوو دەهێننەوە و شلەساوار ناخۆن. پاندای ڕەگەزگۆڕاو هەرچەندیش بخوات فەقیرە تێر نابێت. بۆیە لۆژیکی نییە پێشنیاری کتێبخوێندنەوە بۆ کەسێک بکەیت کە ئەگەر چەند سەعاتێک دەست لە خواردن هەڵبگرێت بۆ خۆی لە برسان دەبوورێتەوە. پاندا ناچارە لە نێوان مێشک و ورگیدا، ورگی هەڵبژێرێت. هەر ئەم ورگهەڵبژاردنەیش بوو کە نەیهێشت ڕەگەزی بفەوتێت. بەشەریش هەیە بە قەد دوو پاندا دەبێت دەڵێت وەڵا من ئەمە ناخۆم وەڵا من ئەوە ناخۆم. کەچی ئەگەر بێشتە سەر کتێبخوێندنەوە کامەی کەڵکی هێندەی دانیشتن لەگەڵ پیرەژنێکی قسەخۆشی گوندەکیی نییە، بە دڵوگیان دەخوێنێتەوە و ئەسڵەن گوێی لە سوێری و تارییش نییە. پاندا سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا هەموویان ماون، کەچی هیچ پەندێکیان لە دوا بەجێ نەماوە. پەند لە دوای کەسێک بەجێ دەمێنێت کاتی هەبێت دوو قسانت لۆ بکات.

هەشت: حوشتر کتێب ناخوێنێتەوە، دەڵێت ئەزبەنی من ناوم لەناو قورئاندا هاتووە، ئیشەکەم ماشییە. دەترسم کتێب بخوێنمەوە شتەکەش لە خۆم تێک بەم. جا لەو سەحرایەش مل بنێم بە پەڕەوە تا لە چی تێبگەم؟ ها باوکم؟ خۆ هەمووی لمە و دڕکوداڵە. لەناو حوشتران باوە حوشتر لە هەر شوێنێک وەستا ئەوێ بکرێت بە کتێبخانە، بەڵام چی لە بەرپرسان دەکەیت کە یەکسەر دەیکەن بە مۆڵێک و پەنجا-شەشت دووکانی حیزی تێدا دەکەنەوە دەیدەن بە کرێ بە نرخێکی ئەوتۆ. ئەو سەردەمە نەما حوشتر ئاراستەی سیاسەت بگرێتە دەست، هەرچەند شایەتحاڵەکان دەڵێن ئێستایش کلکی سیاسەت هەر لە دەستی ئەو برادەرانەی ئەوسادایە.

نۆ: لەم ڕۆژانە لەبەر پەنجەرەی باڵکۆنەکەم دوو ماسیگرە کردبوویان بە ژاوەژاوێک هەر باسی مەکە. بیرم لەوە دەکردەوە سەردەمی دایناسۆرەکان دەبێت چ زیقوهوڕێک بووبێت. دایناسۆر بە درێژاییی ١٦٠ ملیۆن ساڵ هەستان بە نانەوەی غاوەغاوێک سەرلەبەر زەوییان بە گیر هێنا. بە جۆرێک زەوییان داگیر کرد و بە ئیسراحەت ژیان، کە لە هەموو توخموتۆمێکیان بەرهەم هێنا، لە خشۆکەوە بیگرە تا ئاوژێ و زەویژێ و دووژێ و هەتا فڕندە و ڕووەکی و گۆشتخۆریش. بۆیە گۆشتخۆرم کردە ئاخرەوە چونکە تەنیا سی دەرسەد یان شتێک زیاتریان گۆشتخۆرن بوون. ئەوانی تر ڕووەکی بوون. ئەمەیش یەکێکە لەو سیستمانەی پەرەسەندن کە دەهێڵێت بوونەوەر بەردەوام بن، دەنا هەموویان گۆشتخۆر بوونایە سیناریۆکە لە یەکەمەوە کۆتایی پێ دەهات. ئەوەیشمان بیر نەچێت کە تەنیا دایناسۆرە گەورەکان لەناو چوون، دەنا دایناسۆرە بچووکەکان ماون، کە باڵندەکانن و نەوەی دایناسۆرەکانن، مەسەلەن کەڵەشێر و مریشکی ماڵەوەیش هەر دایناسۆرن، بەڵام بە بچووکی. ئەمە شتێکی تەواو زانستی بەڵام هەتا بڵێیت حەنەکئامێزە.

هیچ سیقەم بە دایناسۆرەکان نییە کتێبیان خوێندبێتەوە، هەرچەند ناتوانم قسەکەم بسەلمێنم، بەڵام لەوە دڵنیام کە هیچ بوونەوەرێک لە سەردەمی دایناسۆرەکاندا نەیتوانیوە دوو دێڕ تەواو بکات. بوونەوەرە داماوەکانی تر، لەبەر ئەوەی خۆیان دەکرد بە هەر کونێکدا نەڕەی دایناسۆرێک یان جێپێ زەلامەکەی بوو، ئەوەندە بێخۆراک مابوونەوە ناچار ڕوویان کردە ڕۆژەخەو و شەوڕاویان پەرە پێ دا. ئەمەیش وای کرد قەبارەیان زۆر بچووک دەربچێت. پڕ بە سکی خۆیان نانیان نەدەخوارد. ڕەنگە بڵێن کتێبنەخوێندنەوە پەیوەندیی بە قەبارەوە چییە، بۆ بوونەوەرەکانی سەردەمی دایناسۆر هەیەتی، چونکە سەرەڕای قەبارەی بچووکیان تۆزێک ڕەنگکوێریش دەرچووبوون. فەقیرانە ڕۆژگاریان هەر شەوگار بوو. دوای قەتڵوعامەکەی خێڵی دایناسۆران لە ٦٦ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، حاشاماتی بوونەوەری وردیلەی قەبارەکەروێشک لە لانە و حەشارگە دەرچوون و خۆیان کرد بەو دەشتودەرەدا و تا ملیۆنان ساڵ کەس گوێی لێ نەدەگرتی باسی ئەم کتێب و شتگەلەت بکردایە، چونکە ئەوان هێشتا هەر لە حەفلەی تەخەڕوجی خۆیان نەکەوتبوون. دوایی وردەروردە تواناییی ڕەگناسین لە بوونەوەرەکاندا گەشایەوە. ئەوکات ئەگەر باسی کتێبت بکردایە تۆزێک ماقوول بوو.

ئەوەی دوای سەردەمی قەتڵووعامەکە گرنگە، دەرکەوتنی یەکەمین شیردەری جیهانە، کە وەک شتێک قەومی شیردەران، کە ئێمەیش لەوانین، لەوێوە هاتووە. ئەم یەکەمین شیردەرە دەڵین گوایە بەس نۆکی دەست کەوتووە بیخوا. جا چارەنووسی کابرایەک ئەگەر بە نۆکخواردن دەستی پێ کردبێت پەیوەست بە کتێبەوە دەبێت چۆن بێت.

دایناسۆر یەک قسەیان، ئەویش هەر لە ڕێی ئەو شێردەرەوە بە ئێمە گەیشتووە، گوایا سەردەمایەک کە زەوی بە دەستەوان بوو، دەیانگوت سەرەتا دایناسۆر بە، دوایی گرنگ نییە چی ڕوو دەدات. ئەم قسەیە لە هەندێک شوێندا ئاوا گوازراوەتەوە کە من پێم هەڵەیە: “سەرەتا کتێب هەیە، دوایی شتەکانی تر.” ئەمە لە کوێ و ئەوە لە کوێ.

دە: نامەوێت هیچ قسەیەکی فەلسەفی یان سەیروسەمەرە لە بارەی کەرەوە بکەم کە بمەوێت خۆم ڕۆشنبیر نیشان بدەم، بەڵام من پێم وایە کەر هەر بەڕاستی ئێمەی مرۆڤی پێ کەرە. بۆ نموونە ئەگەر لێی خوڕیت بۆو دەشتوکێوە، تێشی سرەوێنیت بە دڵی تۆ ڕێ ناکات. هەر حسابی خۆییت بۆ دەکات. پەیڕەوی لەو سیستمە دەکات خاو بڕۆ و خۆش بگە. کەچی ناوبراو ئەگەر بیگەڕێنیتەوە بۆ ماڵێ، تەنێک کاشت لێ بار کردبێت، وا دەیکات بە چوارناڵە دەبێت خۆت ببەستیتەوە، ئەمە توومەز دەزانێت مەنزڵ بەرەو ماڵەوەیە و پشووە و تەویلەیە و تا کەڵەشێر کەس میوانی نییە.

ئەوەی ڕاستی بێت کەر بینراوە کە هەوڵی کتێبخوێندنەوەی دابێت. ئەو شاهیدانەی کە بینیویانە بە چەند پشتێک دەگەنەوە بە هەزار و سێسەوپەنجا ساڵ لەمەوبەر، خۆیشیان نزیکەی هەر هیی ئەو سەردەمەن. تەقریبەن هیچیشیان خودی کەرێکیان نەبینیوە کتێب بخوێنێتەوە، بەڵکوو هەموویان لە سەردەمێکدا ژیاون کە لەو سەردەمەدا خەڵکی باسی هەندێک کەسیان گێڕاوەتەوە کە ئەو کەسانە گوایە کەری کاخەزخوێنیان دیتووە. یەکیان گوتوویەتی لە خەوما،(٤٠ سەرچاوەی هەیە)، یەکی دییان گوتوویەتی لە دوورەوە لێشم مەعلووم نەبوو،(ئەمەیان هەر خەڵکی لەسەر کوژراوە)، کەچی یەکێک لە ژێدەرە هەرە بەهێزەکان دەڵێت وەڵڵاهی هەر بەبێ کتێبیش نەمدیوە، بەڵام تۆ چی لە هەواداری هەوایار دەکەیت کە لەیرەیشا لە هەوای خۆیان ناکەون. لەنێو کەران وا باوە، ئەگەر چوویتە شاری کەران، ئەتووش برێ کتابم خیندیتەوە.

من کابرایەکی زۆر نوکتەپەسەندنم بۆیە هەر دەرفەتم بۆ هەڵبکەوێت، هەوڵێک دەدەم، ئەمەیشمە یەکێکە لە هەوڵەکان: کابرایەک قەرار بوو لە ملی بدەن، پاشا پێی گوت کارێکی سەمەرەم بۆ بکە ئازادت دەکەم، ئەویش گوتی کەر فێری قسەکردن دەکەم، بەڵام بە ماوەی دە ساڵ. پاشاش ڕازی بوو. کابرا چووەوە ماڵێ خەریکی ژیانی خۆی بوو، لە تەویلەش کەرێکی ڕاگرتبوو. ئەمە کەرە بۆ خۆی وا هەر کاوجۆ دەخوات. ڕۆژێک هەواڵێکی خۆتانئاسایی چوو بۆ لای پێی گوت ئەرێ کابرا تۆ شێت بوویت! کەر کوا فێری قسەکردن دەکرێت، وەڵڵا پاشا بە تەور ملت دەپەڕێنێت. کابرای مامۆستای زمانیش پێی گوت بەڕاستی تۆیش کەری ڕەحمان، تا دە ساڵی تر یان من مردووم یان پاشا مردووە یان کەرە گیانی سپاردووە، ئیتر زمانی چی و کەری قسەبێژی چی، بەڵام زۆر لەوە دەترسم لە پڕ پاشا منداڵێکی کەڕوکوندی ببێت بینێرن بۆ لای من بڵێن کابرا واز لە کەرە بێنە ئەمە فێری قسەکردن بکە… ئیتر نوکتەکە ئاوا هەر دەڕوا.

یازدە: ڕێوی وەک دەزانن کاورایەکی هەتا بڵێی فرەزانە. کەڵکی ئەوەی نییە باسی کتێبی لەگەڵدا بکەیت، چونکە تۆ هەر ناوی بێنیت دەڵێت برا خوێندوومەتەوە، جا ئەگەر گومان بکەیت بڵێیت ئادەی بۆم باس بکە، ئەویش دەڵێت دە فەرموو مادەم خۆو پرسیارت کردووە، هەر خۆیشت بۆمان باس بکەم بزانین چی لێ حاڵی بوویت، ئنجا ڕوو دەکاتە برادەرەکانی دەڵێت: ها باوکم، قسەکەم خراپە؟

گریمان بۆ ئەوەی هەڵی بخەڵەتێنیت ناوی کتێبێک دەبەیت و باسی کتێبێکی تری بۆ دەکەیت، خۆ ئەویش ئەوا وسکت بووە هەر سەر دەلەقێنێت. سەرەنجام چی دەکەیت، پێی دەڵێیت بەڵام مام ڕێوی من ناوی کتێبێکم هێنا و باسی کتێبێکی ترم بۆ کردیت و کەچی تۆیش هەر سەرت لەقاند! ڕێک لەو کاتەیا وەک ئەوەی تەشتێک حەشیشت کێشابێت گوێت لێیە دەنگێک وەک لە غەیبەوە دەڵێت ئەوە ئنجا زانیم هیچیانت نەخوێندووەتەوە، جارێک دوو جار دە جار کوڕە سەد جار سەرم لەقاند هەر تێنەگەیشتی. ئیتر لەو ڕۆژەوە بەبێ ئەوەی بزانیت لەو دانیشتنەیا چی ڕووی یا، دەبیت بە مەسخەرەی یان مەخسەرەی بەراز و مامزان. هەر لە مەجلیسان دەرکەویت دەڵێن ئەوە کابراکەیە لە دوو کتێبان هیچیانی نەخوێندبووەوە و کەچی دەیویست مام ڕێویی کتێبزانی پێ هەڵخەڵەتێنێت.
لەنێو ڕێوییان باوە دەڵێن گرنگ نییە چی دەزانی گرنگە چۆن پێی بزانی.

دوازدە: بەراز یەکەم کابرای کوشتوکاڵچیی جیهانە. هەڵبەت پێش ئەویش هەندێک یەکەمینی ترمان هەر هەیە. بەو لووتە پانەی دەست لە گیاوگژ دەسوێنێت و ئاڵوگۆڕ بە تۆو دەکات و نەشونومای پێ دەکات. ڕەنگە کەسانێک بەراز نەخۆن و لە لایەکی تریشەوە تەنانەت ڕووەکی بن، بەڵام ئەو بەرهەمانە دەخۆن کە بەراز دەستی یان لووتی لە بەرهەمهێنانیاندا هەبووە. هەڵبەت مەبەستم حەبودەرمان و شت نییە، بەڵکوو بەرهەمی ناو سرووشت دەڵێم. بۆیە باش نییە بە دوای هیچ ئایدۆلۆژیایەک بکەویت، لە شوێنێکەوە سەرت دەخات کەچی لە شوێنێکی ترەوە سەیر دەکەیت ئەو بەرزییەی تۆ لێی وەستاویت، لەبەر ئەوە لات بەرزە چونکە لە بری زانیاری بە دوای خەیاڵات کەوتوویت، ئێستا کە زانیاری جێی ئایدۆلۆژیای گرتووەتەوە، سەیر دەکەیت شوێنە بەرزەکەت هیجگار نزمە.

پەندێکی بەرازین هەیە دەڵێت ئەگەر بەراز بەراز بیتن لەنێو پۆخڵەواتی ئاڵتوونی دەبینتەوە. بۆیە بەراز ئەگەر کتێبخوێن بوایە هەوڵی دەدا لەنێو ئەو کتێبە سەقەتانەی نووسراون، بە دوای سەرەداو‌ێکی ئومێددا بگەڕێت کە بەشکوو نووسەرەکەی شتێکی کەشف کردبێت و دیدی گشتیی خوێنەر چاوی پێ نەبردێت، بەڵام بەراز چونکە لە پۆخڵەواتان دەژی، بڕێک کەس پێیان وایە گوڵ ناتوانێت لە سکرابخانە یان لە زبڵخانە بڕوێت. ئەگەریش ڕوا هەوڵ دەدەن نکۆڵی لێ بکەن، بۆیە چاویلکەی ئایدۆلۆژیا هەندێک جار بۆ نەدیتنە نەک بۆ بینین.

سێزدە: باڵندە پێویستیان بە کتێبخوێندنەوە نییە، بە قەولی شاعیر ئەوان کتێبی خۆیان لەسەر با دەنووسن. شاعیرانیش پێویستیان بە کتێبخوێندنەوە نییە، ئەوان خۆیان کتێبی خۆیانن، بە قەولی خۆیان. بەڵام لەناو باڵندەکاندا قومری هەیە، کە زیاتر بەوە ناسراوە سەرباڵی شینە، نەک بە کتێبخوێندنەوە.

چاردە: تۆم و جێری، بەس لەو کاتەیا کتێب دەخوێننەوە، کە بیانەوێت خوتتەیەک دژی ئەوی تر بەکار بێنن. ئەمەیش بە ناشەریفانەترین کارێک هەژمار کراوە کە مێژووی فلیمکارتۆن بە خۆیەوە بینیوە. ئەوەی تۆم و جێری پێی هەڵدەستن خوا هەڵناگرێت کارێکی هەتا بڵێیت مشکوپشیلە-ناپەسەندە. پرسیار ئەوەیە ئەسڵەن ئەم کتێبانە چۆن چاپ دەکرێن. جا وەک برادەرانی فەیسبووک بە لاقرتێوە دەپرسن ئێستا لەم کاتەیا ئاخۆ وڵاتەکەمان پێویستی بەم کتێبە تووڕەهاتانەیە یان مەعاش و نەوتی بەرەزستان و ئەو شتانە! جەیمز جۆیس هەڵدراوە بۆ ئاسمان ئەو پێی ناخۆشە دەڵێت کەی کاتی ئەوەیە من چاوەڕێی بە پەلەی ئەمشەوم بزانم ڕەئیسی کەی دێتەوە. بۆ ڕەئیسیی داماو دەوێرێت لە ئێران دەربچێت تا بێتەوە! کە قاسمیان بەو دەردە برد، دەسەڵاتی تاران لێیان بووبوو بە کێشە کە خامنەیی لە کوێ بشارنەوە، فەقیرە لە هەر شوێنێک دایان دەنا هەر دیار بوو.

پازدە: ئەو کەسەی یەکەم کتێبی جیهانی خوێندەوە، بەیانییەکەی لە خەو هەستا نەیدەزانی چی بکات، بۆیە بڕیاری دا خۆی دووەم کتێبی جیهان بنووسێت. ئێمەش بە ناخێرێ دانیشتووین کتێبەکەی دەخوێنینەوە، توومەز هەر باسی ئەوە دەکات کە ئێستا عەرزم کردن، بەڵام بە هەزارودووسەد لاپەڕە. گلەیییش دەکەن کە خەڵک بۆ کتێب ناخوێننەوە. وەکی دەنگدانیش دێ دەرێن مامۆستا وەرە نوسخەمان لۆ داناوی، کوڕە کیرتان لە دوڕ قونگم ئەگەر ئەمجارە کتابتان بخینمەوە.

شازدە: خزمانی ئێمە مەیموونەکان ئەگەر کتێبیشیان خوێندبێتەوە هەر سەراوبن خوێندوویانەتەوە، بۆیە حاڵیان جوانە. دەشتوانین بڵێین بۆیە حاڵمان جوانە، یان لە ڕووی کوردییەوە دەتوانین بنووسین حاڵمان بۆیە جوانە.

Leave a comment