ناریا

لەیلا مستەفانەژاد

لەسەر ڕێگا ڕاوەستاوم، سەرم لێ شێواوە، نازانم بەرەو کوێ بڕۆم، چاوەڕوانم هی کی؟ نازانم. دەزانم و بڕوا ناکەم بێت. باران دەبارێت. هاوین و باران! لە پەنایەک کز و مات دادەنیشم. جووتێک پێلاو لە پێشم وەستاون. نایناسم و دەیناسم. سەرم هەڵدێنم بڕوا ناکەم، خۆیەتی؟ دەستە گوڵێکی پێیە، لە تەواوی ئەو گوڵانەی پێم جوانن، ڕۆزی سوور، نەرگیز، مێخەک، ژیپسۆفیلا و… وەری دەگرم. کوڵی گریان دەمگرێت. هەموو ژیانم دەمهەویست کەسێک گوڵم بۆ بێنێت. ناگریم. نابێ بگریم. حەز دەکەم توند لە باوەشی کەم. دەترسم. وردە وردە بە ڕێگادا وەسەردەکەوین. دەپرسێت: دەترسی؟ نا. ئەو ڕێگایەم هەر لەبەرە، ئێستا نا ساڵێکی دی یان هەر چەند ساڵی دی هەر دەبێ بڕۆم. دەڵێم: وەرە باسی شتی ناخۆش ناکەین. حەز دەکەم پێبکەنین، قسەی خۆش بکەین، وەکوو چۆن هەمیشە بە ئاوات بووم. دەگەینە تاقەدارەکە. نیشانی دەدم، دەڵێم: بچین وێنە بگرین چاو چەند جوانە. پێدەکەنم، لە هەموو وێنەکان پێدەکەنم. گوڵەکانم دێنمە پێش کامێرا. دەڵێم: دەزانی مرۆڤی عاشق لە کاتی وێنەگرتن دیارە. دەپرسێت: چۆن؟ دەڵێم: مرۆڤ کە عاشق بوو، چاو لەو کامێرا سارد و سڕە ناکات. چاو لە چاوی ئەو کەسە دەکات کە خۆشی دەوێت و دواتر وێنەکە دەبینێت. لە ناخی دڵی بۆ ئەو کەسە پێدەکەنێت، بەڵام کە کەس نەبوو لە ژیانت، نازانی چاو لە کوێ بکەیت، دەستت چی لێبکەیت. دەپرسێت: دەی ئێستا تۆ کامیان بوو؟ پێدەکەنم، لە ناخی دڵم پێدەکەنم و چاوی لێدەکەم. دەپرسم: ئەی تۆ وێنە ناگری؟ دەڵێت: نا، ئەوڕۆ هی تۆیە، هەر خۆت کەسی دی نا. چاکێک(مەرقەدـ گۆڕی پیاو چاکان) هەر لە خوارەوەی تاقە دارەکەیە. چاوی لێدەکەم بێ ئەوەی قسەیەک بکەم لەگەڵم دێت. چەند بەردی ورد دەبینمەوە، دادەنیشم، بە کێلەکەی وەدەنێم یەک یەک بەردەبنەوە خوارێ تا یەکیان دەیگرێت. پێدەکەنێت دەپرسێت: چیت ویست؟ گووپم سوور دەبن دەنگم دەلەرزێت، دەڵێم: هیچ. دەستم دەگرێت هەستمەوە سەر پێ. شاڵێکم بۆ لێدەکاتەوە، لە دەستمی دەبەستێت، ئەوە جوانترین دەستبەندی ژیانمە، دیسان دەستم دەگرێت، گەرمای دەستی خۆشترین هەستی دنیایە. دەستی بەرنادەم. دەست سەرنجراکێشترین بەشی لەشە. مرۆڤ هەر بەو دەستانە دنیا دەناسێت. باران نم نم دەبارێت، دەپرسێت: سەرماتە؟ حەز دەکەم بڵێم؛ لای تۆ هەموو شتێک جوانە، سەرمام نییە، لە هیچ ناترسم، بەڵام دەترسم وابڵێم و بڕوات، وەکوو هەموو جارێک کە زانی خۆشم دەوێت، دووری کردمەوە، تەنیا دەڵێم: نا. بیر لەوە دەکەمەوە چەند جار خۆشم ویستووە، هەزاران جار، دڵنیام پێش بە دنیا هاتنم خۆشم ویستووە، پاش مەرگیشم خۆشم دەوێت. دەستی بەردەدەم. نەکا تێبگات لە دڵم. پێدەکەنم، دەڵێم: دەزانی کە منداڵ بووم حەزم دەکرد کوڕ بم ناوم مەحموود بێت، وەکوو کچێکی چووکەی بەدفەڕ، بەردەوام قسە دەکەم، پێدەکەنم، چاوم بە پشیلە پاییزەیەک دەکەوێت، بە هێواشی لێیدەکەمەوە. دەپرسم: بۆ پێی دەڵێن پشیلە پاییزە؟ دەڵێت: نازانم، بەڵام پێی دەڵێن پەپوولە پاییزە، تووکە پشیلە، لە هەر ناوچەی کوردستان ناوێکی هەیە. دەڵێم: من پێموایە نە پەپوولەیە و نە پشیلە و نە پاییزە، چون دە بەهار و هاوینیش دا هەیە.

ئەوە ناریایە، شتێک کە ناردراوە. قسەیەکی نەگوتراوی پێیە، یان نا قسەیەکی گوتراو کە نەیانبیستووە، یان بیستوویانە و وەریان نەگرتووە. دڵتەنگییەکی پێیە، دڵتەنگییەکی قورس کە سووکی کردووە، دڵتەنگییەکەی ئەوەندە قوورسە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبێت، تا ڕۆژێک ئیتر بەرگە ناگرێت و بە شنەبایەک هەڵدەوەرێت. فووی لێدەکەم، نەرم نەرم هەمووی هەڵدەوریت. دەڵێم: چاو چەندە دڵتەنگە. دەگەینە سەرەوە. ڕاستی تۆکمە ئاوەکەی (شوێنی نوێژ کردنە) چاکیان کردووە. گوڵەکان یەک یەک لە سەر گۆڕەکان دادەنێم. دەڵێم: ڕەنگە ئەوانیش وەکوو من گوڵیان خۆش بوێت. هەر لە سەر تۆکمەکە دانیشتووە، چاوم لێدەکات، دەچم لە لای دادەنیشم. لە گۆڕستان ڕا شار دیارە، وەکو ئەوەی مەرگ لە بەر دەمت بێ و ژیان لە بەر چاوت.

حەز دەکەم لە باوەشم بکات، سەرم لەسەر دڵی دانێم، بەڵام زۆر دەترسم، بڵێم؛ بێمە باوەشت، وەکوو هەمیشە بڵێت؛ نا. خۆی لە باوەشم دەکات، دەپرسم: شیعرم بۆ دەخوێنییەوە؟ چیت پێ خۆشە. دەڵێم: دلاوەر قەرەداغی/ کەس لە تۆ نەچوو. هیچ نابیستم جگە لە دەنگی ئەو و دەنگی دڵی.

چاوی لێدەکەم، ماچم دەکات، من دەگریم، دەڵێت: بۆ گریان، مەگەر هەر ئەو دوعایەت نەدەکرد. دیسان گووپم سوور دەبن، دەڵێم: با، من ئیتر بەشی خۆم لەو ژیانە وەرگرت.

دەڵێت: دەبێ بڕۆم. چاو لەو ڕێگا خاکییە دەکەم، کە ئەوبەر ئەوبەری دارە، شێویەکی زۆر جوانی بە قەبرستانەکە بەخشیوە، کوتاییەکەی دیار نییە. وەکوو ئەوەی ڕێک دەچێت بەرەو تاریکی و مەرگ. دەڕوات بەرەو ژیان و شار، دەگەڕێتەوە بۆ لای من، دێت، دڵم توند توند لێدەدات. حەز دەکەم بڵێت مەڕۆ، لەگەڵم وەرە بەرەو ژیان، بەڵام لە بن گوێم، دەڵێت: ئەوە تەنیا خەیاڵێک بوو.

 

Related Posts

Leave a comment