مۆدێلی زمانیی GPT-3 بە سەرکەوتوویی لاسایی دانیاڵ دێنێتی فەیلەسووفی بەناوبانگ دەکاتەوە

ن: ژیار ف. نەسڕەدین

مۆدێلی GPT-3، کە یەکێکە لە سەرکەوتووترین مۆدێلەکانی زمانەوانی، توانیوییەتی لە نوێترین کار کە لەسەری ئەنجامدراوە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لاسایی نووسینەکانی فەیلەسووفی بەناوبانگ دانیاڵ دێنێتی فەیلەسووفی بەناوبانگی بواری فەلسەفەی زەین بکاتەوە. ئەم هەڵسەنگاندنەش لەسەر شێوازی تاقیکردنەوەیەک ئەنجام دراوە کە کۆمەڵێک بەشداربوو تیایدا بەشدارییان کردووە و هەوڵیان داوە ئەو نووسینانەی دێنێت لە نووسینەکانی GPT-3 جیا بکەنەوە. لەنێو ئەم بەشداربووانەش، کۆمەڵێک کەسانی شارەزا هەبوون، لە نووسینەکانی دێنێت و تەنانەت ئەوانیش نەیانتوانیوە بە سەرکەوتوویی نووسینەکانی GPT-3 و نووسینەکانی دێنێت لە یەکدی جیا بکەنەوە. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین هەنگاو بە هەنگاو پرسیارەکان لەبارەی ئەم بابەتەوە وەڵام بدەینەوە.

ئایا GPT-3 چییە؟

مۆدێلی زمانەوانیی GPT-3 یەکێکە لە مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد کە لەسەر بنەمای تەکنیکەکانی فێربوونی قووڵ Deep Learning بونیاد نراوە. ئەم مۆدێلە لەلایەن کۆمپانیای OpenAI ـەوە پەرە پێدراوە و لە ساڵی ٢٠١٩ دا کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لەڕێی ڕێککەوتنێکی ١ ملیار دۆلارییەوە لایەنی بەرانبەری ڕازی کردووە کە تەنها کڵاودی مایکرۆسۆفت بەکاربهێنن بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرۆگرامە و لە ساڵی ٢٠٢٠ دا مایکرۆسۆفت ڕەزامەندییەکی تایبەتمەند و پارێزراوی وەرگرت کە تواناکانی gpt-3 بەکار بهێنێت لەنێو بەرهەمەکانی کۆمپانیاکەدا. ئامانجی gpt-3 ئەوەیە کە هەوڵ بدات بە شێوەیەکی چووست و دروست لاسایی زمانی مرۆیی بکاتەوە، ئەمەش لەڕێی وەبەرهێنانی نووسینێک کە لە ئاستێکی بەرزدا بێت بەلای مرۆڤەکانەوە تا ڕاددەیەک کە نەتوانن جیای بکەنەوە لە نووسینی مرۆڤی دی. لەو کاتەوە ئەم مۆدێلە بەکارهێنراوە بۆ نووسینی شیعر، نووسراوی هەواڵی، نووسراوی ئەکادیمی، گفتوگۆی ئاسایی ڕۆژانە…هتد، و لە زۆرێک لەم کارانەدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی تێدا بەدی کراوە. ئەوەی جێی سەرنجیشە ئەوەیە کە تەنانەت دەتوانێت زۆرکات نوکتەش بگێڕێتەوە. سەرکەوتنی ئەم جۆرە مۆدێلە زمانییانە، وەکLaMDA ـش، هێندە سەرسامکەرە کە زۆرکات پەرەپێدەرەکانیشیان سەرسام دەکەن. ئەمەش بۆ شێوازی کارکردنی ئەم مۆدێلە دەگەڕێتەوە لە ڕووی کارکردنییەوە، چونکە هەوڵ دەدات بەدوای کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشدا بگەڕێت لەنێو ئەو داتایانەی کە پێی دەدرێت و بەکاریان بهێنێت لەپێناو وەبەر‌هێنانی ئەو شێوازە زمانییەی کە بەکاردەهێنرێت بۆ مەبەستە جیاوازەکان. ئەمەش بنەمای کارکردنییەتی لەم تاقیکردنەوەیەی ئەمجارەدا.

تاقیکردنەوەی gpt-3 لەسەر نووسینەکانی دانیاڵ دێنێت.

سەرەتا لەپێناو ئەوەی کە ئەم سیستەمە لەگەڵ شێوازی نووسینی دێنێتدا ڕابێت، لێکۆڵەران لەگەڵ دێنێتدا دوان و پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەو ١٠ پرسیار و وەڵامیان لەبارەی بابەتی جیاواز سەبارەت بە فەلسەفەی زەین لێوەرگرت و وەک داتای مەشق بەکاریان هێنا لەپێناو مەشق پێکردنی gpt-3 لەسەر شێوازی نووسینی دێنێت. ئەوان پێش بەکارهێنانی دێنێت هەمان کاریان لەسەر ئەم مۆدێلە ئەنجامداوە بە بەکارهێنانی تێکستی فەیلەسووفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت و جارێکی دیکەش بە بەکارهێنانی نووسینەکانی بلۆگی ئێریک شویتزگێبل، کە یەکێکە لە زاناکانی ئەنجامدەری ئەم تاقیکردنەوەیە. ئەمەش لەپێناو دروستکردنەوەی شێوازە نووسینی تایبەت بە کانت و ئەوی دی تایبەت بە شویتزگێبل. بەڵام جیاوازی دێنێت و کانت ئەوەیە کە دێنێت زیندووە و لەڕێی ئەمەشەوە دەتوانن ڕای تایبەتیی خۆی وەرگرن سەبارەت بە تاقیکردنەوەکە و ئەنجامەکانی. لە پاش مەشقکردن بە gpt-3 لەسەر وەڵامەکانی دێنێت، هەمان پرسیارەکانی کە لە دێنێت کرابوون، دووبارە لە مۆدێلەکە کرانەوە و وەڵامەکانی مۆدێلەکەشیان تۆمارکرد کە ئامانج لێی ئەوەبوو بە شێوازی دێنێت وەڵام بداتەوە.

پاش وەرگرتنی ئەم داتایانە، هاتن تاقیکردنەوەیەکیان ڕێکخست کە پێکهاتووە لە ١٠ پرسیارەکە و لە هەڵبژاردنێکی ٥ بژاردەییدا تەنها یەکێک لە وەڵامەکان وەڵامی دێنێت خۆیەتی و ٤ وەڵامەکەی دی وەڵامی gpt-3 ـیە بۆ پرسیارەکان لەسەر شێوازی نووسینی دێنێت. لەم تاقیکردنەوەیەدا ٤٢٥ کەس بەشدارییان کرد کە ٩٨ کەس لەڕێی پلاتفۆڕمێکی ڕاپرسییەوە بەشداربوون، ٣٠٢ کەس لەڕێی خوێندنەوەی بلۆگەکانی شویتزگێبلەوە بەشداربوون و ٢٥ کەسیش بریتی بوون لە کەسانی شارەزا بە کارەکانی دێنێت، کە ستافەکە خۆیان بە دیاریکراویی پەیوەندییان پێوە کردبوون. تاقیکردنەوەکە کۆمەڵێک ئەنجامی سەیری بەدەستەوەدا:

  • ئەو کەسانەی کە لەڕێی پلاتفۆڕمەکەوە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بەشدارییان کردووە، ڕێژەی %٢٥ ی وەڵامەکانیان ڕاست بووە، کە ڕێژەیەکە نزیکە لە ئەنجامدانی هەڕەمەکی تاقیکردنەوەکە (کە ڕێژەی %٢٠ وەڵامی ڕاستت دەبێت).
  • ئەو کەسانەی لەڕێی بلۆگەکەوە ڕاپرسییەکەیان ئەنجامداوە، ئەنجامی ٤٨% وەڵامەکانیان ڕاست بووە، کە لە خۆیدا سەرنج ڕاکێشە.
  • ئەو کەسانەی کە شارەزابوون لە کارەکانی دێنێت دا، تەنیا توانیویانە بە ڕێژەی %٥١ وەڵامی ڕاست بەدەست بهێنن، واتە تەنیا توانیویانە نیوەی نووسینەکانی دێنێت لەوانەی gpt-3 جیا بکەنەوە. ئەمە بە سەرکەوتنێکی زۆر مەزن دادەنرێت، چونکە ئەوە دەردەخات کە gpt-3 هێندە سەرکەوتوو بووە لە کارەکانیدا کە گەیشتووە بە ڕاددەیەک کە شارەزایانیش لە دێنێتی جیا نەکەنەوە.
  • لەنێوان هەموو ئەو بەشداربووانەدا، هیچ کەسێک نەبووە کە هەموو وەڵامەکانی ڕاست بێت. تەنها یەک کەسیش هەبووە کە ٩ لە ١٠ ڕاستی هەبێت.

 

 

لە ئێستاشدا، ئەم تاقیکردنەوەیە بەشێوەی ئۆنڵاین لەبەردەستە و دەتوانیت لەڕێی ئەم بەستەرەوە تۆش بەشداربیت، تا بزانیت، تا چەند دەتوانیت دێنێت لە gpt-3 جیا بکەیتەوە.

توانای سەرکەوتنی gpt-3 لە لاساییکردنەوەی نووسینێکی فەلسەفی کەسایەتییەکی وەک دێنێتدا کۆمەڵێک پرسیاری زۆر لەبارەی لێکەوتەکانی تەکنەلۆژیاکانی زمان دەهێنێتە ئاراوە.

لێکەوتەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە:ـ

لە پاش ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی، کۆمەڵێک لێکەوتەی جێ پرس هەیە، کە دەکرێت بخرێنە بەر باس لەسەر ئەم ئەنجامانە. یەکێک لەو لێکەوتانەش بریتییە لە بابەتی مافی پارێزراویی بابەتێک Copyright. لەبەر ئەوەی کە ئەم مۆدێلانە هێندە زیرەکانە دەتوانن لاسایی نووسینی کەسێک بکەنەوە، دوور نییە کە لە داهاتوودا کۆمەڵێک نووسین ببینین وەک بەرهەمی ئەم مۆدێلانە، کە لەسەر شێوازی نووسینی نووسەرێک بڵاوی کردبێتەوە. بە نموونە، زۆر ئاساییە سبەی لە بازاڕدا کتێبێک ببینییەوە بە ناوی “ئەوەی کە چیخۆف دەکرا نووسیبای” یاخود “ئەگەر نالی بەردەوامبووایە لە شیعر نووسین، شیعرەکانی چۆن دەبوون؟”. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئەو داتایانەی ئەم ژیرییە مەشقی پێدەکرێت لەسەری، بریتین لە نووسینەکانی ئەو نووسەرانە. بۆیە ئەمە دەبێتە جێ پرس لەسەر ئەوەی ئاخۆ ئایا ئەم بەرهەمە تازانە دەکرێت لەژێر ناوی ژیرییەکەوە بڵاو بکرێنەوە، یاخود مافی نووسەری داتاکانە؟ ئەو کەسانەی کە وەڵامی دووەمیان لا دروستە دەکرێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە هەموو ئەو داتایانەی بەکارهاتوون بۆ نووسینە نوێ بەرهەمهێنراوەکە لە ڕاستیدا تایبەتن بە نووسەرە ڕاستەقینەکان بۆیە مافی ئەوانە، بەڵام بانگەشەکارانی وەڵامی یەکەم دەتوانن ئەوە بخەنە ڕوو کە ئەو نووسینەی بەرهەمهێنراوە لە کۆتاییدا بریتییە لە نووسینێک کە ئەو نووسەرە ڕاستەقینەیە نەینووسیوە و دەکرێت داتاکان وەک پرۆسەی ئیلهامبەخشین لێی بڕوانرێت نەک وەک دووبارەکردنەوە. ئەم گفتوگۆیە جێی بایەخە، چونکە لە ڕاستیدا ئێمەی مرۆڤیش بمانەوێت و نەمانەوێت ئیلهام لە دەوروبەرەوە وەردەگرین بۆ کارەکانمان و ناکرێت لەمە خۆمان ڕزگار بکەین، بەڵام ئایا چ بابەتێک ئیلهامە و چ بابەتێک دووبارەکردنەوەیە؟ ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی کە گفتوگۆیەکی درێژ بەدوای خۆدا دەهێنێت لەپاش ئەم تاقیکردنەوەیەوە.

 

یەکێکی تر لە لێکەوتەکانی، بریتییە لە چۆنییەتی مامەڵکردنی ئەخلاقی لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیایە. بەهۆی توانای سەرکەوتنی ئەم تەکنەلۆژیایە لە وەرگرتنی شێوازی نووسین و زمانی کەسێک و بەکارهێنانی، زۆر دوور نییە کە ئەم توانایە وەک ئامرازێک بۆ کردەی خراپ بەکاربهێنرێت. بە نموونە، دەکرێت تۆ لەپێناو لەکەدارکردنی کەسێکدا ئەم ئامرازە بەکاربهێنیت بە جۆرێک کە کەس نەتوانێت جیای بکاتەوە لە ڕاستیی بابەتەکان. ئەم مەترسییانە زۆرێک لە وڵاتانیان ناچار کردووە، کۆمەڵێک ڕێکار بگرنە بەر لەپێناو تەشەنە نەکردنی ئەم تەکنەلۆژیایانە، یاخود سنووردانان بۆ بەکارهێنانەکانی. بەتایبەتیش ئەم پرسی مەترسیانەی ژیری دەستکرد، دامەزراوەیەکی وەک نەتەوە یەکگرتووەکانی ناچار کردووە بەوەی کۆمەڵێک ڕێکار بگرێتە بەر و بڕێک پارەی زۆر بۆ بابەتی مامەڵەکردنی ئەخلاقییانە بەم بابەتەوە تەرخان بکات، بەڵام سەرەڕای ئەم تووندییەش دوور نییە کە لە داهاتوودا ئەم ئامرازانە لەلایەن کەسانێکەوە وەک ئامرازێکی سیاسی ئەو کارانەیان پێ جێبەجێ بکرێت.

ئیلوسترەیشن: ئازەر عوسمان

Related Posts

Leave a comment