توانا چاوەڕواننەکراوەکان کە لە مۆدێلە گەورەکانی ژیری دەستکرددا پەیدادەبن

توانا چاوەڕواننەکراوەکان کە لە مۆدێلە گەورەکانی ژیری دەستکرددا پەیدادەبن

نووسینی: ستیفن ئۆرنێس

وەرگێڕانی: ژیار ف. نەسڕەدین

ئایا ئەم ئیمۆجیانە ئاماژەن بە کام فیلمە؟ 🐡🐠🐟👧

ئەم دراوە یەکێک بوو لە دراوەکانی  پارکە بۆ تاقیکردنەوەی کۆمەڵێک لە مۆدێلە زمانییە گەورەکان (Large Language Models) بەکارهێنرا، کە ئەمانە بزوێنەرە کۆمپیتەرییەکانی چاتبۆتەکانی وەک چات جی پی تین. مۆدێلە سادەکان وەڵامێکی دوور لە ڕاستیان دایەوە، وەڵامی یەکێکیان بریتی بوو لە: “ئەمە فلیمێکە لەبارەی مرۆڤێکەوە کە پیاوە و کە مرۆڤە”. مۆدێلەکانی کە بە ڕێژەیەکی مامناوەند ئاڵۆزن زیاتر نزیک بوونەوە و وایان خەمڵاند کە ئەمە فیلمی زە ئیمۆجی موڤی The Emoji Movie یە. بەڵام مۆدێلە گەورەکان لە تەنها یەک هەڵهێناندا وەڵامەکەیان پێکا و وتیان کە ئەمە فیلمی دۆزینەوەی نیمۆ Finding Nemo یە.

“لەبری  چاوەڕوانکردنی وەڵامی سەیر، من سەرم سووڕماوە لە توانای ئەم مۆدێلانە” وتەی ئیتان دایەر، یەکێک لە زانایانی بواری کۆمپیتەری دەزگای لێکۆڵینەوەی گووگڵ Google Research کە یارمەتیدەر بووە لە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە. ئەمە سەرنجڕاکێشە چونکە ئەم مۆدێلانە تەنها یەک ئامانجیان هەیە: ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵێک تێکستی نووسراو وەک دراو وەربگرن و بەشێوەیەکی بەردەوام خەمڵاندن بۆ ئەوە بکەن کە لە پاشتردا چی دێت، ئەمەش تەنها لەڕێی بەکارهێنانی ئامار. زانایانی کۆمپیتەر وەهای بۆچوون کە بەرزکردنەوەی توانای ئەم مۆدێلانە ئاستی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان زیاتر دەکات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کە ئەم مۆدێلانە لەپڕدا بتوانن چەندەها ئەرکی نوێ و چاوەڕواننەکراو جێبەجێ بکەن.

یەکێک لەو لێکۆڵینەوانەی هاوشێوەی ئەوەی کە دایەر کاری لەسەر دەکات ئەوەی خستووەتە ڕوو کە مۆدێلە زمانییە گەورەکان دەتوانن سەدەها سیفەتی نوێ بهێننە ئاراوە، کۆمەڵێک ئەرک کە مۆدێلە گەورەکان دەتوانن ئەنجامیان بدەن بەڵام مۆدێلە بچووکترەکان ناتوانن، و ئەم ئەرکانەش زۆرجار تێکست شیکردنەوە تێدەپەڕێنن. ئەم ئەرکانە هێندە جیاوازن لە لێکدانەوە بۆ بەرهەمهێنانی کۆدی کۆمپیتەر بۆ زانینی فیلم بەپێی ئیمۆجی لەخۆ دەگرن. شیکارییەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ هەندێک لە ئەرکەکان و هەندێک لە مۆدێلەکان، ئاستێکی ئاڵۆزی هەیە کە لە پاش ئەو ئاستە توانای کاری ئەم مۆدێلە زۆر بەرز دەبێتەوە (بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بە دیوێکی تاریکیش دەکەن کە تا ئاڵۆزی زیاد بکات کۆمەڵێک ئاراستەداریی bias نوێ و نادروستی لە وەڵامەکانیاندا بەدی دەکرێت).

“ئەوەی مۆدێلەکانی زمان دەتوانن ئەم جۆرە کارانە ئەنجام بدەن لە هیچ لێکۆڵینەوەیەکدا کە لێی ئاگاداربم گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوە” بە وتەی ڕیشی بۆمماسانی، زانایەکی کۆمپیتەر لە زانکۆی ستانفۆرد. ڕیشی ساڵی ڕابردوو لیستێکی پێکهێنا کە چەندەها ڕەفتاری هاتووەئارا لەخۆدەگرێت، لەوانەشدا کۆمەڵێک ڕەفتاری کە لەلایەن پرۆژەی دایەرەوە دیاریکرابوون. ئەم لیستەش لە زیادبووندایە.

لە ئێستادا لیکۆڵەران نەک تەنها پێشبڕکێیانە لەسەر دەستنیشانکردنی سیفەتی هاتووەئارا، بەڵکو لە هەمان کاتدا دەیانەوێت بزانن بۆچی و چۆن دێنە ئاراوە، کە ئەمەش لە جەوهەردا بریتییە لە هەوڵی پێشبینیکردنی پێشبینینەکراو. تێگەیشتن لە هاتنەئارایی emergence دەکرێت بە گشتی کۆمەڵێک وەڵام لەبارەی پرسیارە قووڵەکانی سەربارەت بە ژیری دەستکرد و فێربوونی ئامێر بدات بەدەستەوە، وەک پرسیاری ئەوەی ئاخۆ ئەوەی ڕوودەدات ئەوەیە کە مۆدێلە ئاڵۆزەکان کارێکی نوێ ئەنجام دەدەن یاخود تەنها ئەوەیە کە ئاستیان زۆر باشتر دەبێت لە ئەنجامدانی ئاماردا؟ ئەمە دەکرێت لە هەمان کاتدا یارمەتی لێکۆڵەران بدات لەوەی لە سوودەکانی زیاتر سوودمەند بن و مەترسییە هاتووەئاراکان کەمتر بکەنەوە.

“ئێمە ناتوانین ئەوە دەستنیشان بکەین کە لە کام گۆشەیەدا توانای ئازاربەخشینیان زیاد دەکات، و ئاخۆ ئەمە بە شێوەیەکی لەپڕ دەبێت یاخود چاوەڕوانکراو.” بە وتەی دییپ گانگولی، زانایەکی بواری کۆمپیتەر لە ئەنترۆپیک Anthropic.

‌‌هاتنەئارای هاتنەئارایی

 

زیندەزانەکان، فیزیکزانەکان، ژینگەناسەکان و زانایانی دی چەمکی “هاتووەئارا emergent” بەرامبەر بە کۆمەڵێک ڕەفتاری کۆمەڵە و خود ڕێکخەر بەکاردەهێنن کە کاتێک وادەردەکەوێت کۆمەڵێک شت وەک یەک یەکە مامەڵە بکەن. کۆمەڵەیەک لە ئەتۆمی نا زیندوو ئەبنە هۆی هاتنە ئارای خانەیەکی زیندوو، گەردەکانی ئاو دەبنە شەپۆڵ، پۆلە باڵندەکان لە ئاسماندا بە شێوازی جیاواز و ناسراو دەفڕن، خانەکان ماسوولکەکان دەجۆڵێنن و دڵ دەخەنە ترپەوە. توانا هاتووەئاراکان لە چەندەها سیستەمی خاوەن پارچەی زۆردا پەیدا دەبن. بەڵام لێکۆڵەران تەنها تازەکی توانیویانە لە مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا ئەم ڕەفتارانە تۆمار بکەن، ئەمەش پاش ئەوەی کە ئەم مۆدێلانە گەیشتوونەتە ئاستێکی گەورەبوونی بەرچاو.

مۆدێلە زمانییەکان چەند دەیەیەکە لە ئارادان. تا پێنج ساڵ پێش ئێستا بەهێزترینیان لەسەر بنەمای تۆڕە دەمارییە دووبارەبووەکان recurrent neural networks بوونیاد نرابوون. ئەمانە لە بنچینەدا نووسینێک دەهێنن و دەیخەمڵێنن کە وشەی پاش ئەوان چی دەبێت. ئەوەی وایلێدەکات پێی بووترێت دووبارەبووەوە ئەوەیە کە لە ئەنجامەکانی خۆیەوە فێر دەبێت؛ پێشبینییەکانی دەبنەوە بە داتا بۆ تۆڕەکەی لەپێناو باشترکردنی ئاستی داهاتووی.

لە ساڵی ٢٠١٧ دا، لێکۆڵەرانی گووگڵ برەین Google Brain شێوازێکی دیکەیان خستەڕوو بە ناوی ترانسفۆرمەر transformer. لە کاتێکدا تۆڕە دەمارییە دووبارەبووەکان وشە بە وشە شیکاری بۆ ڕستە دەکەن، ترانسفۆرمەرەکان کار لەسەر هەموو وشەکان دەکەن لە هەمان کاتدا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ترانسفۆرمەرەکان توانای شیکاری کۆمەڵێکی زۆری نووسینیان هەیە بە بەراورد بە تۆڕە دەمارییە دووبارەبووەکان.

ترانسفۆرمەرەکان یارمەتیدەر بوون لەوەی کە ئاڵۆزی مۆدێلە زمانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێش بەرن، ئەمەش بە زیادکردنی ڕێژەی پارامیتەرەکان لە مۆدێلێکدا و کۆمەڵێک هۆکاری دی. ئەم پارامیتەرانە دەکرێت بە پەیوەندییەکانی نێوان وشەکان وێنا بکرێت، و مۆدێلەکان بە ڕێکخستنی ئەم پەیوەدییانە لە کاتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ نووسینەکاندا لە ساتی ڕاهێناندا پەرەدەسێنن. تا پارامیتەری مۆدێلێک زیاتر بێت، ئەوەندە زیاتر دەتوانێت بە دروستی پەیوەندی دروست بکات، وە زیاتر نزیک دەبێتەوە لەوەی بەشێوەیەکی دروست لەئاسایی زمانی مرۆیی بکاتەوە. وەک چاوەڕوانکراو بوو، لە شیکارییەکی ساڵی ٢٠٢٠ ی تایبەت بە ئۆپن ئەی ئای Open AI لێکۆڵەران ئەوەیان دۆزییەوە کە مۆدێلەکان لە بەرەوپێشچوونیاندا دروستی و تواناکانیان زیاتر دەبێت.

بەڵام هاتنەئارای مۆدێلە زمانییە گەورەکان شتێکی دی چاوەڕواننەکراوی هێنایە ئاراوە. بگرە نەک یەک، بەڵکو چەندەها شت. لەگەڵ داهێنانی مۆدێلەکانی هاوشێوەی جی پی تی ٣ GPT-3، کە ١٧٥ ملیار پارامیتەری هەیە، یاخود گووگڵ پاڵم PaLM، کە دەکرێت بۆ ئاستی ٥٤٠ ملیار پارامیتەر بەرز بکرێتەوە، بەکارهێنەران درکیان بە کۆمەڵێک ڕەفتاری هاتووەئارای نوێ کرد. تەنانەت یەکێک لە ئەندازیارانی دییپ مایند Deep Mind ئاماژەی بەوە کرد کە توانیویەتی چات جی پی تی قاییل بکات کە ئەوەی ئەو لەسەر سیستەمی لینوکس Linux کاردەکات و وەهای لێکردووە کە کۆمەڵێک کۆدی ماتماتیکی بۆ ژماردنی یەکەمین دە ژمارە سەرەتاییەکان جێ بە جێ بکات. بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش، ئەم کارەی خێراتر لە هەمان کار لەسەر سیستەمێکی لینوکسی ڕاستەقینە ئەنجامداوە.

بە هەمان شێوەش لە ئەرکی ناسینەوەی فیلم لەڕێی ئیمۆجییەوە، لێکۆڵەران پێیان وا نەبوو کە مۆدێلێکی زمانەوانی کە بۆ خەمڵاندنی نووسین بوونیادنراوە دەتوانێت لەئاسایی کۆمپیتەر تێڕمیناڵێک بکاتەوە. زۆرێک لەم سیفاتە هاتووەئارایانە دەرخەری فێربوونی “تاکە چانس one-shot” یاخود فێربوونی “هیچ چانس zero-shot”ـن، کە ئاماژەیە بە توانای مۆدێلە زمانییە گەورەکان لە شیکاریی کۆمەڵە کێشەیەک کە پێشتر بە هیچ جۆرێک یاخود بە ڕاددەیەکی زۆر کەم پێی نیشان نەدراوە. ئەمە یەکێک بووە لە ئامانجە دوورە مەوداکانی لێکۆڵینەوە لە کایەی ژیری دەستکرد، بەپێی وتەی گانگولی. ئەو وتی کە ئەوەی کە جی پی تی ٣ دەتوانێت کۆمەڵێک کێشە شیکار بکات کە هەرگیز بە ڕوونی لە داتا پێدراوەکانیدا نەبووە و بە هیچ چانس دروستبووە بووە هۆی ئەوەی “کە واز لەوە بهێنم کە خەریکیم و زیاتر بەدوادابۆچوون بۆ ئەمە بکەم.”

ئەو تاکە کەس نەبوو، چەندەها لێکۆڵەر کاتێک یەکەمین ئاماژەکانیان وەرگرت لەسەر ئەوەی مۆدێلە زمانییە گەورەکان دەتوانن لەدەرەوەی سنووری داتا مەشقپێکراوەکانیان شت بەرهەم بهێنن، ئێستا لە هەموو هەوڵێکدان لەپێناو باشتر تێگەیشتن لەوەی هاتنەئارایی واتای چییە و چۆن ڕوودەدات. یەکەمین هەنگاویش بریتی بوو لەوەی بە چڕی تۆمار بکرێت.

لەپاش لەئاساییکردنەوە

لە ساڵی ٢٠٢٠، دایەر و کۆمەڵێکی دی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی گووگڵ پێشبینی ئەوەیان کرد کە مۆدێلە زمانییە گەورەکان کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورەیان تیادا بەسەدرێت، بەڵام ئەوەی کە ئاخۆ ئەو گۆڕانکارییانە چین بریتی بوو لەو پرسیارەی کە وەڵامەکەی هێشتا نەزانراو بوو. بۆیە داوایان لە کۆمەڵگەی لێکۆڵینەوە کرد کۆمەڵێک نموونە لەبارەی ئەو ئەرکە جیاواز و قورسانە ببەخشن کە مۆدێلە زمانییە گەورەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن، ئەمەش لەپێناو دۆزینەوەی سنوورەکانی ئەم توانایانە. ئەم هەوڵە ناوی لێنرا “پرۆژەی پێوانەی لە پاش گەمەی لەئاساییکردنەوە  Beyond the Imitation Game benchmark project”، ئەم ناوە لە “گەمەی لەئاساییکردنەوە Imitation Game” ی تایبەت بە ئالان تورین Alan Turing ـەوە هاتووە، کە بریتییە لە تاقیکردنەوەیەک لەپێناو ئەوەی بزانرێت ئاخۆ کۆمپیتەرەکە دەتوانێت بەشێوەیەک وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە کە لەڕووی مرۆییەوە قاییلکەر بێت. (ئەمە دواتر ناوەکەی دەبێت بە تاقیکردنەوەی تورین Turing Test). ئەم گروپە بە دیاریکراوی ئەو نموونانەیان بەلاوە گرنگ بوو کە تیایاندا مۆدێلە زمانییە گەورەکان کۆمەڵێک سیفاتیان پەیدا کردبوو کە لەپێشتردا ئامادەیی نەبوو تیایاندا.

دایەر دەڵێت: “ئاخۆ ئێمە چۆن لەم گۆڕانکارییە ڕیشەییانە دەڕوانین بریتییە لە پرسیارە سەرەکییەکەی لێکۆڵینەوەکە.”

وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت، لە کۆمەڵێک ئەرکدا توانای مۆدێلەکە زیاتر بوو، کە ئەمەش پێشبینیکراو بوو بەپێی ئەوەی ئاڵۆزییەکە بەرەو زیادبوون دەڕۆیشت. بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەم زیادکردنی پارامیتەرانە لە ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی تردا هیچ جیاوازییەکی دروست نەکرد. بەڵام بۆ 5% ی ئەرکەکان، لێکۆڵەرەکان کۆمەڵێک دەستکەوتی ڕیشەییان بەدیکرد: کۆمەڵێک بازی لەپڕ و گەورە لە ئاستی جێبەجێکردندا بە بەراورد بە سنوورەکان. ئەم سنوورانەش بەپێی ئەرک و مۆدێلەکە جیاوازبوون.

بە نموونە، ئەو مۆدێلانەی تەنها کۆمەڵێک پارامیتەری کەمیان هەیە (واتا تەنها چەند ملیۆنێک) نەیاندەتوانی بە سەرکەوتوویی کۆکردنەوەی ژمارەی سێ ڕەنووسی یاخود لێکدانی دوو ڕەنووسی ئەنجام بدەن، بەڵام بە ئامادەیی دەیان ملیار پارامیتەر ڕێژەی دروستی بەڕاددەیەکی زۆر بەرز بووەوە. بازی هاوشێوە بۆ ئەرکەکانی دیکەش ڕوویاندا، وەک کۆدهەڵوەشاندنەوەی ئەلفۆبێی فۆنەتیکی جیهانی، پێکهێنانەوەی پیتەکانی وشەیەک، دیاریکردنی وشە سووکایەتیپێکەرەکانی نێو پەرەگرافەکانی کە بە زمانی هینگلیزی (تێکەڵەی هیندی و ئینگلیزی) نووسرابوون، و بەرهەمهێنانی پەندە سەواحیلییەکان بە زمانی ئینگلیزی.

بەڵام لێکۆڵەرەکان زوو ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە ئاڵۆزی مۆدێل تاکە هۆکاری ئەم بابەتە نییە. کۆمەڵێک سیفەتی چاوەڕواننەکراو دەکرێت بهێنرێتە ئاراوە بە بەکارهێنانی مۆدێلە بچووکەکان کە پارامیتەری کەمتریان هەیە – یاخود لەسەر داتا سێتی بچووکتر ڕاهێنراون – بە مەرجێک داتاکان کوالیتییان بەرز بێت. بەهەمان شێوە، شێوازی کردنی پرسیارەکە کاریگەری لەسەر دروستی وەڵامەکەوە هەیە کە لەلایەن مۆدێلەکەوە پێت دەبەخشرێت. کاتێک دایەر و هاوەڵانی ئەرکی دۆزینەوەی فیلم لەڕێی ئیمۆجیان بەخشی بە مۆدێلەکە، بەڵام ئەمجارە بە بەخشینی هەڵبژاردنەوە، ئەوکات بەدیان کرد کە گۆڕانکارییەکە لێرەدا لەپڕ نییە و بە شێوەیەکی هاوئاهەنگە لەگەڵ زیادبوون لە ئاڵۆزییدا. لە ساڵی ڕابردوودا و لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن نیور ئای پی ئێس NeurIPS ـەوە لە کۆبوونەوەکەیاندا پێشکەشکرا، لێکۆڵەرانی گووگڵ برەین ئەوەیان خستەڕوو کە چۆن مۆدێلێک کە توانای خۆناساندنی پێبەخشراوە (توانایەک کە ناوی بەڵگەسازییە لەڕێی زنجیرەی بیرکردنەوەوەchain-of-thought prompt) توانیویەتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کێشەیەکی بیرکاری بە بەکارهێنانی پیت شیکاری بکات، بەڵام هەمان مۆدێل بەبێ ئەم توانایە نەیتوانیوە هەمان کار ئەنجام بدات.

یی تەی، زانایەک لە گووگڵ برەین کە لەبارەی لێکۆڵینەوە سیستەماتیکەکانی دۆزینەوە نوێکاندا کاردەکات، ئاماژە بە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە دەکات کە باس لەوە دەکەن چۆن بەخشینی دەرفەتی بەڵگەسازیی لەڕێی زنجیرەی بیرکردنەوەوە گۆڕانکاری بەسەر ئاستبەرزبوونەوەکاندا دەهێنێت و بریتییە لەو خاڵەی کە تیایدا هاتنەئارابوون ڕوودەدات. لە لێکۆڵینەوەکەیان بۆ نیور ئای پی ئێس، لێکۆڵەرانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی گووگڵ ئەوەیان خستەڕوو کە دەرفەت بەخشینی بەڵگەسازیی لەڕێی زنجیرەی بیرکردنەوەوە دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی ڕەفتارە هاتووەئاراکان، کە ئەمەش لەلایەن لێکۆڵینەوەی بیگ بێنچەوە دەستنیشان نەکرابوو. ئەم دەرفەتانە، کە داوا لە مۆدێلەکە دەکەن ئاماژە بە شێوازی بەڵگەسازییەکەی بکەن، دەکرێت یارمەتیدەری لێکۆڵەران بن لەپێناو شیکاریکردن لەبارەی هۆی دەرکەوتنی ڕەفتارە هاتووەئاراکان.

لێکۆڵینەوە نوێکانی هاوشێوەی ئەوەی ڕابردوو ئاماژە بە دوو گریمانە لەبارەی دروستبوونی سیفەتە هاتووەئاراکان دەکەن، ئەمەش بەپێی وتەی زانای کۆمپیتەر ئێڵیی پاڤلیک Ellie Pavlick ـی زانکۆی براون کە لێکۆڵینەوە لەبارەی مۆدێلە کۆمپیوتەیشناڵەکانی زمانەوە دەکات. یەکەمیان ئەوەیە کە هاوشێوەی سیستەمە زیندەییەکان، مۆدێلە گەورەکان بە دڵنیاییەوە بەشێوەیەکی لەپڕ کۆمەڵێک توانای نوێ بەدەست دەهێنن. ئەو دەڵێت: “دەکرێت ئەم مۆدێلانە شتێک فێربووبێت کە بەشێوەیەکی ڕیشەیی نوێ و جیاواز بووبێت کە خاوەندارییەتی ئەمە نەبووبێت کاتێک بچووکتر بووبێت. ئێمە هیواخوازین کە ئەمە لێکدانەوەکە بێت، کە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ئامادەیی هەبێت کاتێک ئاستی مۆدێلەکان بەرز دەکرێتەوە.”

ئەوی دووهەمیان، کەمتر ئەگەری هەیە کە وابێت بە وتەی ئەو، ئەوەیە کە ئەوەی وەک هاتووەئارا دەردەکەوێت دەکرێت تەنها کۆبوونەوەی کۆمەڵێک پرۆسەی ئاماریی ناوەکی بن کە لەڕێی بەڵگەسازی و لەڕێی زنجیرەی بیرکردنەوەوە کاردەکەن. دەکرێت کە مۆدێلە زمانییە گەورەکان تەنها کۆمەڵێک ڕێگەی قەدبڕ فێربووبن کە هێشتا مۆدێلە بچووکەکان یاخود مۆدێلەکانی خاوەن داتای کەمتر کوالیتی دەستیان نەکەوتبێت.

بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە زانینی ئەوەی کام لەو دوو لێکدانەوانە ئەگەری زیاترە پەیوەستە بە زانینێکی زیاتر لەبارەی شێوازی کارکردنی مۆدێلە زمانییە گەورەکان. “چونکە ئێمە نازانین ئەوان لە ناوەوە چۆن کار دەکەن، ناتوانین بزانین کە کام لەو دووانەیە کە ڕوودەدات.”

هێز و ئاستەنگی پێشبینینەکراو

کێشەیەکی ڕوون هەیە لەبارەی پرسیارکردن لەم مۆدێلانە لەپێناو ئەوەی لەبارەی خۆیانەوە بدوێن، ئەویش ئەوەیە کە ئەوان درۆزنێکی بێ ئابڕوون. “ئێمە تا بێت زیاتر پشت بەم مۆدێلانە دەبەستین تا وەک کارە سەرەتاییەکانمان بۆ ئەنجام بدەن،” بە وتەی گانگولی، “بەڵام من تەنها پشت بەمە نابەستم، من دڵنیا دەبمەوە لە کارەکانیان”. وەک یەکێک لە نموونە سەیرەکان، لە مانگی شوباتدا گووگڵ چاتبۆتی تایبەتی خۆی خستەڕوو، بە ناوی باڕد Bard. لە بلۆگ پۆستێکدا ئاماژە بەوە کرا کە ئەم ئامرازە نوێیە هەڵەی زانیاری دەکات.

هاتنەئارایی دەبێتە هۆی پێشبینی نەکران، و پێشبینینەکران (کە وا دەردەکەوێت لەگەڵ بەرزکردنەوەدا زیاد بکات) ئەوە ئاڵۆزتر دەکات کە لێکۆڵەران بتوانن پێشبینی دەرئەنجامەکانی بەکارهێنانە بڵاوەکانی ببن.

“ئەوە کارێکی ئاڵۆزە کە بتوانیت پێش بەکارهێنان پێشبینی ئەوە بکەیت کە ئەم مۆدێلانە چۆن بەکاردەهێنرێن”، بە وتەی گانگولی. “وە بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی دیاردەی هاتووەئارا دەبێت نموونەیەکت لە خەیاڵدا بێت، و تۆ لەبارەی ئەمەوە نازانیت تا وەک لێکۆڵینەوە لەبارەی کاریگەری  توانا و سنوورە بەرئەنجامەکانی  ئەم ئاستبەرزکردنەوەیە نەکەیت.”

لە یەکێک لە شیکارییەکاندا کە بۆ مۆدێلە زمانییە گەورەکان کراوە، کە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە، لێکۆڵەرانی ئەنترۆپیک سەرنجی ئەوەیان داوە ئاخۆ ئەم مۆدێلانە کۆمەڵێک لایەنگیری کۆمەڵایەتی یاخود ڕەگەزی نیشان دەدەن، هاوشێوەی ئەوانە نا کە پێشتر ئەو ئەلگۆریتمانەی کە مۆدێلی گەورەی زمان نەبوون کە پێشبینی ئەوەیان دەکرد کام تاوانبارە پێشینانە ئەگەریان زیاترە تاوانێکی دی ئەنجام بدەن. بیرۆکەی ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ پارادۆکسێک دەگەڕێتەوە کە پەیوەستە بە دیاردەی هاتنەئاراییەوە: تا وەک مۆدێلەکان باشتر کار بکەن بەهۆی ئاست بەرزکردنەوەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی ئەگەری دیاردەی چاوەڕواننەکراو، لەنێویشیاندا ئەوانەی کە دەکرێت ببنە هۆی لایەنگیری و ئازاردان.

“کۆمەڵێک ڕەفتاری ئازاربەخش بەشێوەیەکی لەپڕدا دێنە ئاراوە لە هەندێک لە مۆدێلەکاندا”، گانگولی ئاماژەی پێکرد. ئەو ئاماژە بە شیکارییەکی نوێ دەدات لەبارەی مۆدێلە زمانییە گەورەکان، کە ناسراوە بە پێوەری بی بی کیو BBQ benchmark، ئەمەش باس لەوە دەکات کە لایەنگیری کۆمەڵایەتی لەگەڵ زیادکردنی ڕێژەی پارامیتەرەکان سەرهەڵدەدات. “مۆدێلە گەورەکان لەپڕدا لایەنگیرییان زیاتر دەبێت”. ئەو وتی کە شکست هێنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی خستنە سەر بەکارهێنەرانی ئەم مۆدێلانە.

بەڵام ئەو ئاماژە بە خاڵێکی پێچەوانەش دەکات: کاتێک کە لێکۆڵەران بە شێوەیەکی سادە بە مۆدێلەکەیان وتووە کە پشت نەبەستێت بە لەقاڵبدانەکان و لایەنگیرییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەها بە مۆدێلەکە وتراوە، مۆدێلەکە لایەنگیری کەمتری نیشانداوە لە پێشبینی و وەڵامەکانیدا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەکرێت کۆمەڵێک لە سیفاتە هاتووەئاراکان بۆ کەمکردنەوەی لایەنگیری بەکاربهێنرێن. لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە شوبات بڵاوکراوەتەوە، تیمی ئەنترۆپیک ئاماژەیان بە شێوازێکی تازەی “خود چاککردنەوەی ئەخلاقی moral self-correction” کردووە، کە تیایدا بەکارهێنەر داوا لە پرۆگرامەکە دەکات کە یارمەتیدەر، ڕاستگۆ بێت و ئازاربەخش نەبێت.

هاتنەئارایی، وەک گانگولی ئاماژەی پێدەکات، کۆمەڵێک هەلی سەرنجڕاکێش و لە هەمان کاتدا مەترسی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتە ئاراوە. بەکارهێنانەکانی ئەم مۆدێلە زمانییە گەورانە لە زیادبووندان، بۆیە تێگەیشتنێکی باشتر لێیان یارمەتیدەر دەبێت لە سوودمەندبوون لە لایەنە جیاوازەکانی ئەم مۆدێلە زمانییانە.

“ئێمە لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین کە چۆن خەڵک ئەم مۆدێلانە بەکاردەهێنن،” بە وتەی گانگولی. بەڵام ئەو بەکارهێنەرانەش بەردەوام لە گۆڕاندان. “ئێمە کاتێکی زۆر بەسەردەبەین لەوەی لەگەڵ مۆدێلەکاندا چات بکەین، و ئەوەش دەستپێکی هەستێکی باشە لەبارەی متمانەوە، یاخود لەبارەی نەبوونی متمانە”.

بەستەری نووسینەکە بە زمانی ئینگلیزی:

https://www.quantamagazine.org/the-unpredictable-abilities-emerging-from-large-ai-models-20230316/

Leave a comment