نووسینی: نارين ڕۆستەم
لە ئاھەنگی خانەنشینیی کتێبدا،
لەسەر کورسیی میوان دانیشتووم
پەنجەپێیەکانم لە ھەوا گەمە دەکەن و
ناگەنە زەوی.
لە تیشێرتە قۆڵبڕاوەکەمدا
فیلێک دەگری.
بەبێ چەپڵە و پێشوازی ..
بەرمیلێک کتێب قڵپ دەکرێتەوە:
کتێبی (گەردوونناسی) بە پێی پەتی،
ھەسارەکانی سەرشانی دادەنێ و
مشارێک بۆ خەون دەباتەوە.
من بە دزییەوە گاز لە شوکولاتە دەگرم ..
(چیڕۆک) مڕومۆچ،
دەستی تەوقەکردنی لە گیرفانە.
سەدەفەکانی بەتاڵ دەکەنەوە و
گۆچانێکی بە دیاری پێشکەش دەکەن.
کاتێک دەڕوات،
تف ڕۆ دەکات.
کەمێک لە خوارتر ..
ڕەفەڕەفە کتێب ڕیزیان بەستووە و
باڵەکانیان ڕادەست دەکەن.
بۆ کاتکوشتن،
میوان سروودی نیشتمانی دەچڕن
من دەمم پڕ لە شوکولاتەیە و پێ ڕاناگەم.
ئەمڕۆ لە ڕۆژژمێر،
جێچڕنووکێکی بە ڕوومەتەوەیە
لە کونی بەرمیلە بەتاڵەکەوە دوو چاوی خێل، تەماشام دەکەن:
(شیعر) ڕەشداگەڕاو، بە لووتێکی چڵماوییەوە داوای گوریس دەکات.
لە تیشێرتە قۆڵبڕاوەکەمدا فیلێک پێدەکەنێت.