دیالۆگێکی کراوە لەگەڵ هەندێ ئایدیای ناو ڕۆمانی حەشری ئاشقان 

دیالۆگێکی کراوە لەگەڵ هەندێ ئایدیای ناو ڕۆمانی حەشری ئاشقان

دیە روها

رۆمانی حەشری ئاشقان کە دووەم ڕۆمانی ”زەردەشت نوورەدین”ـە و لە دوو توێی (٤٢٠) لاپەڕەدا لە ناوەندی ڕۆمان لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵابووەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە بەسەرهاتی بڕگەیەکی دیاریکراوی چەند لاوێکی شارێکی دیاریکراو دەکات کە بە بۆنەی کۆمەڵێک ڕووداوەوە یەک دەناسن و بەجۆرێک لە جۆرەکان هەندێکیان هاوچارەنووس دەبن. ڕەنگە ڕایەلەی سەرەکیی کۆکەرەوەی لاوەکان جگە لە شێوەژیانی جیاوازی ژیانیان، ئاشقبوونیان بێت. ئەمەش کاتێک زیاتر دروستیی دەردەکەوێت کە ناوی کاراکتەرەکان ناوی ئاشقە دێرینەکانی مێژووی ئەدەب و فۆلکلۆری ئێمەن؛ لەگەڵ ئەوەشدا لێرەدا بەشێوەیەکی تەواو جیاواز هاتوونەتەوە ناو چیرۆکگەلی جیاوازی ترەوە.

لێرەدا خوێنەر خوێندنەوەیەک یان ڕوانگەیەکی دیاریکراو بۆ ڕۆمانەکە ناخوێنێتەوە یان تەنانەت بەر جۆرێک لە ڕەخنە یان شیکردنەوەی ڕۆمانەکە ناکەوێت. واتە ئەم نووسینە خوێندنەوە و ڕانان نییە بۆ ڕۆمانەکە. ئەم نووسینە دیالۆگێکی کراوەیە لەگەڵ هەندێ لە ئایدیاکانی ناو ڕۆمانەکە؛ بێگومان دەڵێم هەندێک نەوەک هەموو ئایدیاکانی ناوی.  هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێم تەنیا ئەو ئایدیایانەی کە لەلام سەرنجڕاکێش بووە لەگەڵی کەوتوومەتەوە دیالۆگەوە و ئەم سەرنجڕاکێشییەش لە دەوری هیچ پێوەرێکی ئۆبێکتیڤ کۆ نابێتەوە؛ ئیدی گرنگایەتی ئایدیاکان بێت بە گوێرەی سیاق یان زیندووبوونیان یان نوێبوونیان.  لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا ئەو ئایدیانەی سەرنجیان زیاتر ڕاکێشاوم شوێنیان کەوتووم و لە دەرەوەی ڕۆمانەکەش بەدواداچوونم بۆ کردوون و لەبارەیانەوە خوێندوومەتەوە؛ ئەمە جگە لەوەی هەندێکیان خۆم پێشوەختە پێشزەمینەم بۆیان هەبووە. دەرەنجامی خوێندنەوە و گەڕانەکانم بەشێوەی دیالۆگێکی کراوە داڕشتووە بەو هیوایایەی ئەو ئایدیای لەناو ڕۆمانەکەوە دەرمهێناوە بەشێوەی تر لەسەری وەستاوم و بەرجەستەم کردوونەتەوە زیاتر بیرکردنەوە بوروژێنێت و دیالۆگی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

١. دەربارەی نەتوانینی منداڵخستنەوەی پیاوان

لە دایەلۆگێکدا لە لاپەڕەی ٣٣٦، خەج دەڵێت : “پیاوان لەبەرئەوەی منداڵدانیان نییە و ناتوانن منداڵ بە جەستە بخەنەوە، ئەوا بۆ هەمیشە بەمنداڵی دەمێننەوە. . . ”

لەم دێڕەدا دیارە کە خۆ-بەکەمبینینی نێر لە توانای منداڵخستنەوە، بەدەر لە نەبوونی منداڵدان لای پیاوان، بەشێکی لەوەوەیە لە سەردەمە بەراییەکاندا نەزانراوە کە منداڵ بەهۆی جووتبوونی مێ و نێر دروست دەبێت بەڵکوو بڕوا وەها بووە ژن بوونەوەری سەرووسروشتە و دەسەڵاتی تاقانە و ڕەهای هەیە و بەتەنها ئەم بەرپرسە لە دروستکردنی یاخود ئەوەی کە ژن لەڕێگەی نانخواردنەوەیە کە منداڵ دەخاتەوە.  لێرەوەیە کە ترس و تۆقینی پیاو لە بەرامبەر ئەو توانا تاقانەیەی ژن دروست دەبێت هاوشان لەگەڵیدا کینەیش دروست دەبێت. چیدیکە هەرچییەکی لەدوای ئەوە لە شارستانییەت ڕوودەدات تۆڵەسەندنەوەی پیاوە لەو دەمەی مێژوو. ئەوە زۆر ڕوون نییە کە چۆن ئەم تایبەتمەندیانە جیاکراونەتەوە، بەڵام دواجار ئەوە ڕوونە کە هەڵبژاردنی سروشتی خۆی ئەو توانایەی تەنها بە ژنان داوە.

پێم باشبوو لەپاڵ منداڵخستنەوەدا باسێکی ئەو تێگەیشتنە عەوامییە بکەم بۆ منداڵخستنەوە و سووڕی مانگانەی ژنان. تێگەیشتنی عەوام دەڵێت گوایە ژن بێزراوە لەکاتی منداڵبوون و سووڕی مانگانەدا، لەکاتێکدا دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە. لە سەردەمە بەراییەکاندا ژنان سەرگەورە بوون، بەو واتایەی باوکسالاریەتی ئێستا نا بەڵکوو ئەوەبووە کاروبارەکان زیاتر ژنان ڕاییان کردووە و پیاوان بەو پێیەی توانای کۆمەڵایەتییان باش نەبوو زیاتر کاریان تەنها ڕاووشکار بووە، و ژنان کەی خواستیان بێت بانگێشتیان کردوون بۆ جووتبوون و هەرچیەکی هەبێت. ژنان لە کاتی دووگیانی و سووڕی مانگانەدا خواستوویانە ئاسوودەبن و تەنها بن و خەریکی جووتبوون نەبن هەر بۆیە جودابوونەوەی کاتیان ڕاگەیاندووە لەو کاتانەدا. بەدەر لەوەی کە خۆیان ئاسوودەییان خواستووە بەشێکیشی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە پیاوان خۆیان لەبنەڕەتدا لە توانای منداڵخستنەوەی ژنان ترساون و لێی تێنەگەیشتوون هەر ئەمەیشە وایکردووە نەوێرن گۆشتی ژن بخۆن(Reed, 1975, p. 98) ، بۆ پیاوان ژنی دوو گیان و کچێک لە سووڕی مانگانەدا جیاوازیی نەبووە هەردووک خوێنی لەبەر ڕۆشتووە، بەڵام ترسی پیاوان لێی و بەو باوڕەی لە باکاس و هۆزەکانی تری باشووری ئەفریقیادا هەیە کە گەر پیاو دەست بدات لە ژنێک خوێنی لێ بڕوات ئەوا ئێسکی نەرم دەبێت، و بەیەک نیگای جەستەی لە شێوەیەکدا دەق دەگرێت و لە جووڵە دەکەوێت و دەبن بە تەختە هەر بۆیە نەوێراون لەو کاتانەدا لە ژن نزیک ببنەوە (هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل٩٦). هەر بۆیە خوێنی ژنان لەبەر گرنگی تابوو بووە هەر چییەکیش تابوو بێت واتە ترسناک و پیرۆز بووە نەک ئەوەی دواتر لە باووکسالاریدا دەبێتە سووک و قێزەون. هەروەها ڕاوکردن بە دەربڕینێکی تر گۆشتخواردن لای مرۆڤە بەراییەکان نەخوازراو بووە لە ئاستێکدا کە پێیان قێزەوەن بووە و دەبوو پیاوان دوای گۆشتخۆری خۆیان پاک بکەنەوە داوای لێخۆشبوون بکەن تا پیرۆزببنەوە. هۆکاری ئەو بێزراویە بۆ نموونە لای ثۆنگاییەکان کە کۆمەڵە خەڵکێکن لە مۆزەمبیق پێیان وابووە بە سەربڕینی یەکێکی تر لە جەنگدا بەر نەفرەتی ‘نورو’ دەکەون.  ‘نورو’ ڕۆحی سەربڕاوەکەیە کە ڕۆحی بکوژەکەی ڕاو دەکات و تۆڵەی خۆی لێ دەسەنێتەوە تاوەکوو شێتی دەکات (هەمان سەرچاوەی پێشوو ل٨٧). لەو دۆخەدا دەبێت سێکس نەکەن و نان و ئاویان جیا دەکرێتەوە لە شوێنێکدا پەراوێز دەخرێن، تەنها پیرەژنێک سەریان لی دەدات ئەویش لە دوورەوە بە دارێک خواردن دەکات بە دەمیانەوە تا لەو بارودۆخە دەردەچن. ناتوانن سێکس بکەن چونکە ژن پیرۆزی و گەورەیی خۆی هەیە و ئەوانیش بەو جەستە پیسەوە نابێت لێیان نزیک ببنەوە. هەر بۆیە لەمەوە تێدەگەین ئەوە ژنان و سووڕی مانگانە نەبووە کە قێزەون بووە بەڵکوو خوێن ڕشتنی و گۆشت خواردنی پیاوانە.

٢.  دەربارەی سەردەمی دایک‌ڕەچەڵەکی

لەهەمان لاپەڕەدا خەج دەڵێت : ئەی بۆ سەردەمانێک کە ژنان باڵا دەستبوون، ھیچ شوێنەوار و نووسراوێکی دژەپیاوی نادۆزیتەوە؟

ئەوەی تێگەیشتنی باو و بیرکردنەوەی بازاڕی نایەوێت باوەڕ بەوە بێنێت و ڕەتی دەکاتەوە سەردەمانێک دایک‌ڕەچەڵەکی هەبووبێت سەرەڕای بەڵگەی شوێنەوارناسی و پەیکەر و نووسراوەکان، ئەو وێنە هەڵەیەیە کە ‘دەسەڵاتی ژنان’ زاڵ بووە بەسەر پیاواندا. وێنەیەکی هەڵگەڕاوەی وێنەی زاڵی نێرە بەسەر مێیەدا لە سەردەمی ئێستادا کە پێیان وایە پیاو کۆیلە بووە و ژن کاری پێکردووە ئازاری داوە و فریوی داوە. ئەم لێکدانەوە هەڵەیە، هۆکاری نەتوانینی تێگەیشتنە لە سروشتە جیاوازەکەی هەردووک ڕیزبەندیە کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگای خۆمان و سەردەمی بەراییەکان. بۆ نموونە یەکێک لە نایەکسانییەکانی ئێستا نایەکسانی سێکسواڵە کە نواندنەوەی هەڵاوێردکردن و چەوساندنەوەیە، و ئەم دووەیش بەهۆی خاوەندارێتیی تایبەت و چینایەتییەوە پەیدا دەبن. بەڵام خۆ نە نایەکسانی کۆمەڵایەتی و نە هی سێکسواڵ لە جۆرە شێوەژیانی دایک‌ڕەچەڵەکیدا پەیدا نابێت؛ لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگا یەکسانیخواز و جڤاتییانەیە.  وەکوو بریفاوڵت دەیخاتە ڕوو “لە کۆمەڵگاییە هەرە بەراییەکاندا شتێک نییە بەناوی ‘زاڵێتی’، وەکوو لەو جۆرەی کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا هەیە و تاکێک بەسەر ئەویتر، چینێک و ڕەگەزێک بەسەر ئەویتردا…  بیرسایی داگیرکردنی ئابووری لەڕێی موڵکداری تایبەتەوە نییە…  نە بیرسایی ئیمتیازی تایبەتیش.” (دایکان، پەڕەی ٤٢٢-٣٤). (هەمان سەرچاوەی پێشوو ل١٣١)

بە گەڕاندنەوە بۆ پێش مێژوو بۆ سەردەمی پالیۆلیتیک دەچینە لای ئەو ڕاوچی و کۆکەرەوانەی بە ئارامی لەگەڵ سروشتدا دەژیان. ڕێژەیان کەمبوو و مەبەستیان بوو کاوەخۆ لە ناوچەیەکدا جێگیر ببن. لەم دەمەدا مرۆڤ بەشێوەی کڵانی دایک‌ڕەچەڵەکی بوو کە تێیدا دایک چەق بوو ڕەچەڵەکی منداڵ بۆی دەگەڕایەوە و ڕێکخەری هەموو کارووبارەکان بوو. لە سەرەتایەکانی چاخی نیۆلیتیکدا ژنان کۆکەرەوە بوون؛ میوە و سەوزەواتیان کۆدەکردەوە؛ پیاوان ڕاوچی بوون و ئاژەڵیان (بە مرۆڤیشەوە کە لای ئەوان هەر ئاژەڵ بوو واتا کانیباڵیزم) ڕاو دەکرد؛ ئەم جیاکردنەوەی خۆراکخواردنە سەردەکێشێت بۆ سەرهەڵدانی تەوتەم و تابوو دواتر دێمەوە سەری. بەم شێوە کە ئێستاکە بۆ مێژوونووسان و ئەنثرۆپۆلۆژیستەکان ڕوونە کە ژنان بزوێنەری کشتوکاڵ و ئاژڵداری بوون. پێش بینابوونی شارستانیەت بەپێچەوانەی ئەوەی دەگوترێت، پشکی شێری کارکردن لای ژن بووە و هەر وەکوو لە زاری کورناییەکی ڕەسەنی ئوستراڵیەوە وەرگیراوە “کاری پیاو ڕاوکردن و شەڕکردن دواتر پاڵدانەوە بووە. کاری ژن بریتی بووە لە ئەنجامدانی ‘هەموو ئەوەی ماوە’ “. دەربڕینی ‘هەموو ئەوەی ماوە’ کۆنترۆڵکردنی خۆراک، بەکارهینانی ئاگر لە کارگەکان، پزیشکی، چنین و ڕستن، داهێنەری و دروستکردنی تاتەقووڕینە، بارهەڵگرتن لەسەر پشت و ئاشی بەردین و دواتریش گرنگترینیان توانا کۆمەڵایەتی و هەماهەنگیەکەی ژنە کە بووە هۆی دروستبوونی ئەوەی پێی دەوترێت مرۆڤایەتی. دواتر ناوەڕاستەکانی چاخی نیۆلیتیک بەهۆی خڕکردنەوەی خۆراک و سامان ڕێژەی دانیشتووان بەرچاو زیاد دەکات. کشتوکاڵ کۆتایی بە ساڤەجری (پالیۆلیتیک) دەهێنێت و بارباریزم (نیۆلیتیک) دەستپێ دەکات بە نزیکەی ساتەوەختی دابەزینی پێگەی ژنیش دە بۆ دوانزدە ھەزار ساڵێکە لە نزیک ئەو ناوچەی پێی دەوترا هیلالی بەپیت [1]لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.(Nuradin, 2017) ئێمە ئاگاداری دەستپێکەکە واتە ماتریکڵانەکانین و ئاگاداری کۆتاییەکەین واتا خێزانی باوکسالاری، بەڵام ئەوەی لەو نێوەندەدایە زۆر ڕوون نییە بەدەر لەوەی دەزانین لەو نێوەندەیدا براسالاری هەبووە بەو واتای لەدوای ئەو دەمەی دایک  چەق بووە بۆ ماوەیەک برای دایک چەق دەبێتەوە؛  ئەو منداڵەكان بەخێو دەکات کاتێک دایکەکە لە دەرەوەیە و دواجار لە ململانێی براسالاری و خێزانی باوکسالاریدا براسالاری بەهۆی زیادبوونی ئابووری و و بەرهەمهینانی خۆراک مل بۆ باوک سالاری دەدات بەھۆی جێگیربوون؛  بەرهەمهینانی خۆراک و بەماڵیکردنی ڕووەک؛ دابەشکردنی ئاڵۆزی کار؛ پەرەسەندنی ئیشی دەست وەکوو کانزاناسی، ماشێن، بەروار و نووسین. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شارستانییەت دوای هەزار ساڵێک لە دوای بارباریزمەوە، نەمانی کانییباڵیزمە و دواجار ناساندنی ‘گەنم و جۆ’ وەکوو خواردن دوا فیشەک بوو تەقێندرا. نەهێشتنی کانیباڵیزم لە ئوستووڕەی میسڕیدا لای ئایزیسە هەرچەند بەڵگەکان زیاتر دەڵێن کە لە لانکەی شارستانییەتدا ڕوودەدات. بەڵام ئایزیس بە نموونە وەردەگرم، بەپێی دیۆدۆرۆس مێخودا ئایزیس نان دروست دەکات و لەگەڵ برا و هاوسەرەکەیدا (ئۆزایرس) کۆتایی بە کانیباڵیزم دەهێنێت. (Reed, 1975, p.338) هەر لەهەمان ئەفسانەکانی ئایزیسدا لە خاڵی وەرچەرخانی ساڤەجری بۆ بارباریزمە کە خێزان دەردەکەوێت. هەر خۆیشی پەیوەندی ئایزیس و ئۆزایرس کە خوشک و بران و ژن و مێردیشن نیشاندەری گۆڕانی کڵانی هاوبەشی خوشک-برا یە بۆ خێزانی هاوبەشی ژن-مێرد.  ئایزیسی زەوی دایک یاخود دایکی گەردوون کە دواتر دیمیتەری یۆنانی و هێرای ڕۆمانی دەبنە نوسخەی ئەم، لە ئایزیسدا بەتەواوی گۆڕانی کڵانە دایکڕەچەڵەکەکان بۆ خێزانی باوکسالار دەبیندرێت و گۆڕانی دایکی هاوبەش بۆ دایکی خێزان. ئایزیس سەرەتا خوشکی ئۆزایرسە، ناندروستکەرە و لەگەڵ برایەکەیدا کانیباڵیزم لەناودەبەن. دواتر لەناکاو دەگۆڕێت بۆ ژنی و منداڵی واتا هۆرۆسی لێ دەبێت و دوا دیمەنی ئایزیس ئەو دایکە خۆبەختکارەیە کە هۆرۆس بەرز دەکاتەوە و دەبێت بە دایکی ناو خێزانی باووکسالار ھەروەکوو چۆن تاکوو ئێستاش ئەم دوا دیمەنە کراوە بە شوناس و کردەی ژن. ڕاستە کە لە کشتوکاڵیدایە ژن منداڵی زۆر دەخاتەوە بۆیە زیاتر لە ماڵ دەمێنێتەوە بەڵام ئەمە یەکەمجار پیاو و ژن بەیەکەوە منداڵەکەیان لە باوەش دەگرن. بێجگە لەمەش ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە ئەو زانستە سروشتی و فەلسەفی و ھەر بوارێکی مەعریفی تر کە لە سەردەمی باوکسالاریدا سەریان ھەڵدا سەرجەم ئاڕەستەکراوی باوکسالاری بوون و ئەوانیش مەعریفەی پەتی نەبوون. بەگشتی کەڵەکەبوونی خۆراک وا دەکات کۆکردنەوە و ڕاوکردن گرنگی نەمێنێت و دواتر ئەم خۆراکانە ھێندە زۆر دەبن کە وەکوو پێشتر تەنھا بەشی ژیانکردن نین بەڵکو لێی دەمێنێتەوە و دەبێت بە سەرمایە و دواتر ئەم سەرمایە و چڕوپڕیە وادەکات برسێتی نەمێنێت، هەروەها دانیشتوان ڕێژەیان زیاد بکات و مردن کەم بکاتەوە، وە چیتر لە شوێنێکدا نیشتەجی دەبن و دەگیرسێنەوە؛  وردە وردە شارستانییەت، موڵکداری تایبەت و دەوڵەتشار دروست دەبێت، ئایین و حکومەت بەدامەزراوە دەبن و دواتر جیاکردنەوەی کار، باج، تەکنەلۆژیا و زانست بینا دەبن. ڕاستە بەگشتی کشتوکاڵ سوودی ھەبووە بەڵام لێکەوتە خراپەکانی زیاترن و بە کەڵەکەبوونی ئەو ھەموو زەوی و زارە دەبێتە شەڕ لەوەی کێ خاوەنیەتی و موڵکداری تایبەت سەرھەڵدەدات بەدوایدا ئاژەڵ و مرۆڤیش (کۆیلە و ژن) خاوەنداری دەکرێن کە ئەمە خۆی دەستپێکی زۆرداری و چەوساندنەوەیە ژن تێیدا دەبێتە موڵکی پیاو و دەخرێتە ماڵەوە و تاک‌ھاوسەرگیری بەسەر دەسەپێندرێت، و ھەم زۆربوونی چاندن زیانی تری دەبێت وەکوو بێپیتی خاک، پیسبوونی سەرچاوەی ئاو و بڵاوبوونەوەی ھەندێک نەخۆشی بەھۆیانەوە. ھۆکاری ئەوەیشی ژن دەخرێتە ماڵەوە ھۆیەکەی ئەوەیە لە جووتیاریدا زۆر ئاسانتر ژن کۆنتڕۆڵ دەکرێت و چیدیکە کۆکەرەوە نییە تا بەر پیاوی تر بکەوێت و بەو ھۆیەیشی ژن ناچێتە کێڵگە توانای منداڵخستنەوەی زیاتر دەبێت کە خۆی لە پێشتردا لە دوو بۆ سێ منداڵ تێپەڕی نەدەکرد و ڕێژەی زۆری منداڵیش سەردەکێشێت بۆ ئەوەی ژن زیاتر پشتببەستێت بە پیاو.

٣.  دەربارەی گرێی خۆبەکەمزانینی پیاوان

دووبارە لە پەیوەند بە گرێی خۆ-بەکەمزانینی پیاوەوە لە چەند دێڕێکی خەزاڵدا لە لاپەڕە ٣٦٠ دەربارەی ئەوەی توانای منداڵخستنەوە لە ژندا توانیویەتی قووڵترین دۆخی نیگەرانی وجوودی مرۆڤ کە مەرگە بڕەوێنێتەوە و ئاماژەیش بەوە دەدات ئەوە تەنها منداڵخستنەوەیە کە مرۆڤ لەو دۆخە ڕزگار دەکات، دواتریش دەڵێت “پیاوان هەر لە بنەڕەتەوە خەساون بەرانبەر باری منداڵبوون. بۆیە دەبینین پیاوان هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری تووندووتیژی ببن. جەنگ نەکەن و ناتوانن جەنگاوەر نەبن… ئەم جەنگەیان لە ڕواڵەتدا بەرانبەر پیاوانی تر ڕاگەیاندووە بەڵام لە ناواخندا بەرانبەر ژنانە.”

لە ڕووی زانستیەوە دیاردەی ‘نێرەی زاڵ’ لە جیهانی ئاژەڵدا هەیە نێرەکان هەمیشە سروشتێکی بەربەرەکانیکاریان هەیە و ناتوانن لە دۆخی ئارامدا بن و هەمیشە لەگەڵ ئەویتردا لە جەنگدان و ھەمیشە دەبێت ئەویترێکیان ھەبێت تا بوونی خۆیان پێ بزانن. هەر ئەمەیشە وایان لێ دەکات نەتوانن هاریکاری یەک بن بۆ بیناکردنی شارستانییەت، دواجاریش ناچاریان بکات چاوەڕوانی دەستی ژنان بن تاوەکوو لە ئەیپەوە بیانگۆڕن بە مرۆڤ؛ واتا ئەو تێزە زێڕینەی کە ژنان ڕسکێنەری مرۆڤایەتی بوون لە ڕۆژانی بارباریزمدا و ڕسکێنەری شارستانییەت و سروشتی کۆمەڵایەتی و هاریکارانەن لە مرۆڤدا. ئەم سروشتە تووندوتیژەیش وەکوو لە قسەکانی خەزاڵدا دیارە هۆیەکەی بەشێکی پەیوەندی بە خەسێنراوی نێرەوە هەیە لە منداڵخستنەوەدا هەر بۆیە توانای منداڵخستنەوەی ژن پێگەی گرنگ بۆ مێیە دروستدەکات لە سەردەمە بەراییەکاندا. پیاوان بەهۆی کارەکتەرە تاکگەری و بەربەرەکانیکاریەکەی سێکسواڵیتەیانەوە تووندوتیژ دەبن؛   هەمیشە لە جەنگدان چی بۆ ڕازیکردنی مێیە بێت یاخود بۆ بوون بە ‘نێرەی هەڵبژێردراو’ لەو هەرێمەی مێینەکان داگیریان کردووە؛ هەر ئەمەیشە وا لە پیاوان دەکات کۆمەڵایەتی نەبن و نەتوانن هەرەوەزبن پێکەوە. (هەمان سەرچاوە ل٥٠) بەدەر لەو شەڕە سیاسی و دەستەویەخەیەی کە ئیمڕۆکە لە سەردەمی خۆیشماندا دەیبینین، دەتوانین ئەمە لە ئاژەڵەکانی تریشدا بەدی بکەین بە نموونە لە پەلەوەرەکاندا و بەدیاریکراویش شەڕەکەڵەشێر کە هەمان شت بۆ مریشک ڕاست نییە و ئەمەیش دەرخەری سروشتە توندوتیژەکەی نێرەیە هەم وەکوو قەرەبوویەک بۆ نەزۆکی و هەمیش بۆ جێکردنەوەی خۆی لە کڵانە دایکڕەچەڵەکەکاندا (هەڵبژاردنی سێکسواڵ) لەو دەمەی جیهان مێینانە بوو.  ئەوەی کە جیھان مێیانە بووە بێجگە لەوەی زاڵی مێیە لە مرۆڤە بەراییەکاندا بەڵگەیە، و بێجگە لەو دەستنووسانەیشی لە ئوستوورە و چیرۆکەوە بۆمان ماوەتەوە دەتوانین لەڕێی مەیموونەکان و بەدیاریکراوتر بۆنۆبۆوە دەسەڵاتی مێیە ببینین.

ئەگەر لەم سۆنگەیشەوە ئاوڕێک لە دروستبوونی تەوتەم و تابوو بدەینەوە لە روانگەی ئیڤیلین ڕیدەوە، ئەوا دەتوانین بەشێکی هۆکاری دروستبوونی تەوتەم و تابوویش بۆ سروشتە تووندوتیژەکەی نێرە بگەڕێنینەوە لە بنەڕەتدا.  هەرچەند بە دەقیقی ڕوون نییە هۆکاری دروستبوونیان چییە بەڵام لای ئەم بەو چەشنەی فرۆید بە گرێی ئۆدیب ناوی دەبات و ئەوەی لە ئوستوورەکانەوەیە نییە، هەرچەندە ڕوانگەی فرۆید بۆ دوای دروستبوونی خێزانی باووکسالارە و زۆر لە فێمینیستان ئەمەیان بەهەند وەرنەگرتووە؛ بەڵام پێم خۆشە لێرە هەردووکی دابنێم. لای فرۆید، تەوتەم و تابوو لەو حەزە شاراوە ئینسێستەی کوڕ بۆ دایک و کەسانی هەمان خوێنەوە دروست بووە؛  ئەو گریمانەی دەڵێت هەموو کوڕێک نەستەکی ئارەزوویەتی باوکی بکوژێت و دواتر بیخوات بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکەی، ئەو باوکە زاڵمەی هەموو مێیەکانی خێزانەکەی لێ زەوت کردووە و بۆ خۆیی بردووە تا خۆی لەگەڵ دایکی کە ماشوقەکەیەتی ببێت، دواجاریش کە بەهۆی ئەم ئارەزووی کوشتنەوە هەستی پەشیمانی دایدەگرێت و هەردووک تەوتەمی لێوە دروست دەبێت. دواتر ئەمە دەچێتە سەر میدیا (کوڕکوژی) و ئۆرێستیز (دایککوژی). لە بەرامبەردا لای ئیڤلین ڕید تەوتەم و تابوو ئەوەندەی دەزاندرێت لە پێناوی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و مانەوەی مرۆڤایەتیدا دروستکراون و زیاتریش ژنانن ڕسکاندوویانن. دوو یەکەمین تەوتەم و تابوو، بڕگەی سێکس و بڕگەی خۆراک بوون.  یەکەمیان، بەو هۆیەی کە غەڕیزەی ئاژەڵ بەو شێوەیە کە لەگەڵ نزیکترین دانە جووتببێت کە بەردەستە بێ گوێدان بەوەی ناودەنرێت ئینسێست، و بەو پێیەیشی بەراییەکان نەیانزانیووە ئینسێست چییە و لێکەوتەکانی جووتبوونی چین و تەنانەت لای ئەوان ئینسێست پێناسەیەکی تەواو جیاوازی هەبووە.  دووەمیان لەبەر ئەوەی کە مرۆڤی بەرایی پێی وابووە خۆیشی هەر بەشێکە لە ئاژەڵەکانی تر جیاوازی پیاوێک و کەروێشکی نەکردووە و هەر بۆیەیش دیاردەی کانیباڵیزم لە نێردا باو بووە چونکە ڕاوچی و گۆشتخۆر بوون، هەر مرۆڤێکی نێر ئەویتری نێری ڕاو دەکرد و گۆشتەکەی دەخوارد؛  لەبەر ئەمانە بوو کە هەردوو تابوو دروستکران، تابووەکان بەم جۆرە بوون: لەناو هەمان کڵاندا یاخود مرۆڤانی هەمان کینشیپ قەدەغەیە پێکەوە جووت ببن ئەمەیش نەک بەتەنها دایک و خوشکی خوێنی دەگرتەوە بەڵکە هەر ژنێکی هەمان کڵان بەو پێیەی ڕەچەڵەک بۆ دایک دەگەڕاوە، هەروەها لە هەر کڵانێکیشدا، هەر منداڵێکیش زیاتر لە دایکێکی هەبوو. دووەم، پیاوانی هەمان کڵان نەدەبوو گۆشتی پیاوانی کڵانی خۆیان بخۆن و قەدەغە بوو چونکە وانەبووایە مرۆڤایەتی گەشەی نەدەکرد و ئەوکات مەترسی قڕبوون ڕووی تێدەکردن یاخود دەکرا کڵانێک بەتەواوی بسڕدرایەتەوە. ئەمە بەوەوە نەوەستاو دواتر قەدەغەی گۆشتی هەندێک ئاژڵیشی گرتەوە؛ ئەو ئاژڵانەی لایان گرنگ بوون بۆ مانەوەی کڵانەکە. (هەمان سەرچاوە ل٢٣) هەرچەندە دەستخستنی بەڵگە قورسە لەسەری چونکە لە دوای مێژووی تۆمارکراوەوە دیاردەکە بەرەو نەمان ڕۆیشتووە بەڵام شوێنەواری خۆی جێهێشتووە لە بەبەردووی مرۆڤدا -لە شیکردنەوەی ئێسکی بەبەردووەکاندا دەرکەوتووە کە گۆشتی مرۆڤیان خواردووە- و هەروەها لە ئوستوورە و ئەفسانە دێرینەکاندا ئاماژەی کانیبالیست و بەدیاریکراویش خواردنی منداڵەکانیان دەبینین و بەشێک لەمانە لە نەریت و سرووتەکانیان هەن. تابووەکانیش دەتوانین لەو نەریتەی  خوێن خواردنەوەدا بەدی بکەین کاتێک کۆمەڵێک کەس بەڵێنی هاوڕێیەتی بەیەک دەدەن لە خوێنی یەک دەخۆنەوە ئەویش بەو مانای یەک ناکوژن و کانیبالیست نابن. ئەمە لە هاوچەرخدا وەرگەڕاوەتە سەر نەریتی شەراب خواردنەوە پێکەوەوە و پێک لێدانەوە و کە ئەمیش هەمان واتا دەگەیەنێت. جێی باسە کە کانیباڵیزم لە ژندا نەبووە بەو پێیەی ژن کۆکەرەوە بووە و شێوەژیان و خۆراکی ژن و پیاو جیاواز بووە و ژنان گۆشتیان نەخواردووە. کانیباڵیزم لە سیاقی بەراییەکاندا هەمان واتای ئێمەی نەبووە، ڕاستە هەمان کردەوە بووە واتە جۆرێک گۆشتی هەمان جۆری خۆی بخوات بەڵام لە سیاقی ئەماندا جیاوازیەک هەبووە (هەمان سەرچاوە ل٣١)(؛ مرۆڤە بەراییەکان ڕوونتر، نێرە بەراییەکان کاتێک پیاوێکی تریان ڕاوکردووە سەرە واوێک لە سکیاندا نەبووە دەربارەی جۆر و کانیبالیزم و تا دواتر بۆ ئەوان ڕاوکردنی ئاسکێک لەگەڵ ڕاوکردنی پیاوێک جیاوازی نەبووە، هەردووک ئاژەڵ بوون و گۆشتیان خواردوون لەگەڵ هەردوو لاشەیش بەهەمان شێوە مامەڵەیان کردووە و تەنانەت لەو بارودۆخانەی ڕاووچیەکە ڕێزی لە لاشەی ڕاووکراوەکە گرتووە، وە پیرۆزی کردووە بەهەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ هەردووک لاشەکە کردووە. لەکۆتاییدا گەر ئەم تابووانە نەبایەن ئەوا ڕەنگە مرۆڤ نەبووایە بەو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییە و دواتر شارستانییەت بینا بکات؛ ئەو تابووانەی کە لە بنەڕەتدا لەبەر خۆ-بەکەمبینی پیاو لەئاست منداڵخستنەوەی ژندا دروستکران.

٤. دەربارەی بەشەیتانیکردنی ژن

زین لە پەڕەی ٣٠٤ دا دەڵێت “لەو دەمەوەی ئایین کەوتە دەستی پیاوەوە ژنان کران بە جەستەی ڕووت و هەرچی گوناهـ و خراپەیە درایە پاڵ جەستە. هەر بۆیەیش ژن بوو بە بوونەوەرە شەیتانییەکە و پیاو بوو بە فریشتە. خودا بوو بە ڕۆح و شەیتان بوو بە جەستە.”

لەم دێڕەی زینەوە دەتوانین هێڵی کۆمەڵێک بوار بکێشین. یەکەمیان ڕەتکردنەوەی جەستە و بەرزڕاگرتنی ڕۆحە. زەوتکردنی ئازادی و قێزەونکردنی جەستەی ژن بۆ ئەوەیە تاکوو نەک تەنها ژنان نەتوانن ئەزموونی ڕاستەقینەی هەستەکانی خۆیان بکەن بەڵکوو بۆ ئەوەیە پیاوانیش بێزیان لێ بکەنەوە و هەرگیز نەخوازن ببنە ژن. قێزەوەنکردنی جەستە واتا قێزەوەنکردنی گان و هەرچیەکی پەیوەستە بە جەستەوە، نموونەیش بۆی لە جنێوو و سوکایەتیپێکردندا جنێو بە جەستەی ژن دەدرێت. سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی جەستە و بەرزڕاگرتنی ڕۆح گەر واز لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەی و هونەریەکەیشی بێنین کە لە ڕۆمانەکەدا هەمووی باسکراوە بەکورتی کاتێک جەستە نوێنەری ژنە و ڕۆحیش نوێنەری پیاو بەدڵنیاییەوە لەگەڵ پەیدابوونی باووکسالاریدا، بەهەر هۆکارێک بێت، پیاوانی ئایینی نەک بەتەنها جەستە ڕەت دەکەنەوە و ڕوو دەکەنە لایەنی ڕۆحانییەت و تاڕادەیەکیش بەرەو مەرگدۆستی بەڵکوو هەموو گوناهێک بەبەر جەستەدا دەکەن و بەتایبەتیش جەستەی ژن پیس و تاوانبار و قێزەون دەکەن، ئەمەیش وەکوو وتمان بە شێواندنی ئوستوورەکان دەستپێدەکات بەڵام ناگەڕێینەوە سەر پێش مێژوو. یەکەمینیان و خراپترینیان چیرۆکی دەرکردنی ئادەمە (خۆی بنەوڕا ئەمە لە دەقی سۆمەری پەیدابوونی ئیریدۆوە وەرگیراوە کە باس لەوە دەکات کە خودای ئاو ئینکی تاکتوگی باخەوان ناچار دەکات لە بەری داری قەدەغەکراو بخوات لەکاتێکدا بەڕووکەش پێی دەڵێت نابێت بیخوات و دواتر سزای دەدات)، کاتێک لە بەری داری زانین دەخوات (بە سێو لە تەوڕاتدا و بە داری قەدەغەکراو لە ئیسلام دا) ئەوە ژنە فریوی دەدات نەک خودی ئادەم کە خۆی بکەرەکەیە. ژن دەبێتە شەیتان و هەرچی کاری خراپەیە دەدریتە پاڵی تەنانەت گەر پیاو خۆیشی سەرچاوەکەی بێت. تەنانەت لە ھەندێک دەقدا لەبری ئەوەی ئەو مارەی بە حەوا دەڵێت ئیبلیس بێت ئەوە شەوەیە کە حەوا ڕازی دەکات.  لەمە بەدواوە کە زۆر باوتر جەستە بەهەموو شێوە ڕەت دەکرێتەوە و دەبێت دابپۆشرێت و تا دواتر. دووەمیان، لەو دەربڕینەی کە دەڵێت ‘ئایین کەوتە دەستی پیاو’ وەکوو چۆن لە پێشەکیەکەیدا ئاماژەم پێ کرد، ڕۆمانەکە لە هەر ئارگیومێنتێکدا ڕوانگەی جیاواز دەخاتە ڕوو، ناشهێڵێت هیچ روانگەیەک بەسەر ئەویتر زاڵ بێت و هەموو دەنگە جیاوازەکان کاتی خۆیان دەدرێتێ و موناقەشە مەبەست لێی کۆڕایی نییە بەڵکوو پرسیار وروژاندنە. بەمشێوەیە لێرەدا ڕوانگەیەکی تر بە پێچەوانەی سیامەند بۆ زاگەی ئایین دەتوانین لێک بدەینەوە، ئەویش ڕەنگە یەکێک لە ئەگەرەکان کە زین پێی وابێت ئایین هەر لەگەڵ دروستبوونی زمان لای مرۆڤ و لەگەڵ پەیدابوونی ئاگایی ئایینیش ڕسکاوە.  ئەمەیش لە نەریت و ڕیچواڵە ئوستووڕەییەکاندا دەتوانین بیبینین. بۆیە هەمیشە ئایین لای بێباوەڕان ئەو ڕەتکراوە و بێزراوە نییە ئەوە ئایینی بەسیاسیکراو و شێوێندراوە؛  ئەو ئایینەی یەکسانیخوازی نێوان مرۆڤەکان ناهێڵێت و یەکێکی دەکاتە سەروەری ئەوی تر، بەڵکوو ڕۆژانێک جۆرە ئایینێک هەبووە کە سەرچاوەی یەکخستنەوەی خەڵکی و شارستانییەت بووە؛ ئەو ئایینەی لە ئوستووڕەناسی سۆمەریدا مێخوداکان، خوداکان، پاڵەوان، نیمچە-خودا، بوونەوەرە جیاوازەکان و مرۆڤ لە هاڕمۆنیەکی خۆشدا دەژیان.  ھەم دەکرێت ڕوانگە عیرفانییەکەی مەم و مامە بایەزیدیش نموونەیەکی تر بێت بۆ ئایین.

گەر سەرنجێکی کورت بدەین لەمەڕ ئایدیای خودا، دەبینین مرۆڤ لەبەر هەر هۆیەک بێت یاخود ئەوەی کاسیرەر دەڵێت لەبەر سەرهەڵدانی زمان و پەیدابوونی ئاگایی بووە بیرۆکەی بوونی خودا یاخود خوداکانی داهێناوە. یەکەم بەرکەوتنمان لەگەڵ خوداکان لە ئوستووڕە و پەرستگاکاندایە؛ ئوستوورە بۆ خۆی گێڕانەوەی ئەو بەشەی مرۆڤە کە لە واقیعدا بە شێوەی ڕیالیستیک جێی نابێتەوە و دەبێتە بنەڕەت بۆ سەرچاوەی عادەت و نەریت و بۆنەکان. بە وەرگرتن لە پێشەکیی کتێبێک دەربارەی ئوستورەی میسڕ )ئوستووڕەی میسڕ، پێشەکیەکی زۆر کورت، پێشەکی وەرگێر، ل١١) ئەم هەڵێنجانە دەکەین: بە گەڕاننەوە بۆ مێژووی تۆمارکراو ئایدیای بوونی خوداکان واتە فرەخودایی لای سۆمەر و دواتر لای هۆری و میسڕی و تاد… دەدۆزینەوە و بە گەڕانەوە بۆ پێش-مێژوو (پێش پەیدابوونی نووسین و خەت) دەتوانین ئایدیای خواکان لە پەیکەر و کەرەستە و هەڵکۆڵدراوی ناو ئەشکەوت و نەریتە ماوەکان بدۆزینەوە. بەدیاریکراوی گەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتە، بەر گرێ ناڤۆکێ لە باکووری کوردستان دەکەوین، گرێ ناڤۆکێ کۆترین پەرستگای جیهانە و دوانزە هەزار ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە. ئەوەی گرنگە لەم بارەوە باسی بکەین زاڵبوونی مێخواکانە لە جیهانی ئوستوورە و لەو پەیکەرانەدا کە مێخودایەکە بە گەورەیی هەڵکۆڵدراوە و نێرەیەکە بچووکترە یاخود لەوانەی مەمک و قن تێیدا چەقن بەو واتای مێیە و جەستەی مێیە پیرۆزە.

٥. دەربارەی ڕەهەندی جیاواز بۆ خودا و ئەزازیل

لە پەڕەی ٣٠٢ دا، دووبارە بەر بە روانگەیەکی جیاواز و پێچەوانە بە روانگەیەکانی تری ڕۆمانەکە دەکەوین ئەویش کاتێک مەم دوو ڕەهەندی جیاواز لەمەڕ خودا دەخاتە ڕوو، یەکەمیان ڕەهەندی مێژوویی خودایە کە تایبەتە بە سەردەم و کاتێکی دیاریکراو و ئەزموونێکی کەسییە لە تیرەیەکی عەرەب و لە مەعریفە و ئاگاییەکی دیاریکراوی ئەو سەردەمەدا چەقیوە. ئەم ڕەهەندانە کە دەکرێت بە بڕوای مەم هەموو گومان و قسەیەکان لەمەڕ باووکسالاری و زۆرداری و چەوساندنەوەی ڕەگەزی هەڵبگرێت و لەم ڕەهەندەدایە خودا دەبێتە ئامڕازی دەستی چینی زۆردار و حاکم بەگوێرەی بەرژەوەندیەکانیان. ڕەهەندەکەی تریان ڕەهەندێکی دەرە مێژووییەوە و ناواخنێکی ئیلاهی و خودایی خودایە، ئەم ڕەهەندە بان‌مێژووییە لەودیوو چاکە و خراپەوەیە و مرۆڤ هەرچییەک بکات ڕاستە؛ بەکورتی، وەکوو عیرفانییەت دەڵێت: خودا خودی عیشقە.

ڕوانگەیەکی جیاوازی تری مەم لەمەڕ پەیوەندی خودا و شەیتان لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە نەک شەیتان بە نەفرەت ناکات بەڵکوو پیرۆزی دەکات و بەتایبەت ئەزازیل لەنێو هەموو ئەوانیتردا باڵا دەکاتەوە. دەربارەی شەیتان وەکوو ڕاستگۆترین و ڕاستەقینەترین ئاشقی خودا دەدوێت کاتێک دەڵێت: “خودا فەرمانی بە شەیتان (ئەزازیل) کرد سوجدە ببات لێ ویستی ئەو سەرپێچی بکات.  بەڕواڵەت شەیتانیش لە فەرمانی ئیلاهی سەرپێچی کرد بەڵام لەناخەوە قەدەری ئەبەدی پیرۆزی ڕاگرت…” لێرەدا ڕوانگەیەکی تر ئەشقی خودا و شەیتانە و ویستی خودایە تاوەکوو شەیتان لە سوجدەبردن بۆ جگە لە خۆی یاخی ببێت و دواجاریش ئازارەکەی ھەرچییەک بێت بیچێژێت، چونکە ئەشق ئاوایە. ئەم جۆرە ڕوانگەیە لە عیرفانییەتدا زۆر باوە و زیاتریش لای مەنسووری حەلاج تۆخ دەبێتەوە، بەدەر لەمە دەکرێت لەم ڕوانگەیە وا بنواڕین کە چۆن پەیوەندییەکەی مەم و لاس کە ھاوڕەگەزخوازییە، بەشەیتانیکراوە و بەپێی پێناسەی کۆمەڵگا ئەمان شەیتانن. ئەم دەربڕینە لە ئاستێکدا وڵامدانەوەی ئەو قسانەی کۆمەڵگایە لەسەر پەیوەندییەکەی خۆیان.

٦. دەربارەی لۆجیکی پێچەوانەی بەهەشت

لە پەڕەی ٣٤١ دا لە زاری سیامەند، “ئەم وێنایە  لە بەهەشتدا زیاتر ڕوون دەبێتەوە کاتێک هەر پیاوێک هەفتا و دوو حۆری بۆ بەردەست دەبێت…” لە پەیوەند بە باسی حۆری و شەهوانییەتی نەبڕاوە لە بەهەشتدا، دەتوانین بەو دەرئەنجامگیریە بگەین کە مرۆڤ ئایدیای بەهەشت بۆ ئارەزوویەکی بەدینەهاتوو دادەهێنێت و فانتازیای شتێک دەکات بە بەهەشت کە لە واقیعدا بۆی نایەتە دی، یاخود نەیبینیوە. ئەمەیش لە بەهەشت و بەتایبەت لە باخچەی عەدەندا ڕوونتر دەبێتەوە. بۆ مرۆڤێک کە لە بیاباندا ژیابێت، بەدڵنیاییەوە فانتازیای باخچەی سەوز و ڕووبار و ئاوی زۆر و میوە و خۆراکی نەبڕاوە دەبێت بەهەشتەکەی بێت؛ کە زیاتریش مێژوونووسان ئەم شوێنەی باخچەی عەدەن بە میزۆپۆتامیای ژووروو دادەنێن یاخود ئەوە پێی دەڵێن وڵاتانی نێوان دوو ڕووبار.  هەمان شت بۆ حۆرییەکانی بەهەشتیش ڕاستە، بەو پێەی لە ژیانی واقیعیدا ئەوە ژنانن توانای سێکسواڵیان بەهێزترە لە پیاوان، تەنانەت دەتوانن لە ڕۆژێکدا بە دەیان گان بکەن کە ئەمە بۆ پیاوان ڕاست نییە. ئەمە سەرەڕای سەرکووتکردنی سێکسواڵیتەی ژنان بە درێژایی مێژووی باووکسالاری. خۆ گەر بگەڕێینەوە بۆ پێش مێژووی نووسراو و جارێکیتر چیرۆکەکە لە دەمی ئینانای میخودای بڕشتی و سێکس بگێڕینەوە و بگەینەوە ئەو دەمەی ژنان خودا و عاشق و جووتیار و بازرگان و بکەر و هەموو شت بوون، ئەوا توانا سێکسواڵەکە چەند هێند دەبێتەوە. لەم دێڕەی ئینانادا کە لە وەرگێڕانەکەی ۆلکشتاینەوە وەرگیراوە دەڵێت:

‏قوزی من، کەڕ ناکەم،

بەلەمی ئاسمان،

بەپەرۆشە هاوشیوەی مانگی یەک شەوە.

خاکی نەکێڵراوم بەیار ماوەتەوە.

سا من، ئینانا،

کێ قوزم دەکێڵێت؟

کێ کێڵگەی بەرزم دەکێڵێت؟

کێ خاکی تەڕم دەکێڵێت؟[2]

بەڕوونی میتافۆرە سێکسییەکان دەریدەخەن ئینانا مێخودای سێکس بووە.  هەر بۆیەیش لەمەوە ڕوونە کە ئایدیای هەفتا و دوو حۆری بۆ لاوازی سێکسواڵیتەی پیاوان دەگەڕێتەوە و ئەمە دەرخەری نەبوونی ئەو توانایەیە کە ئارەزووی دەکەن.

٧. دەربارەی تراژیدیابوونی مرۆڤی مۆدێرن

لە لاپەڕەی ٢٨٤، لەو دەربڕینەی زیندا “هەواڵی مردنی خودا، مردنی حەقیقەت، و مردنی مرۆڤمان بیستووە. ئەمە چارەنووسی هەموو مرۆڤێکی مۆدێرنە. بەتەنها ناسینەوەی ئەم نیشانانە و قبوڵکردنی ئەم چارەنووسە وەکوو خۆی، ژیانمان تراژیک دەکات” دەتوانین ئاوڕێک لە مۆدێرنیتە و ئەو تراژیدیایەی مرۆڤ تووشی هاتووە لە دوایەوە بدەینەوە.  لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨ـەوە مۆدێرنیتە بە کونج و کەلەبەری زەویدا لە ئەوروپای باکورەوە بڵاوبوویەوە. لەم سەردەمەوە پێ دەزانین کە بوارەکانی -سیاسەت، ئایین، هونەر، تەکنەلۆژیا، زانست- تووشی گۆڕان هاتوون لە ئاگامەندیماندا، گۆڕانێک لە شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردن و درکپێکردندا. گرنگترین و تراژیکترینیان بۆ مرۆڤ گۆڕانی تێڕوانینیەتی لەمەڕ خودا واتا نەمانی باوەڕ – نەمانی باوەڕ بەوەی هێزی ئیلاهی، دەست وەردەداتە ژیان و کاروباری ڕۆژانەی مرۆڤ و زەوی. سەردەمانی پێشووی خۆمان پێیان وابووە خودا زەوی بەڕێوە بردووە و هیچ لە دەستی مرۆڤدا نییە و ئەوە ڕۆحەکان و ئیلاهییەکانن باش و خراپە دابەش دەکەن و ئەوەی لە دەستی مرۆڤ دێت نزا و پاڕانەوەیە لێیان؛ بەڵام لە مۆدێرنیتەدا ملکەچی و پەرستش نامێنێت، چیدیکە باوەڕ بە پێشهات و نزاکردن نامێنێت و مرۆڤ کاری دەچێتە تاقیگەکان نەک پەرستگا. هەر لێرەیشەوەیە ئەو نەمانی باوەڕە بە هێزێکی باڵاتر کە کاروبارەکانی بۆ بەڕێوە بەرێت تراژیدیا و نیهیڵیزم دەخاتەوە. هەموو مرۆڤێکی مۆدێرن گەر کەمێکیش بێت لە قووڵاییدا خەمۆکییەک نوستووە، دواجار پاش ئەو هەموو ساڵە لە ئوستوڕە و لاواندنەوەی مرۆڤ بە خودایەکانەوە سەختە. بەڵام فەیلەسووفان وەکوو جێگرەوەیەک بۆ مەرگی خودا و چارەسەرییەک بۆ تراژیدیای مەرگی خودا دەخوازن مرۆڤ لەبری نیهیڵیست بوون سەروکاری خۆی بە شتی ترەوە خەریک بکات و لەو جێگرەوەیانەیش بۆ تراژیکبوون نیشتیمانپەروەرییە. دەتوانین دروستبوونی بەشێکی مۆدێرنیزم لەو قسەیەی سیامەندیشەوە ببینین کە بە ‘ژەنیا’ و ‘لەرین’ دەڵێت، کە بۆچی منتان دروستکردووە و ئێوە تاوانبارن بەرامبەر دروستکردنی من و تا دواتر کە ئەم هەستە زۆر بۆ مرۆڤی مۆدێرن دروست دەبێت، چونکە هەموو بەهایە کۆنەکان شکاون لای.

٨. دەربارەی گواستنەوەی فرەخودایی بۆ تاکخودایی و پەیوەندییان بە گۆڕانی فرەپەیوەندی بۆ یەک‌پەیوەندی

لێرەدا بە دانانی دوو دێڕ لە دوو پەڕەی جیاواز دەمەوێت چواندنێک بکێشم؛ یەکەمیان، پەڕەی ٤٩ دێڕێکە باس لە گواستنەوەی فرەخودایی ئەوەی پێێ دەڵێن بتپەرستی بۆ تاکخودایی و بەدیاریکراویش بۆ ئایینە ئەبراهەمییەکان. دووەمیان، لاپەڕەی ٣٣٤ فرەپەیوەندی مرۆڤەبەراییەکان و دواتر گۆڕانی فرەپەیوەندیبوون بۆ یەکپەیوەندی داخراو. ئەگەرچی باسە سەرەکیەکەی گفتوگۆیەکەی نێوان سیامەند و فەرهاد لەمەڕ هونەرە؛ کە ئایینە تاکخوداییەکان بە شکاندنی بتەکان هونەریش بەهەموو فۆڕمەکانیەوە دەکوژن، بەڵام من لەڕێی ئەم دێڕەی فەرهادەوە “جوولەکەکان لەژێر کاریگەری میسڕییەکان و بابلییەکان گەشەیان بە تێگەی خودای گەورە و مەزن داوە و دواتر بەتێپەڕینی کات وردە وردە خوداکانی تر بچووککراونەتەوە و لە خودایەتییەوە بۆ فریشتەبوون وەرچەرخاون. لەئەنجامدا خودایەک ماوەتەوە بە هەزاران فریشتە و جۆرەها مەخلوقەوە”، دەخوازم باسەکە بەرمە سەر گواستنەوەی فرەخودایی بۆ تاکخودایی موتڵەق. دەستخستنی زانیاری دەربارەی پێش-مێژوو سەختە و تەنها لە ڕێگەی پەیکەر، هەڵکۆڵدراوی سەر ئەشکەوتەکان، و پەرستگا پیرۆزەکانی مێخودا و مێکاهینە باڵاکانەوە دەستدەکەون، بۆ ئەمەیش لە پاشی ئەوەی مرۆڤی ژیر لە ئەفریقاوە دادەبەزێت گەشتەکەی دەمانبات بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و بەتایبەتیش بەرزایەکانی میزۆپۆتامیای ژووروو؛ میزۆپۆتامیا لانکەی شارستانیەتە، لێرەوە دەچینە سەر ئوستووڕەی سۆمەریەکان کە کتێبی ئایینە سامییەکان (ئیبراهیمیەکان) ئوستووڕەی میسڕی و یۆنانی و تاد وەکوو خانەخوێ لەسەر ئوستووڕەی سۆمەرەکان ژیاون و هیچ نین جگە لە نوسخەیەکی چەقبەستووی شێوێندراوی ئوستووڕەی سۆمەر. لە ئوستووڕەی سۆمەردا ئەمانەی کە زۆر باون و زۆرترین وەرگرتنیان لێوە کراوە بریتین لە گشت سرووتەکانی ‘مێخودای بڕشتی ئینانا’، ‘گلگامێش’، ‘ئەتراهاسیس’، ‘ئەفسانەی پەیدابوون’، و ‘لافاوە مەزنەکە’. (Dalley, 1989, pp. 1-154) هەر کام لەمانە بە نوسخەی جۆراوجۆر لە سەردەمی جیاوازدا شێوێندراون (بۆ نموونە گۆڕینی ئینانا بۆ ئیشتار..) و فرەخودایەتی هاوبەش گۆڕدراوە بە یەکخودای گەورەی مەزنکراو؛ هەروەها دەقە نوێیەکانیان پیرۆزکردووە لەگەڵیدا دەستیان کردووە بە نەفیکردنی ئووستوڕەی سۆمەر کە زاگە و سەرچاوەی نووسینەوەی دەقەکانی خۆیانە. بەمشێوەیە کۆمەڵێک خودای باڵادەست و بەتایبەتیش مێخودا بەهێزەکانی وەکوو ئینانا لەدوای هاتنی سامی و ئەکەدی و بابلییەکانەوە دەگۆڕدرێن بۆ یەک خودای تاک و تەنهای نێری ڕەها خودایەک کە هەموو وەسفەکانی ناو دەقەکانی سۆمەری دەدرێتە پاڵ و خودایەکانی تریش بچووک دەکرێنەوە بۆ فریشتە و ئەرکی جیاوازیان پێ دەدرێت؛ بەدریبڕینێکی دیکە: تاکخودایی داخراو. ئەم سەرگۆڕینە، کوشندەترینی بەدەستی ئەخناتوون و ئیبراهیمە؛ هەرچەند ئەخناتوون هەمان هەوڵی ئیبراهیم دەدات بەڵام بەهۆی مێژووی دێرینی فرەخودایی لە میسڕدا ئەوە ڕوونادات و بۆی ناڕواتە سەر، ئەگەرچی بۆ ئیبراهیم سەردەگرێت بەو پێی ئیبراهیم لەکاتێکی هەستیاری مێژوودا دەیکات کە خۆی دایکڕەچەڵەکی و فرەخودایی لە سەرەمەرگدان و دوا فیشەک ئیبراهیمە کە پێیانیەوە دەنێت. (Nuradin, 2022) بەو پێیەیشی دەزانین ساتەوەختی پەیدابوونی ئایینەکان لەکاتێکدا بووە کە کڵانە دایک‌ڕەچەڵەکەکان نەمابوون و وردە وردە باوکسالاری جێی بۆ خۆی خۆشکردبوو هەر بۆیەیش ڕوونە کە دەبێت نوسخەکانی ئەم سەردەمە باوکسالاری چەق بێت تیایدا، و لە ئاستێکیشدا گەر هەڵەیش نەبم بۆ خۆی ئایینی تاکخودایی و بەرزڕاگرتنی لایەنی ڕۆحانییەت تاڕادەیەک بەرهەڵستی و چەکی بەرەنگاربوونەوەی پیاوانە لەبەرانبەر توانای سێکسواڵی لەڕادەبەدەری جەستەی ژنان و توانای منداڵخستنەوە. لە ئوستوڕەی سۆمەردا بەدەر لەوەی کە فرەخودایە دەتوانین بڵێین زیاتر مێخوداکان زاڵن هەرچەندی ئەوەی کە بۆمان ماوەتەوە لەدوای مێژووی تۆمارکراوەوەیە (دوای داهێنانی نووسین) ئەمیش بە واتای ئەوە دێت دەستی باوکسالاری پێگەیشتووە و هەر خۆیشی چونکە نووسین دوای شۆڕشی نیولیتیکە؛ ئەو دەمەیە ژنان لە جیهاندا ژێرکەوتوون، بەڵام هێشتاکە مێخووداکان و بە دیاریکراویش ئینانا لەگیاندان دایە و هەرچۆنێکیش بێت دەنگی دەبیسترێت. ئەوەی کە بۆچی مرۆڤ ئووستوڕەی نووسیوە و بۆچی ئایدیای خوداکانی داهێناوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆی بگەڕێینەوە دۆخی کایۆسە کە بە هاوبەشی لە هەموو ئووستووڕەی ناوچە جیاوازەکاندا هەیە و سەرەتایی ئافڕاندنی گەردوون بە کایۆس داندراوە -لە ئاوەوە- بۆ نموونە تیامات لە دەقی ئەنومائیلیش (بابلی) کە دوژمنی ماردوکە(Nuradin, 2018)، کتێبی تیۆگۆنی ی میتۆلۆژیای یۆنانی، و خودا ئاتومی میسڕی (زەریای بەرایی) و لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە کۆسمۆگنی فرە بووە و تەنھا یەک شێواز نەبووە. نموونە ھەیە مێیەکە گەردوون دروست دەکات بەتەنھا: مێیەک و نێرێک بە ئاکتی سێکسواڵ؛ ھێلکەیەک دەپیتێت؛ لە ئاوەوە دێتە بوون؛ لە جووتبوونی پیاوێک و پیاوێکەوە؛ لە ژن و ژنێکەوە، نموونەکان زۆرن ئەوەی گرنگە لە فرەخوداییدا بەھەمان شێوە دروستبوونی گەردوونیش، فرەییە. کۆنترین چیرۆکی پەیدابوون لە ئووستووڕەی سۆمەریدا چیرۆکی پەیدابوونی ئیریدۆ کە تێیدا چیرۆکی ئافڕاندنی مرۆڤ؛ بارودۆخە خراپەیەکەی؛ سەرهەڵدانی پادشایەتی؛ یەکەم شاردەوڵەتەکان؛ بڕیارەکەی ئینلیل بۆ لەناوبردنی مرۆڤایەتی لەبەر تاوانە زۆرەکانیان؛ زیوسودرا بەو نەهامتییەی بەڕێوە پێ دەزانێت؛ دروستکردنی کەشتی؛  لافاوە مەزنەکە؛ پێشنیاری ژیانی هەمیشەیی بۆ زیوسودرا، ھەموو ئەمانەی تێدایە. ھەم شێوە جیاوازەکانی دروستکردنی مرۆڤ لە ناوچە جیاوازەکان ھەیە بۆ نموونە باوترینیانی لە هیی یۆنانیدا لەڕێی مێخودای زەوی گایاوەیە کە هەموو بوون و زەوی لێ دەبێت. تەنانەت بێماناترین نوسخە بۆ پەیدابوونی مرۆڤایەتی بەرهەم دەهێنرێت یەکێکیان لەوەی کە زیۆس لە سەریەوە منداڵی دەبێت و تاد… ئەوی تر لە ئادەم و حەوادا دەگاتە ئەوپەڕی کاتێک لە پەراسووی ئادەمەوە حەوا دروست دەبێت ئەمە لەکاتێکدا لە واقیعدا و لەڕووی بایۆلۆژیەوە ئەوەی منداڵ دەخاتەوە ژنە و ئەم پرۆسە بۆ پیاو مەحاڵە و تەنها خەونێکی بەدینەهاتووە. تەنانەت گەر واز لەوە بهێنین ئەمانە سەرجەم شێوێندراوێکی ئوستووڕەناسی میزۆپۆتامیان، بەڵام دەتوانین بگەڕێینەوە ئەو کاتەی هێشتاکە دایک‌ڕەچەڵەکی ملی نەداوە لە بەشێکی فۆلکلۆری یەهوودی و دەقی میدڕاشیکدا ھێزی ژن ببینین ئەویش هەبوونی بوونەوەرێکە بەناوی ‘لیلیتوو’ لە سۆمەر دواتر ‘لیلیث’ لە یەهوودیەت و لە کوردیشدا لای خۆمان بووەتە شەوە. (Nuradin & Mahmood, 2022) سەرەتا لە سۆمەردا ٣٠٠٠ ساڵ پێش زایین لیلیتوو ئەو مێیەدیمۆنەی کە بەرپرسە لە فریودانی سێکسی، نەخۆشی، شەهوانیەت، زریان و مەرگ. دواتر لە یەهوودیەتیدایە کە لیلیث دەکرێت بە یەکەمین هاوسەری ئادەم.  بەپێی چیرۆکی ‘یەکەم حەوا’ خودا هەردووک لیلیث و ئادەم لە قوڕ دروست دەکات، بەڵام لەناکاو کێشە لەنێوانیان ڕوودەدات کێشەیەکیان لە کاتی سێکسدا لیلیث ڕازی نابێت بچێتە ژێر ئادەم بەواتایەکی تر ملکەچی نابێت پێی وایە هەردووکیان یەکسانن و لە باخچەی عەدەن هەڵدێت و دواترە کە حەوا لە پەراسوویەکەی دەئافرێندرێت و لەوەودوا شەوە بڕیاڕی کوشتن و لەکەدارکردنی هەموو نەوەیەکی ئادەم دەدات. لەمێڕا لەوە دەگەین کە تاکخودایی ڕەگێکی لە باوکسالاریدایە و ئەو تاکخودا ڕەهایەی دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە لە ناو خێزانیشدا پەیدادەبێت و باوک هەمان دەسەڵاتی ڕەها و وێنای تاکخودای پێ دەدرێت و باوک دەکرێت بە خودا، و ئەمە لە ئاستێکدا بۆ حکومڕانی وڵاتیش سەردەکێشێت بۆ پادشا کە ئەمیش هەمان دەسەڵاتی ڕەهای خودای پێدەدرێت. کەوابێت ڕوونە کە لەم روانگەوە تاکخودایی بەدەر لەوەی بۆ داگیرکردنی سێکسواڵیتەی مێینە پەیدابووبێت و بۆ سڕینەوەی شوناسی مێینە لە جیهاندا هەروەتر بۆ ڕەوایی پێدان دێت بە دەسەڵاتی ڕەهای باوک لە خێزاندا، سەروەر لەگەڵ کۆیلەدا، پادشا لەگەڵ خەڵکدا و مێرد لەگەڵ ژنەکانیدا. بە هەمان شێوە لە ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت کە زاگەی ئەم بۆچوونانە لە جوولەکەوە نییە بەڵکو ڕەگەکەی زۆر کۆنە و لە شێواندنی ئوستووڕەکانەوەیە و دواتریش بەشێکی کەمیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتایی دروستکردنی دوو جووت تەوتەمەکە؛  واتا لە سەرەتاییترین هەوڵەکان بۆ دروستکردنی شارستانییەت.  دووەمیان، دەمەوێت ئەم دێڕە دابنێم ” مۆدێلی جووتبوونی بۆنۆبۆ فرەمێی و فرەنێرییە. واتە هیچ نێرێک تایبەت بە هیچ مێیەک نییە، بە تێکەڵی مێکان لەگەڵ نێرەکان جووت دەبن. پرسیارەکە لێرەدایە لە کاتێکدا تانوپۆی ئاناتۆمی جەستەی ژیرمرۆڤ لە جەستەی بۆنۆبۆوە دەچێت بۆ بووە بە تێکەڵەیەک لە گیبۆن و گۆرێلا”. هەر لەم گفتوگۆیانە دایە کە سیامەند نموونەی کۆنترین دەقی نووسراوی دۆزراوە ‘کاما سوترا’ دەهێنێتەوە بۆ پاڵپشتیکردن لە تیۆرییەکە و دواتریش لەسەر ئەوە دەڕوات کە بەدرێژایی مێژووی پێنج هەزار ساڵەی باوکسالاری کار لەسەر داگیرکردنی سێکسواڵیتەی ژنان کراوە؛ هەروەها بەتێروتەسەلی و زانستییانە باس لە توانای بێسنووری سێکسی ژن بەبەراورد بە پیاو دەکات و دەڵێت گوایە کە سروشتی شێوە ژیانی مرۆڤ دەبا فرەپەیوەندی بووایە و گەر لادان هەبێت ئەوا تاکپەیوەندیە واتا لادان لە سروشت لادەرییە. گەر مەیموونی پرایمتسی ماکاکوێ بە نموونە وەربگرین، دەبینین زانایان سەرنجیان داوە کە مێیەکەیە لە نێرە نزیک دەبێتەوە بۆ سێکس و بەری خۆی لێ دەخشێنێت لە پێش و دوای و گوێ نادات بەوەی نێرەکە ئامادەیە یاخود نا کە خۆی گەرم بوو دەستپێدەکات و جوڵەی سێکسی دەکات و دەنگ دەردەکات ھەمان شت بۆ مەیموونی کاپووچینەکانیش ڕاستە. (Martin, 2018, p. 134)دەتوانین بۆنۆبۆیش وەربگرین وەکوو سیامەند ڕوونی کردووەتەوە کە ٩٩٪‏ جینەکانمان ھاوشێوەن، بۆ مێیە بۆنۆبۆکان یەک جووتبوون تەنھا گەرمبوونە و دواتر چێژی بەدوادا دێت کە چەند دانەیەک لەسەر یەک دەکەن بە زنجیرەی بەردەوام تەنانەت لە سێ خولەکدا لەگەڵ سێ نێری جیاواز بێ ئەوەی تێر بن. تەنانەت لە جۆری گیبۆندا کە تاک‌ھاوسەرگیریە ھێشتا مێیەکە کاتێک نێرەکەی خۆی دیار نەبێت لەگەڵ نێرەی نوێ جووت دەبێت.

لەکۆتاییدا دەتوانین گۆڕانی فرەخودایی و ڕووتبوونەوەی بۆ تاکخودایی لە ئاستێکدا بچوێنین بە گۆڕانی فرەپەیوەندی کراوە بۆ تاکپەیوەندی داخراو کە هەردووک گۆڕان لەنزیک هەمان کاتی یەکتردا ڕوویان داوە ئەویش بەو هۆی کە ئەو کارەکتەرەی ئەم قسانە دێنێتە گۆ پێی وایە کە ئایین لەبەر سەرکووتکردنی سیکسواڵیتەی ژنان بیناکراوە، واتا خودا نێرە نێرێک بە سەرکووتکردنی ژن و چاوبەستکردنیەوە بەناوی ئایین و باوەڕەوە نەک بەتەنها جەستە و شوناسی ژنی داگیرکردووە بەڵکو جیهان و سروشت و ئازادی هەموو زەوی دەستبەسەرداگرتووە.

بۆ پاڵپشتی قسەکانیشم ھەڵبژاردنی سروشتی باشترین بەڵگەیە. قیتکەی ژن گەورەیە و ھەر بە ئەندازەی چووکی پیاوە بەڵام ئەم بەشەکەی تری لە ناوەوەیە، دەتوانین قیتکەی کە دیارە وەکوو شاخە سەھۆڵبەندێک بیبینین یاخود وەکوو دەمی گڕکانێکی لێ ڕژاو کە زیاتر لە ھەشت ھەزار ھەستەوەرگری تێدایە واتە چواردە ھێندەی ئەوەی چووک (سەری چووک) ھەر ئەمەیشە وادەکات قیتکە چەند ھێندەی سەری چووک زووتر بوروژێت و چێژبەخشتر بێت. (هەمان سەرچاوە ل١١٦-١١٩) ھەروەھا بابەتێکی تەواو پێچەوانەی بۆچوونی زاڵ بریتییە لەوەی کە ژن زۆر درەنگتر لە پیاو ئاوی دێتەوە بە ٢٠ بۆ ٢٥ خولەک لەکاتێکدا پیاوان بە ٢ تا ٨ خولەک تەواو دەبن و ژنان وەکوو پیاوان نین پێویستیان بە کات نییە تاوەکوو خۆئامادە بکەن بۆ سێکسی دواتر بەڵکو دەتوانن ھاوکات چەند سێکسێک بکەن لە کاتێکدا پیاوان لە دوای ئۆرگازم ٢٠ خولەکێکیان دەوێت بەلایەنی کەمەوە بۆ سێسکی دووەم و ئەمە سەرباری ئەوەیش کە پیاوان لە ڕۆژێکدا ناتوانن ڕێژەیەکی زۆر سێکس بکەن. ھەمان ئەم شتانەی بۆ ژن بۆ بۆنۆبۆ و ماکاکوێزەکان ڕاستە و ھەموو مێیەکان چالاکن و ئارەزووی سێکسیان زۆر زۆرە و لە تاقیگەکانیشدا سەرنجدراوە بۆنۆبۆکان شێوەی ڕووخساریان وەکوو پیتی ئۆی لێدێت و دەنگدەردەکەن بۆ ئەوەی نێرەی زیاتر و زیاتر بۆلای خۆیان ڕابکێشن. کۆتا سەرنجم دەربارەی گەورەی قەبارەی گونەکانی پیاوەوە کە خۆیان چیرۆکی فرەھاوسەرگیری مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە، گونەکانی پیاو و نێری بۆنۆبۆ بە بەراورد بە گۆریلا کە تاکھاوسەرگیرییە، گەورەترە و ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە مێیەکان چونکە ئارەزووی سێکسواڵیان زۆرە لەگەڵ نێری زۆر جووت دەبن. بۆیە ھەڵبژاردنی سروشت وادەکات گونەکانیان گەورەتر بێت تاوەکوو بتوانن بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو ھەموو سپێرمە بکەن کە چوونەتە ناو زێیەکەوە.

پێم خۆشبوو دەربارەی بۆنۆبۆکان شتێکی سەرنجکێش بڵێم، ئەویش ئەوەیە بۆنۆبۆکان ڕەنگە لای مرۆڤ پێناسەی بەھەڵەبراوی لادەریان بەسەردا بدرێت بەو پێیەی بۆنۆبۆ نێرەکان کێریان لە یەک دەخشێنن و دەست بە یەکتر دەھێنن بۆ چێژ و ھەرچی دەربارەی مێیەکانە مێیەکان ئەوەی پێی دەڵێن بەرکەوتنی جی-بۆ-جی دەکەن ھەموو دوو کاتژمێر جارێک بەگشتی و قیتکەی بۆنۆبۆ زۆر گەورەیە ھێندەی کە زیاتر چێژ لەوە دەبینێت لەگەڵ مێیەیەکی تردا قیتکەیان و زێیان لە یەک بخشێنن کرەکەیش وەکوو تێخستنی لێ دێت، بەو هۆیەی قیتکەکانیان گەورەیە. دەرکەوتووە کە زیاتر مێیەکان لەیەکتری چێژ دەبینن و تەنانەت گەر بۆنۆبۆیەکی مێ نێر و مێیەکی لەبەردەم بێت بەرەو مێیەکە دەڕوات زۆربەی کات. (هەمان سەرچاوە ل١٣٧) خۆشتربوونی سێکسی مێیە و مێیەیە بێ منەتی لە مێیەکان دروست دەکات و ھەر بۆیە جیھانی بۆنۆبۆ مێ تیای زاڵە. بەگشتی، ھەروەکوو چۆن سیامەند ئەو پرسیارانە دەوروژێنێت نووسەر ھەمان کار دەکاتەوە، ھەندێک لە پرسیارەکانی: چی گەر سێکسوالیتەی ئێمەی مرۆڤ لە بۆنۆبۆوە نزیکتر بوو وەک لە شەمپانزی؟ چی گەر ھەموو پێشگریمانەکانمان دەربارەی ناچالاکی ژن و چالاکی پیاو ھەمووی ھەڵە بووبن و بیناکراوی جووتیاری بووبن نەک سروشتی؟ چی گەر ژنان لە ناخەوە ئارەزوویان وەکوو ھی خوشکە بۆنۆبۆیەکانیان بێت؟ لە ڕۆمانەکەیشدا لە کەسایەتی خەزاڵدا ئەو هەستە سروشتییەی ژن بۆ هاوڕەگەزی خۆی ڕوون دەبێتەوە، چونکە لە کەسایەتییە هاوڕەگەزخوازەکانی تر هەندێک کاریگەری کۆمەڵگا و توندوتیژی مامەڵەی دایک و باوکیان هەیە کە بوون بە ڕووداوی بە زەبر لە ژیانیاندا؛ بەڵام بۆ خەزاڵ من پێم وایە سەر لەوەوە دەرناهێنێت و دەرەنجامی مەعریفە بەرزەکەیەتی لەمەڕ توانای سێکواڵی مێ.

هەر لە هەمان پەڕەیشدا دەتوانین بە هەمان دەرئەنجامگیری فریدریک ئەنگڵس بگەین کە دەڵێت “تەنھا کاتێک یەکسانی ڕاستەقینەی ژن و پیاو دەبێتە واقیع کە چەوساندنەوەی ھەردووک ڕەگەز لەلایەن سیستەمی سەرمایەوە بنەبڕبکرێت و موڵکدارێتی تایبەتی ماڵەوە بگۆردرێت موڵکی گشتی.” ئەمەیش واتا ئازادبوونی هەمووان؛ کۆیلە و پیاو و منداڵ و وڵات و هەرچییەکی هەیە بە ئازادبوونی ژنانەوە بەندە. ئەو کاتەی ژنان ئازادبوون، ژوورێک نییە بۆ خودای سیاسی واتا نێر خودای مەزن و بەتایبەتیش کاتێک سێکسواڵیتەیان ئازاد بێت، نەبوونی نێرخودا واتا چیدیکە ژوورێک نامێنێت بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری چەوسێنەر و سەرجەم مرۆڤایەتی ئازاد دەبن. بەدەر لە ڕەهەندە خوداییەکەی (ئیلاهییەکەی) خودا دەتوانین ڕاستی و دروستی ئەم قسەیش لە شۆڕشەکەی ژینا ئەمینیدا ببینینەوە کە شۆڕشی ژنان شۆڕشی چینی چەوساوەیە و سەراپا ئازادکردنی گشتیانە بە خۆیەوە.

٩. دەربارەی ئیبراھیم و بەقوربانیکردنی منداڵ

لە گفتوگۆیەکی نێوان خەزاڵ و زین دەربارەی ئیبراهیم و بەقوربانیکردنی منداڵ، لە لاپەڕەی ١٤٧ دا خەزاڵ دەڵێت “بەپێچەوانەوە، لە قوربانیکردنی ئیسماعیلدا منداڵ بەرانبەر باوک بۆ هەمیشە کەوت و منداڵ بوو بە موڵکی باوک وەک چۆن خێزان، زەوی و ئاژەڵەکان موڵکی باوکن…” لەم دێڕەی خەزاڵەوە لەوە دەگەین کە بە پێچەوانەی بۆچوونی باوەوە کە گوایە ئیبراھیم قوربانیکردنی منداڵی نەھێشت بەڵکوو بۆمان دەردەکەوێت ئەم ڕووداوە بوو کە ساتەوەختی بەموڵکداریبوونی منداڵ بوو بۆ باوکی، بەو شێوەی کە ھەرچەندە منداڵ تەنھا کەرەستە و کەلوپەلێکی باوکیەتی و بە ئارەزووی خۆیەتی گەر بیکوژێت یاخود نا، ئەوەیشی کە بڕیار دەدات نایکوژێت لاوازکردنییەتی و بۆ ھەمیشە قەرزاربارکردنییەتی لەبەر ئەو چاکەیە، ھەر بۆیەیش لە ھەڵگرانی ئەم ڕوانگانە دەبینین زۆر بە ئاسانی لەسەر بابەتێکی ھیچ باوکێک منداڵەکەی دەکوژێت وەکوو بڵێی ھیچ سۆزێکی بۆی نەبووبێت و مامەڵەکردن بە ژیانی، هەڵبژاردنی چ جۆرە شێوەژیانێک و تەنانەت وەکوو لە مەمدا دەردەکەوێت کە کوڕی مەلایەکی بەناوبانگە دەستوەردەدەنە هەڵبژاردنی ڕەنگ و خواردنیش بۆی، لای بەرەی نەخوێندەواریش هەمووی ڕەوایی پێدەدرێت چونکە باوک کراوە بە خودا.  گەر ئەمە بۆ پێش مێژووش بگەڕێنمەوە لە ئاستێکدا لەو کاتەوە سەرھەڵدەدات کە شێوەژیانی براسالارییە و برای دایک چەقە و برایەکەیش بەدڵی خۆی ھەر منداڵێکی پێی نەخوازراو یاخود بێ کەڵک بێت دەیکات بە قوربانی لای خواکان لەپێناو خۆیدا و ئەمە لە ئوستووڕەکانیشدا زۆر ڕەنگ دەداتەوە، دەتوانم ئەوەی کە تیامات لە دەنگە دەنگی منداڵەکانی بێزار دەبێت و بڕیار دەدات بیانکوژێت و ھەندێکیان لێ دەکوژێت بەڵام ئینکی خۆی لێ دەپارێزێت.  ئەم دیاردەی کوڕکوژیە لە بەرانبەر باوککوژی دا دەوەستێتەوە کە ئەوانیشمان لەئۆدیب، کرۆنۆس و ئابسودا بینیوە.

دواجار دەخوازم بڵێم ھەر فاکتێکی زانستی یاخود ھەر دێڕێکی مەعریفی کە لەم وتارەدا ھەبێت بەتایبەت مەبەستم لە بابەتە سێکسواڵەکانی نێوان ژن و پیاوە ھیچی بۆ مەبەستی گەڕاندنەوە بۆ قۆناغێکی دیاریکراو لە مێژوو یاخود زاڵکردنی ڕوانگەیەک نییە؛ بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە لە مێژووی تۆمارکراودا نییە و پەڕیوە و هەم بۆ ئاساییکردنەوەی هەموو ئەو ئاڕاستە سێکسواڵ و ڕوانگە جیاوازانەی شێوەژیانی هەمەچەشنە و ھەموو بۆچونەکان -تەنانەت بە پەڕگیرەکانیشەوە- دانراون تەنھا بۆ ئەوەیە مرۆڤ بزانێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان گەردوون بەم جۆرە بووە و تەنھا بۆ نەھێشتنی ئەو چەوساندنەوەیە کە باوکسالاری دەیخاتەوە، ئەمانە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە لە ڕووی زانستیەوە ئەوە ژنانن کە بە ئاناتۆمی جەستەیان فرەپەیوەندی دەبێ بکەن و ئارەزووی سێکسواڵیان زیاترە و لە مێژووی تۆمارنەکراو لە سروشتیشدا پێگەیان لە پیاوان بەرزترە، کەواتە بۆچی کە دۆخەکە لە ڕاستیدا وایە ئێستا لە کۆمەڵگادا بە پێچەوانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ دەنا دواجار مرۆڤ ئازادە لەوەی چ شێوەژیان و بیروباوەڕێک ھەڵدەبژێرێت.

سەرچاوەکان:
References:

1. Reed, E. (1975). Woman’s evolution (1st ed.). Path Finder Press.

2. Dalley, S. (1989). Myths from Mesopotamia (3rd ed.). Oxford University Press.

3. Martin, W. (2018). Untrue (6th ed.). Little Brown Spark.

4.  Pinch, G. (2004). Egyptian Myth, a very short introduction (1st ed.). Oxford University Press.
(The Kurdish translation of the book was used)

5. Nuradin, Z. (2022). ڕەشکۆباوەڕی لەمەڕ هونەر. ناوەخت. https://www.nawext.com/post/view/%DA%95%DB%95%D8%B4%DB%86%DA%A9%D8%A8%D8%A7%D9%88%DB%95%DA%95%DB%8C-%D9%84%DB%95%D9%85%DB%95%DA%95-%D9%87%D9%88%D9%86%DB%95%D8%B1?fbclid=IwAR0jJhK8tux64xR4xatSfP0foBZKD3u8qjsRy5C6WpYYnVrZ9RA_aBYuQHo

6. Nuradin, Z. (2018, August 15). لە میتۆسەوە بۆ لۆگۆس. Google.Docs. https://mail-attachment.googleusercontent.com/attachment/u/1/?ui=2&ik=8a53fa28f2&attid=0.4&permmsgid=msg-f:1756539631463281965&th=18607b7cff43b52d&view=att&disp=safe&saddbat=ANGjdJ97SyWkUlrlS6is7FR62IHK5b7c0xx-ILRwhT3WpvDYJm6OxMqq85sTUX_qq_Eg4E-CpvhydSsC5rF_vDSAY0dfbH_lmcr2n1doTpEhoVxIBdOVgBFHv7PXB24RY0b1N22z_jsbLv8l5aWtYE7RpGxNopqVD3gQfm2wA0nePrKNwd8GCgnEpT8JzpciAaRyAxSnhWHf99m-LYSMNd34t5SehNS3WHyLUuc3513A1ZxB4JyMIHndMwhxrwM8SrPx3K1LHeD5x1zpedV1QK9Ipn9go_mrjNWPzQFAsiGWVsYMLEclNDT41WzgRuRHLy2qtBsFTfB23CKtS9JYp51vAbZJcHZ-6ptxhdrhgFRghlWAKxE84tPCCwLSHGQyXyr-W-cYetbALoFfBKNm05v–VMkYSF3mYkDJsG1cSG4inVwSswojdL8rXZ-W9ztLvaZ2JZ8A9F2eJEG4-ywydEDAdQFlshf_PsqxoWI2ga4bUJgIf8DP9o6u2_I2ALXDS5xNt79J0Vsa6jPI1R1Kw9wUCzQrTj8m8Jbhk2iRFo4cIpSgShAYFTBS2HjwlJqK59ygD2lKz-r2jF8JLcanpaDH4Muhuhaf3zberJdiZ0XOqm4iJO4t-onPMQ6wcDGTrnO8hUyhhriKYCQ96qirLuC9I5CeraoAF5DtakKz1P19ucJ6bPD0LWwVZFWnGyODqDt2dV_-_DRmOWv7w0ACMco7FQHT5GRGw1prmAJhHwmC8hZgq5HAaSr23_VX8V6OJC2f3DRDN3-vZad1OWnefOiIL_pDOC8CDtfbMXZkCE73aOhWnb51wFsQW7PHSxmlLlCFe7XcDhX3BFfMsWhNOgOwwuvnoqS4dX_z2P4FVjUymkyarImWD3h-mqQXOAj271celCzAR16bzrbFteBIXGt1vY3EVEf3LwmWrXrNjDwkf2Gm0RXR-h2LpOeODTsyr6dL3yBpwuHFQjToHZ4N6LWXSCnxoAk1w2xCx3naEnvNpQP7xpoK7ZbWCwLTV0

8. Nuradin, Z., & Mahmood, D. (2022, November 17). ئارکۆلۆژیای مەرگی ژینا. ناوەخت. https://www.nawext.com/ku/post/view/%DA%A4%DB%95%DA%98%DB%8C%D9%86%DB%8C-%DA%98%D9%86-%D8%A6%D8%A7%D8%AE%DB%8E%D8%B2%DB%8C-%D8%A6%DB%8C%D9%86%D8%A7%D9%86%D8%A7?fbclid=IwAR1mO2kJAchsz2jpzPnjR32lh9Y_5uZobXecIly7h9taEURRQ9VKU-okuRo

9. Nuradin, Z. (2017, June 1). دۆخی ژنان لە چاخی بەردیندا. Google Docs. https://mail-attachment.googleusercontent.com/attachment/u/1/?ui=2&ik=8a53fa28f2&attid=0.2&permmsgid=msg-f:1756539631463281965&th=18607b7cff43b52d&view=att&disp=safe&saddbat=ANGjdJ-4U1LquUfSgKG1ntJtnIfQM1Owgk7SqEECXWqiSvWH_uv2mxXm0-_xWg13MDvF1_39imyeUZoszaIZ9aC1bwbr0tL3ebafA6fkhaci3vppiYFTGrJ83CoAySpDp1C0oUT68KD8FNaFb64mUo0uTPAhHBPh5YnNOq89Xja2cDmBb1qjZIaEXbBixDrqwpWm6x9RKSrHcgbwMoZb1lgzW2y0fRnupe8ZgmUtnNUsrO8C6Pwf_ZRh-URrSTMT3CM8hbgztPwbyh5anpwn8mx-QWuSM5yJ5l0luan43BDXaF_MKvGTj1S14NtfxvyvTbY_kRDGfSP02uVJGzy_Wy9VKugPrzU0zDN-gv_ujwo4AkhSwC8jvJ_Zfyt0QfhUoXL7_0mhtJMUKV3-sRZMILASH6NMuaDp5E5PMAk9CWnWDwXoEoiRiHLpK2HS1GPz-sYE5aepuAmvB3jvQrxRCeoTtISQ8QDvME1USGn03XWY7GmNcA8HRWdeCM0VTQlQYIelFIQ_VP7wBOSfB6FZ-THZIlVJF52_IiGqmguvI_Lhfri4PqaWNjDBYfwVObSUvm43kB-g49BYtyFD_CgbIzqmeJ_O3Ha6gp6M7sb0QuDLR4hb607DOC57VWoUOptNtK5izRiIh6zFiZyjb0HOwQ7Jjk49YYGOGFlnhKsVu_B37LbU9_o2ISerfkVV2wo1dHWHjxcfCl5A6nuXITzURETqj_U9JsPO3YsL9fhcabP-dBT0urC8e7Uk2gDdGX-PwWdmZVTzdm-VeMOPrjvWIxC-yVBb_4z8AZk0qPud7Tfj1XYMnZGe-XkXudkyLH2uVm0fKAJAw9G1g6_25IO-94-pSP5-2nE5RmIboGA9FLIwxzxm0DBdhjSiXAzLh7mMmh07ikPOXAeL1LwLDD__qm3ulkvSz6Wx5E3GjwN018clBehKzY71VS4PU53OJFUKfAClvhg5uJZRDPxKV1WOx0cthM_GUCpUtUvMCnWcoX2FB7NujDW94H01c40qivQ

10. Mohammed, H. (n.d.). نیولیبڕاڵیزم و ژن. Google Docs. https://mail-attachment.googleusercontent.com/attachment/u/1/?ui=2&ik=8a53fa28f2&attid=0.5&permmsgid=msg-f:1756539631463281965&th=18607b7cff43b52d&view=att&disp=safe&saddbat=ANGjdJ-SnE9DDGXSoC7qZZaB9S2yDgk-scv3M9cYsJL6dYW9_0GrVaoKLPy1yx2NzGPrEsGBuYTMPLueaHSxhLQh18SBWwl4pCPEHUWuCGEFYSFUQHVqIaYE8cqoxtEjm1DEzO0rdFd8hGutdzz9ivcHYtF7icbLXRcNeC1g9zmOdCBvUFOul-ciXWI-mIliFOFzM-VTHKkK8zkQWJJMsMwBhomnkb2krf246Wi2JBRcRlgMndH-MieOmlfvO4hlZM49AhV9deXVgwv6oFQqbRDTqO7indJalzmeqlodaKAQBP94wu3eYsxYDO4iVeSB4M9wY9_VNgZuFWhU3aWFHWu6KVWEbW9cZb8Fzj0ziNaSAcaoLuv1RXcYmQLMWOxpcGrtpm_8oKdtf-JhrzD63Z_-QH-mzpx351xc9g8uns5cq6fpPRF-se3sMY3aRO6IEHCIUvKQSXe26I5S1hC7blbHxCEZTY7WLSDhymoV1iVZYBeUKCER0cF_DlWVb_SW4Yelxpxf-mphxrcpa5yfoE0r_kjDvSxKprC9WgjYNYs7IrOEMAC_4Vg85z3gecQXX8porlOaSC6HAtOPxjMzVtnPS4wuGRtzaoR9dt8y4Y10apbIHrL9F4-HpdCJP_Pp45DbMpZZSgoBW3Vv5k1Bnqi3FbwzO0pXGkIsCVR6Z1gH4axMWte65yz9TNpQ_pD046mM2E2AS4T-vig_dowPWiKmCcxhzutrBWgyAqxIToip6GF46RX1s3ff8USwOoqr7Ymo8VqemKV-0TPWPS96az-tPLRuPkw5I2e9zISv0Cgz6D55TxWADHq7HqOF_RH6Yt1QJpHs75jPccjD9woYxCTGWOu401rNo9pg9jlyoxaVfnFhaqx7PY4laX8bN8qXcMRmOpPes5Yr6E3LTzvB0N7NnHU9yTkaBS-M8O6Dwx2GlYvLLF5k15voS1Eolt0Ua23jKF6fKbDSQ0DbGz3ClVVdHrCii3cx8gogCoHyjoES9GdAvzpjY6o2j993Jbk

[1] fertile crescent

[2]
My vulva, the horn, The Boat of Heaven, Is full of eagerness like the young moon. My untilled land lies fallow. As for me, Inanna, who will plow my vulva? Who will plow my high field? Who will plow my wet ground?’

 

 

سولی ئۆن 

Leave a comment