بوراقی کچەکەم

 

بوراقی کچەکەم

 هەڵگورد ئەحمەد

 

 چەند سەرەداوێک سەبارەت بە کاری-هونەری “بوراقی کچەکەم”:-

“بوراقی کچەکەم” بریتیە لە توتەڵەیەکی یاری فێرکاری (بڕوانە وێنەی کارە هونەرییەکە). تەمەنی هێلینای کچم دوو تا سێ ساڵ دەبوو ئەم یارییەم لە بازاڕی گەورە (بالە)ی، سلێمانی بۆ کڕی. لەڕێی ئەم یارییەوە فێری ئەلفوبێی ئینگلیزی بوو. ئەم جۆرە یاریانە بە یاری جوت-فەنکشن ناودەبرێن. لەلایەک، یاری پێدەکرێت. لەلایەکی تر، وەک ئامرازێکی فێرکاری ڕۆڵ دەبینێت. ڕوون نیە ئەم جۆرە یاریانە فەنکشنی سیاسی، یاخود کەللتوریشیان لەپشت نەبێت. کاری من کەشفکردنی ئەمە نیە، بەڵکو زیاتر گێڕانەوەی چیرۆک و کاریگەری ئەم توتەڵە سەرنجڕاکێشەیە لەناو خێزانەکەی خۆمدا و بەستنەوەی بە ئەزموونی هونەری و پەروەردەیی خۆم و منداڵەکانم.

شایەنی ئاماژەپێکردنە ئەم یارییە بەرهەمی کۆمپانیای لیپفرۆگ (LeapFrog)ە، بۆ بەرهەمهێنانی یاری فێرکاری مناڵانە. کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩٩٤وە لە کالیفۆرنیا، وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دامەزراوە. کۆمپانیای ناوبراو ئەم بەرهەمەی لەژێر ناوی توتەڵەی-ئەلفا (Alphapup)، خستوەتە بازاڕەوە. پێوانەی تولەکە بریتیە لە ٥.٣١ بە ١٣.٨٨ بە ٨ ئینج. توتەڵەی-ئەلفا دوو گوێ نەرمونۆڵی شۆڕی هەیە و بەدرێژایی هەردووک لای پشتی، پیتەکانی زمانی ئینگلیزی لەسەر دوگمەی ڕەنگاوڕەنگ لە پیتی ئەیەوە تا پیتی زێت درێژبوونەتەوە. لەگەڵ پەنجەنان بەهەر دوگمەیەکدا دەنگی پیتە هەڵکۆڵدراوەکەی سەری و ووشەیەک کەبەو پیتە دەستپێدەکات، بەرگوێ دەکەون. هاوشان، توتەڵەی ئەلفا سێ گۆرانی فێرکاریش بەزمانی ئینگلیزی، بۆ فێربوونی ئەلف و بێی ئینگلیزی دەچڕێت. تایەکانی پێشەوەی بەشێوەی هێلکەیی دروستکراوە، تا کاتێک منداڵ لە ڕێی ئەو پەتەی ملی بەدوای خۆییدا ڕایدەکێشیت، لارولانەجەیەک لە ڕۆیشتنەکەیدا دروستبکات و ئەوەندەی تر منداڵ شەیدای خۆی بکات.

ناونیشانی “بوراق” وەک ئاماژە بۆ ئاڕاستەیەکی شارستانی

لە فەرهەنگی ئیسلامیدا باس لە گەشتی موحەمەد (عروج)، دەکرێت بەرەو جیهانی خواهانە. ئەو گەشتەی بەسواری “بوراق”ێک، یاخود ئەسپێکی باڵدار، ئاسمان لەدوای ئاسمان ستونی سەردەکەوێت بەرەو جیهانی خواهانە. لە کایەی عیرفانی ئیسلامدا دەقاودەق ئەم بەسەرهاتە وەکخۆی وەرنەگیراوە، بەڵکو مامەڵەیەکی میتافۆری لەگەڵدا کراوە. دەگوترێت باس باسی گەیشتنی موحەمەدە بە ئەزموونی مقامێکی بەرزی ڕوحی و ئەخلاقی. بۆ گەیشتن بەو مقامەش، جۆرێک لە کۆشش و خۆپەروەردەکردنی ناوەکی ویستووە، بەدەربڕینێکی تر، ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەکی ستونیە بەرەوە سەر و خۆدابڕێنە لە دونیا مادییەکە. کەسێک ئەگەر لەم دەروازەوە بێتە ناو ئیسلامەوە، دەتوانێت ئاڕاستە بە ژیانی خۆی بدات، تەنها و تەنها پشتبەست بەم توێشوە عیرفانیە هەموو کێشە وجودیەکانی چارەسەربکات. من لە قۆناغێکی ژیانی خۆمدا هەستمکرد  ئەم مەعنا ناوەکیە وردەورەد کرمۆڵە دەبێت. سروشتیە، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بایالۆجی ئاگا، ڕەنگە لەقۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی کۆمەڵێک پرسیار قوڵی وجودی بۆ دروستبێت، جا لەسەر بێمانایی خۆبێت یاخود دەوربەر (دەوربەر بە مانا سیاسی و کەللتور و هتد…). میراتی ئیسلام پڕە لە وەڵام بۆ ئەم پرسیارە وجودیانە. بەڵام کاتێک تێدەگەین هەر کەللتورە و وەڵامی جودا بۆ هەمان پرسیار دابیندەکات، ئیدی دەکەوێتە دۆخێکی بەدگومانی و بەراوردکاییەوە. تەواوی کێشەکام لەدوای فێربوونی زمانی ئینگلیزیەوە دەستیانپێکرد، بەو پێیەی پەلکێشی ناو میراتێکی مێژووی و فیکری تری کردم، بەشێوەیەک لێوانلێوە لە وەڵامگەلێک لایەنی کەم ئەم وەڵامەنە وەک ئەو وەڵامانە نین کەلە کەللتورەکەی خۆتدا دەستڕەسن، ئالێرەوە ئەگەر مرۆڤێکی خاوەن بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بیت، دەکەویتە بەراوردکاری. بەکورتی، ئەگەر پێشتر هەر ئاڕاستەیەکی ستونی مەعنەوی بوونی هەبووبێت، ئەوا ئێستا ئاڕاستیەکی ئاسۆیی مادیش لەئارادایە. من پێموابوو هەموو کێشەکان بەم توێشووە مەعنەوییە چارەسەردەبێت و سواری بوراقێک دەبم و هەموویان دەنێمە پشت خۆم، بەڵام لەناکاو کەوتمەخوارەوە و لەسەر گازی پشت بەر زەوی کەوتم. دواتر تێگەیشتم من لەنێوان بەداشی دوو شارستانێتی گەورەدام، یەکیان ئیسلام و ئەویتر ڕۆژئاوا. لێرەدا نە بەراوردکاری دەکەم، نە فەزلی یەکیان دەدەم بەسەر ئەوەی تردا، چونکە هەوڵی لەم شێوە ساویلکانەیە و هەر شارستانیەتێک گرنگی خۆی هەیە، لە دواجاریشدا ئەم کارە لە تاقەت و توانای مندا نیە. بەڵام بەلامەوە گرنگە دان بەوەدا بنێم لەڕێی فێربوونی زمانی ئینگلیزییەوە تێگەیشتنم بۆ شتەکان گۆڕا. ئینگلیزی بژاردەی تری خستە بەردەستم، ئەنجامەکەشی بەوە کۆتایی هات، هەر دەبێت ئاڕاستەی گەشتەکەی خۆم پشتبەست بە میراتی یەکێک لەو شارستانێتیانە دیاری بکەیت. لە ئێستادا هەستدەکەم ئینگلیزی ئاڕاستەی ستونی منی گۆڕی بۆ ئاسۆیی، ڕەنگە کڕینی ئەم توتەڵە پیتڕێژە فریودەرە بۆ کچەکەم لەژێر هەمان کاریگەریدابێت و پێمخۆشبێت کچەکەشم بەسواری بوراقێکی لەم شێوە دەستبکات بە گەشتە ئاسۆییەکەی بەرەو ڕۆژئاوا.

سەرچاوەی کۆنسێپتی کارە هونەرییەکە:-

لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانم، زمانی ئینگلیز، لەمپەر دەخاتە بەر گەشتە ڕوحیەکەم. ئینگلیزی کەمتازۆر بردیمە ناو جیهانی نیرۆلۆجی، سایکۆلۆجی، ئەسترۆنۆمی هتد… ئەمە جگە لەوەی پلاتفۆرمی یۆتیوب لەڕێی دیبەیتەکانیەوە پێگەی ئاینیەکانی لەبەرامبەر ئەیسیەستەکان بۆ دەردەخستم، وەک بڵێیت ڕۆژبەڕۆژ ئەو ئایینەی دیبەیتەرە ئایینیەکان پارێزگاری لێدەکەن، باری لارتر دەبێت بەرامبەر جیهانی ئەمڕۆ. وەک تێدەگەم مەرج نیە هەرکەس فێری زمانی ئینگلیزبێت ئیتر بگاتە هەمان دەرئەنجا، بەڵام خۆم بە پێداچوونەوە بە ڕابردووی خۆمدا، وادەزانم ئەو وەچەرخانەی بەسەرمدا هات، تەنها لە ئەستۆی ئەو زمانە ئینگلیزییەدابووبێت کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا فێری دەبووم. من سەرەتا پێموابوو، فێربوونی ئەم زمانە ڕێکەوت بووە، بەڵام درەنگانێک زانیم ئەمە جگە لە پرۆژەیەکی باش بیرلێکراوەی پۆست-کۆڵۆنیالیزم، هیچی تر نەبووە. زمانی ئینگلیزی زمانێکی تەکنیکی ووشک نیە، بێ دانانی هیچ کاریگەرییەک لەسەر بوون و بیرکردنەوەت، بێتە ناوتەوە. ئەم زمانە زیادەیەک نیە، بیخەیتە سەر مەعریفەت، بەڵکو زیادەیەکیت، دەتخاتە سەرخۆی. زمانێکی فیریودەرە و پەلکێشتدەکاتە ناو کەللتورێکی مەعریفەداری سەرسوڕهێنەر، هاتنەدەرەوە لێی ئەستەمە.

باسەکە تەنها لە بەراوردکردنی دوو بوونەوەردا کورتناکرێتەوە، ئەوەی یەکەم (ئەسپی باڵدار)، و ئەوەی دووەم (توتەڵەی پیتڕێژکراو)، بەڵکو باس باسی ململانێی دوو تێگەیشتنی گەورەن، ململانێی نێوان دوو شارستانیەت، لایەنی کەم لە زیهنی خۆمدا. لە ڕاڤەی ئەم کارە هونەرییەی مندا “بوراق” و “سەگ” میتافۆریانە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە وەک ئاماژەن بۆ ئەو دوو تێگەیشتنە گەورەیە. ئەو بوراقەی لە ئیسلامدا باسدەکرێت بڕیارە ستونی سەرکەوێت، هاوکات سەگیش بەسروشتی خۆی ئاسۆیی دەڕوات. بە مانایەکی تر، سەگێک کە پەتی لەملدابوو، دەرخەری ئەوەییە ماڵیکراوە و دەستبەرداری زێدە ڕەسەنەکەی خۆی بووە، ئەمە ئەو مانایەیە کەسانێک دەیدەنە پاڵت کە کوێرانە شارستانی-پەرستی، یاخود نەتەوە-پەرستی دەکەن و لە گەڕان بەدووی حەقیقەتدا دەترسن، یاخود لایەنی کەم دەترسن لەوەی ئەو شارستانێتیەی ئەمان بڕوایان پێیەتی بنکۆڵبێت. من خۆم وەک هونەرمەندێک کە هونەرەکەم پشتبەست بە تێگەیشتن و تیۆریا ئینگلیزیەکان کەمتازۆر ئاڕاستەکردووە، ناوبەناو ڕووبەڕووی هەمان ڕەخنە بومەتەوە. تا ڕادەیەک ڕەوایەتی لەم ڕەخنەدا هەیە، بەڵام ئەگەر بڕیاربێت زمانی ئینگلیزی پرۆژەیەکی کۆڵۆنیالیزم بێت، بە چ تفاق و پاشخانێکی کەللتوری و مەعریفیەوە دەتوانین بەر بەو شاڵاوە بگرین. ئایا شاڵاوەکە ئەرێنی، یاخود نەرێنی بەسەر خۆیاندا دەشکێتەوە. ڕەنگە بەشی پێویست ئەو ئاگاییەم هەبێت، ئەمەریکا وەک وڵاتێکی خاوەن ئەم زمانە، ئەگەر ڕۆژێک مەیدانیەن دەبابەکانی خۆی هێنابێتە عێراق بۆ داگیرکاری مەیدانی، ئەوا ئەمڕۆ لەڕێی تولەیەکی جوانکیلەی ئەلفوبێداری دڵڕفێن، دەتوانێت درێژە بە پرۆسەی داگیرکاری بدات و دەستبگرێت بەسەر زیهن و بیرکردنەوەی ئێمەی عێراقیدا. دوور نیە ئەم دەبابە کارتۆنیەی دووەمیان کاریگەرتر نەبێت، بەو پێیەی ڕووح و دوونیابینی و ناوەوەی عێراقیەکانیش داگیر دەکات، نەک شتانێکی تر.

چۆن کارە هونەرییەکە ئاڕاستە کراوە:-

یەکەم: مانای توتەلەکە لەناو کارە هونەرییەکەدا.

خودی ئەو توتەڵەی ڕۆژگارێک هاوڕێ و مامۆستای ئەلفوبێی ئینگلیزی هێلینابوو، لەسەر زەوی گەلەرییەکە دادەنرێت. ڕەنگە وەک نومایندەی تاکێک بێت کە کەوتووەتە ژێر کاریگەری کەللتوری ئینگلیزی-زمانەکان. ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ تاکێکی ڕامکراو. ئەکرێت وەک مەشینێکی داگیرکاری نوێی ووڵاتە داگیرکەرەکان مانا بدات! یان ئەکرێت هەر لە یارییەکی منداڵانەدا کورتبکرێتەوە بێ هیچ ڕاڤەیەکی نەرێنی و ئەو منداڵانەی بەڕێکەوت لەگەڵ دایبابانیان دێنە گەلەرییەکە هەندێک یاری پێبکەن، یاخود دەکرێت هەزار مانای نەرێنی هەڵگرێت. ئەوەی گرنگە ئەزموونی خۆم و کچەکەمە لەگەڵ ئەم دیڤایسە هەندێک شیکار بکەم. کاتێک ئەم توتەڵە دێتە ماڵەکەمانەوە، کەڵکەڵەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دەکەوێتە مێشکی کچەکەشمەوە. زۆری نەبرد ناردمە باخچەیەکی نموونەی، تێدا زۆر پشت بە زمانی ئینگلیزی دەبەسترێت. ڤیدیۆ فایلێک سەبارەت بە ئەزموونی پەروەردەیی هێلینای کچم لەو باخچەیەدا لەبەردەستدایە لەڕێی ئەو ئای کیو کۆدەی لەسەر ئێسکی ملی توتەڵەکە چاپکراوە لە چەناڵی یوتیوبەکەی خۆمەوە دەستڕەستخراوە. لەو ڤیدیۆیەدا کاریگەری زمانی ئینگلیزی نەک لەسەر تاک، بەڵکو لەسەر سیستمی پەروەردەش بەجوانی دەردەکەوێت. لەیەکەم نیگادا، وادەردەکەوێت، هەموو ئەوانەی ڕودەدەن هیچ نیە جگە لە پرۆژەیەکی وردی سیاسی و کەللتوری بۆ بنکۆڵکردنی کەللتوری گەلانی تر. خۆشم زۆرجار ئەم قەناعەتەم بۆ دروستدەبێت، هەربۆیە زۆرجار هونەرەکەم بە  (هونەری پۆست کۆڵۆنیالیزم)، ناودەبەم و خۆشم وەک هونەرمەندێک لەنێو ئەو بزاوتە هونەرییە هەژماردەکەم. ڕەنگە ئەم هونەرەش بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ئاگایی بێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شاڵاوە کەللتورییە بکەین و بەدیوێکی ئەرێنیدا وەریگرن، لەبری بەرپەرچدانەوە (لەم بارەوە لە داهاتوودا نوسینم دەبێت).

چۆن کارە هونەرییەکە ئاڕاستەکراوە:-

دووەم: مانای گرتە ڤیدیۆکانی ناو کارە هونەرییەکە.

وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ڤیدیۆ فایلێک لەژێر ناوی (کاریگەری ئینگلیزی لەسەر سیستمە پەروەردەییەکەمان)، دەستڕەس دەخرێت. ئەم کارە لە ئێستادا لە پێشەنگای ساڵانەی گەلەری دهۆک نیشاندراوە. ئەم کارە لەسەر زەوی گەلەرییەکە دانراوە، تا وا لەبینەر بکات مل نەویکات، یاخود دانەوێتەوە بۆ کارە هونەرییەکە. ئەمیش وەک ئاماژەیەک بۆ ملدان، یاخود دانەوینەوە بۆ کەللتورێکی تر. بەشێکی ڤیدیۆکە تایبەتە بە ئەزموونی هێلینا لەو باخچە نموونەییەی بەرامبەر بڕێک “پارە” تێدا دەخوێنێت. یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئەم باخچانە وەک باخچەی نموونەیی، گرنگیدانیانە بە زمانی ئینگلزی و هەموو بابەتەکانی تر لە سیستەمی پەروەردەیی ئەم باخچانە بەلای دایکووباوکی مناڵەکانەوە دووەمی و سێهەمین! من ڕۆژێک پاش وەرگرتنی مۆڵەت چوومە ناو باڵەخانەی باخچەکەو هەندێک کەرەستەی ڤیدیۆییم بۆ ئەم کارە هونەرییە پەیداکرد. لە ڤیدیۆکەدا دیارە ڕاخەر و فەرشەکانی ناو پۆلەکان، هەموویان پیت و ژمارەی ئینگلزییان لەسەر چنراوە، یاخو چاپکراوە. لەوێدا کەوتمە بیری خاوەنی ئەم کارگە کە چەندێ زیرەکانە بەرهەمەکانی دەخاتە بازاڕەوە. ئەم بازرگانە زیرەکانە سودی لەو ژینگە کەللتورییە سازکراوە بۆ ساغکردنەوەی فەرهەنگی ئینگلیزی زمانەکان وەرگرتووە. ئاخۆ لە ئێستادا جگە لە پیتی ئینگلیزی پێتی تر بۆ ئەو پارە دەکات؟! هەر لەڤیدیۆکەدا دیارە کە تەواوی دیوارەکان بە پیتی ئینگلیزی ڕەنگاوڕەنگ و سەرنجڕاکێش تەنراوە. لە گرتەیەکی تردا هۆڵی وەرزش دەردەخات و تێدا مامۆستاکە مۆسیقایەکی ئینگلیزی داوە بە ساوند سیستمی گۆڵەکە و هەڵبەزوودابەز بە منداڵەکان دەکات و لەگەڵ هەر جوڵەیەکدا خۆی بە زمانی ئینگلیزی  هاواردەکات: “وەن، دوو، وەن، توو، وەن، دوو!” پاشان، هەر لەم ڤیدیۆیەدا دیارە، تەواوی تێبینی و هێماکانی ناو باخچەکە بە زمانی ئینگلزی نوسراوە. من لەبەر ناوزڕاندن نەمویست دۆکیومێنتی ئەو سکوڵە بکەم کە خوێندکاری ئەم باخچەی بۆ دەچێت، کە ناوەکەی نەک هەر بە پیتی ئینگلیزی نوسروە، بەڵکو ناوەکەشی ناوێکی ئینگلزییە. لێرەدا تێدەگەیت توتەڵەی-ئەلفا، ڕ‌ێک ئاماژەیە بۆ کەللتوری-ئەلفا، کە کەللتوری بێڕکابەری ئینگلیزی زمانەکانە و هیچ کەللتورێکی تر ناتوانێت بکەوێتە ململانێ لەگەڵی. ئەوان هەر بەوەوە ناوەستن کەللتوریان لەناو جوگرافیای خۆیاندا قەتیسبکەن، بەڵکو باش لەو خاڵە دەگەن بە بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی کەللتوری خۆیان لە هەر جوگرافیایەکی تردا، “ڕەنگە” بتوانن جڵەوی کەللتوری و مرۆیی ناوچەکەشیان بهێننە ژێر ڕکێفیانەوە. ئەوان دێن بەها دەدەن بە کەللتوری خۆیان، بەڵام تۆ قیمەتی لەسەر دادەنێت و پێشت وایە ئەو بڕەی وەریدەگرێت قازانجە! بەڵام لەڕاستیدا تۆ بەر لەوەی بچیتە ناو ئەم مامەڵەوە، لەزەرەدایت، بەوەی بەهای کەللتوەرەکەی خۆتت فرۆشتووە بەو نرخە توێكڵدارەی پێتوایە لە بازاڕی کەللتوری ئینگلیزی زمانەکانەوە دەستت دەکەوێت. فەرشە بەئەلفوبێ نەخشێنراوەی باخچەکەی هێلینا کەوەک ئامرازێک بۆ پەیداکردنی پارە ڕاخراوە، بەهای فەرشێکی نەهێشتووە کە پیتی کوردی لەسەرە و لەژێر ئەم فەرشەی یەکەمدا شاراوەتەوە.

کۆبوونەوەی دوو تێگەیشتنی دژبەیەک لەم کارەدا:-

هەر لە کەللتوری خۆمانەوە ئەو تێگەیشتنە دەخنە زهینمانەوە کە (زمانی ئینگلیزی و خوشبەختی)، دوانەیەکی لێکدانەبڕاون. هەڵبەت ئەمە لەخۆوە نیە، خەڵکی بەلەبەرچاوگرتنی ئەو خۆشبەختیەی ووڵاتانی ئینگلیزیزمانەکان لەڕێی کۆشش و بیرکردنەوە و ئەخلاقەوە پێیگەیشتوون، ئەو دووانە پێکەوە گرێدەدەن. ئێمە لەسەرەوە تێرمی “کەللتوری ئەلفا”مان داتاشی و لەبری ناوی ئەمەریکا لە کۆنتێکستێکی نیمچە-نەرێنیدا داماننا وەک ناساندنی ووڵاتێک کە سیاسەتێکی کەللتوری توێکڵدار لە عێراق و کوردستان پەیڕەودەکات. ئێمە باش لەوە تێدەگەین، بەڵام هەموو ئەوەی بەسەرمان دێت ناتوانرێت بخرێتە ئەستۆی ئەم هەوڵە شاراوەی ئەمەریکیەکان، بەڵکو دیوێکی ئەرێنیش لەم بابەتەدا هەیە. هەموومان دەستەواژەی “ئەمەریکان لایڤ”مان. بەرگوێکەوتووە. لە ژینگەی فەرهەنگی خۆشماندا، کاتێک قوتابخانەیەک بانگەشە بۆ ناوەندەکەی دەکات، یەکەم تایبەتمەندی کە لافی پێوە لێدەدات زمانی ئینگلیزییە وەک مژدانەیەک بۆ ڕەخساندنی ژیانێکی ئەمەریکیانە، یاخود ژیانێک بەو تایبەتمەندییەی ووڵاتانی ئینگلیزی-زمانەکانی تێدان. ئەمە دەکەن لەڕێی بەخشینی ژینگەیەکی جوان و تەندروست و پۆرشانە بە ناوەوە و دەرەوەی باڵەخانە و باخچە و قوتابخانەکان. منداڵەکان بنکەی تەندروستی خۆیان لەناو بینای باخچەکەدا هەیە، خواردنی تەندروستیان بۆ ژەمی بەیانیان و نیوەڕۆیان بە دروستی دەدرێتێ، گرنگیدان بە وانەی هونەر و وەرزش و زانست و تەنانەت گوڵ و دارودرەخت لەناوەوە و دەرەوەی بینای باخچەکە و خواستنی مەنهەجی ئەوروپی و ئەمەریکی بۆ باخچەکە و مامۆستای کوالیتی و فاسلیتی باش و جوانی خوێندن، ئەمە جگە لەوەی هەمیشە ئەم باخچە و قوتابخانە نموونەیانە دەکەونە ناوچەی نیشتەجێبوونی سەردەمینە. تەنانەت، بەشێک لە دایکان و باوکانی بەختەوەر هەر لەو جێیانە خانوو دەکڕن. هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدان، لە  باخچە و قوتابخانە حوکومیەکاندا بەهیچ شێوەیەک بوونیان نیە.ئەو ژینگە مەعریفی و مرۆییەی ئەوان هەیانە، هەموومان خەونی پێوە دەبینن، هەموومان لەهەوڵی وەڕاستگەڕانیدا دەکۆشین، بەڵام نا ملنانی کوێرانە بۆ هەمان ژینگە، بەڵکو لێیانەوە فێربین چۆن لە ڕوحی کللتورەکەی خۆمانەوە زەمینەسازی مەعریفی و مرۆیی بۆخۆمان بکەین. ئەوەی دەگوزەرێت، جێگەگرتنەوەی کەللتوری ئەوانە بە لەدەستدانی کەللتوری خۆمان. ئەوەی دەیڵێم، بەداخەوە، لە هەموو بوارەکاندا ڕەنگی داوەتەوە بە هونەریشەوە. ڕەنگە ناردنی کچەکەی خۆم بۆ ئەو جۆرە باخچانە و هونەرەکەشم ڕەنگدانەوەی هەمان واقیع بێت. ڕەنگە ئەوەی تا ڕادەیەک من جیادەکاتەوە لەو دایکوباوکانەی تر، یاخود هونەرمەندانی تر، ئەوەبێت من بە دیدێکی ڕەخنەیی دەڕوانم، یاخود بەگومانەوە لەو داهاتووە دەڕوانم کە خۆم و منداڵەکانمی تێدەکەوین. ڕەنگە ئەوەبێت لە پشت ئەو چێژەی بۆ خۆم و منداڵەکەمم ڕەخساندووە، ئازارێكی قوڵیش ئامادەیی هەبێت. ڕەنگە هەر ئەوەبێت، خەمخۆری و پەرۆشیەکم هەیە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی و کەللتوری خۆڕسکانە بۆ خۆم و منداڵەکانم، ئەگەر چی توشیشبووم. لێرەدا من تەنها دۆخەکەم بۆ دەخرێتە ژێر پرسیارەوە، جگە لە ملدانیش هیچ دەسەڵاتێکم نیە. چونکە کاتێک تۆ خۆت لەناو کۆمەڵگەیەکی لە گرێژنگەدەرچوو دەبینینتەو، تێدەگەیت تۆ لەژێر دەسەڵاتی سیستمێکی سەروترەوەی، هاوکات، خۆشت وەک سەرۆکی خێزانێک جۆرێک لە دەسەڵاتی ڕەهات هەیە بۆ داڕشتنی سیستمێک کە خێزانەکەتی پێ بەڕێوەبەریت. من ئەگەر دەسەڵاتی گۆڕینی کەللتورێکی شێواوم نەبێت بۆ تەواوی هاونیشتیمانیەکانم، دەبێت بیر لەوەبکەمەوە کەچۆن توولەڕێیەکی کەللتوری دروست کە دەمگەیەنێتەوە سەرچاوەی کەللتورە سەرەکیەکە، لەناو کەللتورە بێسەروبەرەکەی خۆم بۆ خێزانەکەی خۆم بدۆزمەوە و قوتاریانکەم. دەزانم، هێلینا ئەگەر ئینگلیزی بزانێت، ئینتیمای بۆ ئینگلیز دەبێت، وە دەشزانم ڕەنگە هەر ڕوو لەوێ بکات، بەو پێی ئامرازەکانی شوناسی ئەوان بەکاردێنێت لە دروستکردنی بونیادی خۆیدا. بڕوانە، تولەڕێ پەروەردەیی و کەللتورییە لەو توتەڵە ئەلفوبێداری هێلیناوە دەستپێدەکات، باشان بەرەوە باخچەکەی، دواتریش ڕەنگە بەرەوە ئەو قوتابخانانەی مەنهەجی ئۆکسفۆرد و فڵان و فیسار دەهێن، دواجاریش بۆ زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی، لەوێشەوە گفتی بردنی یەکەمەکان بۆ ئەمەریکا دەدرێت، یاخود خۆیان بەپێی ئەو توانایەی هەیانە دەچن لە ئەمەریکاو بەریتانیا و ووڵاتانی ئینگلیزی زماندا کار و ژیانی خۆیان دەستپێدەکەن. ئەم هێڵە ئاسۆییەی توتەڵەی ئەلفا بۆ دەربازبوونی کەسێکی دەڕەخسێنێت، حەقیقیە و لەگەڵ ئەم واقعەی تێیدا دەژین، دێتەوە، بەڵام ئەو هێڵە ستوونیەی بوراقەکەی موحەمەد دروستی دەکات، زیاتر مەعنەوییە و بۆ دەستوپەنجەنەرمکردن و خۆبەدەستەوەدانی واقعێکی تاڵی ژیانە، یاخود بەزمانێکی عیرفانیانە دۆزینەوەی لەزەتە لەناو بێتامی، یاخود تاڵاوی ژیاندا. لەم نوسینەمدا دیارە لەسەر ئاستی تاک بەلای ڕۆژئاوادا شکاندومەتەوە. بە بڕوای خۆم ئەم پشتگیریە کوێرانە نیە، وەک تێدەگەم لە زۆربەی کایەکاندا لەپێش ئێمەوەن، هەربۆیە ئاساییە خۆمان بدەیەن دەست کەللتورێکی ئاوها. خۆئەگەر لەسەر ئاستی شارستنێتی، یاخود دۆزە نەتەوەیی و کەللتوریەکانی کورد کاریگەری نەرێنی دانێت، ئەوا دەبێت ئاگاییەکی دەستەجەمیمان هەبێت بۆ چۆنێتی مامەڵکردن لەگەڵی، هونەریش یەکێکە لە باشترین ئامرازەکان بۆ دروستکردنی ئاگایی دەستجەمی. لەم بارەدا، دەکرێت هونەرەکەم بۆ ورژاندنی ئەم پرسە و دروستکردنی ئاگایی دەستەجەمی ڕۆڵ ببینێت.

تێبینی:- بینەر ڕێگەی پێدراوە دەست لە کارەکە بدات، تەنانەت ئەملاولای پێبکات، ئیشی پێبکات، گوێ لە گۆرانی و پیتە ئینگلیزییەکانی بگرێت.

Leave a comment