هەڵگورد ئێس. بی. دی.
نوسینی: هەڵگورد ئەحمەد (خاوەن و دامەزرێنەری چەناڵی یوتیوبی هەڵگورد ئێس. بی. دی.)
*هەڵگورد ئێس. بی. دی. (Halgurd S. B. D.)، چەناڵێکی هونەریی یوتیوبە، زیاتر گرنگی بە هونەری ڤیژوەڵ دەدات، بەتایبەتتر هونەریی شێوەکاری. (ئێس. بی. دی.)، کورتکراوەی دەستەواژەی (Selfie based documentary)ییە، بە واتای بەرهەمهێنان و دروستکردنی دۆکیومێنتەری پشتبەست بە کامێرای مۆبایل دامڕشتووە. لە ڕێکەوتی ٩ی دوانزەی ٢٠١٥ چەناڵەکەم چالاک کردووە. لە ڕێکەوتی ٣ی چواری ٢٠١٨ یەکەم ڤیدیۆی هونەریی تێدا ئەپلۆد کراوە. ئەم چەناڵە چەناڵێکی تەواو سەربەخۆیە و سەر بەهیچ لایەنێک نیە. هەڵگورد ناوی خۆمە وەک خاوەن و داڕێژەری بیرۆکەی چەناڵەکە. لۆگۆی چەناڵەکە (بڕوانە وێنەی ژمارە ١)، لەلایەن هونەرمەند و دیزاینەر (ئاوارە هیوا)وە، دیزاین کراوە. تاوەکو بەرواری بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە بیرم لە ستافی تر نەکردووەتەوە، بەڵام دەکرێت مەودای کارەکانم وەک ئەوەی لە خوارەوە باسکراوە بەرفراونتر بکەم و بەپێی پێویستی بەرنامەی کارەکانم کەسانێکی تریش هاوکارمبن. ئەم چەناڵە زیاتر خزمەتی هونەرمەندانی شاری سلێمانی دەکات، بەوپێیەی لایەنی کەم لە ئێستادا تێبینی بزاڤێکی هونەریی کاریگەر دەکەم لەم شارەدا و پێویستە بخوێنرێتەوە، هاوشان خۆشم ناتوانم مەیدانی ڕووماڵی چالاکیە هونەرییەکانی شارەکانی تری کورستان لە هەر چوار پارچەکەوە بکەم. تا ئێستا شەرمنانە و لەسەرخۆ کارەکانی چەناڵەکەم جێبەجێکردووە و هەرگیز بیرم لە ڕیکڵام و سپۆنسەر بۆ چەناڵەکەم نەکردووەتەوە، بەڵکو ویستوومە هونەردۆستان خۆیان بەڕێکەوتبێت یاخود گەڕان، چەناڵەکە بدۆزنەوە و سەبسکرایبی بکەن، هاوشان دەمەوێت بەرلەوەی منیش ببمە نێچیری کەللتوری ژمارەحسابی، بیر لە ناوەڕۆک و کەرەستەی هونەری مانادار بکەمەوە. ئەم چەناڵە لەسەر بنەمای جۆرێک لە تێگەیشتن شێوەی داوە بەخۆی کە لەخوارە لەگەڵ چوارچێوە و سنوری کارەکان خاڵ لەدوای خاڵ ڕیزیان دەکەم:
یەکەم: زۆر بە تەنگ تەکنیکی مۆنتاجکردن و تۆمارکردن و دەنگهەڵگرتنی ڤیدیۆکانمەوە نیم. لەبەرئەوەی هەر لەسەرەتاوە کۆنسێپتی چەناڵەکەم لەسەر ئەم تێمایە بونیادناوە. لەڕووی تەکنیکیەوە مانای خۆی لەمانای سێڵفیەوە پچڕاندووە. من گەلێک جار بەر ڕەخنەی خراپی تەکنیکی ڤیدیۆکان کەوتووم. لەڕاستیدا ئەم جۆرە ڕەخنانە ڕەوان، لەگەڵ کاتتدا کار لەسەر ئەم خاڵە دەکەم، ئەگەر چی پلەی یەکەمی بۆ تەکنیک نیە. ئیشی من گەڕانە بەدوای مانا قوڵەکانی هونەر لەپشت ئەم تەکنیکانەوە. گووتە و لێدوانی هونەرمەندانی کورد بۆ من لە هەرشتێک زیاتر خزمەت بە ئامانجی چەناڵەکە دەکات، کە دواجار واتێدەگەم ئامانجی چەناڵەکەم ئامانجی هونەریش بێت. ئەوەی بە چ کوالیتیەکی وێنە و دەنگ تۆمار بکرێن، چەندێک پرۆڤیشنەڵانە تۆمارە ڤیدیۆییەکان وەرگیرێن، چەندێک زانستیانە و هونەرییانە مۆنتاج بکرێن، هیچ زیادەیەک ناخاتە سەر مەعریفەی هونەرمەندەکان. ئەگەرچی لەداهاتوودا دەگەڕێم بەدوای تەکنیکێکی سەرپێییانەی باشتر لە چوارچێوەی کۆنسێپتی سێڵفیدا بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی ڤیدیۆکانم، بەڵام دەتوانم زیرەکانە خۆم لەم ڕەخنە بدزمەوە بەوەی کەس لەسەر کوالیتی سێڵفیەکانی خۆی لۆمە ناکرێت، بەو پێیەی مۆبایل دەزگایەکی کەسییە و ئەمڕۆ هەموومان بەوشێوەی خۆمان دەمانەوێت ڕووماڵی ئەو ڕووداوانەی پێدەکەین کە خۆمان بەشێکین تێیاندا. زۆربەی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ خاوەن مۆبایلی سمارتی خۆیانن، ئەگەرچی هیچیش لەبارەی هونەری وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆماکردنەوە نەزانن، بێ ئەوەی بهێڵن بەسەریاندا تێپەڕێت دۆکیومێنتی هەر ڕووداو و دیمەن و ئۆبجێکتێک دەکەن کە خۆیان پێیان وایە گرنگیەکی هەیە. ئەم خێرا هەڵکوتانە سەر ڕوودا و ڕوماڵکردنە، جا بەهەر کوالیتیەک بێت، خاڵێكی ئەرێنی سێڵفییە و من بۆ ئەم چەناڵەم گەلێک سودم لێبینیوە. سێڵفی ڕەهەندی نەرێنیشی زۆرە، بەڵام ئێرە شوێنی ئەم باسوخواسە نیە. ئەوەی من دەمەوێت بیڵم، ئەو ڕەهەندانەی سێڵفیە کە پەیوەستدەبنەوە بە چەناڵەکەمەوە. مرۆڤی ئەمڕۆ لەبری چاوەکانی خۆیان، چاوی کامێراکانیان ڕادەسپێرن بۆیان ببینێت، هاوکات میمۆری کامێراکانیان لە بری میمۆری خۆیان ئەم کەرەستانە هەڵدەگرن. زۆرجار هەموو شتەکان لێرەدا کۆتاییان دێت، چونکە مۆبایل ناتوانێت مامەڵەیەکی ئاگامەندانە لەگەڵ ئەم کەرەستانە بکات، بەڵکو بەهەڵواسراوەی لەنێو مۆبایلەکاندا بێ نیاز خولدەخۆن. هەر ئەمەشە وادەکات پەیوەندی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ بە دەوروبەرەوە پەیوەندییەکی وشک و تەکنیکی بێت و هیچ کارلێکێکی ئۆرگانی لەو نێوەندەدا ڕوونەدات. سێڵفی وایکردووە تێڕامان بەدیار دیمەنەکانەوە نەمێنێت و مانەوەی شتەکان لە دەستپێک و کۆتایی چرکەساتی چرکاندنی وێنەکاندا کورتببنەوە. ئەگەر کایەی هونەر بەجیا وەرگرن، دەتوانین باشترین پیشانگەکان بەپێی زۆری و کەمی ژمارەی ئەو سێڵفیانە لەپاڵ کارە هونەرییەکاندا دەچرکێندرێن، دەستنیشان بکەین. هەموو شتەکان سەرپێیین، هەموو شتەکان ژمارەیین. تا ئێرە، ئەو دیوەیە کە لەڕووی تەکنیکەیەوە کۆنسێپتی (هەڵگورد ئێس. بی. دی.)، لەسەر دامەزراوە. لێرەوە مانای چەناڵەکە ئەم مانا سنوردارە بەجێدەهێڵێت و پێ دەنێتە نێو مەودایەکی ترەوە. ئەمڕۆ ملیۆنان میلۆن تێرابیت کەرەستەی ڤیژوەڵی مرۆڤەکان لەنێو ستۆرجی مۆبایلەکانیاندا گیریان خواردووە. ئەگەرچی بەر دەرەوە ناکەون، بەڵام دەکرێت خوێندنەوەی قوڵیان بۆ بکرێت و کۆمەڵێک حەقیقەتمان دەربارەی مرۆڤی ئەمڕۆ (کە زۆرجا بە نەوەی سێڵفی ناودەبرێت)، بۆ کەشفکات. ئەوەی من دەمەێت بیکەم مامەڵەیەکی نوێیە لەگەڵ کەرەستەکانی سێڵفی، دەمەوێت هەر لەسەرەتاوە دەلاقەیەک بەڕووی ئەو کەرەستانەدا بکەمەوە کە لەنێو مۆبایلەکەمدان. (هەڵگورد ئێس. بی. دی.)، هەر لەسەرەتاوە بەستێنێک بۆ کەرەستەکان دروستدەکات و ئەو بەستێنەش چەناڵی یوتیوبە، هاوشان لەگەڵ ئاگایی هونەردۆستان. لێرەوە ئەم دوو جەمسەرە لەیەکدەدرێن و مانای ڕەستەقینەی کەرەستەکان دەردەکەون.
دووەم: هونەر یەکێکە لەو کایانەی هەر زوو دەستپەنجەی لەگەڵ تەکنەلۆجیادا نەرمکردووە، تەنانەت دواهەمین بزاڤی هونەریی (نیو میدیا ئارت)، لەسەر ئەم کایە بونیادنراوە. هەنگاوی دروست ئەوەیە زۆرترین سود لەم کایە وەرگرن. یەکێک لە سودەکانی ئەوەیە چالاکیە هونەرییەکانی پێ بگەیەنینە جەماوەرێکی گەلێک گەورەتر لەو ژمارە دیایکراوەی ڕاستەخۆی دێنە نێو گەلەرییەکانەوە. ئەمڕۆ یۆتیوب ئامرازێکی سەرسوڕهێنەری تەکنەلۆجییە بۆ ناساندنی تواناکانمان بە جیهان. هەربۆیە مۆبایلەکەم بەستراوەتەوە بەم چەناڵەی ناوم بردووە. ئەگەر چی باش لە گرنگی بەرکەوتنی هونەر دەگەم لە بەستێنی مەیدانی خۆیدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی تەکنەلۆجیا پێشکەشمان دەکات عاقڵانە نیە هەروا ڕەتی بکەیەنەوە. بڕوانە، لەو چەند ڤیدیۆیەی لەسەر پێشەنگەی (گوزارشت و بابەتە هونەرییەکانی هونەرمەندان لە ئێستادا)، بۆ گەلەری (ئێستا)م، دروستکرد، لە ماوەیەکی زۆکەمدا زیاتر لە سێ هەزار بینەری هەبوو. ئاشکرایە، تا یوتیوب هەبێت، ژمارەی بینەرەکانی ئەم پیشەنگەیە ڕوو لەزیادبوون دەکات. قۆستنەوەی ئەم هەلە تەکنەلۆجیە وایکرد بیر لەوە بکەمەوە هەر بە مۆبایلەکەی دەستی خۆم و هەندێک دیڤایسی تەکنەلۆجی و ئەلکترۆنی سادە، پیشەنگەکان داخڵی جیهانی سایبەر بکەم و تا ئەبەد بینەر لە دەوری خۆیان خڕکەنەوە. ئەوەی ئەم بینەرانە بەر حەقیقەتی هونەرەکە ناکەون، پرسێکی گرنگ و دەهێنێت قسەی لەسەر بکرێت، بەڵام ڕەخساندنی هەلی بینینی پیشەنگەکان لەڕێی سکرینەوە بۆ بینەر، ئەمیش هەر پرسێکی ئەمڕۆییە و گرنگە و دەبێت وەک خۆی قسەی لەسەر بکرێت.
سێهەم: ئەو دیڤایسانەی لەم چەناڵەدا بەکاریان دێنم، بەدەربڕینێکی تر، هەموو ئەو پرۆسەی لە کوکردنەوەی کەلوپەلە هونەرییەکان دەستپێدەکات و دواتر بیرکردنەوە لە کاری هونەرمەندان و گەڵاڵەکردنی پرسیارە هونەرییەکان، لە دواجاریشدا کە بە تۆماری ڤیدیۆیی و دروستکردنی ڤیدیۆیەک و ئەپلۆدکردنی لە چەناڵەکەمدا کۆتایی دێت، وەک ئەزموونێکی هونەریی دەبینم. کەرەستەکانم، کاری هونەریین، ڤیدیۆکانم کاری هونەریین، مۆبایلەکەم کارێکی هونەریی زیندوی گەڕۆکە و بەردەوام لەئانی دۆزینەوەی مانای نوێیە بۆخۆی، هەر لەم تێگەیشتنەشەوەیە ناوی چەناڵەکەم لەسەر پشتی مۆبایلەکەم هەڵکەندووە، تا بزانرێت ئەمە موبایلێکی عادەتی نیە، بەڵکو هەڵگری مانایەکی تر. کاتێک مۆبایل و مایک و ئینارەکە لەو ستراکچەرە دەدەم کە خۆم بە ئاسن دروستمکردووە (بڕوانە وێنەی ژمارە ٢)، ڕێک وەک کارێکی هونەریی سەر بە بزاڤی (نیو میدیا ئارت)، دەیبینم، ئەگەر شتێکی ڕەسەنتریش نەبێت. هونەرێک ماناکانی خۆی لەنێو تەکنەلۆجیا و تۆڕەکانی ئەنتەرنێتدا هەڵدەهێنجێت.
چوارەم: سیاسەتی کەللتوری و سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک داڕێژراوە بەپێی پێویست گرنگی نادات بە کەللتور و هونەر. لەم نێوەندەدا بەئەستەم ئەو هێڵانە دەدۆزیتەوە کە گرنگی دەدەن بە هونەری شێوەکاری. وەک بڵێیت هونەری شێوەکاری زیادەیەکە، یاخود کایەکی لاوەکیە و هیچ دیوێکی ئەرێنی بۆ کۆمەڵگا نیە. ئائەمە وای کردووە تەنانەت لە سیستمی پەروەردەشدا گرنگی بە هونەر نەدرێت. هەر ئەمەشە وایکردووە هونەر بە شتێکی بێفەڕ لە زهنی عەوامدا ڕەنگبداتەوە، تەنانەت هەندێک جار بە شتێکی بێزراو و بەدیش دادەنرێت. من لەنێو خزماندا بە کەسێکی گومڕا و سەرلێشێواو دەبینرێم، بەشی زۆری هاوڕێیانی منداڵیم ئامۆژگاریم دەکەن بەوەی وازبێنم و ئەمەی دەیکەم لە کاری من ناوەشێتەوە. ئەمە بەرهەمی سیاسەتێکی کەللتوری و سیستمێکی پەروەردەیە کە وەک پێویست ڕۆڵی خۆی نەگێڕاوە. بێئاگا لەوەی کرۆکی پێشکەوتن بریتیە لە هونەر. ئەگەر دیقەتی ترۆپی هەڕەمە مەعریفی و پەروەردەییەکەی پرۆسەی فێربوونی ئەمڕۆش بدەین کە بە بلومس تاکسۆنۆمی (Bloom’s Taxonomy)، ناسراوە و لە ساڵی ٢٠٠١، هەموو ڕەهەندەکانی گەڵاڵە کراوە، دەبینین پرۆسەکە بە داهێنان (Create)، کۆتایی دێت، بە دەربڕینێکی تر، ترۆپکی هەڕەمەکە بریتیە لە داهێنان. بەوپێیەی هونەر بیرۆکە و خەیاڵ بەرجەستەدەکات، لەم هەڕەمەدا پلەی یەکەمینی هەیە. هەموو ئەو داهێنانانەی لە جیهانی ئەمڕۆدا هەیە، بەرهەمی ئەم جۆرە مامەڵەیە. بیرۆکەکان ئەگەرچی زۆر سەرسوڕهێنەریشبن، مانایان نابێت ئەگەر بەهونەری خۆیان بەرجەستە نەکرێن. دەبێت سیاسەتی کەللتوری و سیستمی پەروەردە هەژمار بۆ هونەر بکەن، تا گەشە و پێشکەوتن ڕووبدات. بەڵام کاتێک ئەو پێزانینە بۆ هونەر نیە، هونەرمەندان دەبێت خۆیان بۆ ئەو ئامانجە تێبکۆشن تا ئاگاییەک بەرامبەر گرنگی هونەر دروستبێت. هەڵگورد ئێس. بی. دی. بەو گوڕەوە تێدەکۆشێت.
پێنجەم: سیاسەتی کارکردنی ئەم چەناڵە لە پێناوی دروستکردنی بەسێنێکە بۆ هونەر. زۆرجار پرسەکان تێکەڵ بەیەک دەکرێن. ئەگەرچی هونەرمەندان زۆر بەئاگاییەوە جوڵە هونەرییەکانیان دەکەن، بەڵام هێشتا بەرکەوتن ڕوودەدات لەنێوان پرسەکانی هونەر لەگەڵ پرسەکانی کایەکانی دیکەدا. هەندێکجار هونەرمەندا خۆیان دەدزنەوە لە مانای ڕاستەقینەی کارەکانیان لەترسی بەرکەوتن لەگەڵ کایەیەکی تر، هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ئەوەی پرسەکان لە بەستێنی خۆیاندا مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت، یاخود هەندێک کایە بەستێنی تایبەت بەخۆی بۆ دروست نەکراوە. هونەر یەکێکە لەو کایانە، هەربۆیە زۆرترین بەرکەوتنی هەیە لەگەڵ کایەکانی تردا. سیاسەتی کارکردن ئەم چەناڵە لەپێناو ڕێگریکردنە لەم بەرکەوتنانە، هەڵبەت لە ئاست توانای چەناڵەکە خۆیدا. ئەم چەناڵە سەر بەهیچ لایەنێک نیە، سیاسەتی کارکردنی پشتبەستە بەو مەعریفەی خۆم هەمە دەربارەی سیاسەتی کەللتوری و هونەریی. وورد وورد خەریکی ئاگایییکردنەوەی جەماوەری چەناڵەکەم بەرامبەر کایەی هونەر، وەک یەکێک لە گرنگترین کایەکان بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە. سیاسەتی ئەم چەناڵە ئەوەیە کە ڕوونی بکاتەوە هونەر هیچ گرفتی لەگەڵ کایەکانی تری ژیاندا نیە، بەڵکو لەسەر سڕینەوەی کایەیەکی تر بوونی خۆی فەراهەم ناکات، بەڵکو دەیەوێت هونەر لەو بێنازییە ڕزگار بکات و وەک هەر کایەیەکی تر هەژماری خۆی بۆ بکرێت.
شەشەم: بەگشتی دۆکیومێنتکردنی کایەکانی کەللتور و فەرهەنگی کورد ئەو گرنگیەی پێنەدراوە، بەتایبەت دۆکیومێنتکردنی کار و چالاکیەکانی سەربە هونەری شێوەکاری. ویستوومە ئەوەندەی لەتوانامدابێت هەوڵێک بۆ دۆکیومێنتکردنی کار و چالاکیەکانی هونەرمەندانی سلێمانی بدەم. دۆکیومێنتەکان بریتی دەبن لە ڤیدیۆ ، فۆتۆ، تێکست. ئەوەی ئێستا بەردەستە، ڤیدیۆکانی سەر چەناڵەکەیە. لە داهاتوودا، فۆتۆ و تێکستی پەیوەندیدار بەم کەرەستانەوە لە مەڵپەڕێکدا لەژێر هەمان ناو دەستڕەست دەکرێن.
حەوتەم: خستنی توێشووی هونەریی بۆ نوسینەوەی مێژووی هونەریی کوردستان لەپێناو دروستکردنی مەنهەجێک لە ژێر ناوی (مێژووی هونەری کورد)، و وتنەوەی لە یەکێک لە قۆناغەکانی کۆلێجی هونەر، زانکۆی سلێمانی. (تێدەگەم ئەم بانگەشە گەورەیە، هەرئەوەندی ئاسۆیەک دەرکەوێت بۆ سەرپێخستنی ئەم پرۆژە، ئامانجەکەی پێکاوە). کاتێک وەک خوێندکارێک لەهەمان کۆلێج هونەرم دەخوێند، بەر مێژووی هونەری زۆربەی گەلانی تر کەوتم، بەڵام هەرگیز شتێکم بەرگوێ نەکەوت لە ژێر ئەم ناونیشانە. لەڕاستیدا، دوای چەند ساڵێک بەڕێکەوتبووبێت یاخود پشتبەست بەو توانایەی لە بواری مێژوو و تیۆری هونەردا هەمە، خۆشم دوای دەستبەکاربوون وەک مامۆستای کۆلێجی هونەر، ئەرکی وتنەوەی مێژووی هونەرم لەهەمان کۆلێج پێسپێرا. وەک ئەوەی مێژووی هونەری کورد هەر لە بنەماوە بوونی نەبووبێت، منیش وەک مامۆستاکانی پێشتر هەرگیز بیرم نەچوو بەلای وتنەوەی وانەیەک لەژێر ناونیشانی “مێژووی هونەری کورد.” ئەگەر چی کۆمەڵێک هونەردۆست لێرەولەوێ کۆمەڵێک تێکستی پەیوەندیدار بەم بابەتەیان دەستڕەست کردووە، بەڵام بە هۆکاری خۆیان نەبوونەتە مەنهەج. گرنگە پێش هەموو شتێک کۆدەنگیەک هەبێت لەسەر ئەوەی لەچ ڕەهەندێکەوە دەست بۆ ئەو کەرەستە هونەریانە ببرێت کە شیمانەی بوون بە مێژوویان تێدایە، لەوەش گرنگتر دیاریکردنی ئەو پێوەرانەیە کە ڕەوایەتی دەدەن بەم بانگەشە. لەدواجاریشدا تێبگەین لەوەی نوسینەوەی مێژوو پرۆژەیەکی کەللتوری گەورەیە، کەسی پسپۆڕ و خۆتەرخانکەری دەوێت. لە پاڵ ئەمانیشدا گەلێک پێویستی و پاڵپشتی مادی و مەعنەوەی تر کە لێرەدا لەبەر ڕێگیری لە درێژبوونەوەی باسەکە، ئاماژەیان پێنادەم. کاتێک دەڕوانینە کەرەستە مێژووییەکانی کورد، لە یەکەم نیگادا بۆمان دەردەکەوێت کورد هەرگیز مێژوویەکی هونەری شکۆداری نەبووە، بە بەراورد بەو مێژووەی هەندێک وڵاتی ئەوروپا و ئەمەریکا هەیەتی (مەبەستمان هونەری ئەکادیمی و ئەو بزافە هونەریانەیە کە لە چوارچێوەی پرۆژەی فکری گەورەدا کاریان کردووە، بەدەربڕینێکی تر، هونەرێک بەرمەبنای ڕەخنە هاتبێتە بوون). ئاشکرایە کورد میراتێکی ڤیژوەڵی گەلێک دەوڵەمەندی هەیە (لێرەدا ئەکرێت سەرنانێک، کڵاشێک، بەڕەیەک هتد… سەر بەم هونەر بن)، ئەگەر چی تا ئەوپەڕی گرنگە، بەڵام خوێندنەوەی جودا هەڵدەگرێت و زۆر ناچێتە ناو خانەی ئەو مێژووەی لە کۆنتێکستی ئەکادیمیدا دەوترێتەوە. مێژووی هونەر مێژووی دیسکۆرسە هونەرییە جدییەکانە، مێژووی ئەو وەچەرخانە گەورانەیە کە هونەر دەیانکات، مێژوو ئاگاییەکی قوڵی هونەرمەندە مەزن و شکۆدارەکانە هتد… دەتوانرێت میراتی ڤیژوەڵی کورد بهێنرێتە بەستێنی هونەریی و ئەکادیمیەوە و خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت، بەڵام هەر ئەمە ناتوانێت وێنە مێژوویەکەمان بۆ تەواو بکات. گەلێک هۆکار هەیە بۆ نەبوون یان نەنوسرانی مێژووی هونەری کورد. بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا دەتوانین هەوڵی جدی هەزاران کەس لە بەرهەمهێنانی شتانێکدا لە ژێر ناوی هونەردا فەرامۆش بکەین؟ ئەکرێت پشتبەست بە هەندێک پێوەری دیاریکراو، خوێندنەوەیەکی جدی بۆ زۆرێک لەو هەوڵانە بکرێت، بەتایبەت بەو شێوە شەنوکەوبکرێن تا لایەنی کەم ئاسۆی مێژووەیەکی هاوچەرخی کوردمان لێ دەرکەوێت، ئەم کەرەستانەی لەم چەناڵەدا کۆدەبنەوە بۆ ئەمەیە. هەر ئەمەیە کەڵکەڵەی مێژوویەکی خستوەتە سەرمەوە. دەخوازم بەهەر ئاست و کوالێتیەک بێت لایەنی کەم لە قوناغێک لەو چوار قۆناغەی کۆلێجی هونەر تایبەتکرێت بۆ گوتنەوەی مێژووی هونەری کورد. ئەگەر چی تێدەگەم لەوەی داڕشتنی ئەم مێژووە هێندە ئاسان نیەو هەر لەبنەماوە بابەتێکی مشتومڕئامێزە و گروگرفتاوییە و ئیشی تاکە کەسێک نیە. ئامانجمە ئەم چەناڵە بکەمە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کادیر تا هاوکارم بن لە پرۆژەدا، هاوشان خستنی کەرەستەی هونەریی ئەوەندەی لە توانادایە. ئەگەر کرا هانی کەسانێک بدەم لەهەر شار و لەهەر پارچەیەکی کوردستان، چەناڵی هاوشێوەی ئەوەی من دروستکەن و کەرەستە بۆ ئەو پرۆژە بخەن. کۆکراوەی هەوڵەکانمان ئاسۆی مێژوویەکمان بۆ دەردەخات.
هەشتەم: سەرپێخستنی دیسکۆرسی هونەریی کوردی لەڕێی گفتوگۆکردن لەگەڵ هونەرمەندان خۆیان لەسەر کۆمەڵێک ڕەهەندی مشتومڕاوی کارەکانی خۆیان، هاوشان هەندێ ڕەهەندی تری هونەر. ئەگەر چی بڕیار نیە هونەرمەند بە وشە گوزارشت لە هونەرەکەی بکات، بەو پێیەی زمانی پەیوەندیکردنی وێنەیە، بەڵام هەلومەرج و بەستێنی کەللتوری هونەر وادەخوازێت هونەرمەندان خۆیان بەو ئەرکە هەستن. ئەگەر چی هەوڵ هەبووە بۆ نوسینەوەی مێژوو، یاخود تێکستی ڕەخنەیی لێرەولەوێ بەر چاو دەکەون لەپێناو سەرپێخستنی دیسکۆسی هونەر، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نەبوون. هەندێک جار ئەم هەوڵانە لەلایەن کۆمەڵێک هونەردۆستەوە دراون کە هیچ پسپۆڕ نەبوون لەو بابەتانەدا. لەپاڵ ئەمانیشدا کۆمەڵێک هونەرمەند لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاق و هونەریی خۆیانەوە، لەپاڵ هەوڵە هونەرییەکانیان، هەوڵی لەم شێوەیان بە بەردەوام هەبووە. هونەرمەند (وەهبی ڕەسوڵ)، دیارترینە. هاوشانی ئەم، بە هەوڵەکانی خۆشمەوە، گەلێک هونەرمەندی تر هەوڵی هاوشێوەمان هەیە. بەڵام زۆر گرنگە پلاتفۆمێک دروستکرێت بۆ لەیەکدانی هەوڵەکان و هونەرمەندان خۆیان زیاتر لەهەر کەسێک ڕۆڵیان هەبێت لە دروستکردنیدا. ڕەنگە لەڕێی دیسکۆرسی هونەرییەوە گەلێک بابەت حەقی خۆی بدرێتێ، بە پرسی نوسینەوەی مێژووی هونەری کوردیشەوە.
نۆهەم: لە داهاتوودا کۆرسی هونەریی لەسەر کۆمەڵێک ڕەهەندی گرنگ و بەسوود لەم چەناڵەوە دەستڕەست دەکرێن. کۆرس لەسەر مێژووی هونەر، تەکنیکەکانی هونەر، ڕەخنەی هونەر هتد… هاوشان، ناوبەناو تابلۆ جیهانیەکان بە کۆمەڵێک زانیارییەوە لەچوارچێوەی ڤیدیۆی کورت کورد دروستدەکرێن.
دەهەم: ئەم ماتریاڵانەی ناو ئەم چەناڵە، دەبنە سەرچاوە بەتایبەت بۆ خوێندکارانی هونەر لەسەر ئاستی پەیمانگاوە تا دەگاتە بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا. بڕیارە لەگەڵ ئەم ڤیدیۆیانەدا تێکستی پەیوەندیداریش بە هەردووک زمانی کوردی و ئینگلیزی دابین بکرێن، تا توێژەری کورد بەرچاوڕوونتر بێت بەرامبەر بە ماتریاڵەکان، هاوشان هەلیش بۆ توێژەر و بینەری بیانیش بڕەخسێنرێت تا بە زمانی خۆیان زیاتر لەبارەی ماتریاڵەکانەوە بزانن. ئەمە جگە لەوەی زۆر چاوەڕوان دەکرێت ژێرنوسی ئینگلیزی بۆ هەندێک لە چاوپێکەوتنە هەستیار و گرنگەکان دابنرێت.
یازدەهەم: ئەگەرچی لە چەند لایەکەوە کار لەسەر کایەی هونەر دەکەم، وەک دانان و بەڕێوبردنی ئەم چەناڵە، نوسینی هونەریی و ڕەخنەیی، وەرگێڕانی بابەت و کتێبە هونەرییەکان، مامۆستایی لە کۆلێجی هونەر هتد… هاوکات خۆشم یەکێکم لەو هونەرمەندانەی ئەمڕۆ لە لەژێر تێگەیشتن و تیۆریا هەوچەرخەکان، هونەر بەرهەم دەهێنم. هەربۆیە لەم چەناڵەوە لەپاڵ هونەری هونەرمەندانی تر، بینەر بە کار و چالاکیە هونەرییەکانی خۆشم ئاشنا دەکەم. وا بیر لە چەناڵەکە دەکەمەوە کە هی هونەرمەندانە و خۆشم یەکێکم لەوان.
دوازدەهەم: ئەوەی زۆر بەلامەوە گرنگە خڕکردنەوەی کۆمەڵێک کەسی خەمخۆر و لەخۆبردوون بە دەوری ئەم چەناڵە. دوای ئەوەی دەستەیەکی پسپۆڕمان لێ دروستبوو، دەکرێت مەودای خزمەت بەرفراوانتر بکرێت و بیر لە ڕێکخستنی گفتوگۆی هونەری و دیبەت و پەناڵ بەشێوەیەکی مەیدانی بکرێتەوە، ئەگەر بکرێت، کۆنفرانسی هونەریی هەوڵێکی مەحاڵ نابێت. گەلێک پرس هەیە، لەو چوارچێوانەدا تاوتوێ نەکرێن، هیچیان لێ سەوز نابێت، هەربۆیە ئەم بانگەشانە بۆ فریودان، یان گاڵتەکردن بە عەقڵی خوێنەر نیە، بەڵکو پێویستیەکی ئانیە و دەبێت کاریان بۆ بکرێت.
سیازدەهەم: تاوەکو چرکەساتی نوسینی ئەجێندای کارکردنی ئەم چەناڵە بیرم لە سپۆنسەر نەکردووەتەوە، بەڵکو تێچووی کارەکانم بەپێی توانای مادی خۆم هێناوە. بەڵام ئاشکرایە مادە کاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر باشترکردنی ئاستی هەر کارێک. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک لەسەرەوە باسی بەرنامەکان و سنوری کارەکانی داهاتووم کردووە، ڕاستەخۆ بەشێکی پەیوەندی دەبێت بە بوجەوە و ڕەهەندی دارایی چەناڵەکەوە، واتە (سپۆنسەر)، دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەخۆی هەم لەسەر کوالیتی کارەکان هەبێت، هەمیش لەسەر مەودای فراوانبوونی سنوری کارەکانی ئەم چەناڵە. ئەوەی تا ئێستا بیرم لێکردووەتەوە ئەمەیە، بەڵام ئەوەی بە چ مەرجێک لایەنێک یاخود کەسێک سپۆنسەری ئەم چەناڵە دەکات، هەرگیز بیرم لێ نەکردووەتەوە. ئەم کەناڵە ئەجێندای کارکردنی بەو شێوە دەبێت کە باسکراوە، هەم بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە و ناچێتە پاڵ هیچ ئایدۆلۆجیایەک، هەمیش سازش ناکات لەسەر گۆڕینی ئەجێندای کارەکانی. ئەگەر لایەنێک یان کەسێک بیر لە سپۆنسەر بکاتەوە، دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات.
چواردەهەم: مەرج و ڕێنماییەکان بۆ بەکارهێنانی کەرەستەکانی ناو ئەم چەناڵە جێگیر نین و لەگەڵ کاتتدا دەگۆڕدرێن. بەو پێیەی سیاسەتی کەللتوری چواچێوەیەکی بۆ کاری لەم شێوە دیاری نەکردووە، هاوشان لایەنێک نیە پارێزگاری لە مافی بەکارهێنان و بردنی کەرەستەکان و دانانی لە شوێنی تر بکات، دەبێت خۆمان بیر لە جێگرەوەیەک بکەینەوە. من هیچ جێگرەوەیەک شک نابەم جگە لەوەی دەوروبەر بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ماتریاڵانە بکەن. دەخوازم کاتێک ئەم ماتریاڵانە لای هەر کەس و لایەنێکەوە لە چەناڵەکەمەوە یان لە ئەکاونتی فەیسبوکەکەمەوە بە مەبەستی هاوبەشی پێکردن (share)، لە شوێنی ترەوە دادەنرێن، لینکی ماتریاڵەکان خۆیان دانرێن، نەک داونلۆد بکرێن و لە شوێنی ترەوە ئەبلۆد بکرێنەوە (ئەگەر ویستێکی واش هەبوو، دەبێت خاوەنی هەڵگورد ئیس. بی. دی. ئاگادار بکرێتەوە و داوای مۆڵەتی لێبکرێت). ئەمیش لەپێناوی هەرچی زیاتر ئاشناکردنی بینەری زیاتر بە چەناڵەکە و ڕێزدانان بۆ ماندووبوونێکی بێبەرامبەری خاوەن چەناڵەکە. باشترە بیر لە وەرگرتن و پچڕاندنی بڕگەیەکی کەرەستەکان نەکرێتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی، بەتایبەت بۆ مەبەستێکی خراپ. ئاشکرایە هونەر هەندێک جار لە چوارچێوەی سنوری خۆییدا دەست دەبات بۆ هەندێک پرسی هەستیار، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی گەڕ بە کایەکانی تر بگێڕێت. خاوەنی ئەم چەناڵە تا ڕادەیەکی باش لە ژینگەی کۆمەڵایەتی کورد دەگات و کاری بە تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی نیە و لە بەهای هەموو کایەکانی تری ژیان وەکخۆیان دەگات، ئەوەی دەمانەوێت تەنها و تەنها دروستکردنی تێگەیشتنێکە بۆ هونەر و بەهای هونەر. دەمانەوێت بڵێین هونەریش وەک کایەکانی تر گرنگە و دەبێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
پازدەهەم: ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕۆژگارێک بووینەتەوە هیچ بەهایەک نەماوەتەوە مرۆڤ ڕوحی خۆی پێدا هەڵواسێ، وێنەی ڕاستەقینەی هەموو کایەکان شێوێنراوە، نازانرێت سیستمی پەروەردە ڕوو لەکوێ دەکات، نازانرێت خێزانی کورد لەسەر چ فەلسەفە و ئادابێک دەڕوات، ماڵ بووتە زیندان، شار شێواوە، لێرە منداڵ بێنازە و کۆڵان گەورەیان دەکات، شتێک نیە بەناوی مافی ئاژەڵ و باڵندەکان، ژینگە بووتە عیبرەت بەدەستمانەوە هتد… لەنێو ئەم واقعەدا هەر زوو شێت و سەرگەردان دەبیت ئەگەر مانایەک نەدەیتە پاڵ خۆت، ڕەنگە هەموو ئەوانەی لەسەرەوە بانگەشەم بۆ کردوون لە خەونێکی حوشتری زیاتر نەبن، وەڕاستگەڕانیان دووربێت لەڕاستیەوە. ئەگەرچی بە هەموو باوەڕمەوە ئەم بانگەشانەم کردووە و کار بۆ جێبەجێکردنیانی یەک بەیەکی خاڵەکان دەکەم، ئەگەری لەبارچوونیان زۆرە. بەڵام ئەوەی هەر لەسەرەتاوە دیارە هەموو هەوڵەکانم لە چوارچێوەی هونەردا بۆ من بووتە مانای ژیانی تایبەتی خۆم، بڕوام وایە لەنێو ئەم ژینگە لەنگ و ناعەدالەتەی ئێرە ژیان ئەستەمبێت بۆ من ئەگەر مانایەک نەبێت خۆمی پێدا هەڵواسم. هونەر بۆ من مانایە، هونەر بۆ من ژیانە. لێرە ئەگەر ئاگا نەبیت هەناسەت سوار دەبێت و دەخنکێیت. دەمەوێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی هاوڕێیەکمەوە بڵێم (هەڵگورد ئێس. بی. دی.)، چ مانایەکی هەیە بۆ من. ئەوکات لە لەندەن ماستەرەکەم دەخوێند. لە دوو مانگی سەرەتاوە کچێک بەدیوێکدا سەرنجی ڕاکێشام، بەوەی بەردەوام چواچێوەیەکی تەختەی ڕووتی بێ کانڤاسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنایە کۆلێج و دوای دەوامیش دەیبردەوە بۆ ماڵەوە. بەنزیکی پێوانەی چوارچێوەکە مەتر و نیو بە مەتر و نیوێک دەبوو. لە کاتی هاتن و ڕۆیشتنیدا چوارچێوەی لە قۆڵی ڕاستی هەڵدەکێشا و لەسەر شانی جێگری دەکرد و لەگەڵ کابۆ و پێڵاوەکانی، کە بە مەبەست لە چەند ڕەنگێکی جیاواز هاوشێوەی (جاکسن پۆڵۆک)، ڕەنگی پێدا چۆڕاندبوونەوە، وێنەیەکی زۆر جوانی دەبەخشیە ئەم کچە، دەتگوت کەس نیگار کێش نیە ئەو نەبێت. وردە وردە بۆم دەرکەوت ئەم کچە لەندەنیە و ناوی کلێیە واڵتەر (Clare Walter)ە، لەگەڵ وەجبەی ساڵی پاری ماستەرەکان نەیتوانیوە دەرچێت و ئەگەرچی بەجۆرێک تا کۆتایش پابەند بووە بە دەوامەوە. تەمەنی چل و یەک چل و دوو ساڵێک دەبوو، بە تەنها لە خانوویەکدا دەژیا، بەهرەمەند نەبوو بە توانست و سکیڵە هونەرییەکان، ئەو چوارچێوەشی بە یارمەتی تەکنیشەنەکانی وەرشەی کۆلێج دروستکردبوو. ئەوەی ڕوونبوو لەزەتێکی تەواوی لە ژیانی هونەرییانە لەگەڵ ئەم چوارچێوە دەبرد. هەموو ئەمانەم لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتتدا بۆ دەرکەوت. دیاربوو دەیویست خۆی بە مەعنایەکدا هەڵواسێ، جا ئەگەر لەبەر جەنجاڵی و قورسی ژیانی لەندەن بووبێت، یاخود جۆرێک کێشەی تایبەتی، یان سایکۆلۆجی خۆی بووبێت. دواتر بۆی باسدەکردم کە چۆن ڕۆژانە لەنێو پاس و ئەندەگراوندەکاندا دەبێت جێی سەنجی هەندێک خەڵک و پرسیاری دەبارەی هونەرمەندبوونی خۆی و چیەتی هونەری لێدەکرێت و ئەمیش بە تاسەوە وەڵامیان دەداتەوە. ئا بەم شێوەیە بە یارمەتی چوارچێوەکە و جلە هونەرییەکانی بەبەردەوام لەنێو گفتوگۆ هونەرییەکان دەژیا و مانایەکی دابوو بە بوونی خۆی. زانیم ئەم کچە پێشینەی هونەریی نیە و بەڵکو بە جۆرێک لە ڕێکەوت و زەروریەتی ژیانی هاتووە ماستەرێک لە هونەردا بخوێنێت. ئەو ساڵەی لەگەڵ منیش بوو وەک ساڵی پێشوتر نەیتوانیت ئەرکە هونەرییەکانی زانکۆ ڕاپەڕێنێت و بۆیە بڕیای دا دوای خات بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵام مۆڵەتی بەکارهێنانی یۆرکشۆپەکان و ئامادەبوونی لە هۆڵی خوێندن بەجۆرێک ورگرتبوو. ئەوەی پێم سەریبوو هەرگیز کانڤاسی نەگرتە چواچێوەکە، جا لەبەر ئەوە بوو نەیدەزانی، یاخود لەبەرئەوەبوو دەیزانی ئەم چوارچێوە جۆرێک لە شوناسی هونەرمەندبوونی بۆ دروستکردووە و نەیویستووە لەدەستی بدات. ئەو چوارچێوەی تا کۆتایی ساڵی خوێندن هەر دەهێنا و دەبرد. وەک لاشەکەی هابیل هەر بەکۆڵیەوەبوو، بەڵام بە پێچەوانەی قابیلەوە، کۆڵێک حەزی بە داگرتن و شاردنەوەی نەدەکرد. زۆر ڕاستگۆبن، سەرەتا هەم کردەی کلێیەم بە کردەیەکی ساویلکانە و بێفەڕ دەزانی، درەنگانێک زانیم ئەوەی کلێیە کردوویەتی جوانترین و مانادارترین ئاکتی هونەریبوو کە من لە ئەزموون و ژیانی هونەرییمدا بینیبێتم. دەمەوێت بڵێم، ئەوەی من دەیکەم هەر لەم ئاکتەدا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو بەم دیوەی باسکراوە سودم لەم تەکنیکە هونەرییەی کلێیە بینیوە، بۆ ئەوەی زاڵبم بەسەر ژیاندا، بۆ ئەوەی مانایەکی بدەمە پاڵ، چوارچێوەی (هەڵگورد ئێس. بی. دی.)، لەگەڵ خۆمدا دەگێڕم و ئەو هونەرمەند و هونەردۆستای دەخەمە ناو کە ئامادەن ئەگەر لەبەر دڵی منیش بێت کەمێک گفتوگۆی هونەریم لەگەڵ بکەن. ئەگەر ئەم هەوڵەم بۆ هیچ کەس گرنگ نەبێت، ئەوا بۆخۆم هێندە گرنگە وەک ڕزگارکەری ڕۆحم ڕۆڵ دەبینت. دەهێڵێت لەشوێنێکەوە لەزەت لە ژیان بکەم. دەهێڵێت مانام هەبێت.