سادەگەرییەکەی تۆرۆ و ناتەبایی مەعریفی لە دونیای مۆدێرندا: دووبارە پێناسەکردنەوەی ترانسندێنتاڵیزم  

  سادەگەرییەکەی تۆرۆ و ناتەبایی مەعریفی لە دونیای مۆدێرندا: دووبارە پێناسەکردنەوەی ترانسندێنتاڵیزم

 

نووسین: دانی زاراتی

وەرگێڕان: هۆنیا ڕەشید

لەم دواییانەدا، ئایپادەکەم برد و چووم بۆ پارکێک لە بەرامبەر دەریاچەیەک و لە ژێر دارێکدا دانیشتم کە ڕووی لە ئاوەکە بوو و دەستم کرد بە خوێندنەوەی چاپە ئەلیکترۆنییەکەی کتێبی ‘واڵدن’، کە دانپێدانانێکی کلاسیکی هێنری دەیڤید تۆرۆ-یە لە ئەگەری بوونی، هەروەها گرنگیی، سادەیی لە نێو بێشوماریی و زیادەڕۆیی ژیانی مۆدێرندا. ناتەبایی مەعریفی لەمە ناتەباتر نابێت.

ئەم حەکیمە کارامەیە (تۆرۆ) لە یەکەم بەشی کتێبەکەدا بە ناونیشانی “دەستپێوەگرتن” نووسیویەتی: “داهێنانەکانمان دەکرێن ببنە یاریی جوان…دەکرێن ببنە ئامڕازێکی پوختەکراو بەرەو ئامانجێکی نەگۆڕاو.” کەم یاری هەیە لە ئایپاد جوانتر بێت و جوانییەکەی بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کەرەستەکە هەرزان بێت. ئەو ئاڵۆزی و زیرەکییەی لە دیزاینەکەدا کراوە، لە ڕێگەی سادەگەرییەکەی شارراوەتەوە. لە هەمانکاتدا، ئاسان بەکارهێنانەکەی، وردەکاری پیشەسازیی پشت بەرهەمهێنانەکەی لێڵ دەکات. لێکچوونی نێوان کاتیگۆریی بەرنامەکانی ناو ‘ئەپ ستۆر’ و ئەو فرۆشگایانەی کە لە ناو شاشە زیرەکەکان ڕیزکراون لە دەروازەی مۆڵەکانی بازرگانیدا— کە ڕێنوێنی کڕیاران دەکەن بۆدۆزینەوەی دوکانی یاری و کتێب و وەرزش و شێوازی ژیان و تەنانەت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش— ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە هیچ شتێکی نوێ و پوختەکراو لە ئامانجی ئایپاد-دا نییە.  بەراوردێکی تر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کاتێک بیردەکەیتەوە کە ئەو ژاوەژاوەی کە لە خواردنگەیەک یان لۆبییەکی شانۆ هەیە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ ژاوەژاوی ئەو کورتەنامە و پەیامانەی کە لە تۆڕێکی بێ پێوەردا هەیە کە داتا و زیرەکی بێسنوورە.

بەڵام چی گرنگییەک هەیە ئەگەر ئایپاد-ەکەم تەنها ئامرازێکی جوانتر بێت بۆگەیشتن بە ئامانجێکی سەرەتایی کە بە وتەی تۆرۆ “گەیشتن پێیان زۆر ئاسانە”؟ ئایا ئەوە وای لێدەکات ببێتە یارییەکی تر کە پێویستی بە تێڕوانینێکی ترانسندێنتاڵ-انە بێت و دووریبخەینەوە لە خۆمان لەڕووی سوودبەخشی یان بێ سوودی ئامێرەکە؟ من چاپێکی پەڕاوی ‘واڵدن’-یشم هەیە؛ لاپەڕەکانی لەگەڵ تەمەندا زەرد بوون و لەگەڵ ئەو تێبینییانەی کە بە گەنجی نووسیبووم تێکەڵبوون. چاپە پەڕاوەکە هیچ کام  لەو وردەکاریی ئەلیکترۆنییەی ئایپاد-ەکەی نییە و پیتی ‘م’ لە چەند شوێنێکدا  شێوێنراوە، و لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ لە کردەیی خۆی لەدەست نەداوە. دیوە ڕۆشنگەرییەکەی لێ دەربچێت، تەنها یەک سوودی تری هەیە، ئەویش ئەوەیە وەک کێشێک بەکاری بهێنیت بۆ ئەوەی لەسەر شتی تر دایبنێیت. ئایا ئەم پاشماوە نافرەکارە ئامڕازێکی ڕەسەنە بۆ مانیفێستێکی پێوانەیی و سەلماندنی چەمکی ‘ژیانێکی بێ زیادەڕەوی’؟

پێدەچێت تۆرۆ وا بیری کردبێتەوە. هەرچەندە ئەوکتێبی لە نێو پێداویستییەکانی ژیاندا نەخستەڕوو، بەڵام بە ڕادەیەکی پێویست بەرزدەینرخاندن کە شانبەشانی چەقۆ و عەرەبانە دایدەنا، لە ڕاستیدا، وەک یەکێک لەو چەند بابەتانەی کە دەتوانرێت بە تێچوویەکی هێندە کەم دەستبکەوێت بەبێ ئەوەی ئەو هەستی دوورکەوتنەوە-لە-جەنجاڵی-ناو-شار-ە لەدەست بدەیت. ئەگەر سادەیی تەنها مانای زیادەڕەوی نەکردن بێت، ئەوا چاپی ‘واڵدن’-ەکەم، کە بە پارەی خواردنەوەیەکی لاتە-ی گەورە کڕدراوە و بە دڵنیاییەوە لە عەرەبانە هەرزانترە، زۆر گونجاوترە لە ئایپادەکەم وەک هاوسەفەرێک بۆ دوورکەوتنەوە لە داواکارییە زۆر و جەنجاڵیەکانی ژیانی تەکنەلۆجیا.

 بێگومان ئەگەرئەو خۆشەویستییەی بۆ ئامێرهەمە تەسلیمی لۆجیکی ئامێر و قاوە بوایە، ئەوا ئەم لێکدانەوانە ڕێک لەویادا کۆتاییان پێدەهات. بەڵام من ئەو جۆرە کەسەم کە هاوڕێ و ڕاهێنەری تۆرۆ، ڕالف واڵدۆ ئیمێرسۆن لە  خەیاڵیدا بوو کاتێک لەبارەی بوونەوەرانی میزاجێکی دیاریکراوەوە نووسیبووی کە “بەیانیان بەرهەڵستی دەرئەنجامەکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ هاتنی ئێوارەدا، لەگەڵی دەگونجێن.” من گەیشتم بە چەند دەرئەنجامێکی بەپەلە سەبارەت بە بەهای ئایپاد-ەکە کاتێک بڕیارمدا دانەیەک بکڕم، وئێستا ویژدانم وا دەخوازێت کە ڕاستییەکان لەگەڵ ئەواندا بگونجێن.

ڕاستییەکان، وەک ئەوەی من دەستەبژێرم کردوون، پڕ بە پێستی خۆین. چاپە پەڕاوەکەی ‘واڵدن’-م تەنیا ئامرازێک نییە بۆ فەلسەفەی ترانسندێنتاڵ، بەڵکو دەرئەنجامی زنجیرەیەک ڕووداوی پیشەسازیی ورد-ڕێکخراوی جیهانگیرە—هەر لە  بەخێوکردنی دار و گۆڕینیان بۆ هەویری کاغەز، تا دەگاتە خستنەسەری مرەکەب بۆ سەر لاپەڕەکان لەلایەن ئەو ئامێرانەی کە بە تەختەی سێرکتی ڕیزکراو کاردەکەن کە زۆر جیاواز نین لەوانەی کە لە پڕۆسەی درووستکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک ئایپاد-دا هەن. وەک جۆرەکانی تر وایە کە بەرهەمی بیرکرنەوەی لۆجیکیی پێشینەییە؛ بەرهەمی جیهانی زەحمەتکێشانە کە هەمان شێوەی ئەو ئەرکە ڕۆتینی و دووبارانەیە کە تۆرۆ زۆرجار ڕەخنەی لێدەگرتن، وەک دانانی هێڵی شەمەندەفەر لە ئەمریکا لە سەدەی نۆزدەهەمدا.

لێرەدا بەخشندە دەبم و زۆر نابارمە سەر ئەو زیانانەی کە بڵاوکردنەوەی کتێب لەسەر ژینگە هەیەتی، تەنها ئەو دیوە دژیەکە نەبێت کە باسی جوانی و دڵبەریی ژیان کردن دەکات لە دارستاندا بە خوێندنەوەی کتێبێک (کتێبی ‘واڵدن’) کە خۆی لە کاغەز دروست کراوە. ئەوەی بۆ من پەڵەیەکی تاریکترە لەسەر شکۆمەندی ئەخلاقیی کتێبەکان بەگشتی و مافیان وەک هەڵگری ڕێبازی ترانسندێنتاڵ بە تایبەتی، ئەو هەوڵ و شەونخوونی وچەوساندنەوانەن کە چوونەتە ناو پڕۆسەی بەرهەمهێنانیان. ئەو ملیۆنە ئێرلەندییەی کە تۆرۆ وای زانی پرسیاریان کردووە: “ئایا ئەم هێڵی ئاسنییەی کە ئێمە دروستمان کردووە شتێکی باش نییە؟” گۆڕاون بۆ تێکەڵەیەک لە خەڵکی فرە کولتور کەچاودێریی کاری کاغەزگەری دەکەن لە وڵاتانی دوورەدەستدا کە کەشوهەوای جۆراوجۆر و سەلیقەی ئەدەبیی جۆراوجۆریان هەیە. ئەگەر ئەم کەسانە، کە وا نغرۆی کارەکانیان بوون، سەریان بەرز بکەنەوە و بپرسن ئایا ئەم کتێبەی کە دروستی دەکەن شتێکی باشە؟ خوێنەرێکی بەئەمەکی تۆرۆ ڕەنگە بەم شێوەیە وەڵام بداتەوە: “بەڵێ، ئەگەر بەراوردی بکەین باشە. واتە دەکرا خراپتر بێت، بەڵام خۆزگە— چونکە ئێوە برای منن—دەتانتوانی کاتەکانتان بە شتی باشتر بەسەر بەرن وەک خۆگەوزاندنتان لەم ئیشەدا.”.

بێگومان دەتوانرێت هەمان لێکدانەوە بۆ ئایپاد-ەکەم بکرێت؛ لێرەدا، کرێکارێکی کارگەی چینی شوێنی کرێکارێکی ڕێگەوبانی ئێرلەندی یان داربڕێکی بەڕازیلی دەگرێتەوە. لە ڕاستیدا، هەر بەرهەمێکی مۆدێرن دەکرێت بەم شێوەیە لێکدانەوانەی بۆ بکرێت، کە دەتوانرێت لە دژی زۆربەی شت بن کە لە کارگەکان یان کێڵگەکاندا بەرهەم دەهێنرێت کە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوەدەبرێن کە کاتژمێرەکانی بەئاگابوونیان باشتر دەتوانرێت بۆ کارە ناپەیوەندیدارەکان-بە-بەرهەمەکانیانەوە بەسەر بەرن. تۆرۆ-ش بە هەمان شێوە بۆیچوو و نووسیویەتی: “هەرچەندە بە هەرزان بەدەست نایەن، بە دڵنیاییەوە باشترە ئەو سوودانەی کە داهێنان و پیشەسازی مرۆڤ پێشکەشی دەکەن قبوڵ بکەین.” ئەمە ڕاستییەکی تاڵ بوو، و ڕەنگە هەست بە بەرپەرجدانەوەی ئەم ڕاستییە بکەین کاتێک تۆرۆ کابینەکەی دروست دەکات و گۆرانی دەڵێت:

مرۆڤ دەڵێت زۆر شت دەزانێت؛

بەڵام ببینە! وا باڵیان گرتووە—

هونەر و زانستەکان،

و هەزار ئامێر؛

ئەو بایەی کە دەهەژێت

تاکە شتە کە مرۆڤ دەیزانێت.

بەڵام تۆرۆ هەرچۆنێک بێت ئەم ڕاستییەی قبوڵ کرد، و لە ئەنجامیشدا، یەکێک لە  ڕەوانبێژترین نموونەی ڕاڤەی چەواشەکارانەمان هەیە کە تا ئێستا نوسرابێت—وێنایەکی شێوازی ژیانی سپارتا-یەکان کە ژیانیان بەڕیوەدەبرد بە كڕینی شتومەک بە نرخێکی زۆر کەم لەو تاکانەی کە شتەکانی خۆیان دەفرۆشت بۆ پشتگیریکرنی ژیانە نا-سپارتا-یەکەیان. جۆن ئاپدایک-ی خوالێخۆشبوو ئاماژەی بەوەدا کە پاشەکشەی تۆرۆ لەو جۆرە ژیانە، شتێکی بەنرخ و لوکس بوو کە ” پشتگیری دەکرێت لەلایەن ئەو زیادەڕەوییەی کە ئابوورییەکی خودپەیوەندیدار و کۆیلایەتی دروستی دەکات.”

ئایپاد-ەکەم بێ گومان سیمبۆلێکی ئەو جۆرە لوکسەیە کە لە ڕێگەی کاری چەندین کەسەوە بەدەست دەکەوێت، بەتایبەتی ئەوانەی وەک  کرێکاری کارگە دامەزراون، کە زۆرجار بەهۆی کارایی و بەرهەمهێنانیانەوە وەک سەرچاوەیەکی هێزی مرۆیی دادەنرێت. لە هەموو ڕویەکەوە، تۆرۆ وەک دەرچوویەکی زانکۆی هارڤارد کە پارەی خۆی بەکارهێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی یەکەم کتێبی، سەر بەو چینە بوو کە هەرچەندە زۆر دەوڵەمەند نەبوون، بەڵام توانای کڕینی ئەو جۆرە شتانەیان هەبوو. ئەگەر تۆرۆ بگوازرێتەوە بۆ سەردەمی خۆمان،  بۆ نمونە لەلایەن گەشتیارێکی کاتیی بەدخوەوە کە بەنیازی ئەوە بێت نیشانی بدات کە هۆشدارییەکانی تۆرۆ پشتگوێ خراون، پێدەچێت تۆرۆ سەرەنجی بۆ لای بە ئایپاد ڕابکێشرێت وەک یەکێک لەو ئامرازە پوختەنەکراوانەی کە بە  پارەی فرۆشتنی کۆپی گۆڤار و دەستنووسەکانی بە ئاسانی دەیتوانی بەدەستیبهێنێت. ئەگەر بتوانم ڕۆڵێک هەڵبژێرم لەم سیناریۆی فانتازیایەدا، ئەوا خۆم وەک کارمەندێکی فرۆشگای ئەپڵ دەخەمە ڕوو کە ئەرکی تەحەدای ترسناکی ناساندنی تۆرۆ بە ئایپاد و ڕوونکردنەوەی کارایی و بەکارهێنانی ئامێرەکەی پێسپێردراوە.

دەبوو بە وریاییەوە مامەڵە بکەم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەگەڵ کەسێکدا دەدوێم کە بەهای سادەیی و مینیمالیزم دەزانێت ونووسینەکانی ئیلهامبەخش بوون بۆ گەنجانی سەرگەردانی وەک من بۆ ئەوەی دەست بە پارەوە بگرن تەنانەت ئەو پارانەی کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە پێیاندەدرێت. سەرەتا پێم دەگوت کە ئایپاد خزمەت بە ئامانجی جیاواز دەکات بۆ کەسانی جیاواز، بەڵام کەسێک کە مەیلی خۆی بۆی هەبێت، دەتوانیت لە ناویدا گۆڤار و کتێبخانەیەکی گەڕۆک بدۆزێتەوە. تێبینییەکی کورت لەسەر دەفتەری یاداشتەکان و گەڕانێکی خێرا بەناو کۆپی دیجیتاڵی بەرهەمەکانی مۆنتاین و ڤۆڵتێر و هاوڕێ ڕۆحییەکەی ڤۆڵتێر (واڵت ویتمان) دەتوانن چەندەها بابەتی گفتوگۆ لەخۆبگرن. و هەرکات تۆرۆ مەیلی بەلای ئەم شتانەدا کاڵبووەوە، ئەوکات ئاماژە بە گونجاوییە تایبەتەکەی ئایپاد دەکەم وەک ئامرازێکی ئەدەبی ئایدیاڵ وهاوسەفەرێک بۆ کابینەیەکی دابڕاوی بێ کارەبا. تەمەنی کاتی و زوو تێپەڕبوونی پاترییەکەی سوودێکی ناوازەی دەبێت لە سیناریۆیەکی لەو شێوەیەدا.

بۆ تێگەیشتن لەمە، سەرەتا دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە مانەوەی تۆرۆ لە واڵدن بە هیچ شێوەیەک کشانەوە نەبوو لە کۆمەڵگا. ئەمەش خاڵێک بوو کە جەختی لێدەکردەوە بە گێڕانەوەی پیاسەی بەردەوامی خۆی بۆ شار و تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە لە دەوروبەری کابینەکەیدا پەیدایکردبوون. هەروەها خۆبەدوورگرتن نەبوو لەو تەکنەلۆجیایەی کە لە سەردەمی ئەودا هەبوو. یەکەم کاری تۆرۆ لە واڵدن بریتیبوو لە سود وەرگرتن لە پارچە تەکنەلۆجیایەکی سادە و لە هەمان کاتدا درێژخایەن، تەکنەلۆجیایەک کە زۆر پێش مشاری کارەبایی تەواوی داری دارستانەکانی پێدەبڕرا، کە ئەویش تەور بوو. سەرەڕای ئەوەی کە تۆرۆ ڕقی لە هەواڵەکان بوو و بە بابەتی “قسەی پێرەژنان” ناوی دەنا، بەڵام درێغی نەدەکرد لە خوێندنەوەی ئەو ڕۆژنامەیەی کە  بۆ پێچانەوەی ئێوارەخوانەکەی بەکارهاتبوو. هەرچۆنێک بێت، تۆرۆ ئەو گریمانە پێشینەییەی سپینۆزای سەلماند کە “هەرگیز ناتوانین ئەوە بهێنینە ئاراوە کە پێویستمان بە هیچ شتێک لە دەرەوەی خۆمان نییە بۆ مانەوە.”

بۆیە، خۆگرتنەوە، نەک خۆبەدوورگرتن وانەی سەرەکی کتێبی ‘واڵدن’ بوو. ئەم پەیامە، کە بەشێکی لە ڕێگەی وشە و تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕێگەی کردارەوە دەگەیەنرێت، جەوهەری فێرکارییەکانی تۆرۆ لەخۆدەگرێت. ترانسێندێنتالیست لە  تەنهاییدا پشت بە گۆڤار و کتێبەکانی دەبەستێت و ئەمانەش هیچ کەمتر نین لە جل و بەرگ یان شوێنی حەوانەوە بۆ مانەوەی وەک مرۆڤێک. بەڵام تەنانەت ئەم پێداویستیانەش پێویستیان بەدەستپێوەگرتن و سنووردارکردن هەیە. چی ڕێگەیەکی باشتر هەیە بۆ سنووردارکردنی  زۆر خوێندنەوە لە پاتری ئایپاد کە کاتەکانی بۆ خوێندنەوە و نووسین سنووردار دەکات، تا گەشتی داهاتوو بۆ شار کە لەوێ دەتوانێت ئایپاد-ەکەی بارگاوی بکاتەوە لەکاتی چێژوەرگرتن لە ژەمێکی ئێوارەدا، یان کاتێک هەواڵەکان دەخوێنێتەوە و قومێک لە چایەکەی دەدات. ئەو نزیکەی سێ کاتژمێرەی کە پێویستە بۆ بارگاوی کردنەوەی ئایپاد-ەکەی بە تەواوی، کاتێکی باشی پێدەدات کە سەرێک لە هاوڕێیەک بدات، یان ئەگەر ئایپاد-ەکەی لە شوێنێکی پارێزراو دانابێت، بۆ خۆی دوکانەکان بگەڕێت یان تەنانەت سەیری فیلمێکیش بکات. بە واتایەکی تر، کاتێکی بەسە، بۆ دووبارە پەیوەندیکرنەوە، هەم بە مانا کۆن و هەم بە مانا نوێیەکەی وشەکە.

پێوەری پاتری ئایپاد-ەکە هێمایەکی تێدایە، کە تۆرۆ وەک کەسێک کە بەسروشت مەیلی بۆ تۆمارکردنی شت هەیە، بە تەواوی پەیوەندیدار یان ماناداری دەزانێت. کاتێک ئامێرەکە لە سەرچاوەیەکی کارەبا دەبڕدرێت، پێوەری پاترییەکە وەک پێوەرێکی مەجازی، سەرەتایی و لە هەمان کاتدا حاشا هەڵنەگر کاردەکات بۆ تەرخانکردنی سەرنجی خاوەنەکەی—بەنرخترین فۆڕمی سەرمایە کە زۆرجار بەفیڕۆدەچێت. یەک بارگاوی کردنەوەی تەواوی ئایپاد بەرگەی دە کاتژمێر خوێندنەوەی کتێبێکی ئەلیکترۆنی یان گۆڤارێک دەگرێت، بەڵام ئەگەر بۆ شتی دیکەش بەکاری بهێنیت، دەتوانێت بۆ چەند ڕۆژێک بەبێ بارگاوی کردنەوە بڕوات. زیاتریش بەرگە دەگرێت ئەگەر ناوبڕی کورتی تێبکەیت و دوور بکەویتەوە لە بابەتی ئەدەبی، وەک چۆن تۆرۆ تەواوی بەیانییەکی هاوینی لە بێدەنگیدا بەسەر برد، کە “نقووم ببو لە خەیاڵدا،” و نەیدەتوانی یان ئامادە نەبوو”چرۆی ساتەوەختی ئێستا بکاتە قوربانی هەر کارێک، جا چ کاری هزری بێت یان دەستی.” ڕەنگە تێڕوانینەکانی کتێبی ‘واڵدن’ لەو بەیانییە ئارامانەوە سەرچاوەیان گرتبێت.  شوێنکەوتووی تۆرۆ-یەکی مۆدێرنی ئایپاد-بەدەست، پێویستە ئەوەی لەبیربێت کە هەر چکەیەکی پاتریەکەی نوێنەرایەتی کاتێک دەکات کە هەنگاوێک بەرەو ئامادەیی یان ڕەنگە لادانێک بێت لە ساتێکی لەو جۆرە.

سەدە و نیوێک دوای مردنی تۆرۆ،  کتێبی ‘واڵدن’، وەک بەرهەمە نایاب وخۆشەویستەکانی تری تۆرۆ، بووەتە “سامانێکی بەنرخی جیهان و میراتێکی گونجاو بۆ نەوەکان”. تەنانەت لە سەردەمی کتێبە ئەلیکترۆنییەکانیشدا، ‘واڵدن’ لە پێگەیەکدایە کە فۆڕمی نەریتی خۆی تێدەپەڕێنێت. ئەگەر خەیاڵەکانمان ببنە ڕاستی، ڕەنگە ڕۆژێک بتوانین دایبەزێنین بۆ مێشکمان، بۆ ئەوەی لە جیاتی خوێندنەوە، بەبیرخۆمانی بهێنینەوە، وەک چۆن کەسێک کتێبێکی ئاینیی پیرۆزی بە دڵ لەبەرە. بە دڵنیاییەوە ‘واڵدن’ زۆر لە ئایپاد و نمونەکانی دوای خۆی زیاتر دەژی، و یەک بە یەک وەک جلوبەرگی کۆن فڕێیان دەدات. بە درێژایی ئەم کاروانە، ئامێرەکان دەبنە هەڵگری قسەکانی تۆرۆ بە کەمترین لەدەستدانی کاریگەرییەوە، چونکە ئامۆژگاری دیسیپلین و میانڕەوی و سادەییەکەی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ سروشتی هەمەچەشنی تەکنەلۆجیادا هاوتەریبە، سەرەڕای ناتەباییە مەعریفییەکەیان.

 

 

 

Leave a comment