ئامۆژگاری دەربارەی خۆشەویستی لەلایەن نیچە و سارتەر-ەوە 

ئامۆژگاری دەربارەی خۆشەویستی لەلایەن نیچە و سارتەر-ەوە

نووسین: سکای کلێری

وەرگێڕان: هۆنیا ڕەشید

لێو خستنە سەر لێو و دەست خستنە ناو دەست بۆ خۆیان بێ زیانن، بەڵام خۆ قفڵکردن لە خۆشەویستیدا بە شێوەیەکی هەڵخەڵەتێنەرانە مەترسیدارە—هەم بە واتا مەجازییەکەی و بە واتا ڕستەییەکەی. عاشقانی سەدەی بیست و یەک بە شێوەیەک وابەستەی ئەم مێتافۆرەن کە لە ساڵی ٢٠١٥دا، پردی پۆنت دێزار لە پاریس ناچار بوو لە کێشی چەقێنەری چل و پێنج تۆن قفڵ، کە عاشقان پێوەیان بەستبوو، ڕزگار بکرێت. کلیلەکان بەسەر محەجەرەکاندا فڕێدەدرانە خوارەوە و دە بوونە هۆکاری پیسبوونی ڕووباری سێن. لە کاتێکدا قوفڵی خۆشەویستی پاریسییەکان لە زیادکردنی ئاشکرادا بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەفرۆشران، هێشتا قوفڵی لەم جۆرە لە سەرانسەری جیهاندا بە دی دەکرێن کە شوێنی یادگاریی خەڵکیان ڕووپۆش کردووە—هەر لە پردەکانی دیکەی پاریسەوە بۆ پردی بروکلن، تا دەگاتە پەرژینەکانی هاوایی و ئوسترالیا. ئێستا پلاندانەرانی شار بوونەتە پاڵەوانی بەڕێکەوت لە بەرامبەر لەناوبردنی ئەم ئارەزووە. بەڵام دیاردەکە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان بۆ پوچەڵکردنەوەی، بەردەوامە.

لە ڕۆژێکی ڤالانتایندا کە دوا بە دوای هاشتاگی منیش (#MeToo) دێت، شایەنی ئەوەیە بیر لە هەندێک لە ڕێوڕەسم و هێماکانی خۆشەویستی بکەینەوە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا هیوادارم پشتێنەی پاکیزەیی شتێک بێت لە ڕابردوو بەجێمان هێشتبێت، بەکارهێنانی بابەتی تەنەکە و ئاسن، وەکو عەڵقەی هاوسەرگیری، هێشتا لەو شتانەن کە گوزارشت لە خۆشەویستی و پابەندبوونمان بۆ یەکدی دەکەنەوە—تەنانەت ڕەنگە زیاتر لەو بەڵێننامە هاوسەرگیرییەی کە بە شێوەیەکی یاسایی دەمانبەستێتەوە. لە هەندێک ڕووەوە تێدەگەین کە بۆچی وایە. ئایکۆنە پۆڵاینییەکان بەهێز و جێگیر و خۆڕاگرن. بابەتە کانزاییەکان بە ڕادەیەک لە ئێمە زیاتر دەژین کە بیرمان دەهێننەوە لە ئەگەری خۆشەویستییەکی هەتا هەتایی. زۆربەمان خۆشەویستیمان دەوێت و دەشمانەوێت بمێنێتەوە، بۆیە سەیر نییە کە دەمانەوێت کۆت و بەندی بکەین. بەڵام ئەم ئاماژە قوڵانە لە خۆشەویستی لە ڕووی دیکەوە  نیگەرانی زۆر لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. نەک هەر سارد وسڕ و ڕەق و چەقبەستوون، بەڵکو شوێنەواری نەریتێکی درێژخایەنی خاوەندارێتین: ئەڵقەی هاوسەرگیری شوێنەواری نەریتی مارەییە و ئاماژەیە بۆ خاوەندارێتی.

ڕەنگە فریدریک نیچە بێ هیوا بووبێت، بەڵام سەری نە سوڕمابێت کە بزانێت هێشتا خولیایەکی زۆرمان بۆ ئەم قوفڵانە هەیە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی. ئەو پێی وابوو خۆشەویستی دەکرێت  “فریشتەترین غەریزە” و “گەورەترین هاندەری ژیان” بێت. بەڵام زۆرجار خۆشەویستی لە بەرگێکی تەماعکارانە و ئارەزوویەکی پوکاوە بۆ خاوەندارێتی دەردەکەوێت. وەک نیچە ئاماژەی پێدەکات، عاشقان زۆرجار وەک “ئەژدیهایەک کە پاسەوانیی کۆگا زێڕینەکەی” دەکات مامەڵە دەکەن، یاخود وەک باڵندەی زینە مامەڵە لەگەڵ خۆشەویستەکانیان دەکەن—”وەک شتێک کە دەبێت کۆت بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە فڕینی بکرێت.” کۆت کردن دەکرێت هەندێک کات ئاسوودە بەخش بێت، وەک باوەشی خۆشەویستەکەت، بەڵام نیچە داکۆکیکار بوو بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لەم کۆت و بەندە  بێ مانایانەی ئەفسانەی ڕۆمانسی، بەتایبەتی ئایدیاڵی دەستەبەرکردنی خۆشەویستی. خۆشەویستی هەستە، و بێمانایە بیر لەوە بکەینەوە—چ جای سوێند بخۆین—کە ئەم هەستە وەکو خۆی وهەتا مردن دەهێڵینەوە.

ژان پۆڵ سارتەر کە لە کۆلێژ نیچەی دەخوێندەوە (و دڵڕەقانەش گاڵتەی پێدەکرد)، زۆربەی کاتەکانی بە خواردنەوەی ئاپێریتیڤ لە کافێیەکانی سانت جێرمان دێ پرێ بەسەر دەبرد کە تەنها چەند هەنگاوێک لە پۆنت دێزار-وە دوورە—بە خۆی و دەفتەرەکەیەوە و چاوێکیشی لەسەر خانمانی گەنج وشۆخ و شەنگ بوو. سارتەر، وەک پاڵەوانێکی ئازادی بوونگەرایی،  پێی وابوو کە قبوڵکردنی بۆچوونی کەسانی دیکە سەبارەت بەوەی کە چۆن دەبێ بژیت جۆرێک لە خۆفریودان لەخۆدەگرێت کە ناوی لێ دەنا “بیرووباوەڕی خراپ”. ئەو، کە هیچ  بەینی لەگەڵ  نەریتەکانی بۆرژوازیدا نەبوو، پێی وابوو کە هەریەک لە ئێمە بەرپرسیارین لە هەڵبژاردنەکانی ژیانی خۆمان. تاکی ئازاد نابێت لە پەیوەندییەکدا، کە ڕەنگە وەک قەفەسێکی  تەنگی لێ بێت، خۆی  قوفڵ بکات. کاتێک کلیلەکە فڕێ دەدەیت، ئازادی خۆت فڕێ دەدەیت. ئازادی واتا ئەگەری گۆڕینی ڕێڕەوەکان، دووبارە پێناسەکردنەوەی خۆت، وهەڵوەشاندنەوەی ئەو وێنەیەی بەرامبەرەکەت کە پێت دەڵێت دەبێت چی بیت.

بە بڕوای سارتەر، خۆشەویستی تەنیا لە کرداردا دەردەکەوێت. کەواتە ئەگەر کڕینی قوفڵێکی مس و جێهێشتنی، لەگەڵ هەزاران کەسی دیکە، بۆ قورسکردنی شوێنەوارێک بۆ تۆ کردەوەیەکی خۆشەویستی تایبەت و جوان و مانادار بێت، ڕەنگە سارتەر ڕێگریت لێ نەکات. بەڵام ئەو گومان لە ڕەسەنایەتی ئاماژەیەکی لەم شێوەیە دەکات. قوفڵی خۆشەویستی نەریتێکی کۆن نییە بەڵکو مۆدێکە کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە ڕۆما دەستی پێکردووە لە دوای بەناوبانگبوونی کتێبی تۆم دەوێت (کە دواتر کراوەیشە بە فیلم) لە نوسینی فێدێریکۆ مۆچیا. لە چیرۆکەکەدا، دوو خۆشەویست زنجیرێک لە دەوری گڵۆپێکی عامودیی لە پۆنت میلڤیۆ لە ڕۆما قفڵ دەکەن و کلیلەکە فڕێ دەدەنە ناو ڕووباری تیبەر-وە. ئەمەش گوزارشت لەو بیرۆکەیە دەکات کە  بۆهەمیشە بۆیەک دەبن.

 قوفڵ بە تەواوەتی دژی تێڕوانینە بونگەراییەکەی خۆشەویستییە. هەرکە کلیلەکە فڕێدرا، چیدی دەربازبوون نییە. بەڵام سارتەر هەمان مێتافۆری بە شێوەیەکی جیاواز بەکارهێناوە. ئەو پێشنیاری ئەوە دەکات کە  عا شقان دەتوانن نەک وەک قوفڵەکە بەڵکو وەک کلیلەکە مامەڵە بکەن—کلیلەکە ڕێگەیەکە بۆ کردنەوەی ناخی یەکتری. نەبوونی کەسێک  کە لێت وردبێتەوە و لەگەڵت بڕوات و قەدرت بزانێت، ڕەنگە وا بکات هەندێک دیوی کەسایەتیت بۆ هەمیشە بە  شاراوەیی بمێننەوە. ئینتیمای خۆشەویست دەتوانێت ئەو ئارەزوو و هەڵوێست و دیوە شاراوەی بەرامبەرەکەت دەربخات.

لە دیدی سارتەر-ەوە،  چێژی خۆشەویستی لەوەدایە کە هەست بە ئاسایش بکەین لە خاوەندارێتی یەکتریدا و مانای ژیانمان لەناو کەسی بەرامبەر و لە ڕێگەی کەسی بەرامبەرەوە بدۆزینەوە. کێشەکە لەوەدایە کە ئەمە تەنها وەهمێکە. هیچ شتێکی دڵنیا لە خۆشەویستی ڕۆمانسیدا نییە. بەو پێیەی خۆشەویستان ئازادن لە بەستنی پەیوەندیدا، بە هەمان شێوە ئازادنیشن کەی بیانەوێت بڕۆن. ئەمەش وا دەکات خۆشەویستی هەمیشە لاواز و لەق بێت. بە بڕوای سارتەر، ئەمە خۆشەویستان دەباتە ناو بازنەیەکی شەیتانیی  گەمەی دەسەڵاتی سادۆمازۆخی. هەریەک هەوڵدەدات ئەوی دیکە کۆنتڕۆڵ بکات و داوای ئەو جۆرە خاوەندارێتییە دەکەن کە لە قفڵەکەدا هەیە. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە خۆشەویستان ئازادی لە یەکتر زەوت دەکەن بەبێ ئەوەی هەرگیز بە تەواوی ئەو خاوەندارێتییە بەدەستبهێنن کە شەهوەتیان بۆی هەیە. هەر بۆیە سارتەر دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە خۆشەویستی بریتییە لە ململانێ.

هەڵبەت هیچ گرفتێک لەوەدا نییە کە ئاوات بۆمانەوە و بەردەوامیی خۆشەویستی بخوازین. لە ڕاستیدا، هەر ئەو ئاواتی مانەوەیەیە کە ڕۆمانسیەت لە شەهوەت جیا دەکاتەوە. بە بڕوای سارتەر، خۆشەویستان بە هەڵبژاردنی خۆشویستنی یەکتری چ ئێستا و چ لە داهاتوودا خۆیان پێناسە دەکەن. بەڵام  هەر ئەمەشە پارادۆکسی خۆشەویستی: ئێمە ناتوانین بزانین لە داهاتوودا چی و چۆن دەبین، و سەرەڕای ئەوەی ئازادین لە پابەندبوونمان، بەستنەوەی خودێکی داهاتوو خۆی لەخۆیدا ڕەتکردنەوەی ئازادییە.

ڕەنگە مرۆڤ پرسیاری ئەوە بکات: ئەی هەر ناتوانین واز لەم ئارەزووی کۆت و بەندکردنە بهێنین؟ بە دڵنیاییەوە سیمۆن دی بۆڤوار بیری لەمە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە باشترین پەیوەندییەکان ئەوانەن کە ڕەسەنن. لە پەیوەندییە ڕەسەنەکاندا، خۆشەویستان ڕێز لە ئازادی یەکتری دەگرن و مومارەسەی ئازادیی خۆیان دەکەن. بۆڤوار و سارتەر خۆیان لە پەیوەندییەکی خۆشەویستی کراوەدا بوون کە دابڕانێکی ڕیشەیی بوو لە نەریتەکانی ئەو سەردەمە. لەگەڵ ئەوەشدا،  هەردووکیان بەڵێنی ئەوەیان بەیەک دابوو کە هاوبەشی سەرەکی یەکتر بن؛ ئەمەش ڕەنگە هەندێک جۆری دیکەی ئازادی لێ سەندبنەوە.

هەستی خاوەندارێتی ئەوەندە بنچینەییە لە ئەزموونی خۆشەویستیدا کە، سارتەر پێی وابوو، بۆ ئەوەی زاڵبیت بە سەر ئەو هەستەدا، دەبێت زاڵبیت بەسەرخودی خۆشەویستیدا. لەگەڵ ئەوەشدا لە زۆر ڕووەوە کەمتر بانگەشەی بۆ قفڵ و زیاتر بانگەشەی بۆ کلیلەکە دەکرد. خۆشەویستی وەک ئەوە وایە خۆت لە پردەکەوە فڕێ بدەیتە ناو ڕووباری سێن. بازدانە ناو پەیوەندی خۆشەویستی بوێری دەوێت و نازانیت لە کوێ و کەی  دەگیرسێیتەوە (ئەگەرگیرسانەوەیەک هەر هەبێت). لەگەڵ ئەوەشدا، سارتەر بە هەر شێوەیەک بێت تاقیکردووەتەوە و پێشنیاری دەکرد کە ئێمەش تاقیبکەینەوە.

Leave a comment