[لەبارەی لیۆنارد کۆهینەوە]

لە عەرەبییەوە: حەمە کاوە

کۆهین یەکێکە لە هونەرمەندە دیارەکانی جیهان، بەوە ناسراوە کە دێڕی زۆر مەترسیدار بەرامبەر چەمکە ترسناکەکان بەکار دەهێنێت، وەک ئەوەی، لە کۆتا گۆرانیدا بە خودا دەڵێت: “من ئامادەم گەورەم، من ئامادەم” بەجۆرێک بە خودا دەڵێت من ئامادەم وەک ئەوەی بەنیازی مردن بێت، بەجۆرێک بیەوێت گفتووگۆیەکی درێژ لەگەڵ ئەو خودایەدا بکات کە لەبیر و باوەڕیدا هەبووە ئەوە کۆتا گۆرانی بوو، دوای ئەوە هیچ کەسێک نەما هاڵالویا لە کەنیسەکاندا بە جۆش و خرۆشی لیۆنارد کۆهینەوە بڵێت!

ماڕتن ئۆیستگاد لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ لیۆنارد کۆهیندا، لە ساڵی ٢٠٠١ لە کۆهین دەپرسێت، باوەڕت بە ئازار هەیە؟ لە وەڵامدا کۆهین دەڵێت : نەخێر، بەڵام ئازار باوەڕی بە من هەیە!

کاتێک لیۆنارد کۆهین کۆچی دوای دەکات، هەواڵەکە بە شێوەیەکی زۆر شۆکهێنەر جیهانی عەرەبی داگیر دەکات، لە کاتێکدا لەسەر هەموو ڕۆژنامەکان دەنووسرێت، هونەرمەندی یەهوودی لیۆنارد کۆهین کۆچی دوایی کرد! عەرەبەکان وەک دەزانین هیچ هاوڕێیەتیەکیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا نییە، بەڵام ئێستا دەبینن کە گۆرانیبێژە دڵخوازەکەیان، یەهوودییە و ئینتیمای بۆ پەرستگا یەهوودیەکان هەبووە، بەڵام لیۆنارد کۆهین هونەرمەندێکە لەسەروو ئاینەوە ، بەوەشەوە، تا ئێستاش لە هەموو دونیا و تەنانەت جیهانی عەرەبیش خۆشیان دەوێت، چوونکە کۆهین یەکێک بووە لەو هونەرمەنانەی، هەوادارەکانی توانیویانە ڕاستەوخۆ نامەی بۆ بنێرن و هەندێک کاتیش وەڵامی داونەتەوە! هەر بۆیە زۆر لە هونەرمەندە دیارە عەرەبەکان لەکاتی مردنیدا ئاماژەیان بەوەدا، هونەرەکەی لیۆنارد کۆهین هێندە گەورەیە ناتوانین ڕقمان لێی بێت لەبەر بیروباوەڕی تایبەتی خۆی.. هەر بۆیە لیۆنارد کۆهین هونەرمەندێکە لەسەروو ئاینەوە!

لە ٢١ ی سێپتێمبەری ١٩٣٤ لە وڵاتی کەنەدا لە ناوچەیەک لە مۆنتڕیاڵ لەدایک بووە، دایک و باوکی زۆر هانیان داوە کە گرنگی بە موزیک و هۆنراوە و هونەر بدات، خێزانەکەی خێزانێکی مامناوەندی یەهوودی بوون، لیۆنارد کۆهینیش زۆر گرنگی بە مارشە ئاینییەکان داوە بەتایبەت پەیمانی کۆنی کتێبی پیرۆز، کە یەکێکە لە شیعریترین بەشەکانی کتێبی پیرۆز.

ئەم گرنگیدانەی کۆهین بە هونەر و ئەدەب وایکرد لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا فێری ئامێری گیتار ببێت و لە چەند ناوچەیەکی شاری مۆنتریاڵ موزیکی میلیی دەژەند، ئەو ڕێگاتایبەتەی لە هونەرەکەیدا گرتبویەبەر، دڵخوازی خەڵکێکی زۆر بوو، لێرەوە یەکەم گروپی موزیکی دامەزراند بەناوی Buckskin boys ، بەڵام هێشتا شیعر یەکەم شت بوو کە کۆهین گرنگی پێدەدا، بەتایبەت زۆر سەرسامبووە بە فیدریکۆ گارسیا و لۆرکا و جاک کیرواک.

لە ١٩٥١ چووە کۆلێژی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی McGill و لە ساڵی ١٩٥٥ دەرچوو. دوای زانکۆ یەکەم کۆلێکشنی شیعری بڵاوکردەوە بەناوی Le us compare mythologies لەم بەرهەمەدا کەس گرنگی پێنەدا و چەند دانەیەکی کەمی لێفرۆشرا، بەڵام ئەم بەرهەمە سەرەتایەک بوو بۆ دروستبوونی لیۆنارد کۆهین ، دواتر لە ساڵی ١٩٦٤ کتێبێکی دیکەی بڵاوکردەوە بەناوی The Spice-Box of the Earth ئەم کتێبە کۆهینی وەک دەنگێکی ئەدەبی گرنگ ناساند و ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد و لە ڕووی ئابوریشەوە قازانجێکی زۆری کرد و توانی خانویەک لە دورگەی هایدرا بکڕێت و لەوێ زیاتر برەو بدات بە نووسین و موزیک، دواتر چەندین بەرهەمی لە شعر و ڕۆمان بڵاوکردەوە، لەوانە؛

Flowers for Hitler 1964

Parasites of heaven 1966

The favorite game

Beautiful

Losers

کۆتا کتێبی کە ڕۆمانی losers ( دۆڕاوەکان) نیگەرانیەکی زۆری خوێنەرانی لێکەوتەوە، بەوە تۆمەتبارکرا کە زۆر خراپ باسی جەیمس جۆیسی کردووە و ناوەڕۆکی کتێبەکەش زۆر سێکسی بووە!

لیۆنارد کۆهین دوای ئەم. کتێبە هەستیکرد کە هێشتا پڕنەبووە لە هونەر و دەتوانێت گۆرانی بڵێت، لەساڵی ١٩٦٧ لە ڤیستیڤاڵی موزیکی نەتەوەیی نیۆرک بەشداری کرد.

یەکەم ئەلبوومی خۆی بەناوی Songs from the Room بڵاوکردەوە کە لە سەرتاسەری نیویۆرک دەنگی دایەوە، قسەیەکی باوی ئەمریکیەکان هەیە، دەڵێن “کاتێک خەڵکی نیویۆرک تۆیان وەک هونەرمەند قبوڵکرد، ئیتر هەموو جیهان قبوڵت دەکات!”

بە گۆرانی و موزیکەوە وازی لە شیعریش نەهێنا و لە ١٩٧٢ دیوانێکی بەناوی The energy of slaves بڵاوکردەوە ، دواتر لە ١٩٧٤ ئەلبوومی new skin ی بڵاوکردەوە کە گۆرانییە بەناوبانگەکەی چیڵسی هۆتیلی تێدابوو، ئەم ئەلبوومە ئەبوو گەورەترین تەقینەوەی هونەری کۆهین بێت بەڵام بەهۆی کێشە لەگەڵ دەرهێنەر (فیل سیپێکتەر)ەوە کارەکان بەو شێوەیە نەچووە پێش کە دەیویست، دوای بڵاوکردنەوەی چەندین گۆرانیتر و کۆهین بۆی دەرکەوت کە لەلایەن بەڕێوبەری کارەکانییەوە بەرهەمەکانی دزە پێکراوە، کیڵی لینچ میلارەها دۆلاری لەم ڕێگەیەوە لە لیۆنارد کۆهین دزیوە و هەرگیز نەیتوانی ئەو پارانە وەربگرێتەوە، ئەمە بێمتمانەیەکی زۆری لا دروست کرد و ماوەیەکی زۆر لە کارکردن وەستا.

لەبارەی ژیانی تایبەتی کۆهینەوە لە ساڵی ١٩٧٢ هاوسەرگیری لەگەڵ خانمە هونەرمەند سوزان دەکات و دوو منداڵیان دەبێت یەکەمیان ناو دەنێن ئادەم و دوومیش لە خۆشەویستی بۆ شاعیری ئیسپانی ناوی دەنێت لۆرکا ، کۆهین لەبارەی شاعیرانەوە بۆچوونی جیاوازی هەبووە، دەڵێت: لە نێوان ئەو هەزاران کەسەی کە وەک شاعیر ناسراون، یاخود دەیانەوێت وەک شاعیر بناسرێن، یەکێک یان دووانیان ڕاستەقینەن، ئەوانەی تر ساختەن، بەڵام لە شوێنی پیرۆزدا دانراون وەکو هەوڵێک بۆ ئەوەی ڕاستەقینە دەربکەون!

.

کۆهین خاوەنی دەنگێک بوو کە هەمیشە دوو هەستی لە نێوان ترس و چێژدا پێ دەبەخشیت، هەمیشە کە گوێم لە لیۆنارد کۆهین گرتووە بوێرتربووم، سێ هەفتە پێش ئەوەی بمرێت گۆرانیەک بڵاودەکاتەوە بەناوی

You want it darker

ئەم گۆرانییە کۆتا گۆرانی کۆهین بوو کە تێدا بەخودا دەڵێت “من ئامادەم گەورەم” گۆرانیەکی زۆر تاریک و جوان و پڕ لە چێژ و بوێری و هەستکردن بە مردن!

لە ٧ ی نۆڤێمبەری ٢٠١٦ لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا کۆچی دوای دەکات، کۆهین خاوەنی سەدان گۆرانی و دەیان کتێبی شیعری و چەند ڕۆمانێکە، بە گەنجی ئاواتی بوو پێش ئەوەی دونیا جێبهێڵێت شتێک پێشکەشبکات، کۆهین شتێکی پێشکەشکرد کە جیهان هەرگیز ناتوانێت لەبیری بکات!

سەرچاوە: گۆڤاری AraGeek

https://boringbooks.net/2020/03/leonard-cohen-gave-me-francs.html

Leave a comment