چینێلۆ ئۆکپارانتا
لە ئینگلیزییەوە: شێنێ محەمەد
دوێنێ نزیک کاتژمێر ٧ی سەر لە بەیانی بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی چینوا ئاچیبی بەخەبەرهاتم. هەواڵەکەم لە ئینتەرنێتەوە خوێندەوە. بۆ ماوەی نۆ خولەک بە سەرسامییەوە دانیشتم. دەزانم نۆ خولەکی تەواو بوو چونکە ڕاهاتووم ئاگاداری کات بم، بەتایبەت لە بەیانیاندا.
پاش ئەو نۆ خولەکە، مۆبایلەکەم هەڵگرت و بە نامەیەک هەواڵەکەم بۆ دایکم و خوشکەکانم نارد، کە هەموویان چەند وڵاتێک لە منەوە دووربوون. بەخۆمم وت ڕەنگە هێشتا هەواڵەکەیان نەبیستبێت، هەرواش بوو. دواتر کاتێک لەگەڵ دایکمدا قسەم کرد، لەگەڵ قسەکردندا بە نەرمییەوە ناڵەی دەکرد، ناڵەیەک تایبەت بە دەنگی ژنانی نایجیری و شیوەنکردنی ئیگبۆییانە، “کەواتە بەم جۆرە مرد! “
من و دایکم و خوشکەکانم ئاگاداری ئەوە بووین کە ئاچیبی تەمەنی هەشتا و دوو ساڵ بوو و تەندرووستیشیی باش نەبوو، نەدەبوو بە هەواڵی مردنی سەرسام بین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵێکی دڵتەزێن بوو. ڕەنگە هۆکار ئەوە بووبێت کە هەندێک لەو بەتەمەنە ژیرانەی لە نێوماندابوون، بە بێ ویستی خۆمان بەجۆرێک لە سەروو باڵی مردنەوە دەمانبینین.
دوابەدوای ئەو ماتەمە، وەک هەموو ئەو کەسانەی لە پرسەدان، ڕۆژەکەم بە ڕەشپۆشی تێپەڕاند. هەستم بە دۆخێکی پڕ گوومان و خەم دەکرد کاتێک لە دەرگای ماڵ دەچوومە دەر، کاتێک دەچوومە ناو ئوتومبێلەکەم، کاتێک بەرەو زانکۆ بەڕێدەکەوتم، تەنانەت کاتی وانە ووتنەوەش.
ئەو ڕۆژە کە گەڕامەوە ماڵ، بینیم لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەم داواکارییەک چاوەڕێم دەکات: بانگهێشتێک بۆ نووسینی ستایشێک بۆ چینوا ئاچیبی.
سەرەتا ویستم ڕەتیبکەمەوە. من پێشتر ڕووبەڕوو ئاچیبیم نەبینیبوو، هەرگیز هەلی بینینیم لە نزیکەوە بۆ نەڕەخسابوو. هیچ پەیوەندییەکی خێزانییشمان نەبوو. چی ماماندا ئادیچێ لە بابەتێکدا باس لە ژیانی لەو ماڵەدا دەکات کە پێشتر خانەوادەی ئهچیبی تێیدا ژیابوون. من ئەم جۆرە چیرۆکانەشم نەبوون بۆ گێڕانەوە. ڕاستە کە منیش لە هەمان هۆزی ئیگبۆم، خەڵکیش هەست بە لێکچوونی ناوەکانمان دەکات. بەڵام هاوهۆزی و ناوی لێکچوو نابنە هۆی درووستبوونی پەیوەندی.
دەکرێت من چیم هەبێت تا لەبارەی پیاوێکەوە کە هەرگیز نەمبینیووە بیانڵێم؟
لەسەر مێزەکە دانیشتم تا بە ڕێزەوە داواکارییەکە ڕەتبکەمەوە. بەڵام لە نێوان داگرتنی دوگمەی وەڵامدانەوەی ئیمەیڵەکە و نووسینی یەکەم دێڕدا، شتێکم هاتەوە یاد: لە ئاگایی منداڵیمدا هەرگیز هیچ کاتێک نەبووە کە ناوی چینوا ئاچیبی نائاشنابووبێت.
بەدڵنییاییەوە ئەستەمە بزانم یەکەم جار کەی بوو کە گوێم لە ناوی ئەو بوو. ناوی ئەو شتێک بوو وەک ئاو و شتێک بوو وەک هەوا، بەشێکی بەردەوام و گرنگی بوونی من بوو، هەرچەندە زۆرکات بەهۆی ئاشناییە زۆرەکەیەوە نرخی خۆی پێنەدەدرا. لە هەر چواردەورمەوە ناوی ئەو دەهێنرا و وەک سێبەرێک بە شوێنمەوە بوو. لەگەڵ ناوی ئەودا، ئەو دێڕانە دەهاتنەوە یادم، کە ئەوکات هەموومان وەک ئەوەی گۆرانییەک بڵێین، دەمانوتەوە:
شتەکان لێک دەترازێن؛ چەق توانای ڕاگرتنی نامێنێت
پشێوی ڕەها بەڕووی جیهاندا کراوەتەوە
لەگەڵ خوشک و براکانمدا ئەم وشانەمان وەک گۆرانی دەووتنەوە، بەبێ ئەوەی لە ماناکەی تێبگەین، بەدڵنییاییشەوە نەماندەزانی کە ییتس سەرچاوەی ئەم ووشانەیە.
ئەوکات سەیری فیلمی (شتەکان لێک دەترازێن)مان دەکرد. بە کارەکتەری ئۆکنکوۆ پێدەکەنین و دواتریش لەگەڵ مردنی ئاهمان هەڵدەکێشا.
ئەوکات هێشتا ڕۆمانەکەم نەخوێندبۆوە.
چەند ساڵێک دواتر، کاتێک کتێبەکەم خوێندەوە، دووبارە لە وێرانییەکانی گەیشتنی دەوڵەتە کۆڵۆنیاڵەکاندا ژیامەوە، بەهەمان کاریگەرییەوە ئەزموونی مردنی ئۆکنکوۆم کردەوە وەک کاتی ساڵانی ڕابردوو کە لە تەلەفزیۆنەوە تەماشای فیلمەکەم کرد.
ساڵی پێشوو یەکێک لە چیرۆکەکانم لە گۆڤاری ئەدەبیی کۆنجەکشنی زانکۆی براد بڵاوبۆوە. بە کارەکانی ئەم گۆڤارە ئاشنا نەبووم، هەربۆیە بە نێو ماڵپەڕەکەیاندا گەڕام. لە کاتی گەڕانمدا یەکێک لە تۆمارەکانی چینوا ئاچیبیم هاتە بەردەست کە تێیدا شیعرێکی دەخوێندەوە. ئاچیبی ئەم شیعرەی بە شێوەی لاواندنەوەی ئیگبۆ بۆ کریستۆفەر ئۆکیگبۆی هاوڕێی نوسیبوو کە لە شەڕی ناوخۆی نێوان نایجیریا وبیافرا گیانی لەدەست دابوو.
,Obu onye ka ayi na acho
,Obu onye ka ayi na acho
,Okigbo ka ayi na acho
.Nzomalizo
بۆ من شتێکی ڕووخێنەر لەم شیعرەدا هەبوو. ئەوکات پێموابوو هۆکارەکەی بابەتی شیعرەکەیە، بەڵام ئەمە تەنها بەشێک بوو. هۆکارەکەی تر ئەوەبوو کە پێشتر هەرگیز گوێبیستی دەقی ئەدەبی بەزمانی ئیگبۆ، زمانی ڕەسەنی خۆم، نەبووم، جگە لەو چیرۆکانەی کاتی منداڵیم کە دایکم بۆی دەگێڕامەوە. گوێم بۆ ئەو ئاوازە جوانەی زمانی دایک ڕاگرت، لەو ساتەدا زمانی ئینگلیزی بۆ من بوونی نەما. هەزارەها میل لە نایجیریا دووربووم، بەڵام لەو ساتەدا هەستمدەکرد لە نیشتیمانی خۆمدام.
گرنگە ئەوەش بڵێم کە ئەم شیعرە سروودێکە گەنجەکان لە کاتی لەدەستدانی هاوتەمەنی خۆیان دەیخوێنن. شێوازی خوێندنەوەکەش وەک بانگکردن و وەڵامدانەوە وەهایە. چڕینەوەی (نزۆمالیزۆ) تێکەڵەیەکە لە وشەی زۆ (شاردنەوە) لەگەڵ مالی (کە دەنگێکی یاریئامێزە) و بە واتای (یاری خۆشاردنەوە) دێت. واتە ئەوانەی سروودەکە دەڵێنەوە بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە هاوڕێکەیان نەمردووە و تەنها خۆی شاردۆتەوە، چونکە بەدڵنیاییەوە ناتوانن باوەڕ بە مردنی هاوڕێیەک بکەن. ئەم سروودە تا کۆتایی شەو بەردەوام دەبێت و بۆ بەیانییش گەر هێشتا هاوڕێکەیان لەشوێنی خۆشاردنەوەکەی نەهاتبێتە دەرەوە، دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە هاوڕێکەیان لەدەستداوە.
لەگەڵ خوێندنەوەی هەواڵی مردنی ئاچیبی، ئەم شیعرە هاتەوە یادم. هەرچەندە تەمەنی ئاچیبی لە تەمەنی منەوە دوورە و مردنی ئەو ناوەخت نەبوو. لەگەڵ ئەمانەشدا، نەمدەتوانی باوەڕ بەخۆم بهێنم کە گیانی لەدەستدابێت.
بە دوای کێ دەگەڕێین؟
بە دوای کێ دەگەڕێین؟
بۆ ئۆکیگبۆ دەگەڕێین.
خۆی لێمان شاردۆتەوە.
شیعرەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت:
هەرچەندە ئەم شیعرە بۆ کریستۆفەر ئۆکیگبۆ نووسراوە، بەڵام ئێستا ئەم دێڕانە ئاچیبی خۆیم بیردەهێننەوە، باوکی ئەدەبی ئەفریقا. ئەو کەسەی لە پێناو نەتەوەکەمان جەنگا، ئەوکاتەی ئێمە لەوە لاوازتر و شێواوتر بووین کە بجەنگێین بۆی. ئەو کەسە ڕێزدارەی کە بە ڕێزەوە بە وشە شەڕی دەکرد لە بری جەنگی دەستەویەخە. چینوا ئاچیبی، ئەو کەسەی من سرووشم بۆ نووسین لێوە وەرگرت. ئەو کەسەی ناوەکەی لە هزرمدا زۆر پێش ئەوەی گرنگی ناوەکەی بزانم بوونی هەبوو. ئەو کەسەی بە دەنگی خۆی منی بۆ نیشتیمان گەڕاندەوە، لەکاتێکدا نیشتیمان چەند کیشوەرێک لە منەوە دووربوو. پیاوێک کە من بە هەموو ڕیشاڵەکانی بوونمەوە شین بۆ مردنی دەگێڕم و هەرگیز چاویشم پێی نەکەوتووە.
هەروەک خۆی کە لە یادکردنەوەی هاوڕێکەی بانگی لە کریستۆفەر ئۆکیگبۆ دەکرد، منیش ئێستا بانگی ئەو دەکەم، چینوالومۆگو ئاچیبی. باران تۆشی خووساندووە بەڵام بەهیوام ناوی تۆ هەمیشە لەسەر زمان بێت، ئێستا و بۆ هەمیشە. بەهیوام ناوی تۆ بێخەوش بمێنێتەوە، هەرچەندە تۆ ئێستا هەناسە نادەیت، هیوادارم بە هەناسەی هەموو ئەوانەی کە ناوت دێنن زیندوو بمێنیت.
هیوادارم لە ئارامیدا پشوو بدەیت.
______
بۆ خوێندنەوەی چیرۆکێکی وەرگێڕدراوی چینێلۆ ئۆکپارانتا بە وەرگێڕانی شێنێ محەمەد کرتە لێرە بکەن