[لەبارەی شیعری دلاوەر قەرەداغییەوە]

ئالانا ماری لێڤینسۆن لابرۆس

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

 

لە پایزی ٢٠١١ دا گەیشتمە سلێمانی چونکە پێشتر بیستبووم شەقامەکانی ئەم شارە بە ناوی شاعیرەکانییەوە ناونراون. هەر کە گەیشتمە سلێمانی، دەستمکرد بە فێربوونی دیالێکتی سۆرانی و تێگەیشتن لە فەزای ئەو شاعیرانەی لە دەورم بوون. بینەری کۆڕی شیعر خوێندنەوەی عەبدوڵا پەشێو بووم کە لەو ساڵەدا لە زانکۆی سلێمانی بۆی سازکرابوو . ساڵی دواتریش چاوم بە شێرکۆ بێکەس کەوت و کۆڕێکی خوێندنەوەی شیعرمان لە زانکۆی ئەمریکی بۆ سازکرد. دوانیوەڕۆیەک هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لەگەڵ دلاوەر قەرەداغی دابنیشم، سەرسام بووم بەو ئارامییەی لە هەوای دەوروبەریدا بۆ خۆی دروستیکردبوو. هۆڵی پێشوازی هۆتێلی سلێمانی پاڵاس بە ژاوەژاوی هۆڕن و دەنگی ئوتومبیلەکانی سەرشەقامەکە پڕببوو، بەڵام ئەو ئارام و بە ئاگا لە جێگەکەی خۆی دانیشتبوو. ساڵانێکی دواتر بۆم دەرکەوت کە چەندێک گرانە دۆزینەوەی ئەو ئارامییە و بەدەستهێنانی، ئارامییەک کە هێشتنەوەی ئاسان نییە، بەتایبەتی بۆ کوردێک.


دلاوەر قەرەداغی لە ساڵی ١٩٦٣ لە دایکبووە و بە بینینی خەباتی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ناو دەوڵەتی عێراقدا گەورەبووە. ساڵەکانی گەورەبوونی چ وەک ئینسانێک و چ وەک شاعیرێک ئەزموونی هەڵمەتی جینۆسایدی کوردەکانی لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسەینەوە کردووە: وەکو ئەنفال، کە بووە هۆی ڕاگواستنی بە کۆمەڵی کوردەکان، چۆڵکردنی تەواوی گوندە کوردنشینەکان، دیارنەمانی ئەو گەنجانەی کە تەمەنیان بۆ جەنگ شیاوبوون، بۆمبارانکردنی کوردەکان بە چەکی کیمیایی، لە دیارترینیان بۆمبارانکردنی هەڵەبجە، هەروەها بینینی ڕاپەڕین و جەنگی ناوخۆ و دروستبوونی حکومەتی کوردییش. ئەمە لیستێکی ماندووکەری ئەو ڕووداوانەیە کە تەنها چیرۆکی سی ساڵی سەرەتای ژیانی دلاوەرمان بۆ دەخاتەڕوو. شیعرەکانی دلاوەر ئاوێنەی ئەو هەرا و پشێوییەیە کە لە دەوروبەری ئەو هەبوون بەڵام وەک خۆیان نا، بەڵکو بە تێڕوانینێکی جیاواز. شیعرەکانی دلاوەر خوێنەر دەگەیەنێت بە حەقیقەتی ئەو ئازار و هیوایەی کە لەودیو هەواڵ و بەڵگەوە، لە نێو بابەتیبوونێکی فراوانی تاکدا بوونی هەیە. لە شیعری “باوکە، پەنجەرەکە بکەوە/ قسەیەک لە دڵمدا ماوە/ دەیڵێم….!” ( ٢٠٠٢ )، دەڵێت،

باوکە.. باوکە
پەردەکە دابەرەوە
یارمەتیمدە بگریم
یارمەتیمدە گەرم ببمەوە
هانمدە.. شتێک بگێڕمەوە،
پڕ بێ لە بەفر و لە بێدەنگی و
لە دڵەکوتە
بۆم باسکە
کوێی ئەم حەکایەتە سەرەتایە و
کوێی کۆتایی ؟

لە شیعری “ڕۆژێکی درێژ” ( ٢٠١٨ )، شاعیر پێداگری لەوە دەکات کە هەر ڕۆژێک بەشێکە لە ڕۆژێکی بێکۆتای تر. کات، هەروەک چیرۆک لە شیعری “باوک”دا، سەرەتا و کۆتایی نییە، تەنها بازنەیەکی بێکۆتایە. شاعیرەکە لە کۆتاییدا غەمبارانە دانی پیادادەنێت، “من پشکم نییە لە شوێن، هێشتا ئەو گێژەڵووکە ڕەنگاوڕەنگە کێوییە لە گوێمدا دەگڤێنێ.” لە هەمان شیعردا، دلاوەر وێنای ئەوە دەکات کە خەڵکی لە ناو تەمدا وەستاون، دەستییان بەرزکردۆتەوە، دڵنیانین لەوەی کە ئەم دەربڕینە سڵاو بێت یاخود ماڵئاوایی. کات، گێڕانەوە، تەنانەت تێگەیشتن لە شوێنیش بە پەنهانی لای شاعیر، لای کوردەکانیش، دەمێننەوە. دلاوەر بۆ تۆمارکردنی هەستی واقیعی کوردبوون دەستی بە شیعر نووسین کرد.

سەرچاوەی بەشێک لەو ئارامییەی دلاوەر ئەزموونی دەکات لە پێداگریی خەیاڵکردنی جیهانێکی جێگرەوەیە بۆ خۆی و بۆ نەتەوەکەی. لە شیعری “ئەو گوندە” ) ١٩٩٣ ( وێنای گوندێک دەکات کە تیایدا کوکووختییەکان خۆیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییە حکومیەکان دەپاڵێون، کە تیایدا خۆر لە خۆر هەڵاتەوە هەڵدێ و لە خۆرئاواوە ئاوا دەبێ، تیایدا “قەدەر پیاوێکە گەنم ڕەنگە\ نیوەڕوان بە فیکە لێدانەوە\ بە ژێر سێبەری دار هەنارەکاندا\ ڕەت دەبێ.” خەڵکی ئەو گوندە، هیچ دەربارەی سادەترین بەکارهێنانی بیرکاریی نازانن، بەڵام بە هەناسە ساڵڕۆژی پشکوتنی گوڵە قەرسیلییەکان دەژمێرن . کاتێک کارەساتێک ڕوودەدات، “خەڵکی ئەو گوندە\ دەبنە میوانی گەردەلوول\ وردو درشت، گیرفانیان پڕ دەکەن لە سێبەر و هەور و\ هەتاو\ کەچیی لەو سەرەوە\ بە باوەشی ئەستێرەوە دێنەوە.” وەک چۆن لە جیهانە واقیعییەکەی دلاوەر خۆیدا توندوتیژی بوونی هەیە، لە شیعرەکانیشیدا بە هەمان شێوە، توندوتیژی و غەمباریی هەن، بەڵام شاعیر ڕێگە نادات خوێنەرەکەی لەو هەلومەرجەدا بگەوزێت.

لە بری ئەوە خوێنەرەکانی بانگهێشت دەکات بۆ دنیای خەیاڵکردن، کە تیایدا دەکرێت گەورەترین باری نائەخلاقیی بە جۆرێکی تر خەیاڵ بکرێتەوە، دەکرێت گەورەترین ئازار شێوەی خۆی بگۆڕێت. لە شیعرێکی نوێیدا، “هەوای تازە،” شاعیر قسە لەگەڵ “تۆ”یەکی نەناسراو دەکات. ئەم “تۆ”یە، کە دەکرێت سەدام، بەعسییەکان، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەمریکای تڕەمپ، یاخود سەرکردەکانی کوردبن، هەوڵ دەدات قسەکەر داببڕێنێت لەو شتەی پێویستییەتی بۆ مانەوە: نان، هەوا، تیشکی خۆر. بەڵام دیسان و دووبارە، شاعیر بە “تۆ” پێدەکەنێت، “تۆ” نانت بڕیم، بیرت چوو من بە هەواش دەژیم. هەوام لێ دەگریتەوە، نازانیت من هەتاویش هەڵدەمژم. هەموو هەتاوەکە دەدزیت، خەیاڵی ئەوە ناکەیت کە من بە بارانیش دەنووسم. گرنگ نییە چی دەکەیت، دەتوانم بە خەیاڵی داهێنان و بڕوا و سەرچاوەی زۆرەوە بەرەو پێش بچم. باڵی فڕینم بکە، من بە خەیاڵ دەفڕم. ئاگرم لێ بشارەوە، من بە زریان خۆم گەرم دەکەمەوە. دوژمن لەم شیعرەدا مێشکێکی لەوە تەسکتری هەیە تا بتوانێت لە هەژاریی خۆی تێبگات. شاعیر دەتوانێت بەرگریکردنێکی ڕەها فەراهەم بکات چونکە ئەو بە قوڵیی ڕۆح دەژی نەک بە خۆراکی زەوی.


لە شیعری “تەنها وشەیەک بەس بوو ” ( ٢٠١١ )، شاعیر خوێنەرەکانی دڵنیادەکاتەوە کە تەنها یەک وشە بەسە بۆ دروستکردنی ئارامییەکی سەربەخۆی دەست بۆ نەبراو:

وشەیەک لە دەرەوەی لەهجە
لە دەرەوەی ڕیتۆریک
لە دەرەوەی میرنشینەکان
لە دەرەوەی دروشم و هوتاف و هەراوزەنا و
پەیڕەو و پڕۆگرام.. .
وشەیەک خۆش
وەک ناوی بچووککراوەی تۆ و مێوژ و زیکزیکە و
ژیژک و بەرسیلە و باران
تەواوی جیهان لەناو یەک وشەدا دەژی. تەواوی جیهان لە ناوی بچووککراوەی تۆدا بوونی هەیە، لە ناو کشمیشێکدا.

گۆڕانکارییە سیاسییەکانی زەمەنی دلاوەر چاوە شاعیرییەکەی پەروەردەکردووە بۆ بینینی هێزی خەیاڵکردن و زمان، بۆ دروستکردن و هەبوونی مەیل بۆ ئارامیی.

لە شیعرەکەی ئازاد سوبحیدا کە لە ساڵی ١٩٩٦ “بۆ دلاوەر قەرەداغی” نووسیووە، دەڵێت:
هاوڕێم… پەپولەیەک لەسەر قەڵەمەکەتە
ئاگاداری بە
هیچ ڕێگەیەک نەماوە تاریکی نەبێ
هیچ سنوورێک نەماوە تاریکیی نەبێ
ئەم مامۆستایە قەڵەمەکەت نابینێ
کوان پەپولەکانت؟ کوان کوردەکانت؟
تۆش هەموو تاریکییەکانت بکەرەوە
با دوایەمین دەرگاشت لێ بزر نەبێ…

سوبحی توانای ناسینەوەی ئەو هاوسەنگییە ناسکەی هەیە کە لەسەر قەڵەمەکەی دلاوەر پشوو دەدات، بەڵام مامۆستاکانی نا. سوبحی فەرمان بە دلاوەر دەکات: ئاگاداری پەپولەکەت بە، با مەیلت لای هاوسەنگیی و ئارامییت بێت چونکە مامۆستاکانت پەپولەکەت نابینن، ئەو هاوسەنگییە نابینن کە دەبێت بۆ مانەوەت، یاخود گەشەکردنت، بیخوڵقێنی. لە ڕاستیدا دلاوەر ئەو ساڵانەی کە لە شیعردا بەسەریبردوون هەر ئەو کارەی کردووە: چاوێکی لەسەر تاریکیی دەوروبەری بووە و چاوێکیشی لەسەر ئەو ئارامی و هەلانەی کە لە ناو زماندا بوونیان هەیە. ئەم کۆکراوەیە بەرهەمی سێ دەیەی شیعریی لە خۆگرتووە، تیایدا ئەو شیعرانە دەبینینەوە کە دەیانناسین و خۆشمان دەوێن، هەروەها کارە نوێیەکانیشیمان پێدەناسێنێت. لە تەواوی ئەم پەڕانەدا، خوێنەر بە گەرمییەوە پێشوازی لێدەکرێت بۆ ئەو جیهانانەی کە دلاوەر دروستیان دەکات و هانی خوێنەر دەدات ئەو ئارامییە ئەزموون بکات. هیوادارم هەموومان میوانی زەمین لەرزەی شیعر بین، بە وردو درشتییانەوە. هیوادارم هەموومان ئاگاداری پەپولەکانی خۆمان بین. هیوادارم هێندە ئازا بین کە هەموو تاریکیمان بکەینەوە تا دوایەمین دەرگاکانمان بپارێزین.

ئەم نووسینە ماری لابرۆس وەک پێشەکییەک بۆ کتێبی “لێرەولەوێ باران… دووراودوور هەتاو”ی نووسیووە.

Related Posts

Leave a comment