[چەند شیعرێکی کیاڕۆستەمی]

عەباس کیاڕۆستەمی

لە فارسییەوە: سەرکەوت جەبار

بۆ: لاژە تەها 

_________

با

باڵندەکە لەگەڵ خۆی دەبات

بۆ ئەو لایەی کە دەیویست

بۆ لایەک

کە باڵندەکە نەیدەویست.

      *

خەو دەبینم

سەربازێکم

بێ سەر.

     **

لەنێوان خێر و شەڕدا

خێرم هەڵبژارد

ڕیگەیەک بوو

پڕ لە شەڕ.

  ***

منداڵەکە پرسی

ئایا پشتی ژیژکیش

دەخورێت؟

****

هێشتاش

باوەڕناکەم کە

ئەمە زەوییە

کە دەسوڕێتەوە.

*****

سەربازێک کە

پەنجەی دەخستە گوێیەوە

لەکاتی تەقاندنی تۆپەکە،

پەنجەی لەدەست دا

وە گوێی و چاویشی

لە چاوتروکاندنێکدا.

******

یەک فیشەک

یەک مێشک

یەک ڕۆژ.

*******

لەنێوان من و مانگ

گفتوگۆیەکە

کە نە مانگ تێدەگات

نە منیش.

********

لەنێوان پەڵەهەورگەلێکی ڕەش

مانگ

ئارەزووی خۆنواندنی هەیە.

________

بۆ گەیشتن بە بەهەشت

تێپەڕین بە ڕێگەی دۆزەخدا

ناچارییە.

**

ژیان

تۆمەتێکی ناڕەوایە

بۆ بێنەواکان.

***

لە ناسنامەکەمدا

وێنەیەک هەیە

تێپەڕینی زەمەن

دەسەلمێنێت.

****

ڕوویەکی پەنجەرەکە

بەرەو منە

ڕووەکەی دیکەی

بەرەو ڕێبوارێک کە تێدەپەڕێت.

*****

گورگێک

لە بۆسەدا

******

لە خەیاڵمدا

دۆزەخێک هەیە

گەرمم دەکاتەوە

لە زەمهەریری تەنهایی.

*******

لەگەڵ یەکەمین بای پایزیی

گەڵایەکی بچووک هاتە ژوورەکەم

کە نەمدەناسی.

********

لە نەبوونی تۆدا

لەگەڵ خۆمم

گفتوگۆ دەکەین و دەگەینە ئەنجام

لەسەر هەموو شتێک

زۆر بە سادەیی.

*********

ئەسپێکی برینداری

بێخاوەن.

**********

دێهاتییەکی ماندوو

چووەتە خەوەوە

لەژێر سێبەری داهۆڵێك.

***********

دێهاتییەکی ماندوو

بەخەبەر دێت

لە عارەقەی نێوچەوانی داهۆڵەکە.

************

لە خۆڵەمێش

بتێک دروست دەکەم

وە دیسانەوە ئەیسوتێنمەوە

بە ئاگر.

*************

هەست بە ئازادی

ئەکەم

لە هەڵبژاردنی ئازار.

**************

کوام ڕۆژی هەفتە

کۆتایی دێت

یاری شەممە لەگەڵ هەینی؟

***************

بێزارم لە زمان

زمانی تاڵ

زمانی توند

لە زمانی فەرماندان

لە زمانی کینایە

لەگەڵ من

بە زمانی ئاماژە

بدوێ.

 

______

بەفر دەبارێت

بەفر دەبارێت

بەفر دەبارێت

ڕۆژ بەکۆتا دێت

بەفر دەبارێت

شەو.

**

دوکەڵی مۆم

ڕەشی دەکات

باڵی ڕەنگاوڕەنگی پەپولە.

***

 

یەکێک لە ڕاهیبەکان

شتێکی وت!

ئەوانی دیکە پێکەنین

بەدەنگی بەرز.

****

 

زەمینلەرزە

وێرانیکرد تەنانەت

کۆگای دەغڵی مێروولەکانیش.

*****

 

بەرهەمی دوو ڕۆژی

کاری جاڵجاڵۆکە

تێکدەچێت

بە گسکی خزمەتکاری پیر.

******

پیاوێکی نابینا

کات دەپرسێت

لە منداڵێکی ئیبتیدائی.

*******

 

بارانێکی بەهاریی

هێلانەی کۆترێک

پڕ ئاو دەکات.

********

 

گوڵێکی بچکۆلەی بێناو

ڕواوە بە تەنهایی

لە کەلێنی کێوێکی گەورە.

*********

دەریا تاریک

کەناریش تاریک

چاوەڕوانی خۆر بم

یان مانگ؟

 

_____

 

 شیعرەکان لە کتێبی شیعری (با و گەڵا)، (گورگێک لە بۆسەدا) و (پیاسەکردن لەگەڵ با)وە وەرگیراون

Related Posts

Leave a comment