[ موزیک و زانست و چارەسەرییەکان ]

لە ئینگلیزییەوە: شێنێ حەمەجان

ئایا دەپرسیت گوێگرتن لە میوزیک باشە بۆ تەندروستیت؟

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە گوێگرتن لە میوزیک جەوت ساف دەکات و لە خەمۆکی دوورت دەخاتەوە. هەروەها سوڕی خوێن چالاک دەکات، ئازار کەم دەکاتەوە، ئاستی ئەو هۆرمۆنانەی پەیوەندیدارن بە سترێسەوە، کەم دەکاتەوە. وەک هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ.

هەروەها دەشێ گوێگرتن لە میوزیک بەر لە نەشتەرگەری، دەرئەنجامی دوای نەشتەرگەرییەکە باشتر بکات.

چۆن دەکرێت میوزیک ئەو هەموو شتە باشانە بکات؟

کیم ئینێس پرۆفیسۆر لە زانکۆی وێست ڤێرجینیا، لە سکووڵی پزیشکی گشتی دەڵێت: میوزیک ئەو بەشەی مێشک کارا دەکات کە پەیوەندیدارە بە جەوی ئەرێنی و، ڕیکخستنی سۆزەکی، سەرنج دان، یادگە، بە شێوەیەک ڕێژەی گۆڕانە باش و بەسوودەکان بەرزتر دەکاتەوە.

ئینێس بە هاوبەشی بەشداریشی لە لێکۆڵینەوەیەکدا کردووە، ساڵی ٢٠١٦ کە دەری دەخات گوێگرتن لە میوزیک جەو ساف دەکات، هاندەرە بۆ چاک بوون، هەروەها یارمەتیدەرێکی باشی ئەو کەسە بەتەمەنانەیە کە بەدەست پوکانەوەی تواناکانی مێشکیانەوە دەناڵێنن. لێکۆڵینەوەکە سوودەکانی میوزیک و مێدیتەیشن بەراورد دەکات.  ئینێس دەڵێت: هەردوکیان دوو ئامرازی بەهێزن بە گشتی بۆ تەندروستییەکی باش.

بەڵام شارەزایان ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە میوزیک دەشێ ببێت بە هۆی بێزار کردن و نائارامی.

جۆوان لۆیوی پرۆفیسۆر لە سەنتەری لویس ئارمسترۆنگ لە نیویۆرک دەڵێت: دەکرێ بێدەنگی زۆر باشتر بێت لە گوێگرتنێکی هەرەمەکی، بەشێک لە داتاکانمان ئەوە نیشان دەدەن کە گوێگرتن لە میوزیکی کلاسیک سترێس کەم دەکاتەوە.

لۆیوی وتیشی گوێگرتن لە میوزیکی خراپ، لەپاڵ دروست کردنی سترێس، دەشێ ببێتە هۆی قەلەقی و بارودۆخێکی ناوەکیی ناجێگیر.

لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٥ لە فنلەندا دەریخستووە کە میوزیک هاندەری دروستبوونی هەستە نەرێنییەکانە، وەک: توڕەبوون و شەڕ و دڵتەنگی، هەر وەک چۆن دەشتوانێت لە دژی ئەم هەستە نەرێنییانە کاریگەریی ئەرێنی و باشی هەبێت لەسەرمان. چۆن؟

دانیاڵ لێڤیتن پرۆفیسۆری سایکۆلۆجیا لە کەنەدا ڕوونی دەکاتەوە: ڕیتم و تایبەتمەندییەکانی تری ئەو گۆرانییانەی هەڵیاندەبژێرین، لێدانەکانی دڵ و چالاکیی دەمارە خانەکانی مێشکمان کۆنترۆڵ دەکات، هەروەها هیچ بەشێکی دیاریکراوی تایبەت بە میوزیک لە مێشکدا بوونی نییە، ئەوەی زۆر جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە میوزیک هەموو ئەو بەشانەی مێشک چالاک دەکات کە ئێمە تا ئێستا پێی ئاشناین. ئەمەش ئاماژەیە بۆ یونیڤێرساڵیەت و هێزی میوزیک و کاریگەرییەکانی لەسەرمان. ئەگەر تۆ بەدوای میوزیکێکدا دەگەڕێیت تا ئارامت بکاتەوە و بارودۆخی ناوەکی و عاتفیت بگۆڕێت، ئەوا یەکێک  لەو گۆرانییانە لە لیستەکەتدا هەڵبژێرە کە هەست دەکەیت گونجاوە و کاریگەریی باشی لەسەرت هەیە. تەنها دڵنیا بەرەوە لەوەی لە گۆرانیی بێزارکەر بەدوور بیت. ئێمە هەندێک جار  خۆمان فریو دەدەین بەوەی کە پێمان وایە دەتوانین دوو شت لە یەک کاتدا ئەنجام بدەین، کاتێک پێمان وایا لە کاتی گوێگرتن لە میوزیکێکی ئارام بەخش دەتوانین بۆ ماوەیەکی درێژتر ڕاهێنانێکی باش ئەنجام بدەین، بەڵام لە ڕاستیدا میوزیک ناتوانێت هاوکاریت بکات باشتر ببیت لە کاتێکدا تۆ بەدەم گوێگرتن لە گۆرانییەوە سەرقاڵی گەڕانیت بەناو سۆشیاڵ میدیا و هەواڵەکاندا.

ئالان توری بەڕێوبەری سەنتەری نۆردۆف ڕۆبنز بۆ چارەسەری میوزیکی لە زانکۆی نیویۆرک دەڵێت: بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی قوڵتر هەبێت لە نێوان میوزیک و تەندروستیتدا ئەوا پێویستە بزانیت شتێک هەیە پێی دەوترێت چارەسەر لە ڕێی میوزیکەوە، کە تێیدا میوزیک بەکار دەهێنرێت بۆ باش کردنی بارودۆخی نەخۆشەکان و، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەن بە جۆرێک لە گەشبینی لە ڕێی میوزیکەوە، یاخود ئەو بەشانەی ناوەوەی خۆیان کەشف بکەن کە درکیان پێ نەکردووە.

میوزیک ثێراپی یاخود چارەسەری لە ڕێگەی میوزیکەوە زۆر فۆرمی جیاوازی هەیە. یەکێک لەوانە پێی دەوترێت (ڕێنیشاندەری وێنەیی لە میوزیکدا) کە ڕاهێنەرێکی مەشق پێکراو یارمەتیی کەسێک دەدات توانا ناوەکییەکانی دەربخات لە ڕێگەی گوێگرتن لە میوزیکەوە. هەروەها هاوبەشی پێکردنی میوزیک لەگەڵ ثێراپیستێکدا لە لایەن نەخۆشەوە وا دەکات نەخۆشەکە زیاتر هەست بەوە بکات کە ثێراپیستەکە لە هەستی تێدەگات.

فۆرمەکانی تری میوزیک ثێراپی گۆرانی وتن و ژەنینی ئامێرەکان دەگرێتەوە. ئەو شێوازەی کە هەر یەک لە ئێمە میوزیکی پێ دروست دەکەین، دەشێ شتێک بۆ ثێراپیستەکە ئاشکرا بکات تا کاری لەسەر بکات، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک ئامێری درەمس بە یەک ڕیتم لێبات، ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بونی ئاستەنگ و سەختی لە شوێنێک لە شوێنەکانی ژیانیاندا.

میوزیک ڕێگایەکە بۆ وەلانانی عەقل و کەوتنە پەیوەندی لەگەڵ ئەو ژییانە سۆزدارییەی کە زۆر جار بە شاردراوەیی دەیهێڵینەوە. توری دەڵێت: ئەگەر خەڵک ڕووبەڕوی کێشە بوونەوە، ئەوا ڕەنگە میوزیک یارمەتیدەریان بێت.

:سەرچاوە

https://time.com/5254381/listening-to-music-health-benefits/?amp=true&fbclid=IwAR33MgS68Vy54j4kXn4BviwHqzPpaicBh6B48YDOOB_3_n_uwDN6lKXSBn4

Leave a comment