[ هەستێکی دایکانەم بۆ فیلمەکانی ئەنجیلۆپۆلس هەیە ]

گفتوگۆ لەگەڵ ئیلینی کارایندرو

دیمانەساز/ نینا جورجیۆڤسکی

لە فارسییەوە/ داستان مارف

لەمڕۆدا موزیکی فیلم وەک ژانرێکی موزیک یاخود و زۆر جاریش وەک ژانرێکی سەربەخۆی موزیک دەردەکەوێت.

ژنە موزسیانانی فیلم ڕێژەیەکی کەمتری هونەرمەندانی ئەو بوارەن، لە گرنگترینیان ڕەیچل پۆرتمان، لیسا جیرارد، جاسلین پوک، وێندی کارلۆس وە گرنگترینیشیان ئێلینی کارایندرو.

کارایندرو نزیکەی ٣٥ ساڵە لەم بوارەدایە و موزیکی فیلم و شانۆ دروستدەکات، ئیلینی ئاوازدانەری تەواوی ژیانی دەرهێنەری یۆنانی تیۆ ئەنجیلۆپۆسە، کاری پێکەوەیی ئەم دووانە زیاتر لە ٢٠ ساڵ درێژەی هەبوو.

چی بووە هۆکاری ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنانی موزیکی فیلم بکەیت؟

لە منداڵییەوە سینەما و موزیک بەشێک بووە لە ژیانم. کاتێک تەمەنم ٧ ساڵ بوو دەمتوانی لە پەنجەرەی ژورەکەمەوە سەیری فیلم بکەم، چونکە یەکێک لە سینەما بێ سەقفەکان لای ماڵی ئێمەوە بوو. ئەو کاتانە کە موزیکم دەخوێند بە بیرمدا نەدەهات ڕۆژێک موزیکی فیلم دروست بکەم.

یەکەمین کارم ئەلبومێک بوو بۆ یەکێک لە هاوڕێکانم بە ناوی (ماریا ساراتوری) دروستم کردبوو، بنچینەی پارچە موزیکییەکان لە شیعرەکانی میدیییەسەوە هاتبوو. ساڵی ١٩٧٥ هەندێک لە هاوڕێ سینەماکارەکانم پێیان گوتم کە هەست دەکەن لە میلۆدییەکانی مندا جۆرێک لە کەشوهەوای سینەمایی تێدایە. لەو ڕۆژەوە پێشبینی چواردەورەکەم ئەوەبوو کە ڕۆژێک موزیکی فیلم دروست دەکەم. هەموو شتێک لێرەوە دەستی پێکرد.

یەکێک لە هاوڕێ دەرهێنەرەکانم بە ناوی دیمیتریەس ماوریکیوس داوای لێکردم لە فیلمێکی دۆکیومێنتەری بە ناوی (Polemonta) کاربکەین، وابزانم ساڵی ١٩٧٥ بوو، لە دوای ئەوە بۆ یەکەمین جار موزیکی فیلمم دروستکرد؛ بۆ فیلمی Chronicle of Sunday  لە دەرهێنانی (تاکیس کانلۆپۆلۆس) لە شاری تیسالۆنیکی، هەمان ساڵ موزیکی فیلمێکی دیکەم بۆ دەرهێنەرێکی گەنج بە ناوی (کریستوپولوس کریستوفین) دروستکرد، ئەم فیلمە لە فێستیڤاڵی فیلمی تسالۆنیکی نمایشکرا و موزیکی فیلمەکە بووە جێی باس و ڕەخنە.

چۆن حەزت لە موزیک کرد، دەتوانیت کەمێک باس لە سەرەتاکانی مێژووی موزیکی خۆتمان بۆ بکەیت؟

ئەم مێژووە یەک کتێبی تەواوە. من لە شارۆچکەیەک لە یۆنان بە ناوی ماونت لە دایکبووم. باپیرەم ژەنیاری ئامێری ماندۆلین بوو و هەمیشە گۆرانی دەگووت. دواتر کاتێک ٧ ساڵ بووم لە شوینێک پیانۆیەکم بینی و هەر بە نیگای یەکەمیش عاشقی بووم. ئەم ڕوداوە لە ئاتن ڕویدا. ئەو قوتابخانەیەی کە باوکم تێیدا وانەی بیرکاری دەگوتەوە. ئەو داوای کرد مامۆستایەکی پیانۆم هەبێت، هەر لەوێوە هەموو شتێک دەستیپێکرد. ئەمە سەرەتای مێژوی موزیکیی من بوو.

لە موزیکی تۆدا دەتوانرێت کاریگەری موزیکی فۆلکلۆر بدۆزرێتەوە، تۆ لەپاڵ موزیکی کلاسیکدا خوێندنەوەت لەسەر ئەثنۆموزیکۆلۆژی هەبوو.

ئەوکاتەی لە پاریس دەژیام دەرگای زۆر بەڕوومدا کراوەبوو. سەرەتا موزیکی کلاسیک، ئۆرکێستراسیۆن و ڕابەری ئۆرکێسترام خوێند. لەو نێوانەدا دەستم بە نوسین و ئەثنۆموزیکۆلۆژیش کرد. بۆچی؟ چونکە من زۆر پەیوەست بووم بە موزیکی فۆلکلۆرەوە. ئەثنۆموزیکۆلۆژی زۆر لەلام گرنگ بوو، چونکە دەبوو لەبارەی زۆر شتی دیکەوە کاربکەم، هەر ئەو سەردەمەیش بوو ئاشنای موزیکی جاز بووم، عاشقی جاز ببوم و زۆرجار بۆ گوێگرتن دەچوومە یانەکان. هەمیشە لە پاریس دەرفەتی گوێگرتن لە موزیکی جۆربەجۆرت هەیە. ڕێگەی زۆر بە ڕومدا کرابوەوە، ئاشنای موزیکی مۆدێرن بوم، گوێم لە موزیکی Concrete گرت و چاوم کەوت بە نادر بولایندیر. لە سەرەتادا بەشێک لە موزیکی کلاسیک بووم لە پاریس بەڵام دواتر ڕوانینم فراوانتر بوو.

ئەو سەردەمە بۆ من وەک موزسیانێک زۆر گرنگ بوو، چونکە تێگەیشتم لەوەی کە من دەمەوێت ببمە دانەری موزیک. بۆ منێک کە دەموسیت خۆم و هەستەکانم بەیان بکەم، ئەمە تەنها ڕێگە بوو. چونکە نەمدەتوانی تەنها بە ژەندنی ئامێری پیانۆ ئەو کارە بکەم.

تا ئەم کۆتاییانەش پەیوەندیت لەگەڵ فیلمساز تیۆ ئەنجیلۆپۆلس هەبوو، موزیکی زۆرینەی فیلمەکانیت دروست کردووە، لە کوێ یەکتان ناسی و چۆن هاوکاری یەکتان کرد؟

ئەنجیلۆپۆلسم لە ساڵی ١٩٨٢ بینی، ئەو کاتە سەرقاڵی دروستکردنی موزیک بۆ دووەمین فیلمی هیریستوتیۆس بووم بە ناوی رۆزا، فیلمکە لە لیستی هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵی تسالۆنیک بوو. ئەنجیلۆپۆلس سەرۆکی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە بوو، هەر خۆیشی خەڵاتی موزیکی فیلمەکەی پێبەخشیم، دواتریش پێشنیاری کارکردنی بۆ کردم لە فیلمی گەشتێک بۆ سیترا، ئەوە یەکەمین فیلمی ئەنجیلۆپۆلس بوو کە من کاری موزیکم بۆ کارد.

وێنەی موزسییان ئێلینی کارایندرۆ و دەرهێنەر تیۆ ئەنجیلۆپۆلس

لە فیلمەکانی ئەنجیلۆپۆلسدا موزیک و وێنە لێکدانەبڕاون. چۆن توانیت موزیک لەگەڵ وێنەکاندا ڕێکبخەیت؟

لە ساتی یەکەمەوە لێکچونێکی تایبەت لە نێوان ئێمەدا هەبوو، هەم لایەنی فیکری و هەم لە لایەنی جوانی ناسی. من فیلمەکانی ئەوم بەدڵە و ئەمەش زۆر هاوکاری دەکردم. ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان لەسەر بابەتە جیاوازەکان دەکرد، بە گشتی ئەو چیرۆکەکانی بۆ من شیدەکردەوە و دواتر پێیدەگوتم فیلمەکەی پێویستی بە چییە. ئەم شێوازە لە کارکردنی ئێمە هەر لە فیلمی یەکەمەوە دەستیپێکرد، دوای چەندینین گفتوگۆی لەم شێوەیە، من دەستم بە نوسینی موزیکەکان دەکرد. کڵێشەی سەرەکی موزیکەکە، پێش وێنەگرتنی فیلمەکە ئامادە دەبوو. هەندێک جار لەو لەو کاتانەدا کە ئەنجیلۆپۆلس سەرقاڵی کار دەبوو، گوێی لەو کڵێشەە موزیکییانە دەگرت کە من دروستم کردبوو.

پەیوەندیت لەگەڵ موزیکی فۆلکلۆر و بیزانس چۆنە؟ چ کاریگەرییەکیان لەسەر موزیکی تۆ هەیە؟

پەیوەندی من لەگەڵ موزیکی فۆلک و میراتی بیزانس زۆر تایبەتە. لەو شارۆچکەیەی کە من تێیدا لەدایکبووم، کلێسایەک لە نزیکی ماڵمان هەبوو کە دەنگی ئاوازەکانی دەگەیشتە گوێمان. تەنانەت ئەو کاتەیش کە دەستم بە خوێندن کردبوو، لە پشووەکاندا بە زۆری دەچومە کلێسا و ئاوێتەی ئەو میلۆدییە جوانانە دەبووم کە لەوێدا پەخش دەکران. من تەواوی ئەو میلۆدییانە دەناسم کە بەشێکن لە موزیکی ڤۆکالی بیزانس. هەر لەبەر ئەمەشە دڵنیام کاریگەری قوڵی لەسەر موزیکی من هەیە. بۆ فیلمی نیگای یولیسیس سودم لە میلۆدییەکانی بیزانس وەرگرتووە. لەو کارەدا ژنێک هەیە مەزامیرێک بە میلۆدی بیزانس دەڵێت، لە کاتێکدا لە کڵێساکانی ئێمەدا تەنها پیاوان مۆڵەتیان هەیە ئەو میلۆدییانە بڵێن. کاتێک من ئەو ژنەم دۆزییەوە کە دەیتوانی ئەو میلۆدییانە بڵێت، ئەنجیلۆپۆلس تەواو خۆشحاڵبوو، چونکە دەمارگیری بەلاوە گرنگ نەبوو. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بابەتی بیزانس لە سیناریۆکەدا هەبێت و دەنگی ئەو ژنەش بۆ ئەم کارە زۆر گونجاو بوو.

بە زۆری سود لە ئامێرە کانەکانی وەک چەنگ و سەنتور و کەمان و ئەکۆردیۆن، وەردەگرم، بەڵام حەزناکەم سود لە بابەتە فۆلکلۆرییەکان وەربگرم و دواتریش بڵێم من نوسیومن.

دیمەنێک لە فیلمی “گەشت بۆ سیترا”ی تیۆ ئەنجیلۆپۆلس

یادەوەریتان لەگەڵ ئەم فیلمانەدا چییە کە ناویان دەهێنم؟

*گەشتێک بۆ سیترا

گەشتێک بۆ سیترا یەکەمین کاری پێکەوەیی من و ئەنجیلۆپۆلس بوو. هەرچەندە چەند ساڵێکی زۆر لەمەوپێشە بەڵام بە تەواوی لەبیرمە، بەتایبەت ئەو ڕۆژەی کە ئەنجیلۆپۆلس ٤ سەعات باسی فیلمنامەکەی بۆ کردم.

لەبەر ئەوەی من دانەری موزیکم تەنها ئەو ساتانەم لەبیرە کە لە ستۆدیۆدا بووین، کاتێک لە ستۆدیۆ کارم دەکرد و ئاشنای هریستۆپلۆس ژەنیاری ئامێری ئۆبوا بووم، لەو کاتەوە تا ئێستا هاوکارێکی هەمیشەییمە، ئەو لە هەموو کارەکانی مندا بوونی هەیە، کاتێک بۆ یەکەمین جار دەنگی ئۆبوام بە ژەندنی ئەو بیست، بە تەواوی چومە ژێر کاریگەرییەوە و دەستم بە گریان کرد، ساتێکی زۆر گرنگ بوو چونکە هەرکاتێک موزیک دەنوسم خەتی ئۆبواکەی ئەو خاڵی دەستپێکی منە. دیمەنێکم لە فیلمی Katragis لە یادە کە پیرەمێردێک لە زیندانی ڕوسیا ئازادبوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ یۆنان، ئەو دیمەنەی کە باسی دەکەم دەمەنی سەمای پۆنتۆ’یە. ئەو دیمەنە بە تەواوی کاریگەری لەسەر من دانا، زۆر شتم لە یادە، دەبێت کتێبێکیان لەبارەوە بنوسم.

دیمەنێک لە فیلمی “نیگای یولیسیس”ی تیۆ ئەنجیلۆپۆلس

*نیگای یولیسیس

فیلمی نیگای یولیسیس یەکێک لە بەهێزترین سەردەمەکانی ژیانمە. ناکرێت ئەم هەستانە بە هیچ شتێک بەراورد بکرێت. ئەو فیلمە یەکێکە لە گرنگترین ئەو فیلمانەی کە موزیکم بۆ دروست کردووە، هەرچەندە تەواوی فیلمەکانی ئەنجیلۆپۆلسم خۆشدەوێت و هەستێکی دایکانەم بۆیان هەیە، بەڵام هەستێکی تایبەتم بۆ ئەم فیلمە هەیە کیم کاشکاشیان ژەنیاری ڤیۆلا بەشێکی گەورەی لەم کارەدا بەردەکەوێت، ئەگەر موزیکی فیلم ئاوێتەبونێکی تەواوی لەگەڵ وێنەدا هەبێت، ئەو کاتە ڕوداوێکی گەورە و تایبەت ڕودەدات. هاوکاری کاشکاشیان لە دروستکردنی ئەم کارەدا زۆر گرنگ بوو.

دیمەنێک لە فیلمی “مێرگی گریان”ی تیۆ ئەنجیلۆپۆلس

*مێرگی گریان

یادگاری زۆرم لە کارکردن لە فیلمەکاندا هەیە بەڵام لەم فیلمەدا ئەوەی لە یادەوەریمدا ماوە ئەو کەسە تایبەتانە بوون کە لەم پۆژەیەدا لەگەڵیان کردمکرد. بۆ نمونە کەسێکی ڕۆمانیی کە ئامێری چەنگی ڕۆمی و ئەکۆردیۆنی دەژەند. بۆ من هاوکاری لەگەڵ ئەواندا زۆر تایبەت بوو، ڕیزی ئەوانیش بۆ من جێگەی ستایش بوو، شانازی بە پێشکەوتنیانەوە دەکەم

سەرچاوە: nava.ir

چاوی خەڵک / سولی ئۆن

Leave a comment