دیمانەساز: ئان میدجێت
لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەناوبانگترین گۆرانیبێژی ئۆپێرادا لە سییەمین ساڵیادی دەرکەوتنی لەگەڵ مێت بیرۆکەیەکی باش بوو. ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە خۆی لە خۆیدا بو بە چیرۆکێک.
هەرکەسێک بیەوێت دەست بە نووسین دەربارەی باشترین گۆرانیبێژی ئۆپێرا بکات، ڕووبەڕووی دوو پرسیاری پراکتیکی دەبێتەوە: چۆن دەتوانیت چاوپێکەوتنێک لەگەڵ لوسیانۆ پاڤارۆتی بەدەست بهێنیت؟ هەروەها دەتوانیت چی دەربارەی ئەو بڵێیت کە تا ئێستا نەوترابێت؟
وەڵامی پرسیاری یەکەم تاڕادەیەک سادە دیاربوو کاتێک سەرەتای هاوین سەرنووسەری “ئۆپێرا نیوز” پەیوەندیی پێوە کردم و پێی ڕاگەیاندم کە ئاژانسی “پاڤارۆتی پیپڵ”ی هێربێرت برێسڵین، کە ماوەی سی ساڵە بەڕێوبەری کارەکانی پاڤارۆتییە، چاوپێکەوتنێکی لە پازدەی ئاب لەگەڵ پاڤارۆتی لە ئیتاڵیا ڕێکخستووە. دەیویست بزانێت ئایا من دەمەوێت لە گەشتی داهاتوومدا بۆ ئەوروپا ئەنجامی بدەم؟ بێگومان دەمویست.
ئەم ساڵ وەرزی سییەمی کارکردنییەتی لەگەڵ “مێت” سی و حەوتەمین ساڵیشیەتی لەسەر ستەیجی ئۆپێرا.
چەندین کتێب و هەزاران بابەت دەربارەی ئەو نووسراون کە دەست بۆ هەموو لایەنەکانی ژیانی دەبەن، هەر لە تەکنیکی دەنگییەوە تا جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٩٦.
ئێستا لە پاش سی و شەش ساڵ لە گۆرانی وتن، پاڤارۆتی ئەگەر تا دە ساڵ یاخود دوو ساڵیتر گۆرانی بڵێت، هێشتا هونەرەکەی لە کازیوەدایە.
ڕەخنەکان لەبارەی پاڤارۆتییەوە لە بیرۆکەی خۆ خانەنشینکردنی پاڤارۆتیدا خۆی دەبینێتەوە، تەنانەت “جۆوان سوزەرلاند” لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە مانگی تەموزدا ڕایگەیاند کە کاتی ئەوەیە لوسیانۆ (فێرخوازی پێشتری) مەیدانەکە بەجێبهێڵێت.
هەڵوەشاندنەوەی کارەکانی هەر لە کشانەوەی لە خەڵاتەکانی گرامی ١٩٩٨ لە کۆتا ساتدا و وازهێنان لە بەرهەمێکی میلیۆن دۆلاری “ئەیدا” لە مانگی نیساندا بوونەتە سەردێڕی هەواڵەکان.
دەنگۆ بەردەوامەکان لەسەر خراپی باری تەندرووستی پشتڕاست دەکرانەوە، یاخود ڕوونکردنەوەیان لەسەر دەدرا. مانگی تەمووز پێش ئەوەی بەرەو ئەوروپا بڕۆم، هاوڕێیەکم پەیوەندیی پێوەکردم و وتی هەواڵەکانی ئەمڕۆی تایمزت بینیووە؟ پاڤارۆتی له نیویۆرک نەشتەرگەریی بۆ کراوە. منیش پێم وابوو ڕەنگە ئەمە واتای ئەوە بێت کە مانگی ئاب نەتوانم چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ پاڤارۆتیدا ئەنجام بدەم.
هەرچەندە من بە فەرمیی پێم ڕانەگەیەندرابوو کە چاوپێکەوتنەکە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام بیرمکردەوە کە کارێکی ژیرانە دەبێت ئەگەر کەمێک زیاتر لە ژیانی پاڤارۆتی بکۆڵمەوە.
لوسیانۆ پاڤارۆتی لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٥ لە مۆدێنا لەدایک بووە. لەگەڵ “میرێلا فرێنی” هەمان دایەنیان هەبووە.
باوکی “فێرناندۆ” دەنگێکی بڵند و زۆر باشی هەبووە، هەرچەند بەهۆی خراپی تەندرووستییەوە هەرگیز دەستی بە کاری هونەری نەکردووە، بەڵام هەمیشە هانی کوڕەکەی دەدا کە لە پاڵ چالاکییە وەرزشییەکانیدا، لە کۆرسێکی میوزیکی ناوچەکەی خۆیان گۆرانی بچڕێت.
لە ساڵی ١٩٦١ دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە خوێندنی دەنگ، لوسیانۆ کێبڕکێی “ئاکیلێ پێری” بردەوە کە لە “ڕێجیۆ ئیمیلیا” ساز کرابوو، هەروەها ساڵێک پێش ئەوە پلەی دووەمی بەدەستهێنابوو.
وەک بەشێک لە خەڵاتەکە یەکەمین دەرکەوتنی لە شانۆیەکی ناوچەکەی خۆیان و لە “لا بۆهێم”دا بوو.
لە ئامادەبواندا بریکاری میلان “ئەلێکساندرۆ زیلیانی” هەبوو، کە چەند مانگێک پێشتر گوێی لە پێشکەشکردنێکی لاوازتری پاڤارۆتی بووبوو، ئەو پاڤارۆتی بەرەو پێش برد و بەزوویی ئەم گۆرانیبێژە لە تەواوی ئەوروپادا گۆرانی دەچڕی.
سەرکەوتنی دواتری پاڤارۆتی لە هونەرەکەیدا، ئەو کاتە بوو کە “جۆوان سوزەرلاند” ئەوی خستە ژێر باڵی خۆی، کەیفخۆش بوو بەوەی کە گۆرانیبێژێکی دۆزیووەتەوە بۆ کۆنسێرتی ١٩٦٥ی ئوسترالیا ، کە لە تۆنی خۆی بەرزتر دەتوانێت گۆرانی بڵێت.
هەماهەنگیی ئەم دووانە بۆ ماوەی چەندەها ساڵ بەردەوام بوو، لە ئەنجامیشدا کۆمەڵێک لە باشترین تۆماری ئۆپێرایی لە جیهاندا هاتنە بەرهەم.
“کاری لا فیلێ دو ڕێژمێنت” ناوبانگی جیهانیی پاڤارۆتی مۆر کرد و سەرەتای بڵندبوونی ئەوی بەرەو لوتکەی ئەستێرەبوون دیاریکرد.
وەک ئەوەی ئاگادار کرابوومەوە، ڕۆیشتم بەرەو ئیتاڵیا و کەم تا زۆر دەستم لە بینینی پاڤارۆتی هەڵگرتبوو.
ڕێکەوتی چاوپێکەوتنەکە هات و منیش ڕۆیشتم بۆ ئەوێ، بەڵام “برێسلین” ئاگاداری کردمەوە کە پاڤارۆتی لە ئێستادا لە نیویۆرکە و باری تەندرووستیی بەرەو باشتر دەچێت.
دوانیوەڕۆیەکی خۆرەتاو بوو، لە تەنیشت مەلەوانگەکەوە پشووم دەدا کاتێک برێسلین پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم کە پاڤارۆتی لە ڕێگەی گەڕانەوەیەتی بۆ ئیتاڵیا، هەروەها پێویستە چوارشەممەی داهاتوو سەردانی بکەم.
لە گفتوگۆیەکمدا لەگەڵ کرێکاری کارگەیەکی ئەلبانیی لە شەفەمەندەفەرێکدا کە لە ڕۆماوە بەڕێکەوتبوو، کرێکارەکە پێمی وت “تۆ دەربارەی ئۆپێرا دەنووسیت” ناوی تاکە گۆرانیبێژێکی ئۆپێرای هێنا کە دەیناسی “لوسیانۆ پاڤارۆتی” دەشیزانی کە ئەم هاوینە لە نەخۆشخانە بووە.
هەموو کەسێک، هەر بەڕاست، هەموو کەسێک شتێک دەربارەی لوسیانۆ پاڤارۆتی دەزانێت، ڕێژەیەک لە ناوبانگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قسەوقسەڵۆکانەی کە لە ناو ستوونی ڕۆژنامەکاندا دەبیندرێت و ئەو دەنگۆیانەشی کە پەیوەندییان بە میوزیکەوە نییە.
بۆ نمونە، لە ساڵی ١٩٩٦ ڕۆژنامەیەک وێنەی پاڤارۆتی و سکرتێرە تەمەن ٢٦ ساڵەکەی “نیکۆلێتا مانتۆڤانی” لە کەنار دەریایەک بڵاو کردەوە. بەماوەیەکی کورت پاش ئەوە، پاڤارۆتی و هاوسەرەکەی “ئادوا” کەوتنە ناو کاروباری جیابوونەوەوە.
ئەم جووتە لە ١٩٦١دا هاوسەرگیریان کردوە و سێ کچیان هەیە کە ئێستا لە سییەکانی تەمەنیاندان.
لە کۆتاییدا گەیشتمە “پێسارۆ” لە هەرێمی “مارچێس” لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئیتاڵیا. لەو چوارشەممەیەی کە بۆم دیاریکرابوو، پەیوەندییم بە ژمارەکەی پاڤارۆتییەوە کرد و بە زمانی ئیتاڵی بۆ ئەو پیاوەی کە وەڵامی پەیوەندییەکەمی دایەوە، ڕوونم کردەوە کە پێویستە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ پاڤارۆتی بکەم. ئەویش بە ئینگلیزی وەڵامی دامەوە و وتی “ئیتاڵییەکەت زۆر باشە” دەربارەی چاوپێکەوتنەکەش، خولەکێکم پێچوو تا بۆم دەرکەوت کە گوێچکە ڕاهاتووەکەم بە دەنگی پاڤارۆتی، نەیتوانیووە دەنگی قسەکردنەکەی بناسێتەوە. هەرچۆنێک بێت، پێی ڕاگەیاندم کە خەریکە چاک دەبێتەوە و تا ناوەڕاستی ئەیلول چاوی بە هیچ کەسێک ناکەوێت. بەڵام بەڵێنی ئەوەم لێوەرگرت کە چەند ڕۆژێکیتر پەیوەندیی پێوە بکەمەوە دەربارەی ئەرکی داهاتووم لە لیپزینگ.
لیپزینگ کەش و هەوایەکی ساردی هەبوو، هەروەها من لە شەشەمین هەفتەی گەشتەکەمدا بووم، هەرچەند پلانی چوار هەفتە مانەوەم هەبوو.
کاتێک پەیوەندیم بە پاڤارۆتییەوە کرد، بە پێکەنینەوە پێی وتم: واتە لەبەر ئەوەی کە لیپزینگ زۆر ساردە هێندە سووریت کە بێیت بۆ ئێرە بۆ بینینم. منیش پێم وت کە تۆ بە کارە خێرخوازییەکانت ناسراویت، ڕێگەم بدە کە بگەڕێمەوە ئیتاڵیا، ئەوەش خێرێکی گەورەیە. بەدەم تەقاندنی پەنجەکانییەوە وتی ” من چاوم بە هیچ کەس ناکەوێت، دە خولەکی تر پەیوەندییم پێوە بکەرەوە، باتری مۆبایلەکەم ڕوو لە تەواوبوونە.
کاتێک پەیوەندییم کردەوە، پاڤارۆتی وتی “ئەوەت بۆ دەکەم. کەی دەتەوێت بێیت؟” باوەڕم نەکرد و وتم واتا دەتوانم بێم؟
پێی وتم “خێرا پێم بڵێ، باترییەکەم دیسان تەواو دەبێت” منیش وتم سێی ئەیلول.
گەردوون نیشانەی زۆری دەنارد کە چاوپێکەوتنەکە ڕوونادات ، بەڵام کاتێک بەرەوڕووی کارما دەوەستیتەوە بەرهەمەکەشی دەدووریتەوە.
ماڵی پاڤارۆتی ڕێک لە باشوری پێسارۆ بوو، پاڤارۆتی جارێک بە بیۆگرافەرێکی وتبوو کە خانوویەکی لە پێسارۆ دەوێت، چونکە لە “مۆدێنا” ئەو شوێنەی لێی گەورەبووبوو خانویەکی هاوینە لە پێسارۆ نیشانەیەک بوو کە تۆ کەسێکی سەرکەوتوویت.
گەیشتمە ماڵی پاڤارۆتی، دواتر بانگ کرامە خزمەتی ئەو پیاوەی کە لە ماڵەکەی خۆیدا بە “مایسترۆ” ناسراوە. چوومە ژوورەوە و لە بەرامبەر ناسراوترین ڕوخسار لەسەر ئەم هەسارەیە دانیشتم، ئیتر ئایا لە تەلەفیزیۆن تەماشای دەکەیم، یان لەسەر ستەیجی ئۆپێرا، یانیش لە ژووری میوانەکەی بەرامبەری دادەنیشیت کە لە دوای تیشکی خۆری بەهێزی مانگی ئەیلولەوە تاریک دیارە.
پاڤارۆتی هەر لە پاڤارۆتی دەچێت، نمایشەکانی هەمیشە تەواو بێ خەوش و بێ کەم و کورتی بووە، بە وردیی و هێواشیی قسەی دەکرد، بەتەواوەتی سەرنجی لەسەر ئەوە بوو کە وشەکان بە جۆرێک نیشان بدات کە ئەو مەبەستە بگەیەنن کە خۆی ئارەزووی دەکات.
پاڤارۆتی ویستی بە چیرۆکی دەرکەوتنەکەی ساڵی ١٩٦٨ لە ( مێت ) کە سەرچاوەی زۆرێک لە دەرکەوتنەکانی بوو ” لا بۆهێم” دەست پێ بکات و وتی ” من لە سان فرانسیسکۆوە گەیشتمە نیو یۆرک، تەندرووستییم زۆر باش نەبوو، بێ ئەوەی بزانم پەتاکەی “هۆنگ کۆنگ”م گرتبوو. بێگومان گۆرانیبێژ دەبێت هەموو شتێکی خراپ بگرێت، زۆر بەترس بوو کە لەگەڵ ئەو هەموو گۆرانیبێژە بەناوبانگ و هەروەها مایسترۆی ئەو کاتە بەڕێز “فرانسیسکۆ مۆلێناری” دەست پێ بکەیت. بەڵام بەڕێز “بینگ” زۆر باش بوو لەگەڵمدا پێی وتم: لوسیانۆ گەر دەتەوێت گۆرانی بڵێیت، بیڵێ. ئەگەریش تەندرووستییت باش نییە، نیگەران مەبە، ساڵی داهاتوو دەگەڕێیتەوە.
” ئیتر من گۆرانی یەکەمم وت، گۆرانی دووەمیشم وت و لە نیوەیدا وەستام، یادەوەرییەکی گەورە نییە، بەڵام پێیان وتم کە بەڕێز “بێرگۆنزی” کە پێم وایە باشترین گۆرانیبێژی ئۆپێرایە لە مێژوودا، لە من خراپتر بووە، ئەو چووبووە سەر ستەیج و لەجیاتی ئەوەی گۆرانی بڵێت دەستی بە کردبوو بە قسەکردن، لەبەرئەوە بە بەنیشانەی بەختێکی باشم بینی، هەروەها لە ڕاستیشدا بەختێکی باش بوو، لەبەرئەوەی پاش سی ساڵ ئەوەتا ئێمە هێشتا لێرەین.”
لەگەڵ “مێت”دا هەماهەنگییەکی زۆر جوانم هەبووە، لەم شانۆیە وا هەست دەکەم کە لە ماڵی خۆم دام، کارکردن لەوێ چێژێکی تایبەتیی هەیە. مایسترۆ “لێڤین” بۆخۆی بلیمەتێکە پێم وانییە کەسێکیتری وەک ئەومان لەدوای “تۆسکانینی” هەبێت لە ڕووی ڕۆچوونە ناو میوزیکەوە بەو جۆرە.”
“بەم دوایانە بەداخەوە هەڵبژاردنێکی سەرکێشانەم کرد، هەرخۆی من بە سەرکێشی لەدایک بووم.
لا فیلێ دو ڕێژمێنت( کە تازەترین کاری پاڤارۆتییە لە تشرینی دووەمی ١٩٩٥ )ئۆپێرایەکە لە کاتێکدا دەتوانیت پێشکەشی بکەیت کە لە سەدا سەد باش بیت، ئەگەر بەیانییەک لە خەو هەستیت و کەمێک هەست بە ناخۆشی بکەیت، ئەوا ون دەبیت.”
“نمایشەکانم کەم تا زۆر باش بوون، دانەیەکیان نەبێت، لەسەر ئەمەش ڕەخنەگرەکان سێ سەد پاوەند مرەکەبیان لە هەموو جیهان بەکارهێنا.” پێکەنینە لەپڕەکەم ڕاستەقینە بوو، چونکە ( لا فیلێ دو ڕێژمێنت)
یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە برێسلین پێ وتبووم کە دووربکەمەوە لە باسکردنی.
بەزەردەخەنەوە سەیرێکی کاردانەوەکەمی کرد و وتی “بەڵام بەرزی و نزمییەکانی دەنگم تەنها لە دوو سێ ساڵی ڕابردوودا بوون، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشەیەی کە لە قاچەکانمدا هەبوو دەبوایە دەرمان بخۆم، دەرمانەکانیش گەدەی تێک دەدام و گەدەشم دەنگمی تێکدەدا. ئەوەش هۆکاری ئەوە بوو کە من بڕیاری ئەوەم دا کە ئەم نەشتەرگەرییە ئەنجام بدەم، ئەوان نەشتەرگەریان بۆ هەردوو قاچەکانم ئەنجامدا، کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ”
ڕۆڵی من وەک ڕۆژنامەنووس داوای لێکردم کە پرسیاری کاری داهاتووی لێبکەم و لە وەڵامدا وتی “هیچ پلانێکم نییە، هیچ، هەر بەڕاست، هیچ بیرۆکەیەک نییە. من ڕۆحێکی سەرکێشم، دەبێت چاوەڕێ بکەم، نەشتەرگەرییەکی گرنگم بۆ ئەنجامدراوە، من ئێستا بارودۆخم بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام لە بیرمدایە کە گۆرانی تازە بڵێم، چونکە وەک دەبینیت ناتوانم گۆرانییە کۆنەکان بڵێم”
“من دەستم بە گۆرانی وتن لەگەڵ گۆرانیبێژە پۆپەکان کردووە، ئەوە بۆ من چێژێکی تایبەتیی هەیە، یەکەم، من ئارەزوو دەکەم لەناو خەڵکیدا بم، زۆرینەی ئەو کەسانەی کاریان لەگەڵ دەکەم، بەڕاستی کەسانی باشن، هەندێکیان کەمتر باشن، بەڵام من چاوەڕوانی ئەوە ناکەم کە هەموو کەس لەم هەسارەیە پیرۆز و بەڕێز بێت، خۆشم فریشتە نیم. دووەم، من ئارەزووم لە میوزیکە، گوێ بەوە نادەم چ جۆرە میوزیکێکە. چووم بۆ نیویۆرک تا ڕێنت ببینم، هەندێک خەڵک، هەمان ئەو خەڵکەی ڕەخنەی ئەوەیان دەگرت کە من کۆنسێرتی گەورە بۆ خەڵکێکی زۆر ئەنجام دەدەم، ڕەنگە شۆک بووبێتن، بەڵام من بەڕاستیی زۆر بە دڵم بوو. میوزیکێکی جیاواز بوو، بێگومان زۆر باش بوو”
بەدەم خواردنەوەی شەربەتەکەیەوە پاڤارۆتی وتی “ژیانی گۆرانیبێژ لەدەرەوەی تەختەی شانۆ زۆر بێزارکەرە، من ناڕۆمە دەرەوە، بەگشتیی لەماڵەوە نان دەخۆم، من هەمیشە بە کەسانی زۆر دەورەدراوم، بەڵام زۆر سەختە بڕۆم بۆ شوێنە گشتییەکان بێ ئەوەی بناسرێمەوە. هەوڵ دەدەم خانووی شاهانە بکڕم وەک ئەم شوێنە جوانەی کە دەیبینیت، لە نیویۆرکیش لە تەنیشت پارکەکەدام (مۆنتێ کارلۆس)، ئەوە کەمێک بێزاریی ژیانم کەمدەکاتەوە. بەڵام من هەمیشە میوزیک چێدەکەم، هەمیشە لە مێشکمدا میوزیک دەخوێنم تەنانەت ئەگەر گۆرانیش نەڵێم، بابەتە ئەوەیە کە دەنگۆی بەردەوام هەیە کە گوایا پاڤارۆتی ناتوانێت میوزیک بخوێنێتەوە. من کاتێک میوزیک فێردەبم، میوزیک دەناسم.” دەستی بۆ سەری ڕاکێشا و وتی “من میوزیک لێرەدا دەناسم”
ئەو دەڵێت “تەکنیکی گۆرانی وتن زۆر سادەیە، تۆ تەنها پێویستە دەنگێک دروست بکەیت، دواتر خۆت هەست دەکەیت کە ئایا دەنگەکەت بەباشی بەرهەم هێناوە ئیتر دەنگت بڵند دەکەیت و بڵندتری دەکەیتەوە. هێندە سادەیە.”
بە زەردەخەنەوە دەڵێت “من زۆر بەبەختم، چونکە مامۆستایەکم هەبوو کە خۆی گۆرانیبێژی ئۆپێرا بوو (ئەریگۆ پۆلا) بۆیە هەموو جارێک کە کارم دەکرد لەسەر شتێک کە ئەستەم دیاربوو بۆم، دەیوت تۆ دەبێت بەم شێوەیە بکەیت. منیش یەک، دوو، سێ تەنانەت سێ هەزار جار دووبارەم دەکردەوە، تاکو وەک ئەوە دەردەچوو کە ئەو دەیویست.”
لە هەموو ئۆپێرایەکدا سەد خاڵ هەیە کە تۆ دبێت بەشێوەیەکی دیاریکراو جێبەجێیان بکەیت. ئەگەر گۆرانیەکەت کێشەی تێدایە، ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە کە بە هەڵە هەندێکیانت ئەنجام داوە”
“ئەوەی کە دەتوانیت لەسەر ستەیج پەرەی پێبدەیت، هەناسەدانە. من لە هاوکارم (جۆوان سوزەرلاند)ەوە کۆنترۆڵکردنی هەناسەدانم فێربووم.”
پاڤارۆتی هێشتا بە گوێگرتن لە ئەوانی تر فێردەبێت. دەڵێت “هەرکاتێک گۆرانییەک تۆمار بکەم لێکدانەوەکەی لە شەش تا حەوت گۆرانیبێژی ئۆپێرا وەردەگرم. بۆ گۆرانییەکان، شیپا، بێرگۆنزی، کۆرێللی، هەندێکجار پرسیدۆ و خۆسێ. هەروەها من هەواداری (دی ستیفانۆ)م، هیچ کەسێک نییە هاوشێوەی ئەو گۆرانی بڵێت. من گوێ لە هەموویان دەگرم، دواتر گوێ لە خۆم دەگرم. نەک ئەوەی کە تەنها لاسایی کردنەوەیەکی ڕووت بێت، بەڵکو تایبەتمەندییەکی گرنگ کە لە مندا هەیە ئەوەیە کە ئەگەر ڕادیۆیەکەت بکەیتەوە و گوێت لێبێت یەکێک گۆرانی دەڵێت، دەزانیت کە ئەوە منم، دەنگی منت لەگەڵ دەنگێکیتردا لێ تێکناچێت.”
قومێکی لە خواردنەوەکەی دا و چاوی لەسەر کاتژمێری سەر دیوارەکە بوو لە پشتی منەوە، هەروەها ئاماژەی بە داهاتووی کرد و وتی ” جوانە، لەبیرمە ساڵی ١٩٦١ ئەو کاتەی من دەستم بە گۆرانی وتن کرد، یەکێک پێی وتم: خێرا بڕۆ، ئۆپێرا لانی کەم دە ساڵی تەمەنت دەبات. لەو کاتەدا شتەکان بەباشی نەدەڕۆیشت، بەڵام دواتر هێندە بەختم هەبوو کە بتوانم یەکەمین پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆم لە مێت و ساڵی ١٩٧٧ ئەنجام بدەم. ڕۆژی پاش ئەوە لەسەر شەقام خەڵکی ڕایاندەوەستاندم(دەیانناسیمەوە)، بۆیە لە ناو خەڵکدا لە گرنگی ئۆپێرا تێگەیشتم. پێم وایە خەڵک هەبوون کە پێشتر نەیاندەزانی ئۆپێرا چییە، تا بۆهێمیان گوێ لێبوو، بێ گومان کارێکی زۆر چاکە”
بۆ پاڤارۆتی، یەکێک لە پرسە گرنگەکانی داهاتوو دۆزینەوەی ڕێگایەک دەبێت تا لە ڕێیەوە تیشکی خۆشەویستیی ئۆپێرا بگوێزێتەوە. کێبڕکێکەی کە لە ساڵی ١٩٨٠ دایمەزراند، ڕێگەیەکە بۆ ئەو تا ئەزموونی خۆی لەگەڵ گۆرانیبێژە نوێیەکاندا بەش بکات.”
پاڤارۆتی دەڵێت “لە کێبڕکێکەمدا هیچ کاتێک گۆرانیبێژێکم نەدۆزیوەتەوە کە خۆی لەسەرەتاوە پرۆفیشناڵ بووبێت، کاتێک ٢٥ ساڵ یان تەنانەت ٣٠ ساڵیت، تۆ هێندە قوڵ نیت، خۆشم هەروا بووم، جۆن و ڕیکی بەڕاستیی نمونەیەکی تایبەت لەخۆیانیان فێرکردم، فێربووم کە جددی بم لە کارەکەمدا”
هاوسەری پێشتری پاڤارۆتی لە کتێبەکەیدا لە ساڵی ١٩٩٢ بە ناوی (ژیانم لەگەڵ لوسیانۆ) دەڵێت کە “خەونی هاوسەرەکەی بۆ ئەم کێبڕکێیە ئەوە بوو کە گۆرانیبێژێک بدۆزێتەوە توانای ئەوەی هەبێت ڕۆژێک تاجەکەی پاڤارۆتی هەڵبگرێت.”
سەرچاوە: Opera News