[من چیم هەیە؟ ژیان]

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: حەمە کاوە

پێموانییە وەک هونەرمەندێک هیچ هەڵبژاردنێکت هەبێت، دەبێت ببیتە ئاوێنە و ڕەنگی ئەوسەردەمە بدەیتەوە کە تێیدا دەژیت، من یاخیترین مرۆڤیی دونیام بەتایبەت لەو کەیسانەدا کە پەیوەندی بە یەکسانی نێوان مرۆڤەکانەوە هەیە، ئایا نرخی هونەرمەند چییە؟ گەر ئەوانە فەرامۆش بکات کە لە چواردەورین! ئەمریکا چییە؟ وڵاتی خەونەکان یاخود وڵاتی پڕوپاگەندە و وڕێنە؟

نینا سیمۆن مرۆڤێک لە پێناو ئازادیدا هونەرمەندێکی توڕە و بەهەڵوێست، لە ساڵی ١٨٣٣ لە باکوری ویلایەتی کارۆلینا لە خێزانێکی هەژار هاتۆتە دونیاوە،  هەژاریی ڕێگر نەبووە لەوەی خاوەن خەون و هیوای تایبەت بەخۆی بێت، لە تەمەنێکی زۆر منداڵیدا دەچێتە کەنیسە و لەوێ خانمێکی سپی پێست دەیگرێتە خۆی و بڕوا بە تواناکانی دەهێنێت کە ڕۆژێک دەبێتە یەکێک لە مەزنترین پیانیستە ڕەشپێستەکانی ئەمریکا .

مامۆستای ڕوحی نینا سیمۆن، یۆهان سباستیان باخ بووە، سباستیان باخ دامەزرێنەری موزیکی کەنیسەی پڕۆتستان بووە و لەوێوە نینا سیمۆن زۆر بە سباستیان باخ ئاشنا بووە و لە فێربوونی پیانۆدا ئیلهابەخشی بووە.

ژیانی مرۆڤە ڕەشپێستەکان لەو سەردەمە تاریکەدا، ژیانیشیانی وەک ڕەنگی جەستەیان تاریک کردبوو، هەڵبەت نینا سیمۆنیش بەدەر نەبووە لەوەی ڕووبەڕووی چەندین ئەشکەنجە و توانجی ڕەگەزپەرستەکان ببێتەوە، نینا بە هۆی ڕەنگی ڕەشی پێستییەوە لە پەیمانگای چریستی مەسیحی قبوڵ نەکرا وەک خوێندکارێك، لێرەوە هەستی نینا بۆ ڕەگەزپەرستان لە ترسەوە گۆڕا بۆ توڕەیی، توڕەییەک کە بووە هۆی لەدایک بوونی دەیان و سەدان گۆرانی و موزیکی جاز و بلووز، بەڵام بەشێوەی تایبەت بە خۆی و لەپێناو خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و ئازادیدا.

نینا موزیکی جاز و بلووزی هەڵبژارد بۆ ئەوەی کاریان تێدا بکات، نینا پێی وایە موزیکی جاز ڕەچەڵەکە دێرینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەفریقییەکان و لەژێر دەستی ئەمریکییە بە ڕەچەڵەک ئەفریقییەکان پەرەی پێدراوە، موزیکی جاز تێکەڵەیەکە لە موزیکی ئەوروپی و ئەفریقی، هەر بۆیە ئارەزووی موزیکی جازی کردووە چوونکە توانای ئەوەی هەیە هەموو نەتەوە و کەیسێکی کۆمەڵایەتی بکرێتەوە، گرنگی هونەریش لە فرە ڕەهەندیایەتی ، نەک لە داخراویدا بەسەر کۆمەڵگەیەکدا و لە هەمان ئاستتدا بمێنێتەوە ، ئەمە ڕێگر دەبێت لە گەشە سەندن و بەرەو پێشچوون و نوێسازی تێیدا ، دەبێت هونەر ڕەگ لەواقیعدا دابکوتێت و مامەڵەی لەگەڵ بکات و بەجێشی بهێڵێت بۆ دروستکردنی واقعێکی باشتر و گونجاوتر ، دەبێت ئەو لەمپەرانە تێبپەڕێنێت کە دەبنە ڕێگر و بەرەوپێشنەچوونی .

هونەر لای هونەرمەندی ڕاستەقینە پەیامە، پێش ئەوەی چێژ و خۆشی بێت، نیناش یەکێکە لەوانە، ئەمە لە کاتی تەقینەوەی کەنیسەی ڕاهیبەکان لە شەقامی ژمارە ١٦ ی بێرمینگهامی ئەلاباما، لە لایەن ڕەگەز پەرستەکانەوە لە ساڵی ١٩٦٣ بەو هۆیەوە چوار کچی منداڵی ڕەشپێست بوونە قوربانی، نینا سیمۆن گەورەترین هەستی توڕەی دەردەبڕێت لە گۆرانیەکدا بەناوی (میسیسپی بەنەفرەبیت)

ئەم گۆرانییە لای هەوادارەکانی بووە گوتارێکی بەرگری بۆمافی ڕەشپێستەکان، دواتریش پەیوەندی کرد بە چالاکوانە ڕەشپێستەکان و دەستیکرد بە خەباتی مەدەنی دژی ڕەگەزپەرستی، وەک مالکۆم ئێکس و جەیمس باڵدوین، لە هونەرمەندێکی یاخی ئەمریکییەوە بووە چالاکوان و بەرگریکاری مافی مرۆڤ.

لە زۆربەی کەیسە سیاسیەکاندا بەشداری دەکرد، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە ڕەشپێستەکانەوە هەبووە، زۆر سەرسام بووە بە نیلسۆن ماندێلا، بەڵام هەرگیزی دژی خەباتی چەکداری نەبووە لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا و پێی وابووە ماف هەر چۆنێک بێت دەبێت وەربگیرێت و نابێت لەدەستی کەسیتردا بێت.

 لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ  ئەلیسۆن بۆیل لە ماڵەکەی خۆی لە فەڕەنسا، لە ساڵی ١٩٩٩ دەڵێت: “من یاخییەکی ڕاستەقینەم، بەتایبەت لەو کەیسانەدا کە پەیوەندی بە مافی یەکسانیی مرۆڤی ڕەشپێست و تەواوی مرۆڤی دونیاوە هەیە”

تێکەڵاوبوونی نینا سیمۆن بە خەباتی کۆمەڵایەتی دژی ڕەگەزپەرستی ، وای لێکردبوو جیاوازی نەکات لە نێوان سیاسەت و هونەردا، بەڵکو هەستی بە بەرپرسیارێتی کردووە بەرامبەر بەو کارەساتانەی بەسەر ڕەشپێستەکاندا هاتووە ودەڵێت: پێم وانییە وەک هونەرمەندێک هیچ هەڵبژاردنێکت هەبێت، دەبێت وەک ئاوێنە ڕەنگی سەردەمەکەی خۆت بدەیتەوە ، بەتایبەت هەموو ئەو ڕۆژانەی لە ململانێدا بووین لە پێناو مانەوەدا.

لای نینا موزیکی جاز تەنها موزیکێکی ئاسای نەبوو، بەڵکوو بوون و هیوا و ئاوات و ژیان و داهاتووی خۆی ئەو کەسانەی تێدا دەبینی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ووشەیەک خزمەتیان بە پەیامی پیرۆزی یەکسانی نێوان مرۆڤەکان کردوە، یەکێک لە گۆرانییەکانی بەناوی (گەر بچووک و بەهرەمەند و ڕەشپیت) پێشکەش بە ڕۆحی هاوڕێی لۆرین هانزێری دەکات، کە نووسەری شانۆیی  (کشمیش لە خۆردا) یە، باس لەو ستەم و توندوتیژییە دەکات کە لە کۆمەڵگەی ئەمریکیدا بەرامبەر ڕەشپێستەکان کراوە بە تایبەت لە شیکاگۆ.

نینا پێی وابوو کە هەڵوەشاندەوەی یاسای کۆیلایەتی بەس نییە ، بەڵکو دەبێت کۆیلایەتی لە بیری خەڵکیشدا بسڕدرێتەوە، لەو هەستکردن بە شکان و بێهیواییەدا لە شکستی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەشپێستەکان، لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس ئەلیسۆن بۆیڵ، ئەمریکا بە وڵاتی درۆ و وەهم ناو دەبات و دەڵێت، ئەمریکا ئەو شوێنەیە کە هەرگیز کۆیلایەتی تێدا کۆتای نایەت.

لە ساڵی ١٩٧٤ بەهۆی بەرگەنەگرتنیەوە بۆ ئەو هەموو ئەشکەنجەیە کۆچ دەکات بۆ ئەفریقا، دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی کە هەموو یادگارییەکانی تەنها چەند پەڵە برینێک بوو بە جەستەیەوە و ڕزگاربوونی لە بەڕێوبەرە چاوچنۆک و کۆمەڵگا نەخۆشەکەی ئەمریکا. ئەم کۆچە کۆتایی نایەت و دەڕوات بەرەو ئەوروپا و چووە سویسرا و لە کۆتایدا لە فەڕەنسا گیرسایەوە و لەوێ ژیانێکی هێمن و لەسەر خۆی بەڕێکرد، بەڵام تەنهایی و بیرکردنەوە لەو ئازارانەی چەشتوویەتی هەرگیز جێی نەهێشت و لەگەڵیدا مایەوە .

.

نینا سیمۆن وەک هونەرمەندێکی سیاسی و پیانۆژەنێک و کەسێک کە بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت و هەموو ژیانی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە و هەرچیەکی ویستووە بە ڕاشکاوانە وتوویەتی، هونەری نینا سیمۆن هەموو کیشوەر و شار و وڵاتەکانی تێپەڕاند، خۆیشی دەڵێت: “هەرگیز نەگۆڕام ، هەرگیز ستایلی قژمم نەگۆڕی و ڕەنگی خۆشمم نەگۆڕی، گوێگرەکانیشم لەبەر ئەوە منیان خۆشدەویست کە وەک ئەوە مامەوە کە هەبووم و هەرگیز نەگۆڕام.

Leave a comment