وێنەیەکی نەخشێنراو بە موزیک

Julian Marszalek

وەرگێڕانی: زریان حەمە

‎سەرەڕای ئەوەی هونەرەکەی چەندین ئاڕاستەی موزیکیی جیاوازی بەخۆیەوە بینیووە، هەر لە کاری هاوبەشەوە تا ساوندتراک. “یان تێرسن” بەڕێژەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکدا بەو موزیکە ناسراوە کە بەخشییویەتی بە فیلمە ئازیزەکەی ساڵی ٢٠٠١ ی ژان پێری بەناوی (ئمێللی) ئەو‎  موزیکانەی لەم فیلمەدا هەن هەموویان لە ئالبومەکانی پێشتری تێرسنەوە وەرگیراون، پارچە موزیکێکی پیانۆ بەناوی comptine d’un autre ètè: l’après-midi ‎ جێی سەرنج بووە. تێرسن ئێستا و هەمیشە بەهۆی ئەو پارچە موزیکەوە لەبیری هەموواندا دەمێنێت. ‎جێگەی سەرسوڕمان نییە، کە ئەم جۆرە موزیکە سنوور و جۆر و ئارەزووی موزیکیی تێدەپەڕێنێت ئەمەش بەهۆی ئەو ڕۆمانتیسزمەی تێیدا بەدیدەکرێت و لە وێنەی کەمە

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە و دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین ئەوەیە کە EUSA  نۆیەمین ئالبومی یان تێرسینە ، لە کاتێکدا یەکەم ئالبومی سۆلۆی پیانۆیەتی.

لەم ئالبومەشدا بە هەمان شێوەی ئالبومی پێشووی، ژینگەی دەوروبەری بەکارهێناوە، تا سروشی ئەو موزیکەی لێوەربگرێت کەلەهەناویدا هەڵدەقوڵێت.

بەڵام لە EUSA دا جیاوازییەکی گەورە هەیە بەهۆی ئەوەی یان تێرسین لەم ئالبومەدا ئەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، بۆ دورگەی ئۆشنت Ushant  کە ۳٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بریتنییەوەیە. لەم بەرهەمەدا خۆی لە پێکهاتەی باند بەدوور دەگرێت، بەڵکو تێرسن خۆی بەتەنیا، بەکارهێنانی پیانۆکەی وەک ئامڕازی ئاوازدانان و تۆمارکردن بەکار دەهێنێت، هاوکات لەگەڵ سرووشتە سەخت و دڵگیرەکەی ناوچەی ئۆشنت تا ئیلهامی کارەکەی وەردەگرێت.

کاتێک گوێ لە موزیکە تۆمار کراوەکانی ئەم ئالبومە دەگرین، بۆمان دردەکەوێت کە ئۆشنت دوورگەیەکی فراوان و دڵڕفێنە، شوێنێکی هێمن و ڕۆحییە کە هەستی ئارامی و ئاسودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت .

ئالبومەکە بە فەرمی وەک کتێبێکی موزیکی بڵاوکرایەوە، تێرسن ناچاربوو دیسان هەڵسەنگاندن بۆ پلانەکانی ئالبومەکەی بکاتەوە، دوابەدوای کاردانەوە بۆ دە پارچە موزیکیەکەی پیانۆ لە کۆنسێرتێکیدا کە ئالبومەکە لەخۆی گرتبوو. بڕیاردان بۆ تۆمارکردنی ئالبوم لە ستۆدیۆکانی ئابی ڕۆد بڕیارێکی سەرکەوتوو بوو، بەهۆی ئەوەی کە دەنگە ناودار و بیستراوەکانی هەستێکی کاریگەر و قوڵ دەدات بە ئالبومەکە، بەتەواوی گونجاوە بۆ ئەم پارچە موزیکە مینیماڵ و ناوازانە .

هەر وەک لە کارەکانیدا دیارە و بەتایبەت بەرهەمی “Porz Goret” و “Enez Nein”سەرچاوەی سروشی سەرەکیی کارەکانی تیرسن موزیکەکانی فرێدریک شۆپانە .

ئەمە موزیکێکی زۆر پڕ هەستە کە بە وردیی و ئارامیی شەپۆل دەدات و پەنجەکان لەسەر کلیلەکانی پیانۆکە بە ساناییەکی فریودەرەوە سەما دەکەن.

لەڕووی ئاوازدانانی گشتییەوە، تێرسن پەیڕەوی ڕێگای “کورت و پوخت” دەکات ئەمەش تاکتیکێکە لە بەرژەوەندی خۆیدایەتی؛ گوێگر ڕادەکێشێتە ناو قوڵای موزیکەکەوە. بێگومان گەلێک سەختە کە هەوڵ بۆ ئەوە بدەیت، بەڵام ئەوەی تێرسن زۆر بەباشیی ئەنجامی دەدات، ئەوەیە کە وێنەیەکی موزیکی سرووشتی دەکێشیت کە بەڕوونی مانایەکی گەورەی بۆ ئەو هەیە، بەبەکارهێنانی خەتی نەرم و نیان بە فڵچەکەی، وێنەکە وەک ژینگەیەک دەنەخشێنێت کە دوورە لە تەنگەژە و بارگرانی .

ئەمە یەکەم جارنییە کە تێرسن سرووشی لەدوورگەی ئوشانتەوە وەرگرتووە، سێیەمین ئالبومی بەناوی La Phare لا فارێ بەهەمان شێوە لەو دوورگەیەوە هەڵقوڵابوو، بۆیە بەکارهێنانی ڕێگەی فره ئامێری تێرسن ستایلی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بەڵام مرۆڤ پێویستە هەڵوێستەیەک لەسەر ئالبومە نیانەکەی لا چوتێ بکات تا بتوانێت هەست بەوە بکات کە موزیکی تێرسن لەکوێوە هاتووە و سەرچاوەی گرتووە.

کۆمەڵە تراکی Hent کە لە ئەنجامدا ئالبومەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک درێژ دەکاتەوە. دەنگی باڵندەو دەنگە سروشتییەکانی ناوچەکە لە بەرهەمەکەدا بە ڕونی بەدی دەکرێت، موزیکەکە بەدیاریکراوی بۆ ئەوە داڕێژراوە کە جوانیی سروشتی دوورگەی ئوشانت نیشان بدات، EUSA کارێکی زۆر جوانە هەر وەک وێنەیەکی بیستراوی ئاشتی و هێمنییە بۆ مرۆڤ. هەرچەندە ڕەنگە ناوچەکانمان لەیەکتر جیاواز و تایبەتبن، بەڵام هیچ شتێک ناگات بەو گەرمیی و ئاسودەییەی هەستی پێدەکەیت لەو شوێنەدا کە پێی دەوترێت نیشتیمان.

سەرچاوە: The Quietus


Leave a comment