دیمانەساز: داستان مارف
لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر
چۆن دەستتان بە مۆسیقا و گۆرانی کرد؟
لە ماڵەوە سازمان هەبوو و دەمانژەند. نێوانی بنەماڵەکەمان و کوردی ئێزیدی زۆر باش بوو، سازیش لای ئێزیدییەکان پیرۆزە. کاتێک چاو و گوێم کرایەوە بینیم لە ماڵەوە سازمان هەیە. تەنانەت باوکم و مامیشم سازیان دەژەند، بەڵام هەر بۆ خۆیانیان دەژەند -چونکە ئەوسا بە هۆی هۆز و بنەماڵەوە سازلێدان عەیبە بوو- ئیدی چی بڵێم… ئەو سەردەمە وەها بوو، هەر دەیانژەند و هەمیشە ساز لە ماڵماندا هەبوو. کاتێک ١٠-١١ ساڵێک دەبووم منیش دەستم بە ژەنینی ساز کرد و وردەوردە گۆرانییشم گوت. دواتر لە نێوانی ١٢ تا ١٤ ساڵی، گۆرانیی کوردی عەلەوییم زۆر بەدڵ بوو، بە خوشکەکەم گوت لەوەم بۆ چێ بکە با بیڵێم، گوتی جوان ناتوانم و وا و وا. گوتم دەخیلت بم زۆر حەز دەکەم. پاشان ڕازی بوو. سا وردەوردە دەستمان پێ کرد، گۆرانییەکمان بەرهەم هێنا، بووە دوو، سێ، چوار… تا نزیکەی ١٢ گۆرانیمان ئامادە کرد. دواتر لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، یەکەمین کاسێتی خۆمم تۆمار کرد -ئەویش لە ماڵەوە، تۆمارکەرێکی زۆر بچووکمان هەبوو- ئیدی ئاوها بە ١٤ ساڵی یەکەمین کاسێتی خۆم بە ناوی ئەمینا[1] بڵاو کردەوە.
کاتێک دەستتان بە کاری هونەری کرد خەونەکانتان چی بوون؟ دەتانویست لە ڕێی هونەرەوە چی بڵێن و چی بکەن؟
جا چی بڵێم… [بە پێکەنینەوە] ئەوسا ئەڤیندار بووم… کچێکم خۆش دەویست… هۆکاری هەرە سەرەکی ئەو بوو حەزم کرد گۆرانی بڵێم، بەڕاستی خۆشەویستەکەم هۆکارەکەی بوو… گەرچی دواتر گۆڕا، بەڵام چواردە ساڵ بووم… ئەوە بوو… خۆشەویستی بوو… ئەڤین بوو… لەو کاتەدا مژاری نەتەوایەتی و کوردستان لە ئارادا نەبوو… پاشان پشکووتن.
ئێوە بە هەردوو ستایلی کوردی و ڕۆژئاوایی گۆرانی دەڵێن و ئاواز دادەنێن، چۆن دەکرێ ئەم دوو ستایلە پێکەوە گرێ بدرێ؟
باسی سەرەتاکەیتان بۆ دەکەم، کاتێک لاو بووم… چواردە، پانزە، شانزدە ساڵ دەبووم… کاسێتی هۆمەر دزەیی[1] گەییشتە قامیشلۆ… و… ناوی چی بوو… هیی قادر دیلانیش![2] ئینجا ئەوسا ئەو گۆرانیی بە گیتارەوە هەبوو، بەڕاستی پێم سەیر بوو… بە سەکسیفۆنەوە هەیبوو… کوردی بوو… بە سۆرانی بوو گەرچی ئەوساکە لە سۆرانی تێنەدەگەیشتم، بەڵام سەرنجی ڕاکێشام! ئەوەیش بیرۆکەیەکی لا گەڵاڵە کردم کە مۆسیقای کوردییش دەکرێ بە ئامێری بیانی بژەندرێ… زۆر سەرنجڕاکێش بوو، زۆر زۆر! پاشان لە ماڵەوەیش گوێمان لە گۆرانیی تر دەگرت، زیاتر بیتڵز[3]… وەلحاڵ، مۆسیقای ڕۆژئاوایی بوو. ئینجا دەمەوێ باسی دواتر بکەم، هاتمە ئەڵمانیا، دوو… سێ ژەنیاری ئەڵمانی هەبوون، پلانم دانەنابوو شتێکی نوێ بکەم هەر ئەوە بوو سێ ژەنیاری ئەڵمانیم ناسی؛ تیۆ[4] و لیۆ[5] و ڕامس[6]. ساڵی ١٩٨٠، کاسێتێکی پرۆفیشناڵمان لە ستۆدیۆ تۆمار کرد. ئەوسا ئامێری باس[7] هەبوو، تەپڵ هەبوو… [بە پێکەنینەوە] گەرچی ئەو کاسێتە بە لای خۆمەوە مۆدێرن نەبوو، بەڵام لای کورد مۆدێرن بوو، دواتر کاتێکیش برجێن دیاربەکرم[8] بڵاو کردەوە -دیارە مۆدێرن بوو- بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوومەوە گوایە گۆرانیی کوردی تێک دەدەم [بە پێکەنینەوە]… ڕاستییەکەی شتێکی نوێ بوو لای کورد، گەرچی هەندێک گەنج و لاو ئەو شێوازەیان بەدڵ بوو. ئیدی دەستپێکەکەم ئاوها بوو، بێ ئەوەی بەرنامەی بۆ داڕێژرابێ، بێ ئەوەی… جا زۆر گوێم لە مۆسیقای ڕۆژئاوایی دەگرت: پۆپ[9] و ڕۆک[10] و… بەڕاستی نەمدەزانی چین، [بە پێکەنینەوە] وام دەزانی هەمووی جازە[11]… بێگومان هەمووی هەر جاز نەبوو؛ پۆپ بوو، ڕۆک بوو، جازیش هەبوو. ئیدی ئاوها دەستم پێ کرد.
وەک ئاشکرایە گەلێک هۆنراوەی باشتان بۆ گۆرانییەکانتان هەڵبژاردووە، ئایا بە چ پێوەرێک هەڵیاندەبژێرن؟
بێگومان لە گۆرانیدا دوو شت لای من گرنگە؛ یەکێکیان دەقی گۆرانییەکەیە و ئەوی تریان مۆسیقاکەیەتی. سا هەردووکیان گرنگن. کاتێک هاتمە ئەڵمانیا، نەمدەزانی بە زمانی کوردی بنووسم و بخوێنمەوە، بۆیە خۆم فێری پیتی لاتینیی کوردی کرد، بەڵام کوردییەکەیشم باش نەبوو. دواتر گۆران حاجۆ[12] یارمەتیی دام، کوردییەکەی زۆر باش و پاراو بوو، نووسین و خوێندنەوە هەمووی زۆر باش بوو… ئینجا هۆنراوە سەرنجڕاکێشەکەی ڕۆژەن بەرناس[13] «من ناڤێ خوە کۆلاند ل سەر برجێن دیاربەکر» زۆر ناسرا. حەوت هۆنراوەیم گوتووەتەوە، زۆر سەرنجڕاکێش بوون. هەروەها بلورا من[14] هۆنراوەی میر جەلادەت بەدرخان[15]، بەڕێز بەدرخان بە ناوی خوازراوی سەیدایێ گەڕۆکـەوە[16] بڵاوی کردووەتەوە. هۆنراوەی گولا سۆری[17] قەدری جان[18]، هیی جگەرخوێنیشم[19] زۆر گوتووە. هەروەها محەمەد ئوزون[20]، نووسەری مەزنی کوردی دیاربەکری کە بەداخەوە لە ژیاندا نەماوە… گۆران حاجۆی مامۆزام، ئەو هۆنراوانەی بۆ هەڵدەبژاردم، خۆیشی هۆنراوەی دەهۆنییەوە. بۆ نموونە گۆرانیی دیالۆگ[21] و گوند و باژارێن چادری[22] و گرتیێن ئازادیێ[23] هۆنراوەی گۆران حاجۆن. زۆر ڕادیکاڵ نووسیوونی، ئەو کاتە لە باکووری کوردستان شەڕ بوو. زۆر باشی کرد نووسینی. بۆیە دەڵێم دەق زۆر گرنگە و دەبێ شتی باش هەڵببژێردرێ. لەو کاتەدا باش بوو ئەوانە کران بە گۆرانی. هەروەها دڵبەر حاجۆی[24] خوشکیشم هۆنراوەی باشی زۆر نووسیوە. خۆیشم بڕێکم نووسیوە، ئەوانەم لا جوانە کە لەسەر ئەڤینن. ڕاستییەکەی من لە نووسیندا زۆر باش نیم، بەڵام خەیاڵ و فەنتازیام زۆرە. پتر دەتوانم مۆسیقا چێ بکەم، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم ٩٩٪ـی مۆسیقاکان هیی خۆمن، ٩٠٪ـی دەقەکان هیی خۆم نین.
گۆرانیی کوردی تا چەند لە توانایدایە تێکەڵی دنیای دەرەوەی خۆی ببێ؟ هەرچەندە بۆ ئێمەی کورد، گۆرانییە سیاسییەکان هەرگیز گرنگیی خۆیان لە دەست نادەن، بەڵام ئایا ئەم جۆرە گۆرانییە هونەری ئێمە سنووردار ناکەن؟
ئێستا پەرەی سەندووە، باشترە، بۆ نموونە فارس گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرن، عەرەبیش، تورکیش. لەوانەیە گۆرانیبێژێکی وەک فەیرووز لە ناو کورددا هەڵنەکەوتبێ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەمووان گوێی لێ بگرن، چ عەرەب، چ تورک، چ فارس. هۆکارەکەیشی ئەوە نییە هەر گۆرانیی سیاسی دەڵێین، نا ئەوە نییە. من دەڵێم هیوادارم ڕۆژێک دابێ… خۆی ئێستایش گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرن، بۆ نموونە دەزانم فارس زۆرە گوێ لە گۆرانیی کوردی دەگرن، گوێ لە گۆرانییەکانی منیش دەگرن. هۆکارەکەی ئەوە نییە ئێمەومانان گۆرانیی سیاسیی کوردیمان گوتووە، ڕاستە گوتوومانە، هەموو گۆرانیبێژەکانیش گوتوویانە، بەڵام من و ئەو هەموو گۆرانیبێژانەی تر گۆرانیی ئەڤیندارییشمان گوتووە. گۆرانییەکانی من ٤٠٪ـی لەسەر کوردستانە، لەسەر وڵاتەکەمە. بەڵام نزیکەی ٤٠٪ـیشی لەسەر ئەڤینە. گۆرانیبێژەکانمان گۆرانیی ئەڤیندارییشیان گوتووە… هیوادارم ڕۆژێک دابێ گوێ لەوانەیش بگرن. با ڕاشکاو بم؛ ڕاستە مۆسیقاکەمان خۆشە، بنجوبناوانەکەی دەگەڕێتەوە سەر فۆلکلۆر، بەڵام کەموکوڕییشی هەیە، کێماسیی مەقاماتەکانمان زۆرە، با بڵێین کورمانجی بە یەک مەقام گوتوویانە ئەویش بەیاتە، لەناو سۆرانیدا سێ مەقام هەبوو، بەڕاستی لەو بوارەدا پێشکەوتووتر بوون. دوو ڕیتممان هەبوو، [بە پێکەنینەوە] ئێ قەیچێکە با ببێتە سێ ڕیتم… دەمەوێ بڵێم مۆسیقاکەمان زۆر هەژارە لە بەرامبەر مۆسیقای فارس، یان عەرەب، یان تورک. ئەوە ڕاستییە. خۆ ناڵێم مۆسیقاکەمان باش نییە! مۆسیقاکەمان خۆشە، باشە، پیرۆزە، حەزم لێیە… باشە، بەڵام مۆسیقاکەمان وەک مۆسیقای فارسی دەوڵەمەند نییە… دەبێ قبووڵی بکەین، ئەوە ڕاستیی ئێمەیە. سا بێم بڵێم مۆسیقای کوردی لە هیی فارسی و تورکی و عەرەبی دەوڵەمەندەترە؟ نەوەڵا ڕاست نییە. ئێستا کەمێک مۆسیقای کوردی بەرەوپێش چووە، مەقامی نوێ کەوتووەتە مۆسیقای کوردییەوە، ڕیتمی نوێ کەوتووەوە مۆسیقای کوردییەوە، ئامێری نوێ کەوتووەتە مۆسیقای کوردییەوە… بێگومان ئەوە هۆکاری خۆی هەیە، داستان! چونکە ئێمە دەوڵەتمان نەبوو. ئەو سەگبابانەی تر دەوڵەتیان هەبوو. ئەوە فارس ٣٠٠٠ ساڵە دەوڵەتە، تورک ئەوە ١١٠٠ ساڵە دەوڵەتە، عەرەب… ئەوە… ١٠٠٠ ساڵە دەوڵەتە و ٢٤ وڵاتیان هەیە، ئەی ئێمە چیمان هەبوو؟ هیچمان نەبوو. هەر بۆیە تەنێ لە بواری مۆسیقادا دوا نەکەوتووین، بگرە لە هەموو بوارێکی جڤاکیدا لە دراوسێکانمان پاشکەوتووین، لەبەر ئەوەیە دەوڵەتمان نییە، گەر نەتەوەیەکی پێشکەوتوو بووینایە و ئێمەیش دەوڵەتێکمان هەبووایە [بە پێکەنینەوە] وەک فارس و تورک و عەرەب… سا بۆیە مۆسیقاکەمان وەهایە، بەڵام ئێستا من لە ڕادەبەدەر گەشبینم بەوەی مۆسیقاکەمان بەرەو پێش بچێ… پێم وایە باشتر دەبێ، چونکە دیجیتاڵیش هاتووەتە ناو مۆسیقاوە. بمانەوێ و نەمانەوێ، گەنج و لاوی کورد بنچینەیەکی پتەویان بۆ مۆسیقای ئێستای کوردی داناوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان… هیی زۆر باشیشیان تێدا هەڵکەوتووە… بڕوام وایە نەوەی نوێ دەتوانن شتی زۆر باشتر و زۆر جوانتر لە ئێمە پێشکەش بکەن.
دەرهێنەری کورد کازم ئۆز دەڵێت: ”دەتوانین لە ڕێی گۆرانیی کوردییەوە مێژووی نەتەوەکەمان بناسین”، داخۆ گۆرانیی کوردی هەڵگری مێژووی نەتەوەیەکە؟ بۆچی؟
چونکە زوڵم و ستەم و دەستدرێژی و کوشتن و ڕەشەکوژی بەسەر وڵاتەکەماندا هاتووە، بەسەر کورددا هاتووە… داستان! هۆکارەکەی ئەوەیە ئێمە نەبووینەتە دەوڵەت… دەوڵەتەکان دوژمنی ئێمەن نەک نەتەوەکان، نەتەوە قەت نابێت بە دوژمن! ئەوەتا دەوڵەتی فارس دوژمنی کوردە، دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردە، دەوڵەتی عەرەبیش، ئەوەتا تا هەنووکە دەوڵەتی ئێراقی، بینیتان عەبادی چی لە کورد کرد… خۆ نەک هەر عەبادی و دەوڵەتی ئێراقی، ئەوەتا تورک، ئەوەتا ئەردۆغان، خامنەیی… دەیانەوێ هەولێر و سلێمانی تێک بدەن! ئەو زوڵم و ستەم و دەستدرێژییە تا ئێستایش هەر بەردەوامە. گەر ئێمەی کورد ئازاد ببین، ئەوان هەست دەکەن دەمرن. واتا کاتێک ئێمەی گەلی کورد ئازاد ببین، ئەوان وا دەزانن دەمرن! هەر بۆیە شەڕمان لەگەڵ دەکەن و هەر بۆیە ئێمەیش گۆرانیی نەتەوەییمان گوتووە، هەر لەبەر ئەو زوڵم و ستەم و دەستدرێژی و ڕەشەکوژییەی بەرامبەر کورد دەیکەن… بەداخەوە وەکو کورد هێزێکمان پێکەوە نەناوە، بەداخەوە تا ئێستایش یەکگرتوو نین، ئەوە سی ساڵە باشووری کوردستان ئازادە بەڵام یەکڕیز و یەکگرتوو نین، بەداخەوە! کەموکوڕی هەیە، بۆ نموونە دوو ئیدارەیی هەیە، ئیدارەی سلێمانی هەیە و ئیدارەی هەولێر هەیە… پێویستە یەک ئیدارە هەبێ. ئێمە یەک نەتەوەین، دوو نەتەوە نین. هەر بۆیە ئێمەومانان گۆرانیی ڕادیکاڵمان گوتووە، هەتا دەیشمرین دەیڵێین و وازی لێ ناهێنین، کورد یەک نەتەوەیە بەڵام یەکگرتوو نییە، بەداخەوە. بۆیە بەڕاستی گەر ئێمەی کورد بمانەوێ ببینە خاوەنی دەوڵەت، سەرەتا دەبێ لە ناو خۆماندا یەکڕیز بین.
ئێستا نەوەیەکی نوێ گۆرانی دەڵێن و بەشێکی زۆریان ئاوازی نەتەوەکانی دیکە کۆپی دەکەن و لەگەڵ دەقێکی کوردیدا دەیڵێنەوە، “هەرچەندە گوێگریشیان زۆرە” دەمەوێت ڕای ئێوە لەو بارەیەوە بزانم؟
سا وەڵاهی داستان تۆ پرسیارەکەت کرد و خۆیشت وەڵامت دایەوە! گوتت خەڵک زۆرە گوێیان لێ دەگرن، وایە؟ ئێ، دەی مادام وایە، پیرۆزە! زۆر باشە، مادام خەڵک گوێیان لێ دەگرێ، چی بکەین؟ ئەوە بە لای منەوە هیچ کێشەیەکی نییە. گۆرانیی عەرەبی بێ، تورکی بێ، فارسی بێ، یان هەرچییەکی تر بێ، کێشە نییە. گرنگ ئەوەیە خەڵک گوێ لەو گۆرانیبێژانە دەگرێ. ئەم بوارە سنووری نییە، مۆسیقا زەریایە. ئەگەر گۆرانیبێژێکی کورد گۆرانیی عەرەبی بڵێتەوە، فارسی بڵێتەوە، تورکی بڵێتەوە، هەر گرنگ ئەوەیە خۆش بیڵێتەوە. کۆپیی بکەن و بە کوردی بیڵێنەوە، ئەوە گرنگە. گەر بە کوردی گوتیەوە، سەر سەر و سەر چاو. هەر چییەک بێ لای من جیاوازیی نییە، پۆپ بێ، ڕۆک بێ، جاز بێ، ئارابێسک[1] بێ، فارسی بێ، تورکی بێ، مادام بە کوردی دەیڵێ، با بیڵێ. هیچ کێشەی نییە و سڵکردنەوەی ناوێ. ئاوها مۆسیقاکەمان دەوڵەمەندتر دەبێ، قەیچێکە با سوود لە فارس و عەرەب و تورک وەربگرن، کێشە نییە.
کەواتە تەنیا ئەوە گرنگە دەقی گۆرانی بە کوردی بێ؟
ئەیچۆن! گۆرانییەکە دەبێ بە کوردی. هەرچەندە مەقام یان ئاوازەکە فارسی بێ، تورکی بێ، عەرەبی بێ، مادام بە کوردی گوترا، دەبێ بە کوردی. دەکەوێتە خزمەتی هونەری کوردییەوە و دەوڵەمەندتری دەکا. هەندێک دەڵێن: ”فڵان کەس بە ئارابێسک گۆرانی دەڵێ، دە وازی لێ بهێنە” و چی و چی. دەی بۆ نا؟! مۆسیقای ئارابێسک، ١٠٠٪ـی نا، بەڵام بڕوا بکەن ٥٠٪ـی بنچینەکەی مۆسیقای کوردییە! ئەوە بە ناوی منەوە تۆمار بکە و بڵێ جوان حاجۆ وەها دەڵێ. ئارابێسک نە تورکییە، نە فارسییە، نە عەرەبییە. مۆسیقایەکی تێکەڵە. کاتێک لاو بووم، دژی مۆسیقای ئارابێسک بووم، بەڵام ئێستا ئیدی وەها بیر ناکەمەوە. تا تەمەنی ٢٠ ساڵیم، دەمگوت ئەوە چییە ئەو ئارابێسک و مارابێسکە. هیچ دڵم پێی نەدەکرایەوە. سا ئارابێسک بنچینەکەی کوردییە، نابێ دوژمانیەتیی بکەین، نابێ دوژمنایەتیی مەقامی ڕێبازێکی مۆسیقا بکەین، نابێ. ئەوەی لای من گرنگە ئەوەیە گۆرانییەکەت بە کوردی بڵێی، گەر تۆ بە کوردی گوتت، ئیدی هەر شتێک بێ، سەر سەر و سەر چاو، هەرچییەک دەڵێی ئازادیت.
من هیچ هونەرمەندێکی کوردم نەبینیوە لە کۆنسێرتێکیدا زیاتر لە ٣٥٠٠٠٠ گوێگر بچنە کۆنسێرتەکەیەوە، بەڵام ساڵی ٢٠٠٣ لە باتمان لە کۆنسێرتێکدا ئەم ڕێژە گوێگرە بۆ ئێوە ئامادە بوو، ئەو مێژووە لای ئێوە چی دەگەیەنێ؟
ئەوەی باتمان گەورەترین کۆنسێرتم بوو تا ئەم کاتەیش. دەگوترا ٣٥٠ ھەزار کەس لە کۆنسێرتەکەدا بەشدارییان کردووە؛ بەڵام ھەندێکیش دەڵێن زۆر لەوە زیادتر بووە و نزیکەی یەک ملیۆن کەس بۆ کۆنسێرتەکە ھاتبوو. ئەوەم لا گرنگ نەبوو جوان حاجۆ لەوێ کۆنسێرتێک دەکا؛ گرنگ ئەوە بوو کە گەلەکەم ئەوەی کرد. جوگرافیای کوردستان، شەھیدانی کوردستان، مێژووی کوردستان، خەباتی کوردستان، بیرۆکەی کوردستانی، نیشتمانپەروەری، مێژووی پاک باتمانی دروست کرد نەک جوان حاجۆ. واتا کەسێک چییە، سفرە! بێگومان گوێگرم لە کوردستان زۆرە، بە تایبەتییش لە باکووری کوردستان؛ بە سەدان ھەزاریش دەبن. بەڵام باتمان شاری تێکۆشان و خەباتە، لە مێژوویشدا هەر وەهایە. بەڵێ، من و ھاوکارانم لەوێ کۆنسێرتێکمان کرد بەڵام نەک تەنیا هەر خۆمان، بەڵکو نەتەوەکەمان ئەو کۆنسێرتەی سەرخست. بۆیە باتمان ھەر لە ناو دڵمدا دەمێنێ و قەت ناتوانم لە بیری بکەم.
شۆڕشی چەکداری و بەرخۆدانی هونەری کە هەردووکیان لە پێناو نەتەوەیەکی ژێردەستی وەک کورددا هەمیشە ڕووبەڕووی ئازار و زیندان و هەندێک جار کوشتنیش دەبنەوە و نموونەیشمان زۆرە. ئەم کاریگەرییەی هونەر لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟
گۆرانی زۆر کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ھەموو شۆڕشەکانی کورد هەبووە نەک تەنیا لە ئێراق. بەڕاستی گۆرانیبێژان لە بەرزکردنەوەی ورە و لایەنی مەعنەوییەوە ڕۆڵێکی باشیان گێڕاوە، مۆڕاڵی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان ڕۆڵی ھەبووە و زۆر بەرچاو بووە. نەک هەر ئەوە، دەنگبێژی لە حەیرانەوە بگرە تا درێژەهەڵبەست… هەردەم لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەنگبێژی ڕۆڵی هەبووە، لە ماوەی ١٠٠ ساڵ… ٣٠٠ ساڵ… شتێکی نوێ نەبوو، خۆی هەمیشە هەر هەبووە و ڕۆڵی هەبووە، کاتێک کورد شەڕی چەکداریی دژی داگیراکەران کرد، ڕۆڵەکەی زیاتر بەرچاو بوو، ڕۆڵێکی باشی هەبوو، ئێ… وەها بوو… ئێستا لە سەردەمی دیجیتاڵدا دەبینین کورد زیاتر گوێ لە گۆرانیی ئەڤینداری دەگرێ… هەر بۆیە دەڵێم پێویستە پتر گۆرانیی ئەڤینداری بگوترێ… نەتەوەکەمان ئەوەی دەوێ، دەبینین دیجیتاڵ تەشقەڵەی تێدا نییە، ئەوەتا دەبینین ئەو گۆرانییانەی لەسەر نەتەوەی کورد و کوردستان و پێشمەرگەن گوێگریان کەمە، کەچی گۆرانیی ئەڤینداری خەڵک هەمووی گوێی لێ دەگرن… واتا کەسێک لێم بپرسێ جوان چ جۆرە گۆرانییەک بڵێم؟ ڕێک پێی دەڵێم گۆرانیی ئەڤینداری. مادام نەتەوەکەت گوێ لە گۆرانیی ئەڤینداری دەگرێ، ئەوە بڵێ. ئەڤین بەهێزترین و باشترین و مەزنترینە، هیچ لە خۆشەویستی گەورەتر نییە. بۆیە پێویستە لاوانی کورد ڕووی تێ بکەن، ڕاستە لە سەردەمی ئێمەدا شتێکی دی بوو، ناچار بووین گۆرانیی لەسەر بڵێین، نەبوو… گۆرانیبێژ کەم بوو… ساڵانی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٠ زۆر پێویست بوو، چونکە گۆرانیبێژمان کەم بوو… هەر بۆیە گۆرانی لەسەر نەتەوە و کوردستان زۆر پێویست بوو… سەربەرزم بەوەی گۆرانیم لەسەر پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان و ڕۆژهەڵات و باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا گوتووە… ئەو سەردەمە ئەوەی دەخواست، بەڵام ئێستا وەها نییە. گەنج و لاو و نەوەی نوێ حەزیان لە گۆرانیی ئەڤیندارییە. هەر بۆیە گۆرانی لەسەر ئەڤین و خۆشەویستی بڵێن… خۆی لە هەر قۆناغێکدا شتێکی نوێ پێویستە، سەردەمی ئێمە لە هەشتادەکان و نەوەدەکان وەها بوو… لەو سەردەمەی ئێمەدا دەبوو گۆرانییەکانمان لەسەر مژاری نەتەوەیی، کوردستان، نیشتمانی، گەلی کورد، زوڵم و ستەم، دەستدرێژی، شەڕ بێ. ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە؛ دیجیتاڵ و تەلەفۆن و تێکنەلۆجیا و چی و چی. بۆ نموونە، بڕوا بکە ئێستا باسی سی ساڵ لەمەوبەر بۆ لاوی کورد بکەی لێی تێناگا! تۆ بچی باسی گەلیی زیلان بۆ گەنجی ئێستا بکەی تێناگا لەو ڕەشەکوژییە، یان هەڵەبجە کە پێنج هەزاری کوردی تێدا کیمیاباران کرا… ئێ… گەنج وەک ئێمەومان تێناگا، ئێمە فرمێسکمان هەڵدەڕشت… لاوی ئێستا وەها بیر ناکەنەوە… هەر بۆیە دەڵێم با گۆرانیی ئەڤینداری بڵێن، ئاساییە گۆرانی بۆ وڵاتەکەی خۆیشیان بڵێن، کەس نەیگوتووە گۆرانیی ئەڤینداری مەڵێن، خۆیان ئازادن، بەڵام با گۆرانی بۆ نیشتمانەکەیشیان بڵێن.
*[1] Emîna
[1] Homer Dizeyî
[2] Qadir Dîlan
[3] The Beatles
[4] Tehjo Evächter
[5] Leo Petrad
[6] Rams
[7] Bass
[8] Bircên Diyarbekir
[9] Pop
[10] Rock
[11] Jazz
[12] Goran Haco
[13] Rojen Bernas
[14] Bilura Min
[15] Mîr Celadet Bedirxan
[16] Seydayê Gerok
[17] Gula Sor
[18] Qedrî can
[19] Cegerxwîn
[20] Mehmed Uzun
[21] Dîyalog
[22] Gund û Bajarên Çadirî
[23] Girtîyên Azadîyê
[24] Dilber Haco
[1] Arabesque