(ناسیۆنالیزم و موزیک) و ڕاستکردنەوەیەک

 

ژیانی موزیکی لە سلێمانی لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ـەیەمدای

لە کتێبی (ناسیۆنالیزم و موزیک)دا بۆ ئەوە چووبووم، ئەو شیعرەی مستەفا بەگی کوردی تێیدا باس لە مەجلیسێکی موزیکی دەکا و ناوی موزیکژەن و گۆرانیبێژ و ئامێرە موزیکییەکانیان و مەقام و گۆرانيیەکانیان دەهێنێ، لە سلێماني نەگوترابێ و مەجلیسەکەش هی شارێکی دیکە بێ، بە مەزەندەش هی یەکێک لە شارەکانی ئێران (زیاریش سنە) بێ. شیعرەکەش ئەمەیە:

ئاغه‌ زه‌ننون لێبدا سینه‌که‌مان فارس گرفت

ئه‌لکه‌ ته‌نبور و ده‌ف و ئه‌سعه‌د بدا ده‌ستێ به‌ ساز

مستۆ: ئیبراهیمی، ئه‌وڕه‌حمان: نه‌وا و فه‌تحی: حه‌زین

مسته‌فا: ناری و سێگا، یونس بڵی ده‌شتی و حیجاز

با ره‌سول هه‌ڵداته‌ ڕاست، ساڵح بڵێ نیوه‌شه‌وی

محی‌الدین: چوارگا و قه‌ره‌ ده‌نگی بڵند کا بۆ قه‌زاز

جار به‌ جار به‌ کزێکه‌وه‌ هه‌ستێ له‌ په‌رده‌ی تاهیری

یاره‌که‌ی عاشقکوژه‌ و مه‌عشوقه‌که‌ی عاشق نه‌واز

موتریب ئەر وا بن فیدایان بن نەکیسا و باربود

ساقی ئەر وا بێ بە قوربانی دوو دیدەی بێ، ئەیاز

شیعرەکە بە (دڵ لە میحنەت کەیلە ئەی پیری موغانی بەزم ساز) دەستپێدەکا. جەمال شارباژێڕی لە کتێبی (لێدوانێکی کورت لەسەر مەقام و مۆسیقای کورد، ١٩٧٠) بە شانازيیەوە ئەم دێڕەشێعرانەی بە “تاپۆیەک” داناوە “بە دەست هونەری کوردي”یەوە، کە مێژوویەکی دێرینتری هەیە. من نووسیبووم “هەتا شوێن و کاتی دانانی شیعرەکە ساغنەکرێتەوە، دەبێ ئەم دێڕە شیعرانە بە سڵ و حەزەرەوە وەک بەڵگە بۆ ڕەواجی موزیکێکی هونەری لەو سەردەمەی کوردستاندا تەماشابکەین”، بە تایبەتي کە مستەفا بەگی کوردی ماوەیەکی زۆر لە تەمەنی لە غەریبی و زۆرتریش ئێراندا بردۆتە سەر.[1]

چەند ساڵێک لەمەوپێش دیوانە کۆکراوەکەی سالم، کە بنکەی ژین لە بەرگێکی کەشخەدا ساڵی ٢٠١٥ بە چاپی گەیاندبوو، هاتە بەر دەستم. منیش بۆ ئەوەی کەمێک سالم بناسم، کەوکوژانە بۆی دانیشتم و یەکە یەکەی شیعرەکانم خوێندەوە و هەرشتێکیش سەرنجی ڕاکێشام لە سەرنجنامەیەکدا نووسيمنەوە. لە لاپەڕە ٥٢٩دا چاوم کەوتە سەر ئەم دێڕە:

مەجلیسێ وا بێ، موشەخخەس، دوودی گۆگرد عوودە بۆی

“دەروێش ئاغا” بوو لە جێی “مستۆ” هەموو شەو نەغمەخوان!

“مستۆ”ی نەغمەخوان یەکسەر سەرنجی ڕاکێشام و “مستۆ”کەی کن کورديیم بیرکەوتەوە. ئەمە دێڕی ٢٠ـەمی شیعرە درێژە بەناوبانگەکەی سالمە کە بە “لێم گەڕێن با گۆشەگیر بم، دەستەوئەژنۆ کەفزەنان” دەستپێدەکا و چەند دێڕێکی لێهەڵبژێرراویشیمان لە قوتابخانە لێ خوێندووە. شیعرەکە باس لە شەڕی عەزیز بەگی بابان دەکا دژ بە ئیسماعیل پاشای تورک، کە دوا خۆڕاپسکانی عەسکەريی بابان بوو پێش ئەوەی ئەمارەتەکە بە یەکجاری هەڵبوەشێتەوە و ڕاستەوخۆ کاربەدەستانی تورک لە سلێمانی جێگیر بن. ئەم ڕەوش و بارەی ئەو ڕۆژگارە سلێمانی تێ دەکەوێ و تین بۆ سالم دەهێنێ بۆ نالی بنووسێ:

تو خوا بڵێ بە حەزرەتی (نالی): دەخیلی بـــم
بـەم نەوعە قەت نـەکا بە سولەیمانــییــا گـــوزەر

هەمان ئەو ڕۆژگارەیە کە سالم چاوی پێی هەڵنایە و لەم شیعرەدا بە داخ و حەسرەتەوە وەسفی دیمەنی دەسەڵاتگۆڕکێ دەکا لە سلێمانی:

دڵ لە میحنەت کەیلە، تابی سەیری ناوشارم نییە

عەینی چاوم خوێنی تێ‌زاوە لە داخی مەردومان

حاکمە ڕۆمي لەسەر تەختی “سولەیماني”، درێغ!

کەوتە دەستی دێوی دوون موهری سولەیمان “الامان”

ئیدي دوای ئەوە بە دوور و درێژی باسی دەسەڵاتگۆڕکێ و خاوەنگۆڕکێ و بەڕێوەبەرگۆڕکێی یەکەیەکەی شوێنە ئیداري و بازرگانی و پیشەییەکان دەکا و بە ناو ناوی کەسەکان دێنێ. بۆ نموونە:

ئاڵوگۆڕی مەنسەبی دوو شەخسی عالي‌جاهـ کرا:

“مەحموود ئاغا”ی زل: حەکیم‌ باشی، حەمامچی: “بابەجان”

ئەوەی بۆ ئەم باسە گرنگە ئەوەیە، “دەرویش ئاغا”ی دەنگناخۆش ئیدی هەموو شەوێ لەبری “مستۆ” ئاواز دەخوێنێ. هەرچەندە سالم، لەو ناوانەی کوردي هێناونی، تەنیا ناوی “مستۆ” دەهێنێ. بەڵام ئیحتیمالی ئەوەی مستۆکەی سالم هەر مستۆکەی کوردی بێ پتر ڕێی تێ دەچێ، بە تایبەتی کە لە هەردوو لا مستۆ نەغمەخوانە. پاشان باس لە “مەجلیسێک”ـە کە “هەموو شەو” بەڕێوەچووە. واتە شەوان کۆڕی گۆرانی هەبووە و ئەمەش لەگەڵ وێنەی مەجلیسەکەی لای کورديدا دێتەوە، کە بە هۆی بەردەوامییەوە کوردی خووی پێوە گرتووە؛ بیریشمان نەچێ، کوردی‌ نەک هەر وەک سالم خەڵکی سلێمانی بووە، بەڵکو ئامۆزایشی بووە و تا ئەندازەیەکیش هاوتەمەنی بووە. ڕووداوی شەڕەکەی عەزیز بەگیش، کە سالم لەم شیعرەدا باسی لێ دەکا، لە بەهاری ساڵی ١٨٥١دا بووە.[2] واتە مستۆ هەتا ١٨٥١ لە کۆڕی گورانيی شەواندا بەشدار بووە. ساڵە مەزەندەکراوەکانی مردنی کوردی، چ ١٨٥٠ بێ یان ١٨٥٩(دیوانی کوردی، حەمەبۆر)، ناکۆک نییە بە ڕۆژگاری هەبوونی مەجلیسی ناوبراو.

 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم ئاماژانە بایی ئەوەندە نین، تەواو لەوە دڵنیا بین، هەردوو مەجلیسەکە یەک مەجلیسن. بەڵام ئاماژەکانی تەرجیحی ئەم ئیحتیمالە دەکەن زۆر لە پێچەوانەکەی بەهێزترن؛ بۆیە هەتا ئاماژەی بەهێزتر بۆ پێچەوانەکەی دەرنەکەوێ، دەبێ شوێنی ئەو مەجلیسە موزیکییەی کوردی باسی لێوە دەکا بە سلێمانی بزانرێ. بەڵام ئەگەر وایە، ئەم مەجلیسە شەوانەیە کەی بووە؟

هەرچەندە بەدەرناگیرێ گۆرانیبێژێک پتر لە چەند دەساڵێک چالاک بێ؛ بەڵام لە ژینگەی کولتووری و سیاسیی ناجێگیری سلێمانيی سەردەمی باباندا کەمتر رێی تێ دەچێ مستۆ چەند دەساڵێک لە مەجلیسی شەواندا بەردەوام بەشداریی هەبووبێ. بۆیە من مەیلم بەلای ئەوەدایە، ئەو مەجلیسەی کوردی باسی دەکا لە چلەکانی ئەو سەدەیەدا بووبێ؛ واتە ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی یەکێکی وەک ئەحمەد پاشای بابان (لە ١٨٣٨ەوە تا ١٨٤٨ بە چەند پچڕانێکی کەمەوە) کە بەدەم ئاراميیەکی نیسبيیەوە هەوڵی مۆدێرنیزەکردنی میرنشینەکەی دەدا و شارەزای ئەوروپي دەهێنا و سوپای ڕێک دەخست؛ ئەو سوپایەی نالی بە “تاقمە مومتازە”کە ناوی دەهێنا و شێخ ڕەزایش سەرسامی “سەدای موزیک و نەققارە”ـکەی بووبوو.

ئەوەی وای لە من دەکرد شوێنی ئەو مەجلیسە بە سلێمانی نەزانم چەند هۆکارێک بوون:

مستەر کاودیۆس ڕیچ لە ١٨٢٠دا هاوینێکی تەواو لە سلێمانی دەمێنێتەوە و بە وردی هەموو مەجلیسە سیاسی و کلتووريیەکان باس دەکا. هۆمەر ئاغا-ناوێک دەبێتە هاوڕێ و ڕێنوێنی و زۆر هاومەجلیسی وەسمان بەگی برای مەحموود پاشا دەبێ. مەحموود پاشا خۆی بەدین و مەحافزەکار بووە. بەڵام وەسمان ئەهلی کەیف و بەزم دەبێ. بەوەدا ڕیچ کەمانچەیەکی پێشکەش کردووە، دەبێ وەسمان هیچ نەبێ سەری لە موزیکیش خورابێ، ئەگەر موزیکژەنیش نەبووبێ. هۆمەر ئاغایش، کە پیاوێکی سەنگین و قورس بووە، بە زۆری ڕیچ خۆی ئاخري تەکلیفی دەستەیەک ژێی کەمانچەی لێ دەکا؛ واتە ئەمیش موزیکژەن بووە. ئەگەر مەجلیسێکی بەهونەريی لەو شێوەیەی ئاغەزەننون و ئەلکە و ئەسعەد و مستۆ هەبووبێ، کە بە دەم دەنگی کەمانچە و تەنبوور و ساز و دەفەوە ئەو مەقامە جۆربەجۆر و ئاڵۆزترانە گوترابن، بۆچی وەسمان و هۆمەر، کە مەبەستیان بووە میوانەکەیان کەیفخۆش بکەن، ڕێچ دەبەن بۆ ئێوارەمەجلیسێک، کە تەنیا دوو فەلاح (یان سەپان) ئاوازی “خۆش بەڵام مۆنۆتۆن” بە “بلوێر” بژەنن و گۆراني‌ی میللی وەک “لەیلێ گیان” و “ئەز دەناڵێم” بڵێن؟

دوای پتر لە سەد ساڵ ئەمجا موزیکی هونەری لە شێوەی تیپی موزیکيدا لە سلێمانی دەردەکەوێ (تیپیی مەولەوي ١٩٥٥). موزیکی هونەری واتە ئەو موزیکە فرەئامێرتر و بونیادئاڵۆزترە، کە بە پێچەوانەی موزیکی میللی یان فۆلکلۆريیەوە، ئاستی هونەريی بەرزترە، وەزیفەی کۆمەڵایەتيی ئاڵۆزترە، داهێنەرەکانی دیارن و لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە. ئەنوەر قەرەداخي دەگێڕیتەوە: “له‌ ساڵی 1961 له‌ شاری سلێمانی، هه‌رچه‌ند خه‌ڵک حه‌زی له‌ هونه‌ر ده‌کرد، نیوه‌ڕۆیان ئه‌چووین بۆ ماڵی براده‌ران بۆ ته‌مرین به‌ دزییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئامێره‌کانمان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بینن. چونکه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ بیاندیتبا مناڵ شوێنمان ده‌که‌وتن. من سه‌رم شکاوه‌ به‌ردیان تێگرتووه‌، ئێستاش شوێنه‌که‌ی دیاره‌. به‌ شتێکی سووک سه‌یریان ده‌کردین” (چاوپێکه‌وتن. برایم فه‌رشي 1995). من خۆم هەتا سەرەتای هەشتاکانیش ئاسەواری ئەو دڕدۆنگی و نەیاريیە بە ئامێرە موزیکيیەکانم بەديدەکرد.

شارێک لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا شەوانە کۆڕی موزیک و گۆرانيی تێدا بەڕێوەچووبێ، چۆن دەبێ خەڵکە عەوامەکەی تا شەستەکانیش ئامێری موزیکی ئەوەندە پێ نامۆ بووبێ، بەرد بگرنە هەڵگرەکەی؟ بەم مەنتیقە وای بۆ دەچووم، مەجلیسەکەی کوردی لە سلێمانيدا نەبووبێ. بەڵام لێرەدا من نائاگا کەوتبوومە هەڵەیەکی مەنهەجيیەوە، بە مەنتیقی ئەوەی مێژوو هەمیشە وەک هێڵێکی لار سەردەکەوێ و پێشدەکەوێ؛ ئەگەرچی هەر لە هەمان کتێبدا، واتە ناسیۆنالیزم و موزیک، بە پێچەوانەی ئەو مەنتیقەوە چەندان نموونەی مێژوویيم لەسەر مەڵبەندگەلی کولتووريی وەک بەغدا و قورتوبە هێنابۆوە، کە ڕۆژگارێک گەورەترین چراخانی کولتوور و زانستی جیهان بوونە و پاشان بوونەتە تاریکستانی چەپەک و بچووکی لەبیرکراو.

چڕبوونەوەی “دەسەڵات و داهات هۆکاری یەکجار گرنگن بۆ کێشکردن و پەرەپێدانی هونەر، بە تایبەتیش موزیک؛ هەڵبەتە بە شەرتێک سیستەمی دەسەڵاتەکە، هیچ نەبێ، دژ بە هونەر و موزیک نەبێ” نووسیبووم (ل. ٨٤). ئەوە هەمان ئەو هۆکارەیە کە لەو لێکدانەوەیەدا بۆ سلێمانی ڕەچاوم نەکردبوو. سلێمانيی دەورانی بابان، سەرەڕای نائارامی و پشێویی سیاسی، ئەو دەسەڵات و داهاتەی تێیدا کۆبووبۆوە زۆر لەوە زیاتر بوو، کە لە دەورانی حوکمی ڕاستەوخۆی تورکە عوسماني‌یەکاندا لە چوارچێوەی لیوایەکی سەرپەڕی سەر بە ویلایەتی موسڵ هەیبوو. لەسەر مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمی ئەو شارە دەیان گێڕانەوە و ڕاپۆرتی گەڕیدە و دیپلۆماتکاران دەدۆزیتەوە کە بە تایبەتی سەردانیان کردووە و یان پێیدا ڕۆیشتوون. لە نیوەی دووەمدا، بە پێچەوانەوە، بە دەگمەن باسێکی سلێمانی دەدۆزیتەوە. هۆکەی ڕوونە: لە کاتێکدا دەسەڵاتی بابانەکان، سەرەڕای ناکۆکی و خۆخۆريیان، دەگەیشتە ئەوەی یەکێکی وەک ئەوڕەحمان پاشا بە هێز بەغدا بگرێ و خۆی دەستی لە دانانی واليدا هەبێ لەسەری، لەپاش ڕووخانی ئەمارەتەکە بووە شارۆچکەیەکی چەپەکی بێبایەخی بێدەسەڵات، کە هەندێک جار بە هۆی ڕێگري‌ی هەمەوەدەکانەوە چەندان مانگ مەعاش بە دەست مەئموورە گەندەڵەکانی نەدەگەیشت. شارەکە سەنگێکی سیاسي‌ی نەمابوو.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەمارەتەکان لە چوارچێوەی بەمەرکەزیکردنی دەوڵەت و ڕیفۆرمە ئیداريیەکان، کە بە (تەنزیمات) ناودەبرا، عوسماني‌یەکان بۆیان دەرکەوت کە بە مەئموورە تورکە لە ئەستەنبووڵەوە دیاریکراوەکانیانەوە ئیدارەی کوردستانیان پێ نادرێ. بۆیە ناچار ڕێیان بە شێخە دەستڕۆیشتووەکان دا بۆشایي‌یەکە ناڕاستەوخۆ پڕبکەنەوە. ڕۆژگاری نێوان ئەمارەتەکان و جەنگی جیهاني یەکەم، هەر وەک مارتین ڤان پرۆینسن (کۆمەڵناس و لە کورد کۆڵەوە) دەڵێ، ڕۆژگاری شێخانە لەسەر ئاستی هەموو کوردستان (شێخانی بەرزنجی، شێخانی نەهري، شێخانی بارزان، شێخانی پیران و هتد). ئەم شێخانە لە سەردەمی ئەمارەتەکاندا تەنیا دەسەڵاتی دینيیان لابوو. دەسەڵاتە دنیایيیەکە یان سیاسيیەکە لای میرەکان بوو. کە میرەکان نەمان، بە فیعلی هەردوو دەسەڵاتەکە کەوتە لای ئەمان. ئەم شێخانە، چ سەر بە تەریقەتی قادری بووبن یان نەقشبەندي، شەرعییەتیان لە دینەوە سەرچاوەی دەگرت و کاتێک دەسەڵاتی سیاسيیشیان پیادە دەکرد، نەدەکرا ڕێ بە شتانێک بدەن لەگەڵ شەرعدا نەیەنەوە. بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی سەردەمی شێخەکانمان داخراوتر و مەحافزەکارتر بێتە بەرچاو لەچاو هی میرنشینەکاندا.

ئەمانوڵاخانی میریی ئەردەڵان دەماخی بە سەما و گۆرانيی دەستەیەک کوڕ و کچی جوان تەڕدەکرد، کە بە لەزمووني دەناسران. ئەمانە لەو سەردەمەدا ئەوەندە لە سنەدا بڵاوبونەتەوە، بە قسەی پزیشکێکی بەریتاني کە لە ١٨١٩دا لەوێ بووە، “بڵاوبوونەوەی ئەم دابونەریتە ئەم پایتەختە بچووکەی وەرگێڕاوە بۆ یەکێک لە بەرهەڵداترین مەڵبەندەکانی ڕۆژهەڵات” (سنە و والي‌یەکەی، Nizar Sabir، Facebook، ٦/٤/٢٠٢٠). ئەمە بە دوور ناگیرێ کە تەئسیری لەسەر سلێمانییش هەبووبێ، چونکە سلێماني و سنە لەو سەردەمەدا وەک دوو نەیاری بێیەک‌هەڵنەکردوو وابوون. وەسمان پاشای بابان، حەرەمەکەی چەندان ژنی لەخۆگرتووە (لەوانە کەنیزکی ئێزیدی بە دیل گیراو[3] لە هەڵمەتی بابانەکان لەپاڵ واليی بەغدادا بۆ سەر شەنگال[4]) و ئەهلی کەیف و ڕابواردن بووە (Rich).

موزیکژەنێکی هاوڕەگەزبازی حەمادي ئاغا-ناو، کە گوایە بە ڕەچەڵەک کوردیش بووە، پاش ئەوەی لە بەغدا لە سازکردنی مەجلیسی “تەرەب” و “تەرەف”ی شەوان ناو دەردەکا، دەبێتە هاوڕێ و حەزلێکراوی واليیە گەنجەکەی ئەو کاتەی بەغدا، سەعید پاشا، و پاشان جێی خۆی دەکاتەوە تا دەگاتە پلەی کەهیە[5] (کەسی دووەم دوای والي) و بەغدا دەبێتە مەڵبەندی گۆراني و سەما و شەوڕابوێري. ڕێی تێدەچێ ئەمەش، زۆر یان کەم، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی شەوڕابوێري لە سلێمانی هەبووبێ؛ بە تایبەتي کە سلێماني وەک پایتەختی ئەمارەتی بابان، سەرەڕای یاخیبوون و سیاسەتی سەربەخۆی میرەکان، لە ڕووی ئیداري‌یەوە لەژێر دەستی والي بەغدادا بووە و بەشی خۆی خەڵکێکی زۆری ناوچەکانی بابان، چ نێرراو و چ تۆراو و چ گەڕاو، لە بەغدا بوون. ڕەنگە ئەو مەجلیسە موزیکي‌یەی وەسمان بەگ بۆ مستەر ڕیچی سازاندووە و دڵی نەگرتووە، بەڵگەی ئەو ڕەنگدانەوە و پەیوەنديیە کولتووريیە بێ. ڕیچ لە باسی ئەو مەجلیسەدا بە کورتی دەڵێ: “موئەددییەکان هونەرمەندی ئەوتۆ نەبوون. لە گۆرانیبێژە پلەدووەکانی بەغدا بوون”[6]

تۆ بڵێی ئەو موئەدديیانە پێشەنگی ئەو ڕەوتە بووبن کە پاشان بە مەجلیسکەی ئەلکە و مستۆ تەواو بووە؟ چەندیان لەو ناوانەی مستەفا بەگی کوردی ناوی هێناون خەڵکی سلێمانی و چەندیان کورد بوون؟ ئایا ئاستی هونەريیان هەر ئەوەندە بووە، کە کاتی خۆی دیپلۆماتکارێکی وەک ڕیچ، کە خۆی موزیکژەیش بووە، پێیان بڵێ “هونەرمەندی ئەوتۆ نەبوون و لە پلە دووەکان بەغدا بوون”؟ بەڵام کێ دەتوانێ ئاستی هونەري‌ی تیپێکی موزیکيی ڕۆژهەڵاتی لەڕێی گوێی بیانيیەکی ڕۆژئاوایيیەوە هەڵبسەنگێنێ؟ دەبێ ڕیچ چەند ئاگاداری دیمەنە موزیکيیەکەی بەغدا بووبێ؟ ئەو، کە لە ١٨٠٨ەوە تا ١٨٢١ لەوێ بووە، هەڵبەت بایی ئەوەندە ئاگادار بووە باس لە پلە دووەکانی موزیککارەکانی بەغدا بکا. بەڵام هێشتا ڕوون نییە، چەند لە ڕووی کولتووری موزیکانەوە لە تان و پۆی موزیکی ڕۆژهەڵاتی گەیشتووە و چێژی لێ بینیوە. ئەو ئینتیباعەی سەرنجەکانی ڕیچ لای من وەک خوێنەر دروستیان کردووە، پیاوێکی ئەرستۆکراتی جێنتڵمانی مەحافزەکار بووە و مەجلیسی شەوانەی ڕازاوە بە موزیک و سێکسی بە چاوی سووک تەماشا کردووە. ئەمە لە سەردانەکەیدا بۆ قەسرەکەی ئەمانوڵا خان لە سنە دەردەکەوێ، کاتێک بە شێوەیەکی نەرێنانە ئاماژە بە ئاسەواری لە شەوی ڕابوردوو بەجێماوی مەجلیسێکی تایبەتی حەرەمەکەی ئەمانوڵا خان دەکا. ڕەنگە هەر ئەو حەزنەکردنەی بووبێ لە مەجلیسە شەوانەکانی بەغدا، کە دڵی بەو کۆڕە موزیکي‌یەی سلێماني‌یش نەکرابێتەوە، کە وەسمان بەگ بۆ سازکردووە.

بایی ئەوەندە سەرچاوەی مێژوویی لەبەردەستدا نین ڕووناکی بخەنە سەر ژیانی کەیفسازی لە سلێمانيی دەورانی باباندا. ئەو کەمەیشی هەیە لە زۆربەی‌دا هی گەڕیدە بیانيیەکانە و بەشی شێریشی هی مانەوەکەی مستەر ڕیچە. هەموو ئەمانەش ڕێ بەوە نادەن وێنەیەک لەسەر سلێمانی ئەو ڕۆژگارە پێکەوەبنێین، کە لە ڕووی ژیانی کەیفسازی و ڕابواردنەوە، چ بە چەندێتی و چ بە چۆنێتي، لە ئاستی شارە گەورەترەکانی وەک بەغدا و کراوەترەکانی وەک سنەدا بووبێ. بەڵام تاک و تەرا مەیخانەی بچووک، کە مەجلیسی موزیکيیان لەخۆگرتبێ، بە دوور ناگیرێ، وەک ئەوەی مستەفا بەگی کوردی لە هەمان شیعری ناوبراودا باسی لێ دەکا:

بانگ کەنە زاهید نومای ڕەندانی گۆشەی خانەقا

بێن، کە وازە دەرکی مەیخانان و خەڵوەتگاهی ڕاز

خابی غەفڵەت نازڵە بۆ چاوی شەحنە و موحتەسەب

دەرفەتە جامێ ئەسەر کێشێ بڵا بێ ئیحتیراز

با بە شەرتێ بادە مەردئەفگەن بێ، ساقی نەوجەوان

دیدەمەست بێت و کڵاو کەچ کات و دوگمەی سینە واز

زولف و کاکۆڵ و غوڵامانەی هەموو ئەفشان بکا

بێ بە زانوودا بدا جامێ بە عیشوە و شەرم و ناز

وا چاوەڕێ دەکرێ دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەمارەتەکان و گەورەتربوونی دەسەڵاتی شێخەکان ئاووهەوای کۆمەڵایەتی و کولتووری زۆرتر بەرەو داخران و مەحافەزەکاری ڕۆیشتبێ. شێخ مستەفای نەقیب (١٨٥٩ – ١٩٠٢ز)، کە نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە و قەیسەری نەقیب لە سلێمانی دروستکراوی ئەوە، زێوەری شاعیر بە “لە دیانەتا موتەعەسسیب”[7] وەسفی کردووە. زێوەر دەنووسێ “هیچ ژنێک نەیوێراوە لە ترسی ئەو لە بەردەرگا دابنیشێ”[8] [9]. لە وشکەساڵێکدا، کە نوێژەبارانە کراوە و دیارە سوودی نەبووە، بە شێخ مستەفا ڕاگەیێنراوە، کە سەعید بەگێکی خزمی خۆی ژنێکی بە ناحەڵاڵی لە ماڵی خۆیدا داناوە و بێبارانيیەکە “غەزەبی ئیلاهيیە” بەهۆی “دوو سێ کەسی وا بێدینەوە”. زێوەر دەنووسێ: ئەویش “گورج خۆی لەگەڵ خدمەتکاران هەستا چوو ژنەکەی لە ماڵ هێنایە دەرێ، ئەمری کرد شار بە دەری بکەن. مناڵ شوێنی کەوتن، ئافرەتیان لە جێگای خۆی تەفوتوناکرد. بە ئەمری خوا دوای دوو ڕۆژ باران باری، خۆشي کەوتە وڵات.”[10] مێجەر سۆن باس لەوە دەکا، دوای کوژرانی شێخ سەعید (باوکی شێخ مەحموود) لە مووسڵ ساڵێ ١٩٠٨، ماڵی شێخان لە سلێمانی تەئزێ بەسەر هەموو شارەکەدا دەسەپێنن و هەرچی گرامافۆن و ئامێری موزیکی هەن، بە زۆر لە خاوەنەکانیان دەسەنن و دەیانشکێنن.[11]

ئەم تەهوژمە بە ئاراستەی مەحافزەکاريدا پاش ڕووخانی ئەمارەتەکان و بەدەسەڵاتبوونی شێخەکان پیدەچێ هەموو شارەکانی کوردستانی گرتبێتەوە، ئیدي سنە بووبێ، یان دیاربەکر و بەدلیس. ئەوەی گێڕانەوەکانی گەڕیدەی عوسمانی، ئەولیا چەلەبی، لە سیاحەتنامەکەیدا بۆ نموونە لەسەر بەدلیس لە سەدەی ١٧ـەمدا بخوێنێتەوە و ئەمجا سەردانێکی ئەو شارە یەکجار مەحافەزەکارە بکا ئێستا، لەو ئاراستە سیاسيیە کۆمەڵایەتيیە کولتووريیە بەرەوخوارە دەگا، کە لە کەلاکەوتنی سیاسيی کوردستان، بە تایبەتی لە سەرەتای سەدەی نۆزدیەمەوە، و دەستڕۆیشتنی شێخەکانەوە ڕێیان بۆ خۆش دەبێ. لە کاتێکدا لەم ماوە مێژووییەدا بەرکەوتنی دنیای ئیسلام بە مۆدێرنەی ئەوروپی ناوەندە سیاسی-کولتووري‌یەکان، واتە centres، ـەکانی وەک قاهیرە و ئەستەنبووڵ و تارانی بە ڕووی پەرەسەندنە کولتووری‌ و تەکنەلۆژيیەکان دەکردەوە، ناوچە پەرێزەکان، واتە periphery، تابێ دادەخران.

بێینەوە سەر موزیکی هونەری لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ـەیەمدا: لەبەر ئەوەی سەرچاوە مێژووییەکان یەکجار کەمن، گەلێک لایەنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە تایبەتیش کولتووری ئەو سەردەمەی سلێمانی و کوردستان تاریکن. هێشتا کاری یەکجار زۆر لەبەردەم لێکۆڵەراندا هەن بە ئەنجام بگەیەنرێن. ئەوەی تا ئەندازەیەک ڕوونە ئەوەیە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩ـەمدا کۆڕ و مەجلیسە کەیفسازەکان موزیکێکی هونەريیان لەخۆگرتووە، کە ئەندازەی بەربڵاوي‌ و ئاستی هونەري‌یان ڕوون نین. لێرەدا تۆپ لە مەیدانی موزیککارە توێژەرەکانە چمکێک لەو ڕۆشنکردنەوە مێژووییە بگرنە دەست؛ بۆ نموونە، جگە لە مەقامە ناسراوەکان، کە لە شیعرەکەی کوردیدا هاتوون، ئیبراهیمی و حەزین و نیوەشەوی و قەزازمان پێ بناسێنن، ئەگەر دەیانناسن و ئەگەر نا، ساغیان بکەنەوە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونترمان هەبێ لەسەر ئەوەی لەو مەجلیسانەدا چ ئاوازگەلێک زرنگاونەتەوە.

[1] نزار سابیر، ناسیۆنالیزم و موزیک لە ئەزموونی کوردستانی ئێراق‌دا، ئەڵمانیا ٢٠١١، ل. ٧٤ و ٧٥

[2] دیوانی سالم، ساغکردنەوە و لێکدانەوەی عبدولکەریم مودەرریس، فاتیح عەبدەلکەریم، حەمەی مەلا کەریم، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، بنکەی ژین، ٢٠١٥، ل.٥٢٢.

[3] Rich ، , The Narrative of Residence in Koordistan S. 286

[4] حسێن نازم بەگ، مێژووی میرایەتیی بابان، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، بنکەی ژین

[5] متعب چابر خلف، العراق في عهد الوالي سعید باشا ١٨١٣ – ١٨١٦م ، ٢٠١٢

[6] نزار رسابیر، ناسیۆنالیزم و موزیک. ئەڵمانیا ٢٠١١، ل. ٧٧

[7]  زێوەر، گەنجینەی مەردان و یاداشتی ڕۆژانی دەربەدەری، بەغدا ١٩٨٥، ل. ٨١

[8] زێوەر، گەنجینەی مەردان  ل. ٨١

[9]  ئەمە ڕێی لەوە نەگرتووە حەپسە خانی کچی شەخسییەتێکی سەربەخۆ و ناسراوی لێ دەربچێ.

[10] زێوەر، گەنجینەی مەردان  ل.٨٢

[11]  E.B. Soane، To Mesopotamia and Kurdistan in Disguise، London 1912، S.192

 

 

 

نزار سابیر ٥/٦/٢٠٢٠

Leave a comment