[ هاروکی مۆراکامی و پێوەندیی نێوان موزیک و نووسین ]

بەشێک لە گفتوگۆی نێوان ڕۆماننووس هاروکی مۆراکامی و موزیسیان سێیژی ئۆزاوا

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

بە درێژایيی نزیکەی نیوسەدە هەوادارێکی بەپەرۆشی موزیکی جاز بووم، بەڵام لە هەمان کاتدا و بە هەمان شەوقەوە بەردەوام گوێم له‌ موزیکی کلاسیک گرتووه‌. هەر لەو کاتەوەی لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، قەوانەکانی موزیکی کلاسیکم کۆ کردووه‌تەوە و ئەوەندەی کات ڕێگه‌ی دابێت، چوومەتە کۆنسێرتە موسیقییەکانه‌وه‌، بە تایبەتی ئەو کاتەی لە ئەورووپا دەژیام، لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە بۆ ١٩٨٩. لە موزیکی کلاسیکدا نوقووم بووبووم. هەمیشە گوێگرتن لە موزیکی جاز و کلاسیک هەم هاندەرێکی کاریگەر و هەمیش سەرچاوەی ئارامیی دڵ و دەروونم بووە. ئه‌گەر کەسێک پێی بگوتمایە دەبێت گوێ لە تەنها یەکێک لەو دوو جۆرە موزیکیە بگرم، ئەوا ژیانم بە شێوەیەکی سه‌ير دەچووەوە یەک. هەروەک (دیوک ئیلینگتن) دەڵێت، (زۆر بە سادەیی دوو جۆر موزیک هەن، موزیکی باش و جۆرەکەی تر.) بەو مانایە، موزیکی جاز و کلاسیک لە بنەڕەتدا هەمان شتن. ئەو چێژە خاوێنەی کەسێک لە گوێگرتن لە موزیکی (باش) وەریدەگرێت، لە سەروو بابەتی جۆرەوەیە.

هەرچەندە بە درێژایيی ئەو ساڵانە موزیکم خۆش ویستووە، بەڵام هەرگیز پەروەردەیەکی مۆسیقیی فەرمیم وەرنەگرتووە و هیچ زانیارییەکی تەکنیکیم له‌بارەی موزیکوه‌ نییە. لەو ڕووەوە تەواو کەسێکی ئاساییم. سەرەڕای ناپیشەییبوونم (ڕەنگه‌ بە هۆی ئەوەشه‌وە بێت،) هەرکاتێک گوێ لە موزیک دەگرم، بە بێ هیچ پێشداوەرییەک گوێی لێ دەگرم. زۆر بە سادەیی گوێ بۆ بڕگە مۆسیقییە نایابترەکان دەکەمەوە و لە ڕووی فیزیکییەوە دەیانکەمە ژووره‌وه‌. کاتێک ئەو بڕگە مۆسیقییە نایابانە لە ژووره‌وه‌ن، هەست بە شادی دەکەم. کاتێکیش هەندێک لە بڕگەکان بەو شێوەیە نایاب نین، بە داخێکەوە گوێی بۆ ڕاده‌گرم. بەدەر لەوە، ڕەنگە ئيستێک بکەم و بیر لەوە بکەمەوە کە بۆ هەندێک لە بەشەکان بەو شێوەیە نایابن و هەندێکی تر وا نین! بەڵام ڕەگەزەکانی تری موزیک بەو شێوەیە بۆ من گرنگ نین. ڕاستييه‌كه‌ى بڕوام وایە کە موزیک بۆیە هەیە، تا بەختەوەرمان بکات.

مۆراکامی: هەر لە سەردەمی هەرزەکاریمەوە بەردەوام گوێ لە موزیک دەگرم، بەڵام ئێستا هەست بەوە دەکەم کە کەمێک باشتر لێی تێدەگەم، واتا ڕەنگە بتوانم جیاوازییە بچووکەکانی وردەکارییە مۆسیقییەکان هەست پێ بکەم. هەروەها هەست بەوەش دەکەم کە نووسینی فیکشن تا دێت، گوێیەکی مۆسیقیی باشترم دەداتێ. بە پێچەوانەشەوە، ئه‌گەر گوێیەکی مۆسیقیی باشت نەبێت، ناتوانیت باش بنووسیت. ئەم دوو لایەنە یەکدی تەواو دەکەن: گوێگرتن لە موزیک گەشە بە شێوازی نووسینت دەدات؛ بە گەشەدان بە شێوازی نووسینيشت، گەشە بە توانای خۆت بۆ گوێگرتن لە موزیک دەدەیت.

ئۆزاوا: سەرنجڕاکێشە.

مۆراکامی: کەس فێری نەکردووم چۆن بنووسم، هەرگیزیش تەکنیکەکانی نووسینم نەخوێندووە. کە وایە چۆن فێری نووسین بووم؟ لە ڕێگه‌ی گوێگرتن لە موزیکوە. ئەی گرنگترین شت لە نووسیندا چییە؟ ڕیتمـە. کەس ئەوە ناخوێنێتەوە کە نووسیوتە، ئه‌گەر ڕیتمی نەبێت. دەبێت نووسینەکەت هەستێکی ڕیتمیی ناوەکی هەبێت کە دنەی خوێنەر بۆ بەردەوامبوون بدات. دەزانیت چه‌ند زەحمەتە ڕێبەرێکی بەکارهێنانی ئامێرێکی میکانیکی بخوێنیتەوە! نامیلکەیەکی لەو چەشنە نموونەیەکی تەواوی نووسینە بە بێ ڕیتم.

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانیت بزانیت کاری نووسەرێکی نوێ دەمێنێتەوە یان نا، لە ڕێگه‌ی ئەوەی کە شێوازی نووسینەکەی خاوەنی ڕیتمە یان نا. ئەوەی من بە زۆری بینیومە، ئەوەیە کە ڕەخنەگرەکان ئەو ڕەگەزە فەرامۆش دەکەن. بە زۆری له‌بارەی وردیی شێواز، نوێگەریی لە وشەکاریدا، ڕەوتی گێڕانەوە، ئاستی بابەتەکانی بەرباس، بەکارهێنانی تەکنیکی سەرنجڕاکێش و… هتديه‌وه‌ دەدوێن، بەڵام من پێم وایە ئەو نووسەرەی بە بێ ڕیتم دەنووسێت، لە بەهرەی نووسەربوون بێبەشە. بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنها بۆچوونی منە.

ئۆزاوا: پێتان وایە دەتوانین لەکاتی خوێندنەوەدا هەست بەو جۆرە ڕیتمە بکەین؟

مۆراکامی: بەڵێ، ڕیتم لە پێکەوەگرێدانی وشەکان، ڕستەکان و پەڕەگرافەکانەوە، لە پێکەوەدانانی ڕەق و نەرم، سووک و قورس، هاوسەنگ و ناهاوسەنگه‌وه‌، لە خاڵبەندییەوە، لە پێکەوەگرێدانی تۆنی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕەنگە (فرەڕیتمی) وشەیەکی درووست بێت بۆی، هەروەک لە موزیکدا؛ بۆ ئەوەش پێویستت بە گوێیەکی باشە. ئەوەش شتێکە، دەتوانیت بیکەیت، یان ناتوانيت؛ بە دەستی دەهێنیت، یان بۆت به‌ ده‌ست نايه‌ت. بێ گومان دەکرێت لە ڕێگه‌ی موتاڵا و هەوڵدانی قورسەوە بەهرەی کەسێک له‌بارەی ڕیتمه‌وه‌ پەرە پێ بدرێت. من عاشقی موزیکی جازم، هەر بەو شێوەیەشە من سەرەتا ڕیتم پەرە پێ دەدەم، پاشان ژێیەکانیان بۆ زیاد دەکەم و ئازادانە لە ڕەوتی بەردەوامیدا ڕۆی دەنێم. وا دەنووسم وەک ئەوەی موزیک دابنێم.

ئۆزاوا: هەرگیز نەمزانیوە نووسینیش دەکرێت ڕیتمی هەبێت. هێشتا زۆر بۆم ڕوون نییە مەبەستتان لەوە چییە(؟)

مۆراکامی: دەزانی چۆنە! ڕیتم پێکهێنەرێکی گرنگە هەم بۆ خوێنەر و هەم بۆ نووسەر. ئه‌گەر سەرقاڵی نووسینی کارێکی فیکشنیت و هێشتا ڕیتمێکت بۆی دانەناوە، ئەوا ڕستەی دواتر نایەت، ئەمەش واتە چیرۆکەکە ناتوانێت بەرەو پێش بڕوات. ئه‌گەر ڕیتمی نووسینەکە یان ڕیتمی چیرۆکەکەت هەبوو، ئیتر ڕستەی دواتر بە شێوەیەکی سرووشتی خۆی دێت. کاتێک ڕستەیەک دەنووسم، خۆبەخۆ لە مێشکمدا دەیڵێمەوە، پاشان ڕیتمێک پەیدا دەبێت، وەک ئەوەی لە جازدا هەیە: پارچەیەک دەژەنیت و ئەویش خۆڕسکانە سەر دەکێشێت بۆ پارچەیەکی تر.

ئۆزاوا: من لە گەڕەکی ئۆیژۆی شاری تۆکیۆ دەژیم، لەم دواییانەدا نامیلکەیەکیان پێ دام کە هی بەربژێرێک بوو، خۆی بۆ حوکوومەت هەڵدەبژارد. کردمەوە و بینیم هەندێک بەڵێن و بەیاننامەی تێدایە، چونکە لەو کاتەدا هیچ شتێکی باشترم نەبوو بیکەم، دەستم دایە خوێندنەوەی و لە دڵی خۆمدا گوتم: (ئەم کابرایە هەرگیز سەرکەتوو نابێت.) هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو، هه‌رچەند هەوڵم دا‌، نەمتوانی لە سێ دێڕ زیاترى ناميلكه‌كه‌ى بخوێنمەوە. وا دیار بوو ئەو کابرایە شتێکی گرنگ ده‌ڵێت، بەڵام من بۆم نەدەخوێنرایەوە.

مۆراکامی: ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە نووسینەکەی ڕیتمى نەبووە.

ئۆزاوا: پێت وایە؟ تۆ بڵێی وا بووبێت؟ ئەی چی له‌بارەی کەسێکی وەک ناتسومی سوسێکی (Natsume Soseki)ـيه‌وه‌؟

مۆراکامی: پێم وایە ستایلی سوسێکی تەواو مۆسیقییە. ئەوەش وا دەکات خوێندنەوەی زۆر سانا بێت. تەنانەت ئێستاش، سەدەیەک پاش مەرگی، هەر جوان و نایابە. من تەواو دڵنیام ئەو هێندەی بە سترانە گێڕانەوەییە درێژەکانی سەردەمی ئیدۆ (١٦٠٣-١٨٦٨) کاریگەر بووە، هێندە بە موزیکی ڕۆژئاوایی کاریگەر نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا گوێیەکی مۆسیقيی نایابی هەبوو. نازانم ئەو تا چەندێک ئاگاداری موزیکی ڕۆژئاوایی بووە، بەو پێیەی دوو ساڵ لە لەندەن خوێندوويێتی، وای بۆ دەچم تا ئاستێک خۆی لەبارەیەوە فێر کردبێت. پاشتر بۆ ئەمە دەگەڕێم.

ئۆزاوا: ئەو پڕۆفیسۆری زمانی ئینگلیزيیش بوو، وا نەبوو؟

مۆراکامی: ڕەنگە بەو مانایەش گوێیەکی باشی هەبووبێت، بە تێکەڵکێشکردنێکی باشی تایبەتمەندییە ژاپۆنى و ڕۆژئاواییەکان. هیدێکازو یۆشیدا نووسەرێکی ترە کە ستایلێکی مۆسیقيی هەیە. ژاپۆنييه‌كه‌ى زۆر جوان ڕەوت دەکات، زۆر ئاسانە بۆ خوێندنەوە، لە تۆنیشدا زۆر کەسییە.

ئۆزاوا: ڕەنگە قسەکەی تۆ بێت.

مۆراکامی: باسی پڕۆفیسۆری زمانی ئینگلیزیمان دەکرد، بیستم کە ڕۆماننووس سایچی مارویا (Saiichi Maruya) مامۆستای ئینگلیزییت بووە لە بەشی موزیکی تۆهۆ گاکوون.

ئۆزاوا: وایە. ڕۆمانی (خەڵکانی دوبلن-Dubliners)ـی جەیمس جۆیسی پێ خوێندینەوە. بە هیچ جۆرێک نەمدەتوانی لە کتێبێکی لەو چەشنە بگەم. لە تەنیشت کچێکەوە دادەنیشتم کە لە ئینگلیزیدا باش بوو، ئەو پێی گوتم کە ڕۆمانەکە له‌بارەی چییەوه‌يه‌. هیچ سەعیم نەدەکرد. ئەوەش بەو واتایە دێت کە کاتێک چووم بۆ ئەمه‌ریکا، هیچ ئینگلیزيم نەدەزانی.

مۆراکامی: کە وایە مەسەلەکە ئەوە بوو تۆ سەعیيت نەدەکرد نەک بەڕێز مارویا مامۆستایەکی خراپ بووبێت!

ئۆزاوا: نەخێر، هەر بە ڕاستی هیچ سەعیم نەدەکرد.

Leave a comment