[باندی ڕۆکی بەریتانی-پینک فلۆید ]

وەرگێڕانی کەژان ئەکرەم

پینک فلۆید، باندی ڕۆکی بەریتانی، لە پێشەوەی هونەرمەندانی سایکەدیلیا بوون (ئەو هونەرانەیە کە لەژێر کاریگەريی ماددە هۆشبەرە سایکەدیلیيەکاندا بەرهەم هاتوون.) لە ساڵانی ١٩٦٠دا ئەندامەکانی پێک هاتبوون لە: سید بارێت (ڕابەری گیتار،) ڕۆجەر واتێرس (ژه‌نیاری باس،) نیک مەیسن (ژەنیاری درامس،) ڕیک ڕایت (ژەنیاری کیبۆرد) و دەیڤد گیڵمۆریش وەکوو گیتاریست.

لە ساڵی ١٩٦٥دا دامەزراوە. باندەکە پێش ئەوەی ناوی یەکەمی هەردوو (پینک ئەندێرسۆن) و (فلۆید کۆنسڵ) لێك بدەن، چەندان ناوی جۆراوجۆرى گۆڕیوە. لە سەرەتادا لە لایەن سید بارێتەوە ئاڕاستە دەکران، کە لە باندەکەدا وەکوو گۆرانیبێژ، گیتاریست و ئاوازدانەر کاری دەکرد. ستایلیان تێکەڵەیەک بوو لە موزیکی بلووس، ستایلی موزیکی هۆڵ، سەرچاوەی نووسینەکانی لویس کارۆڵی نووسەری بەریتانی و هەروەها هاڕمۆنی و ناکۆکيی سایکەدیلیيەکان. دواتر بوون بە بنەمایەک بۆ ئەندەرگراوند سینی بەریتانی (كه‌ جووڵانەوەیەکی کولتووری بوو لە ناوەڕاستی ساڵانى شه‌ستدا سەری هەڵدا.) لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٧دا به‌ (ئاڕنۆڵد لاین -کە گۆرانییەک بوو له‌بارەی ئەو کەسانەوه‌ی کە خۆیان لە ڕەگەزێکن، كه‌چى وەکوو ڕەگەزی بەرانبەر هەڵسوکەوت دەکەن و جلوبەرگ دەپۆشن-) یەکەمين سەرکەوتنیان تۆمار کرد.

دوابەدوای ئەوە یەکەمين ئەلبوومیان بە ناوی (The Piper at the Gates of Dawn)ـه‌وه‌ دەر کرد کە تۆمارکردنێکی ئەزموونی بوو و دواتر چووە خانەی ڕۆکی کلاسیکه‌وه‌. دەنگی ئەم باندە پڕبوو لە موجازەفە، تێکەڵەیەکی زۆر لە ئێفێکتی دەنگی، گیتار و کیبۆردێکی تیژ و ئیمپرۆڤایزەیشن/ژەندنی ئازاد، درێژکراوە. وەک گۆرانيی (دووريی نێوان ئەستێرەکان.)

لە ساڵی ١٩٦٨دا بارێت زیاد لە پێویست ماددەی هۆشبەری (ئێل-ئێس-دی)ـى بە کار دەهێنا و بە نەخۆشيی شیزۆفرینیاوە دەیناڵاند، بۆیە دەیڤد گیلمۆری گیتاریست بووە جێگرەوەی. بە بێ وشە و هۆنراوە سەرنجڕاکێشەکانی بارێت باندەکە زیاتر سەرنجیان خستە سەر کاری کۆنسێرتی لایڤ و لە داهێنان لە دەنگ و ڕووناکیدا بەردەوام بوون، کە ئەمەش بووە هۆی چەندان سەرکەوتن. دوای تۆمارکردنی زنجیرە تراکی چەند ئەلبوومێک لەگەڵ وێنەی جووڵاودا، توانیيان بە ئەلبوومی (Atom Heart Mother ١٩٧٠) و (Meddle ١٩٧١) بچنە ڕیزبەنديی ئەمه‌ریکاییەوە. (ڕیزبەنديی ئەمەریکايى، بریتییە لە ڕیزبەنديی گۆرانيی بڵاوکراوە لەسەر بنەمای پڕفرۆشی و پەخشکردن لە ڕادیۆ و ئینتەرنێته‌وه‌. لە لایەن گۆڤاری بیلبۆردەوە هەفتانە پلەبەنديی ئەو گۆرانیيانە ڕیز دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە.)

تۆمارکراوەکانیان کە بنەماکەی گۆرانی بوو، پێک هاتبوو لە  ژەندنی چەندان ڕستەی درێژی موزیکی. باندەکە زۆر کارى دەکرد بۆ ئەوەی زیاتر ئەلبوومی کۆنسێپچواڵ (واتە گۆرانییەکان و موزیکەکان گوزارشت بن لە بیرۆکەیەک یاخۆ بابەتێکی دیاریکراو زەق بکەنەوە.) ئەلبوومی ( dark side of the moon١٩٧٣) دەنگدانەوەیەکی زۆرى لێ کەوتەوە، کۆمەڵێک نووسراو له‌بارەی مردنه‌وه‌، تێکشکانی سۆزداری لەژێر کاریگەريی نووسینە ڕەشەکانی واتێرسدا، وای لە پینک فلۆید کرد کە بەرەو ڕیزبەنديی پۆپی ئەمەریکايی بفڕێت و بۆ چەندان ساڵ لەو ڕیزبەندییەدا بمێنێتەوە. پاشان بە دوایدا (Wish you were here ١٩٧٥) کە پێک هاتبوو لە (Shine on you crazy diamond؛ گۆرانییەک بوو بۆ بارێت، لە ئەمه‌ریکا و بەریتانیاش لە پلەی یەکەمدا بوو، کە دواتر بە بێهيواكه‌ر و نایاب لە لایەن چەندان ڕەخنەگرەوە ناو برا.) لەدوای دەرچوونی (Animals ١٩٧٧) ئاشکرا بوو کە واتێرس بووه‌ بە کەسی دیاری باڵای باندەکە. ئەمەش پینک فلۆیدی بەرەو کێشمەکێشی ناوخۆیی برد. هەستی جیاوازبوون (هەم لە ناوخۆی خۆیان و هه‌م لەناو کۆمەڵگەی هاوچەرخیشدا) زۆر بە جوانی نەخشێنرابوو و لە گەشتی کۆنسێرتەکانی ئەلبوومی (The wall ١٩٧٩)دا کە پڕفرۆشترین ئەلبوومی ئەو ساڵە بوو، ڕەنگی دابووه‌وە. لەکاتی نمایشدا لەسەر ستەیج دیوارێکی ڕاستەقینەی خشت لە نێوان گرووپەکە و هەواداراندا درووست کرابوو. لەدوای ئەلبوومی (The Final Cut ١٩٨٣)ـەوە، پینک فلۆید ناچالاک بوو، پاشان لەسەر خاوەنداريێتیکردنی ناوی باندەکە ڕووبەڕووی ڕاجیایيی یاسایی بوونەوە.

واتێرس لەدوای ئەلبوومی دیوارەکە هەموو ئەو ڕاجیايیە یاساییانەی فەرامۆش کرد و  و دەستی بەسەر زۆرێک لە گۆرانییەکاندا گرت و زیاتر کۆنتڕۆڵی گرتە دەست. لە ئاكامدا باندەکە دابەش بوو، بەڵام زیاتر بۆ بێزارکردنی واتێرس، گیلمۆر و مەیسن و ڕایت یەکیان گرتەوە و درێژەیان بە پینک فلۆید دا. لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠دا هەرسێکیان پێکەوە دوو ئەلبوومیان بە ناوەکانی (A Momentary Lapse of Reason ١٩٨٧) و (The Division Bell ١٩٩٤)یان دەر کرد، لە کاتێکدا کە واتێرس بە تەنها سەرقاڵی کار بوو.

واتێرس تەنها بۆ یەک کۆنسێرت لە ساڵی ٢٠٠٥دا گه‌ڕايه‌وه‌ نێو گرووپه‌كه‌. گیلمۆر و مەیسن ئەو ڕیکۆردانەیان بە کار هێنا کە لەگەڵ ڕایت (ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دوایيی کرد)دا کردبوویان، بۆ ئەوەی ئەوە درووست بکەن کە خۆیان ناویان نابوو دوايين ئەلبوومی پینک فلۆید (The Endless River ٢٠١٤). پینک فلۆید لە ساڵی ١٩٩٦ـەوە جێی خۆی لەناو شێوازى ڕۆک ئان ڕۆڵدا کردەوە.

Leave a comment